Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ترسی بۆرژوازی لە هاتنە سەرکاری مارکسیستەکان لە بەریتانیا …

ترسی بۆرژوازی لە هاتنە سەرکاری مارکسیستەکان لە بەریتانیا …

سالار حمە سەعید …

بۆرژوازی بەردەوام لە ڕێگەی میدیا و ڕۆژنامەکانیەوە دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر کۆمۆنیزم و مارکسیزم پیشاندەدات، بەدەگمەن رۆژێک تێدەپەڕێت کە وتارێک یا چەند وتارێک سەبارەت بە سۆسیالیزم نەنووسرێت لە رۆژنامە و میدیاکانی بەریتانیا. بۆرژوازی ئامانجی لەم پرۆپاگەندەیەی دژ بە سۆشیالیزم دژایەتی کردنە لەگەڵ لەیبەر و بەتایبەتی باڵی چەپی لەیبەر و ڕابەرایەتیە چەپەکەیەتی کە ئێستا حزبی لەیبەری گرتۆتە دەست. پەلاماردانی میدیاکان زیاتر دوو کەسایەتی چەپی ناو حزبی لەیبەرە کە ”جێرمی کۆربن و جۆن ماکدۆنێڵ”ە. بیانوویان بۆ ئەم پەلامار و پرۆپاگەندانە ئەوەیە کە رابەری ئێستای لەیبەر مەترسییە بۆ ئابووری وڵات، پێیان وایە ئەگەر ئەمانە بێنە دەسەڵاتەوە ئابووری وڵات تێک دەشکێ و وێران دەبێ، وە ئەگەر ئەم لەیبەرە دەسەڵات بگرێتە دەست ئەوا شۆڕش بەرپا دەکات و سەرەتای شۆڕشێک دەبێت لە بەریتانیادا.

نووسەرێک بەنێو ”گرەیم لیچ” لە رۆژنامەی ”ستی ئەی ئێم”  لە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٩ دا دەنووسێت: ” دوابەدوای ئەو هەراوهۆریا سیاسیە هەروەها حکومەت کە چەقی بەستووە لەسەر کێشەی جیابوونەوە لە ئەوروپا، ئەوە لێرەدا هەرەشەیەکی باوەڕپێکراو هەیە لەلایەن دوو مارکسیستی ترۆتسکیست کە ببنە سەرۆک وەزیران و وەزیری خەزانەداری”. ئەم خزمەتکارەی بۆرژوازی رەخنەی لە کۆربن و ماکدۆنێڵ ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە ”داڕمانی کۆمۆنیزم تراژیدیایە”. ئەم ڕەخنەگرە بۆرژواییە پێی هەڵەیە وە پێی کارێکی ناشرین و قێزەونە کە بوترێ ڕووخان و داڕمانی کۆمۆنیزم تراژیدیایە، بەڵکو ئەو واپێی باشە کە بوترێ ڕوخانی کۆمۆنیزم سەرکەوتنە بۆ دیموکراسی و سەرکەوتنە بۆ بەشەریەت گەرچی ڕاشکاوانە ڕایناگەیەنێت، بەڵام دیارە زۆر بەو وتەیەی ئەو رابەرەی حزبی لەیبەر نیگەرانە. ڕاستیەکەی ئەو دوو ترۆتیسکیستەش بەهەڵەداچوون لەوەی شکستی یەکیەتی سۆڤیەت بەشکستی کۆمۆنیزم دەزانن، چونکە ئەوەی شکستی هێنا سەرمایەداریەک بوو کە لە رووسیا بەرێوە دەچوو لەژێر ناوی کۆمۆنیزم دا. ئەگینا کۆمۆنیزم دانەمەزرابوو تاکو شکست بخوات.

بۆرژوازی ڕاشکاوانە ترسی خۆی بەرامبەر بە سۆشیالیزم دەردەخات و دەڵێ ئەم جەنابانە دەیانەوێ بەرەو نائارامی و پشێوی کۆمەڵایەتیمان بەرن، دەیانەوێ بەرەو ”شۆڕشی بەردەوام”ی ترۆتسکی مان بەرن. ئەم میدیا خزمەتکارەی بۆرژوازی دووبارە و سێ بارە باس لەگرنگی ئازادی و بازاڕی ئازاد و کێبەڕکێی دەکات لە گەشەی ئابووریدا. بێگومان ئازادی مەبەستی بازاڕی ئازاد و کێبڕکێی ئازاد و ئازادی بۆ سەرمایەداران لەهەرچی زیاتر خستنەگەڕی سەرمایەکانیان بۆهەرچی زیاتر کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان و قازانجی زیاتر، بەڵام قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی سەرمایەداری پیشانی داوە کە سەرمایەداری لە قەیرانێکی گەورەدایە و ناتوانێ کۆمەڵگە بەرەو ئەو راستایە بەرێ کە دەبێت کۆمەڵگە بۆی بچێت و کە ئەویش ڕەفاهیەت و خۆشگوزەرانی مرۆڤەکانە. جەنابی دەمڕاستی بۆرژوازی خۆی گێل دەکات لە کارنامەو مەئەساتی رۆژانەی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکانیان کە لەدنیادا چ بەڵایەکیان بەسەر کۆمەڵگەدا هێناوە، کە دەبێ بزانێت لەبەرامبەردا تەنها چارەسەریش نەهێشتن و لابردنی ئەم سیستەمەیە و دامەزراندنی سیستەمێکی ترە لەسەر وێرانەی سیستەمی سەرمایەداری. نووسەری ناوبراو هۆشداری دەدات و بۆرژوازی ئاگاداردەکاتەوە کە ئاگاتان لەم سیاسەتمەدارە ڕاهێنراوانەبن بە هونەری ”فریودانی مارکسیستی”. جۆن ماکدۆنێڵ ڕەخنەی لێدەگیردرێ کە لەرابردوودا هەمیشە هەوڵی ”خرۆشاندن بووە لەپێناو سەرنگوومکردنی سەرمایەداری”. ئەم رۆژنامەیە هۆشداری دەدات بە حزبی کۆنسێرڤەتیڤ (پارێزگاران) کە کۆربن ی سەرۆکی حزبی لەیبەر تەواوی هەوڵی خۆی دەدات بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەو ئامانجە کە رووخاندنی سیستەمی سەرمایەداری یە. زۆر بە ڕۆشنی نیگەرانی باڵی ڕاستی بۆرژوازی دەبینین سەبارەت بە ئەگەری هاتنەسەرکاری حزبی لەیبەر.

لە رۆژنامەیەکی تری بەریتانیدا باڵی ڕاستی بۆرژوازی لەژێر ناونیشانی ” پەلاماری بێڕەحمانەی چەپ بۆسەرشار”  بەشێوەیەکی توند هۆشداری دەدات بە باڵی چەپی حزبی لەیبەر و پێ یان دەڵێ  ”دەبا شەڕ دەست پێبکات”. مەبەستی شەڕی نێوان بۆرژوازی بەگشتی و باڵی ڕاست بەتایبەتی دژ بە ڕەوتێکی چەپی لاواز لەنێو حزبی لەیبەردا. بۆرژوازی ترسی ئەوەی لێ نیشتووە کە لەیبەر ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە ئابووری بە ڕاستای خۆماڵیکردنی هەندێ لەبەشە گرنگەکانی ئابووری وڵاتە لەوانە بانقەکان و خزمەتگوزارییەکانی هێڵەکانی شەمەندەفەر. بۆرژوازی ڕەخنە دەگرێ لە چەپ کە فەرهەنگێک بڵاودەکاتەوە کە ناپەسندە، ئەوان دەڵێن چەپ هەرچی ” تایبەت و خسوسی” بێت بە خراپ لەقەڵەم دەدا وهەرچی ” گشتی ” بێت بە باش لەقەڵەم دەدا. لەڕاستیدا بۆرژوازی هەرچی لەتوانایدایە ئەنجامی دەدات بۆ راگرتنی ئەم رەوتەی نێو حزبی لەیبەر، چونکە بەڕەوتێکی ئەنتی کاپیتاڵیزمی دەزانێ و بە بەربەستێکی دەزانێ لەڕێیی سیستەمی سەرمایەداریدا.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٢ بەرواری ١٥/٥/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە… 

ئایاری ٢٠١٩

About hkkk

Check Also

هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان …

ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس ڕەشید … هیوای بزووتنەوەی ” ئێلەگ زەردەکان” لە هەفتەی ٢٩هەمینی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *