Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 حزبی گۆڕان دوای نەوشیروان…
حزبی گۆڕان دوای نەوشیروان…

حزبی گۆڕان دوای نەوشیروان…


نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

ئەگەر گوێ نەدەین بە کادر و هەڵسوراوانی گۆران و نووسەرانی جڵەوکراو… کە بانگەشەی ئەوە دەکەن “گۆران توشی شڵەژان نابێت، گۆران بە تەوژمەوە درێژە بە رێبازی نەوشیروان مستەفا دەدات، گۆران هیزێکی تۆکمەو بە بەرنامەو دەستورە، نەوشیروان هەموو شتێکی وتوە بۆ بزوتنەوەکە، دوورکەوتنەوەی دووساڵی نەوشیروان حکمەت بووە بۆ ئەوەی کادرەکانی گۆران لەسەر قاچی خۆیان بوەستن… تا رادەی ئەوەی کە ژمارەیەک لە کادرەکانی گۆران هیندە دەورو نەخشی نەوشیروان بەکەم دەگرن کە رۆشتن و مەرگی هیچ کاریگەریەکی لەسەر گۆران نابێت…تاد”. هەموو ئەو بانگەشانە بەشێکی پەیوەندی بەشداری فراوانی خەڵکەوە هەبوو لە رێورەسمی مەراسیمی نەوشیروان و بەشیکی تریشی پەیوەندی بە دڵدانەوەی خۆیانەوە هەیە..

کەس ناتوانێت ئەو راستیە فەرامۆش بکات کە نەوشیروان مستەفادا، یەكێک بووە لە رابەر و کاراکتەری سیاسی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە چەندین دەهەی رابردووی کۆمەڵگەی کوردستاندا، بۆیە ئاسایی ترین شت ئەوەیە ئەو بزوتنەوەیە بە حزبەکان و ڕێکخراوەکان و کەسایتیەکان و نووسەرو روناکبیر و رۆشنبیراو گۆرانی بێژ و تادەگاتە حزبەکەی خۆی و کەخۆی دامەزرێنەری بووە بە یەکێک لە رابەرانی خۆی بزانیت و بەمەرگی ئەو خەمبار ببن و بە شێوەیەکی فراوانیش بەشداری لە پرسەو رێ و رەسمی بەخاک سپاردنیدا بکەن. بەڵام ئەمە هەموو حكایەتەکە نییە، بەشێکی تر پەیوەندی بە نەفرەتی قوڵی جەماوەری کوردستانەوە هەبوو لە دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی. وەکو دوو دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی و ناکۆک لەسەر چەند پرسێک لەگەڵ گۆراندا. هاوکات یەکێتی نیشتیمانی و بە دیاریکراویشی زوربەی زۆری جەماوەری یەکێتی بە پەرۆشەوە بەشداری ئەم رێورەسمەیان کرد، تا نەفرەتی خۆیان لە رابەری پارچەپارچە و باڵەکانی یەکێتی رابگەیەنن و ئەوە بەبیر سەرکردایەتیەکەیان بخەنەوە، کە نەوشیروان رابەر و کەسی یەکەم و دووەمی مێژووی ناو کۆمەڵەو یەکێتی نیشتیمانی بووە تا ساڵی ٢٠٠٦ … دیارە نابێ ئەوەش فەرامۆش بکەین کە بەشێکی یەکێتی تەماحیان لە جەماوەری بزوتنەوەی گۆران هەیە بە دوای مەرگی نەوشیرواندا… بەرەو ماڵە باوان و یەکێتی پەلکێشیان بکەنەوە. بەتایبەتیش کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەسترۆشتوی گۆران مەیلیان بەلای یەکێتیدا، ماوە. ئەم فاکتە واتە بەشداری فراوانی جەماوەری لە مەرگی نەوشیروان مستەفادا، زۆرێک لەسەرانی بزوتنەوەی گۆرانی مەست کردووە تا مایە لەسەر زیدەرۆییەکی بێ پایە لەسەر ئایندەی گۆران هەڵبچنن..

بەشێکی تر لە پیا هەڵدان بەوەی گۆران بەبێ نەوشیروانیش دەتوانێ نەخشی جاران بگێرێت و لەسەر بنەمای ئەوەی گۆران دەستور و بەرنامەی هەیەو نەوشیروان هەموو شتیكی وتوەوهیچ نەماوە نەیڵیت و هیچی نەهێشتۆتەوە بۆ وتن و کردن… ئیتر ئەوە جگە لەدڵدانەوەی خۆ و دیدێکی گەمژانە شتێکی تر نییە. لە دنیای سیاسەت و حزبایەتیدا، هەمیشە پرس و پێشهاتی سیاسی و ئاڵوگۆر و دۆسیەو فایلی تر دێنە پێشەوەو پێویستیان بە راگەیاندنی دید و روانین و نەخشەو بریاری سیاسیە. ئەو دیدە کە پێی وایە نەوشیروان یان هەرکەسێکی تر هەموو شتێکی وتوەو کردووە و بۆ تا ئەبەد بەکاردێت… بە دین کردن و بەقورعان کردن و بە ئایدۆلۆژکردنێکی چەقبەستووە. کە ئەمە تەنها بۆ دەروێشەکانی ئیسلام دەست دەدات نەک بۆ سیاسەت و حزبایەتی و دنیای پڕ ئاڵوگۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی…تاد. سەرانی بزوتنەوەی گۆران لە ئێستادا هێندەی لەسەر ئەوە کار دەکەن نەوشیروان بکەنە بت و کارکتەرێک بۆ پەرستنی خۆی و مەزارەکەی، هێندە لە بیری گۆرانی دوای نەوشیرواندا نابینرێن. لەوە دەچیت کێبەرکێی مەزار و پەرستنی نەوشیروان لەگەل مستەفا بارازنی و برایم ئەحمەدا بکەنە سێ کوچکەی بارزان و زەرگەتەو …. ، ئەمانە وەکو پیرۆزی نەتەوەو نیشتیمان دەرخواردی کۆمەڵگا بدەن.

گومان هەڵنەگرە، حزبی گۆران بێ نەوشیروان ناتوانێ گۆڕانی جاران بێت… کەواتە چارەنووسی ئەم حزبە چی بەسەردێت، چۆن بۆشایی نەبوونی نەوشیراون پڕ دەکرێتەوە؟ ئاینندەی گۆران بەوەوکوێ دەچیت؟ پرۆژەکانی ئەم بزوتنەوەیە چیان بەسەر دێت؟ چارەنووسی ڕیکەوتنی گۆران لەگەڵ یەکێتی، پەیوەندی گۆران و لایەنەکانی تر… بە تایبەت ململانێی لەگەڵ پارتی چۆن دەچیتە پێشەوە؟ پاکیجەکانی داهاتویی گۆران دەبن بەچی؟  ئەمانەو دەیان پرسیاری تر… لەبەردەم بزوتنەوەی گۆراندایە.

دیارە ئەوەی وا دەکات وەڵامی ئەو پرسیارانە ئاڵۆزتر و پر گرێکویرەو کێشەبکات، ئەوەیە نەوشیروان مستەفا لە کاتێکدا ماڵئاوایی کرد، کە بزوتنەوەی گۆران لەرەوتێکی روو لە نشێودا بوو. رەوتێک کە لەساڵ و نیوی رابردوەوە وە پێشتریش بە چونە ناو حکومەتی بنکە فروان و گەندەڵی یەکێتی و پارتیەوە دەستی پێکرد و بەملهوری نواندنی پارتی بە داخستنی پەرلەمانە کارتۆنیەکەیان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆران، زیاتر ئەو رەوتی پاشەکشەیە بەرجەستە بوو. بە جیا لەوانەش بزوتنەوەی گۆران لە ساڵ و نیوو رابردودا لە ئاستی سیاسی و کۆمەلایەتی و روداوە سیاسیەکاندا، بیدەنگترین رەوتی سیاسی بوو. کارەساتی شەنگال رویدا ئەم حزبە بە شێوەی فەرمی بێدەنگی هەڵبژراد، چەندین مانگ کارمەندان و مامۆستایان دەستیان دایە بایکۆت و خۆپیشاندان و لەسەر شەقام بوون بۆ موچەو هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی موچە، ئەو بزوتنەوەیە دیسان بەشێوەی فەرمی بێدەنگەی هەڵبژارد و نەچووە پشت خواستی رەوایان.  ئەمرۆ برسێتی و هەژاری برستی لە جەماوەری کوردستان بڕیوە، دیسان قسەیەکی جدی و جێگا شایستەی بۆ وتن لانییە، شەری داعش بەرەو کۆتایی دەچێت و ئاڵوگۆرەکانی دوای داعش بێ جێگان لای گۆران، پرسی ریفراندۆم لەلایەن پارتییەوە بۆ مەبەستی زۆرتایبەت هێنراوەتە ئارا، ئەم بزوتنەوەیە جگە لەکاردانەوە لەچوارچیوەی ململانیی لەگەڵ پارتیدا، شتیکی ئیسپاتی و تایبەتی لە هەگبەکەیدا نییە. لەو رۆژەوەی سەرۆکی پەرلەمان رێگری لێکراوە، جگە لە وتنەوەی سەرۆکی پەرلەمان شەرعیەو دەبێ بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان ئەو بگەرێتەوە، هیچی تریان نەبووە. لەم دۆخی پاشەکشەیەدا، مامەڵەکردن لەگەل گۆرانی دوای نەوشیروان قورسترە. دیارە ئەگەر گۆران لە رەوتی گەشەو پێشرەویدا بوایە ئاسانتر دەتوانرا کاریگەری بێ نەوشیروانی تێ بپەرێنرێت…

گۆران لە دۆخی ئێستایدا، بەجیا لەو رەوتی پاشەکشەیەی تیاییدا بەسەر دەبات، پرسی جیگرتنەوەی نەوشیروان مسەفا قورسترین کێشەی رووبەرووی رابەری گۆرانە. کێ دەتوانی ببێتە جێگرەوی نەوشیروان، کێیە خاوەنی ئەو سەنگ و قورسایەیە کە هەردوو نەوەی نوێ و کۆن لە گۆراندا دەتوانێت یەک بخات؟ کێیە دەتوانی ئیدارەی ململانیی نیوان رابەری گۆران بکات؟ کییە دەتوانێ ببێتە خاوەن بریار و ئیمزا لە سیاسەت و بریار و نەخشەو پاکیجە سیاسیەکان بدات؟ کییە کە دەتوانێ لەگەمە پەیوەندی حزبەکابدا، نەخشی رابەر ببینێ؟ ململانیی نیوان خانەوادەی بۆرژوازی کورد، بەتایبەت لە ئیستادا پەیوەندی گۆران و پارتی، چ رابەریەکی دەوێت؟ یەکێتی و پارتی کاردانەوەیان لەسەر جێگرەوەی نەوشیروان چۆن دەبێت؟ لە رابیتە بەدەوڵەتی عێراق و عەبادی، لە پەیوەند بە ئێران، کێ بریار دەدات؟ لەچۆنیەتی سازدانەوەی حکومەت و پەرلەماندا، تا دەگاتە پرسی دوبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانیەکان، کێ دەبێتە ئەندازیاری گۆران؟ رێکەوتننامەی گۆران و یەکێتی، بەبێ نەوشیروان بەکوێ دەگات؟ حزبەکان کێ قبوڵ دەکەن وەکو رابەری گۆران لە ئیستادا؟ نزیکایەتی نێوان گۆران و رەوتە ئیسلامیەکان، چی بەسەر دێت؟ … دەیان پرسیاری تر یەخەگیری ئێستای رابەری حزبی گۆرانن. نەبوونی وەڵام بۆ ئەم پرسیارە سەرەکیانە گۆران توشی کێشەی ناوخۆیی تا رادەی لیکترازن پەلکیش دەکات.

مەسەلەیەکی تر جەماوەر و هێزی گۆرانە… گۆران چۆن دەتوانیت پاریزگاری لەو سەنگ و سوکیەی بکات، کە هەیەتی؟ چۆن دەتوانێت جەماوەر و لایەنگرانی لە تەماحی حزبەسیاسیەکان بپاریزێت؟ بە تایبەت یەکێتی و ئیسلامییە ئیخوانیەکان چۆن بەشێکی زۆر لەجەماوەرو هیزی یەکێتی نەوشیروانیان بە رابەری خۆیان زانیوە، بەهەمان شێوەش جەماوەری گۆران و یەکیتی خۆیان سەر بەیەک سەرچاوە دەزانن و نزیکایەتی نێوانیان بەجیا لەرووی سیاسیەوە، بەلکو زونی هەڵسورانیش تیکەڵەو لەیەک جغرافیادا، پیگەی بەرجەستەیان هەیە. هاوکات رەوتی ئیخوانی لەناو گۆران و رابەری گۆراندا، راستیەکی حاشاهەڵنەگرە، ئەو رەوتە چی بەسەر دێت وگۆران چۆن خۆی لە هەژموونی ئەم رەوتە دەپارێزێ؟

مەسەلەیەکی تر چۆنیەتی ئیدامەدانی شیوازی کاری سیاسی گۆرانە، ئایا گۆران دەتوانێ تەنها بە خۆبەستنەوە بەکاری مەدەنی! و پەرلەمانی!! و بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا… دریژە بە تەمەنی خۆی بدات، یان بازێکی پێویستەو دەبێ تەجاوەزی ئەم شیوە کارە سیاسیە بکات؟ ئایا گۆران هێشتا لای وایە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە رێگای کایەی پەرلەمانیەوە دەکرێت؟ یان بیر لە رێگاو شیوازی تر دەکاتەوە؟

نەخشەی گۆران بۆ جەماوەرەکەی لە زونی زەردا چییە؟ ئەم جەماوەرە هەر دەبنە گوێگری پەرلەمان و کایەی پەرلەمانی یان لەخوارەوە دەبنە بەشیک لە بزوتنەوەیەکی شەقام و هیزی گۆشار لەسەر پارتی؟ پەیوەندی جەماوەری گۆران و یەکێتی لە زونی زەردا، چۆن دەتوانی هەماهەنگیەک لەگەل یەکتری دروست بکەن و بەر بە هەژموونی پارتی و دەسەڵاتەکەی بگرن؟ ئایا گۆران هەر پشت بە دانوستاندن دەبەستیت لەگەڵ پارتی، یان ریگای تر و ئەلگۆی تر بەدەسەتەوە دەگرێت؟ لەبەرامبەر بە یەکێتیدا و لە زونی سەوز چۆن هەژموومی دەسەڵاتی یەکێتی کە پشتی بە زۆری چەک و دەستبەسەراگرتنی هیزە ئەمنیەکان و داهاتی زونەکەدا گرتووە، مامەڵە دەکات؟ گۆران چۆن دەیەوێت ببێتە هاوبەشی راستەقینە لەدەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا چ لەسەر ئاستی کوردستان و چ لە زونی سەوزدا؟

وەڵام دانەوە بەو پرسیارانەو دەیان پرسیاری تر… پێویستی بە رابەرو و بەجێگرەوەی نەوشیروانەوە هەیە… گۆران بۆئەم وەڵامە ئامادەیە یان ئامادەکاری دەکات؟ یان خەریکی بەخواکردنی نەوشیروانە تا جەماوەی گۆران سوجدەی بۆ خۆی و مەزارەکەی بەرن؟

ئەوە ئیستا دەردەکەوێت، گۆران لە شۆکدایەو بێ وەڵامە لە ئاست پرکردنەوەی جێگای رێکخەرەکەی و وەڵامدانەوە بە پرسی رێکخراوەیی و خۆی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و کیشەو گرفتە زۆرو زەوەندەکانی کۆمەڵگای کوردستان، ئەمەش نیشانەکانی رەوتی پاشەکشەی زیاتر و داکوژانی بزوتنەوەی گۆران نیشان دەدات.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥ ی بەرواری ١/٦/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە….www.bopeshawa.net

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*