Home 6 بەڵگەنامەکان 6 “حکومەتی بنکەفراوان” ناتوانێ وەڵامدەرەوەی خواست‌و ئومێدەکانی خەڵک بێت!

“حکومەتی بنکەفراوان” ناتوانێ وەڵامدەرەوەی خواست‌و ئومێدەکانی خەڵک بێت!

زیاتر لەچوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا تێدەپەڕێت‌و هێشتا حزبە سەرەکیەکانی بۆرژوازی، بەدەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆنەوە، کە بڕیاربوو پێکەوە حکومەتێکی بنکە فراوان لەژێر چەتری کابینەی هەشتەمدا بۆ چینی بۆرژوازی پێکبهێنن، بەرێکەوتنێكی کۆتایی نەگەیشتوون. ئەمەش نیشانەی چەند دەستەیی و قەیرانیكی سیاسی نێوخۆی خانەوادەی بۆرژوازی کوردو حزبە سەرەکیەکانیەتی. بەڵام هەرچۆنێک بێت کۆنترۆڵکردنی بازاڕی کارو سەرمایە‌و بێدەنگکردنی جەماوەری ناڕازی، لەفەزای سیاسی ئێستای کوردستان‌و ناوچەکەدا یەکخستن و کۆکردنەوەی حزبە بۆرژوازیەکانی نێو دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن لەژێرچەتری کابینەی هەشتەمی حکومەتدا کردۆتە یەکێک لەپێداویستیەکانی ئەم دەورەیەی چینی بۆرژوازی کورد. پەیامەکانی سەرانی دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن، بەدوای هەڵبژاردندا، سەبارەت بە”شەقامی ئارام‌و حکومەتی بنکەفراوان” ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێ. بەواتایەکی تر بەرژەوەندیە سیاسی‌و ئابوریەکانی چینی بۆرژوازی لە کوردستان پێویستی بە ره‌خساندنی هەلومەرجێکی ئارام‌و جێگیری سیاسی هەیە لەبەردەم سەرمایەداران‌و خاوەن کۆمپانیاکاندا، بۆرژوازی کوردو حزبەکانی لەئێستادا لەوە گەیشتوون کە درێژەکێشانی هەلومەرجی پشێوی‌و تەنگژەکانی نێوانیان کەلەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا بردیانە پێشەوە، هەلومەرجێکی نەخوازراو و مەترسیدارەو  درێژەپێدانی ئەو ئەگەرە بەهێزدەکات کە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک چاڕەنوسی دەسەلاتی هاوبەشیان لەبنەوە هەڵتەکێنێ. ئەم هۆکارەیە کەوایکردوە هەموو حزب‌و هێزەکانی بۆرژوازی باس لەحکومەتی بنکە فراوان بکەن‌.
لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا هێزە ئۆپۆزسیۆنە بۆرژواییەکان( گۆڕان‌و یەکگرتووی ئیسلامی‌و کۆمەڵی ئیسلامی) پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کەئەوان زۆرینەی دەنگەکان مسۆگەر دەکەن‌و دەسەڵات‌و حکومەت دەگرنە دەست‌و  کۆتایی بەدەسەڵاتی پارتی‌و یەکێتی دەهێنن! تەنانەت دروشمی سەرەکی گۆڕان “بەرەو دەسەڵاتدارەتیەکی نوێ” بوو. بەڵام ئاکامەکانی دەنگدان بەکردەوە دەسەڵات هەر لەدەستی پارتی بەپلەی یەکەم‌و یەکێتیشی له‌ پلەی دووەمدا هێشتەوە. بەمجۆرەش کابینەی هەشت، هەرناوێکی لێبنرێ ناتوانێ لەدرێژەی هەمان ڕەوتی شەڕو ئاشتی‌و ڕیکەوتنی ئەم حزبانەی بۆرژوازی کوردو سیاسەتەکانیان لەبەرامبەر کرێکاران‌و زەحمەتکێشاندا نەبێ. شەڕو ئاشتیەک کەهیچ په‌یوەندیەکی بەماف‌و ئازادی‌و باش بژێوی هاوڵاتیانی کوردستانەوە نەبووە و نییە. لەمەش زیاتر ئەو پڕوپاگەندانەی ئۆپۆزسیۆن لەکاتی هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەیانکرد، گوایە لەڕێگای دەنگدان‌و هەڵبژاردنەوە دەتوانن دەسەڵات لە دەستی یەکێتی‌و پارتی دەربهێنن،  بووه‌ بڵقی سەرئاو، هەربۆیە ئێستاش باس لەدابەشکردنی دەسەڵات‌و پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوان و بەرکەوتەی هەڵبژاردن دەکەن.
بارودۆخی سیاسی کوردستان لە چوار مانگی رابردودا ئەو راستیەی سەلماندەوە کەسیستەم و دەسەڵاتێک کە ئەحزابی بۆرژوازی کورد بەدرێژایی ٢٢ساڵی رابردوو دایمەزراندووە، بەتوندی گرێدراوە بەهێزی میلیشیاو کۆنترۆڵی بازاڕو تاڵانچێتی‌و دەزگای سەروخەڵکی واوە کەهیچ جێگایەکی بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە نەهێشتۆتەوە. تەنانەت بەشداری پێکردنی ئەم یان ئەو حزب لەحکومەتدا، توانای چەکداری‌و ملدان بەکارنامەی تاڵانچێتی حزبی باڵادەست و ڕاوەستان لەژێر سایەی یەکێک لە دەوڵەتانی ناوچەکەی پێوێستە. کابینەی هەشتەم، کەلەژێر ناوی”حکومەتی بنکەفراوان”دا دەهۆلی بۆ دەکوترێ و وەکو مژدەدەری بەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی خەلکی کوردستان بانگەشەی بۆدەکرێ، لەراستیدا و لەئەگەری پێکهاتنیدا جگەلە یەکدەستکردنی لایەن وحزبەکانی چینی بۆرژوازی کورد بەرامبەر چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش‌و ئازادیخوازانی کۆمەڵگاو درێژەدان بەهەمان کارنامەی سەرکوتگەری و دزی‌و تاڵانی‌و کۆنەپەرستی‌و بەرینکردنەوەی جیاکاری چینایەتی، کەکابینەکانی پێشوتر بەڕیوەیان بردووە شتێکی زیاتر نابێت. خەسڵەتی سیاسی و چینایەتی چووت حیزبی یان فرەحیزبیی بۆرژوازی کورد ناکۆکە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی کرێکاران‌و زەحمەتکێشان و دابینبوونی سەرەتاییترین مافی ئینسانی. بێگومان ئەحزاب و کابینەیەکی حكومەتی بەم خەسلەت‌و ناوەڕۆکە سیاسی و چینایەتیەوە، ئەتوانرێ چ کارنامەیەکی بۆ قازانجی هاوڵاتیانی لێ ڕەچاوبکرێ، جگەلەوەی ئامارەکانی کوشتن وخۆسوتاندنی ژنان و قوربانیانی شوێنی کار و ژمارەی کرێنشینی و تیرۆری ئاشکرای ڕۆژنامەنوسان و دەستگیرکردن و دانی بەدادگای ڕەخنەگران‌و ئازادیخوازان و پەلاماردانی لایەنی نەیار و لەبێکاری دا هێشتنەوەی دەیان هەزار گەنج‌و فتوای مەلاکان، بەرەوسەرەوە بچێت. چ شتێک لەم کابینەیەو حزبە پێکهێنەرەکانی ڕەچاودەکرێت جگەلە پەرەدان بەگرانی و کەمی کرێ و مووچەی کرێکاران‌و فەرمانبەران‌و لێگرتنەوەی خزمەتگوزاریەکان و نانەوەی پشێوی و بارگرژی!؟ حکومەتی بنکەفراوانی بۆرژوازی  لەکاتێکدا وەکو حکومەتی چینی بۆرژوازی ئەرکی بریتی دەبێت لە درێژەدان بە چەوسانەوەی ئابوری‌و سیاسی چینی کرێکارو زەحمەتکێشان‌و سەرجەم جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان، هاوکات رەسمیەت بەخشینە  بە قبوڵکردنی باڵادەستی پارتی لە دەسەڵات‌و سیاسەتی کوردستاندا لەلایەن حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی پێشوەوە.
بەڵام لەکەشوهەوای سیاسی ئێستای کوردستان‌و ناوچەکەدا، پێکهێنانی کابینەی هەشت و کۆکردنەوەی حزبەکان لەحکومەتی بنکەفراواندا، کارێکی ئاسان و بێ گرێوگۆڵ نیە بۆ بۆرژوازی کورد، بەتایبەتی کەناکۆکی بەرژەوەندی حزبەکان‌و وەرگرتنی ئیمتیازات‌و پلەوپایەی حکومی و پۆستەکانی دەسەڵات، لەپاڵ حکومەتێکی دیفاکتۆی یەکێتی ‌و پارتیدا،  ڕیگەی لەبەردەم سازدان‌و ڕیکەوتنیان بۆ پێکهێنانی ئەم کابینەیە سەختکردووە. لەلایەکی تریشەوە گرفتەکانی سەر ڕیگای پەرەسەندنی ئابوری سەرمایەداری کوردستان‌و نەبوونی دەوڵەت، کەبەردەوام کۆمەڵگای کوردستانی لەنیو نائارامی‌و گێژاو و تەنگژەی سیاسی ناوخۆو ناوچەیدا رادەگرێ، هاوکات بەرینبوونەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی جیاوازی چینایەتی و بەم پێیەش بەرینبوونەوەی نارەزایەتی کۆمەڵایەتی بەڕووی بێمافی‌و سەرکوتی ئازادیەکان‌و بێکاری‌و هەژاری‌و نەبوونی خزمەتگوزاریەکاندا چارەنوسی حکومەتی فرەحیزبی‌و بنکەفراوانی بۆرژوازی و گشت دەسەلاتی بۆرژوازی کورد لەبەردەم مەحەکدا دادەنێ. ئەگەر بەم هەموو گرێوگۆڵانەوە کابینەی هەشتەم بەهەر پێکهاتێکی حزبیەوە بۆ پارتی سەربگرێت، هێشتا ئەو دەرفەتە بەکراوەیی لەبەردەم خەباتی چینی کرێکارو جەماوەری نارازی‌ کوردستاندا دەهێڵێتەوە، کەبۆ کۆتاییهێنان بەگشت دەسەڵاتی بۆرژوازی، لەیەک بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەو رادیکاڵ‌و سەربەخۆی چینایەتیدا خۆیان سازبدەن‌و بێنە مەیدانی ململانێی سیاسی کۆمەڵایەتی کوردستانەوە. کرێکاران‌و زەحمەت کێشان‌و ئازادیخوازانی کوردستان، نەک هەر نابێ هیچ خۆشخەیاڵیەکیان بەکابینەی تازەو وەعدو بەڵێنی چاکسازی‌و ئاوەدانی ئەم حکومەتەو حزبە پێکهێنەرەکانی هەبێ، بەڵکو دەبێ بەبەربەستی سەرەکی سەر ڕیگای وەدیهاتنی که‌مترین باشبوونی ژیانی خۆیانی بزانن‌و لەبەرامبەریدا ڕیزی خەبات‌و ناڕەزایەتیەکانیان یەکگرتوو ڕیکخراوبکەن.  پێویستە هەرلەئێستاوە زۆرترین‌و فراوانترین ناڕەزایەتی جەماوەری لەسەر مەسەلەی ئازادیەکان‌و تیرۆرو مووچەو کوشتنی ژنان و بەتالانبردنی داهاتی نەوت‌و گەندەڵی‌و خزمەتگوزاریەکان‌و بێکاری .. ڕووبەڕووی دەسەلات‌و حزبەکان بکرێتەوە. حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان لەڕیزی پێشەوەی ئەم ئەرک‌و خەباتەدا بەتەواوی تواناوە تێدەکۆشێ.

مەکتەبی سیاسی، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٢/٢/٢٠١٤

About hkkk

Check Also

پیلانی نێودەوڵەتی بۆ له‌ژێرپێنانی ئیرادەی خەڵکی کوردستانی سوریا مه‌حکومه‌! …

“ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە ڕوداوەکانی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا” دوابەدوای لەشکرکێشی دەوڵەتی بۆرژوا- …