Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بڕیاری ئەمریکا سەبارەت بەسێ کەسایەتی کوردستانی تورکیا

بڕیاری ئەمریکا سەبارەت بەسێ کەسایەتی کوردستانی تورکیا

….

دەقی وتەی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەلایەن دەشتی جەمال لە کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە برۆکسل رۆژی ١٥ی دیسەمبەری ٢٠١٨ تایبەت بە تومەتبارکردنی سێ کەسایەتی کوردستان بە تیرۆریست

بڕیاری دەوڵەتی ئەمریکا، سەبارەت بە سێ کەسایەتی کوردستانی تورکیا و تۆمەتبارکردنیان بە سێ ترۆریست و تەرخان کردنی ١٢ ملیۆن دۆلار بۆ ئاشکراکردنی شوێن و جێگایان، درێژەدانی هەمان سیاسەتی ریسواو دژە ئینسانی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکایە بۆ سەوداو مامەڵەکردن لە پێناو بەرژەوەندیە سیاسیەکانیدا، ئەم ڕاگەیاندنەی ئێستای بۆ ئەو سێ کەسایەتیە، دڵڕاگرتن و ڕازیکردنی دەوڵەتی فاشستی تورکیایە لە نێو هەلومەرجی دژوارو گێژاوی سیاسی ئێستای ناوچەی رۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست، کە بۆتە مەیدانی شەڕ و کێشمەکێشی وڵاتانی ئیمپریالستی و زلهێزی دنیا، دەوڵەتی ئەمریکا لەم رێگەیەوە هەوڵئەدات بەهەر بەهایەک بێت بۆ گۆڕێنی هاوکێشەی سیاسی ئێستای و بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەدەورو نفوزی روسیا، دەوڵەتی تورکیا کێشکاتەوە بۆ ناو بەرەی تەرفی ئەمریکا، بۆ ئەم هەنگاوەش ئامادەیە کەنەک تەنها بە ناونانی سێ کەسایەتی بە تیرۆرست مامەڵە لە گەڵ دەوڵەتی تورکیادا بکات، بەڵکو بۆ مانەوەی باڵادەستی دەوڵەتی ئەمریکاو پاراستن و زیاد کردنی دەور نفوزی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا ئامادەیە تەواوی دانیشتوانی کوردستان بکاتە قوربانی.

کێشەو مەسەلەی دەوڵەتی ئەمریکا بە هیچ جۆرێک دیاری کردنی ئەو سێ کەسایەتیە نیە بە تیرۆریست، ئەمریکا هەرگیز بەدوای تیرۆیست و تیرۆستانەوە نەبوەو نیە، هەر کات ئەو هەڵومەرجە لە دەورانێکی تردا بە جۆرێکی تر بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا بخوازرێت و بگونجێت، ئامادەیە بەناوی ئازادی خوازی و ئینسان دۆستیەوە خەڵاتی ئاشتی خوازی بە هەریەک لەو سێ کەسایەتیە ببەخشێ کە ئێستا بە تیرۆریست دەیان ناسێنێت..
نەخشەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە عێراق و سوریادا بەتایبەتی دەرگیر بە شکستێکی گەورەی ئابڕوبەرانە بۆتەوە، سیاسەتەکانی لەبەرامبەر ئێراندا بە بن بەست گەیشتون و دەوری روسیاش هاوکێشەکەی لێ ئاڵۆزترکردووە، هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی مێژووی ئەمریکایە، بەڵام لەم دەورانەدا زیاتر نزیکایەتی خۆی لە روسیای نەیاری ئەمریکا نیشاندا. ئەم واقعیەتە دەوڵەتی ئەمریکای ناچار کرد چاو بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیادا بخشێنێتەوە، هەر ئەمەش هەوڵ و ناوەرۆکی سیاسەتی ئەمریکایە لە بەرامبەر پەکەکەو سەرکردەکانیدا کە دەبێتە مایەی سەوداو مامەڵەیەکی پوچ و ریسوا و نائینسانی و دژ بە ئازادی و هەڵسوڕانی سیاسی هەر حزب و لایەن و کەسایەتیەک کە نەگونجێ لەگەڵ سیاسەت و بەرژوەندیەکانی ئەمریکادا.

لە هەمان کاتدا دەوڵەتی ئەمریکا مێژوویەک لە دەوری هەلپەرستانە و نەشیاو و نەرێنی بووە لەسەر بەکارهێنانی مەسەلەی کورد بۆ خزمەت بە بەرژوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، کە هاوکات هێزە کوردیەکان خۆشباوەڕی و ئومێدیان بووە بەو سیاسەتە دژی ئینسانی و تاوانە تیرۆرستیەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و بونەتە پاشکۆی ئەو سیاسەتانەو خزمەتکردن بە بەرژوەندی و سیاسەتەکانی ئەمریکا.

هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە ریسوایەی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ئەو سێ کەسایەتیە پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی دژایەتی دەوڵەتی تیرۆرستی ئەمریکا لە جیهاندا ڕەنگبداتەوە، هەڵوێستێک بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر سیاسەتی جەنگخوازی و دەخاڵەتی دەوڵەتی ئەمریکا لە کاروباری سیاسی وڵاتان و پشتیوانی کردنی لە هێزو لایەنی ئیسلامی و تیرۆریستان، هەڵوێستیک کە لە پەیوەست بوون بە ریزی بەرینی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی و ناڕەزایەتی جیهانەوە سەرچاوە بگرێت، بۆ راگرتن و دەستکۆتاکردنی جەنگ و کێشمەکێشی دەوڵەتی ئەمریکاو وڵاتانی زلهێزی دنیا لە وێرانکردن و ئاوارەکردن و کوشتاری بە کۆمەڵ و هەژاری و برسیەتیدا.

هیوادارین ئەم کۆبوونەوەیە گشتگیرترو فراونتر لەسەر ئەو تۆمەتبارکردنەی ئەمریکا بۆ ئەو سێ کەسایەتیە هەڵوێست وەربگرێت و کاری لەسەر بکات، بە مانای وەستانەوە لەبەرامبەر تەواوی ئەو تۆمەتانەی دەوڵەتی ئەمریکا دەیخاتە پاڵ هەر کەسایەتی و حزب و لایەنێکی سیاسی لە هەرشوێنێکی دنیادا و هەوڵ ئەدات هەڵسوڕانی سیاسیان سنوردار بکات و سزایان بدات، دەوڵەتی ئەمریکا بە مانای سەرکردەی تیرۆرستی دەوڵەتی و خاوەنی سەدان تاوانی جەنگ هەڵگیرساندن و وێرانکاری و خولقاندنی نائارامی و گێژاوی سیاسی و برسیکردنە بە ئابڵوقەی ئابوری، بە هیچ دەستور و یاساو رێسایەک ئەو مافەی نیە بڕیار لەسەر ناونانی هیچ کەس و لایەنێک بە تیرۆرست ناوزەد بکات و داوای ئاشکراکردنی شوێنیان بکات، پێویستە ئەم بڕیارەی ئەمریکاو هەر بڕیارێکی تری لەم چەشنە سەرکونەو ریسوا بکەین.

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *