Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 جەلیل رەزایی گفتوگۆیەکی لەگەڵ بۆپیشەوەی ٧٣ ی ١٥ی ئەپریل ٢٠٢٠ د ا …

جەلیل رەزایی گفتوگۆیەکی لەگەڵ بۆپیشەوەی ٧٣ ی ١٥ی ئەپریل ٢٠٢٠ د ا …

دوای ٢٢ ساڵ لە تیرۆری هاوڕێیانی گیانبەختکردوو شاپورو قابیل ئاوا جێگاو رێگایان هەڵدەسەنگێنێت

بۆپێشەوە: شاپورو قابیل لەلایەن باندێکی ئیسلامیەوە تیرۆکران، بەڵام لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی و ژینگەیەک کە پارتی سازی کرد بوو، لاتان وانییە کە پارتیش بەشدارە لەو کردەوە تیرۆریستیەدا؟

جەلیل ڕەزایی:

یەکەم: دەسەڵاتدارانی هەولێر هەرگیز خۆشحاڵ نەبوون لە وجودی حزبی کۆمونیستی کرێکای لە هەولێرو بە بەردەوامی هەوڵیان دەدا بەناوی یاساوە سەرئێشەیان دروست دەکرد بۆ حزب و جەریدەکانی حزب و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان.

مەیدانی هەڵسوڕانی هاوڕێیان شاپورو قابیل لە هەولێرو لە ژێر دەسەڵاتداری پارتی بوو، نوکی ڕمی خەباتی ئەوان دەمێک بوو لە دڵی بەرپرسانی هەولێر چەقیبوو، ڕێکخستنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەوان، کۆبونەوەو کەرنەڤاڵی یەکی ئایار و هەشتی مارس و ڕێکخستنی کرێکاران و بێکاران و لەشکری چەوساوە و خەڵکی برسی هەموو ڕۆژێک ئاسایش و ئارامشی لە کورسی دەسەڵاتی هەولێر بزواندبوو. بەربەرکانێ و شەڕی شاپورو قابیل لەگەڵ دەسەڵاتداران بە شێوەی ئاشکراو دەستەویەخە بوو. هێزە ئەمنیەکانی هەولێر بە چڕی چاودیری هەڵسوڕانی ئەوانیان دەکرد.

دوهەم: ئەوان لە سنوری دەسەڵاتداری پارتی و لە جەرگەی شاری هەولێرو لە دوای فتوای مەلابەشیر بۆ کوشتنی کۆمۆنیستەکان تیرۆرکران. بەرای من ئەگەر دەست و پەیوەندەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق خۆشیان ڕاستەوخۆ دەستیان نەبوبێت لەو تیرۆرەدا، ئەوا بانگەشەی میدیاو ڕاگەیاندنەکانیان لە سەر فتواکەی مەلابەشیرو کەمتەرخەمی هێزە ئەمنیەکان ڕێخۆشکەر بوون بۆ ئەو کارە تیرۆریستیە.

سێهەم: لە دوای کارەساتەکەش سیستەمی ئەمنی و ڕاگەیاندن و خەسەخانەش وەکو پێویست هەنگاویان نەناو بەکەمتەرخەمیان کرد لە بەهاناوەچوونیان، بۆیە ئەوکارەساتە هێندە قوڵە هەتا ئێستاش زۆر بە ناڕۆشنی ماوەتەوە.

بۆپێشەوە: چ بیرەوەریەکی تایبەتیان لەگەڵ هاوڕێیان شاپور یان قابیل هەیە؟

جەلیل ڕەزایی: لەو ماوە کورتەی کە هاوڕێ شاپور لە نزیکەوە لەگەڵ ئێمە بوو، من زۆر شتی لێوە فێر بووم، مێتۆدی خەباتی شاپور تایبەتی و سەرنجڕاکێش بوو بۆ من، ڕۆژێکیان پێمووت شاپور ئەگەر بەم نەفەسە بەردەوام بێت لە خەبات و کاری حزبی، کۆنگرەی داهاتوو دەبیت بە سکرتێری گشتی حزب، لە وەڵامدا وتی: “سکرتێری گشتی حزب چییە؟ من هاتوم شۆڕشی کرێکاری بەڕێخەم” .

بە زمانێکی سادەو ڕەوان و بە تیشک خستنەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش جیاوازی چینایەتی و خەباتی چینایەتی رووندەکردەوە بۆ هاوڕێیانی بەشی چەکداری حزب، بە هەڵسوکەوتی سادەوساکار فێری جۆرێکیتر لە داب و نەریتی دەکردین کە زۆر جیاوازبوو لەوەی کۆمەڵگە.

بۆپێشەوە: لاتان وایە چۆن دەکرێت تۆمەتبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستیەو نەخشە داڕێژەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن؟

جەلیل ڕەزایی: لە چوارچێوەی ئەم نیزام و دەسەڵاتە عەشیرەتی و نادادپەروەرانەی پارتی و یەکیەتی ئەستەمە حەقانیەتی کەیسێکی لەم چەشنە بسەلمێنیت. ئەم شەراکەتە مافیایەی کە دەستی بەسەر کوردستاندا گرتووە بە شێوازێک ئاراستەکراوە کە سکاڵا کردن لە مەحکەمە وەک ئەوە وایە کە شەکوا لە کوڕ بکەیت لە لای باوک، کەس ناتوانێت هێچ کەیسێک بجوڵێنێت ئەگەر لەبەرژەوەند خۆیان نەبێت.

مەلا بەشیر باشترین مەحەکە بۆ هەڵسەنگاندنی پێکهاتەی دەسەڵات لە کوردستان و عێراق، تیرۆریستێکی دڕندەو بێهەوسار ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پلەو پایەی بەرز دەکرێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ وەستانێک لەسەر کارنامەی ئێستاو ڕابردوی بکرێت.

مەلا بەشیر دوێنێ بە ڕیش و پەشم و عەمامەوە فتوای دەدا، ئەمڕۆ بە قات و بۆینباخ و ڕیشی دروێنە کراوەوە پۆستی باڵای هەیە لە حکومەتی عێراق. ئەگەر ڕۆژێک یاسای ئینسانی سەروەر بێت، زۆربەی ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدان ڕاپێچی دادگا دەکرێن.

باشترین چارە ئەوەیە خەبات بکەین بۆ ڕاماڵینی ئەمانەو دامەزراندنی ئەو شۆڕشە سۆشیالیستیەی کە شاپور لە پێناویدا گیانی بەختکرد.

شاپورو قابیل دوو ڕێبواری ئەو بەرەنگاریەن، کە پێموایە بە درێژایی مێژوو سیستەمی کۆمەڵگەی چینایەتی نامۆ بووە بە ناخی مرۆڤ و لەسەر چەوساندنەوەی ئینسانەکان و دەستدرێژی بۆ سەر سروشت و سەرجەم بونەوەرەکانی تر دامەزواوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەم نیزامەدا ناڕەزایەتی و ورەی شۆڕشگێڕانە هەبووەو هەزاران کەس لەم پێناوەدا گیانیان بەختکردووە.

شاپورو قابیل دوان لەوانەنن. هییچ دادپەروەریەکی ناو ئەم سیستەمە ناتوانێت خەسارەتی گیان لەدەستدانی ئەوان پڕکاتەوە، تەنها بە شۆڕشی کۆمۆنیستی دڵی ئێمە ئەسرەوێت، ئەوکاتەش یادی شاپورو قابیل و سەرجەم گیانبەختکردوان بەرز ڕادەگرین.

ناوەڕاستی ئەپریلی٢٠٢٠

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپیشەوەی ژمارە ٧٣ی ١٥ ئەپریلی ٢٠٢٠دا بڵاوکراوەتەوە

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *