Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 تەنها وەڵام، سۆشیالیزمە! …

تەنها وەڵام، سۆشیالیزمە! …

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی یەکی ئایارەوە

یەکی ئایار، ڕۆژی یەکێتی و هاوپشتیی ئەنتەرناسیونالیستی چینی کرێکارە، ڕۆژی ناڕەزایەتی کرێکارانە بە دژی سەرتاپای نیزامی سەرمایەداری. کرێکاران، ئەمساڵ لەدۆخێکدا بەرەوپیری یەکی ئایار دەڕۆن، کە پەتای کۆڕۆنا وەک مەترسیەکی مەرگبار بەسەر سەری کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە ڕاوەستاوە و ژیانی ملیۆنەها ئینسانی ڕووبەرووی مەترسی تیاچوون کردۆتەوە. ئەم پەتایە گەرچی بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەری هەڵداوە و بڵاوبۆتەوە، بەلام قەیرانی کۆرۆنا بەرهەمی سیستەمی سەرمایەداریە؛ سیستەمێک کە دەرمان و خزمەتگوزاری تەندروستی بە بازاری کاڵا و قازانجی سەرمایە و کۆمپانیاکانەوە بەستۆتەوە و مانەوەی فیزیکی و سەلامەتی ملیارەها ئینسانی کارگەر و زەحمەتکێشی تەسلیم بە کەمایەتیەکی مشەخۆری سەرمایەدار و حاکمانێکی نابەرپرس کردووە. لەلایەکی ترەوە لەکارکەوتنی کارگەو پرۆژە ئابوری و بازرگانیەکان و راوەستانی جوڵەی کۆمەڵایەتی و بەرینبوونەوەی بێکاری و گرفتی خۆراک و پەرەگرتنی ترس و دڵەراوکێ لەنیوان هاوڵاتیاندا، ئەم قەیرانەی بەیەک قەیرانی قوڵ و بێوێنەی ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتی گۆڕیوە و مەسەلەی بەرگری لە ژیان و دابینکردنی بژێوی چینە زەحمەتکێش و کەمدەرامەتەکانی کردۆتە گرفتێکی سەرەکی بەردەم خەباتی چینایەتی کرێکاران لە دژی سەرمایەداری.

لە ئێستادا کە دەوڵەتان و سەرمایەداران و قسەکەرانیان باس لە قۆناغی دوای کۆرۆنا دەکەن، باس لە “مرۆڤی دیجتاڵ و کۆمەڵگای مەجازی”و داهێنانە تەکنۆلۆژیەکان دەکەن، تا ڕیزی کۆمپانیا و کارتیلە ئابوری و بازرگانیەکان لە مونافەسە و رەوتی ملشکاندنی یەکتردا دوورخەنەوە. باس لەچۆنیەتی کۆنترۆڵی نائارامی وپشێویە کۆمەڵایەتیەکان دەکەن تا مه‌ترسی هەڵچون و راپەڕینی برسیەکان و خەڵکی بێکار بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان دوورخەنەوە. ئەمە لەکاتێکدا کە دەوڵەتان و کۆمپانیاکانی دەرمانسازی لەسەر دۆزینەوەی ڤاکسینێک کەوتونەتە مونافەسە و جەمسەرگیری بەرامبەر بەیەک. هەموو ئەمانەش پێمان دەڵین کە دونیای دوای کۆڕۆنا شتێکی تر نیە جگە لە هەوڵدانی دەوڵەتان و گشت چینی بۆرژوازی بۆ دوبارە سازدانەوەی نیزامی قازانجپەرستانەی سەرمایەداری لەڕیگای داشکاندنەوەی زەرەروزیانی کۆمپانیاکان بەسەر شان و ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا. ئەمە مەنتقی دونیای شارستانی و دیموکراسی و نیشتمانپەروەری سەرمایەداری و حکومەتە ڕەنگاوڕەنگەکانیەتی.

قەیرانی کۆرۆنا جارێکی تر ناوەڕۆکی بۆگەن و دژی ئینسانی سیستەمی سەرمایەداری و ڕوخساری درۆزنانە و ڕیاکارانەی دەسەڵاتدارانی سەرمایەی نیشاندایەوە. جارێکی تر ئەو ڕاستیەی سەلماندەوە کە ئەم سیستەمە و دەوڵەتەکانی لەگەڵ ژیان وسەلامەتی تەندروستی و لانی کەمی باشبژێوی کۆمەڵگای کارگەراندا نامۆ و پێچەوانەیە.  قەیرانی کۆرۆنا پێمان دەڵیت بەهەر رادەیەک ئەم سیستەمە سەروت و سامان لە دەستیدا کۆبێتەوە، بەو رادەیەش چینی کرێکار و زۆرینەی کۆمەڵگا لە دەستڕاگەیشتن بە لانی کەمی ژیان و سەلامەتی و ئارامی کۆمەڵایەتی بێبەشدەبێت. لەبەرامبەر جیهانێکی ئاوادا سۆشیالیزم تەنها وەڵامە. وەڵامێک کە چارەنوسی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە بازنەی بازاڕ و قازانجپەرستی دەردەکێشێ و دەیسپێرێ بە خاوەنانی ئەسڵی خۆی.

کرێکارانی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کورد و حزبەکانیدا، جگە لەوەی كه‌ بە درێژایی سێ دەیە لە داسەپاندنی هەژاری و بێکاری و بێمافی و دۆخێکی ناجیگیر و نائارامدا ژیانیان بەسەربردووە، قەیرانی کۆڕۆناش بووە بەهانەیەک بۆ پاشەکشەپێکردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، کە خواستی وەلانانی ئەم دەسەڵاتەی هەڵگرتبوو. هاوکات بووە هۆکارێک بۆ داسەپاندنی بێکاری زیاتر و تەنگانەی بژێوی و توندکردنەوەی دەسەڵاتی حزبی-میلیشیاییان بەسەر کۆمەڵگاوە. لەئێستادا کە ئەم حزبانە و دەسەڵاتەکەیان ئایندەی کۆمەڵگای کوردستان و ژیان و گوزەرانی خەڵکیان بە ڕێکەوتن وساتوسەودا لەگەڵ حکومەتی تازەی عێراقدا گرێداوەتەوە، هیچ تروسکاییەکیان بۆ باشبوونی ژیان و گوزەران و مافە سەرەتاییەکانی خەڵك نەهێشتۆتەوە. کەوایە کرێکارانی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە دەبێ بۆ بەرگری لە سەلامەتی ژیان و بژێویی ڕۆژانەی خۆیان لەم دۆخەدا بێنە مەیدان، هاوکات دەبێ لەپێناو بەدەستەوەگرتنی کۆمەڵگا و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی، ڕیزەکانی خۆیان یەکگرتوو و ڕێکخراو بکەن. ئەمە تەنها رێگای رزگارکردنی کۆمەڵگا و دەرکێشانیەتی لە ئەڵقەی مەرگ و برسێتی.

بژی ئایار.. سەرکەوێ خەباتی چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگا!

٢٤/٤/٢٠٢٠

About hkkk

Check Also

نادادپەروەری و نایەکسانی کەڵەکەبوو ڕاپەرینێکی هێناوەتە بەرهەم لە ئەمریکا …

ئامادەکردنی: سالار حەمەسەعید ریچرد ۆلف سەبارەت بە خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکانی ئێستای ئەمریکا دەڵێ: هەروەک دەبینین ناڕەزایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *