Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 تڕەمپیزم خۆی گەیاندە بەرازیل !

تڕەمپیزم خۆی گەیاندە بەرازیل !

بۆڵسۆناڕۆ سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی بەرازیل سەلام لە ئاڵای ئەمەریکا دەکات و دەیەوێت پشوویەکیش بدات لە بانگەشەی تەقلیدی بۆسەربەخۆیی.

نووسینی: ڕۆبەرتۆ سایمن و بڕایان وینتەر

Foreign Affairs Magazine

ئاماداکردنی: شوان عەزیز

ئۆکتۆبەری ٢٨-٢٠١٨

سەرەتای پایز بوو، لە خوارووی فلۆریدای ئەمەریکادا، لە ژوورێکدا کە تەنها شوێنی ڕاوەستان بوو، لە چێشخانەیەکدا کە دەوروبەری ٣٠٠ کەسێک تێیدا کۆببونەوە. چاوەڕێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی باڵی ڕاست بوون. زوربەی شارەزایان پێیان وابوو کە ئەم باڵی ڕاستە سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، بەڵگەیان ئەوەبوو کە زۆر تووندڕەوەو کەسێکی وایە کە ئارەزووی دابەشکاری دەکاو هیچ شارەزاییەکیشی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا نییە. ئەو کاندیدەی سەربە باڵی ڕاست تڕەمپ نەبوو، بەڵکو جایر بۆڵسۆناڕۆ بوو. ئەو کەسە ئەفسەرێکی خانەنشینی نێو سوپای بەرازیل بوو. ماوەیەکی درێژیش بوو کە ئەندامی کۆنگرێس بوو. ئەو پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک، لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری٢٠١٧ دا زۆر تووند بوو لەبەرامبەر گەندەڵیداو مەدحی سوپای دیکتاتۆری پێشووشی دەکرد. بەڵێنی بە پۆلیس دەدا کە تەواوی ئاازادیان بداتێ بۆ کوشتن و لەناوبردنی ئەو تاوانبار و کەسانەی کە مامەڵەیان بە مادەی هۆشبەرەوە دەکرد. ئەو شێوە قسەکردن و بەڵێنانە کاکی ڕاستڕەوی بە پەیژەی هەڵبژاردندا بەرزکردەوە. زۆرێک لەو کەسانەی کە لەو شوێنەدا کۆببونەوە لە ترسی توندوتیژی و برسیەتی و نەبوونی و بێکاری و بێمافی بەرازیلیان بەجێ هێشتبوو وە لە ئەمەریکادا گیرسابوونەوەو لەوێدا ژیانیان بەسەر دەبرد.. ئەو بەرازیلیانەی کە ئاوارەو پەرتەوازەی فلۆریدا ببون کە ژمارەیان خۆی دەگەیاندە ٣٠٠ هەزار کەسێک، وەک هەر خزم و کەس و کاریێکیان لە ناو بەرازیلدا ئەوانیش چاوەڕێ بوون کە کەسێک ببێتە فریادڕەس و دژە سیستەمی ئێستا بێتو کورسی فەرمانڕەوایی بباتەوە.

بۆڵسۆناڕۆ دوای ٤٠ خولەکێک لە چاو کاندیدەکانی تری سەرۆکایەتی وڵاتی بەرازیل، وتارێکی پێشکەش بە گەلی بەرازیل کرد کە جیاواز بوو لە وتاری کاندیدەکانی تری سەرۆکایەتی ئەوەندەی کە بە بیردا بێن. لەو وتارەیدا بە شان و باڵی ڕژێمی دیکتاتۆری بەرازیلیدا هەڵداو، بەڵێنی ئەوەشی بە گەلی بەرازیل دا کە بیان پارێزێت لە کۆمۆنیستەکان و چەتەو دزەکان. هەروەها ڕەخنەشی گرت لە دەنگ و باسە ناڕاستەکان و دروست کراو و بێ بنەماکان لە نیشتیمانی بەرازیلدا.

بۆڵسۆناڕۆ لە وتارەکەی دا وتی:”ئەوەی کە من لەوێ لە ناو بەرازیلدا دەیڵێم هەمان ئەو شتەیە کە ترەمپ لێرە دەیڵێت”.ئەو بە ئەمەریکیەکانی وت ” ئەگەر من هەڵبژێردرێم ئەوە  ئێوە دڵنیا دەکەم کە تڕەمپ باشترین هاوپەیمانی دەبێت لە خوارووی نیوە گۆی زەویدا”. هەرکە بۆڵسۆناڕۆ ئەمەی وت، ئاپۆڕای خەڵکەکە تێکڕا بە دەنگی بەرز دەستیان کرد بە وتاف لێدان: “بژی ئەمەریکا، بژی ئەمەریکا”. ئا لەو کاتەدا بوو کە بۆڵسۆناڕۆ ڕووی کردە شاشەی تەلەڤزیۆنەکەو بینی ئاڵای ئەمەریکا دەشەکێتەوە. بۆیە یەکسەر دەستی بەرزکردەوەو سەلامێکی دڵسۆزانەو بەسۆزانەی کرد لە ئاڵاکەی ئەمەریکا.

یەک ساڵ دوای ئەو بانگەشەیە، بۆڵسۆناڕۆ شتێکی بەدەست هێنا کە بۆ جارێکیش بە بیری کەس دا نەدەهات. ئەو کورسی سەرۆکایەتی بردەوە لە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی ئەمەریکای لاتیندا. بەرازیل وڵاتێکە کە نوێنەرایەتی لە ٤٠٪ی دانیشتوانی لاتینی ئەمەریکا دەکات و بەرهەمی ساڵانەی تاکیشی تەقریبەن یەکسانە بەو ڕێژەیە. هەروەها بۆڵسۆناڕۆ وەک ئاماژەی پێدا لە وتارەکەیدا لە فلۆریدای ئەمەریکادا،  ئەو کارێک دەکات لە سیاسەتی دەرەوەی بەرازیلدا کە وەرچەرخانێکی تەواوجیاواز بێت لە مێژووی ئێستای بەرازیلدا. ئەو جیاوازیەش دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێت لە تەواوی کیشوەری ئەمەریکاو تەنانەت لە جیهانیشدا.

لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو وڵاتی فەنزوێللادا !

بۆڵسۆناڕۆ نەک هەرنیەتی خۆی بۆ خەڵک ڕۆشن کردەوە کە دەبێتە گەورەترین هاوپەیمانی واشنتۆن، بەڵکو ئەوەشی دەرخست کە ئەو دەیەوێت لە بەرنامەی نێونەتەوەیی خۆیدا زیاترو ڕاستەوخۆ لە بەرنامەی تڕەمپەوە وەربگرێت. ئەو پەیمانی دا کە: بێتە دەرەوە لە ئەنجومەنی مافی مڕۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوووەکان،  باڵوێزخانەی بەرازیل لە تەلئەبیبەوە بگوازێتەوە بۆ قودس، زۆر بە جدی بەرەنگاری پێشکەوتنە ئابووریەکانی وەڵاتی چین ببێتەوە، سیاسەتی ڕادیکاڵانەی ڕژێمی فەنزوێللا بە نەزەر وەر بگرێت، هەروەها لە سەرەتاوە پەیمانی ئەوەی بە دەنگدەرانی دا کە لە پەیمانی پاریسی تایبەت بە گۆڕانی کەش و هەوا بێتە دەرەوە، بەڵام لەو بەڵێنەی پاشگەزبووەوەو گەڕایەوە ناو پەیمانەکە.  ئەو لیستە هەر درێژەی دەبێت!.

ئێستا ئەوە هەڵدەگرێت کە هەڵوێستەیەکی بۆ بکەین و بزانین ئاخۆ ئەوەی ئێستای بۆڵسۆناڕۆ لەگەڵ هی پێش خۆی چەندە جیاوازیان هەیە. بەرازیل ماوەیەکی زۆر خیتاب و بەرنامەیەکی سەربەخۆی هەبووە لە سیاسەتی دەرەوەیدا. هەتا لە کاتی دیکتاتۆریەتی سوپایشدا کە لە ساڵی ١٩٦٤وە بۆ١٩٨٥خایاندی کە سەرباری ئەوەی پشتگیریەکی باشی واشنتۆنیشی بەخۆیەوە بینی، بەڵام سڵاوکردن لە ئاڵای ئەمەریکا بۆ سەرۆک خۆکوشتنێکی سیاسی بە دواخۆیدا دەهێنا. هەمان شتیش بۆ ئیدارەی سەرۆک فەڕناندۆ کۆڵۆر دی مێڵۆ کە لە ١٩٩٠وە بۆ ١٩٩٢ خایاندی ڕاست دەردەچوو. هەرچەندە ئەو کات باوەشیان کردبووەوە بۆ سیاسەتی وەک پێی دەگوترا ئیجماعی واشنتۆن بۆ ڕیفۆڕمی قووڵی بازار. هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا کە سەرۆک فەڕناندۆهەنڕیک کاردۆسۆ کە لە ١٩٩٤وە خایاندی بۆ ٢٠٠٢ پەیوەندیەکی گەرمو گوڕی لەگەڵ سەرۆک بیڵ کلینتۆندا هەبوو، بەڵام هێشتا لە زۆر بابەتدا ڕازی نەدەبوو بە تەواوی بچێتە ژێر باری سیاسەتەکانی ئەمەریکاوە، بەڵکو پێچەوانەشی دەجووڵایەوە بە تایبەتی لە سیاسەتی دەرەوەیدا. بۆ نموونە: لە بابەتی دۆزینەوەو داهێنان لە بواری سەیدەلانیدا، یان لە بابەتی هاوکاریە سوپاییەکانی ئەمەریکا بۆ کۆڵۆمبیا، یاخود لە مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ هۆگۆ شافێز سەرۆکی پێشووی فەنزوێللادا و ئەلبێرتۆ فوجیمۆڕی سەرۆکی پێشووی پیڕۆدا. کاردۆسۆ بەرەنگاری هەوڵەکانی ئەمەریکا دەبووەوە لە درووستکردنی ناوچەیەکی بازرگانی ئازاد لە نیوەگۆی زەویداو لە کۆتاییدا شکەستی بەو هەوڵەی ئەمەریکا هێنا. هەر لەم دواییانەدا حکومەتە چەپەکانی سەرۆکەکانی بەرازیل لە نموونەی لویز ئیناسیۆ لولا دە سیلڤا لە ٢٠٠٣وە بۆ ٢٠١٠ هەروەها دیلا ڕۆزێف لە ٢٠١١ وە بۆ ٢٠١٦ بە بەردەوامی خۆیان پەنا دەداو لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمەریکادا نەدەبوون. بۆ نموونە لە مەسەلەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێراندا، مەسەلەی  دزەپێکردنەکانی(ویکی لیکس)ی ئێدوارد سنۆدن، وە هەروەها لە هەوڵەکانی بەرازیل بۆ درووستکردنی زۆرترین سیستەمی فرە جەمسەری جیهانی.

باشە بۆچی بۆڵسۆناڕۆ بەوشێلگیریەوە دژایەتی سونەتی باو دەکات؟ شتێکی ڕوونە کە دەنگدەرانی توڕەو ماندووی بەرازیلی بە ئەرێیانە هەر شتێک کە بۆنی گۆڕانکاری لێبێت دەبینن، بەڵام وەڵامی درووست ڕووی لەو گرفتەیە کە جارێکی تر پێناسەی ئەو میتۆدە دەکاتەوە کە زۆرێک لە خەڵکی بەرازیل، جیهانی تێڕا دەبینن بە تایبەتی لەو ساڵانەی دواییدا. لە لایەکەوە ڤەنزوێللایە کە کەوتۆتە ناو ئابوریەکی بێ سەرەوبەرەو سیستەمێکی ئیستیبدادی و تاوان و هەروەها پڕ لە توندوتیژی و داڕمان. بۆڵسۆناڕۆ لەگەڵ پشتگیریکەرەکانی زۆر بە وردی ئەو چیرۆکەیان بڵاودەکردەوە کە ئەوە ئەو سەرۆکە تازانە بوون بە تایبەتی لە نموونەی وەک (لولاو ڕۆسێف) کەعەزمیان گرتبوو بەرازیل بە هەمان ڕێگادا بەرن. لەلایەکی تریشەوە ئەمەریکایە ئەو شوێنەی کە لەلایەن باڵی ڕاستی توندڕەوی ناوخۆی بەرازیلەوە تڕەمپیان وەک فریاد ڕەس و ڕابەرێکی هەڵکەوتەو بەهێزی وڵاتێکی پێشکەوتوو وێنا کردووە.

لە زەمانی ئێستادا، هەر شتێک کە بۆڵسۆناڕۆ لە واشنتۆن نزیکتر بکاتەوە دەبێتە شتێکی سەرنجڕاکێش بۆ جەماوەرەکەی. جا گاڵتەجاریەکە لێرەدایە کە هەندێک لە پێشنیارەکانی بۆڵسۆناڕۆ ڕاستەوخۆ لە هۆگۆ شاڤێز وەرگیراون. بۆ نموونە زیادکردنی ژمارەی دادوەرانی دادگای باڵا بە مەبەستی دەستەمۆکردنی دادگا و هەروەها پێدانی ڕۆڵی لەڕادەبەدەر بەهێزە چەکدارەکان لە حکومەتدا. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نەبوو کاتێک شاڤێز بۆ یەکەم جارسەردانی بەڕازیلی کرد لە ساڵی ١٩٩٩دا،  بۆڵسۆناڕۆی ئەو کات ئەندامی کۆنگرێس بە شاڤێزی وت ”  هیوای ئەمەریکای لاتین”. هەروەها پێی وتی ” شاڤێز فەلسەفەکەی خۆی دێنێت بۆ بەرازیل”

تەنها خیتابی بەتاڵ نییە

هەندێک لە شیکەرەوە سیاسیەکان وا سیاسەتی دەرەوەی بۆڵسۆناڕۆ دەبینن کە تەنها قسەو خیتابی هەڵبژاردنەکان بوو، وە هیچی لێ شین نابێت. وە موجادەلەی ئەوە دەکرێ کە کرداری لە پێشینە بۆ ناوخۆ بریتیە لەو بارە ئابووریەی بەرازیل کە لە ساڵی ٢٠١٢ وە گەشەیەکی تەندرووستی بەخۆوە نەبینیوە و هەروەها ئەو حکومەتەی کە بەبەردەوامی و ماوەیەکی درێژە زێدەڕۆیی دەکات لە سەرفکردن وا دەکات کە سەری بۆڵسۆناڕۆش بخوات. لە کاتێکدا کە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی پیشەیی بۆ دەرەوەی بەرازیل وا لە دیبلۆماسیەتی بەرازیل دەکات کە بگەڕێتەوە دواوەو لە ناوەڕاستدا لەنگەر بگرێت. هەر ئەو شیکەرەوە سیاسیانە دەڵێن کە  دواجار دیبلۆماسیەتی بەرازیل ڕێک دەچێتەوە سەرئەو ڕێچکەیەی کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵێک دەبێت لەسەری دەڕوات.

بەڵام لە ڕاستیدا هۆی باشیش هەن کە وا بکەن بۆڵسۆناڕۆ بە جیدی و وەکو خۆی ئەو مەسەلەیە وەربگرێت. بۆ نموونە لقی ڕاپەڕاندنی بەڕازیل هەژموونی تەواوی هەیە بەسەر سیاسەتی دەرەوەدا، بۆیە بۆڵسۆنارۆ دەتوانێت  لەو بەشەدا بێئەوەی بکەوێتە ژێر چاودێری و لێپرسینەوەی یاسا کاری خۆی بکات. وە هەر کە فەرمانڕەوایی بەدەستەوە گرت، پاڵپشتێکی بەهێزی بۆدرووست دەبێت بۆئەوەی تەعبیر لە خیتابەکەی خۆی بکات و سیاسەتی دەرەوەش دەبێتە میوەیەکی شۆڕبۆوەی ئاسان بۆ لێکردنەوە بۆ ئیدارەی تازە. بۆ نموونە سەرۆک دەتوانێت تەواوی سەرکەوتنەکانی بگوازێتەوە بۆ قاعیدەکەی ودەتوانێت ئیلتیزاماتە ئایدۆلۆجیەکانی خۆی بهێنێتەوە مەیدان بێ ئەوەی بە فیلتەری کۆنگرێسێکدا تێ بپەڕن کە لێک هەڵوەشاوەو هێواشیش دەبزوێت. لەوەش زیاتر، بۆڵسۆنارۆ دەتوانێت سیاسەتی دەرەوە وەک بەربەست و سەرلێشێواندنێک بەکار بێنێت لەکاتێکدا کە خەریکی بەرەنگاربوونەوەی ئەزمەی ئابووری بەرازیلە لە ڕێگەی سیاسەتێکەوە کە لەوانەیە درووست نەبێت. قەیرانەکە قووڵە. بۆ نموونە: بانکی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠١٨ گەشەکردنی ڕاگەیاند بە ١،٢٪ و بێکاریش لەسەرووی ١٢٪ وە کەمهێنانی بودجەشی بە دەوروبەری ٨٪ی بەرهەمی ناوخۆی ڕاگەیاند. ئەگەر ئیدارەی تازە جیدی بێت لە بەهێزکردنی باری ئابووری بەڕازیل، یەکەمین هەنگاوی دەبێت ڕیفۆرم بێت لە سیستەمی مووچەی خانەنشینی بەڕازیل. کە ئەوەش زوربەی بەڕازیلیەکان و تەنانەت ئەو خەڵکانەش کە بە قاعیدەی بۆڵسۆنارۆ دەناسرێن لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نابن. کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ تڕەمپ لە کۆشکی سپی یاخود لە باڵوێزخانەی تازەی بەڕازیل لە ئیسڕائیل دەگونجێت پاڵپشتیەکی بەهێزی بازنە سەرەکیەکانی هەڵبژاردن بەدەست بێنێت. بۆ نموونە پاڵپشتی کەنێسەو گروپە هەرێ ڕاستڕەوەکان.

لە دەرەوەی بەڕازیلیش، دەبێت بەڵێنەکانی بۆڵسۆنارۆ بەهەمان شێوەی ناوخۆی بە شێوەیەکی جیدی و وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی جیهانیش. گۆڕانی کەش و هەوا نموونەیە لەو شتانە. بەڕازیل یەکێکە لە حەوت وڵاتە گەورەکەی جیهان لە بەرهەمهێنانی گازی گەرمدا. هەروەها بەڕازیل بە فرەلایەنە هەر لە سەرەتای ١٩٩٠وە  لە سەنگەری پێشەوەدا بووە لە بەرەنگاربوونەوەی گەرمبونی گۆی زەوی و پاراستنی بیئە لەناو پڕۆتۆکۆڵی کیۆتۆو پەیمانی پاریس. بەڵام بۆڵسۆناڕۆ وەک تڕەمپ بە گەرم بوونی گۆی زەوی نەگوت ئەوە فێڵێکی چینە !.بەڵام ئەو شتێکی تری گوت بە دیوێکی تردا . ئەو وتی: “پەیمانی پاریس و تەواوی ئەو ڕێوشوێنانەی کە گیراونەتە بەر بۆ پاراستنی خەڵکە ڕەسەنەکەی ناوچەکە، پیلانێکی ژێربەژێرە بۆ ئەوەی ئەمازۆن بخەنە ژێر هەژمونی جیهانیەوە”. بۆیە لە دیدی (بۆڵسۆناڕۆ)وە لە ناوبردنی پەیمان و دژایەتیکردنی هەر هەوڵێکی فرەجەمسەری بۆ بەرەنگاری لە گۆڕینی کەش و هەوا پەیوەندیدارە بە مەسەلەی سەربەخۆییەوە.

وە ئەگەر لە هەندێک شوێنیشدا بۆڵسۆناڕۆ جیاوازی هەبێت لەگەڵ تڕەمپ دا، وەک لە سیاسەتی بازرگانیدا دەبینرێت، هێشتا چەندین هۆی باشی تر هەیە کە باوەڕ بهێنین کە لە کۆتاییدا عەقڵیەت و مێنتاڵەتی تڕەمپ و تڕەمپیزم بڵاودەبێتەوەو تەشەنە دەکات.

تیمی سەربەسیاسەتی بۆڵسۆنارۆ وتوویەتی کە بە تەمان هەردوک وەزارەتی بیئەو کشتوکاڵ تێکەڵ بکەن و بیکەن بە یەک وەزارەت،  هیچی تریش یارمەتی دارایی لایەنەکانی پاراستنی بیئە نەدەن، هەروەها چەکێکی بەتاڵی پارەش بدەن بەو کەسانەی کە کشتوکاڵ بەرهەم دەهێنن بۆ ئەوەی ئەو دارستانانە لەناوبەرن کە لەناو زەویەکانیاندایە. ئەوەش کارەساتێکی حەتمی بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە بریتی دەبێت لە نەمانی جەنگەڵ و دارستان و ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبونی گازی زیانبەخش لە چەند ساڵی داهاتوودا.

وەک کاندیدێک بۆڵسۆنارۆ بە بەردەوامی هێرشی دەکردە سەر پلانی ستراتیجی بازرگانی بەڕازیل لەژێر سایەی پارتی کرێکارانی لولا وە ڕۆزێف و دەیگوت کە ئەم پلانە زیاتر حماسی و ئایدیۆلۆجی و ئەنتی غەڕبیە. ئا لێرەوە بوو کە بۆڵسۆنارۆ خۆی وەک لایەنگرێکی بازرگانی وا وێنا کرد کە یەکسان بێت لەگەڵ دیدگای ڕاوێژکارە سەرەکیەکەی خۆی ئابووری ناس پۆڵۆ گوێدیس کە دەرچووی زانکۆی شیکاگۆیە.

ئەو داوای زیاتری کرد لە جۆری پەیمانی بازرگانی ئازاد، لە کاتێکیشدا بەڵێنی دەدا کە ڕێز لە یاساکانی یەکیەتی گومرگی خوارووی ئەمەریکا بگرێت و کاری جیدی بکات بۆ کەم کردنەوەی گرفت و ڕێگریەکانی بەردەم بازرگانی.

بەڵام غەریزە نەتەوەییەکانی بۆڵسۆناڕۆ بە ڕوونی دەردەکەون، لە کاتی سەردانیدا بۆ ناوچەی بەرهەمهێنانی مۆز لە کۆتایی ساڵی٢٠١٧دا یەکسەر دەستی کرد بە ڕەخنەگرتن لەپەیمانی تازەی ئاسانکاری بازرگانی لەگەڵ ئیکوادۆر کە بەهۆی ئەو پەیمانەوە بەرهەمی هێنانە ناوەوەی مۆز زیادی کردبوو. هەر بۆیە بەڵێنی دا هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک دەبێت شتێک بکات بۆ ڕاگرتنی پێشبڕکێی هەرزان. بۆڵسۆنارۆ پرسیاری کردو وتی: ” لە کوێتان بینیوە ئەو ناوچەیەی کە کانگای بەرهەم هێنانی مۆزە کەچی خۆی مۆز بکڕێت و بەدوای مۆزدا بگەڕێت”.؟

هەروەها بۆڵسۆناڕۆ بە بەردەوامی هێرشی کردۆتە سەر چین کە هاوبەشێکی گەورەی بەڕازیلە لە بواری بازرگانیداو هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی وڵاتانی گەشەکردووە لە بواری ئابووریدا کە بە چینی گوت ” چین لە بەرازیل ناکرێت، بەڵکو چین بەرازیل دەکڕێت” هەروەها دوای ئەوەی کە بۆڵسۆنارۆ لە مانگی ئازاردا سەردانی تایوانی کرد، باڵوێزخانەی چین لە بەراسیلیا تۆمەتی دایە پاڵ بۆڵسۆنارۆ بە پێشێلکردنی یەک یاسای چینی کە بەڕازیل لە ساڵی ١٩٧٠وە دەیکات. بەرازیل شارەزایانی بواری کانەکان دەنێرێت بۆ چین لە ناویاندا شارەزایانی کۆمپانیای گەوەرەی ڤەیل، ئەمەش وای کردووە کە بۆڵسۆنارۆ ئاوازی ڕەخنەگرتنی لە بەرامبەر چین نزم کاتەوە.

هەروەها بۆڵسۆنارۆ لەوانەیە کۆتای بهێنێ، یا بە پلەیەکی زۆر کەمی بکاتەوە، هاوبەشیکردنی وڵاتەکەی لە ئەنجومەنی بڕیک (ئەنجومەنی وڵاتانی ڕوسیا، هیندوستان، بەڕازیل و چین). هەروەها لەگەڵ ئەو وڵاتانەش کە دەیانەوێت دژایەتی کوێخایەتی ئەمەریکا بکەن لە سیستەمی جیهانیدا. لەکاتێکدا ڕێی تێدەچێت کە بۆڵسۆنارۆ بچێتە پاڵ کۆڵۆمبیا وەک وڵاتی دووەمی ئەمەریکای لاتین بۆ ناو ڕێکخراوی حیلفی باکوری ئەتڵەسی کە بە ناتۆ دەناسرێت..

پاڵپشت و ڕاگیرەکانی فەنزوێللا

پاڵپشتی بۆ دەرکەوتنی وڵاتێکی خاوەن بازاڕ لە وێنەی بەڕازیل لە ناو نەتەوە یەکگرتووەکان وگروپی وڵاتانی٢٠ (جی ٢٠)و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی(دەبلیو تی ئۆ) و هەروەها لەناو چەندین مونتەدای جیهانی تر، دەبێتە نیعمەتێکی گەورەو گرنگ بۆ سیاسەتەکانی ئیدارەی تڕەمپ دەربارەی کەش و هەوا، بیئە، مافەکانی مڕۆڤ، و بازرگانی. جا ئەوکاتە بۆڵسۆنارۆ جێگاو ڕێگای ئەمەریکای بۆ دەردەکەوێت کە لەلایەن زوربەی وڵاتانەوە دانی پێدانانرێت. بەڵام بەهەرحال، وڵاتانی خوارووی ئەمەریکا بە تایبەتی فەنزوێللا لە هەموویان زیاتر ڕێی تێدەچێت کە سیاسەتی دەرەوەی بەڕازیل وەک بومەلەرزە ڕایبچڵەکێنێت. کاتێک کە پارتی کرێکارانی فەنزوێللا لە دەسەڵاتدا بوو، بەڕازیل دۆستێکی نزیکی هوگۆ شاڤێزو نیکۆڵاس مادورۆ بوو، بەڵام دوای دانە دادگای ڕۆسێڤ لە ٢٠١٦دا ئەو پەیوەندیەی جاران لە نێوانی ئەو دوو وڵاتەدا نەماو زیاتر بەرەو دوژمنایەتی ڕووی تێکرد بە تایبەتی دوای ئەوەی کە مایکڵ تەمر دەسەڵاتی پێڕە توندڕەوەکەی بەدەستەوە گرت.

ئێستا پەنابەرەکانی فەنزوێللا بەلێشاو ڕوودەکەنە بەرازیل. تا ئێستا لە مانگی یەکی ئەم ساڵەوە ٣٧ هەزار پەنابەر لە ڕێگەی سنووری باکورەوە هاتوونەتە ناو بەڕازیلەوە وە داوای پەناهیندەییان پێشکەش بە حکومەتی بەڕازیل کردووە.. بەمەش قەیرانەکانی ناو فەنزوێللا دەبرێتە ناو بەرازیلەوەو کاری نێگەتیفانە دەکاتە سەر سیاسەتی ناوخۆی بەرازیل و هەروەها گرنگیش دەبێت بۆ ڕەئی و دیدگای گشتی.

لە ژێرڕێبازی ڕەقی مایکڵ تەمردا بەڕازیل ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە درووستکردنی هاوپەیمانیەکی نا فەڕمی کە بە گروپی لیمە ناسرابوو لەنێو وڵاتانی ئەمەریکای لاتیندا. هەموو ئەوەش لە پێناوی دووبارە بنیاتنانەوەی دێموکڕاسی بوو لە وڵاتی فەنزوێلا. ئەو وڵاتە هەوڵی تەواوی دا بۆ پەراوێزخستنی ڕژێمی مەدوڕۆ.

لە هەمان کاتدا بەڕازیل ڕازی نەبوو کە پشتگیری هیچ کام لە ئابڵوقەی ئەمەریکاو ئەوروپیەکانیش بکات لە دژی فەنزوێللا و دەسەڵاتی فەنزوێللیەکان. بەڕازیل پابەند بوو بەو پڕینسیبانە کە چەندین دەیە بوو لای نەدەدا لێیان کە ئەویش ئەوە بوو کە پێی وابوو تەنها ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەتوانێت ئەوجۆرە سزایانە بسەپێنێت بەسەر وڵات و دەوڵەتێکدا. بۆ نموونە کاتێک تڕەمپ بە ئاشکرا نیەتی ئەوەبوو کە هێزی سوپایی لە دژی مەدوڕۆ بەکاربێنێت وکودەتای سەربازی ئەنجام بدات لە کاڕاکاس، بەڕازیل بە ئاشکرایی نیشانیدا کە ئەوان قەت پشتگیری کاری لەو شێوەیە لە دژی فەنزوێللاو دەسەڵاتەکەی ناکەن.

بەڵام لەژێر دەسەڵاتی بۆڵسۆنارۆدا وشەی “قەت” زۆرگەورەیە. شتێک کە کاندیدە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان بە دڵیانە ئەوەیە کە ئابڵوقە بسەپێنرێت بەسەر فەنزوێللاداو ئەوانیش بە درێژایی سنوور کامپی پەنابەری بۆ فەنزوێللیەکان لە دیوی ناوەوەی بەڕازیل درووست بکەن. بە ئاشکرا لە وتەیەکیدا کە قسەی بۆ دەنگدەرەکانی دەکرد لە ویلایەتی ڕۆڕایمادا، کە زوربەی پەنابەرە فەنزوێللیەکانی تێدا دەژین، بۆڵسۆنارۆ وتی” دەتوانن پشتم پێببەستن کە من هەموو شتێک دەکەم لە پێناوی ئەوەی کە ئەو حکومەتە لەناوبەرم”. هەر بۆیەش لە ئۆکتۆبەری ٧ دا لە یەکەم هەنگاوی دەنگداندا لە پایتەختی ویلایەتی ڕۆڕایمادا بۆڵسۆنارۆ ٧٠٪ی دەنگەکانی بەدەست هێناو پارتی کرێکارانیش تەنها ١٠٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنا.

ئەوەش دەری دەخا کە گریمانەی پشتگیری بەڕازیلیەکان یاخود تەنانەت بەشداری لە هێرشی هێزی سوپایی لە دژی فەنزوێللا شتێکە کە ناتوانرێت هەر بیریشی لێبکرێتەوە. بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی بۆڵسۆنارۆدا ئەم کارە شتێکە کە لەسەر مێز بەکراوەیی دەمێنێتەوە.

سیاسەتی سەرۆکی تازەی بەرازیلیەکان لەوەدەچێت لە کورت مەودادا واشنتۆن خۆشحاڵ بکات. بەڵام کارێکی باش دەبێت کە پرسیار بکرێت و بڵێین ئایە کاریگەری ئەوهەڵوێستەی بۆڵسۆنارۆ لە درێژ مەودادا بۆ ئەمەریکاو بەرازیل چی دەبێت؟

وتەکانی ڕابردووی بۆڵسۆنارۆ لەگەڵ پێشنیارو سیاسەتەکانی ئێستای ئەوە دەردەخەن کە سەرۆکایەتیەکەی ئەو دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بنەماو دامەزراوەکانی دیموکڕاسی و سەروەری یاساو دادی کۆمەڵایەتی و هەروەها لەبەرامبەر باشترکردن و بەرەوپێشبرنی ئاساییش لەبەرازیلدا.٣٠ ساڵی ڕابردوو بۆ زوربەی ئەمەریکای لاتین دەورەیەکی گەشەکردن و بەرەو پێشچوون بووە،  ئەوەش بەشی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو بەهایانە. سەلام کردنی بەسۆزانە و دڵسۆزانە لە ئاڵای ئەمەریکا بە بەرچاوی ئاپۆڕای جەماوەرەوە ناتوانێت تەعویزی ئەو خەتەرە بداتەوە کە بۆڵسۆنارۆ خودی خۆی درووستی دەکات و بەجێی دەهێڵێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

About hkkk

Check Also

ئۆژین پۆتیە …

لە بیست و پێنجەم ساڵیادی مەرگیدا لینین وەرگێرانی لەئینگلیزیەوە سالار حمەسەعید مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *