Home 6 vidio 6 بژارده‌یه‌كی ترمان له‌به‌رده‌مدایه‌.. کە دەسەڵاتدارێتی جەماوەریە!
بژارده‌یه‌كی ترمان له‌به‌رده‌مدایه‌.. کە دەسەڵاتدارێتی جەماوەریە!

بژارده‌یه‌كی ترمان له‌به‌رده‌مدایه‌.. کە دەسەڵاتدارێتی جەماوەریە!

ڕاگه‌یاندنی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، کە حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن تێیدا بەشدارن، رۆژی ٣٠/٩/٢٠١٨ یان وەکو رۆژی دەنگدان بۆ پەرلەمانی کوردستان دیاریکردوە. دیسانه‌وه‌ سازدانی هه‌ڵبژاردنێکی تر له‌هه‌رێمی کوردستاندا له‌لایه‌ن حزبه‌کانی نێو ده‌سه‌ڵات و به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و حزبانه‌ی‌ که‌خۆیان به‌ناڕازی له‌ده‌سه‌ڵات ناوزه‌د ده‌که‌ن، بڕیاری لێدرایه‌وه‌. به‌مجۆرە هه‌موو لایه‌ک ڕێکه‌وتون که‌‌‌ بۆ شه‌رعیه‌تدانه‌وه‌ به‌خۆیان و له‌پێناو دابه‌شکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سامان له‌ نێوانیاندا و هەروەها بەئومێدی راستکردنەوەی باری لاری ئەزمونی شکستخواردووی حوکمڕانی هاوبه‌شیان، جارێکیتر خه‌ڵکی کوردستان ڕاکێشنه‌وه‌ به‌ر‌ده‌م سندوقه‌کانی ده‌نگدان و بیانکه‌نه‌وه‌ بە ئامڕازی به‌ڕێخستنی سینارێۆیه‌کی تری ‌گاڵته‌جاڕی که‌ناویان لێناوه‌ هەڵبژاردن. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ هێشتا تانه‌و شکاتی هه‌رئه‌م حزبانه‌ له‌ته‌زویر و دزینی ده‌نگ و ئه‌و ڕیسوایی و ئابڕوچوونه‌ی که‌‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی په‌رله‌مانی عیراقدا ده‌رکه‌وت‌، لەگوێێ خەڵکدا دەزرنگێتەوە!

خاڵی به‌رجه‌سته‌و هاوبەشی سه‌رجه‌م ‌ئه‌وحزبانه‌ی ‌له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌شدارن، ده‌ستبردنه‌ بۆ‌ هه‌مان قه‌وانی سواو‌‌ که‌ گوایه‌ ده‌نگی خه‌ڵک و به‌شداریان له‌هه‌ڵبژاردندا، ته‌نها فاکتۆر و ڕێگای‌ به‌دیهێنانی گۆڕانکاری و چاکسازیه‌ له ‌سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئێستا و له‌ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی هاوڵاتیاندا. درۆیه‌کی ئاواش نه‌ک هه‌ر بۆ هێشتنەوە‌و پاراستنی پایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و چوارچێوه‌یه‌کی سیاسی که ‌ئه‌م حزبانه‌ گه‌مه‌ی سیاسی خۆیانی تیاده‌که‌ن، ده‌ستی بۆبراوه‌، به‌ڵکو ڕاسته‌وخۆ بەمەبەستی ‌دژایه‌تیکردن و بەلاڕێدابردنی خه‌باتی شۆڕشگێرانه‌ی جه‌ماوه‌ری ناڕازی کوردستانە، که ‌کۆتاییهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی و تاڵانچی بۆرژوازیی کردۆته‌ ئامانج، دووباره ‌ده‌کرێته‌وه‌. ‌به‌تایبه‌تی که ‌ته‌جروبه‌ی چه‌ندین جاره‌ی هەڵبژاردن و‌ تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین خولی په‌رله‌مانی، ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا، نه‌ک هه‌ر ‌ناتوانرێ له‌ڕێگای ده‌نگدانەوە‌ که‌مترین گۆڕانکاری و چاکسازی به‌قازانجی خه‌ڵکی هه‌ژارو برسی تیابکرێ، ته‌نانه‌ت ناتوانرێ ده‌سه‌ڵات له‌ دوو حزبی میلیشیایی و بنه‌ماڵه‌یی ‌یه‌کیه‌تی و پارتیه‌وه‌‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ ئه‌حزابێکی تر له‌هه‌مان خێزانی بۆرژوازی! بێجگە لەوەش پەرلەمان کارتۆنیبوونی خۆی بەسەد شێوە سەلماندووە. که‌ده‌نگ و ڕای خه‌ڵکی که‌مترین ڕێزو ئیعتباری نیه‌، تابکرێته‌ پێوانەو‌ فاکتۆرێک بۆ گۆڕانکاری له‌سیسته‌می ئێستادا.

به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌، له ‌فه‌زایه‌کی سیاسی جیاواز له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو به‌رێوه‌ ده‌چێت، ‌له‌لایه‌کەوە شکست و بنبه‌ستی ئه‌حزابی بۆرژوازی کورد لە چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌‌غدا و لەلایەکی ترەوە شکستی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی خودی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، هه‌قیقه‌تی فه‌شه‌ل و بێتوانایی ئه‌م حزبانه‌ی له‌ وەڵامدانه‌وه‌ بەگرنگترین مەسەلە سیاسیەکان و سه‌ره‌تاییترین خواستەکانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی موچه‌و خزمه‌تگوزاریه‌کان، له‌هه‌ست و‌هوشیاری زۆرینه‌ی هاوڵاتیاندا جێخستوه‌. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ توڕه‌یی و بێزای خه‌ڵک به‌رامبه‌ر به ‌ده‌سه‌ڵات و بێباوه‌ڕییان به ‌حزبه‌کان و سیاسه‌ته‌کانیان، نه‌ک هه‌ر ‌پرۆژه‌ی چاکسازی و ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاتی له‌ڕێگای په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، کردۆته‌ بابه‌تێکی گاڵته‌ئامێز، به‌ڵکو‌ مه‌سه‌له‌ی وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ‌ئه‌رکه ‌فه‌وریه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریدا داناوه‌. له‌دۆخێکی ئاوادایه‌ که‌ مه‌سه‌له‌ی فریودان و ڕاکێشانی هاوڵاتیانی کوردستان بۆ سه‌رسندوقه‌کانی هه‌ڵبژرادن بۆته‌ گرفت و گرێیه‌کی سه‌ره‌کی به‌رده‌م هه‌موو حزبه‌کان و خودی هه‌ڵتۆقینی لیسته‌کانی وه‌ک شاسوار عه‌بدولواحید و به‌رهه‌م ساڵح له‌دۆخیکی ئاواوه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌.

خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان، جه‌ماوه‌ری بێبەش و برسیکراوی کوردستان!

به‌شداریکردن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بژارده‌ی ئێمه‌ نییه‌. ده‌نگدان به‌نوێنه‌رانی هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی که‌ تاقیکراونه‌ته‌وه‌، جگه ‌له‌ گه‌یاندنی نوێنه‌رانی چه‌ند حزبێکی خاوه‌ن میلیشیاو کۆمپانیای بازرگانی بۆ نێو په‌رله‌مانە کارتۆنیەکەیان و شەرعیەتدانەوە بە ده‌سه‌ڵات و یاساو هێزی سه‌رکوتگه‌ریان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه‌، شتێکی زیاتری بۆ ئێمه‌ خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش، ژنان و لاوان و فه‌رمانبه‌ران تێدا نییه‌. به‌شداریكردن له‌ گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردندا دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیناریۆی ته‌ڵخی چه‌ند ساڵی پێشووه به‌هه‌موو ده‌رده‌ سه‌ری و جیاکاریه‌ چینایه‌تیه‌کانیه‌وه‌.

به‌ڵام ته‌نها به‌شدارینه‌كردن و بایكۆتكردن به‌س نییه‌. ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی چه‌ند ساڵی پێشوو سه‌د جار سه‌لماندوویانه‌ كه ‌به‌بێ خۆ ڕێكخراوكردن و یه‌كگرتنی جه‌ماوه‌ر له‌ده‌وری ئاسۆیه‌كی ڕۆشنی شۆڕشگێرانه‌ بۆ وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد و جێگرتنه‌وه‌ی به‌ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ڕێی شورا و ئه‌نجومه‌ن و ئۆرگانه‌ واقعیه‌كانی خۆیانه‌وه‌، ڕزگاری له‌ده‌سه‌ڵاتی خۆ سه‌پێنی چینه‌ داراكان ئیمكانی نییه‌. ئه‌وان شكستیان خواردووه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان ته‌واو بووه‌، به‌ڵام به‌ زه‌بری سه‌ركوت و میلیشیاكانیان هێشتوویانه‌ته‌وه‌. بۆ ئێمه‌ش چه‌كی كاریگه‌ر خۆ ڕێكخراوكردن و ئاسۆداربوونی ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری چه‌ند ساڵه‌مانه‌ له‌ ده‌وری خه‌بات بۆ هێنانه‌کایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی جه‌ماوه‌ری وا كه‌ ئازادی و یه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی  بۆ هەموان مسۆگه‌ر بكات.

که‌وایه‌ با ئه‌و گاڵته‌جاڕیه‌ی ناویان ناوه‌ هه‌ڵبژاردن و چه‌ندینجار مایه‌پووچبوونی تاقیکراوه‌ته‌وه‌، بکه‌ینه‌ فرسه‌تێک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هێزی چینایه‌تیمان، با له‌باتی به‌شداریکردن، ڕۆژی ده‌نگدان بکه‌ینە ڕۆژی ” نا ” وتن به‌م ده‌سه‌ڵاته‌و سیناریۆی هه‌ڵبژاردنیان. با به‌هێنانەمه‌یدانی ڕیزی ناڕه‌زایه‌تیمان له‌ژێر دروشمی نان و ئازادی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری، یه‌کگرتووانه‌ ئه‌م گاڵته‌جاڕیه‌ به‌شکست بکێشین.

ئه‌گه‌رئه‌وان سیناریۆی هه‌ڵبژاردن وه‌ک که‌مپێنێک بۆ فریودان و له‌ خشته‌بردنی هاوڵاتیان و ڕاکێشانیان بۆسه‌ر سندوقه‌کان به‌ده‌سته‌وه ‌ده‌گرن، ده‌بی ئێمه‌ کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران، ژنان و لاوان و خه‌ڵکی هه‌ژارو برسی، هه‌ر له ‌ئێستاوه‌ له‌هه‌موو شوێنێک، له‌کارگه‌و دامه‌زراوه‌و گه‌ڕه‌که‌کان، له‌زانکۆ و ناوه‌نده‌کانی شار‌ کۆڕو کۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خۆمان به‌ڕێ بخه‌ین و رایگه‌یه‌نین ” نا بۆ ژیانکردن له‌سایه‌ی ده‌سەڵاتی میلیشیایی وتاڵانچیاندا، بژی ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری! ”

نا بۆ گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردن!

به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراوی واقعی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زحمه‌تكێش و بێبه‌ش!

حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان

ئابی ٢٠١٨

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*