Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم ….

حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم ….

بەشی یەکەم : حزب….

حزب و خەباتی چینایەتی….

لەبەشی پێشوودا وتمان کە چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی مێژوو دروست دەکا نەک کۆمۆنیزم. کۆمۆنیستەکان ئەو ئەم بەشە ڕوناکبیرەیە ،وەک گرامشی دەڵێ؛ خۆی” دەربڕی گەشەی ستراکتۆری چینی کرێکارە”*1 کە وەک بەشی ڕوناکبیری ئورگانی ئەو چینە دروست دەبێ و گەشەدەکا. وە لەوێدا ڕەخنەمان لەو بۆچونە میتافیزکیە خستەڕوو کە مێژووی ئەم کۆمۆنیزمە دەکاتە مێژووی کەس و حزب و ڕیکخراوە و ڕەوتە سیاسیەکان و پێچەوانەی واقعیەتی دیالەکتیکی گەشەی چینی کرێکار و خەباتی چینایەتیەکەیەتی وەک بنەمای دەرکەوتن و سەرکەوتن و شکستەکانی کۆمۆنیزم لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا.

ئەم تێگەیشتنە خۆی لە باسی حزبدا بەڕونی نیشان دەدا. هەربۆیە ئیمەش دەکەوینە شیکارێکی هەمەلایەنەی دیدی ئێستا سەبارەت بەم چەمکە و مێژووەکەی و ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەریدا هاتوە تا لە ئەنجامدا جێگای واقعی حزب لە جیهانبینی کۆمۆنیستیدا بخەینەڕوو.

حزب وەک دەربڕینێکی موجەرەد و دیاردەیەکی جیابوەوە لەو کۆمۆنیزمە چینایەتیە و چینی کرێکاری لێهاتوە ،کە خودی خۆی لە ئامڕازێکەوە بوەتە ئامانج و پیرۆزکراوە. ئەم شت پەرستیە و فیتیشیزمە توشی کۆمۆنیزمی ئەم سەردەمە هاتوە وەک دابڕانی دیالەکتیکی هیگڵە کە بە گەیشتن بەدەوڵەت و مافی بورژوازی گەیشتە کۆتایی مێژوو. هەربۆیە سەرەتا دەبێ چەمکی حزب خۆی لەم دنیای موجەرەد و جیابوەوەی سیاسەت دەرکێشین و بیخەینەوە ناو قاڵبی مێژوویی خۆی تا بیکەینە چەمکێکی واقعی و لەدنیای شەڕی چینایەتیدا ڕۆڵی ڕاستەقینەی دوور لە بتپەرستیەکەی ببینین.

لە سیستەمی سەرمایەداریدا چینی دەسەڵاتدار لە پرۆسەیەکی مێژوویدا شێوازی ڕێکخستنی خۆی بە شێوەی حزبی سیاسی جیاجیا دەباتە پێشەوە ،کە ڕەنگدانەوەی توێژە جیاجیاکانی سەرمایە و شکڵگرتنی قاڵبە فکری و سیاسیە جیاوزەکانە لە پەیوەندی لەگەڵ کێشە ناوخۆییەکانی سیستەمی سەرمایەداریدا.لە بەشێکی زۆری دنیای ئێستادا کە پەرلەمانتایزم بوەتە شێوەی ئیدارەی سیاسی دەسەلاتدارێتی بورژوازی ، ئەم چینە لە دەوری بەرنامەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی جیاواز بەڵام لەسەر هەمان بنەمای پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری حزبی جیاجیا یان دژ بەیەکی هەیە کە لە پێشبڕکێدان بۆ بەدەستەوەگرتنی ئیدارەی حکومەت و دەوڵەت.ئەمە خۆی بەشێک لە پرۆسەی دەوڵەت دروستکردنە کە بورژوازی بۆ سەنترالیزەکردنەوەی بازاڕ و ناوچەکان و دروستکردنی شارە گەورەکان ودامودەزگاکانی بەڕیوەبردن و سەرکوت و وەڵامدانەوەی پیویستیەکانی گەشەی سەرمایە دەستی بۆبرد و جێگای سیستەمی دەرەبەگایەتی پێ گرتەوە کە لەسەر بنەمای لادێ و دەسەڵاتە فیدرالە پەرژوبڵاوەکان دامەزرابون.

لای چینی کرێکاریش چەمک و دیاردەی حزب پێبەپێی گەشەی ژمارە و جێگاو ڕیگای ئە م چینە لە ئابوری سەرمایەداری و هەروەها بەرئەنجامی تاقیکردنەوە شۆڕشگێڕیەکانی چینی کرێکار گەشەی کردوە. سەرەتا بزوتنەوە “خۆڕسک” و ئامانجە خەیاڵیەکانی ئەم چینە لە ئەوروپادا سەرهەڵدەدا. لە ژاکوبینەکانی شۆڕشی فەرەنسەوە تا چارتیەکانی بەریتانیا و شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە ئەوروپادا،کۆمۆنیزم وەک توخمێکی مێژوویی خەباتی چیانیەتی سەرهەڵدەدا نەک وەک تیۆریەکی چەند کەسێکی چاکخوازی لە چەشنی ئۆوین و پرودون و مارکس. لە نێو ئەو توخمە خۆڕسکانەی چینی کرێکاردا هەمیشە وشیاریەکی چینایەتی هەیە کە دەربڕینێکە لە بەرژەوەندیەکی مادی و چینایەتی. کۆمۆنیزم لە هەناوی ئەو پرۆسە خۆڕسکانەوە گەشەی کردوە و ئەو وشیاریە چیانیەتیەی ڕۆشنترکردۆتەوە و بەرگێکی زانستی خستۆتە جێگای خواستە خەیاڵیەکانی ئەو چینە. حزب و ڕێکخراوبونی کرێکاران بەرهەمی ئەو پرۆسە وشیارانە بوە کە ئەم چینە لە قۆناغی جیاجیادا بەشێوەی جیاجیا خۆی وەک چینێک تیایدا نمایش کردوە. هەربۆیە حزب قاڵبێکە کە چین دروستی دەکا نەک حزب چین و خەباتی چینایەتی دروست بکا. حزب قۆناغێکە لە خەباتی ڕێکخراو کە وشیاربونەوەی چینێک لە خۆی نیشان دەدا، نەک وشیاریەک بێت کە چینێک و خەباتی چینایەتی دروست بکا. کاتێ کە خواستی کۆلیکتیڤ و هاوبەشی کرێکاران گەیشتە ڕادەی شۆڕش دژی بورژوازی و سیستەمی سەرمایەداری، ئەوکات کۆمۆنیزم بوە تیۆریەکی شۆڕشگێڕانە کە تەعبیری لە پێویستی وچۆنیەتی ئەو گۆڕینەکرد. مانیفیست و ئەنتەرناسیونالی یەکەم دەرخەری ئەو واقعیەتەن کە چینێک لە مەیدانی خەباتی سیاسیدایە کە فۆرمێکی کۆنکریت و بەرجەستەی وەرگرتوە.وەک گرامشی دەڵێ”مێژوو ئەم ئۆرگانیزمەی پێشکەش کردوە، ئەمە حزبی سیاسیە، کە تۆوی سەرەتای ئەو خواستە هاوبەشە بەرەو جیهانی بون و گشتی بون دەچێ.”*2.

لێرەدا دەبێت لەسەر خاڵێک ڕاوەستین ئەویش پاشکۆبونی حزبە بۆ خەباتی چینایەتی. ئەگەر حزب بەرهەمی گەشەی ئەو خەباتەی کرێکاران بێت، کەواتە یاساکانی حوکم بەسەر گەشە و مانەوە و ئایندەی حزبدا دەدەن هەمان یاساکانی خەباتی چینایەتیە. ئەم هاوکێشەیە پێمان دەڵێ کە حزب بەشێک لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیە کە لەژێرکاریگەری ئەو هێزەدایە کە ئەم پرۆسەیە دەجوڵێنێ. ئەم هێزە ئەگەر سەرەتا بچوک و پەرژوبڵاو و بێ بەرنامە و بێ تەجروبە بێت حزبیش بەهەمان شێوە دەبێ.بەڵام کاتێک بەشە ئۆرگانیکەکانی حزب واتە سێ پێکهێنەرەکەی حزب؛یەکەم، جەماوەرێکی کرێکاری بە دیسپلین و ڕێکخراو و،دووەم، ڕۆشنبیرانێکی سیاسی کە توانای یەکگرتوکردنی ئەم هێزەیان هەیە و سێهەم ئەو ئامڕازانەی کە ئەم دووبەشەی سەرەوە لێک هەڵدەپێکێ، ئەوا قۆناغی گواستنەوەی خەباتی چینایەتی بۆ ئاستی باڵا واتە دەستبردن بۆ دەسەڵات دەست پێ دەکا.ئەم گەشە و کامڵبونە لە پرۆسەیەکی مێژوویدا دەست پێدەکا کە زەمینە مادی و کۆمەڵایەتیەکانی خەباتی چینی کرێکار لە دژی سەرمایەداری خەمڵیوە.بۆ نمونە لە فەرەنسە دوودەیە لە خەباتی چینایەتی و شەڕی چینایەتی لە شۆڕشی ١٨٤٨ەوەتا١٨٧٠ ئاکامەکەی دەگاتە کۆمۆنەی پاریس. لێرەدا وشیاری کۆمۆنیستی نەک بەمانای حزبێکی دیاریکراو بەڵکو بەمانای کارێکی جەماوەری کرێکاران دروست دەبێ سەبارەت بەوەی ئامانجی خەباتی سیاسی و چینایەتی کرێکاران گرتنەدەستی دەسەڵاتە. ئەمە یەکەم جارە کە کرێکاران هێزی سیاسی خۆیان تا ئاستی هەژمونی بەسەر کۆمەڵگەدا بەرزدەکەنەوە و لێرەوە شەخسیەتی دەوڵەت و حکومەتی کرێکاری کۆمۆن دەبێتە سیمای داهاتوی حزبی کرێکاری. لێرەوە تیۆری یان جیهانبینی کۆمۆنیستی ، بەتایبەت لای مارکس و ئەنگلس،سەبارەت بە دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ڕۆشنتر دەبێتەوە.

ئەگەر لە مانیفیستدا حزب مانای چینی کریكاری ڕێکخراو بوو کە دەبێت وەک دەسەڵات خۆی ڕێکبخا، لەدوای تاقیکردنەوەی کۆمۆنەوە حزب مانای چینێکە لە شۆڕشێکی بەردەوامدا نەک تەنیا بۆ جێگۆڕکێ لەگەڵ حزبی بورژوازیدا لەسەر کورسی دەسەڵات بەڵکو بۆ لەناوبردنی هەموو دامودەزگای دەوڵەتی بورژوازی و خودی دەوڵەتیش. ئەمە مانای حزب دەگۆڕێ و گەشەی پێدەدا و ئاسۆ و ڕوانگەی خەباتی چینایەتی لە خەباتێکی ئابوری و داواکاری دیموکراتی و ئابوریەوە دەبێتە خەباتێکی سیاسی ڕیکخراو کە دەیەوێ شۆڕش بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا بکا. لێرەوە تیۆری مارکس دەبێتە دەربڕینێکی کامڵتری کۆمۆنیزم لەچاو تیۆریە سۆشیالیستیەکانی پرۆدۆن و بلانکی و لاسال و ئەوانیتر.بەڵام ئەوە تیۆری مارکس نیە کە ئایندەی خەباتی چینایەتی دیاریدەکا و وشیاری چینایەتی لەقاڵبی حزبیدا دەخاتەڕوو، بەڵکو ئەو ململانێ سیاسی و ڕۆشنبیریەیە کە لەئاستی چینی کرێکار و لە مەیدانەکانی خەباتی ڕۆژانە و هەمەلایەنەدایە کە بڕیاردەدا لەسەر چۆنیەتی بەرنامە و تاکتیک و تێگەیشتنەکان لەسەر حزب و ئامڕازەکانی خەبات و ئایندەکەی بەرەو کوێ دەڕوا.

پێداگری مارکس و ئەنگلس لەسەر ئەوەی حزب واتە هەموو چینی کرێکاری سیاسی و ڕێکخراو نەک حزبی گروپێکی جیاواز و نەک تەنیا حزبی کۆمۆنیستەکان ، جیاوازی لە تێگەیشتنی لینین هەیە لەسەر حزبێک کە تەنیا کۆمۆنیستەکان دەگرێتەخۆ و جەخت لەسەر بەرنامە و تاکتیکی سیاسی وەک خاڵی جیاکەرەوە لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا دەکاتەوە. ئەمە بەرهەمی مێژوویەک لە خەباتی چینایەتی بوە لە ئاستی ڕۆژئاوا و ڕوسیادا، وەک لە خوارەوە ڕۆشنی دەکەینەوە.

لەدوای کۆمۆنەوە کە ئێمە شاهیدی گۆڕانکاری گەورەین لە خەباتی چینایەتیدا،دروستبونی ئەنتەرناسیونالی دوەم و گەشەی حزبە کرێکاریەکانین لە ئەوروپا و ڕوسیا و ئەمریکا پاشکۆی ئەو گۆڕانکاریانەن . لەم قۆناغەدا دوو مەسەلە خۆی بەسەر تێگەیشتنەکان و بەرنامەکانی ئەم کۆمۆنیزمەدا زاڵ دەکا. یەکەمیان حزبی کرێکاری بۆئەوەی لەمەیدانی سیاسیدا بتوانێ هێزێکی جەماوەری کۆبکاتەوە و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی چینی کرێکار بکا پێویستە بەئاشکرا کاربکا و لە چوارچێوەی دیموکراسی پەرلەمانیدا هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات بدا.دووەمیان کە زیاتر لەژێرکاریگەری هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدایە کە لە ڕوسیادا هەیە و لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی جیهانی یەکەمدا کاریگەری لەسەر هەموو ئەوروپا دادەنێ، حزبی کرێکاری بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی لەڕێگای شۆڕشەوە پێویستە دەرس لە کۆمۆنەی پاریس وەرگرێ و بورژوازی چەک بکا و دەوڵەتی حزبی خۆی دروست بکا.لەم تەجروبەی ڕوسیادا پێوەری حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەپێی ئەم ئامادەییەی بۆ شۆڕشکردن دیاری دەکرێ و حزب بە نوێنەری چینی کرێکار دادەنرێ و دیفاع لەوەدەکرێ کە دەسەلاتی حزبی دەخرێتە جێگای دەسەڵاتی چینی کرێکارەوە.

ئەم ڕەوەندە لەئاکامدا دوو جۆر لە حزبی سیاسی دروست دەکا. حزبی سۆشیال دیموکراتەکان کە لەگەڵ یەکێتیە کرێکاریەکان شیوەی ڕیکخستنی جەماوەری و پیشەیی و بەرنامەی ریفۆرم و لیستی پەرلەمانی دروست دەکەن و دەبنە بەشێک لە سیستەمی سیاسی دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا.حزبی بەلشەفی ڕوسیش بەپێی هەلومەرجی سەرکوتی ڕوسیا شێوازی جۆراوجۆری ڕێکخستنی نهێنی حزبی پیشەیی و ئاشکرای سەندیکای جەماوەری و لیستی پەرلەمانی دەبێ و خاوەن بەرنامە و مەیلێکی شۆڕشگێڕانەیە کە ڕەنگدانەوەی دۆخی شۆڕشگێڕانەی ڕوسیایە کە دەیەوێ سیستەمی سیاسی قەیسەری بگۆڕێ و سوشیالیزم وەک بەدیلی سەرمایەداری دامەزرێنێ. بەڵام لەئاکامدا حزبی بیرۆکراتی و دەسەڵاتی تاک حزبی و قەدەغەکردنی فراکسیۆن و حزبی سیاسی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە.

لە بەرامبەر شیوازی سوشیال دیموکراتی ڕێکخستنی حزبی و جەماوەریدا ،کە ناوەرۆکێکی ریفۆرمیستانە و قاڵبێکی بیرۆکراتیانە وەردەگرێ، ڕەخنەگریەکی شۆڕشگێڕانە و بەدیلی دیموکراسی ڕاستەوخۆی جەماوەری سەرهەڵدەدا و ڕۆزالوکسمبورگ زۆرێک لە کەسایەتیە پێشڕەوەکانی تریش دەوری گرنگ دەبینن. کتێبی “دەربارەی بیرۆکراسی”*3 ئارنست ماندل تێگەیشتنێکی رونمان سەبارەت بە مێژووی ئەم بیرۆکراتیزمە دەداتێ کە لەم لێکۆڵینەوەدا بەکاری دێنین.

هاوکات ڕەوتێکی ڕەخنەگرانە لە شەڕی جیهانی یەکەمدا بەرامبەر بە سیاسەتی ناسیونالیستی حزبە سەرەکیەکانی ئەنتەرناسیونالی دوەم دێتەدەنگ و لینین لە پێشڕەوانی ئەم ڕەوتە شۆڕشگێڕانەیە. ئەم مەسەلە تاکتیکیەش دەبێتە یەکێکی تر لە کێشە و ململانێ ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی.

هەروەها لە ئەنجامی سەرکەوتنی شۆڕش دژی قەیسەریەت لە ڕوسیەدا خەباتی چینایەتی بە خێرایی گەشەدەکا و کاریگەری لەسەر مەسەلەکانی ئەوڕۆژانەی خەباتی سیاسی و شۆڕش دژی سەرمایەداری دادەنێ . ئەم خەباتە چینایەتیە ئاڵوگۆڕ لە حزبی سۆشیال دیموکراتەکانی ڕوسیەشدا دروست دەکا. جارێکی تر لە دوای کۆمۆنەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەکەوێتەوە بەردەم تاقیکردنەوەی پەیداکردنی هەژمونی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا و دەبێت وەک بەدیلی دەسەڵاتی سیاسی بورژوازی هێزی خۆی نیشان بدا. ئەمە دابڕانێک دروست دەکا لە چاو شێوازی سۆشیال دیموکراتی باوی ئەو سەردەمە، کە لەڕێگەی خەباتی پەرلەمانی و مانەوە لە چوارچیوەی سیستەمی سەرمایەداریدا بە شوێن گۆڕانکاریەوەیە. حزبی بەلشەفی دەبێتە شەخسیەتی دەوڵەت و خواستی کۆلێکتیڤی سۆشیالیستی چینی کرێکار بەدەوری بەدیلی بەلشەفی دەسەڵاتدا شکڵ دەگرێ. بەڵام لەناو حزبی بەلشەفی لەلایەن فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری و لەوانە کۆلۆنتای و لە دەرەوەی حزبیشدا لەلایەن ڕۆزالوکسمبورگەوە ئەو هەڵوێست و سیاسەتانەی لینین دەکەوێتە بەر ڕەخنە کە حزب و دەوڵەتی سۆڤێتی شیوازی حزبی بیرۆکراتی و دەسەڵاتی تاک حزبی و قەدەغەکردنی فراکسیۆن و حزبی سیاسی جیاواز دەگرێتەخۆ . لە شەخسیەتی دەوڵەتی سۆڤیەتدا دەبێ بەدوای تێگەیشتن و جیهانبینی لینیندا بگەڕێین لەسەر حزب و دەوری حزب لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیدا.

ئەگەر لە سەردەمی مارکسدا هێشتا چینی کرێکار لە تاقیکردنەوەی سەرەتایی خۆیدایە  و مانیفیستی کۆمۆنیست بەشێوەیەکی سەرەتایی باس لە ڕیکخراوکردنی کرێکاران دەکا بۆ چینێکی دەسەڵاتدار کە کۆمەڵێک ریفۆرم دەکا، بەڵام لە تەجروبەی کۆمۆنی پاریسدا دەردەکەوێ کە ئەم سیستەم و جیهانە کۆمۆنیستیەی کرێکاران تا چ ڕادەیەک خواستێکی ناڕونە و چۆن ئامڕاز و هەنگاوی تر پێویستە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ؟

لینین بەپێی ڕاسپاردەکانی مارکس لەسەر کۆمۆنەی پاریس کار لەسەر دەوڵەتی کرێکاری دەکا کە دەبێ بورژوازی چەک بکرێ و چەکدارکردنی گشتی و کرێی نوێنەرانی دەوڵەت لە کرێکارێکی شارەزا زیاتر نەبێ و شوراکان لە جێگای پەرلەمان دادەنێ، ئەم هەنگاوانە بەرەو پێشەوە چونن لە دید و ستراکتۆری حزبدا وەک شەخسیەتی دەوڵەت ،بەڵام وەک لەدوای سەدەیەک ئێستا دەبینین هێشتا ئامانج و هەنگاوەکانی حزبێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی وەک بەلشەفیەکان چەندە ناکامڵ و ناڕۆشنن و ئاکامەکانی چەند ناکۆکە لەگەڵ پێویستیەکانی ڕزگاری سیاسی و ئابوری چینی کرێکار لەدەست سیستەمی سەرمایەداری!

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ڕەخنەگرتن و جیابونەوەی بەلشەفیزم لە ڕەوتە سۆشیال دیموکراتیە ریفۆرمیستیەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری بۆچی بەرەو دروستکردنی مۆدێلی حزبێکی بیرۆکراتی و دەوڵەتی بیرۆکراتی هەنگاوی نا؟ ئایا ئەم مۆدێلە چ کاریگەریەکی لەسەر هەموو شیوازەکانی حزب هەبووە لەسەدەی بیستدا و چۆن دروستبونی حزب بەپێی هەمان بەرنامە و لایەنگری لە دەوڵەتێک جێگای کۆنسێپتی یەکگرتوکردنی چینی کرێکاری لە حزبێکدا گرتۆتەوە؟ ئەم پرۆسەیە دەوری چی بوە لەسەر جیابونەوەی ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کرێکاران؟ چۆن تێگەیشتن لەسەر خەباتی چینایەتی و حزبی چینی کرێکار گۆڕاوە بە حزبی نوێنەری چینی کرێکار و نوخبەیەک کە لەجێگای چینی کرێکار مێژوو بۆ چینی کرێکار دروست دەکەن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و زۆری تریش دەبێ لێکۆڵینەوە لەم مۆدێلە حزبیە بکەین.

ئەگەر کۆمۆنەی پاریس لەسەر دەستی دوژمنانی چینی کرێکار توشی شکست هات ، بەڵام شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر دەستی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی توشی شکست هات. بەڵام ئەم شکستانە پێمان دەڵێن کە خەباتی چینایەتی کرێکاران لەم دەورانەدا ڕوبەڕوی کێشە و گرفتی وا بونەتەوە کە ئەم چینە هێشتا ئامادەیی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی پێویستی نەبوە بۆ زاڵ بون بەسەریدا. ئەمەش وامان لێدەکا کە لەجیاتی پیرۆزکردنی ئەو ڕابردوە خەریکی لێکدانەوەی زانستی بین لەو کەموکوڕیانە و لەناو دڵی ئەو خەباتە چینایەتی و ئامڕازەکانی ئەو خەباتەدا بەدوای هۆکارەکانی شکستی ئەم شۆڕشانەدا بگەڕێین.

هەرچەندە کە مەسەلەی حزب و دەوڵەت دووڕوی یەک دیاردەن، یان یەک دیاردەن لەدوو ئاستی جیاوازدا. بەڵام بۆ ئەنجامدانی شیکاری دیاردەی کۆمۆنیزم دەبێ ئەم دوو ئۆرگانەی ئەم جەستەیە جیاجیا باس بکەین. لەم بەشەدا ئێمە جەخت لەسەر مەسەلەی حزب و مۆدیلی حزبی دەکەینەوە ،کە ئایا حزب چ کاریگەریەکی لەسەر سەرکەوتن و شکستی شۆڕش هەیە و لەمەش گرنگتر چ مۆدیلێک لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری نیشان دەدا و لە سیاسەت و پراتیکی حزبدا چۆن دنیای ئازاد و هەرەوەزی ئینسانی ڕەنگدەداتەوە؟

ئێمە دوای ئەم شیکردنەوەیە لەسەر پەیوەندی حزب و خەباتی چینایەتی و پرۆسە و مێژووی حزبیەت لە کۆمۆنیزمدا، لەبەشی داهاتودا دەچینە سەر خودی حزب وەک بەشێکی ئۆرگانی چین. تێگەیشتن لە کۆنسێپتی حزب و پەیوەندی لەگەڵ چین و دەوڵەت و بەرنامە و سیاسەتدا.

 

*1Gramsci, Prison Notebooks, Problems of History and Culture,P5

*2 Gramsci, Prison Notebooks, The Modern Prince, P129

*3 https://www.marxists.org/farsi/archive/mandel/works/1973/boorokrasi.htm

About hkkk

Check Also

دیمانە لەگەڵ بەشێک لە رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی سەبارەت بە ئەزموونی شوراکانی ساڵی ١٩٩١…

کاوە عومەر، درەو مەهد ، ئاسۆ کەمال، وەستا جەلال، جەمال کۆشش، خەسرەو سایە و ستاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *