Home 6 بنەما ڕیکخراوەییەکان

بنەما ڕیکخراوەییەکان

پەیڕەوی ناوخۆی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

  پێشه‌كی‌:
بنه‌مای‌ رێكخراوه‌یی‌ حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ كوردستان ئه‌و بنه‌ما گشتی‌یه‌یه‌ كه‌ به‌نده‌كانی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ‌و مه‌وازینه‌ ته‌شكیلاتیه‌كانی‌ حیزب پشتی‌ پێ‌ده‌به‌ستن. په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری له‌ هه‌ر ده‌ورانێكدا پێكهاتووه‌ له‌م به‌ڵگه‌یه‌و ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئاییننامه‌ ته‌نفیزی‌‌و بڕیار‌و مه‌وازینانه‌ی‌ كه‌ كۆنگره‌ یان كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ حزب له‌سه‌ بنچینه‌ی‌ ئه‌م بنه‌ما رێكخراوه‌ییانه‌ له‌ مه‌یدانه‌ موشه‌خه‌ستره‌كانی‌ چالاكی‌ حیزبیدا په‌سه‌ندیان ده‌كات. ئه‌م بڕیار‌و ئاییننامانه‌ ناكرێ‌‌و نابێ‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و بنه‌مایانه‌بن كه‌ له‌م به‌ڵگه‌یه‌دا هاتوون.

یه‌که‌م:
بنه‌ما رێكخراوه‌ییه‌كانی‌ حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ كوردستان:

  1. حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ كوردستان رێكخراوێكی‌ شۆڕشگێڕی‌ ماركسیستی‌یه‌ كه‌ بۆ رێكخراوكردن‌و رێنوێنی‌ چینی‌ كرێكار به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ شۆڕشی‌ كۆمۆنیستی‌ دامه‌زراوه‌.
  2. حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ كوردستان جێگایه‌كه‌ بۆ یه‌كگرتن‌و هه‌ڵسووڕانی‌ كرێكارانی‌ كۆمۆنیست‌و گشت خه‌باتگێڕانی‌ رێگای‌ شۆڕشی‌ كۆمۆنیستی‌ چینی‌ كرێكار. ئه‌ندامه‌تی‌ له‌ حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ كوردستان په‌یوه‌نده‌ به‌ داواكاری‌ كه‌سه‌كه‌ خۆی‌. هه‌ركه‌سێ‌ خۆی‌ به‌ كۆمۆنیست‌و به‌ به‌شدار له‌ ئامانجه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌كانی‌ حزب بزانێ‌‌و ئاماده‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌م ئامانجانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ كوردستان ده‌ست بداته‌ چالاكی‌ مونه‌زه‌م، ده‌توانێ‌ ببێته‌ ئه‌ندامی‌ حزب. دوور كه‌وتنه‌وه‌ یان چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ حزبیش ئازاده‌‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌ داواكاری‌ كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌تی‌.
  3. ئه‌ندامه‌تی‌ له‌ حزبدا هیچ كام له‌ ماف‌و ئازادیه‌ فه‌ردی‌‌و مه‌ده‌نیه‌كان به‌رته‌سك ناكاته‌وه‌. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌، ئه‌ندام بوون له‌ حزبدا له‌ هیچ بار‌ودۆخێكدا نابێته‌ مایه‌ی‌ هیچ خۆ هه‌ڵاواردنێك‌و ئیمتیازێك نیسبه‌ت به‌ باقی‌ خه‌ڵكی‌ تره‌وه‌.
  4. كادر به‌و ئه‌ندامه‌ له‌ حزبدا ده‌وترێ كه‌ چ له‌رێگای‌ هه‌ڵبژاردن یان دامه‌زراندنه‌وه‌ مه‌سئولییه‌تی‌ رێكخراوكردن‌و رێنوێنی‌ چالاكی‌ حزبی‌ بدرێته‌ ئه‌ستۆ له‌ شوێنێكی‌ دیاریكراودا. هه‌ڵسووڕان وه‌ك كادر پێویستی‌ به‌ قبووڵكردنی‌ مه‌وازین‌و دیسپلینێك هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و مه‌سئولییه‌ته‌ حزبی‌یه‌دا دێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر فه‌ردێك ده‌یخاته‌ ئه‌ستۆی‌ خۆی‌. ئه‌م مه‌وازین‌و دیسپلینه‌ له‌وانه‌یه‌ ئیلتیزاماتی‌ زیاتر‌و په‌یره‌وی‌ له‌ ئینزباتی‌ قایمتر بخاته‌ سه‌رشانی‌ كه‌سه‌كه‌ له‌چاو ئه‌و مه‌وازینه‌ گشتی‌یانه‌ی‌ كه‌ چاودێره‌ به‌سه‌ر ئه‌رك‌و مافه‌كانی‌ ئه‌نداماندا به‌گشتی‌. ئه‌و مه‌وازینانه‌ی‌ كه‌ چاودێره‌ به‌سه‌ر هه‌ڵسووڕان وه‌ك كادری‌ حزب وه‌ له‌ بڕیارنامه‌كانی‌ تایبه‌تی‌ چالاكی‌ هه‌ر ئۆرگان‌و هه‌روه‌ها له‌و به‌ڵگانه‌دا ده‌نووسرێنه‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ گشتی‌ حزب له‌ كادره‌كان ده‌خاته‌ ڕوو.
  5. حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری رێكخراوێكه‌ بۆ رێكخراوكردن‌و رێنوێنی‌ خه‌باتێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌لایه‌ن خودی‌ چینی‌ كرێكاره‌وه‌‌و به‌تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌ رێكخراوه‌ییه‌كانیشی‌ په‌یڕه‌وی‌ له‌و ئامانجه‌ سه‌ره‌كی‌یه‌ ده‌كه‌ن. بینا‌و مه‌وازینی‌ رێكخراوه‌یی‌ حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ لێكهه‌ڵپێكانی‌ هه‌رچی‌ فراوانتری‌ پێشڕه‌وانی‌ كۆمۆنیستی‌ چینی‌ كرێكار‌و چالاكی‌ به‌رده‌وامیان له‌ناو حزبدا ئاسان‌و مسۆگه‌ر ده‌كات.
  6. یه‌كه‌ی‌ بناغه‌یی‌ حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری شانه‌ی‌ ئه‌ندامانه‌ كه‌ له‌شوێنی‌ كار‌و ژیانی‌ كرێكاراندا پێكدێت. زنجیره‌ مه‌رته‌به‌ ستوونی‌یه‌كانی‌ حزب رێكخراوێكی‌ هه‌ره‌می‌یه‌ پێكهاتووه‌ له‌ كۆمیته‌ محه‌للی‌یه‌كانی‌ حزب كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان بردنه‌ پێشه‌وه‌‌و رێنوێنی‌ كردنی‌ هه‌ڵسووڕانی‌ حزبی‌ له‌ ناوه‌ندێكی‌ جوگرافیایی‌ دیاریكراودا له‌ ئه‌ستۆدایه‌. گرنگترینی‌ ئه‌م كۆمیتانه‌ بریتین له‌ كۆمیته‌ی‌ گه‌ڕه‌ك، كۆمیته‌ی‌ شار‌و كۆمیته‌ی‌ ناوچه‌. كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌یش له‌سه‌رووی‌ ئه‌م رێكخراوه‌ هه‌ڕه‌مییه‌وه‌یه‌ كه‌ گشت چالاكییه‌كانی‌ حزب له‌ ئاستی‌ سه‌راسه‌ریدا رێكخراو‌و رێنوێنی‌ ده‌كات.
  7. جگه‌ له‌ رێكخراوی‌ هه‌ره‌می‌‌و ستوونی‌، حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری هه‌ركات پێویست بكات، كۆمه‌ڵێك ئۆرگان‌و رێكخراوه‌ی‌ پسپۆڕ‌و ده‌زگای‌ مه‌ركه‌زی پێكدێنێت وه‌ك چاپه‌مه‌نی‌، ده‌زگای‌ راگه‌یاندن‌و فێركردن، شه‌به‌كه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌كردن‌و شتی‌ تر كه‌ له‌ژێر چاودێری‌ ئه‌و كۆمیته‌ ته‌شكیلاتیانه‌دایه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌یان به‌م كارانه‌وه‌ هه‌یه‌.
  8. حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری بۆ فراوان كردنی‌ نفوزی‌ خۆی‌ له‌ رێكخراوه‌ غه‌یره‌ حزبییه‌كاندا، كرێكاری‌ بن یا غه‌یره‌ كرێكاری‌ وه‌ هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ خۆی‌ چاودێر بكات به‌سه‌ر جموجۆڵی‌ ئه‌م رێكخراوانه‌، یان به‌ده‌ستهێنانی‌ رابه‌ری‌ له‌ناو ئه‌م رێكخراوانه‌دا تێده‌كۆشێ. حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری له‌ هه‌رشوێنێك به‌ پێویستی‌ بزانێ خۆی‌ ده‌ست ده‌داته‌ دروستكردنی‌ ئه‌م جۆره‌ رێكخراوانه‌. ئه‌ندامانی‌ حزب له‌ هه‌ر رێكخراوێكی‌ غه‌یره‌ حزبیدا وه‌ك باڵێك یان فراكسیۆنێكی‌ مونه‌زه‌م كار ده‌كه‌ن.
  9. حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری ئه‌ركێتی‌ ده‌خاله‌ت بكا‌و ده‌وری‌ پێشڕه‌وی‌ هه‌بێ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ خه‌باتی‌ چینایه‌تی‌‌و رێكخراوكردنی‌ ره‌وتی‌ كۆمۆنیستی‌ ناو چینی‌ كرێكار له‌ جه‌رگه‌ی‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سیاسیدا. له‌م باره‌وه‌ حزب به‌گوێره‌ی‌ ئه‌م په‌یكه‌ره‌ بناغه‌ییه‌ له‌ هه‌ر قۆناغێك‌و له‌جه‌رگه‌ی‌ هه‌ر بارودۆخێكدا جۆرێك ئارایشی‌ رێكخراوه‌یی‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌گرێت كه‌ بتوانێ‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی‌ پێداویستی‌یه‌ دیاریكراوه‌كانی‌ خه‌باتی‌ چینایه‌تی‌ بێت له‌ هه‌ر ده‌ورانێكدا. پێداویستی‌یه‌كانی‌ هه‌ڵسووڕانی‌ عه‌له‌نی‌‌و قانوونی‌ چالاكی‌ نهێنی‌‌و ژێرزه‌مینی‌، چالاكی‌ سیاسی‌ یا سه‌ربازی‌، چالاكی‌ له‌ ده‌ورانی‌ ركود یا هه‌ڵچوونی‌ سیاسیدا، چالاكی‌ له‌ بارودۆخی‌ بوون یان نه‌بوونی‌ رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری‌یه‌ كرێكاره‌كان‌و… تاد. هه‌ریه‌كێك له‌وان كارده‌كاته‌ سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌ رێكخراوه‌ییه‌كانی‌ حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری‌و جۆری‌ ئۆرگان‌و ئه‌و ده‌زگا رێكخراوه‌ییانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌وه‌ پێكدێن.
  10. باڵاترین ئۆرگانی‌ رابه‌ری‌ حزب كۆنگره‌یه‌ كه‌ لانی‌ كه‌م هه‌ردوو ساڵ‌ جارێك ده‌به‌سترێ‌. كۆنگره‌ له‌ نوێنه‌رانی‌ رێكخراوه‌ حزبییه‌كان پێك دێت كه‌ به‌ده‌نگدانی‌ راسته‌وخۆی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ هه‌ڵبژێردراون باڵاترین ئۆرگانه‌ رابه‌ریه‌كانی‌ حزب له‌نێوان دوو كۆنگره‌دا كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌یه‌ كه‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ له‌ هه‌ر كۆنگره‌یه‌كدا هه‌ڵده‌بژێردرێن.
  11. هه‌موو كۆمیته‌ حزبیه‌كان له‌ مه‌رته‌به‌ ستوونیه‌كانی‌ ته‌شكیلاتدا له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن.
  12. مه‌سه‌له‌ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ مه‌رته‌به‌كانی‌ ته‌شكیلاتدا په‌یڕه‌وی‌ كردنی‌ هه‌ر كۆمیته‌یه‌كه‌ له‌ بڕیاره‌ په‌سه‌ندكراوه‌كانی‌ كۆمیته‌ی‌ باڵاتر‌و هه‌موو كۆمیته‌كان له‌ بڕیاره‌ په‌سه‌ندكراوه‌كانی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌.
  13. هاوفكری‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ ئامانجی‌ هاوبه‌ش‌و هاوهه‌نگاوی‌ خه‌باتی‌ عه‌مه‌لی‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌، مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ له‌ په‌یوه‌ندی‌یه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریدا، به‌رفراوانترین ئاڵوگۆڕی‌ بیروڕا‌و هاوفكری‌‌و زۆرترین ماوه‌دان بۆ ده‌ربڕینی‌ بیروڕا‌و بۆچوونی‌ جیاوازی‌ كه‌سه‌كان له‌كاتی‌ بڕیاردان له‌ ئاسته‌ جۆراوجۆره‌كاندا، له‌گه‌ڵ‌ زۆرترین پێداگرتن له‌سه‌ر ئینزبات‌و هاوهه‌نگاوی‌ یه‌كپارچه‌یی‌ عه‌مه‌لی‌ له‌ بردنه‌پێشه‌وه‌ی‌ سیاسه‌ته‌كان‌و په‌سه‌ندكراوه‌كاندا، كۆڵه‌كه‌یه‌كی‌ لێكجیانه‌كراوه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌یه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری پێكدێنن.
  14. ئینزباتی‌ پته‌وی‌ ته‌شكیلاتی‌ مه‌رجێكی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌رده‌وامبوونی‌ كار‌و پێشڕه‌وی‌ حزبێكی‌ شۆڕشگێری‌ كرێكاریه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی‌ ناله‌بار‌و به‌رته‌سكی‌ ئێستادا ته‌نانه‌ت له‌ لیبراڵترین وڵاتاندا، ئه‌و ئینزباته‌ی‌ كه‌ له‌ناو حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریدایه‌ ئینزباتێكه‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌ ئاگایی‌ ئه‌ندامان به‌ پێداویستی‌یه‌ عه‌مه‌لیه‌كانی‌ خه‌باتی‌ كۆمۆنیستی‌‌و هه‌لومه‌رجی‌ چالاكی‌ حزبه‌وه‌. دیسپلینی‌ حزبی‌ به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م پاشكۆی‌ ئینسجامی‌ سیاسی‌‌و مه‌عنه‌وی‌ حزب‌و پوختی‌‌و وشیاری‌ ئه‌ندامان‌و هه‌ڵسووڕانیانه‌، حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری له‌گه‌ڵ‌ كۆششی‌ به‌رده‌وامی‌ بۆ فێركردنی‌ ئه‌م دیسپلینه‌‌و به‌هێزكردنی‌ ئه‌م ئاگایی‌‌و وشیاری‌یه‌ له‌نێو ئه‌ندامان‌و هه‌ڵسووڕاوانی‌ خۆیدا. له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره‌ لادانێك له‌ دیسپلینه‌ حزبیه‌كان ئیجرائاتی‌ ئینزباتی‌ دیاریكراو ده‌گرێته‌به‌ر، ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ ره‌سمیی‌ كه‌مترین‌و ده‌ركردن (لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامه‌تی‌) توندترین ئیجرائاتی‌ ئینزباتی‌یه‌ له‌ناو حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریدا.
  15. بنه‌مای‌ دیاریكردنی‌ ئه‌رك‌و مه‌سئولیه‌ته‌ حزبیه‌كانی‌ هه‌ر كه‌سێك به‌نده‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئاگایانه‌ی‌ كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌وه‌. هیچ كه‌سێك له‌ ئه‌ندامانی‌ حزب به‌زۆر‌و به‌بێ‌ ئاره‌زووی‌ خۆی‌ هیچ ئه‌رك وه‌یا به‌جێگه‌یاندنی‌ هیچ كارێك یا مه‌سئولییه‌تێكی‌ پێ‌ ناسپێردرێ‌. له‌ هه‌مان كاتدا قبوولًكردنی‌ هه‌ر مه‌سئولیه‌تێكی‌ ته‌شكیلاتی‌‌و به‌شداریكردن له‌ هه‌ر ئۆرگانێكی‌ حزبیدا به‌ مانای‌ ده‌ربڕینی‌ ئاماده‌بوونی‌ ئاگایانه‌ی‌ كه‌سه‌كه‌یه‌ بۆ قبوولًكردنی‌ ئه‌ركه‌كان‌و شێواز‌و دیسپلین‌و مه‌وازینه‌ ته‌شكیلاتیه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ وه‌ وه‌زیفه‌‌و ئۆرگانه‌وه‌.
  16. حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری ده‌خاله‌ت ناكات له‌ژیانی‌ تایبه‌تی‌ ئه‌ندامانی‌ خۆیدا. به‌ڵام ئه‌و مافه‌ش هه‌میشه‌ به‌خۆی‌ ده‌دا كه‌ له‌ هه‌رشوێنێك ره‌فتار‌و كرده‌وه‌ی‌ ئه‌ندامی‌ حزب له‌ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا پێشێلی‌ پره‌نسیپه‌ حزبییه‌كانی‌ كرد ئیجرائاتی‌ ئینزباتی‌ پێویستی‌ له‌گه‌ڵدا بكات تاراده‌ی‌ لـێ‌سه‌ندنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامه‌تی‌ كه‌سه‌كه‌.

دووه‌م:
هه‌ندێک بڕیاری ته‌شکیلاتی:
ئه‌رکه‌کانی کۆمیته‌ حزبیه‌کان:
ڕیکخستنی حزب له‌ هه‌موو جێگایه‌ک‌و مه‌یدانێک پشت به‌ کۆمیته‌ حزبیه‌کان ده‌به‌ستێت.
کۆمیته‌ حزبیه‌کان له‌ هه‌ر جێگایه‌ک‌و له‌ مه‌یدانی چالاکی خۆیان به‌رپرسیارێتی هه‌موو بواره‌کانی چالاکی حزبیان ده‌که‌وێته‌ سه‌رشان. کۆمیته‌کان له‌سه‌ریانه‌ که‌ ئه‌رکی هۆشیارکردنه‌وه‌ی چینی کرێکار‌و یه‌کخستنی، کۆکردنه‌وه‌‌و هه‌ڵخڕاندنی کۆمه‌ڵگا، فراوانکردنه‌وه‌‌و جێخستن‌و تۆکمه‌کردنی حزب‌و به‌هێزکردنی، ڕاکێشانی جه‌ماوه‌رێکی زیاتر بۆ حزب، ڕێکخستنی هه‌موو لایه‌نه‌کانی خه‌باتی فیکری‌و سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ شوێنی هه‌ڵسوڕانیان، کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ک‌و یارمه‌تی ماڵی، بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی حزب‌و بڵاوکراوه‌کانی‌، سازدان‌و هاندانی له‌ نێو جه‌ماوه‌ری شوێنی هه‌ڵسوڕانیان‌و هه‌موو ئه‌رکه‌کانی تری حزب له‌ ئه‌ستۆ بگرن.
ئه‌رکی سه‌رشانی کۆمیته‌ حزبیه‌کانه‌ که‌ له‌ مه‌یدانی هه‌ڵسوڕانی خۆیاندا ڕێ‌و‌شوێنی جێبه‌جێکردنی به‌کرده‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ بدۆزنه‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن ئۆرگان‌و دامه‌زراوه‌ حزبیه‌کانه‌وه‌ پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت‌، له‌ کاتی پێویستدا بڕیاری پێویست بۆ جێبه‌جێکردنیان بده‌ن، حزب‌و کۆمه‌ڵگا بۆ جێبه‌جێکردنیان هه‌ڵبخڕێنێنن‌‌و جێبه‌جێکردنی ئه‌و سیاسه‌ت‌و بڕیارانه‌ ته‌ئمین بکه‌ن.
مافی کۆمیته‌ حزبیه‌کانه‌ که‌ له‌ مه‌ودای هه‌ڵسوڕانی خۆیانداو له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی گشتی ‌حزبدا، سیاسه‌تی خۆیان دابڕێژن‌و پیاده‌ی بکه‌ن.
مافی کۆمیته‌ حزبیه‌کانه‌، له‌ کاتێکدا که‌ بارودۆخی ئه‌منی ڕێگا ده‌دات، له‌ پێناوی بڵاوکردنه‌وه‌و ڕاگه‌یاندنی سیاسه‌ته‌کانمی خۆیاندا، سوود له‌ ده‌رکردنی بڵاوکراوه‌، به‌یان‌و ڕاگه‌یاندنه‌ حزبیه‌کان به‌ ناوی خۆیانه‌وه‌ یان له‌‌ هه‌ر ڕێگایه‌کی گونجاوه‌وه له‌ ئه‌نته‌رنێت‌و هه‌ر ئامرازێکی ڕاگه‌یاندنی بیستراوو بینراو، وه‌ربگرن.
ده‌بێ کۆمیته‌ حزبیه‌کان ڕێکخستنه‌کانی حزب له‌ پێناوی جێبه‌جێکردنی سیاسه‌ته‌کانی حزب‌و به‌دیهێنانی ئامانجه‌ دیاریکراوه‌کان‌ یه‌کگرتوو بکه‌ن‌‌و ئاماده‌ییه‌کانی ڕێکخستنه‌کان بۆ ئه‌مه‌ به‌رنه‌‌ سه‌ره‌وه‌.
سکرتێری کۆمیته‌ قسه‌که‌ری کۆمیته‌یه‌، به‌رپرسه‌ له‌ هاوئاهه‌نگکردنی هه‌ڵسوڕانی کۆمیته‌، به‌رپرسه‌ له‌ ده‌رکردنی بڕیاره‌کان له‌ ماوه‌ی نێوان کۆبوونه‌وه‌کانی کۆمیته‌دا، که‌س‌و ته‌ره‌فی په‌یوه‌ندیه‌ له‌گه‌ڵ ئۆرگان‌و دامه‌زراوه‌ حزبیه‌کان‌و به‌رپرسی گه‌یاندنی ڕاپۆرته‌کان به‌ ئۆرگانه‌ باڵاتره‌کانی حزبه‌.
چوارچێوه‌ی کارکردنی سه‌ربه‌خۆی ڕێکخستنه‌ نانۆرماڵه‌کانی حزب که‌ خاوه‌نی فۆرمێکی گشتی‌و سه‌راسه‌رین وه‌ک فراکسیۆنه حزبیه‌‌کان له‌ ڕێکخراوه‌ غه‌یره‌حزبی سه‌راسه‌ریه‌کاندا هه‌روه‌ها له‌ ڕێکخستنه‌ تایبه‌ته‌کانی حزبدا به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست‌و جیاواز، ڕێکده‌خرێت.
کۆمیته‌ی ووڵاته‌کان‌و شاره‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ڕێکخستنی تایبه‌تن که‌ ئه‌رکی تایبه‌تیان هه‌یه‌‌و له‌ ڕێگای به‌ڵگه‌نامه‌ی ڕێکخستنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ دیاری ده‌کرێن. به‌ڵام، له‌ هه‌ر حاڵدا ئه‌م کۆمیتانه‌ش په‌یڕه‌وی هه‌مان فه‌لسه‌فه‌ی ڕێکخستن ده‌که‌ن‌و ئه‌رکی هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵسوڕانی حزبه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵسوڕانی خۆیاندا، ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆیان.

سه‌باره‌ت به‌ کاری کۆمیته‌ حزبیه‌کان:
ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه‌نامه‌ی پایه‌یی بۆ کۆمیته‌ حزبیه‌کان (به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌رکه‌کانی کۆمیته‌ حزبیه‌کان که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ هاتووه‌) ئاماده‌کراوه‌‌و. به‌نده‌کانی ئه‌م دوو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن‌و به‌ یه‌که‌وه‌ مانادارن. ڕوونکردنه‌وه‌ی هه‌ر ناڕۆشنیه‌کان له‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا له‌ سه‌لاحیه‌تی به‌رزترین ئۆرگانه‌ ڕابه‌ریه‌ نشسته‌کانی حزبدایه‌.
کۆمیته‌ حزبیه‌کان به‌رپرسن له‌ ڕیکخستنی حزب‌و کۆمه‌ڵگا‌و ڕێنیشاندان‌و ڕابه‌رایه‌تی کردنیان له‌ چوارچێوه‌ی مه‌یدانی هه‌ڵسوڕانی خۆیاندا. له‌م بابه‌ته‌وه‌:
زه‌مانه‌تکردنی ئه‌نجامدانی هه‌موو کاره‌ حزبیه‌کان‌و هه‌روه‌ها دیاریکردن‌و جێبه‌جێکردنی سیاسه‌ت‌و هه‌نگاوه‌ پێویسته‌کان چ له‌ لایه‌نی حزبی یاخود له‌ لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ مه‌یدانی هه‌ڵسوڕانی هه‌ر کۆمیته‌یه‌کی حزبیدا، ئه‌رکی پایه‌یی ئه‌و کۆمیته‌یه‌یه‌‌. ده‌بێ ئه‌م کار‌و سیاسه‌تانه‌ ته‌واو کۆک‌و چوونیه‌کی سیاسه‌ت‌و هه‌ڵوێسته‌کانی حزب بن. سیاسه‌ته‌کانی حزب ئه‌و سیاسه‌تانه‌ن که‌ له‌ ڕێگای ئۆرگانه‌ بانتره‌کانی حزبه‌وه‌ به‌ ڕه‌سمی به‌ کۆمیته‌کان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، یاخود له‌ ئۆرگانه‌ ڕه‌سمیه‌کانی حزبه‌وه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌.
ده‌بێ کۆمیته‌کان دان به‌ سنووری سه‌ڵاحیه‌ته‌کانی ئه‌و کۆمیته‌‌و ئۆرگانه‌ حزبیانه‌دا بنێن که‌ سه‌ر به‌ خۆیانن، هه‌روا فرسه‌ت‌و توانای پێویست بۆ ئه‌و ئۆرگانانه‌ فه‌راهه‌م بکه‌ن تاکو ئه‌رکه‌کانیان به‌جێبگه‌یه‌نن‌و خۆ له‌ ته‌ده‌خولی ناپێویست له‌ کاره‌کانیان لابده‌ن. بۆ کۆمه‌ککردنی ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره‌، ئه‌م هێڵه‌ ڕێنیشانده‌رانه‌ی خواره‌وه‌ وه‌ک بنه‌ما دیاری ده‌کرێن.
پێویسته‌ له‌سه‌ر کۆمیته‌کان که‌ ئه‌و سیاسه‌ت‌و هه‌نگاوانه‌ دیاریبکه‌ن که‌ چوارچێوه‌ی کاری هه‌موو کۆمیته‌کانی خوار ‌خۆیان ده‌كێشێت. وێکهاتنه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ت‌و هه‌نگاوانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ل‌ومه‌رجی تایبه‌تی هه‌ڵسوڕانی هه‌رکۆمیه‌ته‌یه‌کی خواره‌وه‌، یاخود بڕیاردان سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوو سیاسه‌تی پیویستی تر که‌ لایه‌نی تایبه‌تی بۆ کۆمیته‌کانی خواره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌رکی خودی ئه‌و کۆمیته‌یه‌یه‌.
هه‌ر کۆمیته‌یه‌ک ته‌نها له‌و سیاسه‌ت‌و هه‌نگاوانه‌ی کۆمیته‌کانی خواره‌وه‌ ی خۆیان مافی ده‌خاڵه‌تیان هه‌یه‌ که‌ ئه‌و سیاسه‌ت‌و هه‌نگاوه‌ ئه‌نجامێکی ڕاسته‌وخۆی وای هه‌بێت که‌ له‌ چوارچێوه‌ی کاری ئه‌و کۆمیته‌یه‌ی خواره‌وه‌ تێبپه‌ڕێت، یاخود ئه‌و سیاسه‌ت‌و هه‌نگاوه‌ که‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت‌، نه‌خشه‌‌و هه‌ڵوێسته‌کانی حزبدا جیاواز بێت. کۆمیته‌ حزبیه‌کان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌کانی خۆیان ده‌بێ صه‌لاحیه‌ت‌و ئازادی پێویستیان ببێت له‌وانه‌:
کۆمیته‌کان ده‌توانن سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ته‌کان‌و هه‌نگاوه‌ پێویسته‌کان له‌ مه‌یدانی هه‌ڵسوڕانی خۆیاندا له‌ چوارچیوه‌ی به‌نده‌کانی تری ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا بڕیار بده‌ن.
کۆمیته‌کان ده‌توانن به‌ ناوی خۆیانه‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ ڕابگه‌یه‌نن، و به‌ به‌کارهینانی میدیای گشتی ڕوو به‌ حزب‌و کۆمه‌ڵگا قسه‌ بکه‌ن. کۆمیته‌کان مافی سازدانی ئه‌م جۆره‌ ئامرازانه‌ی په‌یوه‌ندی گشتی (ڕاگه‌یاندنامه‌، به‌یاننامه‌، ئاگادارنامه‌، بڵاوکراوه‌، ڕادیۆ، ته‌له‌فیزیۆن، ته‌بلیغاتی ئۆدیۆ-ڤیجوال، ئه‌نته‌رنێت‌و…) یان هه‌یه‌.
کۆمیته‌کان ماف‌و ئه‌رکی ئه‌ندامگیری‌و فراوانکردنه‌وه‌ی حزبیان له‌ مه‌یدانی هه‌سوڕانی خۆیاندا هه‌یه‌.
کۆمیته‌کان ماف‌و ئه‌رکی ڕیکخستنی کۆمیته‌ی تازه‌یان له‌ سنووری هه‌ڵسوڕانی خۆیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای چارتی بڕیار له‌سه‌ردراو له‌ لایه‌ن حزبه‌وه‌، هه‌یه‌. چارتی ڕێکخستنی حزب له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌کدا له‌ لایه‌ن کۆمیته‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌ دیاری ده‌کرێت.
کۆمیته‌کان مافیان هه‌یه‌ له‌ حاڵه‌تی وێکنه‌هاتنه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕان‌و سیاسه‌تی کۆمیته‌یه‌ک یان ڕیکخستنیکی خواره‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت‌و هه‌ڵوێسته‌کانی حزبدا، ئه‌و کۆمیته‌‌و ڕێکخستنه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر کۆمیته‌یه‌ک ده‌بێ ڕه‌زامه‌ندی کۆمیته‌ی بانتریشی له‌سه‌ر بێت. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێکخستنێک ده‌بێ له‌ پاڵپشتیی کۆمیته‌ی ناوچه، یان باڵاترین کۆمیته‌ی ڕابه‌ری نشسته‌ی حزب به‌هره‌مه‌ند بێت. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوچه‌یی له‌ صه‌لاحیه‌تی پیلینۆمی کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌شکیلاتێکی ناوچه‌یی له‌ صه‌لاحیه‌تی کۆنگره‌دایه‌.
ڕاپۆرتدانی ڕۆتین به‌ کۆمیته‌کانی بانتر ئه‌رکی هه‌موو کۆمیته‌کانه‌. هه‌ر کۆمیته‌یه‌ک ده‌بێ توانای چه‌یککردنی هه‌میشه‌یی خۆی له‌ لایه‌ن ئۆرگانه‌کانی بانتره‌وه‌ زه‌مانه‌ت بکات‌و کۆمیته‌ی به‌رپرسی خۆی له‌ ڕه‌وتی کار‌و کاردانه‌وه‌ ته‌شکیلاتی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ئاگادار بکاته‌وه‌‌و به‌ پرسیاری ئۆرگانه‌ بانتره‌کان وه‌ڵام بداته‌وه‌.
کۆمیته‌ حزبیه‌کان، له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌کانی خۆیاندا، ده‌بی نموونه‌ی ڕه‌چاوکردنی باڵاترین دیسپلینی ڕێکخراوه‌یی بن.
کۆمیته‌ حزبیه‌کان ده‌بێ نموونه‌ی ڕه‌چاوکردنی ئینساف، پرنسیپ‌‌و پێوانه‌ حزبی‌و سیاسیه‌کان بن.
کۆمیته‌ حزبیه‌کان ده‌بێ سیمبولی مۆدێرنیزم‌و چۆنایه‌تیه‌کی باڵای کارگێڕی ڕیکخراوه‌یی‌و هه‌روه‌ها ڕاپۆرتدانی وورد، بابه‌تی‌و پشتئه‌ستور به‌ فاکتی به‌رجه‌سته‌‌ بن.
کۆمیته‌ حزبیه‌کان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌کانی خۆیاندا به‌رپرسیارن‌و به‌رپرسیارێتی کورتهێنان‌و ناکارامه‌یی له‌ سنووری به‌رپرسیارێتیان ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕووی خۆیان ده‌بێته‌وه‌. کۆمیته‌کان پێویسته‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو کاروباره‌کان‌، هۆکاری ڕوونی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ نه‌چوونی کار‌و هاوکات پێشنیاری خۆیان بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و گیر‌وگرفتانه‌دا پیشکه‌ش به‌ کۆمیته‌ی بانتریان بکه‌ن. توانایی‌و کارا بوونی هه‌ر کۆمیته‌یه‌ک به‌ پله‌ی لێهاتوویی ئه‌و له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م ڕۆڵه‌دا ده‌پێورێت.
ئامانجی ڕاسته‌وخۆی هه‌موو کۆمیته‌کان بیناکردنی حزبێکی سیاسی گه‌وره‌، خه‌باتکا‌ر، لێبڕاوو کۆمه‌ڵایه‌تیه‌، به‌ تایبه‌ت:
هه‌ر کۆمیته‌یه‌کی حزبی به‌رپرسی ئینسجام، یه‌کێتی‌و خه‌باتکاریی ڕیکخستنی ژێر به‌رپرسیارێتی خۆیه‌تی. کۆمیته‌ حزبیه‌کان‌و ئه‌ندامانی ده‌بێ سه‌رچاوه‌‌و نموونه‌ی ئینێرجی، گه‌شبینی، پشتپێبه‌ستن، یه‌کێتی، ده‌ستوبردی‌و چوستی له‌ ناو حزب‌و له‌ ناو کۆمه‌ڵگادا بن.
کۆمیته‌ حزبیه‌کان ده‌بێ ڕێگری فۆرمالیزمی ڕێکخراوه‌یی، وه‌کو جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی کارێک به‌ “مه‌راسیم‌و شکڵیاتی ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌”، خۆخه‌ریککردن‌و په‌نابردن بۆ فه‌زای مه‌جازی‌‌و ناواقیعی، به‌ تایبه‌ت بۆ فه‌زای چه‌پی ته‌قلیدی‌و ناکۆمه‌ڵایه‌تی، نووسین بۆ ویژدانی خۆ ئاسوده‌ کردن، نه‌ک بۆ گۆڕینی دنیا‌ی ده‌ره‌وه‌‌و ده‌سته‌ویه‌خه‌بوون له‌گه‌ڵ نه‌یارانی سیاسی دیاریکراو،و…،بن.
کۆمیته‌ حزبیه‌کان ده‌بێ زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕیگریانه‌ی که‌ په‌یوه‌ست بوونی جه‌ماوه‌ر‌و به‌ تایبه‌ت رابه‌ران‌و ئاژیتاتۆره‌ کۆمۆنیستیه‌کانی چینی کریکار به‌م حزبه‌وه‌ دژوار ده‌کات، خه‌بات بکه‌ن. هه‌موو لایه‌نه‌ غه‌یره‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌ کار‌و سیاسه‌ت‌و سیمای ئه‌م حزبه‌ ئاڵ‌وگۆڕ پێ بده‌ن. ده‌بێ  زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ حزب سیمای هه‌مه‌لایه‌نه‌‌و هه‌رچی باڵکێشتری بۆ چینی کرێکار‌و بۆ هه‌ر که‌س که‌ له‌ دژی ناعه‌داله‌تیه‌، هه‌بێت.
کۆمیته‌ حزبیه‌کان ده‌بێ حزب بکه‌نه‌‌ تۆڕیک که‌ هه‌موو پێکهاته‌ی خه‌باتکارانه‌ی ناو چینی کرێکار‌و ناو کۆمه‌ڵگا به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
سکرتێر‌و تیمه‌ هه‌ڵبژێرراوه‌کانی هه‌ر کۆمیته‌یه‌ک، تا کاتێک که‌ به‌ ده‌بیر‌و تیمی تر جێگایان نه‌گیرابێته‌وه‌، له‌ پشتیوانی کۆمیته‌ له‌ نێوان دوو کۆبوونه‌وه‌دا به‌هره‌مه‌ند ده‌بن.
کۆمیته‌ حزبیه‌کان ده‌بێت ئه‌وه‌ زه‌مانه‌ت بکه‌ن که‌ نه‌خشه‌کان‌و سیاسه‌ته‌ بڕیارله‌سه‌ردراوه‌کان به‌ په‌له‌‌و به‌ چۆنایه‌تی‌و ستانداردێکی باڵاوه‌ جێبه‌جێ بکرێن.
ئه‌ندامه‌تی له‌و کۆمیته‌و ئۆرگانانه‌ی که‌ به‌شیوه‌ی به‌رده‌وام له‌ کار‌وکۆبوونه‌وه‌دا نین(کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی، مه‌کته‌بی سیاسی‌و….) پۆستی ته‌شکیلاتی نییه‌. ئه‌ندامانی ئه‌م کۆمیتانه‌ ده‌بێ له‌ دامه‌زراوو کاروباره‌ به‌رده‌وامه‌کانی حزبدا ڕێکخراو بن.
ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ڕێکخستنه‌ محه‌للی‌و ناوچه‌ییه‌کانی حزب ناتوانن له‌ حزبدا ئه‌ندامی ته‌شکیلاتی تر بن.
ده‌فته‌ری سیاسی‌و کۆمیته‌ی ڕابه‌ری ده‌بێ ئه‌وه‌ زه‌مانه‌ت بکه‌ن که‌ په‌یوه‌ندی کادره‌کان به‌ ڕابه‌ری حزبه‌وه‌ له‌ مه‌تنی یه‌کێتیه‌کی حزبی‌و سیاسی‌و وێکهاتوو له‌گه‌ڵ پێوانه‌‌و بڕیاره‌ حزبیه‌کان،و داماڵراو له‌هه‌ر پێوانه‌‌و په‌یوه‌ندیه‌کی مه‌حفه‌لی‌و سه‌ربه‌خۆ له‌ زه‌وابت‌و پێوانه‌ ئه‌خلاقیه‌کان تۆکمه‌ بکه‌ن‌و حزبێکی یه‌کپارچه‌‌و یه‌کگرتوو‌ ڕیکبخه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی گواستنه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی له‌ حزبدا:
گۆڕانی به‌رپرسیارێتی له‌ حزبدا ده‌بێ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا زه‌مانه‌ت بکات:

  1. هه‌ر پۆست‌و به‌رپرسیاریتیه‌کی حزبی هه‌میشه‌‌و به‌ بێ وه‌ستان به‌رپرسی هه‌بێت.
  2. ئۆرگانا نانشسته‌کانی حزب که‌ میکانیزمی بڕیاردانی خێرایان نییه‌، نه‌چنه‌ شوێنی ئۆرگانه‌ نشسته‌کان بۆ بڕیاردان.
  3. به‌رپرسیارانی نوێ پاش ناسینی گونجاو‌و پێویستی به‌رپرسیارێتیه‌ نوێیه‌که‌یان‌، پێشینه‌ی کاره‌کان له‌و پۆسته‌داو سوننه‌ت‌و ستاندارده‌کانی ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ له‌ پۆسته‌ نوێیه‌که‌یان ده‌ستبه‌کار ده‌بن.
  4. کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی له‌ کۆمیته‌ یان به‌رپرسی پێشوو بۆ کۆمیته‌ یان به‌رپرسی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پرنسیپانه‌ی خواره‌وه‌ پێناسه‌ ده‌کات‌و هه‌موو کۆمیته‌‌و دامه‌زراوه‌کانی حزب بۆ ئه‌نجامدانیان به‌رپرس ده‌کات.

الف/ پاش هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک یان دیاریکردنی به‌رپرسی نوێ بۆ ماوه‌ی یه‌ک مانگ کۆمیته‌ یان به‌رپرسی پێشوو هه‌روا درتژه‌ به‌ به‌رپرسیاریتی ئۆرگان یاخود ته‌شکیلاتی په‌یوه‌سته‌ی خۆیان له‌ ئه‌ستۆ ده‌بیت. به‌رواری ده‌ستبه‌کاربوونی هه‌ر کۆمیته‌یه‌ک، یان هه‌ر به‌رپرسێکی نوێ یه‌ک مانگ پاش هه‌ڵبژاردنی ده‌بێت.
با/ له‌ ماوه‌ی یه‌ک مانگدا ده‌بێ کۆمیته‌ یان به‌رپرسانی نوێ‌و کۆن، کۆمیسیۆنی گواستنه‌وه‌ی به‌رپرسیاریتی پیکبهینن. ئه‌م کۆمیسیۆنه‌ ئه‌وه‌ زه‌مانه‌ت ده‌کات که‌ به‌رپرسانی نوێ به‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان‌و سوننه‌ته‌کانی کارڕاپه‌ڕاندن‌، ئه‌و پرۆژه‌و به‌رنامانه‌ی که‌ له‌ حاڵی ئه‌نجامداندان یاخود بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌، ئاشنا ببن. هه‌موو حساباته‌کان، داراییه‌کان، قه‌رزداریه‌کان‌و به‌ڵگه‌نامه‌‌و ئه‌رشیفی حزب بگوێزریته‌وه‌ بۆ به‌رپرسی نوێ.
جیم/ هه‌ر حاڵه‌تێکی ناوازه‌‌و هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌م بڕیارانه‌ ته‌نها ئۆرگانه‌ بانتره‌کان ده‌توانن ڕێگای پێ بده‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ جێنشینسازی‌و زه‌مانه‌تکردنی له‌توانادابوونی گۆڕانکاری له‌ به‌رپرسیاریتیه‌ حزبیه‌کان:
ساده‌کردن، تۆمارکردن‌و ڕۆتینکردنی ئه‌رکه‌کانی کۆمیته‌کان‌و به‌رپرسیارێتیه‌ حزبیه‌کان‌و ئاشناکردنی ژماره‌یه‌کی هه‌رچی زیاتر  له‌ کادره‌کانی حزب به‌ چۆنێتی ئه‌نجامدانی ئه‌م به‌رپرسیارێتیانه‌ مه‌رجی بنه‌ڕه‌تی په‌ره‌گرتن‌و فراوانبوونه‌وه‌ی حزب‌و ڕاکێشانی به‌رده‌وامی نه‌وه‌ی نوێ له‌ ڕابه‌رانی کۆمۆنیستیه‌. له‌م بابه‌ته‌وه‌ کۆنگره‌ی دامه‌زرینه‌ری حزب جه‌خد له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌کات:

  1. حزب ده‌بێ فراوانترین بوار بۆ گه‌شه‌کردن‌و قبوڵکردنی به‌رپرسیاریتی له‌ لایه‌ن کادره‌ تازه‌کانه‌وه‌ فه‌راهه‌م بکات. له‌م بابه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت،  ده‌بێ ئه‌وه‌ ته‌واو ڕۆشن بێت که‌ هیچ که‌س‌و دامه‌زراوو کۆمه‌ڵێک له‌ ئیختیارات‌و ئیمتیازاتی تایبه‌ت، ناڕۆشن، سه‌رووته‌شکیلاتی‌و بڕیارنه‌دراو به‌هره‌مه‌ند نین.
  2. ئۆتۆریته‌ی سیاسی‌و مه‌عنه‌وی تاکه‌کان ده‌بێ له‌ ئۆتۆریته‌ی ته‌شکیلاتی په‌یوه‌ست به‌ دامه‌زراوو پۆسته‌ ته‌شکیلاتیه‌کان جیابکرێته‌وه‌. له‌ حزبدا ئۆتۆریته‌ی ته‌شکیلاتی په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌کته‌ب، پله‌‌وپایه‌‌و پۆسته‌وه‌ نه‌ک به‌ تاکه‌که‌سه‌وه‌. ئه‌م ئۆتۆریته‌یه‌ ده‌بێ، سه‌ربه‌خۆ له‌وه‌ی که‌ چ که‌سیک یان که‌سانێک له‌م پۆست‌و به‌رپرسیارێتیانه‌دان، له‌ لایه‌ن هه‌موو حزبه‌وه‌ دابین‌و زه‌مانه‌ت بکریت.
  3.  ئه‌رکه‌کانی کۆمیته‌کان ‌و به‌رپرسیارێتیه‌ حزبیه‌کان ده‌بێ هه‌رچی زووتره‌ ستاندارد‌و تۆمار بکرێت‌و بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت.
  4. هه‌موو پۆسته‌ ته‌شکیلاتیه‌کان به‌رپرس‌و جێگری هه‌یه‌. سکرتێری کۆمیته‌کان‌و به‌رپرسه‌ حزبیه‌کان، له‌ نێو ئه‌وانه‌شدا مه‌کته‌بی سیاسی، ده‌بێ وه‌ک یه‌ک تیم (سکرتێر‌و ده‌ستیار یا به‌رپرس‌و ده‌ستیار) بۆ ئه‌و پۆسته‌ خۆیان کاندید بکه‌ن. ده‌ستیاری هه‌ر سکرتیێرێک ئه‌رکیه‌تی به‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی کاری سکرتێر یاخود به‌رپرسی تایه‌ن، ئاشنا بێت‌و له‌ کاتی ئاماده‌نه‌بوونی سکرتێر یاخود به‌رپرسدا جیبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی ئره‌و زه‌مانه‌ت بکات.
  5. پۆستی ده‌ستیاریی هه‌ر سکرتێرو به‌رپرسێک، پۆستیکی ڕه‌سمی‌و حزبیه‌.
  6. سکرتێری کۆمیته‌کان‌و به‌رپرسه‌ حزبیه‌کان، هه‌روه‌ها ده‌توانن یاریده‌ده‌رێک یان چه‌ند یاریده‌ده‌ر، که‌ له‌ لایه‌نی جۆربه‌جۆره‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانی کاره‌کانی یارمه‌تی بده‌ن‌و له‌ هه‌مان کاتیشدا ئاموزشی عه‌مه‌لی ببینن، بۆ خۆیان دیاری بکه‌ن. ئه‌م یاریده‌ده‌رانه‌ روو به‌ ته‌شکیلات ئۆتۆریته‌ی ته‌شکیلاتییان نییه‌.
  7. کۆمیته‌ حزبیه‌کان ده‌بێ ئاموزش له‌ حزبدا له‌ ڕێگای نووسین‌، زاره‌کی(شه‌فه‌وی)، ئۆدیۆ-ڤیجواڵ‌و هه‌ر شێوازێکی تری مۆدێرن دابین بکرێت.

سه‌باره‌ت به‌ زه‌مانه‌تکردنی هاوکاتی ده‌خاڵه‌ت له‌ بڕیاردان‌و جێبه‌جێکردنی سیاسه‌ته‌ په‌سه‌ندکراوه‌کان:
ئه‌ندامانی کۆمیته‌ حزبیه‌کان مافیانه‌ که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌و کۆمیتانه‌ له‌ هه‌موو زه‌مینه‌کاندا، له‌ باس‌و بڕیاردانه‌کانی کۆمیته‌کانی خۆیاندا به‌شداری بکه‌ن، بۆچوونه‌کانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌و سیاسه‌ت‌و بڕیارانه‌ی که‌ له‌به‌رباس‌و لێکدانه‌وه‌دان ده‌رببڕن‌و بیخه‌نه‌ ده‌نگه‌وه‌. پاش قسه‌‌وباسکردن، بڕیاری کۆتایی له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی ئه‌ندامانی کۆمیته‌وه‌ دیاری ده‌کرێت.
له‌ هه‌مان کاتدا بۆ زه‌مانه‌تکردنی یه‌کێتی‌و یه‌کانگیری ئیراده‌ له‌ جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌ په‌سه‌ندکراوه‌کانی کۆمیته‌کان‌و دامه‌زراوه‌ حزبیه‌کاندا، ئه‌ندامی کۆمیته‌ حزبیه‌کان – تا کاتێک که‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ن- به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی کۆمیته‌که‌ی خۆیان، مافی ده‌رکه‌وتنیان وه‌ک موخالیف‌و ڕه‌خنه‌گر یان ئۆپۆزیسیۆنی بڕیار‌و سیاسه‌ته‌‌کانی کۆمیته‌که‌ی خۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کۆمیته‌یه‌دا نییه‌.
کردنه‌وه‌ی دووباره‌ی باس‌و لیکدانه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ر بڕیار‌و سیاسه‌تیک له‌ کۆمیته‌دا، به‌نده‌ به‌ داوای ئه‌ندامێکی کۆمیته‌‌و په‌سه‌ندکردنی ئه‌و داوایه‌‌و دانانی له‌ ده‌ستوری کاری کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌دا.

سه‌باره‌ت به‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵوێستگیریه‌ ڕه‌سمیه‌کانی حزب:
له‌ بڕیاری سه‌ره‌وه‌دا جه‌خد له‌سه‌ر بایه‌خی ده‌رنه‌که‌وتنی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ وه‌ک ئۆپۆزیسیۆنی سیاسه‌ته‌ په‌سه‌ندکراوه‌کانی کۆمیته‌که‌ی خۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی کۆمیته‌که‌ کراوه‌‌. له‌ هه‌مان حاڵدا بۆ ڕێگرتن له‌ سه‌پاندنی سنووردارکردنی ناپێویست له‌سه‌ر ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی جیاواز له‌ لایه‌ن ئه‌ندامان‌و کادره‌کانی حزبه‌وه‌، هه‌روا بۆ زه‌مانه‌تکردنی کراوه‌ترین فرسه‌ت بۆ گۆڕینه‌وه‌ی بیر‌وبۆچوون‌و فه‌راهه‌مکردنی فراوانترین بوار بۆ ده‌رکه‌وتنی خه‌لاقیه‌ت له‌ مه‌یدانه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی هه‌ڵسوڕانی حزبیدا، پێویسته‌  که‌ بازنه‌ی هه‌ڵوێستگیریه‌ حزبیه‌کان ئه‌م سنووردارکردنه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌بێت:

  1. حزب‌و کۆمیته‌ حزبیه‌کان پێویست نییه‌ که‌ له‌ به‌رامبه‌ر ته‌واوی ڕووداوو یاخود باسه‌ سیاسی، فه‌رهه‌نگی‌ یان کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی وه‌ربگرن. هه‌ڵوێستگیری حزب، چ له‌سه‌ر ئاستی سه‌راسه‌ری‌و چ له‌سه‌ر‌ ئاستی محه‌للی ده‌بێ له‌ سنووری ئه‌و مه‌سه‌لانه‌دا بمێنێته‌وه‌ که‌ جێبه‌جێکردنی عه‌مه‌لی سیاسه‌تێکی دیاریکراو له‌لایه‌ن حزبه‌وه‌ ده‌کاته‌ ئیلزامی.
  2. ‌بڵاوکراوه‌ ڕه‌سمیه‌کانی حزب (ئۆرگانه‌کان)، ڕێنوێنیه‌ عه‌مه‌لی‌و ئیجرائیه‌کانی کۆمیته‌کان‌و دامه‌زراوه‌ حزبیه‌کان، یان بڕیارنامه‌‌کان‌و ئه‌و به‌یاننامانه‌ی که‌ هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی حزب ڕاده‌گه‌یه‌نێت جێگای فره‌بۆچوونی‌و یا نێوه‌نجی وه‌رگرتن له‌ بۆچوونی جیاواز نییه‌. ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ ده‌بێ ڕوون‌ بێت‌و به‌ پێی توانا بۆ لێکدانه‌وه‌ نه‌شێت‌و مانای جۆربه‌جۆری لێ ده‌رنه‌کێشرێت.
  3. ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی ده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌وه‌و هه‌رچه‌ند بایه‌خداریش بن له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری هه‌ڵوێستگیریه‌کانی حزبن، ده‌بێ له‌لایه‌ن که‌سان‌ یان کۆمه‌ڵه‌ که‌سان له‌ که‌ناڵه‌کانی وه‌ک سایته‌کان‌، بڵاوکراوه‌ فیکری‌-سیاسیه‌کان یان بڵاوکراوه‌ ناڕه‌سمیه‌کانی حزب بڵاوببێته‌وه‌.
  4. ڕاڤه‌کردنی یه‌ک‌ هه‌ڵوێستی سیاسی ده‌توانێت جیاواز بێت. یه‌کیتی ئیراده‌ به‌ مانای تاک ڕاڤه‌یی نییه‌.

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری له‌ کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ حزبیه‌کان:
به‌شداری ئه‌ندامانی کۆمیته‌ حزبیه‌کان له‌ کۆبوونه‌وه‌ ڕه‌سمیه‌کانی کۆمیته‌کانی خۆیاندا ئه‌رکێکی پایه‌یی ئه‌وانه‌. سکرتێری هه‌ر کۆمیته‌یه‌ک ئه‌رکیه‌تی له‌ ڕاپۆرتی به‌رده‌وامی خۆی بۆ‌ ئۆرگانی هه‌ڵبژێر یان دانه‌ری کۆمیته‌که به‌شداری‌و ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌ندامانی کۆمیته‌که‌ی خۆی تۆمار‌ بکات.

بڕیاره‌ ته‌واوکاره‌کان سه‌باره‌ت به‌ دروستکردنی فراکسیۆن:
کۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان له‌ درێژه‌‌و بۆ ته‌واوکردنی (ته‌واوکه‌ری بنه‌ماکانی ڕیکخراوه‌ییه‌کانی حزب) سه‌باره‌ت به‌ پیکهێنانی فراکسیۆنه‌ حزبیه‌کان ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ په‌سه‌ند ده‌کات:

  1. ئه‌ندامانی حزب ده‌توانن هه‌ر ئه‌نجومه‌ن‌، کۆڕ یان یانه‌یه‌ک پیکبهێنن یان ببنه‌ ئه‌ندامی دامه‌زراوه‌ی له‌م چه‌شنه‌ به‌و مه‌رجه‌ی که‌ سیاسه‌ت‌و ئامانجه‌کانی ئه‌م دامه‌زراوانه‌ له‌گه‌ڵ ئامانجه‌ به‌رنامه‌ییه‌کانی حزبدا ناکۆک نه‌بن. ئه‌م دامه‌زراوانه‌ غه‌یره‌حزبین.
  2. فراکسیۆن کۆمه‌ڵه‌یه‌ک بۆ ڕا گۆرینه‌وه‌ یاخود کۆمه‌ڵه‌یه‌کی هاوڕا نین. فراکسیۆنێک ڕێکخستنێکی حزبیه‌‌و حزب مافی دیاریکراوی بۆ به‌ ڕه‌سمی ده‌ناسێت. فراکسیۆن ڕێکخستنێکی حزبیه‌ له‌به‌رامبه‌ر خه‌تی ڕه‌سمی حزبدا بۆ ئاراسته‌کردنی حزب به‌ ئاراسته‌یه‌کی تردا.
  3. فراکسیۆنی حزبی ته‌نها پاش په‌سه‌ندکردنی ڕه‌سمیه‌تی له‌ لایه‌ن کۆمیته‌ی به‌رپرسه‌وه‌ به‌ پێی (ته‌واوکه‌ری بنه‌ماکانی ڕێکخراوه‌ییه‌کانی حزب‌) ڕه‌سمیه‌ت وه‌رده‌گرێت.
  4. هه‌ر فراکسیۆنیک ده‌بێ له‌ سنووری داواکراوی خۆیدا بۆ کار پلاتفۆرمی سیاسی‌و به‌رنامه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر خه‌تی ڕه‌سمیدا پێشکه‌ش بکات.
  5. ناوی ڕاگه‌یه‌نه‌ران‌و قسه‌که‌رانی ئه‌سڵی فراکسیۆن ده‌بێ ڕوون ناسراو بێت.
  6. به‌و پێیه‌ که‌ فراکسیۆن له‌ به‌رامبه‌ر خه‌تی ڕه‌سمی پێکدێت، پێویسته‌ به‌ ڕه‌سمی‌و به‌ نووسراو له‌سه‌ر داکۆکی له‌ دیسپلین‌و پێوانه‌ ته‌شکیلاتیه‌کانی حزب، قه‌بوڵکردنی قانوونی بوونی که‌ناڵه‌ ڕه‌سمیه‌کانی حزب بۆ ده‌رخستنی بۆچوون‌و جیاوازیه‌کان، قه‌بوڵکردنی مه‌شروعیه‌تی په‌سه‌ندکراوه‌کانی کۆمیته‌ حزبیه‌کان، قه‌بوڵکردنی مه‌شروعیه‌تی ڕابه‌ری ئۆرگانه‌ حزبیه‌کان جه‌خد بکاته‌وه‌. پێکهێنانی فراکسیۆن به‌ مانای به‌زاندنی‌ دیسپلین‌و پێوانه‌ حزبیه‌کان نییه‌.

له‌گه‌ڵ پێکهاتنی هه‌ر فراکسیۆنێکدا، زۆربه‌ یان داکۆکیکاران له‌ خه‌تی ڕه‌سمی حزبیش ده‌توانن له‌ به‌رامبه‌ر فراکسیۆندا له‌ هه‌ڵبژاردن‌و یا له‌ دیاریکردنی به‌رپرسان‌و سیاسه‌ته‌کان وه‌ک یه‌ک فراکسیۆنی ڕیکخراو ده‌ربکه‌ون.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی به‌ره‌وپێشبردن‌و به‌ڕێوه‌بردنی جیاوازی بۆچوون له‌ ناو حزبدا:
مه‌رجی زه‌مانه‌تکردنی بردنه‌پێشی دروستی جیاوازی بۆچوون له‌ ناو حزبدا قه‌بووڵکردنی ڕه‌سمیه‌ت‌و ئیعتیباری دامه‌زراوه‌و ئۆرگانه‌‌ حزبیه‌کانه‌ له‌ لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌ ده‌رگیره‌کانه‌وه‌ له‌ باسێکی دیاریکراودا. له‌م په‌یوه‌نده‌دا کۆنگره‌ی دامه‌زرینه‌ری حزب له‌سه‌ر ئه‌م چه‌ند بنه‌مایه‌ی خواره‌وه‌ جه‌خد ده‌کاته‌وه‌:
به‌و پێیه‌ که‌ سیاسه‌ت‌و حزبیه‌تی کۆمۆنیستی په‌یوه‌سته‌ی شێوازی هه‌ڵسوڕانی به‌کۆمه‌ڵیی‌و ڕێکخراوه‌، هه‌ر سیاسه‌ت‌و ئاکاریک که‌ له‌ لایه‌ن هه‌ر که‌سێک یان هه‌ر کۆمه‌ڵێکه‌وه‌ وه‌ک ئاکارێکی سیاسی‌و ڕێکخراوه‌یی ده‌گیرێته‌ به‌ر ده‌بێت قابیلی گشتگیرکردن‌ بێت‌و له‌ لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ قابیلی گرتنه‌به‌ر بێت.
بایکۆتکردنی هه‌ڵسوڕان له‌ ئۆرگانه‌ حزبیه‌کاندا وه‌ک شێوازێک له‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین هه‌نگاوێکی ته‌سفه‌ویانه‌‌و ئه‌نتی حزبیه‌. بانگهێشتکردن‌و دنه‌دانی بایکۆتکردنی کۆبوونه‌وه‌کان‌و دانیشتنه‌کان، ئۆرگانه‌کان‌و هه‌ڵسوڕانه‌ ڕۆتینی‌و ڕه‌سمی‌و په‌سه‌ندکراوه‌کانی حزب له‌ لایه‌ن هه‌ر که‌سێک یان کۆمه‌ڵێکه‌وه‌ بێزراوو هه‌نگاوێکی ئه‌نتی حزبیه‌.
ئه‌ندامبوون له‌ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ک، کۆمیته‌‌و ئۆرگانێکی حزبیدا ئیمتیازێکه‌ بۆ هه‌ر ئه‌ندامێکی حزب. مه‌رجی دروستیی په‌یوه‌ندی سیاسی له‌ حزبدا به‌ ڕه‌سمیه‌تناسینی ئۆرگانه‌کان‌و دامه‌زراوه‌ حزبیه‌کانه‌. له‌ ئه‌ندامانی کۆمیته‌کان‌‌و دامه‌زراوه‌ حزبیه‌کان ئه‌وه‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که‌ له‌ حاڵه‌تی هاتنه‌پێشی هه‌ر جیاوازیه‌کدا به‌ر له‌ هه‌ر جێگایه‌ک له‌ کۆمیته‌‌و دامه‌زراوه‌یه‌ک که‌ ئه‌وان تیایدا ئه‌ندامن ئاشکرای بکه‌ن‌و وه‌ده‌ری بخه‌ن‌و بیخه‌نه‌ به‌ر باس، هه‌وڵ بده‌ن که‌ که‌سانی تر به‌ گرتنه‌ به‌ری سیاسه‌ت‌و ئاکاره‌ پێشنیارکراوه‌کانی خۆیان قانع بکه‌ن. وه‌ده‌رخستنی کت‌وپڕی جیاوازی بۆچوون ‌له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبدا ژێرپێنانی ساده‌ترین ڕیزه‌‌ بۆ دامه‌زراوه‌یه‌ک‌ که‌ که‌سی تایه‌ن تیایدا ئه‌ندامه‌.
له‌ بابه‌ت قسه‌‌وباسی نێو کۆبوونه‌وه‌کانی کۆمیته‌کان‌و دامه‌زراوه‌کان، پاراستنی نهێنیکاری کۆمیته‌‌و دامه‌زراوه‌ حزبیه‌کان‌و زه‌مانه‌تکردنی ئه‌منیه‌تی سیاسی پێویست بۆ وه‌ده‌رخستنی هه‌ر بۆچوون‌و پێشنیارێک له‌م ئۆرگانانه‌دا‌و دڵنیایی که‌سیک که‌ ئه‌و بۆچوون‌و پێشنیارانه‌ پێشکه‌ش ده‌کات له‌وه‌ی که‌ ئه‌و باسانه‌ وه‌ک بابه‌تی ئیفشاگه‌ری سیاسی له‌ داهاتوودا سوودیان لێ وه‌رناگیرێت، ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌کاته‌ پێویست:
شه‌فافیه‌ت‌و ئاشکراکاری له‌ خه‌باتی سیاسیدا به‌ مانای وه‌ده‌رخستنی شه‌فاف‌و ئاشکرای بۆچوونه‌کانه‌ نه‌ک ئاشکرا کردنی به‌ڵگه‌نامه‌ حزبیه‌کان. ریکۆردی ده‌نگی‌‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی قسه‌‌وباسی نێوخۆیی (نامه‌ گۆڕینه‌وه‌ی نێوخۆیی‌و ریکۆردی ده‌نگیی کۆبونه‌وه‌ی نائاشکرا)ی کۆمیته‌یه‌ک یان دامه‌زراوێکی حزبی به‌ ته‌واوی نێوخۆییه‌. بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ بردنه‌پێشی خه‌باتی سیاسی به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌یه‌. ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ ته‌نها له‌ لایه‌ن خودی کۆمیته‌کان‌و دامه‌زرا‌وه‌ یان ئۆرگان با‌نتره‌کانه‌وه‌ ڕێگه‌پێدراوه‌.

به‌ڵگه‌نامه‌‌و ریکۆردی ده‌نگیی قسه‌‌وباسه‌کانی ئۆرگانه‌کان‌و کۆمیته‌کان بۆ ئه‌ندامانی ئه‌م دامه‌زراوانه‌ ته‌نها له‌ ناوه‌ندی ئه‌م کۆمیته‌و دامه‌زراوانه‌‌ قابیلی ده‌ستپێڕاگه‌یشتن ده‌بن‌.