Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئەندازیاری بۆ ئینشقاق! وەڵامێک بە رەحمانی حوسێنزادە  

ئەندازیاری بۆ ئینشقاق! وەڵامێک بە رەحمانی حوسێنزادە  

 

رێبوار ئەحمەد:

رۆژگارێک پێکەوە لەگەڵ هاوڕێ و دۆستی لە مێژینەم رەحمانی حوسێنزادە (ر.ح) وەڵامی بانگەوازەکانی حەمیدی تەقوایی و ئازەری ماجدیمان دەدایەوە کە هەوڵیاندەدا ئینشقاق و دووبەرەکی لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق پێکبهێنن و شۆرش لە دژی رابەری بکەن. پێکەوە پەردەمان لەسەر ناوەرۆکی نا مەسئولانە و دژە کۆمۆنیستی ئەو بانگەواز و پیلانە هەڵدەماڵی. ئێستا زۆر بەداخەوە ئەو خۆی فێری ئەم پیشەیە بووە. حزبەکەی خۆی شانزە مەیلی تیایە و ئەو لە نێوان ئەوانەدا معەدەلگیری دەکات، کەچی دەیەوێ رۆڵی ئەندازیاری بۆ “تەفرەقە و ئینشقاق” لە نێو کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبەکانی لە عێراقدا بگێڕێت. حزبەکەی خۆی بەشێکی لایەنگری پەیەدەو ساڵەح موسلیمە و بەشێکی تری لایەنگری منصور حکمەت. بەشێکی تامەزرۆی کۆمەڵە و بەشێکی شەیدای حەمیدی تەقواییە….و… ئەگەر ئەو ماشینەی سواری بوون بەر قۆرتێک بکەوێت هەر پارچەییەکی دەکەوێتە ناو حزبێکەوە. کەچی لە ناو حزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق (حککع) و کوردستاندا (حککک) بە دوای سەرەداوی دووبەرەکی و ئینشقاقدا دەگەڕێ. راستیان وتووە کەسێک ماڵی لە شوشە بێت نابێ  بەرد بگرێتە پەنجەرەی خەڵکی تر.

جێگای پرسیار بوو بۆم کە تەرخانکردنی بەرنامەیەکی تایبەتی یەک سەعات و یانزە دەقیقەیی بۆ شەن و کەونی هەڵوێستی دوو حزبی حککع و حککک لەسەر ئۆپه‌راسیۆنی “ئازادی موسڵ”، بە چ مەبەستێکە؟ تا لە ئەنجامگیریەکەی کۆتاییدا وەڵامی ئەم پرسیارە رۆشن بووەوە. پرسیارکەر کە خۆی بەشێکە لە پرۆژەکە دەپرسێت “ئایا مەترسی ئینشقاق لە ئارادایە؟” لە وەڵامدا (ر.ح) دەڵێ “ئەگەر سیاسەتی پاسیڤ و غیرە کۆمۆنیستی و فعال وجودی ببێت و بتەوێ بە خشکە لە کەناریەوە رەت بیت و هیچی لە بارەوە نەڵێی، ریزی حزبەکان توشی تەفرەقە و ئینشقاقی زیاتر دەکات. بۆیە ئەمە گرێی خواردووە بەوەی کە رابەری و کادران و ئەندامانی هەردوو حزب بەرامبەر بەم سیاسەتە هەڵەیە چ هەڵوێستێک دەگرنەبەر”. هێڵی تەئکید من دام ناوە.

من کە نامەوێ هیچ وشەیەکی تاڵ و نەشاز بۆ وەسفی ئەم نیەتە بەکار بەرم، لەگەڵ کارێکی زۆر دژوار بەرەورووم بۆ پێناسە کردنی ئەو نیەتەی کە لە جەرگەی دۆخێکی سەختی جیهانی و ناوچەیی و جەنگێکی خوێناوی کە لە حاڵی رووداندایە، حزبێک و هاوڕێیانێکی دەیان ساڵە کە گوایە چەند ساڵە یەخەی خۆیان بۆ دۆستایەتی و هاوبزووتنەوەیی لەگەڵ ئەم دوو حزبە دادەدەڕن، لە بیری ئەوەدان درزێک لە ریزەکانیان بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بیکەن بە قڵشتێکی گەورە و کەناڵی پەیداکردنی شوعبەیەکی حزبەکەیان لە عێراقدا. 

گومان لەوە نیە کە جیاوازی لە نێوان هەڵویستی دوو حزب لەسەر ئەم مەسەلەیە هەیە. ئەوە ئاشکرایە کە لە ناو رابەری و کادرانیشدا بۆچون و لێکدانەوەی جیاواز هەیە، لەم بارەیەوە بەشێک لە بۆچوونە جیاوازەکان بە نوسراو راگەیەنراون. بەڵام باسی “تەفرەقە و ئینشقاق لە کوێوە داهات”؟! تاوەکو (ر.ح) وەکو فریشتەی نەجات رێگا بۆ جڵەوگرتنی پێشنیار بکات؟! ئەمە تەنها و بە تەنها لەسەر زمانی ئەوان و تەنها و بە تەنها پرۆژەی ئەوان و تەنها و بەتەنها خەونی حزبەکەی ئەوانە و هەر واش دەمێنێتەوە. جیاوازی بۆچوون لە نێوان هەردوو حزب و لە ناو هەر کامیشیاندا ئەبعادەکەی زۆر فراوانترە لەوەی تەنها جیاوازی بێت لەسەر ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ. ئەمە تازە نیە هەر لە رۆژی پێکهاتنی ئەم حزبانەوە وابووە و (ر.ح) و حزبەکشی باش لەمە ئاگادارن و ساڵانێکی زۆر خۆیان بەشێک بوون لێی. بەڵام لە ناو رابەری و کادرانی ئەم حزبانەدا ئەوەندە درایەتی سیاسی و هەستی لێپرسراوێتی هەیە، کە بتوانن ئەم جیاوازی بۆچوونانە بکەنە هەوێنی خاراوی سیاسی و ریزەکانی حزبیش یەکگرتوو یەکپارچە بهێڵنەوە و نەیەڵن ئەو بەڵایەیان بەسەر بێت کە بەسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران (حککا) و حزبی حیکمەتی هات و (ر.ح) لە هەردووکیاندا یەکێک بوو لە پاڵەوانەکانی ئینشقاق. ئەم رابەریە دوو جار رێگای نەجاتی بە (ر.ح) وهاوەڵەکانی نیشان دا و حزبی حیکمەتی لە ئینشقاقگەری ئەوان پاراست، لە پلینۆمەکانی ٢١ و ٢٢ی ئەو حزبەدا. کەوایە (ر.ح) نەدەبوو خۆی بەرێتە ئەو جێگاوشوێنە کە ئەندازیاری بکات نە بۆ ئینشقاق و نە بۆ جڵەوگیری لە ئینشقاق لە ناو ئەم حزبانەدا. ئەوە من نیم باسی ئەم درایەت و رۆڵەی رابەری ئەم دوو حزبە دەکەم، خودی (ر.ح) لە کۆبونەوەی پالتاکی دوای پلینۆم ٢١ی حزبی حیکمەتی، ئەوەندە بە ئاو و تاوەوە گوزارشی لەوە کرد کە چۆن رابەری ئەم دوو حزبە دەستی ئەوانی گرتووە و رێگای نەجاتی پێنیشانداون، کە ئێمەمانانی بەشداری کۆبونەوەکە لە زیادی بوونی ئەو ستایشە شەرمەندە بووین. 
ئەو دەیەوێ لێکچونێک دروست بکات لە نێوان ئەم بەرنامەیەی کە خۆی و حزبەکەی بۆ دوو حزبی (حککع و حککک)یان داڕشتووە، لەگەڵ ئەو بەرخوردەی کە کاتی خۆی (حککا) بەرامبەر سیاسەتی هەڵەی حککع سەبارەت بە شەڕی ناخۆی یەکیتی و پارتی گرتیەبەر. بەڵام ئەمە هیچ راستیەکی تیا نیە. ئەو کاتە حککا بەرامبەر سیاسەتی هەڵەی حککع رەخنەی سیاسی رۆشنی خۆیان خستەڕوو بەبێ ئەوەی باسی تەفرەقە و ئینشقاق بهێنرێتە گۆڕێ، یان بانگەوازی ریزەکانی حککع بکرێت و هان بدرێن لە دژی رابەرییەکەی. حککعیش بەوپەڕی ئیرادەوە رەخنەکەی پەسەند کرد. (ر.ح) ئەگەر مەبەستی بوو لاسایی ئەو تەجروبەیە بکاتەوە، دەیتوانی رەخنەی سیاسی خۆی بخاتەڕوو، بەڵام ناتوانێ پرۆژە و بەرنامەی ئینشقاقگەرانەی خۆی بەو بەرخوردە باڵا و سیاسی و مسئولانەیەی ئەوکاتەی حککا بشوبهێنێ. ئەم باسی مەترسی و ئەگەری تەفرەقە و ئینشقاقە لە کوێوە هاتووە تا (ر.ح) ئەندازیاری بۆ جڵەوگرتنی بکات؟!
ئەم دۆستە قەدیمیانەی ئەم دوو حزبە، چەند ساڵە لەو کاتەوە کە بەڵای پارچە پارچە بونیان بەسەر حزبی حیکمەتی هێناوە، شەڕی دۆستایەتی و هاوبزوتنەوەیی بەم دوو حزبە دەفرۆشن. بەڵام خۆشبەختانە رابەری و کادرانی ئەم دوو حزبە ئەوەندە هوشیاری کۆمۆنیستیان هەبوو کە لە نیەتی پشت ئەو دۆستایەتیە ناڕاستە بگەن. ئەو نیەتەی کە بریتیە لەوەی ئەم دوو حزبە یان دەبێ مۆری پشتیوانی لە ئینشقاقگەری ئەوان بدەن و حزبەکەی ئەوان کە رۆژ بە رۆژ لە حیکمەتیزم دور دەکەوێتەوە، بە تاکە نوێنەری حیکمەتیزم بناسێنن، یان دەبێ پارچە پارچە بن. هەڵبەت بە پێچەوانەی بانگیشەی دۆستایەتی ناراستی ئەوانەوە، دوو حزبی حککع و حککک، بەدەر لە هەر جیاوازیەکی فکری و سیاسی، هەمیشە ئامادە بوون بۆ دۆستایەتی و هاوکاری راستگۆیانە لەگەڵیان. تەنها بنەماشیان بۆ ئەمە بریتی بوو لە:

١- هیچ لایەک مافی ئەوەی نیە بۆچونی سیاسی لایەکەی تر لە قاڵب بدات. ٢- هەموو لایەک دەبێ پابەندی پرەنسیپە سیاسی و رێکخراوەییەکانی دۆستایەتی بن. بەڵام ئەوان ئامادەی پابەند بوون بەم بنەمایانە نەبوون. کاتێک ئەم دوو حزبە ملیان نەدا بە ئیمزاکردنی چەکی سپی بۆیان وەکو تاکە نوێنەری حیکمەتیزم، ئەوان لە هیچ هەوڵ و پەلاقاژەیەکی تێکدەرانە دژی ئەم دوو حزبە دەستیان نەپاراست. داهێنانی باسی تەفرەقە و ئینشقاقی ئەمجارەشیان تەنها ئەلقەیەکی تری لەو بابەتەیە و هیچی تر. لە کادران و رابەری هەردوو حزب چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت دیسان وەکو هەموو جارێک ئەم جۆرە پرۆژانە بکەن بە ئاردی ناو دڕک. بەڵام ئەم کارەی ئەمجارەیان دەتوانێ دوا بزمار لە تابوتی هەر خۆشباوەڕیەک بدات ئەگەر لە ریزەکانی ئەم دوو حزبەدا بەرامبەر دۆستایەتی ناراستی ئەوان مابێتەوە. ئەو کارەی (ر.ح) کردوێتی بە هیچ جۆرێک نابێ و ناکرێت بخرێتە خانەی رەخنەی سیاسیەوە. ئەم کارە پەردە لەسەر رووخسار و نیەتی خراپی ئەوان لەگەل ئەم دوو حزبە و دوورکەوتنەوەیان لە حیکەمتیزم لادەبات.

تا ئەو جێگیایەی بە رەخنەکانی لە هەڵویست و لێکدانەوەی دوو حزب دەگەڕیتەوە، من لە ڕوانگەی شخصی خۆمەوە وەڵام بە بۆ بۆچونەکانی دەدەمەوە، بە تایبەت تا ئەو شوێنەی پەیوەستە بە رەخنەکانی لەسەر وتارەکەی من بە ناوی (“ئازادی موسڵ” یان جەنگی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان) و هەر بەم پێیەش هەڵوێستگیری حزبی کوردستان کە پشتی بە باسەکەی من بەستوە. تا ئەو جێگایەش بەرەخنەکانی لەسەر هەڵوێستی حککع دەگەڕیتەوە، بە رای من تا پرۆژەی تەفرەقە و ئینشقا‌‌قی ئەوان لە ئارادا بێت و تا ئەرک و بەرپرسیارێتی کۆمۆنیستی لە ئارادا بێت بۆ بەرگری لە یەکپارچەیی ئەو حزبە، ئەولەویەتی من و هەر ئەندامێکی ئەو حزبە وەڵامدانەوەیە بەم پڕۆژەیە. 
هەر لێرەدا ئەوە بڵێم کاتی خۆی لە ئاکامی راگەیاندنێکی دوو حزب دەربارەی ئەوەی کە حزبەکەی (ر.ح) دوو سیاسەتی تەبەنی کردوە کە ناکۆکن بە سیاسەت و بەڵگەنامەکانی حزبی حیکمەتی، ئەوان دادو بێدادیان کرد بۆ بەرگرتن لە پیلیمێکی سیاسی و شاردنەوەی رێل گۆڕینی خۆیان، کەوتنە فەزا سازی دەربارەی ئەوەی کە “ئێستا کاتی ئەوە نیە ئەم حزبانە سەرقاڵی پیلیمیک لەگەڵ یەکتری بن، کاری تر زۆرە لە کۆمەڵگادا بیکەن”. بۆ ئەم مەبەستە کەوتنە هاندان و ئیمزا کۆکردنەوە لە ریزەکانی هەر دوو حزبی حککع و حککک بۆ ئەوەی رابەری ئەم دوو حزبە ناچار بکرێن بە دەستهەڵگرتن لە پیشان دانی بادانەوە سیاسیەکەیان. ئەمجارە ئەوان خۆیان ئەم دەرگایەیان کردوەتەوە. ئەویش لە جەرگەی هەلومەرجێکی یەکجار هەستیارو پڕ ئاڵوگۆڕدا. نە تەنیا ئەم دەرگایەیان کردوەتەوە بەڵکو لەم دۆخە هەستیارەدا باس و پرۆژەی تەفرەقە و ئینشقاقیان بۆ ئەم حزبانە هێناوەتە ئاراوە. ئەمە لە کاتێکدا ئێستا کار زۆر زیاترە بۆ کردن لە چاو ئەو کاتەی پێشوتر. لەگەڵ ئەوەدا من گلەییەکم لەوان نیە، چۆنیان پێ باشە با وا بکەن، بەڵام ئیتر رووپۆشی دۆستایەتی نەدەن بەسەر ناوەرۆکی نادۆستانەیاندا. لە راستیدا ئەوکاتیش لانی کەم بۆ من رۆشن بوو “کاتی نیە کاتی نیە” تەنها بەهانەیەک بوو. بە رای من پێویستە دەرگای پلیمیکی سیاسی سالم و راشکاو هەمیشە ئاوه‌ڵا بێت. ئەوکات “کاتی نیە” تەنها بۆ ئەوە بوو خۆیان لە رەخنەی ئەم دوو حزبە دەرباز بکەن و رێڵ گۆڕینەکەیان لە چاوی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بشارنەوە.

رەخنەی سیاسی یان دیماگۆجیەت

سەد خۆزگە و بریا (ر.ح) بۆچونەکانی منی وەکو خۆی باسکردایە و ئەوەی کە من وتوومە بدایەتە بەر رەخنەی هەتا دەیتوانی توند. بەڵام ئەو ئەم کارەی نەکردوە، لە جیاتی ئەمە بە ئارەزووی خۆی بۆچونی ناکۆک بە باسەکانی منی داوەتە پاڵم و پاشان هەر خۆی کەوتوەتە رەخنە لەو بۆچونانەی کە بە ناوی منەوە هەڵیبەستون. جگە لە دوپات کردنەوەی ئەوەی کە رەخنەی بنەڕەتی و زۆری هەیە لە نوسراوەکانی من و گوایە لە بەرنامەیەکی یەک سەعات و یانزە دەقیقەییدا، لەبەر کەمی کات ناپەرژێتە سەر ئەوەی هەموو رەخنەکانی باس بکات، ئەوەی ناوی ناوە رەخنە و سەرنج لەسەر باسەکەی من لە سێ پۆینتی دیاریکراودا بەیانی کردووە؛

یەکەم/ گوایە من لە نوسراوەی رەخنەگرتن لە بۆچونەکانی حەمیدی تەقوایی پێداچونەوەیەکی نا راشکاوم کردوە بە بۆچونی پێشوم و بە شێوەی خشکەیی رای خۆمم گۆڕیوە. لەم بارەیەوە دەڵێ؛ 
“رێبوار ئەحمەد (ر.ا) لە نوسراوەی ئازادی موسڵ یان جەنگی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان موتلەقەن باسی ئەوەی نەکردوە کە ئیعلامی شەڕ لە دژی داعش مەحکوم نیە. لە لابەلای نقدی حەمیدی تەقواییدا ئەم هەڵوێستەی راگەیاندوە و ئەمەی جبران کردوەتەوە بەڵام بە شێوەیەکی غیرە سەریح…ئەوە شێوە دروست و ئوسوڵیەکەی نیە کە لە لابەلای نقدی کەسێکی تردا بەیانی بکەیت….ئەم نوسراوەیەی بە جۆرێک نەقدێکە لە نوسراوەکەی پێشوی خۆی”
پێویست ناکات بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەم راگۆڕینەی کە بۆم هەڵبەستراوە هیچی تازە بڵێم، تەنها یەک پەرەگراف هەر لە وتاری (“ئازادی موسڵ” یان جەنگی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان) دەهێنمەوە کە ئەو بە دەستی ئەنقەست و بۆ هۆنینەوەی بوختانەکانی چاوی لێ نوقاندوە. هەر لە خودی ئەو وتارەدا وتوومە “بێگومان تەفروتوناکردنی داعش و وەدەرنانی لە هەمو ئەو ناوچانەی دەستی بەسەردا گرتوە، وە بە دیاریکراوی ئازادکردنی دانیشتوانی بەدیلگیراوی شاری موسڵ، خواستێکی ئینسانی و ئازادیخوازانە و پێشڕەوە و دەبێ بە توندی پێداگری لەسەر بکرێت. بەڵام ئەمە ئەرک و کاری خودی خەڵکی موسڵ و خەڵکی عێراقە بە پشتیوانی بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان و هێزە رادیکال و شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستەکان و هەمو ئەو هێزانەی کە هیچ شوناسنامەیەک جگە لە شوناسنامەی ئینسانی بەرەسمی نانانسن و خەباتی بۆ دەکەن. بێگومانیش کوتانەوەی سەری داعش کارێک نیە کە ئەم خەڵکە ستەمدیدەیە تەنها بۆ خۆیان مسادەرەی بکەن و دەستی هیچ لایەک بگرن کە بیەوێ سەری داعش بکوتێتەوە و تەفروتونای بکات. ” هێلی تەئکید تازە دام ناوە
ئایا لەم پەرەگرافەدا هیچ ناڕۆشنیەك لەوەدا هەیە کە بە رای من نابێت دژی نەفسی شەڕی هیچ لایەک بووەستین کە لە دژی داعش بەرپای بکات؟! ئایا هیچ راستیەک بۆ ئەو “موتلەقەن”ی (ر.ح) دەهێڵێتەوە؟! جگە لەمە نەک هەر ئێستا من دوو ساڵ لەمەوبەر هەر لەو کاتەوە کە داعش دەستی بەسەر موسڵدا گرت و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە بەشداری حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم شەڕیان لە دژی داعش راگەیاند، من لە وتاری (جەنگی نا شێلگیرانە دژی داعش) کە لە ٢ی دێسەمبەری ٢٠١٤ نوسراوە، وتوومە “داعش وەکو هێزێکی دڕندەی ئسلامی مستەحەقی تەفروتونابونە. هەر هێزێک بیەوێ شێلگیرانە ئەم کارە بکات، لەوانە ئەگەر ئەمریکای سەرکردەی جیهانی تیرۆریزمی دەوڵەتیش بێت، وە ئەگەر بەپێی مەرام و ئامانجەکانی مستەحەقی پشتیوانیش نەبێت، لانی کەم نابێ خودی جەنگەکەی سەرکۆنە بکرێت.” ئایا دیسان هیچ گومانێک بۆ ئەو بوختانە دەمێنێتەوە کە گوایە من لە لابەلای رەخنە لە حەمیدی تەقواییدا بۆچونی خۆم ژێر بە ژێر گۆڕیوە؟ هێڵی تەئکید تازە دام ناوە، لە رانگەی منەوە نەک هەر نەفسی شەڕو نەفسی هیچ شەڕ راگەیاندنێک لە دژی داعش مەحکوم نەبووە و نیە، بەڵکو لە دوو ساڵ لەمەبەرەوە رێک بە پێچەوانەی ئەم بوختانەوە، رەخنەی من لە لایەنەکانی شەڕکەر لەگەل داعش ئەوە بوو کە ناپەیگیرن لە شەڕ دژی داعش و شەڕەکەیان بەرتەسک کردوەتەوە بە شەڕی سەربازی و بۆمباران، لە کاتێکدا پێویستە شەڕێکی هەمەلایەنەی سیاسی و سەربازی پەیگیر لە دژی داعش بەرپا بکرێت. هەر لە نوسراوەی (شەڕی ناشێلگیرانە دژی داعش) وتوومە “چ شتێک لەوە ئاشکراترە کە تارومارکردنی داعش چەندە جەنگێکی سەربازیە لەوەش زیاتر نەکەمتر جەنگێکی سیاسیە؟ جەنگی توڕهەڵدانە لەو نەرێت و یاساو دامەزراو و ئایدۆلۆجی و حزب و دیوەخان و مزگەوت و ئاخوندە فتوادەرانەی کە رۆژانە بانگیشە بۆ رێبازی داعش دەکەن و داعش بەرهەم دەهێننەوە. دروست وەکو ئەوەی کانتۆنی جەزیرە بە جەسارەتەوە هەنگاوی بۆ هەڵگرتوە”
لەمەش زیاتر بۆ جەخت کردن لەسەر پێویستی ئەم شەڕە هەمەلایەنەیە لە دژی داعش، وتوومە “جەنگی شێلگیرانە بۆ تەفروتوناکردنی داعش رێگاکەی ئاشکرایە، دەبێ بە پێچەوانەی کارنامەی ٢٣ ساڵ دەسەڵاتی حزبە ناسیۆنالیستەکان لە باوەشینکردن و داسەپاندنی نەرێتە ئیسلامیەکان، لانی کەم چاو لە کانتۆنی جەزیرە بکرێت و شەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوکات لەگەڵ سەربازی لەدژی داعش و نەرێتەکانی بەرپابکریت. ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەم کارە ناکات، مانای ئەوەیە نایەوێ شەڕی تەفروتوناکردنی داعش بکات. ……. بۆ بەرپاکردنی جەنگێکی سەربازی شێلگیرانە بە مەبەستی تەفروتوناکردنی داعش پێویستە دەرس لە کۆبانی وەرگرێ، بزوتنەوەی بەرگری جەماوەری بەرێبخرێت، جەماوەری ژنان و پیاوانی چەکدار و رێکخرا و بێتەمەیدانەوە. هاوشان لەگەل ئەمە پێویستە لە کانتۆنی جەزیرە دەرس وەرگیرێت بۆ بەرپاکردنی جەنگێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە مەبەستی لەکارخستنی کارخانەکانی بەرهەمهێنانی داعش و داب و نەرێتی بەربەریانەی ئەم رەوتە ئینسانکوژە، بە مەبەستی هەڵپێچانی هەموو ئەو یاسا کۆنەپەرستانەی پشتیان بە نەرێتی ئیسلامیانەی داعش بەستوە یان لەوەوە سەرچاوە دەگرن، بە مەبەستی داماڵینی دەمامک لەسەر روخساری داعشە دەمامکدارەکان و دەمکوتکردن و دەسکۆتا کردنیان لە دەسەڵات و لە کاری پشتی جەبهە بۆ داعشی بی دەمامک.”
بە بڕوای من نەک نەفسی جەنگی هیچ لایەک دژی داعش مەحکوم نیە، هەروەها جگە لەوەی ئەرکی بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهانە بۆ ئەم جەنگە بێتەمەیدانەوە، لە روانگەی منەوە بەندو بەستی دەوڵەتان لەگەل داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی مەحکومە نەک جەنگیان. رای من ئەوەیە کە دەبێ هەموو دەوڵەتانی دنیا لە ژێر گوشاری تونددا قەرار بدرێن بۆ ئەوەی شەڕ لە دژی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی رابگەیەنن. بەدەر لە رای منیش بە هەموو پێوانە و قاعیدەیەک هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە هاوڵاتیانیان کەوتونەتە بەردەم پەلاماری داعش ئەرک و مسئولیەتیانە جەنگ دژی داعش رابگەیەنن. بەڵام مەسەلەی (ر.ح) ئەمە نیە، ئەو بوختانی پاشگەزابونەوە بۆ من هەڵدەبەستێت لەبەر ئەوەی کە من وەکو ئەو و حزبەکەیی و حەمیدی تەقوایی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆ خاپورکردنی ماڵ و حاڵ و قوتابخانە و نەخۆشخانەو ژێرخان و هەموو سیمایەکی مەدەنی بەسەر دانیشتوانی موسڵ و ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا، وەکو شەڕی دژی تیرۆریزم و نابوت کردنی داعش پەسەند ناکەم. ئەم هەڵبژاردنە سیاسیە لەوان پیرۆز بێت، بەڵام دەبێ خاترجەم بن لەوەی ئێمەمانان رێگا نادەین ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیە بە ناوی کۆمۆنیزمەوە تۆمار بێت. ئەوان دروست لەوە هەراسانن کە من پەردەم لەسەر ئەو تیرۆریزمە دەوڵەتیە هەڵماڵیوە کە خۆیان بوون بە لایەنگری. لەم بارەیەوە لەو وتاری جێگا ئاماژەی (ر.ح)دا وتوومە؛

“بەڵام ئەم کارە بە شەڕی تیرۆریستی و بۆمباران و خاپورکردنی ئەو شارە و کوشتاری خەڵکەکەی بە دەستی زلهێزە ئیمپریالیستەکان و هیزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە مەیسەر نابێت. بەشەریەتی موتەمەدن نابێ رێگابدات ئەم هێزانە خراپ کەڵک لە نەفرەت له‌ داعش وەرگرن و لە پێناو ئامانجە دژی ئینسانیەکانی خۆیاندا، لەشکرکێشی و جەنگی تیرۆریستی و وێرانکاری وەکو “شەڕی دژی تیرۆریزم” به‌ خەڵک بفرۆشن”من دواتر لە دریژەی ئەم باسەدا دەچمە سەر ئەوەی کە چۆن (ر.ح) راشکاوانە پشتیوانی لە بۆمباران و نەفسی کوشتاری خەڵکی موسڵ دەکات و پاساوی راستەخۆی بۆ دەهێنێتەوە. بەڵام لە کۆتایی ئەم خاڵەدا با سەرنجێک لە روانگەی حیکمەتیزم بدەین لەم بارەیەوە. کە لە نوسراوەی (دنیا دوای ١١ی سەپتەمبەر)دا هاتووە و بە تەواوی پێچەوانەی پاساوەکانی ئەوان بۆ تیرۆریزمی دەوڵەتی، هەڵوێست دەگرێت و دەڵێت: 

“شه‌ڕ راگه‌ياندنى هيچ كه‌سيك، ته‌نانه‌ت ئه‌مريكاو غه‌ربيش، له‌دژى تاليبان ناكرێ مه‌حكوم بكرێت. تاليبان ده‌بێ بڕوات و سه‌ره‌نجام ده‌بێ هه‌ر له‌ڕێگاى زه‌بروزه‌نگ و كرده‌وه‌ى سه‌ربازييه‌وه‌ بڕوات. دوژمنايه‌تى غه‌رب له‌گه‌ڵ تاليباندا باشتره‌ وه‌ك له‌دوستايه‌تى تائێستايان. هيچ كه‌سێك به‌ر به‌پێچانه‌وه‌ى ده‌ورو دوكانى ئينسانكوژانێك ناگرێت كه‌ غه‌رب خۆى هێناونييه‌ سه‌ركار. به‌ڵام له‌نێوان جه‌نگ و تيروردا جياوازى هه‌يه‌. كرده‌وه‌كانى ئه‌مريكاو به‌ريتانيا له‌ ئه‌فغانستان تيرۆريستييه‌. “هێڵی تەئکید من دام ناوە

ئەوان وەکو نەرێتێکی باو، دەیانەوێ بە پاساوی ئەوەی “هەلومەرجەکە جیاوازە و شەڕی ئەفغانستان لەگەڵ ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ جیاوازی هەیە” خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری. بێگومان جیاوازی هەیە هەم لە هەلومەرجی جیهانی و هەم لە دۆخی ئەم دوو کۆمەڵگایەدا. بەڵام ئەوەی کە لەم دوو دۆخە و لەم دوو رووداوەدا لە یەک دەچن و جێگای ناکۆکیمانە، ئەوەیە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان هەر چۆن لە ئەفغانستان بۆمبارانیان دەکرد و خەڵکی سڤیڵیان دەکوشت و حیکمەتیزم بەمەی دەگووت تیرۆریزم، ئێستاش بە هەمان شێوە و بگرە دڕندانە تریش بۆردومانی موسڵ دەکەن. لەم بارەیەوە جیاوازیەکە لەوەدایە کە ئەگەر لە ئەفغانستان رێگای خۆ دەربازکردنێک لە بەردەم خەڵکدا هەبوو، لە موسڵ ئەو رێگایەش زۆر سەخت و دژوارە و لانی کەم بانگەوازی فەرمی لایەنە هێرشبەرەکان لە رێگای باراندنی ملیۆنەها بەیاننامەوە بەسەر ئەو ناوچانەدا، ئەوەیە کە بە خەڵک دەلێن؛ “لە ماڵەکانی خۆتاندا لە ژێر رەحمەتی بۆردومانەکانی ئێمە بمێننەوە دەرمەچنە دەرەوە”. چونکە تەنانەت ئامادەکاری پێویستیان بۆ ئاوارەیی خەڵکیش نەکردوە. لەم بارەیەوە تەنانەت رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەم دەزگا دەسکەلایەی دەوڵەتانی ئەمپریالیستی، بە هەموو دوو رووی خۆیەوە دەنگی دەرهاتوە و نیگەرانی خۆی راگەیاندوە. بەڵام (ر.ح) لەژێر ناوی کۆمۆنیزمی کرێکارییدا ئەوەندەی ئەم سازمانەش نیەگران نیە و راشکاوانە پاساو بۆ کوشتاری خەڵک و تیرۆریزمی دەوڵەتی دەهێنێتەوە. 
زۆر کات “بارودۆخ گۆڕاوە” دەکرێت بە پاساو بۆ پشتکردن لەو بنەما کۆمۆنیستیانەی کە لە ریزی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا بە زەحمەتی رابەرنی کۆمۆنیست چەسپاون. (ر.ح) لەم باسەیدا قسە لەسەر گۆڕانی بارودۆخی سیاسی جیهان دەکات، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە گۆڕانی بەسەر هاتووە و لەم گفتگۆیەدا بە تەواوی بەرجەستەیە، بریتیە لەو گۆڕانەی بەسەر خۆیدا هاتووە، بە دوور کەوتنەوەی لە ئینسان دۆستی و رادیکالیزم و شۆڕشگێڕی و خلاف جەرەیان بوونی کۆمۆنیزم. ئەو بە من دەڵێ (ر.ا) چاکی کردووە رەخنەی لە حەمیدی تەقوایی گرتووە، بەڵام سەیر لەوەدایە کاتێک ئەمە بە من دەڵێت کە خۆی لەم گفوگۆیەدا پەیوەست بووە بە تەقواییەوە!!

لە نوسراوی (ئازادی موسڵ” یان شەڕی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان) وتوومە “ئەم شەڕە تیرۆریستیە بە پێچەوانەی شەڕە ته‌قلیدیەکانی نێوان دەوڵەتانەوە، لە جیاتی خوێنی هەر سەربازێکی دەوڵەتە ئیمپریالیستی و ملهورەکان، گیانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی و بێگوناهو بێئاگا لە هۆکارو ئامانجەکانی ئەم شەڕە، لەسەر شەقام و لە ناو قوتابخانە و شوێنە گشتیەکان و لە ناو ماڵی خۆیاندا دەکات بە قوربانی. لە جیاتی بۆمبارانی هەر سەربازگە و بنکەیەکی سەربازی دەیان قوتابخانە و نەخۆشخانە و رەوزە و رێگاوبان و سیما مەدەنیەکان و ماڵ وحاڵی خەڵک خاپور و وێران دەکات. هەر بەم پێوانەیە شەڕێکی تیرۆریستیە.”
من دەڵێم شێوازی ئەم شەڕە دروست وەکو ئەوەی حیکمەتیزم دەربارەی شەڕی ئەفغانستان وتی تیرۆریستیە. ئایا (ر.ح) و حزبەکەی دەتوانن ئەم وێنایە بۆ واقعیەتی ئەم شەڕە بە درۆبخەنەوە؟! دەتوانن ئینکاری لەم راستیە بکەن؟! هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵەوە راپۆرتەکان باسی ئەوە دەکەن کە تورکیا وەکو یەکێک لە هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش بە هاوکاری راستەوخۆی ئەمریکا کەتوەتە گوێزانەوە و دەربازکردنی سەران و چەکدارانی داعش بۆ رەقە و ناوچەکانی تر بۆ ئەوەی لە جێگایەکی تر بیانکەنەوە بە مڵۆزمی گیانی خەڵک. لەو لاشەوە موسڵ بەسەر دانیشتوانەکەیدا خاپور دەکەن. ئایا حزبەکەی (ر.ح) دەتوانێ ئەم راپۆرتانە بە درۆبخاتەوە؟!

دووەم/ پۆینتی دووەمی (ر.ح) لە رەخنەگرتن لە نوسراوەکەی من ئەوەیە کە دەڵێ؛ “رێبوار کاتێک باسی شەڕی جەمسەرە تیرۆرستیەکان دەکات مەبەستی فەقەت شەڕی تیرۆریستی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەگەڵ روسیا و هاوپەیمانەکانێتی. راستە ئەم شەڕە هەیە بەڵام لە موسڵدا مەوزوعیەتی نیە. لێرەدا کە تیرۆریزمی ئیسلامی لە ئاستی جیهانی و ناوچەکەدا داوای سەهمی خۆی دەکات نابینێ. وەکو قوتبێکی سیاسی جیهانی و ناوچەیی بە رەسمیەتی ناناسێ. لە خزمەت چی؟ لە خزمەت ئەو ئەنجامگیریەی کە تەقابلکردن لەگەڵ داعش لەوانە شەڕی موسڵ کەم رەنگ بکرێتەوە، فەرعی بکرێتەوە، چونکە ئەوکاتە شەڕ ئیعلام کردن لەگەڵی زۆر بایەخی پێدەدرێت” 

هەر لەسەر ئەم قسە بێ بناغانەی بە ناوی منەوە هەڵبەستراون دەڵێ (ر.ا) بۆیە ئەم کارە دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامگیریە پاسیفیستیەکەی خۆی پێ تیوریزە بکات. ئەمەشیان بوختانێکی شاخداری گەورەیە، من هەر لە درێژەی ئەو بڕگەیەی سەرەوە لە هەمان ئەو وتارەی کە ئەو ئاماژەی بۆ دەکات، دەربارەی جەمسەرەکانی ئەم شەڕە، وتوومە “لە روانگەی ئەمریکا و غەرب و دەوڵەتانی سەرکوتگەری هاوپەیمانیان وەکو سعودیە و تورکیا و قەتەر و ئیسرائیل، رێگایەکە بۆ قەرەبوی شکستەکانی رابردویان لە عێراق و سوریا و ناوچەکە. لە روانگەی بلۆکی روسیا و هاوپەیمانەکانیەوە وەکو جمهوری ئیسلامی ئیران و حکومەتی عەبادی لە عێراق، رێگایەکە بۆ ناکام کردنەوەی هەوڵی غەرب و ئەمریکا و پتەوکردنی پێگەی سیاسی خۆیان و بەرگرتن لەو سیناریۆ و هەوڵانەی کە بەرژەوەندی باڵا و پاشکۆی ناوچەییان دەخاتە مەترسیەوە. بۆ تیرۆریزمی ئیسلامیش شەڕێکە لەسەر دەسەڵات و جێگا پەیداکردن لە پێکهاتەی سیاسی دەسەڵاتی بورژوازی ناوچەکەدا. هێڵی تەئکید تازە دام ناوە

جگە لەوە هەر لە هەمان وتارەدا کە (ر.ح) دەڵێ (ر.ا) جەمسەری تیرۆریزمی ئیسلامی نابینیت، من لەژێر ناونیشانێکی بەرجەستەدا (سێ کوچکەی شەڕ لەسەر دەسەڵات) بە وردی باسی ئەوەم کردووە کە ئەم شەڕە شەڕێکی سێ لایەنەیە لەسەر دەسەڵات لە نێوان سێ جەمسەردا کە بریتین لە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، روسیا و هاوپەیمانەکانی، وە داعش. لەم بارەیەوە بە دیاریکراوی لەسەر داعش وەکو جەمسەرێکی ئەم شەڕە وتوومە:

“هەرچی ئەو بەرەکەی تری شەڕەکەیە، واتە داعش، دیسان شەڕ لەسەر دەسەڵات دەکات. داعش وەکو باندێکی تیرۆریستی هەوساربچڕاوی لەدەست دەرچوو کە توانیوێتی بەشێک لە ناسیۆنالیزمی کلکوگوێ کراو و بێئاسۆی عەرەبیش بخاتە پشتی خۆی، بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی هەوڵدەدات. ئەو مەسەلانەی بە دەستیانەوە گرتوە وەکو؛ دەردو مەینەتەکانی خەڵکی عەرەب و موسڵمان، ستەمی غەرب لە شەرق، دوژمنایەتی دەوڵەتانی غەربی لەگەڵ خەڵکی موسڵمان، ستەمکاری و کوشتاری بە کۆمەلی سونی مەزهەبەکان لەلایەن حکومەتی مالکی و میلیشیا شیعەکان و جمهوری ئیسلامیەوە..و..هەرهەمو تەنها و تەنها تا ئەو جێگایە بۆ داعش مەسەلەن کە لەو نەهامەتیانە کەڵک وەرگرێت بۆ هێزهەڵخڕاندن لە پشتی خۆی لە پێناو بەهێزکردنی پێگەو دەسەڵاتی خۆی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدارێتی بورژوازی ناوچەکەدا.” هێڵی تەئکید تازە دام ناوە.

هەر بەم جۆرە لە باسکردن لە هەموو لایەنەکانی دیکەی ئەم شەڕەدا باسی تیرۆریزمی ئیسلامی و داعشم کردوە وەکو جەمسەرێکی شەڕی تیرۆریستی. بۆیە بوختانەکەی دەربارەی ئەوەی کە من داعش وەکو لایەنێکی ئەم شەڕە نابینم بێبناغەیە. هەر بەم پێەش بوختانەکەی دەربارەی ئەوەش کە بۆیە داعش نادیدە دەگرم تا لە خزمەت ئەنجامگیریەکەم و تیۆریزە کردنی هەڵوێستی پاسیفیستی کەڵکی لێ وەرگرم، بێبناغە دەبێت. 

(ر.ح) دەڵێ لە شەڕی موسڵدا بەرامبەرکێی دوو جەمسەری ئەمریکا و روسیا مەوزوعیەتی نیە و روسیا خۆی بە رەسمی راگەیاندوە کە دەخاڵەت ناکات!! لە راستیدا ئەگەر ئینکاری لە بەشداری جەمسەری روسیا لەم شەڕەدا بۆ دیماگۆجیەت نەبێت ئەوە بیگومان نیشانەی درکی رواڵەتیانەیە. تەنانەت زۆربەی زۆری هاوڵاتیانی سادەش ئەو راستیە دەزانن کە روسیا لە رێگای دریژکراوەی ناوچەیی جەمسەرەکەیەوە دەخاڵەتی لەم شەڕەدا هەیە و خودی روسیا ئەمەی راگەیاندوە کە ئەو لەم شەڕەدا پشتیوانی لە هاوپەیمانەکانی خۆی دەکات.

سێیەم/ سەرئەنجام پۆینتی سێەمی (ر.ح) لە رەخنە لە نوسراوەکەی من ئەوەیە کە گوایە من هەڵوێستێکی پاسیسفیستیم لەو باسە دەرکێشاوە و “هەروا سوک و سادە” ئەو ئەنجامەم گرتوە کە بۆ رووبەروو بوونەوەی شەڕی تیرۆریستەکان بانگەوازم بۆ بەشەریەتی موتەمەدن ئەوەیە “هەر لە قالب وبەرەی بزووتنەوەی دژی شەڕدا بێتە مەیدان، لە کاتێکدا بزوتنەوەی دژی شەڕ دەیان مەیل و بۆچونی جۆراوجۆری تیایە و سیاسەتی رادیکاڵ بەسەریدا زاڵ نیە.” لە پێشدا ئەوەم باسکرد کە چۆن ئەو بنەما تیۆریەی (ر.ح) بە ناوی منەوە هەڵیبەستوە بۆ ئەم ئەنجامگیریە، راست نیە. بەڵام بەدەر لەوە کاتێک من بە پاسیڤ سەرزەنشت دەکات، دەبێ بڵێین ئەی سەد ماشەڵا لە هەڵوێستە دەخالەتگەرانەکەی خۆیان بیت!! بەڕاستی ئەنجامگیریەکەی خۆیان جگە لە هوتاف کێشان بۆ تیرۆریزمی دەوڵەتی و پەیوەست بوون بە هاوپەیمانەکانی “شەڕی دژی تیرۆریزم” و چاوەڕوانی بۆ ئەوەی ئەم تیرۆریزمە دەوڵەتیە مژدەی نابوت کردنی داعشیان پێبدات، چی دیکەیان لە هەگبەدایە کە ئێمەی بۆ بانگیشت بکەن؟ ئایا ئەمەش بوو بە هەڵوێستی دەخاڵەتگەرانە و کۆمۆنیستی کە بکرێت شانازی پێوە بکرێ؟!! 

لێرەشدا دیسان ئەوانەی بە ناوی منەوە باسی کردوە بوختانن و هیچ جۆرە راستیەکیان تیا نیە. من باسی هاتنەمەیدانی بزوتنەوەی دژی جەنگم نەکردوە نە لە قالبی بزوتنەوە و بەرەی دژی جەنگدا نە بە شێوە سادە و گشتیەکەی، بەڵکو باسی هاتنەمەیدانی بزوتنەوە و ریزی سەربەخۆی بەشەریەتی ئازادیخوازم کردوە دژی بەرامبەرکێی جەمسەرە تیرۆریستەکان و ئەو بەربەریەتەی دانیشتوانی جیهانیان تیادا راگرتووە. واتە نەک هەر لە پەیوەند بە شەڕی موسڵەوە، بەڵکو لە پەیوەند بە مەترسیەکانی گشت ئەم دۆخەی هەموو جیهانی داگرتوە و شەڕی موسڵ تەنها ئەلقەیەکە لەو گشتە. لەمەش زیاتر من سەرخەتی پلاتفۆڕمی ریزی ئەو هاتنەمەیدانەم روونکردوەتەوە کە دەتوانێ بنەمای سیاسی ریزێکی سەربەخۆ بێت. لەم بارەیەوە وتوومە ؛ بەرەی ئەم خەڵکە هاتنەمەیدانێکی سەربەخۆیە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بۆ وەستانەوە دژی ئەو هۆکارانەی کە ئیسلامی سیاسی لەسەری دەلەوەڕێت، لە دژی سیاسەت و دەوڵەتانێک کە لە پشتی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامیەوە راوەستاون، وە سەرئەنجام لە دژی ئەو ملهوڕی و لەشکرکێشی و سیاسەتە کۆنەپەرستانەیەی کە جەمسەرە جیهانیەکان بە ناوی “شەڕی دژی تیرۆریزم” بەڕێوەی دەبەن.” ئایا ئەمە هەروا سادە و ئاسان بانگەوازی بزووتنەوەی دژی جەنگە؟!

هەروەها دەربارەی سەرخەتی پلاتفۆڕمی ئەم ریزە سەربەخۆیە وتوومە “مەیدانی نەبەرد و سەنگەری بەشەریەتی ئازادیخواز سەنگەری بەرگریە لە مافی خەڵکی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، سەنگەری وەستانەوەیە لە دژی ستەمی مەزهەبی و دینی، سەنگەری وەستانەوەیە دژی راسیزم و دەمارگیری نەژادی و نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی، پێداگریە لەسەر هاوپشتی و هاوچارەنوسی خەڵکی ئازادیخواز و ستەمدیدەی دنیا….سەنگەری پێداگریە لەسەر مافە جیهانداگرەکانی مرۆڤ و وەستانەوەیە دژی (هەر کۆمەڵگایەک بەپێی فەرهەنگی خۆی)، سەنگەری پێداگریە لەسەر غەیرە قەومی و غەیرە دینی بوونی دەسەڵات و دەوڵەت و دەستور و یاساکان، سەنگەری خەباتە بۆ ناچارکردنی زلهێزەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرست بۆ دەسهەڵگرتن لە دەخاڵەت و رەهاکردنی مافی خەڵک بۆ نوسینی چارەنوس و یەکلاکردنەوەی مەسەلەی دەسەڵات بەپێی خواست و ویستی ئازادانەی خۆیان…ئەمە پێویستی بە هاتنەمەیدانێکی بەرین و دەخاڵەتێکی چالاک و پێشڕەوانەی چینی کرێکارو هێزە سۆسیالیست و پێشکەوتنخوازەکانە لەسەرتاسەری جیهاندا.” دیسان دەڵێم ئایا بەڕاستی ئەمە هەروا سوک و ئاسان بانگەوازی هاتنەمەیدانی بزووتنەوەی دژی شەڕە؟ ئایا ئەمە باسی قەتیس مان لە چوارچێوەی شەڕی موسڵە کە بۆ ئەوان بووە بە میحوەری تاریخ؟! (ر.ح) دەیتوانی مونسیفانە بۆچونە واقعیەکانی من بگرێت و رەخنەی توند توندیان لێ بگرێت. بەلام ئەوکارەی نەکردوە لە جیاتی ئەوە خۆی قسە بەدەمی منەوە دەهۆنێتەوە و هەر خۆیشی دەبێتە رەخنگریان. لەو باسەی مندا ئاماژە کردن بە بزوتنەوەی دژی جەنگی ٢٠٠٣ تەنها باسی ئاستی فراوانی هاتنە مەیدانەکەیە نەک تەمجیدی ئاسۆ و سیاسەتی زاڵ بەسەریدا.

هەروەها دەڵێ (ر.ا) هەر یەکسەر بەو ئەنجامە گەیشتوە کە باسی بزوتنەوەی دژی جەنگ لە جیهاندا بکات و هیچ سیاسەتێکی لە ناوخۆی عێراقدا دەرنەکێشاوە. ئەم قسەیەشی بە تەواوی بێبناغەیە. لە میانەی ئەم وەڵامەدا جار جار خەریکە گومانی ئەوەم لا دروست دەبێت، کە (ر.ح) وتاری کەسێکی تری لە بری وتارەکەی من خوێندبێتەوە!! ئەگینا من دیسان لە وتاری جێگا ئاماژەی ئەودا، لەم بارەیەشەوە لەژێر ناونیشانێکی بەرجەستەدا بە ناوی (شەڕی تیرۆریستی، ئایندەی عێراق و مەیدانی نەبەردی خەڵکی ئازادیخواز! سەرخەتی سیاسەتی سۆسیالیستی لە ئاستی عێراق و کوردستان) باسی مەیدانەکانی خەباتی خەڵکی عێراق لە ناو ئەم دۆخە سیاسیە و لە بەرامبەر پێشبڕکێی تیرۆریستی بۆ نابوتکردنی مەدەنیەت و قوڵکردنەوەی سیناریۆی شەڕ و کێشەی قەومی و تائیفی، بە وردی قسەم کردووە و سیاسەتی کۆمۆنیستی و مەیدانەکانی خەباتم رونکردوەتەوە. کە بە کورتی بریتین لە؛ مەیدانی خەبات و پێداگری لەسەر بەرجەستە بونی ئیرادەی خەڵک لە دەسەڵات و غەیرە قەومی و غیرە مەزهەبی بونی هەردەسەڵاتێک کە لە هەر گۆشەیەکدا دێتەسەرکار و وەستانەوە دژی ناکۆکی و شەڕی قەومی ومەزهەبی، بەرگری لە مەدەنیەت و ماف و ئازدیە مەدەنیەکان و خۆشگوزەرانی، وە لە جیاتی خۆشباوەڕی و چاوەڕوان مانەوە کە تیرۆریزمی دەوڵەتی مژدەی ئازدیان بۆ بهێنێ، دەبی بە ریزێکی سەربەخۆ بێنەمەیدان و سەنگەرێکی سەربەخۆ لێبدەن بۆ هەڵتەکاندنی هەموو ئەو زەمینانەی کە تیرۆریزمی ئیسلامی لەسەر دەلەوەڕێ و تیرۆریزمی دەوڵەتی پاساو دەدات. ئەگەر بە راستی ئەو مەبەستی وتارەکەی من بێت، ئیتر دەبێ بڵێم درێغی من نیە کە چاوێلکەکەی (ر.ح) نایەوێت ئەمانە ببینێ. 

لە بارەی ئەم شەڕەشەوە وتوومە؛” ئەم شەڕە شەری خەڵکی عێراق و بەشەریەتی موتەمەدن نیە، بەڵکو بە پێچەوانە شەڕێکە بۆ وردوخاشکردنی ژیان و ئیرادەی سیاسی و تەڵخکردنی چارەنوسیان و خاپورکردنی هەر سیمایەکی مەدەنی کە مابێتەوە. شەڕێکە بۆ سەقامگیرکردنی ئەو بەربەریەتەی لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە لە ئاستێکی فراوانی جیهاندا بەسەر بەشەریەتی موتەمەدن بە گشتی و خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی داسەپێنراوە. مەیدانی نەبەردی بەشەریەتی موتەمەدن دروست بە شکستکێشانی ئەم بەربەریەتەیە؛ بە تیرۆریزم و ئینسانکوژی داعش و هەمو تیرۆریزمی ئیسلامیەوە لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەمو جێگایەکی جهیاندا، بە ملهوڕی و تیرۆریزمی دەوڵەتی و هەردوو جەمسەری جیهانی و هاوپەیمان و دەستوپێوەندە ناوچەییەکانیانەوە.”

سەرئەنجام (ر.ح) سەرزەنشتی من دەکات لەسەر ئەوەی کە بێبناغە و پاسیفیستانە باسی پێویستی هاتنەمەیدانی ریزی سەربەخۆی جیهانیم کردوە، لە جیاتی ئەوە بە رای ئەو دەبوو لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە باسی سازماندانی بزوتنەوەی هەڵپێچانی داعشم بکردایە. لەم بارەیەشەوە پێویستە بڵێم ١/ دروست لەم دوو ساڵەدا من بەردەوام پێداگریم لەسەر پێویستی هاتنەمەیدانی بزوتنەوەی جەماوەری سیاسی و چەکدار بۆ بەرپاکردنی شەڕی هەمەلایەنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی بۆ هەڵپێچانی داعش کردوە و لە پێشەوە نمونەکەیم لە نوسراوەکانی پێشوم هێنایەوە. هەر لەو نوسراوەیەشدا کە ئەو باسی دەکات، جەختم لەسەر ئەمە کردوەتەوە. بەر لەوەش (ر.ح) ئەم بەرنامەیە رێکبخات بۆ ئەوەی فێرمان بکات، لە وتاری (پاشخانی سیاسی پەلاماری داعش بۆ سەر کەرکوک، مەترسی نەعرەتەی قەومی) بە وردی و تایبەتی لەسەر ئەمە قسەم کردوە. ٢/بەرچاوتەنگی و تەسکبینی وای لێکردوون کە ناتوانن بە ئەندازەی هاوڵاتیەکی سادە لەوە تێبگەن کە چ شتێک خەریکە لە جیهاندا روو دەدات. ناتوانن درک بەوە بکەن مەسەلەیەک کە ئەمرۆ لە بەرامبەر هەموو بەشەریەتدا قەراری گرتوە و کۆمۆنیزم دەبێ وەڵامی خۆی پێبداتەوە، گەورەتر و فراوانترە لەوەی تەنها بە ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ بەرتەسک بکرێتەوە. ئەوان دەیانەوێ هەموو ئەو مەترسیەی لەسەر جیهانە بە دەسەڵاتی داعش لە موسڵ بەرتەسکی بکەنەوە. بەڵام وەڵامیان بۆ ئەوە چیە کە ئەم تیرۆریزمە هەوسار بچڕاوە ئیسلامییە نەک هەر رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقا تەنانەت هەموو پایتەختەکانی ئەوروپای لەبەردەم مەترسی داناوە؟ وەڵامیان بۆ ئەوە چیە کە مەسەلەی ئاسایش بۆ هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی بووە بە کێشەیەکی گەورەی نیگەران کەر؟ وەڵامیان بۆ تیرۆریزمی دەوڵەتی چیە کە هەرجارەی لە جێگایەک هەم خۆیان دەبنە بارهێنەری تیرۆریزمی ئیسلامی و هەم خۆیان دەبنە فریادڕەس. بەراستی دەبێ جارێکی تر “رووداوە گەورەکان و ئینسانە چکۆلەکان”ی مەنسور حیکمەت بنوسرێتەوە. مەسەلەیەکی گرنگی دنیای ئەمرۆ ئەوەیە کە بەربەریەتێک هەڕەشە لە دانیشتوانی هەموو جیهان دەکات. من لەو وتارەی ئەو باسی دەکات، بەم جۆرە باسی ئەمەم کردووە؛ 

” بەربەریەت حەتمی نیە، پەرەگرتنی بزوتنەوەی پێشکەوتوانەی بەشەریەتی موتەمەدن لە ئاستێکی بەرینی جهیانیدا دەتوانێ بۆ یەکجاری ئەم مەترسیە لەسەر کۆمەڵگای بەشەری هەڵگرێت. دەتوانێ گوشارێکی توند لەسەر جەمسەرە جیهانیەکان به‌كاربخات و ناچاریان بکات ئەم ناوچەیە بەجێبهێڵن و بریاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وازلێبێنن بۆ خەڵکەکه‌ی، دەتوانێ ئەو دەستانە لەبنەوە بشکێنێ کە داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی پەروەردە و پڕچەک و مەیداندار دەکەن و بەم جۆرەش خودی خەڵک توانای بەسەر ئەوەدا دەشکێتەوە کە تیرۆریزم و ئینسانکوژی ئیسلامی تارومار بکات. ئاسایش و ئارامی و دڵنیایی و بەختەوەری دنیا پێویستی بە هاتنەمەیدانی عەزیمی بەشەریەتی موتەمەدنە دژی راسییزم و تیرۆریزمی دەوڵەتی و تیرۆریزمی ئیسلامی و هەڵاواردن، پێویستی بە پێداگری بەشەریەتی موتەمەدنە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراستی غەیرە قەومی و غەیرە مەزهەبی و شوناسی ئینسانی و مافە جیهانداگرەکانی ئینسان.”
مەترسیەکە تەنها تیرۆریزمی داعش و تەنها شەڕی موسڵ نیە، بەڵکو پێشبڕکێیەکی تیرۆرستی و بەربەریەتێکە کە هەموو دنیای لەبەردەم مەترسی داناوە. لە خودی رۆژهەڵاتی ناوەراستشیدا کێشەکە تەنها موسڵ نیە، گشت ناوچەکە لە ناو ئاگری بەرامبەرکێی تیرۆریستی و سیناریۆی قەومی و مەزهەبیدا خەریکە دەسوتێ. گڕی ئەو ئاگرەی بەریانداوەتە گیان خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە فراوانی چووە بە گژی هەموو خەڵکی دنیادا. تەنانەت هاوڵاتیانی سادەی دنیا هەست بەم مەترسیە دەکەن و لە ئاستیدا حەپەساون. بەڵام ئەم سیاسەتمەدارانەی خۆیان بە پێڕەوی حیکمەت دەزانن، ئەم راستیە حاشا هەڵنەگرە نابینن. ئایا پەلامارە دڕندانەکانی هەر ئەم یەکساڵەی پاریس و نیس و برۆکسل ..و…بەس نین بۆ ئەوەی ئەم خەتەرە گەورەیە لەسەر هەموو جیهان پیشان بدەن؟ باسی بەرتەسک کردنەوەی پێویستی هاتنەمەیدانی بەشەریەتی ئازادیخواز لە ئاستی جیهانی، تەنها لە پەیوەند بە ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی موسڵ و عێراق، نیشانەی ئەو دیدگا و لێکدانەوەیەیە کە ئەوپەڕی تا بەرلوتی خۆت دەبینێ و بەس. ئەگەر بڕیارت نەدابێت چاوپۆشی لەم بەربەریەت و لە هەردوو تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامی بکەیت، ئەوکات ئاسانە درک بەوەش بکەی کە نە تەنها بە ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ و بۆمباران ئەم مەترسیە لەبەین ناچێت بەڵکو زیاتر دەبێت. پانزە ساڵی رابردووی “شەڕی دژی تیرۆریزم” ئەم راستیەی چەندین جار دوپات کردوەتەوە. کەوایە ئەگەر هەموو خەڵکی ئازادیخوازی جیهان لەبەردەم مەترسی نا ئەمنیدا بن، ئیتر ئاشکرایە کە باسی پێویستی هاتنەمەیدانی ئەم بەشەریەتەشە لە ئاستی جیهاندا، بەر لەوەی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی موسڵ یان عێراق و (بەرەی سێهەمی جێگای باسی ر.ح) بێت، بۆ بەرگریە لە ئاسایش و ژیانی خۆیان. بێگومان خودی جەنگی موسڵیش کە لایەکی داعشە ولایەکەی تری هاوپەیمانێکی شەست دەوڵەتیە، تەنها بە سازماندانی ریزی چەکداری خەڵکی عێراق بەر بە ئاکامە کارەساتبارەکانی ناگیرێت.
تەنانەت باسی دەسکۆتاکردنی غەرب و ناتۆو دەوڵەتانی ئەمپریالیست لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، کە من جەختم لەسەر کردوە، باسێکی بەرتەسک نیە بە شەڕی موسڵەوە، تا (ر.ح) لە وەڵامدا بلێ تازە ئەوە شەڕ ١٠ رۆژە دەستی پێکردوە؟ بەڵکو باسی کۆتایهێنانە بە سیناریۆی تەڵخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی قەومی و مەزهەبی، باسی دەرگا کرانەوەیە بە رووی هەر ئالوگۆڕیکی شۆڕشگێرانەدا، سەرئەنجام پەیوەستە بە ستراتیژی شۆڕشی کرێکاری لە هەر جێگایەکی ئەم ناوچەیەدا. وا دیارە زۆر دژوار بێت ئەم دۆستانە لەوە بگەن کە ئەگەر بەراستی ئەوان یان هەر لایەنێکی تر لە ئێراندا بە نیازی شۆڕشی کریکاریی بن، ئەوە دەبێ بزانن ئەو شۆرشە لە سایەی دەست رۆیشتویی ئەم هێزانە لە ناوچەکەدا، هەر لە یەکەم هەنگاویدا شەڵاڵی خوێن دەکرێت و ئێران دەکەن بە لیبیا و سوریا؟ بۆ کۆمۆنیستێکی کرێکاری پێویستە بڕێک دوورتر بڕوانێ! ئەمرۆ لە جەرگەی ئەم بارودۆخە و پێویستی ئاسایش بۆ هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی، دەکرێت ئەم خواستە بکرێتە خواستی هەموو بەشەریەتی ئازادیخوازی دنیا و بزووتنەوەیەکی عەزیمی بۆ بهێنرێتە مەیدانەوە.

سیاسەتی دەخاڵەتگەرانە یان پاساوگەرانە؟!

ئێستا بە بەدەر لە بوختانە هەڵبەستراوەکانی (ر.ح) با سەرنجێک لە سیاسەت و هەڵوێستی “کۆمۆنیستی و دەخاڵەتگەرانە”ی خۆیان بدەین کە ئێمەی بۆ بانگەواز دەکەن و ناوەڕۆکەکەی بریتیە لە پەیوەست بوون بە بەرەی هاوپەیمانانەوە لە ژێر ئاڵای دژایەتی لەگەڵ تیرۆریزمی ئیسلامیدا. با ئەم هەڵوێست و سیاسەتە لە دەمی خۆیانەوە ببیستین کە بەراستی تا سەر مۆخ ناکۆک بە ئینسانیەتە و هیچ کۆمۆنیست و لایەنگرێکی خەتی حیکمەت نابێت رێگا بدات ئەم هەڵویست و سیاسەتە بە ناوی کۆمۆنیزمەوە تۆماربێت. ئەو لە سەرەتای گفتوگۆکەیدا دەربارەی سیاسەت و هەڵویستی خۆیان دەلێ:

“شەڕی موسڵ بەشێکە لە فاجعەیەکی گەورەتر کە لە عێراقدا هەیە، نەک هەر لە ئێستاوە بەڵکو لە سالی ١٩٩٠ەوە دوای ئەوەی دەوڵەتی بەعسی کوەیتی داگیرد کرد وە بوە هۆی ئەوەی ئەمریکا بۆ هەژمونی تەڵەبی خۆی لە دنیادا ئەوەی کرد بە بەهانە، دەخاڵەتی نیزامی ئەوکاتی کرد، حەساری ئابوری هێنا، وە بە موشەخەسی لە ٢٠٠٣ بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەریتانیا و هاوپەیمانانی تر حەملەی بە عێراق کرد و ئەو وڵاتەی داگیر کرد، دەوڵەتی بەعسیان رووخاند، مەعلوم بوو رۆژ رەشی دەهێنێ. وە لەو کاتەوە سیناریۆێی رەشێک بە سەر کۆمەڵگای عێراقدا داسەپاوە، کە ئەم شەڕە گۆشەیەکی ئەو سیناریۆ رەشەیە لەخزمەت هەژمونی تەڵەبی ئەمریکادا” هێڵی تەئکید من دام ناوە

یەکەم پرسیار کە دەبێ لە خاوەنی ئەم قسانە بکرێت ئەوەیە کە ئەگەر شەڕی موسڵ بە شێکە لە فاجعەیەکی گەورەتر، وە ئەگەر ئەم شەڕە گۆشەیەکی ئەو سیناریۆ رەشەیە کە لە خزمەت هەژمونی تەڵەبی ئەمریکادایە، ئەوە چۆنە گشت بەشەکانی ئەم پرۆسەیە کە لە ١٩٩٠ەوە دەستی پێکردوە، لەلایەن کۆمۆنیزمی کرێکاری و خودی حیکمەتەوە کەوتوەتە بەر رەخنەی توند و بانگەوازی بەشەریەتی ئازادیخواز کراوە بۆ وەستانەوە لە دژی، ئێستا لە یەک ناکاو “بەشێکی ئەو فاجعە گەورەیە و گۆشەیەکی ئەو سیناریۆ رەشە لە خزمەت هەژمونی تەڵەبی ئەمریکادا” لەلایەن حزب و کەسانێکەوە کە خۆیان بە حیکمەتیزم ناوزەد دەکەن، بەم جۆرە بووە بەمایەی ستایش و هەڕەشەی ئینشقاق دەخەنە سەر حزبەکانی حککع و حککک لەسەر ئەوەی رەخنە لەم جەنگە دەگرن و بە جەنگی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان و هۆکاری نەهامەتی و سیناریۆی کارەساتبار لە قەڵەمی دەدەن؟!!

هەڵوێستەکەی خۆیان بە هەڵوێستی حیکمەتیست بەرامبەر شەڕی ئەفغانستان دەشوبهێنێ، بەڵام راستیەکەی رێک بە پێچەوانەیە. لە شەڕی ئەفغانستاندا حیکمەتیزم لە ئاستی جیهانیدا بانگەوازی خەڵکی ئازادیخوازی کرد دژی شێوازی تیرۆریستی هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ئەفغانستان رابوەستن، لە ئاستی ناوخۆی ئەو وڵاتەشدا لە هاوشانی ئۆپۆزیسیۆن پێشرەوی ئەنغانستان راوەستا بۆ رووخاندنی تالیبان لە جەرگەی ئەو هەلومەرجە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی هەڵبژێردراوی خەڵک. (ر.ح) هەم لە ئاستی جیهانی وهەم لە ئاستی ناوخۆدا بە پێچەوانەی حیکمەتیزم هەڵوێست و جێگای خۆی هەڵبژاردوە. لە ئاستی جیهانیدا زۆر راشکاوانە پاساو بۆ پاسیفیزمی بەشەریەتی ئازادیخواز دەهێنێتەوە، بەو بەهانەیەی لە ناوخۆی عێراقدا بەرەی سێهەمێک نیە تا پشتیوانی لێ بکەن و بە شێوەیەکی زۆر راشکاویش پاساو بۆ بۆردومان و کوشتاری خەڵکی سڤیڵ دەهینێتەوە. کە دواتر ئەمە روون دەکەمەوە. لە ئاستی ناخۆی عێراقیشدا بە بەهانەی ئەوەی کە کۆمۆنیزم دەبوو لە ١٣ ساڵی رابردوودا بزووتنەوەی مقاوەمەت و مبارەزەی کرێکاران و خەڵکی سازمانبدایە بەڵام ئەم کارەی نەکردووە، بۆیە ئەو و حزبەکەی لە هاوشانی شەڕی ئەمریکاو دەسەڵاتی ناوخۆی عێراق رادەوەستن و سەرزەنشتی ئێمە دەکەن کە ئەم تیرۆریزمە دەوڵەتیە بە پاساوی شەڕ لەگەڵ داعش پەسەند ناکەین. لەم بارەیەوە دەڵێ “”دەبوایە لەم ١٣ ساڵەدا بەرەی سێهەمی مقاوم و مبارز و موتەکی بە خەڵک سازمانبدەن، ئەمڕۆ لەم کێشمەکێشەدا، ئەم جەبهەی سێهەمی کرێکار و خەڵکە وجودی دەبوو، ئیستا ئێمە دەستمان ئاوەڵا دەبوو و روومان دەکردە جیهان و ئەمان ووت ئەم جەبهەیە بە قوەت بکەن، بۆ پاکردنەوەی داعش نە دوای سوپای عێراق و پێشمەرگە و نە ئومێد بە تورکیا و ئێران مەبەستن”

کورت و پوخت دەڵێ ئێستا ئەوان دەستیان ئاواڵا نیە هەڵویستی حیکمەتستی بگرنەبەر چونکە لە ١٣ ساڵ لەمەوبەرەوە ئەو بەرەی سێهەمە سازمان نەدراوە. ئەمە پاساوێکی نەک هەڵە و کوشندە، بەڵکو کارەساتبارە بۆ هەڵویست و هەڵبژاردنی سیاسەتی ئومێد و راوەستان لە پاڵ هێرشی هاوپەیمانان و هێزە قەومی و دینی و مەزهەبیەکان. بیگومان رۆڵی لاوازی دوو حزبی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراق و دەست نەبردن بۆ سازماندانی بزوتنەوەی سیاسی و جەماوەری چەکدار لە ناو دۆخی ئەم سیناریۆ تەڵخەدا، جێگای رەخنەی قوڵ و جدیە، بەڵام یەکەم/ چ خێرە ئەم رەخنەیەی کە ١٣ ساڵە مەوزوعیەتی هەیە، رێک لە ئێستادا و لە نێو ئەم دۆخەی ئێستادا هێنراوەتە گۆڕێ؟! لە راستیدا ئەمە رەخنەی کۆمۆنیستی نیە لەو دوو حزبە، بەڵکو پاساوێکە بۆ ناچار نیشاندانی خەڵکی عێراق کە ئومێد بە هێزە جیهانی و ناوخۆیە کۆنەپەرستەکان و جەنگی دڕندانەیان ببەستن، بە ناوی سیاسەتی کۆمۆنیستی و دەخالەتگەرانەوە. دووەم/ کاتێک حیکمەتیزم لە شەڕی ئەنغانستاندا وتی “لە هاوشانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشڕەو رادەوەستین” ئەوکات لەو ولاتەدا ئۆپۆزیسیۆنێکی پێشڕەو تەنانەت لە ئاستی ئێستای دوو حزبی حککع و حککش خۆی نیشان نەدابوو. بەڵام ئەمە نەکرا بە پاساو و بەهانە بۆ فەرامۆش کردنی سیاسەت و هەڵوێستی ئوصولی کۆمۆنیستی. (ر.ح) لەوەی تا ئیستا لەم بارەیەوە نوسیوێتی و وتویەتی، تەنها بریتیە لە سەرزەنشت کردن و هەوڵی سازکردنی تەفرەقەو ئینشقاق لە ریزی حزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەلایەک و پاساو هێنانەوە بۆ هێڕش و بۆمباران و کوشتاری خەڵک و خاپورکردنی مەدەنیەت لەلایەکی ترەوە. رێک بە پێچەوانەی سیاسەت و هەڵوێستی حیکمەتیزم.

بەڵام کارەسات ئەوەیە کە بە ناوی کۆمۆنیزم و حیکمەتەوە بەوپەڕی چاوقایمیەوە پاساو بۆ کوشتاری خەڵک بهێنرێتەوە، گوێبگرن و بزانن سیاسەتی “دەخاڵەتگەرانە و حیکمەتیستانە”ی ئەم حزبە دەگاتە چ ئاستێک لە نائینسانی؟ دەربارەی ئەوەی کە لەم شەڕەدا خەڵک دەکوژرێت و دوو حزبی حککع حککک دەڵێن یەک ملیۆن و نیو خەڵکی سڤیڵ لەم شارەن کە بۆمباران دەکرێت و داعش ئەوانی کردوە بە قەڵغانی بەشەری، دەڵێت؛

” نوکتەیەکی دیکە باسی ئەوەتان کرد لە موسڵ یەک میلۆن و نیو خەڵک هەیە ئەگەر وابێ شەڕەکە لەتمە دەدات لە خەڵک. بەداخەوە ئەمە ئەمرێکی واقعە لە شەڕدا خەڵکیش لەتمە دەبینن، بەڵام قسە ئەوەیە مەگەر ئەو یەک ملیۆن و نیوە کە لە ژێر دەستی داعشن ، ئێستا ئەسیر نین…..ئەگەر بەم مەنتقە بێت چونکە داعشی لێیە و خەڵک دەکات بە قەڵغانی ئینسانی، چونکە شەڕ بکەی لەگەڵ داعش خەڵکەکە دەکوژرێ، جا گەر وابێت هەر جێگایەک داعشی لێ دامەزرا ئیتر نابێ حەملەی پێ بکەی…چونکە لەبەر ئەوەی زەربە لە خەڵک دەکەوێت، داعش هەر لەوێ دەمێنێتەوە. داعش ئەمە ببیستێ بچێتە هەر جێگایەک ئەم قەڵغانە ئینسانیە دروست دەکات…لە مانە گەڕێین ئەگەر رۆژێک ئێمە لە عێراق لەشکری سورمان ببێت حملە ناکەین بە داعش لە موسڵ؟ حملە بکەین بە داعش لە موسڵ سوپای سوربین یان سوپای عێراق. شەڕە و داعشیش دەیەوێ سوء ئیستفادەی خۆی لێبکات و تەلەفاتیش لە خەڵک دەکەوێت” هێڵی تەئکید من دام ناوە
بەراستی چەندە دەکرێت “بەداخەوە” بوونەکەی خاوەنی ئەم قسانە بۆ قوربانیەکانی بۆمباران لە موسڵ بە جدی بگیرێت؟ ئایا دەکرێت بە ناوی حیکمەتیزمەوە بەم سادەییە کوشتاری خەڵک وەکو ئەمری واقع پەسەند بکریت؟ بەڵام لەوەش کارەساتبار تر، ئایا بەراستی ئەگەر رۆژگارێک سوپای سوری کۆمۆنیست لە ئارادا بێت، بەم دڵڕەقی و دیدە نامرۆڤانەیەوە دەڕواتە شەڕ و رەفتارکردن لەگەڵ دانیشتوانی هەر جێگایەک کە لە ژێر دەستی ئینسانکوژانی وەکو داعشدا بێت؟ بەم جۆرە لە ئاست بەقوربانی بوونی خەڵکی سڤیڵ بە گولە و باروتی خۆی بێ دەربەست دەبێت و دەڵێ “ئەمە شەڕە و ئەمری واقعە و تەلەفاتیش لە خەڵک دەکەوێت”؟! هەرکەس بیەوێ رادەی بێگانە بوونی ئەم هەڵوێستە بە حیکمەتیزم هەڵسەنگێنێ، دەبێ ئەو قسانەی سەرەوە لەگەڵ روانگەی حیکمەتی بەراورد بکات. حیکمەت لە باسی سیناریۆی رەش و سیناریۆی سپیدا دەڵێت “دڵنیابن سوپای ئەم حزبە (حککا) نەک هەر خەڵکی غیرە نظامی (سڤیڵ) ناخاتە مەترسیەوە، بەڵکو دەیانپارێزێت. دڵنیابن ئەم حزبە جێگای دانیشتوانی خەڵک و شوێنی کارو ژیانی خەڵکی سڤیڵ تەنانەت ئەگەر لایەنگری سەرسەختی هێزەکانی بەرامبەرمان بن، ناکوتێتەوە.” هێڵی تەئکید من دام ناوە
لە حیکمەتیزمیش بگوزه‌رێین، بەراستی دەستی راستی ترین دەوڵەتی بورژوازی ئەگەر لە جێگایەک تەنها چەند کەس لە هاووڵاتیەکانی بە بارمتە گیرابن، لە بەرامبەر سەڵامەتی گیانی هاوڵاتیەکانیدا بە ئەندازەی (ر.ح) و حزبەکەی بێدەربەست دەبێت؟! ئایا بەر لەوەی بە بۆمبی کۆکوژ بارمتە گیراو و بارمتەگر پیکەوە بکوژێت، چەندین رێگای جۆراوجۆر ناگرێتەبەر بۆ نەجاتدانی هاووڵاتیە بە بارمتە گیراوەکانی؟ ئەو پرسیارەی کە بە پێی ئەم قسانە وا دەردەکەوێت بۆ (ر.ح) و حزبەکەی مەوزوعیەتی نەبێت، بەڵام رەنگە بۆ خوێنەرانی ئەم دێڕانە بایەخی هەبێت، ئەوەیە کە ئەمریکاو لایەنەکانی هێرشبەر چەند رێگایان تاقیکردوەتەوە بۆ نەجاتی یەک ملیۆن و نیو خەڵکی سڤیڵی بە بارمتە گیراو لە موسڵ، کە بە پێی ئامارە فەرمیەکان ٦٠٠ هەزاریان منداڵن؟! وەڵامەکەی تەنها یەک رێگایە؛ (بە بڵاوکردنەوەی ملیۆنەها بەیاننامە پەیامیان پێداون کە تەنها رێگا لەبەردەم ئەم خەڵکە ئەوەیە لە ماڵەکانی خۆیان لە ژێر بۆمباران بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە). رۆژانە لە شاشەی تەلەفزینەکانەوە ئەو خەڵکە بێدەرەتانەی کە توانیویانە بەهەر کارەساتێک بێت گیانی خۆیان نەجات بدەن، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە؛ بۆچی رایان کردوە؟ بەشێکی زۆریان دەڵێن لە ترسی بۆمباران (قصف). ئەوە نزمترین ئاستی چاوەڕوانیە لە حزبێک کە ناوی خۆی نابێت حیکمەتیست، هەموو توانای خۆی بخاتەگەڕ بۆ دەرهێنانی دەنگی بەشەریەتی ئازادیخوازی دنیا بۆ فریاکەوتنی ئەو خەڵکە و وەستانەوە دژی بۆمباران کردنیان. نەک لە پاساو هێنانەوە بۆ بۆمباران و تەلەفاتی خەڵکی سڤیڵ وەکو “ئەمری واقع”، گرەو لە هەموو لایەنەکانی هێرشبەر بەرێتەوە. من لە هیچ یەک لە قسەکەرانی لایەنەکانی هێرشبەر ئەم رادەیە لە بێدەربەستیم نەبیستوە. ئەوان لانی کەم درۆی شاخدار دەکەن و دەڵێن سەڵامەتی خەڵکی سڤیڵ لەبەرچاو دەگرین و بۆمبەکانمان زیرەکن و تەنها سەری داعش دەپێکن. لەمەش سەیر و سەمەرتر ئەوەیە کە بتەوێ بەشەریەتی ئازادیخواز وا تێبگەیەنی کە جگە لەم رێگا و شێوە تیرۆریستیە، هیچ رێگایەکی تر بوونی نیە بۆ تەفروتونا کردنی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی! تەنانەت تا ئەو جێگایە سنور ببەزێنێ لە پاساودانی ئەم تیرۆریزمە و کوشتاری خەڵکی سڤیڵ و سپی کردنی رووی سوپای عێراقی شیعەگەری سونی کوژ، کە بڵێی ئەگەر “حملە بکەین بە داعش لە موسڵ سوپای سوربین یان سوپای عێراق. شەڕە و داعشیش دەیەوێ سوء ئیستفادەی خۆی لێبکات و تەلەفاتیش لە خەڵک دەکەوێت”!

بەڵام کارەساتی گەورەتر، بێدەربەستی زیاتر و پەیامی دڵڕەقانە تر، هێشتا ماوە بیبیستین! سەرنج بدەن و بزانن چی دەڵێت؟ “بەڵام من لەو باوەرەدا نیم ئەو ملیۆن و نیوە لەوێن تەلەفاتی قورسیان لێ بکەوێت، ئەو خەڵکەش ئەتوانن مشوری خۆیان بخۆن، ئەتوانن پەناگا و ئەمنگا بۆ خۆیان دروست بکەن، ئەتوانن دەستە جەمعی لە فکری مقاوەمەت و مبارەزەبن…..وە نیهایەتیش بە داخەوە لە شەڕدا بەشێک تەلەفات دەدەن…نیهایەتەن هێزێکی عەسکەری بڕوات ئەو خەڵکە نەجات بدات کەمێکیش تەلەفاتیان ببێت چاکترە لەوەی داعش لە موسڵ و هەر جێگایەکی تر بمینێتەوە.” هێڵی تەئکید من دام ناوە

کاتێک گوێ بیستی ئەم قسانە دەبین ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە خاوەنی ئەم قسانە حزبێکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێی بووترێت حیکمەتیست. جێگای خۆیەتی بپرسین لە روانگەی خاوەنی ئەم قسانەوە “کەمێکیش تەلەفات” چەندە؟ ١٠ کەس، ١٠٠ کەس، ١٠٠٠کەس یان چەند؟ خوێنەری ئەم دێڕانە پێویستە بۆ ساتێک ئەوە بهێنێتە بەرچاو کە یەکێک لەو ١٠ یان ١٠٠ یان ١٠٠٠ کەسە منداڵ یان ئازیزێکی خۆیان بێت کە لە موسڵ بە بارمتە گیراوە و لەژێر رەحمەتی بۆمبە زیرەکەکانی هاوپەیماناندایە. تەنها ئەوکات دەکرێت لە رادەی دڵڕەقی ئەم قسانەی کەس یان کەسانێک بگەیت، کە لە ماڵی خۆی ئەمین و ئامان دانیشتوە و ئەم بێدەربەستیە بەرامبەر “کەمێکیش تەلەفات”ی خەڵك دەبەخشێتەوە. ئەو خەڵکەش ئەتوانن مشوری خۆیان بخۆن، ئەتوانن پەناگا و ئەمنگا بۆ خۆیان دروست بکەن، ئاو بێنە و دەستت بشۆ! کار بەدەستانی پنتاگۆن بەم سادەییە وەڵامی رۆژنامە نوسانێک نادەنەوە ئەگەر لەم بارەیەوە پرسیاریان لێ بکەن؟! من نامەوێ قسەی تاڵ و نەشیاو بەسەر زاری خۆمدا بهێنم. بەڵام بەراستی ئەم هەڵوێستە چۆن پێناسە بکەم؟ تەنها دەتوانم بڵێم پاسیڤترین هەڵوێستی سیاسی دنیا بە بەراورد لەگەڵ ئەم هەڵوێستە، بە سەد ئاو شۆراوەتەوە. 

تا کاتێک ئەم قسە و هەڵوێستانە بە ناوی حیکمەتیزمەوە بکرێن، تا کاتێک تەفرەقە و ئینشقاق لە ناو کۆمۆنیزمی کرێکاری عێراقدا کرابێتە مەبەست، قسە کردن دەربارەی هەڵوێستی پاسیفیستی حککع بۆ من مەوزوعیەتی نیە. ئەگەر قەڵەمێک هەبێت بنوسێ، دەبێ بۆ وەڵامدانەی ئەم پاساوی بەربەریەتە لە کاردا بێت. من فێری ئەو نەرێتە نیم لە پلیمیکی سیاسیدا ریزی حزبەکان بانگەواز بکەم بۆ یاخی بوون. ئەوە بە فەرز دەگرم کە خۆیان هۆشیان هەیە و بیریان کردوەتەوە و هەڵبژاردنی خۆیان کردوە. بەڵام خۆم بە بەرپرس دەزانم لە بەرامبەر مارکسیزم و حیکمەتیزمدا بە کۆمۆنیستەکانی وەفادار بە حیکمەتیزم و ئازادیخوازی بڵێم: نابێ بیەڵین ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیە بە ناوی کۆمۆنیزم و حیکمەتەوە تۆمار بکرێت!

سەرەتای نۆڤەمبەری ٢٠١٦

 

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *