Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بەڵگەی تر… لە دەهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان ! …

بەڵگەی تر… لە دەهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان ! …

عەبدوڵا مەحمود

پێنجی ئایار ١٠ ساڵ بەسەر تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا تێپەڕدەبێت. ئەمساڵ لە کاتێکدا بلۆکی ئازادیخوازو ئازادویستی کورستان دەهەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان دەکەنەوەو نەفرەت لە تیرۆر و تیرۆری نووسەر و رۆژنامەنووسان بەدەنگی بەرز دوپات دەکەنەوە، کە بەڵگەی تر دەخرێنە ڕوو.

ماوەیەک لەمەوپێش لەگەڵ هاتنە پێشی گرژییەکی نوێ لە نێوان پارتی و یەکێتی، راگەیاندنی دژەتیرۆری یەکیتی لەوەڵام بە راگەیاندنێکی دەزگای پاراستنی پارتی، دەڵێت :”مەسرور باسی سەروەری و جێبەجێکردنی یاسا دەکات، ئێمەش پێمان باشە یاسا سەروەر بێت و هەموو ئەوانەی کاری لاساریی و کوشتن و بەرتیلخۆری ئەنجامدەدەن، بچنە بەردەم یاسا، بۆ نمونە جەنابی برا گەورە لەسەر دۆسیەی سەردەشت عوسمان”

ئەم دانپیانانەی یەکێتی بە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لەلایەن برا گەورەو پارتییەوە!!، جارێکی تر دۆسیەی سەردەشت عوسمانی زیندوتر لەهەمیشە خستەوە بەردەم کۆمەڵگەی کوردستان.

دەزگای دژە تیرۆر، کە دەزگای یەكیک لە حزبە دەسەڵات بەدەستە زەبەلاحەکانی کوردستان و خاوەنی ئەزمونێکی زۆرە لە بوارەکەی خۆیدا، بێ پشت بەستن و لەبەردەستدا بوونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر ناتوانێت، بابەتێکی ئاوا هەستیار، لەبەرامبەر بە پارتیدا بدرکێنێت، کە هاوبەشە لە حکومەت و دەسەڵاتی هەرێم لەگەڵیدا.

ئەم دانپیانانەی یەکێتی بە تیرۆری سەردەشت عوسمان لەلایەن پیاوانی پارتی و بە بریاری دەسترۆشتوی بنەماڵەی بارزانی، لەلایەکەوە پشتراستکردنەوەی پەیامی خانەوادەو بەرەیەکی فراوانی ئازادیخوازی کوردستانە کە پارتی و بنەماڵەی بارزانیان بە تۆمەتباری ئەم کردەوە تیرۆرستیە دەزانی، لەلایەکی تریشەوە بەمانای رەتکردنەوەی هەموو سیناریۆ دۆڕاوەکانی پێشوی پارتی و لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی دێت، کە تا ئێستا خستویەتە ڕوو.

ئەم دانپیانانەی یەکێتی، ئەرکێکی تازە دەخاتە بەردەم دادگا و داوەری کوردستان و لە پێشیانەوە داواکاری گشتی، هاوکاتیش بەرەی ئازدیخوازی کوردستان دەخاتە بەردەم گرتنە بەری رێکار و نەخشەی نوێوە بۆ بەدواداچوونی ئەم کەیسە.

ئەگەر بەراستی دادگا هەبێت و داواکاری گشتی سەربەخۆ و رێزلیگیراو بێت، دوای راگەیاندنەکەی یەکێتی کە ئاماژە بە “برا گەورە”!! دەکات، لە تیرۆری سەردەشت عوسماندا، ئەوا پێویستە هەرچی زووە بێتە سەر هیڵ و برا گەورە!! راپێچی بەردەم دادگا و لێپرسینەوەی یاسایی بکات، ئەگەر نا وەکو هەمیشە وەکو گۆشتی لاملی زیادە بەسەر سەری دادگا و سوککردنی یاساوە دەمێنێتەوە.

دیارە بەرەی ئازادیخواز و ئازادویستی کوردستانیش، ئەرکیانە دوای دانپیانانی یەکێتی بە تۆمەتباری تیرۆری سەردەشت عوسمان، جارێکی تر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری وەرێبەخەن و گوشارەکانیان هێندە بەرین بکەنەوە کە دەسەڵاتی سیاسی ناچار بێت لەو بارەیەوە بجوڵێت و راستی روداوەکە بۆ کۆمەڵگە بخاتەوە روو، وە هاوکات ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانی بەرگری لە کاری رۆژنامەنووسی و لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤ پێویستە بخرێنە ژێر گوشارەوە کە ئەوانیش بێنە دەنگ و رۆڵی خۆیان بگێڕن و تەنانەت دادگای نێودەوڵەتی بەرپرس بکەن کە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە لە رێگای پۆلیسی ئەنتەرپولەوە دەستگیر بکەن و لێپێچینەوەی لەبەرامبەریدا بگرنە بەر.

بیگومان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە بێ بەڵگە پارتی و براگەورە!! تۆمەتبار ناکات، پێویستە بە رێگای جۆراو جۆر ناچاربکرێت بەڵگەکانی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە روو وە هاوکاری هەر دەزگاو دادگایەک بێت کە بیەوێت ئەم دۆسیەیە جارێکی تر بەدەستەوە بگرێت و بە شوێنی شیاوی خۆ بگەیەنێت.

کۆتایی ئەپریلی ٢٠٢٠

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *