Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بە مارشێکی گەورە سەرنجی جیهان ڕاکێشین

بە مارشێکی گەورە سەرنجی جیهان ڕاکێشین

حەمە غەفور:

گوشارە جیا جیاکان لە لایەن دەوڵەتی عێراق، دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانیش بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و ڕەتکردنەوەی سەربەخۆیی کوردستان، تەنیا یەک لایەنی ئەو کۆمەڵگایانە پێی هەستاون کە دەوڵەتەکانن. یانی هاوڵاتیانی ئەو کۆمەڵگایانە مەرج نییە هاوڕای دەوڵەتەکانیان بن بێگومان. ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ملهوڕی نواندنی ئەو دەوڵەتانە بەسەر کۆمەڵگاکانی خۆیان و دەرەوەی خۆشیاندا تا ئیرادەی سەربەخۆی هاوڵاتیانی خۆشیان سەرکوت بکەن و بوێریان لێ زەوتکەن بڕیاری چارەنوسی خۆیان بدەن وەکو خەڵکی کوردستان.

لایەنێکی دیکەی مەسەلەی ڕیفراندۆمەکەی کوردستان و سەربەخۆییش بریتییە لە ڕۆڵ و ڕوانگەی هاوڵاتیانی ئاسایی ئەو وڵاتانە دەربارەی پرسی جیابونەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، کە تا ئێستا هێشتا بە شێوەی عەمەلی هەڵوێستی خۆی نیشان نەداوە. ئەگەرچی خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەڕێوەچونی ڕیفراندۆمەکە، ڕژانە شەقامەکان و بە دەربڕینی شادی و خۆشی کەڕنەڤاڵی پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرکەوتنی ڕیفراندۆم بەڕێوەبرد. ئێمە دەبێ ئەم هێز و ئیرادە جەماوەرییە بکەین بە پاڵپشتی خۆمان و دۆزەکەمان.

خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان دەتوانن تاکتیکی سیاسی تا ئێستایان بگۆڕن و ڕوبکەنە جیهانی شارستانی و هاوڵاتیانی ئاسایی کۆمەڵگاکان بانگهێشت کەن بۆ دیفاع کردن لە مافی بڕیاردانی چارەنوسی خۆیان و لە ئاکامەکانی ڕیفراندۆم کە سەربەخۆیی کوردستانە.

هەڵەیەکی گەورەیە خەڵکی کوردستان بە دیار حزبەکانی کوردستانەوە دانیشن و بزانن چۆن گفت و گۆ و سات و سەودا دەکەن لەگەڵ دەوڵەتانی عێراق و ناوچەکە و جیهان بەسەر نەتیجەی ڕیفراندۆمەکایانەوە. بەڵکو دەبێ کۆمەڵگای کوردستان بە ژن و پیاوەوە بە گەورە و بچوکەوە بێنە مەیدان بۆ دیفاع لە ڕیفراندۆمەکەیان و لە ئاکامەکەشی کە سەربەخۆیی کوردستانە. وە بە ڕیزی سەدان هەزارییەوە شەقامی شارەکانی کوردستان پڕکەین لە جۆش و خرۆش و مارشی گشتی بۆ دیفاع لە بڕیاری گشتی خەڵکی کوردستان لە ڕیفراندۆمدا بەرپابکەین.

بە خەباتی مەدەنی خۆمان سەرنجی رای گشتی جیهان بۆ لای سەربەخۆیی ڕاکێشین، جیهان بانگهێشت کەین بۆ لای مافی ڕەوای ڕیفراندۆم و داوا لە خەڵکی سڤیلی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە و جیهان بکەین لەم بڕیارەماندا پشتیوانی خەڵکی کوردستان بکەن. وە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان پشتیوانمان بن، چونکە بڕیار هی خەڵکی کوردستان خۆیەتی و بەم بڕیارەی چارەسەرێکی عەقڵانیی بۆ کێشەیەکی مێژویی چەشنی مەسەلەی کورد کردۆتە بڕیار. وە ئەم هەنگاوش ناوچەکە بە ئاراستەی ئارامی و سەقامگیری دەبات.

هەر ئێستا دەبینین ئەوەی ئارامی و ئاساییشی ناوچەکەی تێکداوە، خودی دەوڵەتانی عێراق و تورکیا و ئێرانن، وە دەوڵەتانی زلهێز و ئەوروپاییش بێدەنگیان هەڵبژاردوە وەکو هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەم دەوڵەتانە دژی خەڵکی کوردستان مانۆڕ ئەنجامدەن. کەوابێ سەرانسەر خەڵکی کوردستان لەپێناو شکۆمەندی و بڕیاری بوێرانەیاندا دەبێ لەمەیداندا ڕاوەستن بۆ دیفاع لە خواستی سەربەخۆبونیان لە عێراق.

٣ ئۆکتۆبەر ٢٠١٧

 

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *