Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئیسلام‌و بەرەنگاربوونەوەی ئیسلام
ئیسلام‌و بەرەنگاربوونەوەی ئیسلام

ئیسلام‌و بەرەنگاربوونەوەی ئیسلام

مەنسور حکمەت، گفتوگۆ لەگەڵ “نگاە” بڵاوکراوەی کۆمەڵەی توێژینەوەی نگاە، بەڕیوەبەرێتی یەکەم، جێنیوەری ١٩٩٩

نگاە: دەرکەوتن‌و کارنامەی ڕەوت‌و دەوڵەتە ئیسلامییەکان لەم ساڵانەی دواییدا لە خۆرەڵاتی ناوین‌و باکوری ئەفریقا، لە هەمان کاتدا بۆتە هۆکاری پەیدابوونی جیاوازیگەلێک سەبارەت بە مامەڵەو بەرکەوت‌ لەگەڵ ئایین‌‌و دارو دەستەو دەوڵەتە مەزهەبییەکان. کەسانێک هەن دەڵێن “دەوڵەت‌و ڕەوتە ئیسلامییەکان‌و ئایینی ئیسلام دەبێت لەیەکتر جیابکرێنەوە. ئەوەی لەم ووڵاتانە ڕووئەدات، پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییەو دەرهاویشتەی درک‌و ئەنجامگیریی هەڵەی ئەم ڕەوت‌و دەوڵەتانە خۆیانە لە ئیسلام”. هەروەها دەڵێن “نابێت بە دژی ئایین هەڵوێستگیری بکرێ‌و ڕەخنەی لێ بگیرێت، چونکە ئەمە سوکایەتییە بە بیروباوەڕی خەڵک‌و ئەبێتە هۆی دووبەرەکی لە نێوانیاندا” … ڕای ئێوە چییە لەم بارەیەوە؟
منصور حکمت: من ئەمە تێدەگەم، کە بەرژەوەندی هەندێک کەس وادەخوازێت، تا ئەو جێیەی بکرێت ئیسلام لە ژێر تیغی نەفرەتی خەڵکێکدا دەربێنن، کە قوربانی یاخود بینەری تاوانگەلی لە وەسف نەهاتووی ئیسلامییەکانن. من ئەمە درکدەکەم، کە مەودای ئەم تاوانکارییانە‌و ئەم هۆڵۆکۆستە [halocaus] هێندە فراوانە، تەنانەت لە نێو ڕیزی ئیسلامیستەکانیشدا کەسانێک پەیدادەبن کە نایانەوێت بەرپرسیارێتی ئەم هەموو ناپاکی‌و پۆخڵییە لەئەستۆ بگرن. دەرئەنجام بەڕای من ئاساییە لە ڕەوشێکی ئاوادا باسی “ئیسلامی ڕاستەقینە”و پەیوەندی ئەو لەگەڵ “ئیسلامی پراتیک”دا جارێکی دیکە بێتەوە پێشەوە. بەڵام لە ڕوانگەی منی کۆمۆنیستەوە، منی ئاتەئیستەوە، لە ڕوانگەی ئێمەی بینەران‌و قوربانیانی تاوانکارییەکانی ئەم ئیسلامەوە، لە ڕوانگەی من‌و کەسانی وەک منەوە، کە لە نێو ململانێیەکی توندو بەهێزی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و فکری بەرانبەر بەم دێوەزمەیە بەسەردەبەین، ئەم لێدوان‌و ڕوونکردنەوانە، زیادەڕۆیی‌و چەواشەکارانەو گەوجانە دێنەپێش چاو. بنەما عەقیدەییەکانی ئیسلام، بنەما قورئانییەکانی ئیسلام، گەشەکردنی مێژووی ئیسلام، ناسنامەو پەیوەندی سیاسی ئیسلام‌و ئیسلامییەکان لە کێشمەکێشی نێوان ئازادی‌و کۆنەپەرستی لە سەردەمی ئێمەدا، لەوە ئاشکراترو ڕیسواترە، کە ڕێگابدات باسی شیکاری جیاواز بۆ ئیسلام، ‌وە بۆ بوون‌و ئەگەری بوونی لێکدانەوەی دیکە بۆ ئیسلام، تەنانەت لە ئاییندەو سەردەمێکی دیکەشدا، کە تیایدا سەرەتایی ترین ماف‌و سۆزی ئینسانی تەکفیر یان نەخرابێتە ژێرپێوە، بە جددی وەربگیرێت. بە بڕوای من، ئەمە لوتکەی بێڕێزییە بە زانست‌و بە هەستی کۆمەڵایەتی ئینسانی سەردەمی ئێمە، ئەگەر هەر پاساو یان هەر قسەیەکی پووچ کە ئیسلامییەکان لە کاتی پاشەکشەیاندا فڕێی ئەدەنە بەردەم کۆمەڵگا، وەکو باسێک لەپێناو پشکنینی ووردو توێژینەوەی زانستی قبوڵ بکەین. تاک لە ئیسلامدا، بە ڕاستەقینەو ناڕاستەقینەیەوە، بێ ماف‌و بێ حورمەتە. ژن لە ئیسلامدا کۆیلەیە. منداڵ لە ئیسلامدا لە ڕیزی مەڕو ماڵاتدایە. بیروڕای ئازاد لە ئیسلامدا تاوانەو مەحکومە بە سزادان. مۆسیقا بەرەڵایی‌و فەسادە. سێکس بەبێ ئیجازەو مۆری ئایین بە نێوچەوانی ئەنجامدەرانییەوە، تاوانی گەورەیە. ئەمە ئایینی مەرگ‌و خوێن‌و کۆیلەیەتییە. ڕاستییەکەی هەموو ئایینەکانیش هەر وان، بەڵام زۆرێک لە دینەکان لەلایەن ئینسانییەتی بیرئازادو ئازادیخوازەوە بە درێژایی سەدان ساڵ لە قەفەز نراون. ئەم یەکەیان(مەبەستی ئیسلامە-و)هەرگیز نەگیراوەو لغاونەکراوە. پەلامارئەداو نەگبەتی دێنێت. بەرگری لە ئیسلام لەژێر ناوی باسی ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی خەڵکیدا، بەڕای من بێ بنەماو ڕیاکارانەیە. لەنێو خەڵکیدا، بیرو ڕای جیاواز هەیە. بەمپێیە باس نەک سەبارەت بە ڕێزدانانە بۆ بیروباوەڕی خەڵک، بەڵکو سەبارەت بە هەڵبژاردنی بیروباوەڕی جێگا ڕێزی خەڵکییە. هەر کەس هەر چییەک بڵێت، هەرچۆنێک بێت هەمووان خەریکن بیروباوەڕی جێگا نیازی خۆیان هەڵدەبژێرن. وە دەرئەنجام ئەوانەی کە لەژێر ناوی ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی خەڵکیدا، ڕەخنەگرتن لە ئیسلام ڕەتدەکەنەوە، خەریکن تەنیا بژارەی مەعنەوی‌و سیاسی خۆیان بەیان دەکەن‌و هیچی تر. ئەوان ئیسلام وەکو عەقیدەیەکی جێگای ڕێز ئەخەنەوە بەردەم خەڵکی بۆ هەڵبژاردنەوە، وە تەنیا بۆ شەرعییەت پێدانەوەی “خەڵکییانە” بە بژارەکەیان، بیروڕاکانی خۆیان بە شکڵی دەستەبەندی کراوی “بیروباوەڕی خەڵکی” پێشنیار دەکەنەوە. من ڕێز دانانێم بۆ هیچ خورافەیەک، بۆ هیچ ناهەقییەک، تەنانەت ئەگەر هەموو خەڵکی جیهانیش بەڕاستی بزانن. بێگومان ئەمەش بە مافی هەر کەسێک دەزانم باوەڕی بە هەر شتێک هەبێت کە دەیخوازێت. بەڵام لە نێوان ڕێزگرتن لە ئازادیی بیروباوەڕی تاک لەگەڵ ڕێزدانان بۆ بیروباوەڕی تاک جیاوازی بنەڕەتی هەیە. ئێمە بەسەر تەلاری جیهانەوە دانەنیشتووین‌، وە دادوەری ئەم دنیایە نین. یاریکەران‌و بەشداربووانین تیایدا. هەر یەکەمان گۆشەیەک لەم کێشمەکێشە مێژوویی- جیهانییەین، کە بە ڕای من لە دەستپێکەوە تا ئەمڕۆ سەبارەت بە ئازادی‌و یەکسانی‌ ئینسان لە ئارادا بووە. من ڕێز بۆ خورافاتێک دانانێم، کە لەگەڵیاندا لە جەنگدام، وە کوێرەوەری ئینسانەکانم لە چنگیاندا بینیوە.

نگاه: مەسەلەیەکی دیکە لەم بارەیەوە، کە نەک تەنیا لەلایەن بەشێک لە ڕەوتە سیاسییەکان‌و ڕۆژهەڵاتناسان‌و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاواییەوە ئەووترێت، بەڵکو لە نێو هەندێک لە بیرمەندان‌و ڕۆشنبیرانی ئەم ووڵاتانەشدا لایەنگری هەیە، ئەمەی کە خەڵکی ئەم ووڵاتانە موسڵمانن، وە ئەو شتەی کە لەوێ لە ئارادایە، بۆ نموونە، جێگاو ڕێگای ژنان‌و حجابی بەزۆر، بەشێکە لە فەرهەنگ‌و ناسنامەی خۆیان. ئایا بەڕای ئێوە، خەڵکی ئێران موسڵمانن؟ ئێران ووڵاتێکی ئیسلامییە؟ وە ئایا تێبینییەکانی سەرەوە ڕاستن، ‌وە دەبێت پیادەبکرێن؟
منصور حکمت: خودی دەستەبەندیکردن‌و پێکەوەگرێدانی واقعییەتێکی ئاڵۆزی چەشنی کۆمەڵگایەک، لەژێر ئەتەکێتێکی بەکەمگرتنی ئایینییانە یاخود قەومی‌و نەتەوەییانە، خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بۆ ئەمەی، کە ئێمە لەگەڵ لێکدانەوەیەکی زانستی یان گەڕان بەشوێن دۆزینەوەی ڕاستیدا ڕووبەڕوو نین. کەسێک، کە ئێران بە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی ناودەبات، دروست وەکو کەسێک، کە بە ئاریایی، شاپەرست، ئێرانی، شیعەگەری‌و ..تاد وەسفی ئەکات، خەریکە لە قەڵەمڕەوی پڕوپاگەندەدا هەڵسوکەوت دەکات. پرسیار ئەمەیە، کە چ کەسانێک وە لە نێو چ چوارچێوەیەکی سیاسی‌و مێژووییدا ئەیانەوێت ئێران بە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی وەسف بکەن، وە بە نیازن چ ئەنجامگیرییەک لەم وەسفکردنە بەدەستبێنن. بۆ نموونە، ئاشکرایە کە ڕژێمی ئیسلامی دەبێت ئێران بە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی ناوبەرێت، هەتا ڕەنگی شەرعییەت بدات لە بوونی یەک حکومەتی ئیسلامی. بێگومان ڕاسیستێک‌و دژەپەناخوازێکی ڕۆژئاوایی پێویستە ئێران بە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی دابنێن تا قەڵشتی نێوان کەسێک کە لە ئێرانەوە هاتووە لەگەڵ خەڵکی گەڕەک بە کراوەیی‌و پڕنەکراوەیی بمێنێتەوە. ڕوونە کە ژوڕنالیستێکی نان بەنرخی ڕۆژ خۆر دەبێت لەم دەربڕینە کەڵک وەربگرێت‌و ئەم باوەڕە بڵاوبکاتەوە، چونکە مۆدێلی تەبلیغاتی‌و ڕوانگەی ناوەندە سیاسییەکانی دەسەڵاتدار لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکانی ئەمڕۆدا ئەمەیە. بەهەمان شێوە ناوەندەکانی زانکۆ پەیڕەوی لەم ئەلگۆیە دەکەن، بیروڕای گشتی بەم ئاراستەیەدا ئەبرێت‌و ..تاد. واقعییەت ئەمەیە، کە ئەم ناولێنان‌و دەستەبەندی کردنە درۆیە. ئامانجی ئەم ناوبردنە، لە هەر لایەکەوە بێت، ئەمەیە کە کاراکتەری ئیسلامی، یاساو ڕێوشوێنی فەرمانڕەوا بەسەر ئێراندا، نەک بەرئەنجامی داسەپاندن‌و گوشاری سیاسی بێت، بەڵکو وەکو سەرچاوەگرتووی ڕوانگەو بیروباوەڕی خودی خەڵکی دادەنرێت. ئەگەر بەڕاستی حجابێک کە کراوەتە سەری ژنانی ئێرانییەوە، هەڵبژێردراوی خۆیان بێت، وە بە واتای ڕەنگدانەوەی گۆشەنیگای ئیسلامییانەی خۆیان لەبەر چاوی جیهان بچەسپێت، تا چ ڕادەیەک ویژدان لە ڕۆژئاوا ئاسوودەتر دەبێت، تا چ ئەندازەیەک مامەڵەو بەست‌و بەندی ڕژێمە دیموکراتەکان‌و خۆبادانی ڕۆشنبیران‌و ژوڕنالیستانی یوپی[yuppie]** سیفەتی ڕۆژئاوایی لەگەڵ دەوڵەتی ئێران بەرەوڕوو دەبێت، تا چ ئاستێک کپکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی ژنانی ئازادەو ئۆپۆزیسیۆنی شۆڕشگێڕی ئێران وەکو ژمارەیەک خەڵکی ناڕازی‌و توندڕەو و “جیا لە خەڵکی” سادەتر دەبێت. دابەشکاریی مەزهەبی‌و فەرهەنگی‌و قەومی‌و نەتەوەیی، هەمیشە هەنگاوی یەکەمە بۆ ڕەتکردنەوەی مافی یونیڤێرساڵ‌و جهانداگری ئەوان وەکو ئینسان. ئەگەر کۆمەڵکوژی لە ڕواندا[Rwanda] درێژەی سوننەتێکی ئەفریقاییە، ئەگەر سەنگسار ڕێوڕەسمێکی ئیسلامیانەی خەڵکی ئێرانە، ئەگەر حجاب بەشێکە لە فەرهەنگی ژن لە “کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا”، ئەگەر بەشوودانی کچۆڵەی نۆ ساڵان نەریت‌و کەلتووری خودی خەڵکی ئەو ووڵاتانەیە، ئەوسا بەڕاستی ئەکرێت فەرامۆش بکرێن، ئەشێ ڕیسواو ڕەزیل بکرێن، ئەشێ بۆمباران بکرێن‌و لە پشتی دیواری بڵندی شارستانییەت‌و دیموکراسی ڕۆژئاواییەوە، لەژێر چنگی ڕژێمە حاکمەکانی خۆیاندا بەتەنیا جێبهێڵرێن. بەڵام ئەگەر دەرکەوت کە ئەم ئینسانانە وەکو ئەوانی دیکە لە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری‌و لە یەک بازاڕی جیهانیدا، خەریکی ژیان‌و بەرهەمهێنانن، ئەگەر ئاشکرابوو ئەم ڕێ‌و ڕەسم‌و یاسا ئیسلامییانە بە زەبری زیندان‌و ئەشکەنجەو ئیعدام‌و دەورەیەی خیابانی‌و چەقۆو تێزاب‌و سەنگسار بەسەریاندا سەپێنراوە، ئەگەر دەرکەوت کە ئەم خەڵکە چەشنی هەموو جێیەکی دیکە تینووی ئازادی‌و یەکسانی‌و کۆتاییهێنانن بە هەڵاواردن، ئەگەر ڕوونبۆوە کە بەهێزترین تایبەتمەندی ئەم خەڵکە، سەرەڕای ئەم هەموو گوشارانە، تامەزرۆییانە بۆ فەرهەنگ‌و شێوە ژیانی ڕۆژئاوایی، ئەو کاتە سەرتاپای ئەم تەلارە ئایدیۆلۆژییە فریوکارانەیە هەرەسدێنێت‌و زەرەرو زیانێکی لە وەسف نەهاتووشی لێ دەکەوێتەوە. کۆمەڵگای ئێران ئیسلامی نییە. ڕژێمی سەرکوتگەری فەرمانڕەوا بەسەر ئێراندا ڕژێمێکی ئیسلامییە، کە سەرەڕای هەموو ئەم گوشارانە، هێشتا نەیتوانیوە خەڵکی ناچارو ملکەچ بکات تا ئەم ناسنامە ئیسلامییە بەنێو چەوانییەوە قبوڵبکات. من بایی فلسێک نرخ دانانێم بۆ ڕای ڕۆشنبیرێک کە بە گەڕانەوە بۆ ئاماری نوسینگەی باری کەسێتی‌و مەقولەی “ئایینی ڕەسمی” مۆری ئەرێنی ئەدات لەم ناولێنانە ڕیاکارانەیە. قبوڵکردنی ئەم مەقولەیە، وە لەویش خراپتر بانگەشەکردن بۆ ئەم مەقولەیە، یەک ڕوکنی بەردەوامبوونی کارەساتێکە، کە لە ئێران‌و ووڵاتانی بەئیسلامگیراو لەئارادایە.

نگاه: ڕاتان چییە لەبارەی “ئایینی پێشکەوتوو” و “میانڕەوی*** ئیسلامی”یەوە؟ هەندێک کەس‌و لایەن، لە کەسایەتییە فەرهەنگییەکانەوە بیگرە تا دەگات بە ڕێکخراوە سیاسییەکان، دەڵێن پێویستە بەرگری لە شەریعەتی‌و سروش‌(لە میانڕەوانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانن-و)و موخالیفانی دیکەی ئیسلامی بکرێت بەرانبەر بە “سوننەتگەرایان-سەلەفییەکان”. دەڵێن بە ڕێگاپێدان‌و پارێزگاری کردن لەمانە، ڕەوشی کۆمەڵگاو زیندەگی خەڵکی باش دەبێت. ڕای ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
منصور حکمت: میانڕەویی ئیسلامی ئەگەر بڕیاربێت میانڕەویی بێت، دەبێت جیابوونەوە(انشقاق)ی ئایینی بەرپابکات، وە قیبلەو سیلسیلە [hierarchy] مەزهەبێکی نوێ پێکبێنێت‌و جەماوەری خەڵک بۆ لای ئەم ئیسلامە نوێیە بانگەواز بکات. کارێک کە بڕیار بوو بەهائی(بەهائیزم-و) بیکات. گازەندەگەلی مامۆستای زانکۆیەکی ئایینی لە حکومەت، کە لە کت‌و پڕێکا ستەمی لێ کراوە، ناتوانرێت لەگەڵ ئەم گۆڕانکاری‌و وەرچەرخانە گەورە مێژووییانە لە ڕۆژئاوا بەراوورد بکرێت. ئیسلام لە سەرخانی خۆرهەڵاتی ناوین‌و ئێرانی ئەمڕۆدا، وە لە پەیوەند بە ئابووری سیاسی کۆمەڵگای هاوچەرخەوە، ئەو ڕۆڵەی نییە کە مەسیحییەت هەیبوو لە سەردەمی سەرهەڵدانی سەرمایەداریدا لە ڕۆژئاوا. هەموواربوونی ئیسلام لەگەڵ ڕەوتی پێکهاتنی ئابووری ئەم کۆمەڵگایانە، چەمکێکی لاوەکییە. ئەم ئاراستە ئابوورییە، سەربەخۆ لە چۆنێتی‌و ئارەزووی ئیسلام‌، وە لە چەندو چوون‌و توانایی تەتبیقبوونی لەگەڵ کۆمەڵگای مۆدێرندا هەرچۆنێک بێت ئەڕواتە پێشەوە. کۆمەڵگای ئێران هیچ پێویستیەکی بە لۆتەر[Martin Luther]و کاڵفین[John Calvin] نییە، چونکە حاکمییەتی ئیسلام بەسەر ئەوێدا نەک هەژموونێکی عەقیدەیی، دەروونناسانەو پێکهاتەیی نییە، بەڵکو یەک حوکمڕانی سیاسی‌و پۆلیسییە کە بە ڕێگاگەلی سیاسی لائەدرێت.

نگاه: کاتێک چاپەمەنییەکانی ئێران هەڵئەدەیتەوە، سەرت ئەتەقێت بە باسگەلی فراوان‌و دۆزەرەوەوە دەربارەی پەیوەندی حکومەتی ئایینی‌و خەڵک، ئایین‌و ئازادی، ئایین‌و ژیریی، ئایین‌و کۆمەڵگای مەدەنی‌و .. تاد. سەبارەت بەمانە چۆن بیرئەکەیتەوە؟ پەیوەندی مەزهەب وە تایبەت تر ئیسلام، لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی خەڵک‌و کۆمەڵگای مەدەنی‌و ئازادی‌و تەعەقول‌و .. تاد چۆن دەبینیت؟
منصور حکمت: ئایین، ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی یەک دەوڵەتی هارو بێئەندازە دڕندەیە لە ئێران. سەرئەنجام بەلای توێژی ڕۆشنبیرانێکەوە کە لە ئێران ئەژین، هەر بابەتێک دەبێت لە نێو سیاقی ئیسلام‌و وەکو گۆشەیەک لە جیهانبینی ئیسلامی لێکبدرێتەوە، وە یان لانیکەم وەکو تەنگژەی هەر ڕایەک بەرانبەر بە ئیسلامی حاکم ببێتە جێگای ئاماژەپێکردن. باسگەلی چەشنی مافی مرۆڤ، ئازادییە مەدەنییەکان، ڕژێمی سیاسی، سیاسەتی ئابووری، زانست، فەرهەنگ‌و هونەرو ئەم جۆرە شتانە، هەموویان باسگەلی گرنگ‌و پێویستن، کە نوخبەی فکری کۆمەڵگا لە هەموو جێیەک هەمیشە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. لە ئێران دەبێت بۆ هەموو ئەمانە دەستەواژەی “ئیسلام” زیادبکرێت. ئەمە بەم واتایە نییە کە ئیسلام لە خودی پرۆبلماتیکی جێگاباسدا جێگایەکی زانستیی مەشروعی هەیە. ئەمە یەک جەبرو چەپاندنی سیاسییە نەک تیوری مەعریفی بێت یاخود تەنانەت مێژووییش. ئەم سەردەمە بە خێرایی تێدەپەڕێت، وە گۆڤارگەلی ئێران لە چوارچێوەیەکی جددیتردا دەکەونە لێکۆڵینەوە لەم چەمکانە، بەبێ ئەوەی ناچار بن شتێک لەگەڵ ئیسلام تەتبیق بدەن یاخود ناکۆکی شتێک سەبارەت ئیسلام نیشان بدەن. بەڕای من باسگەلی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێپێدراو یاخود ڕەخنەگرانی یاسایی لەنێو ڕژێمێکی ئیستیبدادیدا نابێت هیچ کاتێک لە شکڵی دەرکەوتەی ئەواندا، وە لەسەر بنەمای پێناسەو مەقولاتێک کە خۆیان دەریدەهاون، بەجددی وەربگیرێن. باس‌و خواسی واقعی لە کۆمەڵگای ئێراندا کاتێک دێنە پێشەوەی مەیدان‌و لاپەڕەکانی بڵاوەکراوەکانی ناوخۆی ووڵات، کە سەرکوت شل بووبێتەوە. بەمپێیە، ڕاستییەکەی من بابەتی بڵاوەکراوەکانی ناوخۆی ووڵات لە ڕووی ناوەرۆکەوە بە گرنگ‌و جددی‌و شاییستە نازانم. زیاتر ئەو ململانێ سیاسییە، بەڕای من جێگای سەرنج‌و بایەخە کە لە پشتی پەیوەندی‌و کێشمەکێشی نێوان دەوڵەت‌و ئەم گۆڤارانەوە لە ئارادایە.

نگاه: وەکو دوایین پرسیار، ڕاتان چییە دەربارەی بارودۆخی بزووتنەوەی دژە ئایین لە سەدەی دواییدا لە ئێران؟ پێتوایە ئەم جووڵانەوەیە چ تایبەتمەندی‌و جێگاوڕێگایەکی هەیە لە نێو خەبات‌و تێکۆشانی گشتیی جەماوەری خەڵکدا لە پێناو ژیانێکی باشتردا؟
منصور حکمت: هەم جووڵانەوەی ئایینی‌و هەم بزووتنەوەی دژە ئایینی لە ئێران لە بەشی هەرە گەورەی سەدەی بیستەمدا، لەژێر کاریگەری ئاراستەگەلی گرنگتردا بوون، کە ڕەنگێکی جیاوازی داوە لە کێشمەکێشی ئایین‌و ڕۆشنگەری لە ئەوروپای سەدەکانی پێشوو. ئاماژەی من بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەرو دەرکەوتنی یەکێتی سۆڤێت‌و سەرئەنجام جەنگی ساردە. هەم ئیسلام‌و هەم ڕۆشنگەری دژی ئیسلامی لەنێو سیاقی بەریەککەوتنێکی گرنگتری نێونەتەوەییدا، لە هەل‌ومەرجی مێژوویی دیکەدا داڕێژراون، یان ڕەنگە بتوانین بڵێین سەرلەنوێ پێناسە کراونەوە. ڕۆشنگەری سەرەتا بوویە بەشێک لە جموجووڵی سۆشیالیستی لە کۆمەڵگادا، بەڵام گەلێک خێرا لەگەڵ دەرکەوتنی یەکێتی سۆڤێت وەکو ناونیشانی یەک ئۆردوگای بۆرژوایی جیهانی، بە کردەوە گۆڕرا بۆ جووڵانەوەیەکی دەسکەلاو و کلک‌و گوێ بڕاو. بە بڕوای من ناوەرۆکی ڕەخنەگرانەو دژەئایینی ئازادیخوازانەو بێ ئیعتیباری ئەم بزووتنەوەیە پووکایەوە، ئەگینا ئێستا پیاوانی ئایینی نەتەوەیی‌و ئایینی خەڵکی، وە ئیلاهیاتێک(Theology)ی ڕزگاری هێنەر، کە ئەیتوانی هاوپەیمانی ئۆردوگای یەکێتی سۆڤێت بێت بەرانبەر بە ئەمریکا، کەشف بوو بوو، وە ئیسلامی جێگاباوەڕ یان دەستەمۆکراو بەدەستهاتبوو. لەگەڵ ڕووهێنانی پانتایی ڕۆشنبیریی ئێرانی بۆ لای ستالینیزم‌و حزبی تودە، وە هاتنەناوەوەی سەرنجگەلی تاکتیکی سەبارەت مامەڵە لەگەڵ ئایین وەکو دیاردەیەک کە ئەیتوانی سەنگی هەبێت لە بڕیاردان دژی حکومەتی شاو ئەمریکا، بە دەوری نەرمی نوواندن بەرانبەر بە ئیسلام‌و دواتریش تەنانەت پاکسازی لە ئیسلامدا دەستپێئەکات. لە جەمسەری بەرانبەردا، ئیسلامی دژە کۆمۆنیست گۆڕرابوو بۆ چەکێکی بەهێزی ڕۆژئاوا لە جەنگیدا دژ بە کرێکارو کۆمۆنیزمی ئێران. ئەمە بیروباوەڕی ئایینی خەڵک‌و توانایی ئیسلام نەبوو بە واتای ئایینێک کە کۆماری ئیسلامی دامەزراند، بەڵکو خواستی نوێنەرانی پێشووی ڕژێمی شا بوو بۆ درێژەدانی سیاسەتی سەرکوتکردنی چەپ لە ئێران، کە ئیسلامی سەرو بەندی لەناوچوون‌و تەریککەوتنەوەی خومەینیی ڕاکێشایە پێشەوەی مەیدان. هەموو ئەمانە، زۆر بە کورتی، بەم واتایەیە کە ململانێی ئازادیخوازانە لەگەڵ ئیسلام وەکو ئایینێک بە خێرایی ئەکەوێتە ژێر کاریگەری کارو کاردانەوەی بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگەو هێزە نێونەتەوەییەکان، بەرانبەر بە ئیسلام‌و بزووتنەوەی ئیسلامی. ئەگەر کەسێک سی ساڵ پێش ئێستا لە هەڵوێستگیرییەکی ئاتەئیستییەوە بونیادی ئیسلامی ئەبردە ژێر گاڵتەجاڕی‌و ڕەخنەوە، نەک تەنیا لە لایەن دەزگای ئیسلامەوە، بەڵکو لە لایەن پۆپۆلیستەکان‌و دژە ئیستیبدادییەکانەوە ئەکەوتە بەر هێرش‌و پەلامار. هەروەک چۆن ئەمڕۆ هەمان ئۆردوگاییەکان(چەپی لایەنگری یەکێتی سۆڤێت-و)، وە کەسانێک کە ڕوانگەی سیاسییان بەرهەمی ئەو ئۆردوگایەیە، هێرش ئەکەنە سەر ئێمەی ڕەخنەگرانی لێبڕاوانەی ئیسلام‌و ئایین. لە دیدی ئەمانەوە شۆڕشگێڕێتی‌و پێشکەوتنخوازی نەک لە لێداندایە لە ئیسلام‌و لە ئایین، بەڵکو لە هاوڕێیەتی‌و هاوژینیدایە لەگەڵیان، وە لە داهێنانی ئیسلامێکی “نوێ”و “ئەمڕۆژی”و ئەم جۆرە شتانەدایە.  بە بڕوای من، ئەمڕۆ جووڵانەوەی ئێمە (کۆمۆنیزمی کرێکاری)یە، وە نەفرەتی قووڵی جەماوەری فراوانی خەڵکی ئێرانە، بە تایبەتی ناڕەزایەتی ژنان‌و لاوانە بەرانبەر بە ئیسلام، کە ماتەریاڵی ئاڵوگۆڕێکی جددی‌و دژەئایینی‌و بەرەنگاربوونەوەی ئیسلام لە ئێران پێکدێنێت. ئەگەر بڕیاربێت خەڵکی ئێران شتێک لە چەشنی بەختەوەری تاقیکاتەوە، دەبێت ئەم جووڵانەوەیە(کۆمۆنیزمی کرێکاری-و) سەرکەوتن بەدەستبێنێت. دڵنیام کە لەم ڕێڕەوەدا، وە بە ڕاچەنینی خەڵک، توێژێک لە ڕۆشنبیرانی ئازادیخواز، بەرچاوڕوون‌و ڕۆشنگەر، پەیوەست دەبن بەم بەرەیەوە. لە (انترناسیونال)، بڵاوکراوەی حزبی کۆمۆنۆنیستی کرێکاری ئێرانەوە وەرگیراوە، ژمارە ٢٨- اسفند ١٣٧٧ بەرانبەر بە مارتی ١٩٩٩. ووشەی نێو کەوانەی کروشە[] ماڵپەڕی حکمت زیادی کردووە بۆ دەقە فارسییەکەو منیش وەکو خۆی دامناونەتەوە.

دەقی ئەم گفتوگۆیە لە سایتی منصور حکمت خۆیدا بە فارسی لەم لینکەدا دەخوێنیتەوە: http://hekmat.public-archive.net/index.html

پــــەراوێز:

(*) اسلام زدایی = Islam and De-Islamisation (**) yuppie = سیفەتێکی ڕێکپۆشی لاوە بیزنسمانە خاوەن سەرمایە گەوەرکانی ئەوروپایە. (***) پرۆتستانیسم= میانڕەوی

حەمە غەفور لە فارسییەوە وەریگێڕاوە ٨مارس٢٠١٥

 

 

About hkkk