Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئایا بەشداری رفراندۆم خۆشخەیاڵی بە ناسیونالیزمی کورد بوو؟ …

ئایا بەشداری رفراندۆم خۆشخەیاڵی بە ناسیونالیزمی کورد بوو؟ …

لە وەڵام بە ڕەخنە و سەرنجی هاوڕێیانی کۆمۆنیست …

ئاسۆ کەمال:

لەسەر وتاری “خوێندنەوەیەک بۆ شکستی رفراندۆمی ٢٠١٧” هاوڕێ بەهار مونزیر و چەند هاوڕێیەکی تر ڕەخنەیان گرتوە کە بۆچی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و کەمپینی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەشداریان لەو رفراندۆمەدا کرد و ئەم بەشداریەیان بە تەوەهم و خۆشباوەری بە پارتی و ناسیونالیزمی کورد داناوە. لێرەدا پێویست ناکا ئەو لێکدانەوە مێژوویی و هەلسەنگاندنی سیاسیانەی سیاسەتی پارتی و یەکێتی دوبارەبکەمەوە کە لەو وتارەدا هاتون.

هەربۆیە بە کورتی وەڵامەکان لەسەر هەڵوێست و ڕەخنەکانە لەسەر بەشداری لە رفراندۆمدا.

رفراندۆم و سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٩٥ ەوە لەلایەن کۆمۆنیستەکانی کوردستانەوە باسکرا و کەمپینی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بۆ ماوەی دوو دەیە کاری لەسەرکرد. لە ٢٠٠٥ یش کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدەنی لەگەڵ یەکێتی و پارتی رفراندۆمێکی نافەرمیان لەکاتی دەنگدان لەسەر دەستوری عێراقدا کرد. لە ٢٠١٧یشدا پارتی و یەکێتی رفراندۆمێکی فەرمیان کرد و زۆربەی خەڵک ٧٢٪ دەنگیان دا.

کەواتە رفراندۆم سیاسەتی تاکە لایەنێک نیە لە کوردستان و زۆر لایەنی سیاسی و جەماوەری باسی دەکا لە بەرئەوەی کێشەی کورد لەگەڵ دەوڵەتی ناسیونالیستی و ئیسلامی عێراقدا زیاتر لە سەدەیەکە بەردەوامە و فیدرالیزمیش درێژەی بەم کێشەیە داوە و شکستی هێناوە لە چارەسەری ئەم کێشەدا.

لێرەوە دەمەوێ چەند خاڵێک بۆ ئەو هاوڕییانە و خەڵک ڕۆشن بکەمەوە:

١- پارتی و بەشێکی یەکێتی لە پێناو دەسەڵات و بەرژەوەندی خۆیاندا رفراندۆمێکیان کرد و دەیانویست کە کەرکوک لەڕێگای رفراندۆمەوە بخەنە سەر هەرێمی کوردستان. ئەم چارەسەرە لە ناوەرۆکدا کارێکی کۆنەپەرستانە و دژی خەڵکی کوردستان و کەرکوک نەبوە ، هەربۆیە دژایەتی رفراندۆم هیچ پەیوەندی نەبوە بەسەر پارێزگاری لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و عێراقدا.

 

٢- لەڕوی مەبدەئیەوە ئەنجامدانی هەر رفراندۆمێکی گشتی و ئازاد بۆ بڕیاردانی خەڵکی کوردستان لەسەر چارەنوسی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا کارێکی کۆنەپەرستانە و دژی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و عێراق نیە و هیچ بیانویەک نیە بۆ دژایەتی کردنی ئەنجامدانی رفراندۆم. خەڵکی کوردستان پێویستە دژی هەر بۆچون و فشارێک بێت کە دەستبردنی بۆ ئەم مافە لەهەر کاتێکدا لێ زەوت بکا و بە زۆری هێز بیەوێ بڕیاری خەڵکی کوردستان بۆ ئەنجامدانی رفراندۆم هەڵوەشێنێتەوە.

 

٣- ئێمە لە سەرەتاوە بە ئاشکرا مەبەستی پارتی و یەکێتیمان لە رفراندۆم باسکردوە و وتومانە کە ئەمانە نایانەوێ ئەنجامی رفراندۆم کە سەربەخۆییە جێبەجێ بکەن. بێگومان کەموکورتی هەبوە و ڕۆشنگەری زیاتر لەسەر ئەم لایەنەی پرۆسەی رفراندۆمەکە پیویست بوو تاکو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان هوشیاریەکی زیاتریان سەبارەت بە ستراتیژی یەکێتی و پارتی و شێوازی فرسەت وەرگرتن و پیلانگێڕی نێوان ئەم دوو هێزە لە ململانێیان لەسەر دەسەڵات لە کوردستاندا هەبێت و ئەگەرەکانی دوای رفراندۆم لەبەرچاوبگیرێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەو ڕەخنەیە دروستە کە جگە لە ڕەوایەتی رفراندۆم پیویست بوو کە ڕۆشنگەری زیاتر بکرێ لەسەر ئەگەری دژایەتی و پیلانگێڕی ناو یەکێتی و هاوکاریکردنی حکومەتی شیعەی عێراق و جمهوری ئیسلامی ئێران. هەروەها لەسەر سیاسەت و هەوڵەکانی پارتی کە تەنیا دەیەوێ ئەنجامی رفراندۆم وەک کارتی فشار بۆ گفتوگۆ لەسەر مانەوەی دەسەڵاتی بەسەر کەرکوک و بیرە نەوتەکانیدا بەکاربێنێ.بەڵام ئەم ڕەخنەیە بەمانای ئەوەنیە کە ئەنجامدانی رفراندۆم نادروست بوە و ئێمە کەوتوینەتە داوی خۆشخەیاڵی بەوەی پارتی و یەکێتی سەربەخۆیی ڕادەگەیەنن. بەڵکو ئەم کەموکوڕیە سیاسیەی ئێمە ئەنجامی ئەوەیە کە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی خۆی هێزێک نیە کە بتوانێ ئەم ڕوداوە سیاسیانە بە ئاراستەی بەرژەوەندی کرێکار و زەحمەتکێشدا بەرێ و دوای رفراندۆم بتوانێ ئەو هەنگاو بە ئاراستەی جێبەجێکردنی سەربەخۆیی کوردستاندا بنێ، هەربۆیە ناتوانێ هیچ کارێکی سیاسی کاریگەر لەدوای رفراندۆمەکەوە بکا. ئەوەی جێگەی ڕەخنەیە ئەم جێگە وڕێگەی کۆمۆنیزمە کە لە ئەنجامدا لە کەموکوڕیەکانی ئەم پڕۆژە و سیاسەتانەدا ڕەنگ دەداتەوە و بێگومان ناتوانێ بەبێ بزوتنەوەیەکی سیاسی بەهێزی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەوری سیاسی و کاریگەریش لەم مەسەلە و کێشمەکێشە سیاسیانەدا بگێڕێ.

 

٤- بێگومان پێویستە دەرس لە شکستی رفراندۆمی ٢٠١٧ بەوە وەرگیرێت، کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان پێویستە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی خۆی لە ڕێگەی بەهێزکردنی ناڕەزایەتیە چیانیەتیەکانی کرێکاران و فەرمانبەران و خەلکی ئازادیخوازەوە بتوانێ بزوتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری بۆ وەلانانی دەسەڵات و هەژمونی یەکێتی و پارتی لە کوردستاندا بەڕێ بخا تا بتوانێ بڕیار لەدەست یەکێتی و پارتی دەربهێنێ و چیتر یاری بە رفراندۆم و کێشەی کوردەوە نەکرێ لەلایەن ئەم حزبانەوە لە پێناو پاراستنی دەسەلاتیاندا.

٥- بەڵام تا ئەوکاتەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش خاوەنی هێز و دەسەڵاتێک نیە کە چارەنوسی کوردستان دیاری بکا و ڕێگە لە پارتی و یەکێتی بگرێ، پیویستە لەسەر سیاسەت و ڕێگا سیاسیەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان کە پەیوەستە بە چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە هەڵوێستی چالاک و لە بەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا بگیرێت. دژایەتی کردنی ئەنجامدانی رفراندۆم لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە ،بەبێ بونی بەدیلێک بۆ رفراندۆم ،جگە لە پاسیڤیزم شتێکی تری سیاسی ناگەیەنێ و لێرەدا کۆمۆنیستەکان و چەپەکان زۆربەی کات ئەم هەڵوێستە ناسیاسیە پاسیڤیستانەیان دوبارەکردۆتەوە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات و لەم رفراندۆمەشدا. ڕەخنەیەک کە لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپ هەبێ ئەوەیە کە دەبێ لەم دیدگا و میتۆد و پراتیکە پاسیڤیستیانە داببڕێ و بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری بەڕێ بخا کە لەهەموو مەسەلە سیاسی و چارەنوس سازەکانی خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستاندا لە بەرژەوەندی کرێکار و زەحمەتکێشەوە چالاکانە بەشداربێ بۆ گۆڕینی دۆخی کوردستان و هاوسەنگی هێز لەدژی دەسەڵاتدارانی کوردستان.

About hkkk

Check Also

پیلانی نێودەوڵەتی بۆ له‌ژێرپێنانی ئیرادەی خەڵکی کوردستانی سوریا مه‌حکومه‌! …

“ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە ڕوداوەکانی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا” دوابەدوای لەشکرکێشی دەوڵەتی بۆرژوا- …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *