Home 6 ئۆکتۆبه‌ر 6 ئایا “نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا”  نەخێرە بەدەسەڵاتی بۆرژوایی- میلیشیایی ئێستا!؟      
ئایا “نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا”  نەخێرە بەدەسەڵاتی بۆرژوایی- میلیشیایی ئێستا!؟      

ئایا “نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا”  نەخێرە بەدەسەڵاتی بۆرژوایی- میلیشیایی ئێستا!؟      

موحسین کەریم:

ریفراندۆم بە سادەیی بۆ ئەوەیە بە”بەڵێ یان نەخێر” دەنگ لەسەر پرسێکی دیاریکرو بدرێ کە پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە، جائەو پرسە سیاسی بێت یان ئابوری، کۆمەڵایەتی بێت یان فەرهەنگی وتاد. لە پرسی مەسەلەی کورد لە عێراقدا، ریفراندۆم بۆ ئەوەیە کەخەڵکی کوردستان بڕیاربدەن پەیوەندی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا چۆن رێكبخەن. ئایا لەگەڵ عێراقدا بمێننەوە یان جیاببنەوەو دەوڵەتی سەربەخۆ پێک بهێنن.

تا ئێستا کە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەی فیدراڵیزمی نەتەوەیی، لەلایەن حزبە بۆرژواییەکانی کوردەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا بڕیاری لێدراوە، هیچ دەورو نەخشێکی خەڵکی کوردستان لەم بڕیارەدا نەبوەو پرس بە خەڵك نەکراوەکە ئایا فیدراڵیزمی دەوێ یان سەربەخۆیی. بڕیارێك کە پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکەی بۆرژوازی داویانە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بۆمانەوە لەعێراقدا لەسەر بنەمای فیدراڵیزمی نەتەوەیی، نوێنەرایەتی دەنگی خەڵك ناکات! باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەی من ئەو ریفراندۆمە نافەرمیە بوو کە ساڵی ٢٠٠٥ لەپاڵ دەنگدان بۆ دەستوری عێراق دائەنجام درا،  زیاتر لە ٩٨٪ی خەڵكی کوردستان کە مافی دەنگدانیان هەبوو، واتە نزیك بە ٢ ملیۆن کەس، دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا!

ئێمە هەرئەوکاتە ووتمان فیدراڵیزمی نەتەوەیی رێگاچارەیەکی کۆنەپەرستانەیەو کێشەی کورد چارەسەر ناکات، بەڵکو بەکراوەیی دەیهێڵێتەوە. جیاکاری و کێشمەکێش و ناکۆکی نەتەوەیی رەسمیەت پێدەدات و بەرینی دەکاتەوە. هەموو ئەوە دەبینین کە چۆن دەمارگیری و رقوکینەی نەتەوەیی بووەتە دیاردەیەکی مەترسیداری کۆمەڵگای عێراق. ئێمە بەردەوام هوشداری ئەوەمان داوە کە بە تێكچوونی ئەو هاوسەنگیەی فیدراڵیزمەکەیان لەسەر بنیات ناوە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەو توندبوونەوەی کێشە و ملانێی نێوان بۆرژوازی کوردو عەرەب لە گۆڕێدایەو لەسەر ئەو بنەمایەشەوە، دەرگا بەرووی باوەشێنکردنەوەی کێشەی نەتەوەیی و بەگژیەکداکردنی کورد وعەرەب و نەتەوەکانی دانیشتوی عێراق دەکرێتەوە!

ئێستا باڵی دەسەڵاتداری بۆرژوازی کورد( پارتی و بارزانی و بەشێکی دیکە لە حزب و لایەنە سیاسیەکانی چیننی بۆرژوازی) هاتونەتەوە پای ریفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی نیوان خۆی و حکومەتی ناوەند، کە راستەوخۆ پەیوەندی بە یەکلا کردنەوەی کێشەی نێوان خەڵکی کوردستان و دەوڵەتی عێراقەوە هەیە! بەداخەوە بۆرژوازی کورد توانیویەتی کیشەی خۆی لەسەر دەسەڵات لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا بکاتە کێشەی کورد لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی. ئەمە نە بەدەستی ئێمەو چینی کرێکارو نە بەدەست خەڵکی کوردستان و تەنانەت بەدەستی خەڵکی عێراقیش نیە! ئەمە راستیەکی تاڵەو دەبێ دانی پێدا بنێین. تەنانەت بۆ دەیان ساڵ خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێشی کورد لەسەر دەستی ئەمانەدا کراونەتەوە سوتەمەنی جەنگی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا، لەسەر بنەمای ستەمێك کە دەوڵەتی ناوەندی لە خەڵکی کوردزمانی کردوە.

ریفراندۆم بکرێ یان نەکرێ، دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد ئێستا زاڵە لە کوردستان. ریفراندۆم بکرێ یان نەکرێ پارتی دەسەڵاتداری یەکەمی کوردستانە. ریفراندۆم بکرێ یان نەکرێ، هەژاری و برسێتی و نەبوونی و بێمافی هەرئێستا هەیە و بەردەوامە. بەڵام مەسەلەیەك کە دەگۆڕێت ئەوەیە، ئەگەر ریفراندۆم بکرێ و خەڵك دەنگ بە جیابونەوە بدەن و دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکرێت، ئەوا کۆتایی بە گرفتێك دێت کە هەمیشە بۆرژوازی کوردو بزوتنەوەو حیزبە سیاسیەکانی بەناوی کێشەو پرسی کوردەوە، لەلایەکەوە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانی کردۆتە سوتەمەنی سیاسەتە بۆرژواییە نەتەوەپەرستەکانی خۆی و قوربانییان لێوەردەگرێ. لەلایەکی دیکەشەوە ئەو بیانوەیان لەدەست دەردەهێنێ کە خەباتی خەڵك دژی دەسەڵاتە گەندەڵ و چەوسێنەرەکەیان چەواشەو بە لاڕیدابەرن بەناوی ئەوەی کە دوژمنانی کورد لە بەغدا مافەکانی خەڵك پێشێل دەکەن، بودجە دەبڕن و بەشی خەڵکی کوردستان لە داهاتی گشتی نادەن و تاد.! بێجگە لەوەش بەچارەسەربوونی ئەو گرفتە، ئەو فرسەتە لەو باڵەی بۆرژوازی کورد کە خۆی لەبەرەی نارازی دەسەڵاتدا دەبینێ، دەسەنێتەوە بۆئەوەی خۆیان بکەنە دەمڕاست و کوێخای خەڵك. ترسی ئەم باڵەی بۆرژوازی کورد لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەوەیە کە دەستمایەی یاریە قێزەونەکەی لەدەست بچێت، بۆیە وانیشان دەدات رازی بوون بە بەرپاکردنی ریفراندۆم، مانای “بەڵێ”یە بۆمانەوەی پارتی لەدەسەڵاتداو دەنگی “نەخێر”یش دژایەتیکردنی ئەو هەلومەرجەیە کە پارتی و هێزە دەسەڵاتدارەکانی دیکە خوڵقاندویانە بۆ خەڵك. وەکو ئەوەی لەسەر کارتی دەنگدانی ریفراندۆم نوسرابێت:”رازیت لەسەرمانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا، یان رازیت کە مەسعوود بارزانی ببێت بە سەرۆکی دەوڵەتی کوردستان!؟”

ئەوان دەیانەوێ وانیشان بدەن کە ئەگەر بڵێی “بەڵێ”، مانای وایە دەتەوێ بەرزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بمێنێتەوە، یان لەوە زیاتر، ئێستا دەوڵەتی کوردستان دروست بوەو کێشە لەسەر ئەوەیە کە مەسعود بارزانی ببێ بەسەرۆکی دەوڵەت یان نەبێت!؟ پرسیارەکەی ریفراندۆم روونە و وەڵامەکەی روونتر! ” ئایا لەگەڵ جیابونەوە لە عێراق و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیت یان لەگەڵ مانەوە لەعێراقدا!؟”. ئەگەر بڵێی “نەخێر” مانای وایە دەتەوێ لەگەڵ دەوڵەتی نەتەوە پەرست و شۆڤێنیستی ئیسلامی ئیستا عێراقدا بمێنیتەوە. ئەمجارەیان ئیتر ئەوە خەڵك خۆیانن کە دەنگ بەمانەوە لەچوراچێوەی عێراق و فیدراڵیزمی نەتەوەیی دەدەن، نەك کۆمەڵێك حزبی ناسیۆنالیستی کورد لەسەروو خەڵکەوە کوێخایەتی بکەن و بڵێن فیدراڵیمان پێباشە! کەواتە بەکردەوە دەنگی نەخێر مانای هێشتنەوەی فیدراڵیزمی نەتەوەیی ئێستا و قبوڵکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی- نەتەوەپەرستی ئێستای عێراقە. هەروەها لەسەرێکی دیکەوە، نەخێر بۆ ریفراندۆم و بگرە دەنگی نەخێر بۆ سەربەخۆیی، مانای هێشتنەوەی هەمان ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە بنەماڵەییەی کوردستانی ئیستایە، نەك لاوازکردن و روخاندنی! هەلومەرجی ئێستا بەهیچ جۆرێك لەقازانجی خەباتی خەڵک نیە بۆ رزگاری و گەیشتن بە مافی و ئازادیەکانی، بەهیچ جۆرێك لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکار نیە. دەسەڵاتی میلیشیایی لەکوردستان و هێشتنەوەی جیاکاری و کێشمەکێش و پەرەدان بە دەمارگیری نەتەوەیی لە بەرەژوەندی چینی کرێکارو بزوتنەوەکەی نیە!

به‌ڵام ئایا ئه‌و هێزو لایه‌نانه‌ی له‌پشت “نه‌خێر بۆ ڕیفراندۆم’ راوه‌ستاون‌ بەراستی دژی دەسەڵاتی نایەکسان و چەوسێنەرانەی بۆرژوازی کوردن یان تەنها دژی دەسەڵاتی پارتین!؟  گومان لەوەدا نیە کە ئەو هێزانەو ئەو بزوتنەوەیەی بەناوی (نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا) دژایەتی ریفراندۆم دەکەن، لەلایەن باڵێکی بۆرژوازی نارازی کوردەوە رابەری دەکرێت. ئەم باڵەی بۆرژوازی کێشەی لەگەڵ بەشەکەی دیکەی بۆرژوازیدا کە دەسەڵاتی حکومەتی بەدەستەوەیە ئەوەیە کە بازاڕی کوردستانی قۆرخ کردوە، زۆربەی بنکەو دامەزراوە ئابوریە گرنگەکانی خستۆتەژێر دەستی خۆی و توانای سیاسی و جێگاورێگای خۆی لە دەسەڵات و حکومەتدا بەکاردەهێنێ لەبەرژەوەندی سەرمایەکەی. دەنا ئەمیش هەمان سیستەمی ئابوری و سیاسی ئێستای بەشێوەیەکی گشتی قبوڵەو بگرە حکومەت و هەلومەرجی سیاسی ئیستا بە ئەزمون و دەسکەوتێکی گەورەی “گەلی کوردستان” دەزانێ کە دەبێ پارێزگاری لێبکرێ! رەخنەکەیان لە پارتی ئەوەیە کە ئەم ئەزمونەی شێواندوەو گەندەڵی کردوە!

ئەم باڵە ناڕزایەی بۆرژوازی لە پرسی ریفراندۆمدا هەمان ترسی هەیە کە بۆرژوازی خاوەن دەسەڵات، دەسکەوتێکی سیاسی دیکە بۆ خۆی لەسەر حسابی ئەم مسۆگەر بکات و ئەوەندەی دیکە پایەکانی دەسەڵاتی پتەوتر بکات. بەوجۆرەش بەتەواوی دەست بگرێ بەسەر بازاڕی کارو سەرمایەی کوردستاندا و پێگەی ئابوری لاوازبکات و دەرفەتی قازانج و سوود بۆ ئەم کەم بکاتەوە!

ئەم باڵە ناڕزایە، بۆئەوەی بەرژەوەندیە سیاسی و چینایەتیەکانی خۆی لە بەرگێکی رەواو گشت پەسەندەوە بپێچێ، راستەوڕاست بانگەشەکانی لە مەیدانی ململانێیەکی راشکاوی نێوان دوو باڵی سەرمایەدا لەسەر بەشکردنی بازاڕ و تاڵانکردنی بەرهەمی رەنجی کرێکارو زەحمەتكێشی کورد، بەیان ناکات، بەڵکو دەست دەبات بۆ ئەو گرفت و کێشانەی ژیان و گوزەران و  ئەو بێمافیانەی خەڵك بەهۆی دەسەڵاتی ئەم باڵەی بۆرژوازیەوە تووشی هاتوون و بەسەریاندا سەپێنراوە. لەلایەکەوە دەیەوێ سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری کوردستان و چینی بۆرژوازی لەم خەتایە پاکانە بکات و بیکات بە خەتای بەشێکی فەرمانڕەوای قۆڕخکار و تاڵانچی و تەماحکار! لەلایەکی دیکەشەوە بیکاتە کەرەستەیەکی پڕوپاگەندەیی بۆ هەڵخڕاندنی جەماوەری بێبەشی کوردستان لەدەوری سیاسەت و کردنیان بە زەخیری جێبەجێکردنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی. بۆ ئەم مەبەستە  دەست بۆ هەرچی چەواشەکاریەك دەبات.

لەسەر ئەم بنامەیەوە، لە پرسی ریفراندۆمدا، دەستی بردوە بۆ ساختەکاریەکی سیاسی و وا رادەگەیەنێ کە ریفراندۆم بۆ توندکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو حزبانەیە کە لەسەر دەسەڵاتن و بەتایبەتی پارتی و پەیوەندی بە چارەسەری کێشەی کورد و مەسەلەی سەربەخۆییەوە نیە! دەیەوێ ئەوە بە خەڵك قبوڵ بکات کە ئەگەر بەشداری لە ریفراندۆم دا بکەن مانای وایە دەنگ دەدەن بە بارزانی و بە برسیکردن و گەندەڵی و تاڵانچێتی! لەکاتێکدا ریفراندۆم هیچ پەیوەندیەکی بە دیاریکردنی شێوازی دەسەڵاتەوە نیە! لەوەش واوەتر،هێشتا خودی بەشداریکردن لە ریفراندۆمدا هیچ شتێك لە مەسەلەکە ناگۆڕێت! واتە ئەو پڕوپاگەندەیەی کە دەڵێن بەشداریکردن لە ریفراندۆم دا مانای بەهێزکردنی پارتیە، چەوشەکاری و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، چونکە دەکرێ خەڵك بەشداری لە ریفراندۆمدا بکات و دەنگ بدات بە رێگاچارەیەك کە دژی پێشنیارەکەی بارزانیە!

ئەگەر نەیارانی ریفراندۆم لەناو بۆرژوازی کورددا، دەنگدان بە سەربەخۆیی بەقازانجی پارتی لێك دەدەنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەسەڵاتەکەی پتەوتر دەکات، خۆ دەنگدان بە نەخێر هەلومەرجی ئێستا ناگۆڕێ، کە پارتی دەسەڵاتداری یەکەمی هەرێمی کوردستانەو هەموو هیزەکانی دیکەی بۆرژوازی کورد دەبێ چاوەڕوانی دەستی ئەو بکەن تا لە “پەرلەمان” و حکومەتدا بەشداریان بکات! هەمان وەزعی ئێستا دەهێڵێتەوە، کە هێزی میلیشیا دەسەڵاتدارو خاوەن بڕیارەو گرفتەکانی خەڵك لەرووی ژیان و بژێوی و بێمافیەوە وەکو خۆیان دەمێننەوە. بێجگە لەوەی هێشتنەوەی کوردستان لەناو گێژاوی فیدراڵیزمی نەتەوەیدا، هەمیشە سێبەری مەترسی و شەڕی نێوان هەرێم وناوەنددا بەسەر سەری خەڵکەوە هاتوچۆ دەکات  و لە دوودڵی و دڵەراوکێدا دەیانهێڵێتەوەو رەنگە سەر بکێشێتە شەڕی نەتەوەییش!

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*