Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئایا یەکێتی دەتوانێت ژێردەستەیی قەبوڵ نەکات؟…

ئایا یەکێتی دەتوانێت ژێردەستەیی قەبوڵ نەکات؟…

عوسمانی حاجی مارف

مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: “یەكێتی لەنێوان رێككەوتن و هەر چارەسەرێكی دیكەدا، رێككەوتنی شەرەفمەندانەمان دەوێت و پەراوێزخستن و ژێردەستەیی بەیەكێتی قەبوڵ ناكرێت.”

بەدوای زیاتر لە چوار مانگ لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان و چەندین دانیشتن و گفتوگۆ و دانوسانی نێوان حزبەکان، ئاکامێک لە نیشادانی پێکهێنانی حکومەت و سەقامگیری نێوانیان بێت بە دەست نەهاتووە. بەدوای ئەو هەموو بانگەشەیەی یەکێتی نیشتمانی وەهای رادەگەیاند ئومێدی رێکەوتنیان نزیکەو گوایە بە ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی خەڵک رێکەوتن ئەنجام دەدەن و بەم زووانەش کێشەکانیان چارەسەر دەبێت. کەچی تازە مەکتەبی سیاسیەکەیان دەڵێت “ژێر دەستەیی قەبول ناکەین”.

هەڵبەتە قەبوڵکردنی ژێر دەستەیی باش نییە و زەبونییە، بەڵام ئایا لە راستیدا کێشەی یەکێتی نیشتمانی قەبول نەکردنی ژێردەستەییە؟ یان لە هەمان کاتدا بۆ بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان هەوڵدەدات؟

باڵادەستی و گوندەیی پارتی و بارزانی وەک هێزێکی ناسیۆنالستی بنەماڵە و میلیشیا رۆشنە کە چ بەڵاو کارەسات و دەردی سەریەکە بەسەر ژیانی دانیشتوانی کوردستانەوە. لە ماوەی ئەم ٢٨ ساڵەدا راستیەک سەلماوە: هەر جۆرە مامەڵە و رێکەوتنێک لە لەلایەن هەر لایەن و هێزێک لە کوردستاندا کرابێت لەگەڵ پارتیدا، بە مانا و ئاراستەی قەبولکردنی پەراوێزخستن و ژێردەستەیی ئەو لایەنە بووە و بە قازانجی زیاتر بەهێزبوونی پارتی بووە.

بە جیا لەوەش تەواو سەپاندنی هەردوو دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە کوردستاندا بە جیاکردنەوەی زۆنی زەرد و سەوز بەرئەنجامی پاشکۆیەتی و ژێردەستەیی ناشەرفمەندانەی هێزەکانیانە بۆ بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێزی جیهان و وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەتی تورکیا و ئێران. سنورەکانیان هەمیشە بێ دەرگا و بێ سانسۆرە بۆ هێزە سەربازی و جاسوسیەکانی حکومەتی تورکیا و ئێران. پارتی و یەکێتی هەر لە بنەڕەتەوە دوو هێزن کە بە مۆری ژێردەستەیی پەروەردە بوون و بەهێز بوون و دەسەڵاتی میلیشیایی و جەردەیی و گەندەڵی و تاڵانیان بەدەستهێناوە و دامەزراندووە.

تەواوی رێکەوتنەکانی یەکێتی لەکەڵ پارتیدا بەدوای شەری ناوخۆ و رێکەوتنی ستراتیژی نێوانیان، ناچاری و تەسلیم بوون و قەبوڵ کردنی گوندەیی و باڵادەستی پارتی بووە. بە مانایەک قەبوڵکردنی ئەو واقعەیە، کە یەکیتی نیشتمانی هێزی دووەمە و ژێردەستەیی سیاسەت و باڵادەستی و بەرژەوەندیەکانی پارتی بووە لە ناو حوکمەتی هەرێمدا. هەر بۆیە ئەم دروشمی قەبوڵنەکردنی ژێردەستەییە مانای ئەوەیە هەوڵ دەدات کە رزگاری بێت و کۆتایی بەم ژێردەستەییە بهێنێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا یەکێتی ئەم کارەی پێدەکرێت؟

نەخشەی یەکێتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا هەوڵێک بوو بۆ لێدانی گورزێک لە پارتی تا هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆی بگۆڕێت. هەڵبەتە پارتی گورزێکی توندی بەرکەوت و پاشەکشەیەکی گەورەی پێکرا، بەڵام دواتر توانی لەبەرامبەر ئەو قەیرانەدا جارێکی تر هاوکێشەکە بە جۆرێک بخاتەوە جێگای خۆی، بە هەرشێوەیەک بێت لە هەڵبژاردنەکاندا وەک هێزی یەکەم و براوە جارێکی تر گرەوی لە یەکێتی بردەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بەرخوردی یەکێتی بە لۆژێکی غروری هەمان دەورانی پاشەکشەی پارتی لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە سەوداو مامەڵە دەکات و سەختگیرە لە رێکەوتنەکانی لە بەرامبەر پارتیدا. نایەوێت دان بەوەدا بنێت، کە ئێستاش پارتی هەمان هێزی یەکەم و باڵادەستەکەی جارانە، یەکێتی لە رێکەوتنی لەگەڵ پارتیدا نەک ناتوانێ پاشکۆی بەرژەوەندی و سیاسەتەکان و ژێردەستەکەی جارانی نە بێت، بەڵکو هەلومەرجەکە بەجۆرێک گۆڕدراوە، گۆڕان و لایەنەکانی تریش خەریکن بە شێوەیەکی فراوانتر لە جاران ئەو ژێردەستەییە بە زەبونیەکی زیاترەوە قەبوڵدەکەن و فشارێکن لەسەر پاشەکشە بە یەکێتی.

بەرزکردنەوەی دروشمی قەبوڵنەکردنی ژێردەستەیی بە مانای ئەگەری شەڕ دێت، یان بەرەسمیەت ناسین و جێگیرکردنی دەسەڵاتی دوو ئیدارەییە. ئایا یەکێتی ئامادەیە خۆی فڕێداتە ناو ئەو گێژواوەوە؟ ئەوەش گەمەو قومارێکە لە نمونەی ٣١ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر، کە هێزە ناسیۆنالست و ئیسلامیەکان لەسەرو بەرژەوەندیەکانی خەڵکەوە پیادەی دەکەن. عاقبەتی ئەم کێشمەکێش و بەزم و هەرا و سەودا و مامەڵیەی، کە لە ناو چوارچێوەی سیناریۆی هێزە میلیشیاکانی پارتی و یەکێتیدا دەگوزەرێ، بەهەر بارێکدا لابدات و بشکێتەوە، ئاشکرایە زیانەکەی دووبارەبونەوەی هەمان ئەو کارەسات و دەردی سەریانەیە، کە ٢٨ساڵە یەخەی بە ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارانی کوردستان گرتووە.

هەر جۆرە چاوەڕوانیەک بەوەی ئەم لایەن و هێزانە دەیانەوێت ئاسودەیی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی کوردستان دابین کەن، ئەو پەری بەدبەختی و داماوی و تراژیدیایەکە، کە ٢٨ساڵە بەرەوڕووی دەبینەوە، بۆیە هیچ رێگایەک نییە جگە لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتیان.

About hkkk

Check Also

هەر عارف نیە مارفیشە! …

موحسین کەریم عارف قوربانی، یەکێك لە نوسەران و ڕۆشنبیرانی کوردایەتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی (K24) …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *