Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 هەر جۆرە مامەڵەو سات و سەودایەک بەریفراندۆم و دواخستنی بەناوی بەدیلی باشتر مەحکومە
هەر جۆرە مامەڵەو سات و سەودایەک بەریفراندۆم و دواخستنی بەناوی بەدیلی باشتر مەحکومە
عوسمانی حاجی مارف

هەر جۆرە مامەڵەو سات و سەودایەک بەریفراندۆم و دواخستنی بەناوی بەدیلی باشتر مەحکومە

عوسمانی حاجی مارف:

لە نێوان ئەم کەین و بەینەی دەوڵەتی ئەمریکاو وڵاتانی دنیا و ناوچەکەو عێراق، کە فشار دەهێنن بۆ شکستهێنان بە ڕیفراندۆم، بارزانی لە روانگەی نەتەوەپەرستی و کوردایەتیەکەیەوە خەریکە هەر خۆی دەکاتە دەمڕاستی خەڵک و دەڵێت “مەسەلەی ئەسڵی کە ئامانجی خەڵکی کوردستانە سەربەخۆییە”، هەروەها دەڵێت “ئەگەر سەربەخۆیی بەبێ ریفراندۆم بۆ دابین بکەن، ئەوە ئامادەیە دەست لەم مافەو و دەور و ئیرادەیەی خەڵک هەڵگرێت.” واتە دەستبەرداری ڕیفراندۆم دەبێت و بەشداری خەلک لە ڕیفراندۆمدا دەخاتە ژێر پێ و کاتێکی نادیارەوە.

ئەو سەربەخۆییەی کە بارزانی و بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی دەیانەوێ وەکو ئامانجی بەرز و پیرۆز و بەدیهێنەری هەموو ئاوات و ئارەزوەکانی خەڵک نیشانیبدەن، جگە لە ئامانجێکی پووچی بۆرژوازی دژ بە دەورو دەخالەت و ئێرادەی خەڵک شتێکی تر نییە. سەربەخۆیی نەتەوەیی خۆی لە خۆیدا بۆ خەڵکی ئازادیخواز و ئینساندۆست نە ئامانجە و نە ئومێدەو نە پیرۆزە، ئەو وەهمەی کە ناسیۆنالیزم و بزووتنەوەی سەربەخۆخواز رەواجی پێدەدات و باوەشێنی دەکات، بەشێکە لە هەوڵی بۆرژوازی بۆ گەوجاندنی خەڵک و پاراستنی دەسەڵاتیان لە هەڕەشەو ناڕەزایەتیەکانی خەڵك. سەربەخۆیی هیچ کات و بە هیج جۆرێک وەڵام نەبووە بۆ نەداری و بێدەرەتانی و کۆتایهێنان بە سەرکوت و بنیاتنانی خۆشگوزەرانی. تەنها رێگا بۆ کۆتایهێنان بە مەحرومیەتەکانی دنیای ئێستا، هەڵوەشانەوەی سیستەمی سەرمایەداری و کۆمەڵگای چینایەتییە بە بەرپاکردنی شۆڕشی سوشیالستی هەم لە عێراق و هەم لە کوردستاندا. لەم رێگایەدا جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش وستەمدیدەی کوردزمان و عەرەبزمان و تورکزمان نەک هەر هیچ بەرژەوەندیەکی ناکۆک و جیاوازیان نییە، بەڵکو هاوچارەنوس و هاوخەباتی یەکترن.

ئەوەی کە ئێستا پێویستە لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە چارەسەر بکرێت، کێشەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتییە بە ناوی کێشەی کورد، کە زیاتر لە نیو سەدەیە مایەی شەڕ و کێشە و هەڵاواردن و بێدەرتانی و گێژاو و ناجێگیری سیاسی بووە. ڕیفراندۆم میکانیزمێکە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بەدەر لە ناسنامەی قەومی و دینی و تائیفی بە ئیرادەی خۆیان و ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئەوەی کە خەڵکی کوردستان جیابوونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆیان دەوێت یان مانەوە لە عێراق، تەنها خودی خەڵکی کوردستانە بڕیار ئەدات، نەک بارزانی یا هەر کەسێکی تر، کاتێک بارزانی ڕێگا بە خۆی دەدات لە جیاتی خەڵکی کوردستان وەڵام بە ئەنجامی ڕیفراندۆم بداتەوەو بڵێ ئامانج سەربەخۆیە، جگە لەوەی پشتکردن و بەرگرتنە لە دەورو دەخاڵەتی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆی، لە هەمان کاتدا ئەوە جۆرێکە لە پاشەکشە لە قسەکانی و جۆرێکە لە ئامادەکاری بۆ سەوداو مامەڵە. لەلایەکی تریشەوە بارزانی چی بەو بەشە لە جەماوەری خەڵک دەڵێت کە دەیانەوی بە “نەخێر” دەنگبدەن لە ریفراندۆمدا؟ بە کام پێوانە دەتوانێت بەبێ ریفراندۆم دەنگی “نەخێر” نادیدە بگریت و تەنها خۆی بکاتە خاوەن و نوینەری گشت خەڵکی کوردستان؟

ریفراندۆم بریاری ئازادانەی خەڵکەو هیچ بەدیلیکی نییە و نابێت هیچ پاساوێک بۆ بەرگرتنی هەبێت، هەرجۆرە هەوڵێک بۆ پیشێلکردنی ئەم مافەی خەڵک مەحکومە، بە هەمان شێوە هەر جۆرە مامەڵەو سات و سەودایەک بەم مافەی خەڵک و دواخستنی بەناوی بەدیلی باشتر مەحکومە. با نەهێڵین بە ناوی رێکەوتنیان بەناوی بەدیلی باشترو وەعدەی سەربەخۆیی شكست بە ریفراندۆم بهێنن.

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*