Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بەڵای ڕیفراندۆم
بەڵای ڕیفراندۆم

بەڵای ڕیفراندۆم

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

هێشتا تەپوتۆز و هاش و هوشی دوای ریفراندۆم، نەنیشتۆتەوە. تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی سیاسی و هەڵسوراوی مەدەنی و کادری بەشێک لەحزبە سیاسیەکان و رۆژنامەنووس و نووسەر، باسی ریفراندۆم و لێکەوتەکانی ئەو ریفراندۆمە بەشێکە لە خۆراکی کایەی سیاسی و کاری رۆژنامەنووسییان…تاد. ئەوەی لەو نێوەدا جێگای رامان و باسە، ئەو بۆچوونەیە کە لای وایە دۆخی سیاسی کوردستان، بەرهەم و ئاکامی ریفراندۆمە… وە ریفراندۆم وەکو بەڵایەکی گەورە بۆسەر خەڵکی کوردستان لەقەڵەم دەدەن و هەموو دۆخی سیاسی و نەخوازروای ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان… شەتەکی ریفراندۆم دەدەن و ریفراندۆم بەهۆکاری ئەم هەلومەرجە دەزانن. ئەم بۆچوونە کەلەبنەرەتدا پشت بەستو بەهیچ فاکتێک نییە و بۆ بەشیکی زۆری نووسەران و رۆشنبیرانی!! کورد، تەنها خۆراکێکی رۆژانەی سیاسی و لەراستیدا بەشێکە لە شیواندنی هوشیارانەی ریشەی تەنگژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان. ئەم بەرێزانە بەر لەریفراندۆم هەموو کیشەکانی خەڵکی کوردستانیان شەتەکی پرسی سەرۆکایەتی هەریم دەدا و هەموو کێشە سیاسی و گرفتەکانی خەڵکی کوردستانیان دەگێرایەوە بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم… لەدوای ریفراندۆمیش هەموو کێشەی خەڵکی کوردستان و تیکچوونی هاوسەنگی هێزی نێوان بەغداو هەرێم و دەگێڕنەوە بۆ پرسی ریفراندۆم… ریفراندۆم وەکو کفرێکی سیاسی و هەنگاوێکی دیلێهێنەر و سەرچاوەی نەداری و برسێتی و بێ مافی دەزانن..

دوو دەستە یان دوو روانین لەدژی ریفراندۆم بەردەوام ئامادەییان هەیە… روانینێک کە سەرچاوەکەی ئەنتی پارتیی بوونە و پارتی بە خاوەنی ریفراندۆم دەزانن… ئەم روانینە لەگەڵ ئەوەدا کە ریشەکەی نارازی بوون و تورەییە لە پارتی، وە دیدێکی سەرچاوەگرتوو لە ململانێی حزبییە، بەڵام لەراستیدا خزمەتێکی باش بەپارتی دەکات… پارتی خۆی دەیەوێت و خوازیاری ئەوەیە کە وەکو خاوەنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەربکەوێت و بۆیە شەتەک دانی ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆی بە گەردنی پارتیەوە هەم نادروست و هەمیش خزمەتێکی باشی پارتی دەکات… پارتی لایەنێکی بانگەشەی ریفراندۆم بوو، بەڵام هیچ کاتێک پێداگریان لەسەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەکردەوەو هەمیشە لە جێگای رێزگرتن لە ئیرادەو دەنگی خەڵکی کوردستان، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ریفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەیان لە عێراق نییە، بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییە. ئەو پێداگرییەی پارتیش لەسەر ئەوەی کە ریفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی نییە، بەرۆشنی ئەو راستیەی نیشان دەدا کە ریفراندۆم و ئاکامی ریفراندۆم بۆ پارتی کارتێکی سات و سەودا بوو بۆ ئامانجی تر… بەدیاریکراوێش بۆ بەکارهێنانی بوو لەگەڵ بەغدا و بۆ بەشی دەسەڵات و داهات… و هاوکات بەدەستەوە گرتنی بوو بۆ مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی… ئیستاش پارتی شانازی بە ریفراندۆمەوە دەکات و بەهی خۆ دەزانێت و خوازیارو تەنانەت هەموو هەوڵێک دەدات خۆی بەتەنها ببێتە خاوەنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی… دیارە لەو راستایەشدا ئەوەی سودمەند دەبێت خودی پارتییە..

روانینی دووەم، کە زۆرتر دنیابینی نوخبەیەکی سیاسی و بەشیک لە ئەندام پەرلەمانە تەسەلەکان و میدیاو نووسەری موچەخۆریانە، دژی ریفراندۆم بوون نەک لەبەرئەوەی تەنها ئەنتی پارتین، بەڵکو بەو هۆیەوە، پرۆ عەبادین… ئەم نوخبەیە کوێرە لەئاست گەندەڵی و دزی تاڵانی دەسەڵاتی حزبە مافیایی و نۆکەرەکانی ئیسلامی سیاسی شیعی و میراتگرانی عروبە… کەڕن لە ئاست هاوارو ناڵەی خەڵکی نەدارو بێبەشی عێراق بەدەست بیمافی و بی خزمەتگوزارییەوە… لە ئاست دەسەڵاتی میلیشایی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، دەسەڵاتی بەغدا بە دەسەڵاتی یاساو رێزگرتن لە ئازادی و دیموکراسی دەزانن و کارکتەری رتوشکردنی رووی دزیوی دەسەڵاتی تائیفی و قەومین و بانگەشەی زورناژەنی بەغدان… دیارە ئەم خێڵە دوور و نزیک  خەمی سەرەتایی ترین پرس و کیشەی خەڵکی کوردستانیان نییە، هەروەکو چۆن هیچ خەمێکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی ناوەراست و خواروی عێراقیشیان نییە، ئەوەی ئەمانە بەدوایەوەن لەوەرینە، لەسەر داهات و سامانی دزراوی خەڵکی عێراق و کوردستان.. ژیانێکی شاهانەیان بۆ خۆیان و خیزان و بنەماڵەکانیان بۆ ئیستاو دەیان دەهەی داهاتوو مسۆگەر کردووە، ئەمانە زۆرتر لە رەفیق حزبیە تیژ و باڵاکانی سەردەمی بەعس دەچن… بێ مۆراڵترین و دزترین نوخبەی سیاسی ناو دنیای سیاسەتن… دژایەتی ئەوانە بۆ ریفراندۆم نەسەیرەو نەجێگای رامانە، ئەمانە نانی دژایەتی ماف و پیشێلکردنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان لە ژیر چەتری حزبە قەومی و تایفی و مەزهەبیەکانی عێراقدا دەخۆن… ئەم دوو بەشە بەو روانین و هەڵبژاردنەی کردویانە، بۆ دژایەتی ریفرندۆم و شەتەک دانی کیشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە ریفراندۆمەوە، گەورەترین خزمەت بە دەسەڵاتی ٢٧ ساڵەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەکەن و بەرپرسیاریەتی لەسەر شانی ئەو دەسەڵاتە لەدۆخی سیاسی کوردستان، لادەبەن و هەمووی گریدەدەن بە ریفراندۆمەوە… ئاخر ئەگەر دۆخی ئیستای کوردستان بەرهەمی ریفراندۆمە کە ساڵ و نیوێک بەر لە ئیستا ئەنجامدراوە،  ئەی هەلومەرجی نەخوازراوی و ناشیرینی ٢٥ ساڵەی رابردوو کێ لێ بەرپرسە؟

دیارە کەسانێکیش هەن، کە دژی ریفراندۆم و بوون و هەن… بێ ئەوەی سەر بەهیچ کام لەم دوو روانین و دەستەیە بن، و لەراستیدا کەسانی دڵسۆزن، بەڵام هیشتا کیشەیان لەسەر کاتی ریفرندۆم و ئامادەکاری ریفرندۆم و کاردانەوەی وڵات و کۆمەلگەی نیودەوڵەتی و …هەیە. ئەم بەشە هەم دژی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتین و هەم دژی دەسەڵاتی تایفی و قەومی بەغدان و لە بنەرەتدا خوازیاری سەربەخۆیی کوردستان و پیکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و دەسەڵاتیکی شیاوی ئینسانین… کیشەی ئەم بەش و ئەم روانینە لەوەدایە، کە بەچاوێکی کراوەوە سەیری مێژووی جیابوونەوەکانی دنیا، قەوارەگرتن و پیکهاتنی دەوڵەت سازی، ئیرادەی وەگەرخەوتووی جەماوەری،… ناکەن، بەو هۆیەشەوە کێویك لە کۆسپ و رێگری لەبەردەم سەربەخۆیدا دەبینن تا رادەی بەمەحاڵ سپاردنی.

دۆخی ئیستای سیاسی کوردستان بەرهەمی ریفراندۆم نییە… لەگەڵ ئەوەدا لیکەوتەکانی ریفراندۆم لەوانەش تیکچوونی هاوسەنگی هیزی نیوان هەریمی و بەغدای خیراتر کرد… هەلومەرجی کوردستان دریژکراوەی دەسەڵاتی تاڵانچی میلیشیایی و حزبۆکراتی ٢٧ ساڵەی بزوتنەوەی کوردایەتی و فیدرالیزمی قەومی وهەوڵی ٢٧ ساڵەیانە بۆ لکاندنەوەی کوردستان بە عێراقی عروبی و ئیسلامی عێراقەوە… کە ئەمە دوو گرفتە سەرەکی و بناغەیەکەی کۆمەڵگەی کوردستانن… حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، لەبەرامبەر بەو دوو گرفتەدا کە خۆیان بەشێکن لە گرفتەکە، کۆسپی سەرەکی بەردەم چارەسەرو وەڵامدانەوەن بەو هەلومەرجە نەخوازراوەن…

پارتی و یەکێتی و حزبە هاوبەشەکانیان و بەناو نەیارەکانیان، هەموویان بەرپرسی ئەو دۆخەن و رێگاچارەیەکی جیاوازیان لەگەڵ یەکتری نییە… هەموویان بەشداری دەسەڵات بوون و پۆست و پلەی حکومی و ئیداریان هەبووە… لە ئیستاشدا هیچ کام لەو حزب و لایەنانە، رێگاچارەیەکی جیاوازی بۆ ئایندەی سیاسی کوردستان نەخستۆتە روو، هەموویان بەکردەوە بەرگری لە یەکپارچەیی عێراق دەکەن و هەمووشیان خۆیان بە بەرگری کەر لە ئەزموونی هەریمی کوردستان دەزانن… هەموو ئەو لایەن و کەسانەی لە خانەوادەی بۆرژوازی کوردا دژی ریفراندۆم  بوون و یان دژی بوون، ئیستا هەموویان روویان لە بەغداو کرنۆش بردنە بۆ دەسەڵاتی داهاتووی ناوەند، کە دەسەڵاتێکی نادیموکراتی و نا شارستانی و تایفی و قەومییە و مەزهەبییەو هەمیشە بە چاوی پلە دووی دەروانە خەڵکی کورد زمان و بەهیچ جۆرێک و بەخۆشی خۆیان مل بە ئیرادەی و ویستی خەڵکی کوردستان نادەن…

چارەسەری ئایندەی سیاسی خەڵکی کوردستان، نەلای حزبەکانی بۆرژوازی کورد و نە لە ئەجندای هیزەکانی بەغدادایە… زامنی ئایندەی شیاو کارسازی خەڵکی کوردستان گرێدراوە، بە راماڵینی دەسەڵاتی میلیشیایی بزوتنەوەی کوردایەتی و جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق و بەرەسمی ناسینی ئاکامی ریفراندۆمی فەرمییە، کە ئەنجامدراوە… کەیسی بەهیز بەدەست خەڵکی کوردستانەوە لە بەرامبەر بەغدادا بەدەستەوەگرتنی ئاکامی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆییە…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٧ بەرواری ١/١٠/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*