Home 6 بەڵگەنامەکان 6 بەڵگەنامە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی چوارەم

بەڵگەنامە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی چوارەم

ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی چوارەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

ڕۆژانی ١٩و٢٠/١٢/٢٠١٤ کۆنگرەی چوارەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەبەشداری نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی کوردستان و دەرەوی ووڵات و بە ئامادەبوونی وەفدی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق‌و ژمارەیەک میوان، بەرپاکرا.

سەرەتا ڕاپۆرتی چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەران لەلایەن لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەوە، پێشکەشکراو فرسەت درا بە پێشکەشکردنی سەرنج‌و تێبینیەکان‌ لەسەری‌. دوای وەڵام دانەوەیان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نوێنەران پەسەندکراو کۆنگرە ڕەسمیەتی یاسایی وەرگرت.

کۆنگرە بەسرودی ئەنتەرناسیونال و دەقیقەیەک وەستان بۆ ڕێزلێنان لەژیان و خەباتی هاوڕێیانی گیانبەختکردووی رێگای ئازادی وسۆسیالیزم‌و بەتایبەتی هاورێ ئازاد ئەحمەد دەستی پێکرد. هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی ووتەی کرانەوەی کۆنگرەی پێشکەشکردو تیایدا ئاماژەی بە گرنگی‌و جێگاو ڕێگای کۆنگرەی چوارەمی حزب کرد لە پەیوەند بەهەلومەرجی ئیستای ناوچەکەو عێراق‌و کوردستان‌و ئەو ئاڵوگۆرانەی کەبەهۆی سەرهەڵدانی داعشەوە سەریان هەڵداوە .

دوابەدوای وتاری کردنەوەی کۆنگرە، دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرە هەڵبژێردراو ڕێساکان‌و بەرنامەی کاری کۆنگرە پەسەند کرا.پێش دەسپێکردن بە بەرنامەی کاری کۆنگرە، پەیامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لەلایەن هاوڕی موئەیەد ئەحمەد، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیەوە پێشکەش کرا. تیایدا سەرنجی ئامادەبوانی بۆ دۆخی سیاسی عێراق‌و کوردستان‌و ناوچەکەو پێویستیی بەدەستەوەگرتنی سیاسەتی کۆمۆنیستی‌و توندکردنەوەی خەبات‌و تێکۆشانی هاوبەشی هەردووحزب بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەلومەرجە لەڕوانگەی چینی کرێکارو کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە ڕاکێشا.

بەرنامەی کاری کۆنگرە بریتی بوو لەم بڕگانەی خوارەوە:

١/راپۆرتی کارو چالاکیەکانی حزب لەنێوان دوو کۆنگرەدا.

٢/ بەڵگەنامەی “مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ ئاڵوگۆری شۆرشگێڕانە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازادو یەکسان لە کوردستان”

٣/دوو بەڵگەنامە لەپەیوەند بەئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی دوای گرتنی موسڵ لەلایەن تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)ەوە.

٤/بەرنامەی حزب.

٥/ بریارو بڕیاڕنامەکان.

٦/ مالیە.

٧/هەڵبژاردن.

لە بڕگەی ڕاپۆرتی نێوان دوو کۆنگرەدا، هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف لەڕاپۆرتێکی سیاسیدا، ئاوڕی لە لەگرنگترین ئەو قۆناغ وێستگە سیاسی‌و عەمەلیانە دایەوە کە بەش‌و ئۆرگانەکانی حزب تێپەری کردووە. پەنجەی لەسەر کەموکوڕی‌و بەربەستەکانی سەر ڕێگای پێشرەوی‌و گەشەی حزب داناو خاڵە پۆزەتیڤەکانی هەڵسوڕانی ئەو دەورەیەشی خستەڕوو. دواتر لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە‌ سەرنج لەکارو چالاکیەکانی حزب درا. لەئەنجامدا ڕەوتی باسەکان تەئکیدیان لە دروستبوونی سیاسەتی ئەم دەورەیەی حزب، وەک سیاسەتێکی جیاوازو چینایەتی‌و کۆمۆنیستی بەرامبەر بە ڕووداوەکان کردەوەو هاوکات پێویستیی گۆڕانی ئاراستەی کاری حزب بەرەو ناوەندی خەباتێکی کۆمەڵایەتی‌و هەمەلایەنەی کرێکاران‌و زەحمەتکێشانی کوردستان‌و دەرکەوتی حزب وەک ئاڵتەرناتیڤێکی چینایەتی- سیاسی بەرامبەر بەدەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو گشت بارودۆخی ئێستا دیاری کرد.

لەدووەم بڕگەی بەرنامەی کاری کۆنگرەدا، هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد قسەوباسێکی لەسەر بەڵگەنامەی “مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ ئالوگۆری شۆڕشگێڕانەو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازادو یەکسان لە کوردستان”، پێشکەش کردو تیایدا، ئاماژەی بەگرنگی‌و جێگاوڕێگای ئەم بەڵگەنامەیەی لەخەباتی حزب‌و جوڵانەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ ئاڵوگۆرپێدانی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵگای کوردستان کردو هاوکات بەربەستەکانی بەردەم خەباتی چینی کرێکار بۆشۆڕشی سۆسیالیستی و ڕێگاکانی بەسەرئەنجام گەیاندنی ستراتیژی حزب وقۆناغەکانی خستەروو. پاش قسەوباس‌و سەرنجی هاوڕێیان کۆنگرە ئەم بەڵگەنامەیەی پەسەندکردو کۆمیتەی ناوەندی ڕاسپارد لەبەر ڕۆشنایی باسەکانی کۆنگرەو ئەو سەرنجانەی خرانەروو، دەقی کۆتاییەکەی ئامادە بکات‌و بیکات بە بنەمای کارو هەڵسوڕانی حیزب.

لەبڕگەی سێهەمی باسەکاندا، دوو بەڵگەنامەی جیاواز سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە، سیاسیەکانی دوای گرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە خرانە بەردەم کۆنگرە. یەکێکیان بەڵگەنامەی “ئاڵوگۆڕە سیاسەکانی ئەم دواییانەی عێراق‌و کوردستان و پلاتفۆرمی هەردوو حیزب..” بوو. ئەوی دیکەیان ” پلاتفۆرمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە شەڕی دژی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامیدا” کە لەلایەن هاورێ ئاسۆکەمالەوە، پێشکەش کرا. هاورێیان عوسمانی حاجی مارف، ئاسۆ کەمال وموئەیەد ئەحمەد لەبارەی بەڵگەنامە ئامادە کراوەکانەوە، قسەوباسیان پێشکەشکرد. پاشان نوێنەرانی کۆنگرە وتووێژی چڕو هەمەلایەنەیان لەبارەی هەردوو بەڵگەنامەکەوە کردو سەرەنجام، کۆمیتەی ناوەندی داهاتوو ڕاسپێردرا کە لەسەر بنەمای هەردوو بەڵگەنامەکە و سەرنج ‌و باسەکانی ناو کۆنگرە، بەڵگەنامەکە، دارێژرێتەوە.

بڕگەی چوارەمی بەرنامەی کاری کۆنگرە تایبەت بوو بە بەرنامەی حیزب “بەرنامەی دونیایەکی باشتر” و ئەو ئاڵوگۆر و چاکسازیانەی ،کە بەپێی بڕیاری کۆنگرەی سێهەمی حیزب، تێیدا ئەنجامدرابوو. کۆنگرە رەزامەندی لەسەر ئاڵۆگۆریەکان نیشانداو کۆمیتەی ناوەندی داهاتووی ڕاسپارد، کە گەڵاڵەی کۆتایی بەرنامە لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەرنجانەی خرانە ڕوو ئامادە بکات‌و بڵاوی بکاتەوە.

لە بڕگەی پێنجەمدا، کۆنگرە وێڕای ئەوەی چاوی خشاند بەسەر ڕاپۆرتی دارایی حزبدا، لەسەر دۆخی دارایی حزب ڕاوەستاو گرفتە داراییەکان بەردەم هەلسورانی حزب و ئۆرگانەکانی تاوتوێ کردو رێوشوێنی پێویستی بۆ وەڵامدانەوە پێیان دیاری کرد.

لەبەندی بڕیارو بڕیارنامەکاندا، کۆنگرە چەند بڕیارێکی خستە بەرباسەوە کەلەڕاستای “گۆڕانکاری لەشێوەکاری ڕابەری”،” سیاسەتی ڕاگەیاندنی حزب”، “یاسای یەکسانی ژن وپیاو”دا ئامادەکرابوون. لەئەنجامدا بەشێک لەم بڕیارانەی پەسەند کردو ژمارەیەکیشی سپارد بەکۆمیتەی ناوەندی داهاتوو. هەر لەم بەندەدا کۆنگرە بڕیاریدا پەیامی پشتیوانی بۆ مقاوەمەت و ڕاوەستانەوەی دلێرانەی چەندمانگەی خەڵکی کۆبانی لەبەرامبەر پەلامارەکانی داعشدا بۆسەر ئەم شارە بنێرێ.

دوا بەندی کۆنگرە هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی حزب بوو کە لەژێر چاودێری‌و بە ئامادەبوونی دادوەرو نوێنەری پارێزگا بەڕێوەچوو. دوای کردنەوەی دەرگا، بەڕووی خۆکاندیدکردنی هاوڕیاندا، سەرەنجام هەریەک لە هاوڕێیان” عوسمانی حاجی مارف،محسن کەریم، ڕیبوار ئەحمەد، خەسرەو سایە، بەهار مونزیر، دەشتی جەمال، عیرفان کەریم، حسێن ساڵەح، وەستا مەهدی، مستەفا باهیر، موئەیە‌د ئەحمەد”بە ئەندامانی هەمیشەیی‌و هاورێیان”جەبار مستەفاو جەمال محسن”ی وەکو ئەندامانی یەدەکی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران.

لە دوای تەواوبوونی بەرنامەی کاری کۆنگرە، هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف وتاری کۆتایی کۆنگرەی پێشکەش کردو بە سرودی ئەنتەرناسیونال کۆتایی بەکارەکانی کۆنگرە هێنرا.بەم جۆرە کۆنگرە دوای دوو رۆژ لەقسەوباسی گەرم وگوڕ و ڕاشکاوانە، پەنجەی خستنەسەر گرفتەکان‌و دوای دیاریکردنی ئاراستەو هەنگاوەکانی داهاتووی حیزب، کۆتایی بەکارەکانی خۆی ‌هێنا.

ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی کۆنگرە، کۆمیتەی ناوەندی پلنیۆمی حەڤدەهەمی خۆی گرێدا، کە تیایدا هەریەک لە هاوڕێیان عوسمانی حاجی مارف، محسن کەریم، عیرفان کەریم، بەهار مونزیر، حسین ساڵەح” وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران‌و هاوڕێیان عوسمانی حاجی مارف و محسن کەریم وەکو سکرتێرو جێگری سکرتێر هەڵبژێردران.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢١/١٢/٢٠١٤

About hkkk

Check Also

هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان پەیامێك بۆ پاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له ‌ڤایرۆسی ناسیۆنالیزم ونه‌ته‌وه‌چێتی! …

دوێنێ سێشەممە ٢٣/٧/٢٠١٩ گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەڵدرایەوە لە پارێزگای سەماوە کە تەرمی دەیان ژن و …