Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بڕیار، بڕیاری خەڵکی کوردستانە!

بڕیار، بڕیاری خەڵکی کوردستانە!

له‌باره‌ی ده‌ربڕینه‌کانی ئه‌م دوایانه‌ی مه‌سعود با‌رزانی له‌په‌یوه‌ند به‌ پرسی ڕیفراندۆمه‌وه

له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا مه‌سعود بارزانی، له‌ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستدا، به‌زمانێکی‌ تر له‌باره‌ی پرسی ڕیفراندۆم و ئاینده‌که‌ی که‌وتۆته‌ ئاخافتنه‌وه‌ و ڕای گه‌یاندووه‌ که‌: “له‌کاتیکدا ئه‌نجامی ڕیفراندۆم ئاینده‌ی کوردستان دیاریده‌کات، به‌ڵام کات و مه‌رجه‌کانی سه‌ربه‌خۆییمان، پشت ده‌به‌ستێت به‌دانوسانه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غداو ڕاوێژی دراوسێکانمان و کۆمه‌ڵگای فراوانی نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه‌. ئێمه‌ له‌گفتوگۆکانماندا له‌گه‌ڵ به‌غدا نەرم ده‌بین”..

ئه‌م جۆره‌ ئاخاوتنه‌ی بارزانی ناکۆکە لەگەڵ مەبدەئی ریفراندۆم و هەم لەگەڵ ئەوەشدا که‌ ڕۆژانه‌ له‌زمانی خۆی و سه‌رانی تری حزبه‌که‌یه‌وه‌ بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌ سەبارەت بەوەی کە پارتی و بارزانی له‌هه‌موو لایه‌نێکیتر زیاتر له‌سه‌ر ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان سورن‌ و هه‌رخۆیان خه‌مخوری ئاینده‌ی خه‌ڵکی کوردستانن‌. هاوکات ئه‌م جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌ هه‌ڵکردنی چرای سه‌وزه‌‌ بۆ حکومه‌تی عێراق وده‌وڵه‌تانی ناوچەکەو ئه‌مریکا و ‌ڕۆژئاوا که‌بارزانی و حزبه‌که‌ی ئاماده‌ن‌ ئه‌مجاره‌ش پرسی ڕیفراندۆم و ئه‌نجامه‌که‌ی، بخەنە‌ گره‌وی ‌سیاسه‌تی سازان و ساتوسه‌وداوه‌. ‌بێگومان سیاسه‌تی پشتی ئه‌م جۆره‌ ڕاگه‌یاندنانه‌ شتێکی زیاتر نابێت له‌وه‌ی که‌چاره‌نوسی کوردستان له‌تونێلێکی تاریکیدا به‌دیار کێشمه‌کێش و بارگرژی به‌رده‌وامی قه‌ومی و سازان و دانوسانه‌ بێئاکامه‌کاندا، ڕاگرێ.

ئه‌م ده‌ربڕینانه‌ نه‌ک هه‌ر ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ که‌ بارزانی و حزبەکەی پابەند نیین به‌ ڕای خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ و وه‌ک بڕیاربه‌ده‌ستی ئه‌وه‌ڵ وئاخر ڕێزی لێناگرن، به‌ڵکو وه‌ک پیشەی هه‌میشه‌یی حزبه‌ عه‌شیره‌تیەکانی جوڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی، ئاماده‌ن پرسی ریفراندۆمیش وەک ئه‌و‌ مامه‌ڵه‌یه‌ی تا ئێستا ‌به‌مه‌سه‌له‌ی کورده‌وه‌ کردویانه‌، بکه‌نه‌ کارتی سات و سەودا لە پێناو بەرژەوەندی و مەرامە کۆنەپەرستانەکانی خۆیان. ڕاستیەکی ئاواش پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و بۆچونه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئێمه‌ کۆمۆنیسته‌کان ساڵەهای ساڵه‌ ڕامان گه‌یاندووه‌ و وتومانه‌ که‌ ناسیونالیزمی کورد و حزبه‌کانی  هه‌ڵگری هیچ پەیامێکی پێشکه‌توانە و پێشره‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی نین، نە لە پەیوەند بە چارەسەری مەسەلەی کوردەوەو نە لە پەیوەند بە بردنی کۆمه‌ڵگای کوردستان به ‌ئاقاری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مێک له‌ حوکمرانی که‌لانی که‌م ماف و ئازادیه‌کانی هاوڵاتیانی کوردستان و بژێویان مسۆگه‌ربێت. بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبه‌کانی که‌ له‌سه‌ر زوڵم و سته‌می قه‌ومی چه‌ندین ساڵه‌ی سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان به‌ نازونیعمه‌تی ئه‌مڕۆ گه‌یشتوون، ئێستا خۆیان بوونه‌ته‌ زاڵم و چه‌وسێنه‌ری خه‌ڵکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێشی “نەتەوە”کەی خۆیان. بوونه‌ته‌ ڕێگر و کۆسپی سه‌ر ڕێگای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد و کۆتاییهێنان به‌گێژاوێکی سیاسی که‌ خه‌ڵکی کوردستانی تیا ڕاگیراوه‌. 

خه‌ڵکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێشی کوردستان که‌ ناڕازین به‌ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و تاڵاچی پارتی وحزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ له ‌ئاینده‌ی نادیاری خۆیان ده‌ڕوانن، ده‌بێ ئه‌م قسانه‌ی با‌رزانی سه‌با‌ره‌ت به‌م ڕیفراندۆمه‌ و یاریکردن به‌ئه‌نجامه‌که‌ی به‌جدی بگرن. دەبێ رێگا نه‌ده‌ن چەندین ساڵیتریش ژیانی نه‌وه‌کانیان به ‌ناوی مه‌سه‌له‌ی کور‌ده‌وه‌ بکرێته‌ بابه‌تێک بۆ شه‌ڕ و کێشە و ساتوسه‌ودای نه‌بڕاوه‌ی ئه‌حزابی ناسیونالیزمی کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی و دەوەڵەتانی ناوچه‌که‌، له‌پێناو ڕاگرتنی دەسەڵاتی خۆیان و وه‌رگرتنی ئیمتیازات، به‌ڵکو ده‌بێ ڕیفراندۆم ببێت بە رێڕەوێكی خه‌بات بۆ کۆتاییهێنان به‌ دەسەڵاتی داسەپاو و گەندەڵی ئه‌حزابی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد.

خه‌ڵکی کوردستان بۆئه‌وه‌ی به‌کرده‌وه‌ لەو ‌گێژاوه‌ سیاسیه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگا تێکه‌وتووه‌ ده‌ربێن، بۆئه‌وه‌ی له‌ میحنه‌ته‌کانی ژێرسایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی و هاوشێوه‌کانی ڕزگاریان بێت، ده‌بێ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هێزی جه‌ماوه‌ریان بهێننه‌مه‌یدانه‌وه‌ و ڕاگه‌یه‌نن که ‌یاریکردن به‌ئه‌نجامی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ مه‌حکومه‌ و هیچ که‌س و لایه‌نێک مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ ‌یاری بە ئەنجامی ڕیفراندۆم بکات. ئەوە ڕابگەیەنن کە ‌تەنها و بەتەنها ڕای خه‌ڵکی کوردستان یەکلاکەرەوەیە و دەبێ بێ قەید و بەند جێبەجێ بکرێت. 

خه‌ڵکی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ڕیگانه‌ده‌ن ڕیفراندۆم بکرێتە‌ سیناریۆیه‌کی گاڵته‌جاڕ و کارتۆنی، ده‌بێ هه‌ر له ‌ئێستاوه‌ هێزی یه‌کگرتووی خۆیان بهێننه‌مه‌یدانه‌وه هەم وەڵامی شایستە بەم جۆرە لێدوانەی بارزانی بدەنەوە و هەم نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ناچاربکه‌ن بۆ ئەوەی هه‌مان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ‌ڕیفراندۆمێک که‌ له‌ کوردستاندا به‌ڕێوه‌یه‌ بکه‌ن که‌ له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمی جێگاکانی تری دونیادا کردویانه‌. خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێ ته‌نها چاو له‌ هێزی جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیان ببڕن تا بارزانی و حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان و ده‌وڵه‌تی عێراق و دەوڵەتانی ناوچه‌که ‌و هه‌ر ناوه‌ندێکی تری جیهانی ناچار بکەن دان به‌ڕیفراندۆمی کوردستاندا بنێن و ڕێزله‌ ڕای خه‌ڵکه‌که‌ی بگرن.     

 حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا مه‌رام و سیاسه‌ته‌کانی پشتی ئه‌م ده‌ربڕینانه‌ی بارزانی مه‌حکوم ده‌کات، ها‌وکات بانگه‌وازی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات که ‌یه‌کگرتوانه‌ وه‌ک خاوه‌نی  ئەسڵی پرسی ڕیفراندۆم و ئه‌نجامه‌که‌ی بێنه ‌مه‌یدانه‌وه‌.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

7/7/2017 

 

 

About hkkk

Check Also

دانپێدانانەکانی مەلا بەختیار بەڵگەی تاوانباریی بزووتنەوەی کوردایەتییە! …

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە: دانپێدانانەکانی مەلا بەختیار بەڵگەی تاوانباریی بزووتنەوەی کوردایەتییە! … …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *