Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئاراستەیەکی تر لە نێوان کەناڵی «ڕووداو» و «مەریوانی هەڵەبجەیی» دا سەبارەت بە ئاییندەی ئیسلام؟!! …

ئاراستەیەکی تر لە نێوان کەناڵی «ڕووداو» و «مەریوانی هەڵەبجەیی» دا سەبارەت بە ئاییندەی ئیسلام؟!! …

نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

لە یەکێ لە بەرنامەکانی تەلەفزیۆنی ڕووداودا ئاماژە بەوە کرا کە ئاییندە بۆ ئیسلام دەبێت. مەریوان هەڵەبجەیی وەک مولحیدێک وەڵامی ئەم پروپاگەندەی دایەوە. دیارە  کەناڵی ڕووداو هەر لە خۆوە ئەم پێشبینیەی نەکرد بەڵگەیەکی خستە ڕوو ئەویش توێژینەوەی سەنتەرێکی ئەمەریکی بوو کە پێی وایە ژمارەی موسڵمانان لە جیهاندا و لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا لە مەسیحیەکان زیاتر دەبێت. دیارە زیاتر مەبەستی سەنتەرەکە زیاد بوونەکە لە ڕووی بیلۆگرافیایە واتە ژمارەی دانیشتوان نەک باوەڕهێنان بە ئیسلام بە پێی ئەسڵی سەرچاوەکە. بە هەر حاڵ دەبێ ئەوە بزانین ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە و پڕوپاگەندانە لەلایەن چینی دەسەڵاتدارەوەیە هیچ بنەمایەکی ماددی و زانستی نییە. لە هەمان کاتدا مەریوان هەڵەبجەیی نەیتوانی لەسەر ئەم بنەما ماددی و  زانستیە وە هەروەها نەیتوانی وەک بەشێک لە پروپاگەندەی چینی سەرمایەدار و پێداویستیەکانی ئەم چینەوە ڕەخنەکانی ئاراستەی بەرنامەکی کەناڵی« ڕووداو» بکات. ئەو  تەنها وەک ڕەخنەگرێک لە ئیسلام خۆی نیشانداو وە هەوڵی دەدا پێشکەشکاری بەرنامەکەی ڕووداو بە نەزان و نەخوێندەوار نیشان بداو ڕیسوای بکا بێئەوەی کەناڵی ڕووداو وەک میدیایەکی بورژوازی و دەهۆڵ لێدەری سیستەمی سەرمایەداری بخاتە ڕوو.

مەریوان هەڵەبجەیی نەیتوانی هۆکارە ماددییەکان بۆ سەرهەڵدانی ئیسلام و ئاییندەی بخاتە ڕوو.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی خەلافەتەکانی ئیسلام بدەینەوە کە لە سەردەمێکدا توانیویانە بوونیان هەبێ  کە زەمینەی ماددی و زیهنی لە پشتیان بووە، کۆمەڵگە لەژێر ڕکێفی ئابوریەکی فیوداڵیدا بووە. زانست و تەکنەلۆجیا ئەو زەمینە ماددیەی گۆڕی زۆر نهێنی سروشت بە دەرکەوتن،  هۆشیاری خەڵک زیادی کرد ئیتر زەمینەی ماددی و زیهنی نەما بۆ خەلافەتەکان و هیچیان نەمان، لە سەردەمێکا کە نیوەی جیهانیان لە بن دەستدا بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەند زەمینەی ماددی و زیهنی خەلک وەک سەردەمەکانی پێشوو لەبار نییە، بەڵام سەرمایەداری بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی دیسانەوە پێویستییان بە ئایین  هەیە بۆ بەردەوامی خۆیان  لە سەر دەسەڵات. بەتایبەتی ئیسلام لەهەموو دینەکان کاراترە لەم پێناوەدا، چونکە جێگای ژیانی خەڵکی سەر بەم دینە ئەو چواچێوە جوگرافیەیە کە بازاڕێکی باشە بۆی، بەهۆیەوە دەتوانێ کاری هەرزانی دەست بکەوێ و دەتوانێ دەست بەسەر سامانی پڕ بەرەکەتیدا بگرێ و بیکاتە بازارڕ بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکانی و ساغ کردنەوەی چەک و تەقەمەنیەکانی خۆی. ئایینی ئیسلام بە تایبەت بەشە سەلەفیەکەی نەک هیچ گرفتێکی بۆ دروست ناکا، بەڵکو باشترین یارمەتیدەری دەبێت، چونکە خەڵک بێ هۆش و کوێر و نامۆ دەکا و ناهێڵێ خەڵک ناڕازی بن لە بەرانبەر سەماریەداریدا. بۆیە ئەمەریکا و سەرمایەداری چەندین گروپ و تاقمی چەکداری لێ دروست کردن. پاش ئەوەی سەرمایەداری ئەم تاکتیکەی بۆ باش نەبوو ئێستا دەیەوێ تاکتیکێکی تر بۆ هەمان ئامانج بە کاربێنێ ئەویش پڕوپاگەندەو بە یاساییکردنی فرە کەڵتوریە. بەڵام تا زانست و تەکنەلۆجیا زیاتر پێش بکەوێ زەمینە ماددی و زیهنیەکانیش دەگوڕێن، لەم تاکتیکەش شکست دەخواو قەیرانەکانی قوڵتر دەبنەوە تا سەردەمێک دێتە پێشەوە سەری خۆشی دەخوات وەک مارکس وتی سەرمایەداری گۆڕهەڵکەنی خۆشیەتی.

بۆچوونی من لەسەر ئەم کەناڵە ئەوەیە لەو ماوەیەدا پروپاگەندەکانی بۆ خورافاتی ئیسلامی زۆر زیادی کردوە بە مەبەستی دەربازکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی لە قەیرانەکانی، ڕووداو دەبێتە هاوسەنگەری مەلا مەزهەر بۆ فرەژنی و زۆر نموونەی تر. بۆ دۆزینەوەی ڕاستی پرپاگەندەگانی میدیای ڕووداو کە ئایا ئاییندە بۆ ئیسلام دەبێت، بۆئەوەی بزانین ڕووداو و ئەو سەنتەرە ئەمەریکیە و ئەم پروپاگەندەیەی دەیکەن یا نا  ئاوڕێک  لە حوکم و پرەنسیبەکانی ئیسلام بدەینەوە تابزانین چەند سەختە  مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەش بتوانن باوەڕی پێبێنن و بە کردەوە جێبەجێی بکەن، نەک لە ئاییندەشدا کە زانست و تەکنۆلۆجیا زیاتر و بە خێراتر دەچێتە پێش .

با بزانینن هیچ کەس هەیە کە بتوانێ هەموو حوکمەکانی ئیسلام جێبەجێ بکات لەم سەردەمەدا.

بۆ نمونە تۆ ناتوانی بە خۆت بڵێێ ئیسلامم :

١- ئەگەر هاتنە داوای کچە ٩ ساڵەکەت بۆ پیاوێکی ٥٥ ڕازی نەبیت .

٢- ئەگەر کوڕی یاکچ  پەیوەندی خۆشەویستی ئەنجام بدەی. بەتایبەتی پەیوەندی هاوسەرگیری لەگەڵ ناموسڵماندا ئەنجام بدەی .

٣- ئەگەر کچەکەت لەگەڵ کوڕێک پەیوەندی خۆشەویستی گرت و لێی قبوڵ بکەی  یا نەیکوژی یا ئەگەر ڕازی نەبیت بیگرن و لەبەرچاوتەوە بە بەرد بیکوژن.

٤-ئەگەر دایک و خوشک و ژنەکەت سفور بن بۆن لە خۆیان بدەن و برۆیان بکەن مەکیاج بکەن.

٥- ئەگەرپێت بڵێن تۆی ژن کەم عەقلیت ولەڕیزی کەرو سەگدای یا تۆ فیتنەی بۆ پیاو یا  پێت بڵێن تۆ ئیشت خزمەتکردنی مێردومنداڵە و تۆ بۆ ئارەزوەکانی پیاو دروست کراوی و نابێ بەبێ پیاو بچیتە دەرەوەو بچیتە ناو تاکسی وپاس ئەگەر تۆ دژی ئەمانە بیت.

٦- ئەگەر پیاو بیت یا ژن باوەڕت بە فرە ژنی نەبێت.

٧- ئەگەر  پیاوەکەت بڵێ ٣ ژنی تر دەهێنم یا هەر پرست پێ نەکا ژنی تر بێنێ ئەگەر ڕازی نەبیت .

٨-ئەگەر مێردەکەت  چوو بۆ سەفەر لەگەڵ ژنی تر زەواجی موتعە بکات، لەگەڵ چەند ژنی تر جووت بووبێت تۆش بەمە بزانیت ئەگەر ناڕازی بیت..

٩- ئەگەر پیاوەکەت هاوسەرگیری  سیغەی کرد و یا ژنی کەنیزەکی هێنایەوە  بۆ ماڵەوە تۆی ژن ئەگەر ناڕازی بیت .

١٠-ئەگەر دڵی پیاوەکەت شکاند و تۆ مەیلت نەبوو جووت بیت لەگەڵیدا هەرچەندە تۆ ماندوو بیت یا هەر هۆیەک وا لە تۆ بکات مەیلت بۆی نەبێت.

١١- ئەگەر لە کاتی دابەشکردنی میراتدا تۆی ژن ڕازی نەبیت نیوەی براکەت بدەنێ یا لە دادگا بە شاهیدت وەرنەگرن ئەگەر ناڕازی بیت لەوە.

١٢- ئەگەر پیاوەکەت لێی دای و هەمیشە لێدان بەکار بهێنێ لە بەرانبەر تۆی ژن دا  بەوە ڕازی نەبووی.

١٣- ئەگەر هەژار بیت نەتوانی بچی بۆ حەج و عەمرە و نەتوانی خێرو سەدەقە بکەی و زەکات و سەرفیترە بدەی.

١٤-ئەگەر کاری بەکرێ یا هەر کارێ بکەیت بە تایبەت لەم سەردەمەدا کارەکان سەخت و تاقەت پڕوکێنن لەوانەیە نەتوانی ٥ فەرزە کە لە کاتی خۆیدا نوێژ بکەی و ٣٠ ڕۆژیش بە ڕۆژوو بیت .

١٥-ئەگەر تۆ لەگەڵ  خەڵکی تر کار بکەیت و موسڵمان نەبن یا نزیک و دراوسێ  بیت لەگەڵ مشرکین و نەصارا و جولەکە و مولحید و هیندۆس و بودی و کۆمۆنیست و دینەکانی تر.

١٦-ئەگەر گوێ لە گۆرانی و مۆسیقا بگریت و بچیتە سینەماو شانۆ و پیشانگای وێنەو موزەخانە وئاهەنگ و هەڵپەرکێ و سەما بکەی ئەگەر یادی لە دایک بوون بۆ مناڵەکانت بکەیتەوە.

١٦- ئەگەر وێنە و  ڤیدیۆ  بگری و  وێنە و تابلۆو پەیکەر لە ماڵەکەتدا  بێت.

١٨-ئەگەر پێویستیت بەبڕە  پارەیەک بێت و قەرزی بکەی لە بانک سوو بدەی بە بانک..

١٩-ئەگەر تۆ باوەڕت بە سزای ئیعدام و کوشتن و سەربڕین و دەست و قاچ بڕین نەبێت.

٢٠-ئەگەر تۆ باوەڕت بە جیهاد نەبێت لەکاتی پێویستدا نەڕۆی خۆت بە کوشت بدەی خەڵکی سیڤیلی کافرەکان بکوژی.

٢١-ئەگەر باوەڕت بە دوعا نەبێت و هەر نەخۆش بکەوی و بچیتە دوکتۆرو نەخۆشخانە ودەرمان و دەرزی بە کار بهێنیت ئەگەر نەڵێی مردن هەر بە دەستی خوایە و ڕۆژی مردنت بۆ نوسراوە.

٢٢-ئەگەر کۆمەک و یارمەتی و سۆشیال و پارەی کەمئەندامی وەرگریت هەرچەندە ئەو پارەیە لە دەوڵەتەوە بۆت دێ، بەڵام بەشێکی زۆری باجی کۆکراوەی دیسکۆکان وباڕەکان و شوێنەکانی قومارکردن و…هتد . بە تایبەت بۆ ئەوانەی لە ئەوروپا دەژین.

٢٣- ئەگەر نەخۆش بیت لەوانەیە پێویستیت بە فەحس بێت، ئەگەر قبوڵ بکەی دوکتۆرەکەت هاوڕەگەزی خۆت نەبێت  یا لە دینێکی تر وە یابێ دین بێت..

٢٤-ئەگەر مەشروب بخۆیتەوە یا جگەرە بکێشی ئەگەر گۆشتی بەرازو گۆشتی حەرام بخۆی.

٢٥- ئەگەر فەرزەکانی ئیسلام جێبەچێ نەکەیت..

٢٦- ئەگەر منداڵەکانت نەخستە سەر ئایینی ئیسلام و مێشکی ناسکی ئەوانت پڕ نەکرد لەترسی عەزابی قەبرو مارودووپشک و ئاگری دۆزەخ.

٢٧- ئەگەر تۆ باوەڕت بەو زانستانە بێت کە ئیسلام رەد دەکەنەوە وەک ئەوەی زەوی خڕە و بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە.. .

٢٨- زۆر پرەنسیب و ئەحکامی تر……..

تۆ وەک موسڵمانێک لەوانەیە چەند خاڵێک لەوخاڵانە بە عەقل و بە کردەوە  بتوانی پەسەند بکەی، بەڵام نەک هەموویان جا ئەگەر هەمووت پەسەند نەبن ئیتر تۆ ئیسلام نیت، لەسەر ئەم بنەمایانە پێم وایە لە ٠/٠٩٩ ی موسڵمانان ئیسلام  نین. بۆیە ناکرێ بووترێت لە جیهاندا یەک ملیارو نیو ئیسلام هەیە. ئەم حوکمە من نایدەم ئەوە ناوەڕۆک و حوکمی شەریعەی ئیسلام دەیدات.

خەڵک لەم سەردەمەی ئەمڕۆدا هەرگیز بۆی ناکرێ هەموو ئەو حوکمانە بەعەقل و بەکردەوە قبوڵ بکا، لەوانەیە چەندین حوکمی  تریش هەبن نەتوانن باوەڕی پێبێنن و بە کردەوە ئەنجامی بدەن. هەر لەم سەردەمەدا ڕێژەی پەشیمان بوونەوە لە ئیسلام زۆر زیادی کردوە بە تایبەت ئەوانەی ڕوویان لە ئەوروپا کردوە  یا دەبنە مولحید یا مەسیحی یا زەردەشتی. ئەگەر ئازادی لەو وڵاتانەش کە ئیسلام تێدا زۆرینەیە هەبێت دڵنیام ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکەکەی وازدەهێنن. بەڵگەش بۆ ئەمە کوڕو نەوەی پیاوانی ئایینیە کە لەدەرەوەی ولات دەژین، هۆکارەکەش پرەنسیب و ئەحکامەکانی ئیسلامە کە لەگەڵ ئاستی هۆشیاری و پێشکەوتنە زانستی و کۆمەڵایەتیەکاندا نایەتەوە، تا ئەم پێشکەوتنە بەردەوام بێت ئاییندە نە بۆ ئیسلامەو نە بۆ هیچ ئایینێکی تر …

– [ ] سەرەڕای ئەمانە ئیسلام لە چەندین مەزهەب و تایفە پێکهاتوە هەمووشیان ئەوانی تر بە ئیسلام نازانن  لە بۆچوونی ئەواندا تۆ ئیسلام نیت: ئەگەرشیعەبیت، ئەگەرسونە بیت، ئەگەر سەلەفی بیت، ئەگەر سەلەفی جیهادی بیت، ئەگەر سۆفی و دەرویش و شێخ بیت، ئەگەر عەلەوی یا اسماعیلی بیت، ئەگەر ئیسلامی سیاسی بیت و باوەڕت بە حیزب وپەرلەمان هەبێت.

جگە لەمانە لە ناوخۆی ئەمانەشدا چەندین مەزهەب و تایفە هەن یەکتری رەد دەکەنەوە هیچکامیان ئەوی تر بە ئیسلام نازانێ. ئەگەر جارێکی تر لەسەر ئەم پێوەرانە موسڵمانەکان بخەیتە ژێر فەحسەوە کەسی نامێنێت .

لە ڕووی واقعەوە ئیتر تۆ چۆن دەتوانی بڵێی ئیسلام یەک ملیارو نیوە یا داهاتووش بۆ ئیسلام دەبێت بە هەموو پێوانەیەک ئەمە ڕاست نییە  .

ئەوەی کەناڵی ڕووداو باسی دەکا  کە ئاییندە بۆ ئیسلامە یا میدیایەکی تر دەیلێت بۆ هەر ئاینێکی ترە،  لە ئاستی پروپاگەندەی سیستەمی سەرمایەداری بۆ گەرمکردنی بازاڕی خۆی هیچی تر نییە بە بڕوای من . وەک مەنسوری حیکمەت دەڵێت ئاییندەی ئایینەکان وای لێدێ خەڵک وەک جۆک ونوکتە باسیان دەکا یا وەکو ئەفسانەی دێو و خێوەکانی لێ دێت . هەر ئێستاش ئەم ڕاستیە دەبینرێ لەناو کۆمەڵانێکی زۆری خەڵکی جیهاندا.

ئەوەی ڕاستییە زەمینە ماددیەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی ئەمڕۆ بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان ئامادەیە ئەگەر پراکتیک و لایەنی هۆشیاری مرۆڤ ئامادە بکرێ بۆی. زەمینەی ماددی بۆ شۆڕشیکی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی ئامادەیە .

About hkkk

Check Also

١٦ی ئۆکتۆبەر ئەلقەیەکی تر لە عادەتی کوردایەتی! …

رێبوار ئەحمەد ١٦ی ئۆکتۆبەر پەڵەیەکی رەشی دیکەیە و دەچێتە سەر مێژووی پڕ لە شەرمەزاری ناسیۆنالیزمی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *