Home 6 بەیاننامەکان! 6 به‌یاننامه‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، سه‌باره‌ت بە کوشتاری خه‌ڵکی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ‌سوریا!

به‌یاننامه‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، سه‌باره‌ت بە کوشتاری خه‌ڵکی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ‌سوریا!

له‌چوارچێوه‌ی ‌فراوانبوونه‌وه‌ی مه‌ودای جه‌نگی ناوخۆیی سوریا،‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانیش بوونە مه‌یدانی شه‌ڕو کوشتار له‌نێوان هێزە چەکدارەکانی”پارتی یه‌کیه‌تی دیموکراتی کورد- پەیەدە” کە لە “پەکەکە”ەوە نزیکە، لەگەڵ به‌ره‌ی نه‌سره‌و ئه‌لقاعیده‌و ڕه‌وته‌ ئیسلامیه‌کان‌. له‌ئه‌نجامدا ‌دەیان مناڵ و ژن وهاولاتیانی مه‌ده‌نی کوژران‌و برینداربوون‌و هەزارانیش ئاوارەبوون. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی حزبه‌ بۆرژوا ناسیونالیسته‌کان‌و ده‌زگای راگه‌یاندن‌و ڕۆشنبیرانیه‌وه‌، که‌ تێده‌کۆشن ئه‌م کوشتارو وێرانکاریه‌ی ‌رووی له‌خه‌ڵکی مه‌زڵومی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی سوریا کردووه‌، بخه‌نه‌ خانه‌ی شه‌ڕی نێوان” کوردو ئیسلامی سیاسی”یه‌وه‌، ئه‌م شه‌ڕو کوشتاره‌ یه‌کێکە له‌ئه‌ڵقه‌کانی جه‌نگێکی کۆنه‌په‌رستانه‌و سیناریۆیه‌کی ڕه‌ش‌و ئینسانکوژی‌، که ‌ئه‌مریکاو ڕۆژاوا، بۆئامانجی سه‌رکوتی شۆڕش له‌م وڵاته‌و ته‌سفیه‌ی حسابی خۆیان له‌گه‌ڵ روسیاو چیندا، به‌سه‌ر خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی سوریادا، به‌کوردو عه‌ره‌به‌وه،‌ دایان سه‌پاندوە. لەئاکامی ئەوەشەوە لەلایەکەوە ده‌ستی ڕژێمه‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ئاوه‌ڵاکراوه‌ تا به‌وپه‌ڕی وه‌حشیگه‌ریه‌وه‌ بکه‌وێته‌ کوشتاری خه‌ڵکی بێدیفاع‌و کاولکردنی شوێنی کارو ژیانیان‌و لەلایەکی دیکەشەەوە ده‌رگای به‌ڕووی ده‌سته‌و تاقمی ئینسانکوژی قه‌و‌می‌و ئیسلامی‌و گروپه‌ تیرۆریسته‌کانی وه‌ک ئه‌لقاعیده‌و به‌ره‌ی نوسره‌و ئه‌وانیتردا کردۆتەوە که ‌له‌م زه‌لکاوی سینارۆی ڕه‌شه‌دا، به‌دوای ئامانجه‌کانی خۆیانه‌وه‌بن. فتوای کوشتاری هاوڵاتیانی کوردزمان‌و بەغەنیمەبردنی ژنان‌ لەپاڵ هێرش‌و په‌لاماره‌کانی چەندرۆژی رابردووی ده‌سته‌و تاقمە تیرۆریست‌و ئینسانکوژە ئیسلامیه‌کان بۆ سه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ‌سوریا، بەشێکن لەو هەوڵانەی که‌ ئۆپۆزسیۆنی سوریاو سوپا به‌ناو ئازاده‌کەی، بۆ هه‌ژمونی خۆی به‌سه‌ر بارودۆخی جه‌نگدا، به‌پشتیوانی تورکیا، ده‌ستی داوه‌تێ. ئامانجیشی لەوکارەی ئەوەیە کە له‌دانوسان‌و ڕێکه‌وتنی داهاتووی نێوان ڕوسیاو ئه‌مریکاو ده‌وله‌تانی ڕۆژئاوادا، که‌بریاره‌ له‌جنێف سازبدرێ،  وه‌ک ته‌ره‌فێک، که‌دروشمی یه‌کپارچه‌یی خاکی سوریای به‌ده‌سته‌وه‌گرتووه،‌ بکه‌وێته‌ مامەڵە‌کردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌ددا. به‌تایبه‌تیش بۆ شکستپێهێنانی سیاسه‌ته‌کانی په‌یه‌ده‌ له‌دامه‌زراندنی حکومه‌ت وناوچه‌یه‌کی خودموختار، له‌ناوچه‌ کورد نشینه‌کاندا، که‌تورکیای وه‌ک ته‌ره‌فێکی به‌شدار له‌جه‌نگی سوریادا، خستۆته‌ نیگه‌رانیه‌وه‌‌و وەکو پایەگایەك بۆ دەسەڵات‌و نفوزی پەکەکە تەماشای دەکات.
بێگومان کوشتنی هه‌ر هاوڵاتیه‌ک له‌م جه‌نگه‌ی سوریادا، به‌تایبه‌تی رەشەکوژیی ژن‌ومناڵ‌و خه‌ڵکی مه‌ده‌نی‌و بێدیفاعی ناوچه‌ کوردنشینه‌کان جێگای سه‌رکۆنه‌و توڕه‌یی‌و بێزاریی هه‌ر ئینسانێکی ئازادیخوازه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ هیچ کات لایه‌نگری‌و شەرعیەت بە حزبه‌ قه‌ومیه‌ کورده‌کانی وه‌ک په‌یه‌دە نابه‌خشێ، له‌کاتێکدا که‌ بۆ به‌ده‌ست‌هێنانی ناوچه‌ی نفوزی خۆی، هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌پاڵ ڕژێمه‌که‌ی ئه‌سه‌د دا راوه‌ستا‌و خه‌ڵکی کوردزمانی له چاره‌نوسی ‌شۆڕش‌ دابڕی‌. سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵیدا هاوسۆزی خەڵكی کوردزمان لەگەڵ باقی هاوڵاتیانی سوریا‌و کوشتارێك کە لەدژیان بەڕێوەدەچوو کەمبکاتەوەو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی له‌کوشتارو کاولکاری‌و جه‌نگیکی کۆنه‌په‌رستانه‌دا دۆزیه‌وه‌، که‌ ژیانی ملیۆنه‌ها ئینسانی ڕووبه‌ڕوی مه‌رگو ئاواره‌یی‌و کاولکاری لەسەراسەری سوریادا کرده‌وه‌. ناسیۆنالیزمی کورد، په‌یه‌ده‌‌و میلیشیاکه‌ی، له‌جه‌نگی سوریادا، به‌هه‌ما‌نشێوه‌ی ناسیونالیزمی کورد له‌عیراقدا، که‌چۆن به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان‌و سیاسه‌تی گه‌یشتن به‌ده‌سەڵاتیان له‌ قوربانیکردنی خەڵكی کوردستان‌و کوشتارو ته‌ئیدی گه‌مارۆی ئابوری‌و کاولکاری‌و قه‌سابیکردنی ژن‌و مناڵ‌و خه‌ڵکی بێتاوانی عێراقدا له‌جه‌نگی ئه‌مریکادا دۆزیه‌وه‌، له‌سه‌ر هه‌مان پره‌نسیپی نائینسانی‌و له‌ڕیگای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی مه‌رگ‌و ژیانی خه‌ڵکی ناوچه‌ کوردنشینه‌کان له‌سوریا‌و بێدەنگەلێکردن بەرامبەر کوشتاری هاوڵاتیانی غەیرەکوردی سوریا دا، دە‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتێک له‌هاوشێوه‌ی حزبه‌کانی پارتی‌و یه‌کیه‌تی دابمه‌زرێنی کە ٢٢ ساڵه‌ جگه‌ له‌ کۆنه‌په‌رستی‌، نه‌هامه‌تی، هه‌ژاری، بێکاری‌و‌ سه‌رکوت شتێکی زیاتری نه‌کردۆته‌ نسیبی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش. به‌مجۆره‌ش خه‌ڵکی ناوچە کوردنشینه‌کانی سوریا قوربانیی سیاسه‌تی ئه‌مریکاو ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاواو جه‌نگێکه که‌تێیدا ده‌سته‌و تاقمی قه‌ومی‌و ئیسلامی‌و ده‌وڵه‌تانی کۆنه‌په‌رستی ناوچه‌که‌‌و ڕژێمی فاشیستی ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ده‌سەڵات‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان که‌وتونه‌ته‌ به‌رامبه‌ر‌یه‌که‌وه‌‌و هه‌رلایه‌کیشیان به‌جۆرێک ژیانی خه‌ڵکی کریکارو زه‌حمه‌تکێشی سوریایان، به‌کوردو عه‌ره‌به‌وه‌، کردۆته‌ سوته‌مه‌نی‌و بارمته‌ی سیاسه‌ته‌ دژه‌ ئینسانیه‌کانیان.
ئه‌وه‌ی که ‌له‌ جه‌نگی سوریاو له‌م کوشتاوشه‌ڕه‌ی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی سوریاشدا جێگای له‌سه‌ر راوه‌ستانه‌، ده‌وری مه‌سعود به‌رزانی‌و سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندخوازانەی حزب‌و ده‌سەڵاته‌که‌یه‌تی که ‌چۆن هه‌ر‌له‌سه‌ره‌تاوه، بۆ ئامانجی قایمکردنی پێگه‌ی خۆی که‌وته‌‌ ‌ناردنی چه‌کدارو هاوکاریکردنی ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی له‌سوریاداو، دواتریش بۆ وەڵامدانه‌وه‌ به‌سیاسه‌ت‌و ئامانجه‌کانی تورکیا، ده‌رگای سنوره‌کانی هه‌رێمی به‌ڕووی خه‌ڵکی ئاواره‌و لێقه‌ماودا، داخست. هەروەکو ناکرێ دەوری ئیسلامیەکانی کوردستانیش لەپشتیوانیکردنی تیرۆریستانی ئیسلامی سوریا، بەناوی جیهاد لەدژی رژێمی ئەسەدەوە، نادیدەبگیرێت‌و لەو تاوانەی بەرامبەر بە خەڵکی بێدیفاع ئەنجام دەدرێن پاکانەبکرێن!
کوشتاری ئه‌مڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌ کوردنشینه‌کان له‌سوریا، جارێکیتر ڕیسوایی هه‌وڵه به‌ناو ئینساندۆستی‌و فریاگوزاریه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان‌و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوا‌و دەورو دەخالەتی قازانجپەرستانەی دەوڵەتانی روسیاو چین لە کێشەی سوریادا به‌رجه‌سته‌ده‌کاته‌وه‌. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ئه‌م تاوان‌و کوشتاره‌ی به‌ڕووی خه‌ڵکی ناوچه‌ کوردنشینه‌کاندا بەرێخراوه‌، مه‌حکوم ده‌کات‌و به‌ئه‌ڵقەیه‌کی دیکە له‌کاره‌ساته‌ تراژیدیه‌کانی جه‌نگێکی ئینسانکوژی ده‌یناسێنێ که‌ئه‌مریکاو ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاواوهاوپه‌یمانانیان له‌ناوخۆی سوریادا، ‌به‌سه‌ر سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی سوریادا دایان سه‌پاندووه‌. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بانگه‌وازی سه‌رجه‌م ئازادیخوازان له‌ئاست سوریاو ناوچه‌که‌و جیهان ده‌کات که ‌بۆ خواستی ڕاوه‌ستانی ده‌ستبه‌جێی جه‌نگ له‌سوریا بێنه‌مه‌یدانه‌وه‌.هاوکات داوا له‌خه‌ڵکی ناوچه‌ کوردنشینه‌کان ده‌کات که‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی شه‌ڕو سیاسه‌تی حزبه‌ قه‌ومی‌و ئیسلامیه‌کان راوه‌ستن‌و چاره‌نوسی خۆیان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشدا، گرێبده‌ن‌و بۆ ڕاگرتنی خێرای ئه‌م جه‌نگه ئنیسانکوژیه‌ ڕیزه‌کانی خۆیان یه‌کخه‌ن.

٤-٨-٢٠١٣

About hkkk

Check Also

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە: …

ئیسماعیل بەخشی و هاورێکانی دەبێ دەستبەجێ ئازاد بکرێن! رژێمی کۆنەپەرست و بۆرژوایی کۆماری ئیسلامی ئێران، …