Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بارەگای چەکدار و بازگەکان لاببەن! …

بارەگای چەکدار و بازگەکان لاببەن! …

عەبدوڵا مەحمود

لەنزیک بەسێ دەهەی دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بارەگای چەکداری حزبی و پاسەوانی چەکداری ماڵی بەرپرسە باڵاکانیان بەتایبەتیش هی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان، سیمایەکی ناشیرینی بە شارو شارۆچکەکان بەخشیوە. لەوەش زیاتر هەمیشە بۆتە مایەی ترس و دڵەراوکێ و هەروەها نارەزایەتی دانیشتوان.

بوونی بارەگای چەکداری حزبی و ماڵی دەورەدراو بە پاسەوانی چەکدار لەشارەکاندا، لە کاتێکدا حزبەکانی کوردستان و بەرپرسەکانی هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کوردستان ئارامە، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم بارەگا چەکداریانە، بۆ ترساندنی کۆمەڵانی خەڵکە و بەکارهێنانیانە لەبەرامبەر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەی و تورەیی خەڵکیدا.

بەدریژایی ماوەی دەسەڵاتدراێتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ئەوە رۆشن بۆتەوە کە ئەم بارەگا چەکداریانە، لەناو شارو شارۆچکەکاندا وەکو “مارەکانی سەر شانی زوحاک”!! قوربانی ویستووە. هەر گرژییەکی سیاسی نێوان حزبەکان  کەبەرەو قوڵ بوونەوە رۆشتووە، ئەو بارەگایانەو چەکدارەکانیان بوونەتە چەخماغەدانی بەیەکدادانی چەکداری و ژیان و گوزەرانی خەڵکیان کردۆتە مەیدانی جەنگی دەسەڵاتیان و لەو نێوەشدا بە جیا لە قوربانیانی هێزەکانی خۆیان، خەڵکی بێتاون و سڤیل کراونەتە خۆراکی ئەم بەیەکدادانەیان. و دۆخی ترس و تۆقاندنیشیان بەسەر دانیشتواندا زاڵ کردووە. لەهەر تورەبوون و خۆپیشاندانێکی جەماوەریدا بۆ خواستی زۆر سادە، دوبارە چەکداری ئەم بارەگایانەو بەرپرسەکانیان، وەگەرخراون و خۆپیشاندەران و هەڵسوراوانیانان کردۆتە نیشانەو لەو نێوەشدا بە دەیان کەسی لە خۆپیشاندەران گیانیان لەدەستداوە.  لەبەرامبەر بە حزبە نەیارەکانی خۆیاندا، لەبەرامبەر بە نووسەران و رۆژنامەنووسان، لەبەرامبەر بە رابەرانی بزوتنەوەی نارەزایەتی کرێکاریی و جەماوەری… هێزی ئەو بارەگا چەکداری و بەپرسە حزبەکانیان، هێزی ئامادەو یەدەگ بوون بۆ رووبەرووبوونەوەیان.

بۆیە بوونی بارەگای چەکداری حزبەکان لە ناو شارو شارۆچکەکان، بۆتە ملۆزمی سەر ئارامی و ژیان و گوزەرانی خەڵکی و ناشیرین کردنی سیمای شاری و شارستانیەتی.

بردنە دەرەوەی بارەگای چەکدار و ماڵە…. بەرپرسە بە چەک دەورەدراوەکان، یان ناچارکردنیان بەوەی ببرێنە دەرەوەی شارەکان، زۆر وەدواکەتووەو پێویستە هەرچی زووە حزبەکان ناچار بەوە بکرێن کە بارەگا چەکدارییەکانیان ببەنە دەرەوەی شوێنی کارو ژیانی خەڵکی سڤیل… بێگومان دەسەڵاتی سیاسی کە پشتی بە چەکداری حزبی بەستووە، بە خۆشی خۆیان دەست بۆ گواستنەوەی بارەگا چەکدارەکانیان و ماڵی بەپرسە چەکدارەکان نابەن، بۆیە دەبێ بەگوشاری جەماوەری بەسەریاندا بسەپینرێت.

لە پەیوەند بە خاڵی پشکنین و بازگەکانەوە… ئەگەر بوونی بازگە و خاڵی پشکنین، لەسەر سنورەکان، یان لە خاڵی تەماسی نێوان هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدرالی!! عێراق، پاساوی هەبێت، بۆ بەرگرتن بێت بە دزەکردنی باندو دەستەو کەسانی تیرۆریست! و هەوڵێک بێت بۆ بەرگرتن بە کردەوەی تیرۆریستی و پشێوی نانەوە، ئەوا بوونی دەیان بازگە و خاڵی پشکنینی حزبی، لەنێوان شارەکانی ناوخۆی هەرێمدا، ئەو پاساوانەی نییە.

بوونی ئەو بازگانە لەناوخۆی هەریمدا، هیچ پاساوێکی نییە جگە لەوەی وەکو رەمزی دەسەڵاتی زۆنەکان و حزبی دەسەڵات بەدەستی ئەو زۆنانە بەکاردەهێنرێن، لەلایەکەوە بۆ ریگریکردن لە کادرو سەرانی حزبەکان لەکاتی گرژی نیوانیان و لەلایەکی تریشەوە بۆ رێگریکردن و دەستگیرکردنی هەڵسوراوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و نووسەران و رۆژنامەنووسانی نەیاریانە… دیارە ئەمەش درۆی حکومەتداری و بانگەشەی سەروەری یاسا پوچەڵ دەکاتەوە، کە رۆژانە سەرانی دەسەڵات ومیدیای خۆشخزمەت و مۆڵەت پێدروایان رایدەگەیەنن، چونکە ئەگەر کەسێک” هەر کەسێک” تۆمەتبارە لەرێگای یاساوە!! بازگەی پیویست نییەو دەتوانرێت بدرێتە دادگا و پۆلیسی حکومەت، بەپێی بریاری دادگا دەتوانێت کەسەکە بگرێت، نەک هیزی چەکداری حزبی و بە راسپاردەی بریاری باڵای حزبی و لەسەر کەیسی سیاسی و رەخنەگرتن و بیرورای سیاسی بخرێتە تەڵەی حزبەوە.

بۆیە بەهەمان شێوەی بارەگای چەکداری حزبەکان” لق و ناوچە، مەڵبەندو کۆمیتە و کەرت” و ماڵی چەکداری بەرپرسە حزبەکان پێویستە ببرێنە دەرەوەی شارەکان و دووربخرێنەوە لە شوێنی نیشتەجێ بوونی هاوڵاتیان، ئاواش پێویستە بازگەکانی ناوخۆی هەرێم هەڵبگرێن. دیارە دەسەڵاتی چەکداری حزبی لەو حاڵەتەشدا هەر دەست پارێزی لە گرتن و سەرکوت… ناکەن، بەڵام لانی کەم شوێنی کارو ژیانی خەڵکی پارێزراو دەبێت و کەشی ترس و تۆقاندن، کەمتر دەبێتەوە. و ژمارەیەکی زۆریش لە بینای دەست بەسەرداگیروادا بۆ هاوڵاتیان دەگێردرێنەوە.

بردنە دەرەوەی بارەگای چەکداری حزبەکان لە شارو شارۆچکەکان و شوێنی کارو ژیانی خەڵکیدا، لەگەڵ هەڵگرتنی بازگەو خاڵی پشکنینی حزبی ناو هەرێمدا، دوو ویستی گرنگی خەڵکی کوردستانن و کۆمەك بە ئارام راگرتنی شارەکانی هەرێم و دانیشتوان دەکەن و کەشی ترس و تۆقاندن و میلیتاریزەکردن کەم دەکەنەوە. بۆجێ بەجێکردنی ئەو کارەش، نارەزایەتی جەماوەری و هاتنە مەیدان و خەباتی لێبڕاوانەی دەوێت…

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦١ی ١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە

 

About hkkk

Check Also

پیلانی نێودەوڵەتی بۆ له‌ژێرپێنانی ئیرادەی خەڵکی کوردستانی سوریا مه‌حکومه‌! …

“ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە ڕوداوەکانی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا” دوابەدوای لەشکرکێشی دەوڵەتی بۆرژوا- …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *