Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 “بۆچی ئێمە منداڵانی پەنابەر دەخەنە قەفەزەوە؟…

“بۆچی ئێمە منداڵانی پەنابەر دەخەنە قەفەزەوە؟…

ترەمپ(سەرۆکی ئەمەریکا) ی ئێستا هەمان ڕەفتار دوبارە دەکاتەوە کە هێزی چەکداری تایبەتی ئەمەریکای٥٠ ساڵ    لێرەوەپێش کردی لە شەڕی ڤێتنام دا لەبەرامبەر منداڵانی ڤێتنامی دا .

Amy Goodman

Denis Moynihan

June 21, 2018

ئامادەکردنی: شوان عەزیز

ئەوەی کە ترەمپ دەیکات لەبەرامبەر کۆچبەران و جیاکردنەوەی منداڵان لەباوک و دایکیان ڕێک هەمان ڕەفتاری ئیدارەی ئەمەریکایە کە لەشەڕی ڤێتنامدا کردیان لەبەرامبەر ژنان و منداڵانی ڤێتنامیدا.

ئەو کات پرسیارەکان بەم شێوەیە دەکران:

 

پرسیار: “هەروەها منداڵیش؟”

وەڵام : “هەروەها منداڵیش”

 

بەڵام ئێستا لە ساڵی ٢٠١٨دا  پرسیارەکە بەم شێوەیە دەکرێت و ڕووبەرووی سەرۆک ترەمپ دەکرێتەوە: “بۆچی ئێمە منداڵانی پەنابەران دەخەینە قەفەزەوە؟”

 

ئەو چوار وشەیەی سەرەوە کە وەختی خۆی وەک پرسیار و وەڵام  لە ساڵی ١٩٦٩ بڵاو کرانەوە لەلایەن دەزگای هەواڵی(سی بی ئێس) وە.. کە کاریگەریەکی زۆر قوڵیان دانا لەسەر ڕای گشتی ئەمەریکاو ئیدارەی سەرۆکایەتی نیکسۆن و هەروەها لەسەر شەڕی ئەمەریکا لە ڤێتنامدا.

ئێستاو دوای ٤٩ ساڵ دیسان لەناو کۆشکی سپیدا پرسیارگەلێک هاتنە ئاراوە لەسەر چارەنووسی منداڵ و کۆرپەڵەی ساوای کۆچبەران. ئەمجارەیان پرسیارەکان لەسەرچارەنوسی هەزاران لە منداڵانی خێزانە کۆچبەرەکانە کە ڕوودەکەنە ئەمەریکا. هەندێک لەو منداڵانە لە تەمەنی کۆرپەڵەییدان و هەندێکیشیان هەر چەند مانگێک تەمەنیانە. ئەومنداڵانە لە دایک و باوکیان جیا دەکرێنەوەو بەفەرمانی سەرۆک ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا  دەخرێنە قەفەسێکەوە کە وەک و زیندان وایە بۆ ئەو منداڵانە.

مایک وەڵاس، کە ڕۆژنامەنوسێکی ئەوکات و ئاگاداری ئەو جەنگە بووە لە ڤێتنامدا، لە چاوپێکەوتنێکیدا  نیو سەدە پێش ئیستا لەگەڵ جەنگاوەرێکی گەنجدا کە بەشداری ئەو شەڕەی کردووە لە ڤێتنامدابە ناوی( پۆڵ میدڵۆ) پرسیاری لێدەکات دەڵێت” هەروەها منداڵیش؟” وەڵامی سەربازە گەنجە ئەمەریکیەکەش  ئەوەیە: “هەروەها منداڵیش”. پۆڵ میدڵۆ لەناو هێزێکی تایبەتی ئەمەریکیدا چەکداربوەو لە ١٦-ئازاری- ١٩٦٨دا هێرش دەکەنە سەر گوندێکی ڤێتنامی بە ناوی مای لای وە داگیری دەکەن.

هەر کە هێزەکەی ئەمەریکا گوندی مای لای ڤێتنامیای داگیرکرد دەستیان کرد بە کوشتنی خەڵکە بێدیفاعەکەی و لە ماوەی تەنها ڕۆژێکدا بە ژمارە ٥٠٠ کەسی مەدەنیان کوشت. پۆڵ میدڵۆ  دیمەنی ئەو قەتڵ و عامەی گوندی مای لای بۆ ڕۆژنامە نووس مایک دەگێڕێتەوەو دەڵێت” خەڵکەکە لێمان دەپاڕانەوەو دەیان گوت ” نا، نا” وە دایکەکانم دەبینی کە باوەشیان بە منداڵ و کۆرپەکانیان دادەکرد تا بەر ڕێژنەی گولەی ئێمە نەکەون و هەروەها دەستیان بەرز دەکردەوە تا گوللەکان بەر دەستیان بکەوێت و نەهێڵن بەر منداڵەکانیان بکەوێت”

سیمۆر هێرش، کە ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆیە، پۆڵ میدڵۆ رازی دەکات کە بێت بۆ دەزگای سی بی ئێس و لەوێ دەربارەی ئەو قەتڵوعامەی گوندی مایلای چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکرێت. ئەوەی کە سیمۆر هێرشی نیگەران کردووە ئەوەیە کە لە کتێبەکەیدا بە ناوی( قسە کردن لەسەر دێموکراسی)دا بە تەواوی ڕوماڵی ئەو کارەساتەی نەکردووە. پۆڵ بە وردی دیمەنەکە نیشاندەداو دەڵێ” کە هێرشمان کردە سەر گوندەکە لەباتی ئەوەی توشی دوژمن ببین توشی خەڵکی بێچەک، ژن، منداڵ و پیرو پەک کەوتە بووین. وە ئێمەش هیچ نەسڵەمینەوەو بێ بەزەییانە دەستمان کرد بە قەتڵ و عامی ئەو خەڵکەی لەوێ مابوون. خەڵکەکەکەمان دەخستە چاڵەکان و دەمان کوشتن. تەعدای جنسیمان لە ژنەکان دەکرد و دوایش دەمان کوشتن. منداڵ و کۆرپەکانمان فڕێدەدان و دەمان کردن بە سەرەنێزەکانمانەوە“. سیمۆن هێرش دەڵێت ئەوەی کە پۆڵ میدڵۆ بۆ سی بی ئێسی گێڕاوەتەوە من لە ناو کتێبەکەمدا ئاماژەم پێنەداوە چونکە بەڕاست هەر زۆر دیمەنێکی نامڕۆڤانەو سەرتاپای وەحشی گەریە. ئەوەش زیاتر منی نیگەران کردووە.

مایک وەڵاس پێنج جار لە پۆڵ میدڵۆ دوبارەی دەکاتەوەو پێی دەڵێ: هەروەها کۆرپەڵەو منداڵیش؟ پۆڵ لەوەڵامدا دەڵێت هەروەها کۆرپەڵەو منداڵێش!”

سیمۆر هێرش چەندین جار ویستی لە ڕێگەی هەندێک میدیای ئەمەریکی بەناوبانگ ئەو چیرۆکە بڵاوبکاتەوە، بەڵام هەمووجاران بە نەخێر وەڵامیان دەدایەوە. بەڵام ئاخیرەن هەر بڵاویکردەوە لە ڕێگەی دەزگایەکی بچوکی هەواڵی دژی شەڕ لە ساڵی ١٩٧٠ داو خەڵاتی بەنێوبانگی (پولیتزەری)یشی لەسەر وەرگرت.

سیمۆر هێرش وای دەبینێ کە ئەمەی ئێستا ترەمپ دەیکات لە بەرامبەر منداڵانی خێزانە کۆچبەرەکاندا هاوتەریبە لەگەڵ ئەو ڕەفتارەی ئەمەریکا کردی لەبەرامبەر خەڵکی گوندی مای لای ڤێتنامدا. وە لە هەمان کاتیشدا کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەم ڕەفتارەی ترەمپ لەبەرامبەر کۆچبەرندا ڕۆماڵدەکەن ئەوەش  زۆر گرنگەو دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان.

ئەمڕۆش لێرەدا لە ناو جەرگەی ئەمەریکاداو لانکی دێموکراسیدا، دیارە بەقسەی خۆیان، لە میدیاکانەوە بە تایبەتی دەزگای (پڕۆ پەبلیکان) وێنەی ئەو مناڵانە دەبینین کە هێشتا گاکۆڵکێ دەکەن و لە تەنیشتی باوک و دایکی پەل بەستراویاندا دەگرین و گوێمان لێیە کە هاوار دەکەن و دەڵێن” دایە، باوە.!” . یەکسەر هەر لە پاڵی ئەو منداڵانەشەوە پاسەوانەکانی ئەمەریکا دەبینین و گوێمان لێیە کە لاسایی ئەو منداڵانە دەکەنەوەو بە زمانی ئیسپانی پێیان دەڵێن” ئێ ئێ باشە ئەوەتە هەر لێرە ئامێری مۆسیقاو ئۆڕکەستڕامان هەیە، تەنها لە کەسێکی کەمە کە لێیان بداو بەکاریان بێنێ”

خەڵی فەڕمی و  دەزگای ڕاگەیاندنەکان بە ڕەوەو پۆل خۆیان گەیاندە سنورەکانی نێوان ئەمەریکاو مەکسیک. داوای ئەوە دەکەن کە بتوانرێت سەردانی ئەو شوێنانە بکەن کە کۆچبەرەکانی تێدا ڕاگیراون. لەو بارەوە پرسیار ئاراستەی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا کرا. بۆ نموونە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئەو پرسیارە ئاراستەی کریستین نیڵسن کرا کە سکرتێری بەشی ئاساییشی ناوخۆیە لەناو کۆشکی سپیدا. پرسیاری لێکرا کە بۆچی ئێوە تەنها وێنەی منداڵی کوڕتان لە ناو قەفەسەکاندا بڵاوکردۆتەوە کە تەمەنیان لەسەرووی ١٠ ساڵەوەن؟ ئەی بۆچی لێرەدا منداڵی کچ و کۆرپەڵەکان نابینرێن؟ یا ئەوانەی کە هێشتا گاکۆڵکێ دەکەن؟ ئەی منداڵە کچەکان لە کوێن؟ ئەو پرسیارانە بەبەردەوامی و بێ ڕاوەستان ئاراستەی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریکا دەکران لەو پرێس کۆنفرانسەیدا. ئەوەی جێگەی تێڕامان و ترسی زیاتری درووست کردووە ئەوەیە کە ناڕوونی بە وەڵامەکانی ئەو بەرپرسەوە دیارە دەربارەی شوێنی ئەو منداڵانە.

 

جێف سێشنس، داواکاری گشتی، لە٦- نیسانی ٢٠١٨دا ڕایگەیاند کە ترەمپ ئێستا سیاسەتێکی سفر لێبوردەیی پیادە دەکات لە بەرامبەر ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە دێنە ناو ئەمەریکاوە بە ڕێگەی نایاسایی و مەبەستی سەرەکیشیان بەدیهێنانی مافی پەنابەریەتیە لە ئەمەریکادا. بە تایبەتی لەبەرامبەر ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە لە سنووری بەشی خوارووی ئەمەریکاوە دێنە ناوەوە. هەروەها لەو بارەوە بەرپرس و شوێنە بەرپرسەکان لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی ترەمپدا دەستیان ئاوەڵا کراوەو فەرمانیان پێکراوە کە لە نێو خێزانە کۆچبەرە نایاساییەکاندا منداڵان لە باوک و دایک و گەورەکان جیا بکرێنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە تاکو ئێستا بە پێی هەندێک ئاماری فەرمی ٢٣٠٠ منداڵ جیا کراوەتەوە. هەندێک سەرچاوەش پێی وایە ژمارەکە خۆی دەدا لە ٣٧٠٠ منداڵ  کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە ئەو سیاسەتەی ترەمپ دەستی بە پیادەکردن کردووە.

ژمارەیەکی بەرچاوی چالاکوانانی مافەکانی مڕۆف لەو بارەوە دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین. لەو بارەوە بزوتنەوەی سنۆ بۆڵد و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوای بینینی منداڵەکانیان کردووە. هەروەها پارێزگارەکانی سەربە هەردووک حیزبی دێموکڕات و حیزبی کۆماریەکان فەرمانێکیان ئاراستەی هێزەکانی پاراستنی نیشتیمانی ئەمەریکا کردووە کە هاوکاری هێزەکانی ئاساییشی وەڵات نەکەن لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ترەمپ بۆ جیاکردنەوەی منداڵانی کۆچبەری نایاسایی لەکەس و کاریان.

لەو بەدەنگەوەهاتنەشدا هێزەکانی هەوایی ڕەزامەنیان دەربڕی و ڕازی نەبوون ئەو منداڵانە بگوێزنەوە کە لە باوک و دایکیان جیاکراونەتەوە. بۆیە تڕەمپ ناچار بوو کە پاشگەز بێتەوەو فەرمانێکی تری دەرکرد کە دەڵێت منداڵان لە خێزانەکانیان جیا ناکرێنەوە لەمەودوا.

بەڵام ئەوەی کە جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەو فەرمانەی دوایی تڕەمپ هیچ چارەسەری کێشەی ئەو منداڵانە ناکات کە پێشتر جیاکراونەتەوەو لای دایک و باوکیان نەماون.  هەروەها هیچ فەرمانێک و میکانیزمێک نییە لە ئارادا تا بتوانرێت ئەو منداڵانەی کە ئێستا بە تەنیان بگەڕینەوە لای کەسوکاریان. هەندێک لەوانە دیپۆرتیش کراونەتەوە. و منداڵەکانیشیان هێشتا لە ناو قەفەزەکانیان دان. و لەناو ئەو خێمەو چادرانەدا ژیان بەسەر دەبەن کە بۆیان ئامادە کراون لە نزیکەی ١٧ ویلایەتی ئەمەریکادا.

٥٠ساڵ لەمەوبەر چوار وشە خیتابی شەڕی ئەمەریکا و ڤێتنامی گۆڕی. پرسیارەکانی وەک: ” هەروەها منداڵیش؟” وە وەڵامەکانی وەک “هەروەها منداڵیش” بوونە هەوێنی گۆڕینی ئەو خیتابی شەڕە.

بەڵام ئەم ساڵی ٢٠١٨ و لە سەردەمی تڕەمپ دا چوار وشەی تر بیستران وەک ” دایە، دایە. باوە، باوە” کە بە تەواوی ڕووی ڕەق و دژە مڕۆڤانەی تڕەمپی دەرخست و پیشانی دنیای دا. ئەمەش خیتابی دێبەیتی بابەتی کۆچ و کۆچبەرانی گۆڕی.

 

تێبینی یەکەم: ئێمی گودمان  میوانی بەرنامەی هەواڵیی ڕۆژانەی ڕادیۆ تەلەفزیۆنیە بەناوی “هەر ئێستا دیموکراسی” کە لە زیاتر لە ١٣٠٠ ئیزگەوە پەخش دەکرێت. هەروەها ئێمی بە هاوکاری دەنیس مۆینیهان دانەری کتێبێکی بەناوبانگە بەناوی ( بێ دەنگ بوونی زۆرایەتی)  کە یەکێکە لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی نیو یۆڕک تایمز.

تێبینی دووەم : وەک هەندێک دەڵێن ئەوەی کە ئەمەریکاو ترەمپ دیکات لە دژی منداڵان و جیاکردنەوەیان لەکەس و کارو دایک و باوکیان شتێکی بێوێنەیە لە مێژووداو یەکەم جارە ئەمە بکەن. من وەک ، شوان عەزیز، ئەمە ڕەت دەکەمەوەو ئەمەشم لە خۆڕا نییەو بەڵکو بەر مەبنای  بەدواداچونێکی خۆمە لەسەر مێژووی ئەمەریکا دەربارەی جیاکردنەوەی منداڵان لە کەس و کاریان. مێژووی ئەمەریکاو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمەریکا پڕە لە وێنەی لەم شێوەیەو بگرە خراپتریش. بۆم دەرکەوتووە کە  ئەمەریکا مێژوویەکی زۆر قێزەون و دژە مڕۆڤانەی هەیە لەوبارەوە. هەوڵدەدەم لە داهاتوویەکی نزیکدا لە بابەتێکمدا ئەم بۆچوونەم بە دۆکومەنت پشتڕاست بکەمەوە.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣١ بەرواری ١/٧/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *