Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 حکومەتی چەقۆ وەشێن…

حکومەتی چەقۆ وەشێن…

دەبێ سەرۆکی حکومەت داوای لێبوردن بکات!

عەبدوڵا مەحمود

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا کەسەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی پاشەوکەوتی موچەدا بۆی سازکرابوو، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی لە خۆپیشاندانەکاندا کەسانێک چەقۆ یان دەمانچەیان هەڵگرتبێت.. وتی: ئەگەر خۆپیشاندەران چەقۆ و دەمانچەیان پێبێت، ئێمەش وەک ئەوان ڕەفتار دەکەین“.

نێچیر بارزانی، لەبەرامبەر بەو هاوڵاتیانەی چەقۆ یان دەمانچەیان لە خۆپیشاندانەکاندا هەڵگرتبێت، لە جیاتی ئەوەی وەکو حكومەت و دەسەڵاتێکی پابەند بەیاسا، ئەو کەسانە بداتە دەست یاساو دادگا، بە چەقۆ و دەمانچە، وەڵامیان دەداتەوە… چ حكومەت و دەسەڵاتێکی چەقۆ وەشێن و دژە یاسا و دادگایە!!؟

دیارە ئەوە درۆیەکی شاخدار و دروستکراوە، کە کەسانێک چەقۆ و دەمانچەیان هەڵگرتبێت لە خۆپیشاندانەکاندا، ئەوە تەنها پاساوێکە بۆ ڕەوایەتی بەخشین و دەست ئاوەڵاکردنی چەقوکێش و مافیا چەک بەدەستەکانیان، بۆ سەرکوت و گرتن و زیندانیکردنی ئەو کەسانەی بۆ داوای رەوای خۆیان کە موچە و هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی موچەیە، هاتونەتە مەیدان…

ئەگەر کەسانێک چەقۆ و دەمانچەیان ‌لە خۆپیشاندانەکاندا هەڵگرتبا، دەمێک بوو دەزگا هەزار سەرە جاسوسی و داپڵۆسێنەرەو فریوکاریەکانیان نمایشی سەر تەلەفزیۆنیان دەکردن… ئەوە درۆیەکی شاخداری دەسەڵاتێکی میلیشایی و چەقوکێشە… هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ بەکارهێنانی چەقوکێشەکانیان بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و رابەران و قسەکەرانی ئەو خۆپیشاندان و مانگرتن و نارەزایەتیییە رەوایانەی خەڵکی برسیکراو موچە براو دزی لێکراو، کە بەناچاری بۆی هاتونەتە سەر شەقامەکان…

چەقوکێشەکان و چەک بەدەست و دەمانچە وەشێنەکان دیارن… هەر وەکو چۆن بریندارەکان و زیندانی کراو دەستبەسەر کراوەکان راوەدوونراوەکان دیارن… هەروەها چۆن خۆپیشاندەران و خواستەکانیان ئاشکران، ئاواش پەیامی سەرۆکی حکومەت و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ بەکار‌هێنانی چەقۆ و چەک، ئاشکرایە…

لەچوار رۆژی رابردوودا هێزە چەکدار و جاسوس و بەڵتەجیەکانی دەسەڵات، زوربەی شارەکان و شوێنی خۆپیشاندانەکانیان ملیتاریزە کردووە، بە دەیان کەس دەستگیرو دەست بەسەر کراون…. هیچ کام لەو گیراو دەست بەسەرکراوانە نەچەک و نە دەمانچەیان پێ گیراوە… بۆیە ئەو پەیامەی سەرۆکی حکومەت، پەیامی سیناریۆ سازکردنە بۆ رابەران و هەڵسوراوان و بەشداربوونی خۆپیشاندانەکان…

وە لە ٢٨ ساڵی رابردووشدا، ئەوە دەسەڵاتی چەک و چەقۆ وەشێن بووە، کە بەزیندان و سەرکوت وچەک وەڵامی داوای زۆر سادەی وەکو ئاو و کارەبا، نان و ئازادی و موچەی داوەتەوە… وە چونکە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەسەڵاتی نایاسایییە، بەوێنەی هێزی چەک بەدەست و چەقو وەشێن رەفتار دەکات، ئەمەش تازە نییە… تا ئێستا بکوژانی خۆپیشاندەران و نووسەر و رۆژنامەنووس و نەیارانی سیاسیان، توشی لێپیچینەوە نەبوون و رووبەروی دادگا و یاسا نەکراونەتەوە… هێشتا کەیسی ١٧ شوباتی ٢٠١١ بە کراوەیی ماوەتەوە…

پەیامی ئەمرۆی بارزانی، هێندەی هەرەشە بوو لە خۆپیشاندەران و خوازیارانی موچە، هێندە پەیوەندی بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی موچەوە نەبوو… ئەگەر بارزانی نیازی وەڵامدانەوەی بە خواستە ڕەواکانی موچەخۆرانی کوردستانەوە هەیە، هەرەشەی چەک و چەقۆ وەشاندن چ مانایەکی هەیە؟

دیارە ئەوە تەنها پەیامی بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پارتی نییە، ئەوە پەیامی سەرجەم حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە، کە دەسەڵاتی کوردستانیان پاوانی ژێر چەکمەی زۆری چەکیان کردووە، و کۆمەڵگە تاڵانی دەکەن و قوتی خەڵکی کوردستان، دەدزن… و بە ئاشکراش رایدەگەیەنن کە بە خۆشی خۆیان و لەرێگای ئاشتی و درۆی هەڵبژاردنەکانیش ئامادەنین دەست لەدەسەڵات بەربدەن.

خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە، لە پاڵ داخوازی هەڵوشاندنەوەی سیستەمی پاشەوکەوتی موچە بە تەواوەتی و داخوازی ماف و ئازادی و خزمەتگوزارییەکانیان، دەبێ ڕای بگەیەنن کە حکومەتی چەک و چەقۆ وەشێنیان ناوێت و دەبێ بارزانی ناچار بکرێت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەریدا داوای لێبوردن لەخەڵکی کوردستان بکات.

٢٨/٣/٢٠١٨

 

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *