Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئۆبەیت کێڵنى: کاتێک مرۆڤێک هەژارى وبرسێتى دەیگریەنێت پێکەنینى مرۆڤەکانى تر جگە لە گەمژەیی هیچ مانایەکى ترى نییە!!

ئۆبەیت کێڵنى: کاتێک مرۆڤێک هەژارى وبرسێتى دەیگریەنێت پێکەنینى مرۆڤەکانى تر جگە لە گەمژەیی هیچ مانایەکى ترى نییە!!

ئیتر بەسە بائەم سیستەمە چەوسێنەرە بگۆڕین

عبدالرحمن رسول

کاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا هەژارى و نەدارى وبێکارى بەردەوام لەگەشەسەندندا بێت، گەندەڵى ودزى وچەوسانەوەو نابەرابەرى لەجیاتى چارەسەر بەرەوهەڵکشان بچێت، بەردەوام کۆمەڵگە لەناو شەڕى نەتەوەیی وتایەفەگەرى وئایینى ومەزهەبى وناوچەگەرى دابێت، داب ونەریتە کۆنەپەرست وبیروباوەڕە دواکەوتووە دژبە ئازادى وئاسوودەیی ژنان وکچان گەشەى پێ بدرێت، یەکسانى وبەرابەرى نێوان ژنان وپیاوان بکرێتە ئەفسانە وبانگەشەى زیندە بەچاڵکردنى ئازادى وبەرابەرى بکرێت، ئەمە نیشانەى هەبوونى سیستەمێکى چەوسێنەرو سەرکوتگەرە کە وەک بەڵا باڵى کێشاوە بەسەرشانى تەواوى تاکەکانى کۆمەڵگەدا. لابردنى ئەوبەڵایەش پەیوەندى بە وشیارى تاکەکانى کۆمەڵگەوە هەیە.

وشیارى خەڵکى چەوساوە گرینگ و پێویستە بۆپچڕاندنى زنجیرى کۆیلایەتى بۆئەوەى بگات بەئازادى وهەرگیز نەبێتەوە کۆیلە، لەژێر هیچ ناونیشان وهیچ بیانوێکدا نەهێڵێت بکرێتە کۆیلە لە بەرگێکى جیاوازى کۆیلەدارى دا. تێگەیشتنى خەڵکى چەوساوە لەبارى کۆمەڵایەتى خۆی سەرئەنجامى ژیانى واقیعى چینەکەیەتى نەک تێگەیشتن وهەرسکردنى بیروباوەڕو بۆچوونەکانى ئەم ئایین وئەو فەیلەسوف و ئەو حیزب وڕێکخراوە پێشڕەوەیە. کەواتە پێویستە خەڵک ئەوەندە وشیاربێت نەبێتە ئامرازى ململانێى ئایین ونەتەوەیی وبیروباوەڕ و بۆچوونەکان  وحیزبەکان کە بەهەرجۆرە بۆیاغ وڕەنگ و فەلسەفە وتێڕوانینێک ئاراشت کرابێت. هەمیشە خەڵکى چەوساوەو وشیار پێویستە بەهێزبێت بۆئەوەى ئایینەکان وبیروباوەڕو بۆچوونە فەلسەفییەکان وحیزبییەکان بکرێنە ئامرازێک بۆ ڕزگاربوونى مرۆڤە چەوەساوەکان لەدەست یاسا وسیستەمى بێ ڕوحمانەى چەوسێنەردا.

مرۆڤەکان بەرد وشاخەکان نین بتوانن بەرگەى زەبروزەنگى زۆرى چەوسانەوە بگرن، سنوورێکیان هەیە بۆبەرگەگرتن لەکۆتاییدا ئەوسنوورە دەگاتە بنبەست هەروەک  نووسەرى بەناوبانگ جیم رۆنان دەڵێت (ئەگەرئەوشوێنەى کەلێی وەستاون بەدڵتان نى یە، بیگۆڕن…ئێوەدرەخت نین….!!) جیم رۆنان مەبەستى ئەوەیە کاتێک ئەو یاسا وسیستەمەنانە چەوسێنەرو ئازاربەخشن بۆ مرۆڤەکان، مرۆڤە هەژارەکان بێ بەزەیانە دەچەوسێنەوەو ئازاردەدرێن ئەوا بەدڵنییایەوە ئەو جۆرە سیستەمە چەوسێنەرو نابەرابەرە کە لەژێر هەرناوێکدا خۆى نمایش بکات و فێڵ ودرۆ لەگەڵ تاکەکانى  کۆمەڵگەکەى بکات، پێویستە ئەوجۆرە سیستەمە چەوسێنەرە بگۆڕدرێت بەسیستەمێکى بەرابەرو ئازاد.

ئۆبەیت کێڵنى گوتویەتى (کاتێک مرۆڤێک هەژارى وبرسێتى دەیگریەنێت پێکەنینى مرۆڤەکانى تر جگە لە گەمژەیی هیچ مانایەکى ترى نى یە!!) بێگومان ئەم وتەیە زۆر بەنرخە لەجێگەى  خۆیدایە، شایی لوغانى ماڵى سەرمایەدارو پاشا وئاغاو بەگ وکوێخاکان بە کوڕ وکچە هەژارو جوتیار وکرێکارو زەحمەتکێشێک چى! لە کاتێکدا زۆرترین مرۆڤەکانى کۆمەڵگە کرێکاران وجوتیاران وفەرمانبەران ودەستفرۆش وزەحمەتکێشان بن چەرغەکانى فەرمانگە و بەرهەمهێنانیشیان بە دەستەوەبێت بەبەردەوامى کاریش بکەن لەناو فەرمانگە وکارگەو کێڵگەکانى کۆمەڵگەدا کەخاوەنى ڕێژەیەکى زۆرى بەرهەمهێنانى  بەرهەمە جۆراوجۆرەکانى ژێر زەوى وسەرزەوى بێت، بەڵام خودى کرێکاران وزەحمەتکێشان وجوتیاران وفەرمانبەرانى کۆمەڵگە نەبنە خاوەنى هیچ جۆرە بەرهەمێکى ماددى ومەعنەوەى کۆمەڵگە، کە لەبەر هەژارى ونەبوونى موچەو پارە نەتوانن کەمترین کاتەکانى ساڵ ومانگ وڕۆژ لە ئاهەنگ وخۆشى وخۆشگوزەرانى دابن، بەڵام دەسەڵاتداران وسەرمایەدارانى کۆمەڵگە دەتوانن لەهەموو  ڕۆژەکانى ساڵدا لە خۆشگوزەرانى وئاسوودەیی وبەختەوەری دابن.

نموونەى زۆر هەیە کەفڵان بەرپرس زۆرترین کاتەکانى لە گەشتى وڵاتان بەسەردەبات، یاخود کوڕوکچەکانى لەباشترین زانکۆکانى وڵاتانى پێشکەوتو و دەخوێنن پاش چەند ساڵ بە بڕوانامەى ماستەرو دکتۆراوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کۆمەڵگەیەى کە جگە لە کێشەو قەیرانى جۆراوجۆر هیچى ترى تێدا نییە ئەوانیش تەنها وەکو گەشتیارێکى بێگانە دەگەڕێنەوە تاماوەک کە خۆیان پێیان خۆشە دواتر بۆ کام وڵاتە ئارەزوو بکەن دەچن بۆ ئەو وڵاتە. هەروەها بەرپرسەکانى دەسەڵات بۆ نەخۆشێکى زۆر سادە دەچنە پێشکەوتووترین وڵاتانى  دونیا، بەڵام نەخۆشخانە وخوێندنگە و زانکۆکانى  کۆمەڵگەى خۆیان کەمترین پێداویستى زانستى و پەروەردەیی وپزیشکیان بۆ دابین نەکراوە.

پێویستە سەرجەم  تاکەکانى کۆمەڵگە وشیارو بەئاگابن بەتایبەت گەنجان ولاوانى کۆمەڵگە ئەویش ئەوەیە بەدرێژایی مێژوویی مرۆڤایەتى کۆکردنەوەى سامان وپارە لەدەست کەمینەى کۆمەڵگەدایە کە دواتر بوونە سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیای جۆراوجۆرەکان بەهۆى چەسپاندنى یاساکان وسیستەمى چەوسێنەرى نابەرابەرو سەرکوتکەرەوە بووە، نەک بەهۆى کارکردن وماندوو بوونیانەوە. هەروەک کارڵ مارکس گووتویەتى (کۆکردنەوەى سامان بەبێ دەست درێژێ کردنە سەرمافى خەڵک ئەستەمە.) ئەم وتەیە زۆر ڕاستە  بۆهەموو سەردەمێک دەگونجێت کە یاساو سیستەمێکى نابەرابەرو سەرکوتگەرو چەوسێنەر هەبێت.

عبداڵلە پەشێوى شاعیر گوتویەتى

من دەڵێم  سەردارى ئێمە چەتەومافیاو گەل فرۆشن

دەڵێن نا نا ئەوان  بۆنانى گەل تێدەکۆشن

من دەڵێم لەبرى شەراب ئەوان خوێنى گەل  دەنۆشن

لێم پەست دەبن کۆیلە دەربار ئەوانەى دایم لەکۆشن

دە تێ بگەن هەتا ئێوە مەڕبن کەڕ بن کەللا پۆشن

ئەوانەى چاکتر دەستیان ڕادێ

چاکتر خوێنى ئەو میللەتە دە دۆشن

کەواتە هەتاوەکو خەڵکى چەوساوە خۆى وشیار دەبێتەوەو خۆیی ڕێکخراو دەکات بۆ گۆڕانکارى لە جۆرى سیستەمى چەوسێنەرو نابەرابەردا، تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنى سیستەمێکى ئازادو بەرابەر  بە دڵنییایەوە ئەبێت قوربانى زیاتر بدات، لەبەرئەوەى هیچ جۆرە دەسەڵاتێکى سەرکوتگەرو چەوسێنەر لەخۆیەوە ناگۆڕێت، نە ئاسمان بۆت دەگۆڕێ نە زەوى بۆت دەگۆڕێ. هەتاوەکو خەڵکى ناڕازى تێکۆشانى بۆ نەکات بۆ گۆڕانکارى لە سیستەمێکى چەوسێنەردا.

هەروەکو لەسرودى ئەنتەرناسیۆنالیش دا هاتووە کە دەڵێت:

هەستن ئەى هۆزى بەشمەینەتان

دیلانى برسێتى دونیا

لەتەنورەى بیروباوەڕمان

خرمژنى تریشقەى ڕاسا

تەنورەى ئاخیرینە هەستن

با هەڵى پێچین دەورەى کۆن

ڕابین و ژێرەوژوورکەین جیهان

ئێمەى هیچ بین بەگشت ئەى کۆیلان….

کەواتە ئەگەر بمانەوێت ڕزگاربین لەدەست نابەرابەرى وچەوسانەوە وگەندەڵى ودزى وشەڕوئاوارەیى وبێکارى وهەژارى بەچەندەها کێشەو قەیرانى تر کە بەهۆى باڵادەست بوونى ئەم جۆرە سیستەمە بێ ڕوحمە چەوسێنەرەوە بۆمان دروست بووە و هەتاوەکو ئەو جۆرە سیستەمەى ئێستاش بەردەوام بێت بە دڵنییایەوە بەچەندەها کێشەو قەیرانى تر بۆ خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێش وهەژارو فەرمانبەرانى کۆمەڵگە زیاتر دەبێت. بۆ گۆڕانکارى لەم جۆرە سیستەمەدا کە لە وڵاتانى ئێران وعێراق وتورکیا وسوریا هەیە لەکۆمەڵگەکانى تریش کەچەوسانەوەو نابەرابەرى وسەرکوت وجودى هەیە پێویست دەکات تێکۆشان بکەین، هەر یەکێک لەئێمە بەهەر جۆرێک گونجاوە بۆ تێکۆشان خۆی ڕێکخراو بکات بە ئاراستەى خەباتکردن بۆ گۆڕانکارى بەدیهێنانى کۆمەڵگەیەکى باشتر دوور لەچەوسانەوە. بە تێڕوانینى خۆم ئەمڕۆ مرۆڤایەتی زیاتر لە هەرکاتێکی تر پێویستی بە شۆڕشی سۆشیالیستی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی هەیە. ڕێگایەکی تر نەماوە لەبەردەم خەڵکی چەوساوەدا. ئەگەر لەئێستاوە دەست بەتێکۆشانى یەکگرتوانەو هاوبەش نەکەین خەڵک خۆ ڕێکخراو نەکات و ئازادیخوازان ویەکسانیخوازان وچەپ وکۆمۆنیستەکان خۆیان لەپرشوبڵاوى ڕزگارنەکەن وئاسۆى تێکۆشانێکى هاوبەش ویەکگرتوانە بنیادنەنێن، جیهانى مرۆڤایەتى زیاتر لەوەى هەیە  بەکردەوە دەچێتە ناو بەربەریەت وکاولکارى وکۆمەڵکوژى و شەر وئاوارەییەوە. تاوانەکانی یاسا وسیستەمى سەرمایەداری سات لەدوایى سات گەورەتردەبن بەرۆکى بەسەرجەم مرۆڤەکانى  کۆمەڵگەکانى جیهانى گرتووە. نموونەیەکى زۆر زیندو و دیار بۆ هەموولایەک ئەویش بێ دەنگى سەرجەم دەوڵەتانى سەرمایەدارى جیهان لەئاست گەشەدان بەشەڕو ئاوارەیى لەبەشێک لە وڵاتاندا یەکێک لەوشوێنانە کەهێرش وداگیرکارى دەوڵەتى ئیسلامیی تورکیا لەژێر ناو وبانگەوازى جیهاد واللە اکبر بۆ سەرخەڵکى تێکۆشەرى خۆرئاوایی کوردستان بەگشتى وشارى عەفرین بەتایبەتى کرا، کە بۆماوەى دوومانگ زیاترە بەردەوامە لەئەنجامدانى کۆمەڵکوژى هاوڵاتیان بەزەبرى تۆباران وبۆمباران بەچەکى قورس وبەسوپایەکى زۆر وبەهاوکارى ڕێکخراوە ئیسلامیییە توندڕەوەکان کە بریتیین لەپاشماوەکانى داعشى تیرۆریست شارى عەفرینیان داگیرکرد. ئەم بێدەنگى جیهانى دەوڵەتانى سەرمایەدار لەئاست کۆمەڵکوژى وداگیرکارى شارى عەفرین چاوەڕوانکراو بوو لەبەرئەوەى سەرجەم سیستەم ودەسەڵات ویاساکانى سەرمایەدارى تەنها گرینگى بە بەرژەوەندى دەسەڵاتى خۆیان و زیادکردنى سەروەت وسامانى خۆیان دەدەن. بەهیچ شێوەیەک چەسپاندنى وئازادى ومافەکانى مرۆڤ یان بەلاوە گرینگ و بەها نییە. ئاشکرایە بەچەکى ئەمریکى وڕوسی و ئەڵمانى وفەرەنسى و…هتد  کە هێرش دەکرێتە سەرخەڵکى خۆرئاوای کوردستان وسوریا کە خەڵک کۆمەڵکوژ و ئاوارە دەکرێت.

هەرجۆرە چاوەڕوانێک لە پارێزەرانى سیستەمى سەرمایەدارى بۆ هێنانەدى گۆڕانکاریەکى باشتر بۆخەڵک جگە لەخۆفرێودان و کات بەفیڕۆدان هیچى ترنییە. چاوەڕوانی ویژدانی سیاسی لە چینی سەرەوەی کۆمەڵگە بێبنەما و بێ ئەرزشە هەر واش دەمێنێتەوە هەتا پارێزەرانى سیستەمى سەرمایەدارى بمێنن. بۆیە تەنها چارەسەر  بەدەست خودى خەڵکە بۆ تێکۆشان بەڕێگەى سۆشیالیزم، ئەویش بە گەشەدان بەتێکۆشانى هاوبەش ویەکگرتوانەى خەڵکى چەوساوە و زوڵم لێکراو لە ڕێگای شۆڕشی خودى خەڵکەوە سەرکەوتوو دەبێت.

چەندین ساڵ لەمەوبەر مەنسور حیکمەت گوتویەتى (جیهان بەبێ بانگەواز بۆ سۆشیالیزم، بەبێ ئومێد بەسۆشیالیزم، بەبێ (هەرەشە) سۆشیالیزم ئەگۆڕێت بەچ لیتاوێک.) کەواتە با هیچى تر کات بەفڕۆ نەدەین و قوربانى زیاتر نەدەین بەمرۆڤایەتى با بەیەکەوە دەستى یەکبگرین وهەنگاوى هاوبەش بنێین بۆ چارەسەرى تەواوى کێشەو قەیرانەکان، بەیەکەوە بڵێن نا بۆ چەوسانەوە ونابەرابەرى  بەڵێ بۆ ئازادى  و بەرابەرى.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارەی ژمارە ٢٥ی بەرواری ١/٤/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *