Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 توندوتیژی بە دژی ژنان تاوانێک بە دژی نیوەی کۆمەڵگە
توندوتیژی بە دژی ژنان تاوانێک بە دژی نیوەی کۆمەڵگە

توندوتیژی بە دژی ژنان تاوانێک بە دژی نیوەی کۆمەڵگە

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

روانینی ده‌ستدرێژیکارانه‌ بۆ سه‌ر ژنان تاوانێکی گه‌وره‌یه‌، چونکه‌ ژن نیوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ و ژیان بێ ژن ئه‌سته‌مه. یه‌کێک له‌و کێشه‌ سه‌ره‌کیانه‌ی که‌ له‌بارودۆخی هه‌نووکه‌ییدا هه‌موو جیهانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵکردووه‌ و بووه‌ته‌ پرسی سه‌ره‌کی هه‌موو راگه‌یاندنه‌ جیهانیيه‌کان، پرسی توندوتیژی به‌ دژی ژن و پێخوستکردنی که‌سایه‌تی ئه‌م ره‌گه‌زه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه. پرسێک، که‌ بۆته‌ هۆی هاتنه‌ ئارای بزوتنه‌وه ‌گه‌لی جۆراوجۆر بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ ئازارێک به‌ دژی ژنان و چه‌سپاندنی یاساو رێسای مرۆڤ ته‌وه‌رانه‌ بۆ له‌بار کردنی ئازادی و گه‌یشتن به‌ مافه‌ره‌واکانیان. ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ دووتوێی ئه‌م بابه‌ته‌دا ئاوڕێکی هه‌رچه‌ند کورتيش بێت له‌ توندوتیژی و جۆره‌کانی توندوتیژی به‌ دژی ژنان بده‌ینه‌وه‌ و لایه‌نه‌ ئاشکراو و شاراوه‌کانی ئه‌م په‌تا ماڵوێرانکه‌ره‌ بخه‌ینه‌ڕوو: توندوتیژی سیسته‌م، کۆمه‌ڵگه‌ و بنه‌ماڵه ‌له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توندوتیژی سیسته‌م ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ به‌شدارینه‌کردنی ژنان له‌ پرۆسه‌ی ئابووری و سیاسی، به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادی ژنان له‌ شوێنی کار، دابین نه‌بوونی هه‌لی کاری له‌ بار بۆ ژنان، نه‌بوونی مووچه‌ی به‌رامبه‌ر له‌گه‌ڵ پیاوان بۆ سه‌عاتی کاری وه‌ک یه‌ک و موچه‌ی وه‌ک یه‌ک، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆ ژنانی مژوڵی کار، که‌ڵکی نابه‌جێ وه‌رگرتن له‌ هێزی ژنان له‌ ناو پرۆسه‌ی کار، به‌ کاڵاییکردنی جه‌سته‌ی ژنان له‌لایه‌ن سیسته‌مه‌ سه‌رمایه‌داره‌کان و بازرگانیکردن به‌ ژنان بۆ پڕ کردنی گیرفانی سه‌رمایه‌داران، نه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌کی له‌بار و مرۆڤ ته‌وه‌رانه‌ بۆ په‌روه‌ده‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مرۆڤ ته‌وه‌ر، دانانی یاسا و رێسای دژی ژنان و په‌سند کردنیان و که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ئایین و یاساکانی که‌ دژ به‌ مافه‌کانی ژنانه‌ و که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ئه‌بزاریک (ئامراز) له‌ ژێر ناوی پیاومه‌زنی که‌ هه‌وڵ بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان ده‌دات و هتد…. توندوتیژی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کو په‌راوێزخستنی ژنان له‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌، په‌ره‌پێدانی ئه‌خلاقیاتی ئیسلامی بۆ ژنان، په‌ره‌پێدانی روانگه‌ی نیگه‌تیڤ دژ به‌ ژنان، نه‌بوونی ئه‌منیه‌تی کاری بۆ ژنان، چاو لێکردنی ناله‌باری کۆمه‌ڵگە له‌ ژنان و هتد… توندوتیژی بنه‌ماڵه‌یی: ئه‌م توندوتيژييه‌‌ دوو جۆر له‌ خۆده‌گرێ وه‌کوو: توندوتیژی جه‌سته‌یی له‌م جۆره‌ له‌ توندوتیژیدا ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ لێدان، قژ کێشان، ئه‌شکه‌نجه‌، داغکردن و ده‌ستدرێژی جنسی و زۆر جاریش سڕینه‌وه‌ی به‌ ئاشکرای جه‌سته‌ی ژنان بکه‌ین. توندوتیژی ره‌وانی (ده‌روونى) له‌وانه‌، جنێو، سوکایه‌تی پێکردن، پێخوستکردنی که‌سایه‌تی ژن، هێشتنه‌وه‌ی له‌ ماڵ، غیره‌ واته‌ دڵپیسی کردن، لێئه‌ستاندنه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ خۆبوون، به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادیه‌ تاکه‌که‌سیه‌کان، گاڵته‌جاڕی، تانووت و هتد.. ده‌بێ بگوترێت ئه‌م جۆره‌ له‌ توندوتیژی به‌ دژی ژنان کاردانه‌وه‌ی زۆر نیگه‌تیڤتری له‌ توندوتیژی جه‌سته‌یی هه‌یه‌ چونکه‌ برینی جه‌سته‌ له‌وانه‌یه‌ ساڕێژ بێته‌وه‌، به‌ڵام ئازاری ره‌وانی زۆر ده‌خایه‌نێ و پێویستی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی پزشکی و مه‌ودای درێژماوه‌ هه‌یه‌ و له‌وانه‌یه‌ که‌ له‌زۆر نموونه‌دا قه‌ت چاره‌سه‌ر نه‌کرێت. توندوتیژی جنسی (سێكسى) یه‌كێك له‌و لایه‌نه‌ هه‌ستیارانه‌ی‌ توند‌وتیژی‌ به‌رانبه‌ری‌ ره‌گه‌زی‌ ئاماژه‌ بۆ كراو كه‌ كه‌متر شیكراوه‌ته‌وه‌‌و به‌ به‌ربڵاوی‌ ئاوڕی‌ لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌ یاخود پاساوی‌ بۆ وه‌رێخراوه‌، پرسی‌ توند‌وتیژی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌سدرێژی‌ سیكسی دایه‌، كه‌ له‌ به‌راو‌رد له‌گه‌ڵ چه‌شنه‌كانی‌ ديكه‌ى‌ توند‌وتیژی‌ پێناسه‌كردنی‌ به‌هۆی‌ جۆرا‌و جۆر، شێواوه‌‌و ئه‌نگوست نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر بنه‌ماكانی‌ ره‌چاوكردنی‌ ئه‌م چه‌شنه‌ له‌ زێده‌خوازی‌ ره‌گه‌زی‌‌و لایه‌نه‌ پاڵپشته‌كانی‌ ئابووری‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌، سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی‌ ئه‌م ره‌وشه‌، شیكاری‌ به‌رفراوانی‌ زانستی‌ بۆ نه‌كراوه‌. یان لانیكه‌م له‌ وڵاتانی‌ دواکه‌وتوودا، یاخود له‌ ناو هه‌ناوی‌ كه‌لتووره‌ نه‌ریتخوازه‌كاندا ئیزنی‌ پشكنینی‌ ئاكادمیكی‌ پێنه‌دراوه‌. ده‌بێ بگوترێت توندوتیژی به‌ دژی ژنان هه‌ڵسوکه‌وتیکی ده‌ستدرێژیکارانه‌یه‌ که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی که‌ گوایا هێزی جه‌سته‌یی پیاوان له‌ ژنان زیاتره‌ به‌ دژی ئه‌م ره‌گه‌زه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ ره‌وا ده‌کرێ، هه‌ر ئه‌و بیرۆکه‌ بوو به‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ سه‌روه‌ت و سامان بکه‌وێته‌ ده‌ستی پیاوان و چوارچێوه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری ژنان به‌رته‌سکتر بکرێته‌وه و بواری ماڵی زۆرتری بۆ پیاوان پێک هێنا‌. ساڵه‌های ساڵه‌ توندوتیژی به‌ دژی ژنان له‌ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگەیانه‌ی که‌ سیستمێکی پیاوسالاری تێدا حاکمه‌ چ به‌ هۆکار چ بێ هۆکار به‌رده‌وام به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و پیاوان به‌ هێزتر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن وژنان به‌و بیانووه‌ کراونه‌ته‌ کونجی ماڵه‌وه‌ و مژوڵی منداڵداری و ماڵدارین و له‌ ئاکامدا له‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان بێبه‌شکراون، به‌ڵام کاره‌ساته‌که‌ به‌وه‌ زیاتر قوڵده‌بێته‌وه‌ که‌ به‌و بیرۆکه‌ فه‌رهه‌نگ و کلتوری ده‌سه‌ڵاتی پیاو زیاتر بێ و هه‌ر کاتێکیش ئایین ئیزننامه‌ی به‌و بیرۆکه‌ دا، ئیتر بواری زیاتر بۆ ده‌سه‌ڵاتی پیاوان و ژێرده‌سته‌یی ژنان ده‌ڕه‌خسێت و گه‌وره‌ترین هێزی سه‌رکه‌وتی ژنان به‌رهه‌م دێت. ئه‌مڕۆکه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌موو پیشکه‌وتنێکی جیهانی له‌ بواره‌کانی، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و مرۆڤی، پرسی مافی به‌رابه‌ری ژن و پیاو ، هه‌روه‌ها ژن ئازاری باسی سه‌ره‌کی میدیاکانه‌ و توندوتیژی به‌ دژی ژنان په‌تایه‌کی ماڵوێرانکه‌ره‌ که‌ جیهانی سه‌رقاڵی خۆی کردووه‌. ده‌بێ بڵێين که‌ توندوتیژی به‌ دژی ژنان توندوتیژی به‌ دژی هه‌موو مرۆڤایه‌تی و به‌ تایبه‌تی نه‌وه‌کانی دوارۆژه‌ که‌ به‌ گیانیکی مرۆڤی و به‌ دوور له‌ هه‌ڵاواردن په‌روه‌رده‌ ناکرێن و توندوتیژی له‌ ناخیاندا رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ به‌رهه‌م دێته‌وه‌، توندوتیژی به‌ دژی ژنان مێژوویه‌کی دورودریژی هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ وزه‌و توانای زۆر بۆ بنبڕکردنی پێویسته‌ و ده‌بێ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تیک که‌ بۆیان بلوێ، به‌ دژی ئه‌م دیارده‌یه‌ که‌ سیمای کۆمه‌ڵگەکانی دزێو کردووه‌ بوه‌ستن و خه‌باتی بێوچانی بۆ وه‌ڕێبخه‌ن

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ١٥ی بەرواری ١/١١/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە….www.bopeshawa.net

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*