Home 6 بەیاننامەکان! 6 به‌یانامه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، سه‌باره‌ت به‌کۆتایی هاتنی خولی چواره‌می هه‌لبژرادنی په‌رله‌مان!

به‌یانامه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، سه‌باره‌ت به‌کۆتایی هاتنی خولی چواره‌می هه‌لبژرادنی په‌رله‌مان!

بەدوای دەورەیەکی چوارساڵە لەکێشمەکێشی نێوان دەسەلات‌و ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی‌و بەدوای دەورەیەک لەهاتنەمیدان‌و ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری، سەرەنجام بۆرژوازی کوردو حزبەکانی لەهەردووبەرەی دەسەڵات‌و  ئۆپۆزیسیۆندا، توانیان لەسەر زەمینەی قەیرانێکی سیاسی و لەجەرگەی ئالوگۆڕەکانی ناوچەکەدا، سیناریۆی هەلبژاردنەوەی دەورەیەکی تری پەرلەمانی کوردستان بە قازانجی بۆرجوا ناسیۆنالستی کورد تێپەڕینن. بەلام ئەم تێپەراندنە بێ کیشە نیە و ریزبەندی هیزەکانی بۆرژوا ناسیونالیست پێیناوەتە قوناغیکی تازەی قەیران‌و ئاڵۆزی. سەرکەوتنی پارتی، سەقامگیرتربوونی رۆڵی رابەریی باڵێکی دەسەلاتداری بۆرژوازی‌و ناسیۆنالیستی کوردە لەنێو قوتبی بۆرژوازی‌وسەربازکەی  بۆرژوا- ناسیونالیستی کورد دا.  ئەمە بۆخۆی زەربەیەکی کەورە بوو هەم لە یەکیەتی  نیشتمانی‌و هەم لە بزوتنەوەی‌و گۆڕان بەکردەوە لە جێگیەکی خوارتر وسەخت تر لەنێو ژیانی سیاسیی کۆمەڵگای کوردستاندا رایکرتوون. دیارە سەرجەم ئەم ریزبەندیە تازەیە دەرکای لەسەر بەرینبوونەوەی قەیرانی نیو ریزەکانی بورژوا ناسیونالیستی کورد لە لایەک‌و لە لایەکی ترەوە بۆ رەوینەوەی خۆشباوەری لەنیو جەماوەری کریکار و زەحمەتکیش ولاوان وژنان بەرامبەر سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستیی کورد بە دەسەلات‌و ئۆبۆزیسیۆنیەوە. هێزەکانی بۆرژوازی لەدەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆندا، بەمەبەستی راکیشانی خەڵك بۆناو پرۆسەی هەڵبژاردن هەوڵیاندا ئەوە بەخەڵك بسەلمێنن کە له‌ده‌ره‌وه‌ی کێشمه‌کێشی سیاسی ومونافه‌سه‌ی هه‌ڵبژاردنی نێوان هه‌ردووباڵی بۆرژوازی کورد(‌ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆن)دا، ڕێگایه‌کی تر نیه‌ بۆ خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش بۆ باشکردنی ژیان وپێکهێنانی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ده‌ستی بۆبه‌رن. له‌کاتێکدا ته‌جروبه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو نیشانیداوه‌، که‌کێشه‌و ململانێی نیوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، کێشه‌و ململانێیه‌کی سیاسی دووباڵی بۆرژوازی کورده‌‌و هیج په‌یوه‌ندیه‌کی به‌خواسته‌کانی خه‌ڵک بۆ باشکردن ژیان‌و ڕزگاربوون له‌ده‌سه‌ڵاتێکی نایەکسان‌و میلیشیایی‌و سه‌رکوتگه‌رو  کۆنه‌په‌رسته‌وه‌ نیه‌.
به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی هاتوهاواری چەوا‌شه‌کارانه‌ی سه‌رانی حزبه‌کان‌و ده‌زگای میدیاو ڕۆشنبیرانێکی سه‌رمه‌ست به‌ئاسۆو ئامانجه‌کانی ناسیونالیزمی کورد، لەم هەڵبژاردنەدا نەک هەر نوێنەرانی واقعی کرێکاران‌و زەحمەتکێشان‌و  ژنان‌و لاوان‌و ئازادیخوازان ئامادەیی نەبوو، بەڵکو هەڵبژاردنێک بوو لەنێوان ئەوانەدا کە لەسەر تاڵانکردنی سامان‌و داهاتی خەڵك، میلیشیاو سامانی زۆروزەوەندیان بۆخۆیان کەڵەکەکردوەو دەتوانن بە زۆر و ترساندن‌و بەرتیل‌و چەواشەکاری‌ دەنگی خەڵك زەوت بکەن. بەڵگەنامەی کۆمسیۆن بۆ هەلبژاردنەکان کەدەنگدانی بەحزبەکان کردە بنه‌ما وچه‌ندین قەیدو بەندی مادی‌و قانوونی لەبه‌ردەم ڕابەرانی کرێکاری‌و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی ژنان‌و ئازادیخوازاندا قووت کردەوە، هەر لەسەرەتاوە جێگایه‌کی نه‌هیشته‌وه‌ بۆ به‌شداری ئازادانه‌ی هاوڵاتیان. ڕۆڵێک که ‌لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن‌و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن‌و ڕۆشبیرانێک که‌له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا گێڕایان، هه‌رئه‌وه‌ نه‌بوو که‌ هاوڵاتیانی ناڕازی به‌ده‌سه‌ڵات، به‌وه‌همی “ئه‌یگۆڕێن”و “چاکسازی” و”جیاکردنه‌وه‌ی حزب له‌حکومه‌ت”،  بخه‌نه‌ پشتی سیاسه‌ته‌ کۆنه‌په‌رست‌و بۆرژواییه‌کانی خۆیان، به‌ڵکو به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ تێکۆشان تا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بەخەڵك قبوڵ بکەن‌و ئیعتبارو “حورمه‌تی دیموکراسی” بگێڕنه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتیك که‌ پارتی‌و بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی له‌سه‌ریەوە ڕاوه‌ستاوه‌. ئۆپۆزسیۆن که‌بێپه‌روا له‌سه‌ر سیاسه‌تی درێژکردنه‌وه‌ی ڕیزی ده‌نگده‌ران وڕاکێشانی هه‌رچی زۆرتری به‌شداری کردنی ڕێژه‌ی خه‌ڵک کاری کرد، توانی واقعیه‌ته‌کانی ژیانی  کرێکاران و مه‌حرومانی کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکی ناڕازی به‌ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبه‌ ناسیونالیسته‌کانی، پێچه‌وانه ‌بکاته‌وه‌ وئه‌و درۆیه‌ جێگیربکات، که‌گوایه‌ هه‌ڵبژاردنو سنوقه‌کان وده‌نگی خه‌ڵک فرسه‌تێکه‌ بۆ گۆڕانکاری له‌سیسته‌می سیاسی ئیستای کوردستانو ده‌رکێشانی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست پارتیو یه‌کیه‌تیدا!. له‌کاتێکدا خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان به‌ناره‌زایه‌تیه‌کانی ڕۆژانه‌ی خۆیانو به‌تایه‌بتی له‌17 شوباتدا، جةندين جار،  ئه‌و ڕاستیه‌یان سه‌لماندوه‌ که‌ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌چاکسازی هه‌ڵده‌گڕێ و نه‌له‌ڕیگای ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌توانرێ وه‌لابنرێ.
‌ئه‌وه‌شی که‌‌به‌شداری خه‌ڵکی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هێنایه‌کایه‌وه‌، زاڵنه‌بوونی ئاسۆو هوشیاریەکی چینایه‌تی بوو به‌رامبه‌ر به‌سیاسەت‌و سیناریۆ سیاسیەکانی باڵ‌و بەشەکانی  چینی بۆرژوازی. بەپێچەوانەی سیاسه‌تی فریوکارانه‌ی  حیزبەکانی بەشدار لەم هەڵبژاردنەدا، سەبارەت بەسەرکەوتن‌و بەدەستهێنانی “دەنگی زۆرینە”، ئەوە تەنها خەڵکی کوردستانە کە بەدونیایەک ناڕەزایەتی‌و بیزاریانەوە لەدەسەڵات، جارێکی دیکەش‌و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، نەیانتوانی ڕیگای سیاسی جیاوازی خۆیان بگرنەبەرو وه‌ک ڕیزێکی ڕیکخراو  و سه‌ربه‌خۆی سیاسی لەده‌ره‌وه‌ی ئاسۆو سیاسەتی چینی بۆرژوازی کورد و حزبه‌کانی راوه‌ستن. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کوردستان له‌هه‌ڵبژاردنی 25/7/2009دا، به‌وه‌همی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌پارتی‌و یه‌کیه‌تی‌، ده‌نگیان به‌ بزوتنەوەی گۆران دا، تا ئه‌ڵقەیه‌ک له‌زنجیره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانێتی ستراتیژی ئه‌م دوو حزبه‌ بپسێنن، ئه‌وا له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا،  نەك  نەیانتوانی هەنگاوێك بەرەو باشکردنی ژیانیان بنێن بەڵکو دەسەڵاتی پارتییان بەسەر ژیانی سیاسی خۆیاندا “شەرعیەت” پێدایەوە!
بێگومان کابینه‌یه‌کی حکومه‌تی که‌بڕیاره‌ وه‌ک به‌رئه‌نجامی”حزبه‌ براوه‌کان”ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بێته‌سه‌رکار، بێده‌رده‌سه‌ری نییه‌و ناتوانێ نه له‌ڕوانگه‌ی باڵه‌کانی بۆرژوازی کورده‌وه، ده‌سه‌ڵاتێکی یه‌کده‌ست پێکبهێنێ‌و، ‌نه‌ له‌ڕوانگه‌ی هاوڵاتیانی کوردستانیشە‌وه‌، کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئارامی‌و خۆشگوزەرانی دەبات. به‌ڵکو قه‌یرانی سیاسی و پشێویه ‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌ئاستێکی توندترو فراوانتردا، دێنێته‌کایه‌وه‌.. هه‌ربۆیه‌ ئەوەی لەدەستوری گشت هیزەکانی بۆرژوازیدایە ده‌مێنێته‌وه‌ ته‌نهاو تەنها ئەوەیە کەلەپێناو ڕاگرتنی هێزی کاری هەرزان‌و سپاردنی ژیانی هاولاتیانی کوردستان بەبازار، له‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌کی ژێربه‌ژێری پیرۆزدا، به‌رامبه‌ر به‌چینی کرێکارو بزوتنه‌وه‌ی ڕادیکاڵی جه‌ماوه‌ری زه‌حه‌متکێش، ڕاوه‌ستن‌و، خه‌ته‌ری ڕۆچوونی بارودۆخه‌کان به‌ره‌و شۆڕش‌و هه‌لومه‌رجی شۆڕشگێرانه‌، دورخه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ چینی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانی، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌یه‌کی تر بێت له‌بردنه ‌پێشه‌وه‌ی کێشمه‌کێشی سیاسی له‌سه‌ر داهاتووی ده‌سه‌ڵاتو بازاڕی سه‌رمایه‌داری، ئه‌وا بۆ چینی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشان، بۆ جوڵانه‌وه‌کانی ژنان ولاوان وهه‌رده‌نگێکی ئازادیخواز، وەرگرتنی دەرس‌و تەجروبەیە لەم پرۆسە سیاسیە بە ئاقاری ده‌ستبردن‌ بۆ خه‌باتێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و شۆڕشگێڕانه‌ی چینایه‌تی. بۆ ئه‌وان کۆتایی هه‌ڵبژاردن، ده‌رچوونه‌ له‌ئاسۆی خۆشخه‌یاڵی به‌سیاسه‌ته‌کانی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانی‌، هه‌وڵدانه‌ بۆ ڕیکخستنی بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی سه‌ربه‌خۆ و هێانه‌مه‌یدانی رابه‌ریه‌کی شۆڕشگێرانه‌‌، که‌رێنمایی خه‌بات‌و ناڕه‌زایه‌تیه ‌به‌رهه‌قه‌کانیان بکات. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، له‌پێناو پرکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشایه‌دا به‌ته‌واوی توانایه‌وه‌ تێده‌کۆشێ‌و له‌هه‌وڵی هێنانەمه‌یدانی بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی‌و وشۆڕشگێرانه‌ی چینایه‌تیدایه، کە ‌بتوانێ هاوسەنگیی هێز به‌قازانجی ده‌ستکۆتاکردنی چینی بۆرژوازی له‌ده‌سه‌ڵات بگۆڕیت‌و پێشڕه‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ئاقاری ئازادی‌و یه‌کسانی‌و باشبژێوی  ده‌سته‌به‌ربکات.

27/9/2013

 

About hkkk

Check Also

لەعێراقەوە تا ئێران و لوبنان، ململانێیەك بە پانتایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست …

بەیاننامەی هاوبەشی (٣) حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سەبارەت بە خرۆشانە جەماوەریەکانی ناوچەکە: لەعێراقەوە تا ئێران و …