Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئێران مەرکەزی گۆڕانکاری جیهان!
ئێران مەرکەزی گۆڕانکاری جیهان!

ئێران مەرکەزی گۆڕانکاری جیهان!

پەنجەرەیەک بە ڕووی پەرەگرتنی ڕاپەینی شارەکانی ئێران
حەمە غەفور:

ئینسانییەتی ئەم سەردەمەی ئێمە ناکرێ و ناتوانێ چیدیکە تەحەمولی ڕژێمە سەرمایەدارییەکانی چەشنی جمهوری ئیسلامی ئێران بکا. ڕووداوەکانی یەک دوو ساڵی ڕابوردووی ناوجەرگەی ژیانی ٩٠ ملیۆن ئینسانی دانیشتووی کۆمەڵگای گیرۆدەی دەستی ڕژێمێکی هار و دڕندەی وەکو ئیسلامی ئێران، ئاماژەیەکی تەواو بەرجەستەیە بۆ جەمسەربەندی چینایەتی لە ئێراندا. زوڵم و زۆرداری و سەرکوتگەرییەکانی ڕژێمی ئیسلامی، هەژاری و نەداری و نەداری و بێکاری و گرانی و ئیستبداد و سەرکوت و ئیعدام تەنیا ڕوویەکی حەقیقەت و واقعییەتی کۆمەڵگای ئێرانە. ڕوویەکی دیکەی ئەم کۆمەڵگایە مقاوەمە و خەبات و تێکۆشانی بێوچان و بەردەوامی چینی کرێکار و چین و توێژە بێبەش و ژێرچەپۆکەکانە دژی ڕژێم بۆ کۆتایی هێنان بەم زوڵم و ستەمە. ئەم کارەش سەرەتا بەبێ ڕووخاندنی جمهوری ئیسلامی مەیسەر نابێ. هەنگاوی یەکەمی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و چینی کرێکار لەگۆڕنانی ئەم ڕژێمەیە بۆ ئەوەی ڕێگا خۆش بکرێ شۆڕش درێژەبدرێ و سۆشیالیزم ببێتە بەدیلی سەرجەم خەڵکی ئێران. بۆیە دەبینین سەرتاپای شارەکانی ئێران دەستیان داوەتە ڕاپەین و ڕەتکردنەوەی سەرلەبەری ئەم ڕژێمە دژی ئینسانییە بە هەموو باڵەکانییەوە. ڕووخانی ڕژێم سەرەتای کارە و دوای ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەی گەورە لەپێش کۆمۆنیزم و چینی کرێکار و خەڵکی ئێران و جیهانیشەوەیە. چونکە بۆرژوازی جیهانی تەماشاچی نابێ و دژەشۆڕش درووست و ئیسنادیش دەکا.

ئێران کۆمەڵگەیەکی ئیجگار گەورە و پایەدارە لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە لە جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەبینین چینە ئەسڵییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە ڕۆژ دوای ڕۆژ و سەعات دوای سەعات زیاتر و توندتر بەرەوڕووی یەکتر دەبنەوە. ئێران نەک هەر پێگەی جیۆپۆلەتیکی هەیە وەکو کۆمەڵگەیەک لە دنیادا، بگرە چینی کرێکاری ئێرانیش خۆی پێگەی پێشڕەویی ئینتەرناسیوناڵی ئەم چینەیە و بە هەموو شێوەیەک هاتۆتە مەیدان بۆ دووبارە کردنەوەی شۆڕشێکی دیکە و ئۆکتۆبەرێکی دیکە لە ئێران. هەروەها کۆمۆنیزمی ئێرانیش کۆمۆنیزمێکی تەواو جیاوازە لەو کۆمۆنیزمە درۆیینانەی لە جیهاندا ناسێنراون و زیاتر هەڵگری ئەجێندای بۆرژواییانە بوون بوون لەژێر ناوی جیاجیادا. کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئێران ئیعتیبار و ئیحترام و پێگەی بەهێزی هەیە. کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئێران گشتپەسەندە و تاڕادەیەکی ئێجگار زۆر نفوزی هەیە لە ناو قووڵایی کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەتی لەناو چینی کرێکار و توێژە زەحمەتکێشەکاندا. بەمپێیە وەکو چۆن سەد ساڵ و چەند مانگ پێش ئێستا چینی کرێکار و جووتیارانی هەژار و سەربازانی شۆڕشگێڕ مەوقعییەتی ستڕاتیژیان پچڕی و بە ڕاپەڕینیان دژی دەسەڵاتی تزاری بە ڕابەرایەتی لینین و بەلشەویەکان شۆڕشی ئۆکتۆبەریان بەرپاکرد و گەورەترین گۆڕانکارییان بەسەر کۆمەڵگەی ڕووسیا و ئەوروپا و جیهانیشدا هێنا، ئەمڕۆش لەکۆمەڵگەی ئێراندا هەموو پایە بابەتی و مادییەکانی دووبارە بوونەوەی ئۆکتۆبەرێکی دیکە و بگرە بەهێزتریش لەو یەکانگیر بووە و ئەمجارە مێژوو بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە و زیاتریش دەیەوێ لە ئێراندا دووبارە ببێتەوە. ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێران بەپیی حەقیقەتی بەرامبەرکێی چینە ئەسڵییەکان مەرکەزی گۆرانکاری گەورەی کۆمەڵایەتییە و چینی کرێکار و کۆمۆنیزمی کرێکاری لە درێژەی پەرەگرتنی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا یەکدەگرنەوە و ئاراستەی مێژوو و ئاڵوگۆڕەکان گەرەنتی دەکەن بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و سۆشیالیستی. ئەمەش شۆکێکی شۆڕشگێرانەی گەلێ بەهێزتر دەبێ لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕووسیا و دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان هەر لە ئێستاوە خۆیان بۆ ئەم پێشهاتە عەزیم و مێژووسازە ئامادە ئەکەن. بۆیە ئەرکی کۆمۆنیستەکانی جیهان و ئازادیخوازان و تەواوی ئەو ئینسانانەشە کە لە ئیمپریالیزم و سەرمایەداری و نەهامەییەکانی ڕژێمی سەرمایە و وەزعی ئێستا بێزار و تووڕەن خۆیان ساز و ئامادە بکەن و پاڵپشتی بێدەریغ و تەواوی چینی کرێکار و کۆمۆنیزمی ئێران بکەن لەم ڕاپەڕین و شۆڕشەی بەم نزیکانە ڕووئەدا.

لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابوردوودا بەشداری کۆنگرەی حەوتەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران – حکمەتیستم کرد. ئەم کۆنگرەیە بەبۆنەی سەدهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیاوە ناوی کۆنگرەی ئۆکتۆبەری وەرگرتبوو! ئامانج لەم ناوە تەسمیم گرتنی کۆنگرە و ڕابەرایەتی هەڵبژێردراوی کۆنگرەش بوو بۆ دەخالەت و بەشداری چالاکانە لە خەباتی چینایەتی و شکڵدان بە ئەڵتەناتیڤی کۆمۆنیستی کرێکاری پاڵپشت بەو بزووتنەوە کرێکارییە عەزیم و بێوێنەیە کە لە ئێراندا لە ئارادایە و دوای دوو مانگ بەسەر ئەو کۆنگرەدا، وە لە کۆتایی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٧دا بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ زیاتر لە ١٠٠ شاری گەورەی ئێران ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی کرێکاری و جەماوەری گەورەی بەخۆیەوە بینی و ڕژێمی ئیسلامی ئێرانی تووشی شۆک کردبوو. درووشمی ڕوون و ڕەوانی ئەم بزووتنەوەیە دژی جمهوری ئیسلامی و بۆ ڕووخانی ئەو ڕژێمە بوو. ئەسڵیی ترین و جەوهەریی ترین سیاسەت و قسە و باسەکانی ئەم کۆنگرەیە جەخت کردن و پێداگرتن بوو لەسەر پێشڕەوی و پەرەسەندنی بێوێنەی خەباتی چینایەتی لە کۆمەڵگەی ئێراندا. سەرەکی ترین باسە پێشنیازکراوەکان بۆ کۆنگرە (بڕیارنامەی هەلومەرجی سیاسی ئێران) بوو. کە لەو بڕیانامەیەدا بە ڕۆشنی جەخت کرابووە سەر هاتنەمەیدانی چینی کرێکار، وە تەئکید کرابووە سەر ڕۆڵی کۆمۆنیزم و ئیعتیبار و متمانەی کۆمۆنیزم لەناو چینی کرێکار و لە کۆمەڵگەی ئێرانیشدا. ئەو کۆنگرەیە دووپات کردنەوەی پەیمان بوو بۆ ڕابەرایەتی کردنی چینی کرێکار لەم شۆڕشەدا تا دامەزرادنی سۆشیالیزم.

ئێستا دەبینین دوای هێوڕبوونەوەیەکی کاتی ناڕەزایی و خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی شارەکانی ئێران لە کۆتایی ساڵی ڕابوردوودا، وا جارێکی دیکە ناو جەرگەی شارەکان و لە واقعدا هەموو جێگایەکی کۆمەڵگەی ئێران گڕی گرتووە دژی ڕژێمی ئیسلامی. بە ڕادەیەک ڕاپەڕینی شارەکان گشتگیرن و پەرەدەسێنن جمهوری ئیسلامی و دەزگا سەرکوت گەرەکانی حەپەساون. ئەمە ئاگری شۆڕشی چینی کرێکار و هەژارانی ژێر چەپۆکی ڕژێمێکی ئیسلامییە کە نزیک بە چل ساڵە ژیانی ئەم کۆمەڵگەیەی کردۆتە دۆزەخ و چیتر قبووڵی ناکەن. ئەو دروشمەی دەڵێ: “مەترسن .. مەترسن …. ئێمە هەموو پێکەوەین” هێمایە بۆ باوەڕ و متمانەی قووڵی خەڵک و جەماوەر بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری بۆ لەگۆڕنانی ڕژێم.

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*