Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئایا به‌ڵای ڕیفراندۆمه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵك دێ؟

ئایا به‌ڵای ڕیفراندۆمه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵك دێ؟

      جه‌مال موحسین     
    دوای ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ر جێگاوڕێگای حزبه‌كاندا هێناو باڵاده‌ستی حكومه‌تی فاشیست-ئیسلامی عێراق‌و هه‌ڕه‌شه‌ی دوباره‌ لكاندنه‌وه‌ی كوردستانی به‌دوادا هات، حكومه‌تی هه‌رێم سڕكردنی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاند. چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م پێش ئه‌مه‌ش له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌ری له‌ئه‌نجامی ڕیفراندۆم بووه‌و گوایه‌ ئه‌وان ته‌قدیراتیان وا نه‌بووه‌ كه‌ به‌وجۆره‌ كاردانه‌وه‌ بكرێ. ئه‌م وته‌یه‌و وته‌ی به‌شێك له‌به‌رپرسان و لایه‌نی سیاسی‌و ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ كه‌مپینی نا له‌ ئێستادا بون‌و هه‌ندێك له‌ چه‌په‌كان ئه‌یانه‌وێ ڕاسته‌وخۆ ڕووداوی ١٦ ی ئۆكتۆبه‌رو ڕۆژانی دوایی بگێڕنه‌وه‌ بۆ ڕیفراندۆم و به‌ ئاكامی ئه‌وه‌ی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن.

ڕاستیه‌ك كه‌ هه‌مووان ئه‌یانه‌وێ چاوپۆشی لێ بكه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كاتی شه‌ڕكردن له‌ دژی داعش هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ پاره‌ و چه‌كی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان شه‌ڕیان ئه‌كرد، وه‌ك هه‌میشه‌ گه‌وره‌ به‌رپرسان پاره‌كه‌یان بۆ خۆیان ئه‌خوارد و هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی وه‌ك هێزێك به‌ كرێ له‌به‌رامبه‌ر بردنه‌ پێشه‌وه‌ی پلانه‌كانی وڵاته‌ ئیمپریالیستیه‌كان شه‌ڕه‌كه‌یان پێ ئه‌كردن، به‌ گیرفانی به‌تاڵ و مه‌خزه‌نی پێ فیشه‌كه‌وه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ ڕائه‌گرتن. هه‌ر له‌و كاته‌دا ئه‌مریكا و عێراق و سه‌رانی ناسیۆنالیزمی كورد هه‌موویان ڕێككه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هێزه‌كانی داعش شكێندران و ده‌رپه‌ڕێندران، ئه‌بێ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ بكشێنه‌وه‌ و بیده‌نه‌وه‌ ده‌ست حكومه‌تی عێراقی، دیاره‌ به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌وه‌. ئیتر دوای شكاندنی ویلاته‌كه‌ی داعش و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی له‌ موسڵ و زۆرێك له‌ ناوچه‌كان ئه‌م ته‌سفیه‌ حسابه‌ هه‌رئه‌بوایه‌ بكرایه‌. به‌ڵام دوای داعش هه‌موو هێزه‌كان به‌ شوێن ئه‌وه‌وه‌ بوون ناوچه‌ی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیان بپارێزن و فراوانتری بكه‌نه‌وه‌.

به‌ڵام ئایا خه‌تای ڕیفراندۆم بوو وا خێرا حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق كه‌وتنه‌ هێرش و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزێكی ناسیۆنالیزمی كورد و ئه‌و به‌ڵایه‌یان به‌سه‌ر دانیشتوانی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دی هێنا و ئێستا زیاتر بوونه‌ته‌ مه‌ترسی هێرشكردنه‌ سه‌ر ته‌واوی كوردستان؟ ئایا به‌ ڕاستی ڕیفراندۆم بووه‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی فاشیزم و ئیسلامیبوونی حكومه‌تی عێراقی و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بوو ئه‌م حكومه‌ته‌ی هاندا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان بكات و بیه‌وێ به‌ زه‌بری هێز و زۆر بیلكێنێته‌وه‌ به‌ عێراقه‌وه‌؟ به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ته‌نها به‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست خه‌تاباركردنی جه‌ماوه‌ری كوردستان و په‌شیمان كردنه‌وه‌یانه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ ده‌نگ و ویستی خۆیان بڕیاریان داوه‌ له‌ عێراق جیاببنه‌وه‌. نه‌ك هێرشه‌كانی حكومه‌تی فاشیست-ئیسلامی عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ و چاوسووركردنه‌وه‌كانی له‌ خه‌ڵكی كوردستان خه‌تای ڕیفراندۆم نییه‌، بگره‌ هه‌ر ئه‌و هێرش و سیاسه‌ته‌ سه‌ركوتگه‌ری و به‌زۆر لكاندنه‌وه‌یه‌ی كوردستان به‌ عێراقه‌وه‌ چه‌ند قات حه‌قانیه‌تی ڕیفراندۆم و ده‌نگدانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ سه‌ربه‌خۆیی دوپات ئه‌كاته‌وه‌. ئیتر ئه‌بێ ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو كات زیاتر پێداگری له‌سه‌ر بكرێ كه‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان مافی خۆیانه‌ له‌ حكومه‌تێكی فاشیست و شۆڤینیستی ئیسلامی جیاببنه‌وه‌ و خۆیان ژیان و چاره‌نووس بۆ خۆیان بنه‌خشێنن، ژیان و چاره‌نوسێك به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ و جیابوونه‌وه‌ له‌حكومه‌تی عێراق، دووركه‌وتنه‌وه‌ و خۆجیاكردنه‌وه‌یان بێ له‌ ده‌سه‌ڵاتی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كورد.

خودی ڕیفراندۆم و ده‌نگدانی خه‌ڵك به‌ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌بێ جه‌ماوه‌ر زیاتر پابه‌ند بكات به‌ ئیراده‌ و ده‌نگی خۆی و نه‌هێڵێ یاری به‌م ده‌نگ و ئیراده‌یه‌یه‌وه‌ بكرێ و دژ به‌ حزبه‌كانی كوردایه‌تی بوه‌ستێته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌رگیز لامان شاراوه‌ نه‌بووه‌ حزبه‌كانی كوردایه‌تی و سه‌رانیان ئه‌وه‌نده‌ زه‌بون و پاشكۆی ده‌وڵه‌ته‌ ئیمپریالیستیه‌كان و ناوچه‌كه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ماددی و ئابوریه‌كانی خۆیان له‌ پێش هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ دائه‌نێن كه‌ هه‌ر ساتێك بیانه‌وێ یاری به‌ ده‌نگ و چاره‌نووسی خه‌ڵكه‌وه‌ ئه‌كه‌ن. ئه‌وان هه‌ر له‌ پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ بۆ ڕیفراندۆمه‌وه‌ تاكو سازدان و ته‌واوبوونیشی پێشبڕكێیان بوو له‌وه‌دا چۆن ده‌نگی خه‌ڵك بفرۆشنه‌وه‌ به‌ ناوه‌ند و وا ئێستاش سیاسه‌تی سڕكردنی ئه‌نجامه‌كانی ڕائه‌گه‌یه‌نن. بۆیه‌ زۆر له‌وه‌ زه‌بوونترن كه‌ لێره‌ به‌دوا به‌ هیچ جۆرێك خۆیان به‌ بڕیارده‌ر و نوێنه‌ری جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن. هه‌ر ئه‌م زه‌بوونیه‌ی سه‌رانی كوردایه‌تی و له‌ ڕاستیدا درزێك كه‌ به‌ هۆی سازدانی بزووتنه‌وه‌ی نا له‌ ئێستاوه‌ دروست بوو، بوو به‌ كه‌له‌به‌رێك كه‌ سوپای عێراقی فاشیست ئیسلامی و حه‌شدی ئێرانی بتوانێ لێوه‌ی بێته‌ ناوه‌وه‌. سه‌عدی پیره‌ تا دوێنێ له‌ كاتی ریفراندۆمه‌كه‌دا ئه‌یووت ڕیفراندۆم كه‌س ناتوانێ هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه‌ مه‌گه‌ر ڕیفراندۆمێكی تر. ئێستا به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵه‌ی حساباتی خۆی و بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزم و حكومه‌ته‌ شكستخواردووه‌كه‌یه‌وه‌ بۆیان نییه‌ بڕیاری هه‌ڵه‌بوونی ڕیفراندۆم و سڕكردنی ده‌ربكه‌ن. وه‌ك خۆیان په‌نجه‌ی په‌شیمانی بۆ به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ی برابه‌شییان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌نددا ئه‌گه‌زن، بۆیان نییه‌ جه‌ماوه‌ریش له‌ ده‌نگدان و ئیراده‌نواندن په‌شیمان بكه‌نه‌وه‌.

ئه‌وانه‌شی كه‌ خۆیان به‌ چه‌پ ئه‌زانن و ئێستا واقعیه‌تی تاڵی كۆمه‌ڵگای كوردستان و ئه‌م چاوسووركردنه‌وه‌یه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان بخاته‌وه‌ ژێر چنگی خۆێناوی خۆی نابینن و هه‌ر سه‌رمه‌ستی ئه‌وه‌ن كه‌ بڵێن ‌‌ئه‌ها دوێنێ نه‌مانووت ڕیفراندۆم هه‌ڵه‌یه‌ و كاتی نییه‌ و… چی و چی؟ ئه‌وه‌تا خه‌ڵك باجه‌كه‌ی ئه‌دا‘‘، ئه‌بێ بزانن ئاگایان له‌ چاره‌نوسێكی ڕه‌ش نییه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان بۆته‌وه‌. ئه‌وانیش په‌نجه‌یان له‌ هه‌مان ده‌لاقه‌ی خه‌تاباركردنی ڕیفراندۆم و جه‌ماوه‌ر توند كردووه‌. ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌ته‌ به‌ هه‌رجۆرێك و به‌ هه‌ر زمانێك ده‌رببڕدرێت واتای به‌زۆری زۆرداره‌كی دانانی جه‌ماوه‌ری كوردستانه‌ له‌ژێر سایه‌ی حكومه‌تی شۆڤینی ئیسلامی عێراقدا. نابێ پیسی و گه‌نده‌ڵی حزبه‌كانی كوردایه‌تی چاویان ببه‌ستێ له‌به‌رامبه‌ر هه‌مان پیسی و دڕنده‌یه‌تی بۆرژوازی شۆڤینیست فاشیست ئیسلامی عێراقیدا.

26-10-2017

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *