Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 تورکیا و داسەپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی… ململانێی ئاینندە!

تورکیا و داسەپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی… ململانێی ئاینندە!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

بەرواری ٩ی تەموز ئەردۆغان، بەسوێند و وتارێکی سیخناغ لە ئیسلامیزەکردنی تورکیا، بە فەرمی دەستی لە پۆستی سەرۆک کۆماری گیرکرد و بووە بڕیاردەری بێ رکەباری هەموو بریارو نەخشەیەکی تاکرەوانەو دیکتاتۆریانەی ئیسلامی.

سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو دوایەدا و دەستگیرکردنی لە پۆستی سەرۆک کۆماری لە تورکیا بەو هەموو دەسەڵات و دەسئاوەڵایی و بەدەستەوە گرتنی کلیلی هەموو دەرگاکانی فەرمارەوایی و دارایی و یاسایی و جێبەجێکردن و دادوەری، هەوڵی بەردەوامی ١٦ ساڵەی دەسەڵاتی ئاک پارتی بۆ گۆرینی تورکیا بۆ کۆمارێکی ئیسلامی و سەرۆکایەتی، تا رادەیەک بە ئاکام گەیشت…

ئاک پارتی ١٦ ساڵە، دەسەڵاتی سیاسی لەدەستدایە، لە ماوەی ئەم ١٦ ساڵەدا، بەنەخشەوە کەوتە هەوڵدان بۆ گۆرینی سیستەمی سیاسی تورکیا، لە پەرلەمانیەوە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی و گۆڕینی ستراکتۆرو پایەکانی عەلمانیەتی تورکیا، و جێگیرکردنی ستراکتۆرو پایەدانانی دەوڵەتێکی ئیسلامی… ئەم دوو ئامانجە سەرەکیترین کار و هەوڵی ئاک پارتی بووە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا.

لەو راستایەداو بۆ جێگیرکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی و گۆرینی تورکیا بە کۆمارێکی ئیسلامی، ئاک پارتی هەرچی لەتوانایدا بوو کردی و ئەنجامیدا… سەرەکیترین هەنگاوی ئاک پارتی لاوازکردنی رۆڵی سوپا بوو، سوپایەک کە بەدرێژیی میژووی تورکیا، هیچ دەسەڵات و حکومەتێک نەک نەیتوانییوە جڵەوی بکات و رۆڵ و پراکتیکی نادیدە بگرێت، تەنانەت زۆر جار قسەی ئاخر سوپا کردویەتی و میژووی کودەتاکانی سوپاش باشترین بەڵگەی ئەو راستیەیە. سوپاو ژەنەراڵەکانی تورکیا کە بە میراتگری پاراستنی سیستەمی عەلمانیەت و ئەتاتورک ناسراوە، یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەم ئاک پارتی و ئەدرۆغان بوو. ئاک پارتی بەنەخشەوە توانی ئەو رۆڵە لە سوپا بسەنێتەوەو لاوازی بکات… بە تایبەتیش بەدوای کودەتای تەمووزی ساڵی ٢٠١٦، لەژێر ناوی سەرکوتی کودەتاچیان و یاخی بووان و تیرۆریستاندا، فرسەتی هێنا بۆ تەسفیەی سوپاو ریزەکانی. بەجۆرێک کە نزیکەی ١١ هەزار لە پلەدارەکانی سوپا و ١٧ هەزار لە خوێندکارانی سەربازی و ئەکادیمیای جەنگی لەکارەکانیان دەرکرد… ئەوە جگە لە ٢٥ هەزار کەس لە سلکی ئاسایشی گشتی کە فەسڵ کران. دیارە ژمارەی زیندانی کراوەکانیش بە سەدان هەزار کەس مەزەندە دەکرێت… لێدان لە سوپاو رۆڵی سوپاو ژەنەراڵەکان، ئامانجێکی سەرەکی دەسەڵاتی ئاک پارتی بوو تا بتوانێت کۆسپێکی سەرەکی بەردەم خەونەکانی لاببات، ئیستا و بەتایبەتی دوای کودەتاکەی تەموزی ٢٠١٦. تارادەیەکی زۆر لەجێبەجێکردنی ئەو نەخشەیەیدا سەرکەوتوو بووە… کۆسپێکی تری بەردەم دەسەڵاتی ئەردۆغان و ئاک پارتی میدیای تارادەیەک جڵەو ئازاد، رێکخراوەو کۆرو کۆمەڵی مەدەنی و جەماوەری و رادیکال و پیشەیی…بوو، لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا ئاک پارتی رۆژ بەرۆژ و بەپێی نەخشەیەکی سیستماتیک… هێرشێکی فراوانی بۆسەر میدیا و کەناڵە راگەیاندنەکان” بیستراو بینراو چاپکراو” دەستپێکرد نزیکەی ٢٠٠ کەناڵی راگەیاندنی داخست. بە سەدان رۆژنامەنووسی لە کونجی زیندانەکان گیر کرد. بەدەیان و سەدان رێکخراوەو کۆرو کۆمەڵەی مەدەنی رێگەی کارکردنیان لێگیراو یاساغ کران. ئەم شەپۆلە لە هێرش بۆسەر میدیای ئازاد و کۆروکۆمەڵەی مەدەنی و زیندانیکردنی دەیان هەزار کەس لە سیاسی و چەپ و پێشکەوتنخوازو نەیاری سیاسی دەسەڵات، کەشیکی ترس و تۆقاندنی داسەپاندە سەر تورکیا و لەو رێگایەشەوە پاشەکشەیەکی گەورەی بەسەر کەشی ئازادی و دیموکراتی!! و هاوکات بەسەر بنەماکانی عەلمانیەتی تورکیادا، داسەپاند… و تورکیای لیخنی کەشی ئیسلامی کرد.

گۆرینی سیستەمی پەرلەمانی تورکیا بەسەرۆکایەتی و دەستئاوەڵایی سەرۆکی پرۆ ئیسلامی… تورکیای خستە ناو برگەیەکی تازە و وەرچەخانێکی بێوێنە… ئەگەر پێشتر هەوڵدان بۆ بەئیسلامیزەکردنی تورکیا، پڕ گرێ کوێرەو سەخت بوو بۆ ئەردۆغان و ئاک پارتی، لەمەبەدوا ئاک پارتی و ئەردۆغان، بە کەڵک وەرگرتن لە پێگەو ئەو ئاڵوگۆرانەی بەدوای هەڵبژاردنەکاندا پێکهات و ئەردۆغانی گەیاندە کۆشکی کۆماری و سیستەمی سەرۆکایەتی کردە فەرمی… دەتوانێت بێ هیچ رێگرییەکی یاسایی، هێرشی بەنەخشە و توند بکاتە سەر بنەماکانی عەلمانیەتی تورکیاو جەنگێکی فرەرەهەند بۆ ئاراستەکردنی تورکیا گۆرینی بە کۆمارێکی ئیسلامی دەستپێبکات. ئەمەش نەک ئاراستەیەکی ترسناکە بۆ ئاڵوگۆر لە تورکیادا، بەڵکە مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر تەواوی ناوچەکەو و دنیا… دنیا چوار دەهەیە بەدەست ئیرانی ئیسلامیەوە دەناڵێنی، هاتن و پێ چەقاندنی تورکیا لەسەر بە ئیسلامیزەکردنی دەوڵەت و فەرمانرەوایی بۆ چەندین دەهەی تر دنیا دەخاتە ناو رەشترین ململانێ و دەستێوردان و بەهێزکردنی تیرۆریزم و رەوتەکانیان… وە دەچێتە ناو ململانێێیەکی نوێوە لەگەڵ رەوتی شیعەگەرای ئیسلامی لە ناوچەکەدا… و ململانێی نێوان هەردوو رەوتی ئیسلامی سیاسی” شیعی و سونی” دەبێتە یەکێک لە سەنتیزەکانی ململانێی ناوچەکە.

هەموو ئەمانە هێشتا دیوێکی ئەو ئاڵوگۆرانەیە کە لە تورکیادا دەستێ پێکردووەو بەشێوەی سیستماتیکتر درێژە پەیدا دەکات، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا، تورکیای دەرگیر بە دارمانی ئابوری و داتەپینی بەهای لیرەو بەرینبوونەوەی بێکاریی و گرانی و ناڵاندنی دەوڵەت لە ژێر قەرزێکی کەمەرشکێنی سەختدا، لەگەڵ نائارامی سیاسی و شێواوی باری ئەمنی… هەروەها کارادنەوەی شاراوەی ئەو هەموو سەرکوت و زیندانی و راوەدونانەی هەیە… رێگای جیبەجێکردنی نەخشەو تەماحەکانی ئەردۆغان و ئاک پارتی، لە ژینگەیەکی ئاوادا، دەخاتە مەترسیەوە… هاوکات کاردانەوەو راسانی بەرەی عەلمانی فراوانی تورکیاو مێژووی نزیک بە دەهەی ئەو عەلمانیەتە لە ئاستی کۆمەڵایەتییدا و رەگ داکوتانی بۆ ناو کەڵچەرو ستراکتۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و بوونی هیز گەلێکی سیاسی و کە خۆیان بە میراتگری ئەتاتورک و عەلمانیەت لەتورکیا دەزانن، هیشتا نەک رێگری واقعین لەبەردەم ئەردۆغان و ئاک پارتیدا، بەڵکو هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی شانۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیا، دەچیتە ناو دەورەیەکی نوێ، وە ڕۆشنتر لەپێشوو. بەرەی عەلمانیەت لە تورکیا، بە ئاشکراو بە فەرمی رووبەرووی دەسەڵاتی دیکتاتۆریانە و ئیسلامی دەبێتەوەو ململانێی نێوان ئەو دوو بەرەیە دەبێتە بەشیک لە واقعیەتی حاشاهەڵنەگری داهاتووی تورکیا.

دیارە لەگەڵ ئەوەدا کە ئەردۆغان و ئاک پارتی وا دەردەکەوێ کە سەرکەوتوو هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام واقعیەتی و ململانێی داهاتوو لە تورکیادا، هەڵگری ئاماژەی پێچەوانەیە… شانسی ئەردۆغان و ئاک پارتی لەگەڵ ئەوەدا کە سیستەمیان گۆریووە، جەنگی عەلمانیەتیان بەردەوامە، بەڵام بەو دۆخەوە کە تورکیا دەرگیرییەتی، لە ئەزمەی ئابوری قوڵ و ناڵاندن لە ژێر قەرزی زۆر و دارمانی بەهای لیرە و بەرینبوونەوەی بێکاری و گرانی… دەرگیربوون لەگەڵ دۆخی نائەمنی و ئاڵۆزکاوی سیاسی، تا دەگاتە تەریک کەوتنەوەی نێودەوڵەتی تورکیا و نەزۆک دەرهاتنی خەونی بوون بە ئەندام بوونی لەیەکێتی ئەوروپا و… بەرینبوونەوەی تورەیی رۆژ بەرۆژی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری…تاد، لەگەڵ کارادنەوەی رەوتی عەلمانیەتی تورکیا لە ململانێی داهاتوودا… شانس نادات بە ئەردۆغان و ئاک پارتی و رەوتی داهاتووی ئەو رەوتە بەرەو لێژی دەبات.

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٢ ی بەرواری ١٥/٧/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

 

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *