Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئایا کورد لەدانوستانەکاندا دەستبەرداری ئەنجامی ریفراندۆم دەبێت؟
ئایا کورد لەدانوستانەکاندا دەستبەرداری ئەنجامی ریفراندۆم دەبێت؟

ئایا کورد لەدانوستانەکاندا دەستبەرداری ئەنجامی ریفراندۆم دەبێت؟

لەگەڵ ئین ئارتی – عبدوڵا مەحمود

بەرنامەی دووجار بیربکەرەوە… تەوەرەی بەرواری ٩/١٠/٢٠١٧

ئایا کورد لەدانوستانەکاندا دەستبەرداری ئەنجامی ریفراندۆم دەبێت؟

کاکی پێشکەشکار یان ئامادەکاری بەرنامەکە… پرسیارەکان بەو جۆرە دادەرێژێت، کە ئینسان ناچارە بەر لەدەربرینی بۆچوون و وەڵامی پرسیارەکان، لەسەر جۆری پرسیارەکان رابوەستێت و هەڵوێستە بکات. ئایا کورد؟ مەبەستی لە کێیە؟ سەرمایەداری و خێڵی چاوچنۆکی سەرمایە لە کوردستاندا چ وەکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و چ وەکو حزب و رێکخراوەی سیاسی کوردن، هەروەکو چۆن کریکارو خەڵکی نەدار و برسیکراویش کوردن چ وەکو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و چ وەکو حزب و رێکخراوەی سیاسی. هەرکام لەوانەش نەک هەر خاوەنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانن، بەڵکو ململانێی راستەقینە لە کۆمەڵگەدا، لەنیوان ئەو دووبەشەی کورددایە… دیارە لە ناو خانەوادەی بزوتنەوەی بۆرژوازی کوردیشدا حزب و رێکخراوەی سیاسی جیاوازی کورد هەن و بەهەمان شیوەش لە ناو بزوتنەوەی کرێکاری و چەپی کۆمەڵگەشدا، حزب و رێکخراوەی جیاواز هەن. بۆیە بەکاربردنی ئایا کورد؟ هەڵبژاردنێکی هەر گەمژانەیەی دەستەواژەیەکە، کە مانا و لێکدانەوەی جیاوازی لە خۆیدا هەڵگرتووە، کە دەیەوێت بلێت هەموو کۆمەڵگە کوردە، ئەو کۆمەڵگە کوردەش خاڵییە لەهەموو جیاوازیی و بەرژەوەندیەکی لە یەکجاو و دژ بەیەکی چینایەتی. لە کاتێکدا کۆمەڵگەی کوردستانیش وەکو هەموو کۆمەڵگەیەکی سەر ئەم هەسارەیەی زەوی، کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە. لەلایەکەوە چینی سەرمایەدار و حزب و ڕێکخراوە و ئۆرگان و نیهادی هەمەرەنگی پارێزەری خۆی هەیە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی قازانجپەرستانەو مانەوەی خۆی و دەسەڵاتی پاڕیزەری. لەبەرامبەریشدا، چینی کرێکار و بێبەشانی هاوپەیمانی هەن، کە دژی سەرمایەداری و دەسەڵاتی سەرمایەن لە کوردستان. تەنانەت لە نێو خانەوادەی بۆرژوایشدا، ناکۆکی هەیە لەسەر زۆریك لە مەسەلەو گرفتەکان، پرسی ریفراندۆمیش کە تەوەرەی بەرنامەکەیە… بەشێکی بەرین لە ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردا، دژی ریفراندۆم بوون لە دۆخی ئیستادا و ئەمەیان بە قازانجی بۆرژوازی و چینی سەرمایەدار و دەوڵەتی داهاتووی سەرمایە لە کوردستان نەزانی. بۆیە پرسیارەکە دەبێ ببێ بەوەی ئایا پارتی و ئەو بەشەی یەکێتی نیشتیمانی کەپشتوانیان لە ریفراندۆم کرد، ئامادەن دەستبەرداری ریفراندۆم بن لەدانوستاندنەکاندا؟ یان دەکرا بوترێت، خەڵکی کوردستان ئەرکیان چییە لە بەرامبەر ئاکامی ریفراندۆم و لەبەرامبەر بە دانوستاندنەکاندا؟

ئەگەر بچینە سەر وەڵامی ئەوەی ئایا ئەحزبی بۆرژوازی کورد کە لەگەڵ ریفراندۆم بوون ئامادەن دەستبەرداری ریفراندۆم بن لە دانوستاندنەکاندا؟ گومانی تیا نییە، ئەحزابی بۆرژوازی کورد چ ئەوانەی لەگەڵ ریفراندۆم بوون و چ ئەوانەیان ریفراندۆمیان لە دۆخی ئیستادا بە دروست نەدەزانی، ئامادەن لە ژێر گوشاردا یان بەدەست راگەیشتن بە هەندێک مەرامی دیاریکراو کە بەقازانجی حزب و بزوتنەوەکەیان بێت، ئاکامی ریفراندۆم هەڵپەسێرن یان پاشەکەوت و تەنانەت دەستبەرداری ئاکامەکانی ریفراندۆم ببن و لەبەرامبەردا ئیمتیازات وەربگرن… ئەم بۆچوونەمان ریشەی لە کارنامەو مێژووی ئەو بزوتنەوەدایە. بزوتنەوەی کوردایەتی بە درێژایی مێژووی خۆی، بزوتنەوەیەک بووە کە هەمیشە پشتی بەستوە بەکەڵک وەرگرتن لە بۆشایی و ململانێی نێوان وڵاتەکان و کێشمەکێشەکانیان یان خۆبەستنەوە پێیان و پابەندبوون بە ستراتیج و ئامانجی ئەو وڵاتانە. ئەوەی کە بەدەگمەنیش نەبینراوەو رەچاویان نەکردووە، پشت بەستن بووە بە بریار و ئیرادەو توانایی خەڵکی کوردستان. هەر ئەوەشە وا دەکات، کە خەڵکی کوردستان متمانەیان بە حزبەکانی بۆرژوازی کورد نەبێت. لە ئێستادا و هەروەکو پێشبینیش دەکرا، هەرەشەو چاوسورکردنەوە تا داسەپاندنی ئابڵۆقە و جموجۆڵی هیز و سەربازی… لە بەرامبەر بە ئەنجامدانی ریفراندۆمدا لە ئارادان. ئامانجیش لەو هەرەشانە لەلایەکەوە بۆ ئەوەیە دۆخی ترس و دڵەراوکێ و نائارامی پەرەپێبدەن و پاشەکشە بە بریاری یەکلاکەرەوەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بکەن و خەڵکی کوردستانیش سزا بدەن لە پای ئەو هەڵبژاردنەی کە بۆسەربەخۆیی لە ریفراندۆمدا داویانە. هەرەشەکانیش هەر ئەو دەوڵەت وڵاتانەن، کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەدرێژایی تەمەنیان پشتیان پێ بەستوون و رێکەوتننامەیان لەگەڵ مۆرکردون و تەنانەت پێشلەشکریان بۆیان کردووە.  هەر ئەو حزبانە، خۆیان بەشێک بوون لە دەسەڵاتی بەغداو رۆڵی بێدرێغیان گێرا بۆ سازدانەوەی دەوڵەتی عێراق و چوونە پشت فیدرالیزمی قەومی و دەستوری دابەشکاری تایفی. خۆیانن لەوەتەی هەن یان لە قوتبی ئیرانی یان تورکیدا جێگایان گرتوە و رژێمەکانی ئیران و تورکیایان بە دۆست و هاوپشتیوانی خەڵکی کوردستان ناساندووە، و لە ستایشیاندا کەمیان نەهێناوە، دەیان رێکەوتنامەی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابوریان لەگەڵیان واژۆ کردووە، کەچی هەر ئەو دەوڵەت و رژێمانەشن کە بە پلەی یەکەم کەوتونەتە هەرەشە و چاوسورکرنەوە و دەستبردن بۆ سنور داخستن و ئابلۆقەدانان و.. بەشێک لە بۆرژوازی کورد، بەشی سەرەکی ئەو بزوتنەوەیە بۆیە دەستی برد بۆ سازدانی ریفراندۆم و تا بەجیا لە تەماحە حزبیەکانی، چوارچێوەیەکی تر بدات بە ژیانی داهاتووی سیاسی… ئەو چوارچیوە لەدەسەڵاتدارێتی کە لە ساڵی ١٩٩١ وە درێژەی هەبوو، ببوە رێگر لەوەی ئەو مۆدێلە بتوانێت درێژە بە حوکمرانی خۆی بدات، کە حکومرانیەکی میلیشیایی و حزبی بوو… ئەو حکومرانییە رۆژ بەرۆژ لەبەردەم نارەزایەتی جەماوەریدا بوو، خۆیشی نەیدەتوانی ئەو چوارچێوەیە تێبپەرێنی بەهۆی ئەوەی مافی حکومرانی لە ئاستی دنیاو کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیدا بۆ بەفەرمی نەناسرابوو… دەستبردنی بۆ ریفراندۆم بۆئەوە بوو ئەم مافی دەسەڵاتدارێتیە، فەرمی بکات و مافی دەسەڵاتدارێتی بکاتە مافێکی دانپانراوی نێودەوڵەتی. بۆئەوەی ئەو رەوتەش بە ئاکام بگات، کە بەقازانجی خۆی و تەنانەت بە سودی خەڵکی کوردستانیش تەواودەبێت… ئەوەیە کە دەست بە ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە بگرێت و پاشەکشە لە ئاکامەکانی ریفراندۆم نەکات و بۆ بەسەرئەنجام گەیاندنی پرۆسەکە تاکۆتایی بەردەوام بێت. کە جیاکردنەوەی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆییە، بەڵام ئەمە کارێک نییە ئەو حزبانە خۆیان بیکەن. ئەوان لەو جێگایەی گورز بە بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێت، پشت دەکەنە خەڵکی کوردستان و ئیرادەکەیان. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان رێگەنەدەن یاریەکی ئاوا بەڕیوەبچێت. پێویستە بۆ بەرگری لە بریار و ئاکامی ریفراندۆمەکەدا لە مەیداندا بمێنەوە و گوشاریان زۆرتر لە گوشاری وڵات و دەوڵەتەکانی ناوچەکە بێت لەسەر حزبەکانی کوردستان تا پابەندی بریاری ئاکامەکانی ریفراندۆم ببن. هەروەها خەڵکی کوردستان پێویستە خۆیان بۆ بەرگری لە بریارو دەنگ و ئاکامی ریفراندۆمەکە لە گۆرەپانەکەدا ئامادەییان هەبێت و ڕێ و شوینی کاراو بیرلێکراوەو دروست بۆ وەڵامدانەوە بە هەرەشەو چاوسورکردنەوەو ئابڵۆقەو پیلانەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەدەستەوە بگرن و نیشانی بدەن کە ئاکامی ریفراندۆم بەری رەنجی بریاری خۆیانەو دەستی لێ هەڵناگرن. ئامادەیەکی لەو بابەتە لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری و چەکداری و دیبلۆماسی… رێگەدەگرێت لەوەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بکەونە سات و سەودا بە ئاکامەکانی ریفراندۆم بۆ هەڵپەساردن یان پاشەکەوتکردن و دەست ڵی هەڵگرتن و هێنانە ئارای بەدیلی تر. ریفراندۆم لە نیوان جیابوونەوە یان مانەوە لەگەڵ عێراقدا بوو، نەک بۆ هیچیتر. جیابوونەوەو پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆتە بەرهەمی دەنگ و بریاری خەڵک و دەبێ ئەوەش جێبەجێ بکرێت. زامنی سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانیش بۆ پیکێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، وەستانەوەی هەمەلایەنەیە بەرووی هەر هەوڵ و هەرەشەو بەدیلێکی تردا کە لەجێگای جیابوونەوە لە عێراق بگیرێتە بەر. خەڵکی کوردستان بەریزی یەکگرتوانەو رێکخراوی خۆیان و بە کۆبونەوەیان لەدەوری نەخشە رێگایەکی هەنگاو نان بۆ جیابوونەوە و نەخشە رێگایەک بۆ وەڵامدانەوە بە پیلان و هەرەشەو رێکەوتنی لەسەرەوەی ئەحزب و لەگەڵ بەغداو وڵاتانی ناوچەکە، دەتوانن ئەم قۆناغەو ئەو برگە مێژوویە یەکلایی کەرەوەیە، بە قازانجی داهاتووی خۆیان بشکێنەوە. پشتیوانی ناوچەیی و جیهانی لە جەماوەری لە مەیداندابوو بۆ مافە رەواکانی خۆی و لەوانەش بۆ بریاردانی کۆتایی لەسەر داهاتووی خۆیان، بەندە بە لەمەیداندابوونی خۆیان و روئیای پێشكەوتنخوازانەو سەردەمی بۆ دەوڵەتی داهاتوویان.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٤ بەرواری ١٥/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*