Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئەم هەڵبژاردنە بایکۆت و ریسوا بکەن!
ئەم هەڵبژاردنە بایکۆت و ریسوا بکەن!

ئەم هەڵبژاردنە بایکۆت و ریسوا بکەن!

مستەفا باهر

بڕیار وایە ١٢/٥/٢٠١٨ هەڵبژاردن بکرێت بۆ پەڕلەمانی عێراق. لەدوای روخاندنی ڕژێمی بەعس ئەمە چوارهەمین جارە کە ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەدەچێت. پاش نەمانی بەعس و صدام، دەوڵەتی عێراق لەبەریەک هەڵوەشایەوە. سوپای عیراق بە تەواوەتی نەما. ململانێیەکی توند لەبەینی شیعەو سونەدا پەیدابوو. چاودێرە سیاسییەکان چاوەڕوانی ئەوەیان لەعێراقی دوای صدام دەکرد کە دابەش بکرێت بۆ سێ ناوچەی شیعەو سونەو کورد. زۆرێک  لە دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان و خودی ئەمریکاش چاوەروانییەکی تریان  لە حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان هەبوو، بەڵام  حزبە ناسیۆنالیستە  کوردەکان چونکە هیج کات بەدوای ئەوەدا نەگەڕاون کە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کورد بدۆزنەوە، بەڵکو تەنها هەوڵیان ئەوە بووە کە لەدەسەڵاتدا بەشدار بن و لەسەروەت و سامانی عێراقدا بەشیان هەبیت. بۆیە بەرەو بەغداد بەڕیکەتون و لەگەڵ شیعەکان کەوتنەوە دامەزراندن و بنیاتنانەوەی  دەوڵەتی عێراق. لەگەڵ شیعەکان دەستورێکیان نووسی و عێراقیان لەسەر ئەساسی تایفی و قەومی دابەشکرد. بەحسابی خۆیان ئەم دەستورە کێشەی کورد چارەسەر دەکات. لەسەر ئەساسی فیدرالیزم، کەوتنە دابەشکردنی پۆستەکان، کۆمەڵیک پۆستیان وەرگرت وەک سەرۆک کۆمار وجێگری سەرۆک وەزیران وجێگری سەرۆکی پەرلەمان و کۆمەڵێک وەزیر لەوانە وەزیری دەروە و وەزیری دارایی هەروەها  ٦٨ شەست وهەشت کەس وەک نوێنەر، لە پەرلەمانی عێراقدا بوون بە ئەندام پەڕلەمان. ئەم نوێنەرانەی کورد لە بەغداد جگە لە بەدەستهێنانی کۆمەڵیک دەسکەوتی شەخسی بۆ خۆیان وکەسوکاریان و حزبەکانیان، نەیان توانی  هیچ دەسکەوتێک بۆ خەڵکی کوردوستان بەدەست بێنن.. ئەم نوێنەرانەی کورد هەر خەریکی دزی و تاڵانکردن بوون. تا ئەو کاتەی کە شۆفێنیستە عەرەبە شیعەکان هێزیان پەیدا کرد.

مارکس دەڵێت(ئەوەی مێژوو نەخوێنێتەوە، مەحکومە بەدوبارەی). نوێنەرانی حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان  یەکەمین جاریان نییە کە توشی هەمان هەڵە دەبنەوە بە درێژایی مێژویان ئەم هەڵەیەیان دوبارە کردوەتەوە، چونکە هەمیشە چاویان لە پارەو پۆست بووە. ئەوەیان بیر چوبوەوە هەرکات دەسەڵاتدارانی عێراق لاواز بوون لەگەڵ حزبە کوردییەکان سازشیان کردوەو هەرکاتیش بەهیز بوون پەلاماری خەڵکی کوردوستانیان داوە. کاتێک حکومەتی تایفی شیعە بەهێز بوو، کەوتە برینی موچەی فەرمانبەرانی خەڵکی کوردوستان، کاتیکیش کە خەلکی کوردوستان لە ڕیفراندۆمیکدا تەنها جوابی پرسیاریکیان دایەوە کە ئایا دەیانەوێت لە عیراقدا بمێننەوە یان جیابنەوە. ئەمەیان کرد بە بیانو پەلاماری خەڵکی کوردوستانیانداو بە زنجیری دەبابەکانیان لاشەی ئەوکەسانەیان  دەشێلا کە فریای هەڵهاتن نەکەوتبوون. نەتانتوانی هیج بکەن کە ئەوکاتە بەهێزەوە لە بغداد بوون. سەرۆک کۆمارو، جێگری سەرۆکی پەڕلەمان و، کۆمەڵێک وەزیر ٦٨ شەست وهەشت نوێنەری پەرلەمان کورد بوون. بە بەرچاوی ئەم نوێنەرانەوە، گەڕەکە کورد نیشینەکانی دوزخورماتویان سوتاند نەیان توانی فزەبکەن و بوونە چاودێری سوتماککردن و کوشت و کوشتار. ئێوە بەوهێزەوە کە بوتان نەتان توانی هیج بکەن، ئێستا بەو لاوازییەوە بەتەمای چین. ئێوە خۆتان باش ئەو ڕاستیە دەزانن کە هیچتان پێناکرێت، بەڵام دەتانەوێت خەڵکی کوردوستان چەواشە بکەن. خەڵکی کوردوستان ئەوە باش دەزانن ئەو کارەسات و بەڵاو دەردیسەریانەی کە بەسەریان هاتووە لە ئەنجامی دابەشبوونی عێراقە لە نێوان دەسەڵاتی هێزی مافیاو میلیشیای تائیفی و ئیسلامی و قەومیەکاندا. جا تا چارەنوسی خەڵکی عێراق بەدەست ئەو هێزە کۆنەپەرستانەوە بێت، چاوەڕوانی هیچ ئاسۆیەکی ڕوناک لە عێراق ناکرێت. ئەو پەڕلەمانەی کە ئێوە بانگەشەی بۆ دەکەن بوەتە شوێنی کۆبونەوەو دابەشکردنی سەروەت و سامانی عێراق بەسەر خۆیاندا، پەڕلەمان و حکومەتی عێراق جگە لە نەهامەتی وکارەسات هیچ شتێکیان بەدیاری بۆ خەڵکی کوردوستان وعێراق نەهێناوە. هەربۆیە دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ تەفروتوناکردنی حکومەتی عێراق بە پەرلەمان و دام ودەزگاکانیەوە، نەک لەرێگەی دەنگدانەوە شەرعیەتیان پێ بدرێت. خەڵکی کوردوستان نابێت بە درۆ و بانگەشەی ئەو لایەنانە باوەڕ بکەن کە  بە ناوی چاکسازییەوە دەستەو گروپی نوێیان دروست کردوە بۆ ئەوەی ببنە نوێنەر لە پەرلەمانەدا. ئەمانیش درێژە بەهەمان سیاسەتی تاڵانکاری و وێرانکاری پارتی و یەکێتی  دەدەن. خەڵکی کوردستان و عێراق  لە ئایندەیەکی نا ڕۆشندا ڕادەگرن.

تا دەسەڵاتی سیاسی عێراق لەسەر ئەساسی هێزی میلیشیای ئیسلامی سیاسی و شیعەو سونەو عروبەو کوردایەتی و بەرێوەببرێت، پەرلەمان جگە لەشتێکی پوچ و بێماناو گاڵتەجاڕ هیچی تر نییە. دەبێت خەڵکی کوردوستان زۆر هوشیاران، ئەم هەڵبژاردنە بایکۆت بکەن ودەنگ بە هیچ لایەنێک نەدەن، هیچ کەس و لایەنێک نە ئەتوانێ و نە ئیمکانی هەیە نوێنەرایەتی ئێوە بکات لە بەغداد. نەچوون بۆ دەنگدان شێوازێکی نارەزایەتییە و هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی دەورو ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیاندا. مەچن بۆ دەنگدان، بەدەنگی خۆتان شەرعیەت مەدەن بەو هەڵبژاردنە کە دەتان بەستێتەوە بە دەوڵەتێکی شۆڤینیستی عەربی قەومی ئیسلامیەوە. وەرن با پێکەوە  بەرەی “نا” بۆ هەڵبژاردن نا بۆ دەسەڵاتی ملیشیایی فراوانتر و بەهێزتر بکەین!. وەرن با پەرە بەخۆپێشاندان و نارەزایەتیەکانمان بدەین. بەشێوەی رێکخراو و سەراسەری داوای ماف و ئازادییە و خزمەتگوزارییەکانمان لەدەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی بکەین و ویستە رەواکانی خۆمانیان بەسەردا بسەپێنین. هاوکات بۆ کۆتاییهینان بەفیدرالیزمی پوچی قەومی هەوڵەکان بۆ لکاندنەوەی کوردستان بەعێڕاقەوە، بەهێنانە مەیدانی هیزو ئیرادەی سەربەخۆی خۆمان، خەباتمان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی سکیولاری نا قەومی درێژە پێ بدەین….

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٧ بەرواری ١/٥/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*