Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 حکومەتی هەرێم لە سك هەڵگوشینەوە بۆ نانبڕین!

حکومەتی هەرێم لە سك هەڵگوشینەوە بۆ نانبڕین!

موحسین که‌ریم

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم مووچەی ٤ مانگی ساڵی ٢٠١٥ی مووچەخۆرانی کوردستانی تاڵانکرد و مووچەی ساڵی ٢٠١٦ ی کردە نیو موچەو چارەکە مووچە، بەڵام ئەوەشی بە خەڵك رەوا نەبینی و بەشێکی بەرچاو لە مووچەخۆران مووچەی تەنها ٣-٤ مانگیان وەرگرتوە کە لە راستیدا یەکسانە بە مووچەی یەك مانگی پێشووتریان، بەشێکی زیاتریشیان ئەو مووچەیەشیان وەرنەگرتوە!

دوای ئەم هێرشە بەردەوامە بۆسەر ژیان و گوزەرانی مووچە خۆران‌و دوای بێکارکردنی دەیان هەزار کەس لە کەرتی تایبەتی کە هیچ سەرچاوەیەکی ژیانیان نیە، بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەگشتی‌و خەڵکی کەمدەرامەت‌ بەشێوەیەکی تایبەتی روبەرووی مەترسی‌ بۆتەوە. ئەوەش بوەتە هۆی بەرزبونەوەی دەنگی نارەزایەتی‌و پڕبوونی جامی توڕەیی خەڵک بەگشتی و جەماوەری کەمدەرامەت‌و زەحمەتکێش بەشێوەیەکی تایبەتی. ئەگەری تەقینەوەی ئەم توڕەیی‌و نارەزایەتیە وەکو تارماییەکی ترسناك بەبەرچاوی دەسەڵاتدارانی کوردستاندا دێت‌و دەچێت. حکومەتی هەرێم ترسی ئەوەی هەیە کە سیاسەتی برسیکردنی خەڵك و سك هەڵگوشین سەرەنجام بە ئاکامی مەنتقی خۆی بگات کە بەرەنگاری و روبەرووبەنەوەی خەڵکە لەگەڵ دەسەڵاتی چەوسێنەرانەو مشەخۆرو گەندەڵی بۆرژوازی کورد. بۆیە بەر لەوەی جامی توڕەیی جەماوەری بێبەش و زەحمەتکێش سەر رێژبێت، دەیەوێ ئەو توڕەییەی خەڵك خەفەبکات و سەرکوت‌و بێدەنگیان بکات.

دەست پێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نارەزایەتی لەلایەن مامۆستایانەوە لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوە. دەست پێکردنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان کاریگەری دەبێ لەسەر بزواندنی گیانی بەرەنگاری لەناو توێژە نارازیەکانی دیکەدا، بۆیە حکومەتی هەرێم لەزاری وتەبێژەکەیەوە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە هەر مامۆستایەك بۆماوەی مانگێك لە دەوام دوابکەوێ کۆتایی بە راژەکەی دێت و دەردەکرێت. هەروەها وەزیری تەندروستی هەڕەشەی دەرکردنی لەو کارمەندو تەندروستکارانە کردوە کە دژی بڕیارەکەی ئەوان تایبەت بە زیادکردنی نرخی خزمەتگوزاریە تەندروستی و پزیشکیەکان لەسەر هاوڵاتیان دەوەستنەوەو دژی ئەو نایەکسانیەن کە لە مەسەلەی دابەشکردنی پاداشتەکاندا لەنێوان کارمەندان و تەندروستکاران‌و دکتۆرو بەرێوەبەرەکاندا پەیڕەودەکرێت.

حکومەتی هەرێم بە سود وەرگرتن لە پەرش‌و بڵاوی کرێکاران‌و کارمەندان‌و مامۆستایان‌و خانەنشینان‌و خەڵك بەشێوەیەکی گشتی مووچەکانی ئەوانی بڕی‌و باری سەختی قەیرانی ئابوری کوردستانی شکاندەوە بەسەر شانی ئەواندا. ئێستاش گرەو لەسەر نارێکخراوی‌و پرشو بڵاوی خەڵك دەکات بۆیە هەڕەشەی نانبڕینیان لێدەکات. گومان لەوەدا نیە کە سەرباری هەڕەشەکانی حکومەتی هەرێم، مامۆستایان‌و فەرمانبەران‌و خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستان بەگشتی ناتوانن دەست لەژیانی خۆیان‌و خێزانەکانیان‌ هەڵگرن‌و فشاری بەڕێچوونی ژیان وایان لێدەکات کە روبەرووی حکومەت ببنەوە. بەڵام روبەرووبوونەوەی نارێکخراو و پرش‌و بڵاو ئاکامێکی ئەوتۆی نابێت‌و ناتوانێ دەسەلات ناچار بە قبوڵکردنی خواستەکانیان بکات‌و بەئاسانیش دەتوانرێ سەرکوت بکرێ. بەڵام رێکخراوبوونی مامۆستایان و کارمەندان و فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و لێك هەڵپێکانی خەبات و نارەزایەتیەکانیان لەگەڵ یەکترداو دەستبردن بۆ چالاکیی جەماوەری فراوان‌و هاوزەمان دەسەڵاتی هەرێم ناچار بە پاشەکشەو ملدان بە خواستەکانیان دەکات. پێویستە هەر لە ئێستاوە خۆمان بۆ ئەو ئەرکە ئامادەبکەین.

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *