Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بۆ مەگەر بارزانی تەنها خاوەنی  ٤٨ملیار دۆلارە…؟!

بۆ مەگەر بارزانی تەنها خاوەنی  ٤٨ملیار دۆلارە…؟!

لە ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردوودا دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە سعودیە هەواڵێکی بڵاوکردەوەو نووسیبوی، مەسعود بارزانی خاوەنی ٤٨ ملیار دۆلارەو دووەمین کەسایەتی دەوڵەمەندە لەدوای نوری مالکی لە عێراقداو لە ڕیزبەندی پێشەوەی ملیاردێرە جهانییەکانە.

ئەم هەواڵەش لەوساوە تا ئێستا بۆتە یەکێک لە هەواڵە بەرچاوەکان و زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چاودێرانی سیاسی و ڕای گشتی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و عێراق باسی لێوە دەکەن.

بێگومان ئەمە یەکەم جار نییە کە هەواڵی وا بڵاودەبێتەوە لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە سەرچاوەکانیان دەزگاکانی تری پرسە دارایی و سەرمایەگوزاری و بانکییە جیهانییەکانن، بەڵکو چەند جاریتر هەواڵی وا بڵاوبۆتەوە کە کەمترین گومان لە ڕاست بوونیان هەیە.

بۆ نمونە پێشوتر سەرچاوە بانکییەکانی دەوڵەتی سویسرا لە ڕاپۆرت و هەواڵی  گەورەکانی دونیا ناوی مەسعود بارزانی و زۆرێک لەسەرانی تری بنەماڵەکەیانی تیدا بووە. نەک هەر بارزانی، بەڵکو ناوی سەدان کەسی تری بنەماڵەی تاڵەبانی و سەرانی تری قەومی و خێڵەکی و ئیسلامی و تایەفی کوردستان و عێراقی تێدا بووە.

ئەوەش ئاشکرایە کە هەموو ئەم ملیاردێرە گەورانە لەماوەی ئەم ٢-٣ دەیەیەی دەسەڵاتیاندا هەموو ئەم پارەو سەرمایەیان بە شێوازی دزی و گەندەڵی و سەپاندنی سەرانەو بازرگانی ناشەرعیەوە کۆکردتەوە.

هەرچەندە جار جار ئەم سەرۆکە مافیاییانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هەوڵیانداوە ئەم هەواڵانە بەدرۆ بخەنەوە، بەڵام  نەک هەر خەڵکی دەرەوەی دەسەڵاتەکەیان، بەڵکو بەشی زۆری موچەخۆرە بەکرێگیراوەکانی خۆشیان بڕوایان پێان نەبووە.

لەبارەی هەواڵی ئەمجارەشەوە مەسعود بارزانی لە کۆتا قسەکانی، لە کۆنگرەی لاوانی حزبەکەی کە لە شاری هەولێر بەسترا ،وتی: هەواڵێک بڵاوبوتەوە گوایە من خاوەنی ٤٨ ملیاردۆلارم. خۆزگە ئەم هەواڵە ڕاست بوایەو ئێستا زۆر شت دەگۆڕا…! بەڵام لەو بڕوایەدام نەک هەر من زۆرایەتی خەڵکیش کە ئەم هەواڵەو وەڵامە شەرمنۆکانەکەی بارزانی سەرنج و توانجانەی بیستبێت ئەوە ئەم پرسیارەی بە بیردا دێت: بۆ مەگەر بارزانی تەنها خاوەنی ٤٨ ملیار دۆلارە؟!

جا ئەگەر ئەم پرسیارە نەک لە کەسانی پسپۆر چاودێری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی..هتد، بەڵکو لەهەر مناڵ و لاو و ژن و مرۆڤێکی پیرو پەککەوتە، کە  لەسەر شەقامەکان کاری دەستفرۆشی وبارکێشان و پێلاوبۆیاخ کردن وپاککردنەوەی شەقامەکان و دەیانی کاری تاقەت پڕوکێن دەکەن،  بکرێت ئەوە بە ئاسانی و ڕاستی وەڵام دەدەنەوەو دەڵێن مەگەر سەری ڕەش و- ئەهلی بنەماڵە ناوەکەیان گۆڕیوە بۆ سەری بڵند بەڵام خەڵکیش لە دژیان کردویانە بە سەری شۆر – زۆربەی هاوینە هەوارەکانی هەولێرو دهۆک هی ماڵباتی بارزانی نییە…!

مەگەر هاوینەهەواری سەری ڕەش کە لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ وە داگیریان کردوە، وپێشتر هەمووی موڵک وماڵی خەڵکی ئاسایی  بووە، نرخەکەی ناکاتە لانی کەم نیوەی ٤٨ ملیارەکە.

بێگومان ئەوە تەنها بارزانی نییە کە خاوەنی دەیان ملیارە دۆلارە، بەڵکو زۆرێک لە سەرانی ئەم دەسەڵاتە خێڵەکی و قەومی و میلیشایییە لەماوەی نزیک ئەم سی ساڵە بونەتە گەورە ملیاردێرەکان. هەمووشی بە شێوازی دزی و گەندەڵی و سەپاندنی سەرانەو دەستبەسەراگرتنی موڵکو ماڵی دەوڵەتی و خەڵکی.

ئەگەر مەسعود بارزانی لەسەرەوەی ئەم ڕیزبەندیی دەوڵەمەندییەدایە ئەوە براو کوڕ و برازاو ئامۆزاو سەرانی خێڵ و حزبەکەی کەمێک لەخوار ئەوەوەن.

هاوکات سەرانی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی، بە تایبەتی هێرۆی هاوسەری و کوڕ خوشک وئامۆزاو سەرانی تری حزبەکەیان هەموویان لە گەورە ملیاردێرەکانن.

هەموو کەسێک دەزانێت چەند ساڵێک لەمەوبەر جەلال تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی بە ئاشکرا نەیوت لە کوردستان دەیان ملیاردیڕو سەدان ملیونیریش هەیە.

ئاخر ئەگەر نەوشیروان مستەفای سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان، کە کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرە وردەبۆرژوا ناسیونالیستەکان، ناویان نابوو باوکی هەژاران، داوای عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی و شەفافیەت و نەمانی دزی و گەندەڵی دەکرد، یەکێک بێت  لەو ملیاردێرانە ئەی بۆ نابێت بارزانیش گەورە ملیاردێر بێت. ئەوەتا پاش مردنیشی هەموو موڵک وماڵ و سامانەکەی لەسەر هەردوو کوڕە داماوەکەی تاپۆ کرد. جا با گۆرانخوازان بە گشتی ڕۆشنبیرە وردەبۆرژواکان بەتایبەتی هەر زورنا لێدەن و سیر بخۆن و سوێند بەسەری باوکی هەژارانی ڕەحمەتی بخۆن.

ئەگەرچی سەرانی گۆڕان دەڵین ئەو سەروەت و سامانە  هی گۆڕانە، بەڵام نەک هەر خەڵکی ئاسایی، بەڵکو زۆرێکی تر لەسەرانیان و هەڵسوڕاوەکانیان  شەڕو شینی ئەوە دەکەن کە نابێت هەموو ئەو سەروەت و سامانە لەسەر کوڕانی نەوشیروان تاپۆ بکرێت و ئەوان خاوەنی بن.

گومانیش لەوەدا نییە کە ئەمانە هەروەک سەرانی دەسەڵاتدارانی تری ئیسلامی و تایەفی و قەومی لە بەغدا  ئەم پارەو سەروەت و سامانەیان بە دزی و گەندەڵی و  سەپاندنی سەرانەو سەرکوتی ئاشکرا کۆکردۆتەوە.

ئەمانە لەکاتێکدا خاوەنی ئەم سەروەت و سامان و پارەو پوڵە بێ شومارەن، بەڵام زۆرایەتی ڕەهای خەڵکی لەوپەڕی هەژاری و بێکاری و بێ موچەیی و بێکارەبایی و بێ ئاویی ..هتد ژیان بەسەر دەبەن.

بۆیە هیچ گومان لەوەدا نییە کە مەسعود بارزانی و سەرانی تری خێڵ و دەسەڵاتەکەی لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی و سەرانی تری ئەم دەسەڵاتە، نەک لەهەرێمی کوردستان. بەڵکو لەهەموو عیراق زۆر لەوە زیاتر پارەو سەروەت و سامانیان هەیە.
ئەو ٤٨ ملیار دۆلارە تەنها ئەو بڕە پارەیەیە کە بە ئاشکرا لە بانکەکانی وڵاتانی دەرەوە و کۆمپانیاکان هەیانە. خۆ ئەگەر هەمو موڵک وماڵ و سەرمایەکانیان لەناوەوەش بە وردی حیساب بکرێت ئەوە چەند قاتی ئەو ٤٨ ملیار دۆلارەیە.

جا هەتا ئەمانە لە دەسەڵاتدا بن ئەم دۆخە سیاسییەش بەردەوام بێت ئەوە ئەوانە دەوڵەمەندترو جەماوەریش هەژار تر دەبن. تاکە ڕیگاش بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخەو ئەم نایەکسانی و پێشێلکاری ئازادی و نا دادپەروەرییە  بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانە بە شێوازێکی یەکگرتوانەو ڕێکخراوانەی چینایەتی تا ڕاپەڕین و کۆتایی پێهێنان و ڕوخانی دەسەڵاتی ئەم تاقمە خێڵەکی و قەومی و ئیسلامی و تایەفییە میلیشاییانە لە ئاستی کوردستان و عێراق، و دامەزراندنی دەوڵەت و حکومەتێکە کە جەماوەری ڕێکخراو خۆی بەڕێوەبەری سیاسی و ئابوری بێت تا زۆرترین ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بەدی بێت…

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٤ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٨ دا بڵاوکراوەتەوە

 

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *