Home 6 بزوتنەوەی شورایی لەکوردستان!

بزوتنەوەی شورایی لەکوردستان!

له‌یادی‌ شوراكاندا .. بژی‌ ده‌سه‌لاتدارێتی‌ جه‌ماوه‌ری‌!

3/18 ساڵیادی‌ شوراكانی‌ كوردستانه‌ كه‌له‌كه‌شو هه‌وای‌ ڕاپه‌ڕینی‌ ساڵی‌ 91دا، بووه‌ به‌شێك له‌مێژووی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان. به‌جۆرێك كه‌باسكردن له‌مێژووی‌ ڕاپه‌ڕین و ڕووداوه‌كانی‌ دواتر، به‌بێ‌ باسی‌ شوراو بزوتنه‌وه‌ی‌ شورایی‌ كارێكی‌ ناته‌واوه‌. به‌لام شووراكان چی بوون وچیان ده‌ویست؟
بزوتنه‌وه‌ی‌ شورایی‌ وه‌ك واقعیه‌تێكی‌ تازه‌ی‌ خه‌باتی‌ خه‌ڵكی‌ كرێكارو زه‌حمه‌تكێشی‌ كوردستان، به‌رهه‌می‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ چینی‌ كرێكاری‌ كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی‌ چه‌پ و سوننته‌ێكی‌ ڕادیكالی‌ ئینسانییه‌، به‌رهه‌می‌ هاتنه‌كایه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ شاری‌ و خه‌باتی‌ سیاسی‌ و جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌.به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ناسیونالیزم و بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ كه‌ لادی‌ و شه‌ڕی‌ پێشمه‌رگانه‌ چوارچێوه‌ و ڕێبازی‌ ته‌قلیدی‌ باوی‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ كوردستاندا داسه‌پاند بوو شوراكان سونه‌تیكی‌تازه‌ی‌ خه‌بات و ڕێبازێكی‌ پێشكه‌وتوانه‌و مۆدێرنی‌ له‌كۆمه‌ڵگای‌ كوردستاندا به‌رجه‌سته‌ كرده‌وه‌.
به‌لام شوراكان ته‌نها به‌م خاسیه‌ته‌ تازه‌یه‌و به‌و كۆمه‌ڵه‌ خواستانه‌وه‌ ناناسرێنه‌وه‌ كه‌ڕووی‌ له‌هێنانه‌كایه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و خۆشگوزه‌ران كردبوو، بگره‌ شوراكان كه‌له‌ژێر دروشمی‌ “نان، كار، ئازادی‌، حكومه‌تی‌ شورایی‌”دا سه‌رله‌وحه‌ی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردستانیان داگیركرد، نمونه‌ی‌ ده‌سه‌لاتدارێتی‌ خه‌ڵكیان هێنایه‌كایه‌وه‌. به‌واتایه‌كی‌ تر شوراكان جگه‌له‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌خواستی‌ وه‌ك “35 سه‌عات كاری‌ ڕۆژانه‌”، “یه‌كسانی‌ ژن و پیاو” “ئازادی‌ بێقه‌یدو شه‌رتی‌ سیاسی‌ وئازادی‌ خۆپێشاندان و ڕێكخراوبوون”.. به‌گوێ‌ی‌ كۆمه‌ڵگادا دا، به‌كرده‌وه‌ خۆیان نمونه‌ی‌ شێوازێكی‌ ده‌سه‌لاتدارێتییان له‌كوردستاندا هێنایه‌كایه‌وه‌. ده‌سه‌لاتێك كه‌تێیدا ئیراده‌ی‌ خه‌ڵك خۆیان چ له‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ كۆمه‌ڵگادا وچ له‌دانانی‌ یاساكانی‌ ولاتدا فاكتۆری‌ بڕیارده‌ر وسه‌ره‌كین. شوراكان كه‌نمونه‌ی‌ حاكمیه‌تی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بوون، له‌سه‌ربنه‌مای‌ سیسته‌می‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ گشتی‌ له‌گه‌ڕه‌ك و ناوه‌نده‌كانی‌ كارو لێره‌شه‌وه‌ له‌ئاست شار وشارۆچكه‌كانی‌ كوردستان وپاشان كۆنگره‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ سه‌راسه‌ری‌ كوردستان، سیسته‌می‌ ده‌سه‌لاتدارێتیان وێناكردبوو، دیموكراتیكترین و ڕاسته‌خۆترین شێوه‌ی‌ ده‌سه‌لاتدارێتیان له‌هه‌ناوی‌ خۆیاندا هه‌ڵگرت. ئه‌م نمونه‌یه‌ له‌ده‌سه‌لاتی‌ جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ره‌وه‌ بۆخواره‌وه‌ واته‌ له‌شورای‌ گه‌ڕه‌كه‌وه‌ تا كۆنگره‌ی‌ سه‌راسه‌ری‌ شوراكان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن و گه‌ر بشیانه‌وه‌ی‌ وه‌لای‌ ده‌به‌ن. هاوكات شوراكان ونوێنه‌رانی‌ خه‌ڵك له‌شوراكاندا هه‌م یاسادانه‌رن و هه‌م جێ‌به‌جێ‌ كه‌ری‌ یاسان و هیچ ئۆرگان ونیهادێكی حزبی‌ و ناحزبی‌ له‌سه‌روی‌ بڕیاری‌ ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌. ته‌نانه‌ت موچه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ خه‌ڵك له‌شوراكاندا له‌موچه‌ی‌ كرێكارێكی‌ ماهیر تێپه‌رنابێت.. هه‌موو ئه‌مانه‌ خاسیه‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ جه‌ماوه‌رین كه‌له‌شوراكاندا پێناسه‌ی‌ بۆكراوه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌كرێ‌ بڵێین كه‌ له‌سیسته‌می‌ شورایدا ئیراده‌و بڕیاری‌ خه‌ڵك خۆی‌ ئامانجه‌ وناكرێنه‌ ئامڕازی‌ ده‌ستی‌ بڕیاری‌ هیچ لایه‌نێكی‌تر، به‌واتایه‌كی‌تر حكومه‌تی‌ شورایی‌ گێرانه‌وه‌ی‌ ئیراده‌ی‌ جه‌ماوه‌ر له‌خۆیانه‌وه‌ بۆخۆیان.
به‌لام ئه‌گه‌ر به‌خێرایی‌ سه‌رنجمان بده‌ینه‌ سه‌ر ده‌سه‌لاتێك كه‌ ناسیونالیزمی‌ كورد له‌دوای‌ ڕاپه‌رینه‌وه‌، كه‌به‌ناوی‌ دیموكراتی‌ و په‌رلمان و یاسا و حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌، نیشانی‌ داوه‌ ئه‌وا ئێمه‌ جگه‌له‌دیارده‌ی‌ فه‌ساد وگه‌نده‌ڵی‌ و قورغكردنی‌ سامان وداهاتی‌ خه‌ڵك شتێكی‌ترمان به‌رچاوناكه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی‌ كه‌ناوبه‌ناو خه‌ڵكی‌ دێننه‌ به‌رده‌م سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدانه‌وه‌، ته‌نهاو ته‌نها بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌سیاسه‌تی‌ حزبه‌كان له‌پشتی‌ په‌رده‌وه‌ ڕه‌سمیه‌ت پێ‌بده‌ن وپاشان بیان نێرنه‌ ماڵه‌وه‌. به‌مجۆره‌ش له‌نمونه‌ی‌ ئه‌م ده‌سه‌لاته‌دا هه‌م تاكی‌ كۆمه‌ڵگاو هه‌م خه‌ڵك به‌گشتی‌ كراونه‌ته‌ ئامرازی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و سیاسه‌تی‌ حزبه‌كانی‌ وه‌ك پارتی‌ ویه‌كیتی‌ وئیتر خه‌ڵك هیچ ئیراده‌و ڕۆڵێكیان نییه‌ له‌دیاری‌ كردنی‌ بچوكترین مه‌سائیلی‌ ئێستاو داهاتووی‌ ژیانی‌ خۆیاندا. ئه‌مه‌ وێرای‌ هه‌موو كه‌س ئه‌وه‌ده‌زانێت كه‌ ده‌سه‌لاتی‌ ئێستا پاڵی‌ داوه‌ به‌ چه‌ندین ده‌زگای‌ سه‌روخه‌ڵكی‌ وه‌ك ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگاكانی‌ هه‌واڵگری‌ و دیبلۆماسی‌ نهێنی‌ نێوحزبه‌كان خۆیان.. هه‌موو ئه‌مانه‌ش نیشان ده‌ده‌ن كه‌ده‌سه‌لاتی‌ ئێستا ده‌سه‌لاتی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵك نییه‌ به‌ڵكو ده‌سه‌لاتی‌ بۆرژوازی‌ كورد وسه‌رمایه‌داران و موفته‌خۆرانێكه‌ كه‌به‌رژه‌وه‌ندیان پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كرێكاروزه‌حمه‌تكیشان وژنان ولاواندا..
یادكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ شوراكان كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ی کاتی هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رلمان و پارێزگاكان، به‌پێویست باسی‌ شێوازی‌ حكومڕانی‌ و ده‌سه‌لاتدارێتی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆی‌ ده‌خاته‌وه‌ڕوو. خه‌ڵكی‌ كوردستان كه‌ 22 ساڵه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ ته‌جروبه‌ی‌ حوكمڕانی‌ بۆرژوا ناسیونالیزمی‌ كوردا ژیانیان به‌سه‌ر بردووه‌، كه‌چی‌ هێشتا سه‌رگه‌ردانی‌ و نائارامی و ئه‌گه‌ری بارگرژی وئاژاوه‌ی سیاسی و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ولاتانی ناوچه‌که‌، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ هه‌ر ساته‌یه‌ به‌سه‌رسه‌ریانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌هێشتا موقه‌ده‌راتی‌ ئه‌وان له‌ماف وئازادی‌ و زینده‌گی‌ شایسته‌ی‌ ئینسانی‌، له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی‌ حوكمی‌ ئه‌حزابی‌ میلیشادایه‌و هێشتا بژێوی‌ و مافو ئازادیه‌كانیان به‌گره‌و ده‌گیرێت تا ناسیونالیزمی‌ كورد سیاسه‌تی‌ چه‌وتی‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی‌ مه‌ركه‌زیدا به‌لایه‌كدا بخات.. هه‌رچی‌ زۆرتر باسی‌ شوراو حكومه‌تی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ده‌كاته‌ به‌دیلێك بۆده‌سه‌لات وله‌به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ خه‌بات و تێكۆشان و بزوتنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دژ به‌هه‌لومه‌رجه‌كانی‌ ئێستا دای‌ ده‌نێته‌وه‌. ئێستا ئیتر كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ ئیراده‌ی‌ خۆیان بگرن و خۆیان چاره‌نوسی‌ خۆیان بڕیاربده‌ن. كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌یادی‌ شوراكانی‌ كوردستان بكه‌ینه‌ ڕۆژی‌ هه‌نگاو هه‌ڵگرتنی‌ خه‌باتێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ له‌پێناو حكومه‌تی‌ شورایدا، یانی‌ حكومه‌تی‌ ڕاسته‌وخۆی‌ نوێنه‌رانی‌ خه‌ڵك..

بۆ شارەزایی زیاتر لەسەر بزوتنەوەی شوورایی دەتوانن کتێبی“بزوتنەوەی شوورایی لەکوردستانی عێراق” بخوێننەوە!
تکایە بۆ داگرتنو خویندنەوەی ئەم کتێبە کلیک لەسەر بەشەکان بکە:
بەشی یەکەم   بەشی دووەم     بەشی سێهەم    بەشی چوارەم     بەشی پێنجەم     بەشی شەشەم      بەشی حەوتەم