Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بڕینی موچەی موچەخۆران پێویستی بە وەڵامی دەستبەجێی ڕێكخراو و بەکردەوە هەیە! …

بڕینی موچەی موچەخۆران پێویستی بە وەڵامی دەستبەجێی ڕێكخراو و بەکردەوە هەیە! …

حکومەتی هەرێم!! بڕیاری بڕینی موچەی فەرمانبەرانی بە رێژەی لەسەدا ٢١%، راگەیاند. ئەم بڕیارەی حکومەت و دەسەڵاتی سێ لایەنەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان، لەدژی فەرمانبەران و موچەخۆران و تەواوی خەڵکی کوردستان، ئەگەر لەلایەکەوە ناکۆکی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە بۆگەنکردووە، لەگەڵ جەماوەری نەداری کوردستان بەیان دەکات، لەلایەکی تریشەوە نیشانی دەدات کە ئەم دەسەڵات و حکومەتە دیکۆرە، دەسەڵات و حکومەتی دیکۆری سەرمایەدارن و بازرگانانی سیاسی و کۆمپانیاکانیانە.

بڕیاری بڕینی لەسەدا ٢١ موچەی مانگانەی فەرمانبەران، لەدرێژەی خاڵیکردنەوەی سیستماتیکی سفرەی بێبەشانی کۆمەڵگەدایە. لەدرێژەی درێژکردنەوەی مانگەکاندایە. لە درێژەی سیاسەتی پاشەکەوتی موچەدایە کە بۆماوەی چوار ساڵ، درێژەیان پێدا. لەدرێژەی هێرشی هەمەلایەنەی دەسەڵاتدایە بۆسەر جەماوەری کرێکار و کارمەند و موچەخۆرانی کوردستان. لەدرێژەی وێرانکردن و هەرزانفرۆشکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و تەرفیهیەکاندایە… وە توندکردنەوەی جەنگی چینایەتیە لەدژی بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگە لەلایەن کەمایەتیەکی مشەخۆری دزو تاڵانچی و تێر نەبووەوە.

ئەم کەمایەتییە مشەخۆرە حزبی و کۆمپانیا هەمەڕەنگەکانیان، ٣٠ ساڵە لەقوتی خەڵکی بێبەشی کوردستان، لە ڕێگای دزینی سامان و داهاتی جۆراوجۆری هەرێمەوە، لەرێگای دەستبەسەراگرتنی هەموو جومگەکانی سامان و داهاتەوە، لەڕێگای بەتاڵانبردنی ئەو داهاتانەی لە دنیای دەرەوە بۆ هەرێم دێت، لە ڕێگای بەتاڵانبردن و فرۆشی نەوت بەشێوەی قاچاغەوە، لە ڕێگای بەتاڵانبردنی بەشە داهاتی بەغداوە، لەڕیگای سپی کردنەوەی پارەی دزراوەوە، سامان و سەروەتی خۆیان سەد بەرابەر کردووە، بەپێی راپۆرتە راگەیاندراوەکان بانقەکانی دنیایان تەژی لە پارە کردووە، ژیانی بەهەشتیان لە کوردستانی دۆزەخی هەژاراندا، بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان، زامن کردووە، کەچی ئامادەنین دەست بۆ ئەو هەموو سەروەت سامانەی خۆیان و کۆمپانیاکان و سامانی بنەماڵەو و حزبەکانیان ببەن، بەڵکو لە جێگای ئەوە ئەزمەی ئابوری و دارایی و شکستی سیاسەتی ئابوریان، لە رێگای دواخستنی موچە، درێژکردنەوەی مانگەکان و ئەمجارەش لە رێگای برینی سەدا ٢١ موچەوە، بەسەر شانی جەماوەری بێبەشی کوردستان و بەتایبەتیش کارمەندان و موچەخۆراندا دەشکێنەوە.

برینی لە سەدا ٢١ موچە لەلایەن حکومەتی سێ کوچکەیی پارتی و یەکێتی و گۆڕانەوە، کە لەم ساڵدا تەنها یەک موچەیان دابەش کردووە، هێرشێکی ئاشکرای پارێزەرانی سەرمایەو بازرگانانی سیاسی و کۆمپانیاکانیانە، بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی جەماوەری بێبەشی کوردستان، بۆ بێبەهاکردنی ژیان و وێرانکردنی ئاینندەی و شکۆی ئینسانیان.

دەسەڵاتی حزبۆکراتی و حکومەتە کارتۆنییە بە بنبەست بووەکەیان، لە کاتێکدا دەستیان بۆ برینی لە سەدا ٢١ موچەی کرێکاران و کارمەندان برد، کە جەماوەری کرێکار و کارمەندو ئۆردوی بێکاران و بێ وەستان لە تیکۆشان و خەباتدان بۆ موچەی وەدواکەوتوویان، بۆ گێرانەوە پارە پاشەکەوتکراوەکانیان!! وە بۆ خزمەتگوزارییەکانیان و لەوەش واوەتر درۆی پوچی چاکسازی دەسەڵاتیان، بەتەواوەتی بۆ ئاشکرا بووە.

لەوانە واوەتر بزوتنەوەی فراوانی نارەزایەتی لەسەراسەری کوردستاندا، بەجیا لەداخوازی موچە و گێرانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان، بەجیا لەداخوازی بۆ هەلی کارو خزمەتگوزارییەکان، روو لە ڕاماڵینی تەواوی دەسەڵاتی حزبۆکراتی بۆرژوازی شکستخواردووی بزوتنەوەی کوردایەتییە…

بڕینی لەسەدا ٢١ موچە لە هەلومەرجی ئێستادا، یاریکردنێکی نەزانانەیە بەئاگر و تەکانێکی تر دەدات بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەی و بۆ خواستەکانیان و هاوکاتیش بۆ راماڵینی دەسەڵاتی تاڵانچی هەرێم و حزبە دەسەڵات بەدەست و بنەماڵە دەستڕۆشتووەکانیان.

جەماوەری بێبەشی کوردستان، کرێکاران و کارمەندان و سەرجەم موچەخۆران تا دەگاتە ئوردوی بێکاران و خوازیارانی هەلی کار، پێویستە لەبەرامبەر بەو هێرشە بەردەوامانەی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەو کۆمپانیاکانیان و حزبە چەتەکانیان، بەڕیزی یەکگرتوانەو ڕێکخراوەوە، پلانی ڕێکخراو سیستماتیکی بۆرژوازی و حزب و حکومەتە کارتۆنیەکەیان، پوچەڵ بکەنەوە. لەراستای چوونە پێشەوەی ئەم هەنگاوەشدا، ئامادەی ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە بن، کە تا رۆژێک زیاتر تەمەن بکات، برسێتی و گرانی و بێکاری و نەداری و تاڵان و سەرکوت و بێمافی زیاتر دەکات و ئایندەی سیاسی کوردستانیش بەرەو تاریکتر و خراپتر دەبات…

بژی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی رێکخراو و سەراسەری کوردستان!

مەرگ و نەمان بۆ دەسەڵاتی نۆکەر پیشەو تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی!

ئەم بابەتە لەبڵاوکراوەی بۆپێشەوە

٢٢/٦/٢٠٢٠

About hkkk

Check Also

سەبارەت بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا …

لینین… وەرگێران لە ئینگلیزیەوە: سالار حەمەسەعید… ئەم وتارەی لینین لە دوهەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفیکدا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *