Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 خۆپیشاندانەکانی عێراق ناڕەزایەتییە بەدەسەڵاتی قەومی و تائیفی! …

خۆپیشاندانەکانی عێراق ناڕەزایەتییە بەدەسەڵاتی قەومی و تائیفی! …

نوری بەشیر …

ناڕەزایەتییەکانی ئێستای عێراق و لوبنان دەورەیەکی نوێی لە خەباتی جەماوەری لە خوارەوەی کۆمەڵگەی خستەبەردەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. دەورەیەک کە رێزی ملیۆنی خرۆشان و توڕەیی خەڵک لەحکومەتی قەومی و مەزهەبی و تایفی و بنەماڵەیی و میلیشیایی و ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار کە دەستیان گرتووە بەسەر ناوچەکەدا، هاتونەتە شەقام و ناوەندەکانی شار و خۆپیشاندان و مانگرتن و نا وتنیان بە هەموو سیستەمی دەسەڵاتدار و حزبە رەنگاوڕەنگە قەومی و تائیفی و دینیەکان، راگەیاندووە. ئەم ناڕەزایەتیانە تا ئەو ڕادەیەش رۆشتووە کە پێرۆزییە قەومی و ئایینەکانی لە چەشنی حزبەکان و کەسایەتیە ئایینیەکان و دڵسۆزیان بۆ خاک و نیشتیمان خستۆتە بەردەم هێرشی ناڕەزایەتی خۆیان. گرنگی ئەم ناڕەزایەتیانە، نەک تەنیا دەسەڵاتدارانی ناوخۆی کردۆتە نیشانە، بەڵکو حکومەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و بەتایبەت ئێران و دەخالەتی لەعێراقدا کردۆتە ئامانج و داوای چوونە دەرەوەیان دەکەن.

ناڕەزایەتیەکانی ئەمجارەی عێراق، تەجروبەکانی بەهاری عەرەبی و ١٧ی شوباتی کوردستانی لەبەردەمدایەو هەر لەسەرەتای دەستپێکردنەوە ئاستی ئەو ناڕەزایەتیانەی بەجێهێشت، کە رۆشتنی دەسەڵاتیان راستەخۆ نەکردە ئامانج و خۆشباوەڕییان بە هێزەکان و سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان هەبوو.

بەجیا لەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە هێشتا ئایندەی دیارنییە کە بەرەوکوێ دەڕوات!، بەڵام هەموو سیستەمی دەسەڵاتدارێتی خستۆتە بەردەم هێرش و توڕەیی خۆی کە لەگەڵ هەموو هێرشێکی زیاتری میلیشیاکانی دەسەڵاتدا ئەمان هاوار دەکەن و دەڵین “جەماوەر دەیەوێت دەسەڵات بڕوخێت”، وە ئەمەش هەموو حزبە قەومی و دینی و میلیشیاکانی خستۆتە بەردەم ترس و دڵەڕاوکێ و پاشەکشە. ئەوەبوو لە لوبنان حەریری ناچار بە وازهینان کردو لە عێراق بەرهەم ساڵحی هێنایە سەر شاشەی تەلەفزیۆن کە وتی ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خۆپیشاندەرانین و عادل عبدولمهەدیش ئامادەیە بۆ دەست لەکارکێشانەوەو سەدری ناچار کرد بچێتە ناو خۆپیشاندەران و بە هاوار دەرکراو سیستانی گەورە مەرجەعیەتی مەزهەبی کەتۆتە بەر رەخنەو ناڕەزایەتی توندەوە.

ترس لەم ناڕەزایەتیانەی کرێکاران و کەمدەرامەتی کۆمەڵگە، تەنیا ترسی نەخستۆتە هەناوی بۆرژوازی دەسەڵاتدار بە قەومی و ئیسلامیەوە، بەڵکو خەوی لەبۆرژوازی ناوچەکەو جیهانیش زڕاندووە، خامنەیی دەڵی ئەم ناڕەزایەتیانە دەستی لەپشتەوەیەو دەبێ کۆتایی بێت و ژمارەی سەرانی جمهوری ئیسلامی هاوشانی قاسم سولەیمانی و پاسدارانی بۆسەرکوتی خەڵک زیادکردووە لەعێراق، ئۆردوغان لەگەڵ ئەزمەیەکی گەورەی ناوخۆیی رووبەڕووەو بەناچار هێرشی فاشیستانەی بۆسەر کوردستانی سوریا دەستپێکردووە، وە بەشێوەیەک لە ناڕەزایەتیەکانی عێراق و لوبنان توقیوە و دەڵێ کاریگەری خۆپیشاندانەکان لەسەر ئێران دەبێت. وڵاتە ئیمپریالسیتەکان لە رێگای نوێنەرەکانیان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەڵی ئەم خۆپیشاندانانە ئابوری عێراق وێران دەکات، بەڵام لەولاوە ژنان و لاوان خەڵتانی خوێن دەکرێن، دەڕفێنرێن و تیرۆر دەکرێن، بەڵام ئەوەندە قسە لەسەر ئەمە دەکەن کە ئەو ئابوریەی مەبەستیانە لەژێر دەستی هاوپەیمانەکانیان دەرنەچێت و نەکەوێتە دەست خەڵک.

ئەم خرۆشانە جەماوەریە گەورەیە ئەگەرچی خۆرسکە، بەڵام بەدژی تاڵانکاری کۆمەڵگایە، بەدژی سەرکوت و سەپاندنی هەژاری و نەداری و بێکاری و فەزای کۆنەپەرستانەیە کەسەپاندویانە بەسەر کۆمەڵگەدا، بەدژی فەساد و سەپاندنی دەسەڵاتی میلیشیاییە کەسەراسەری وڵاتی گرتۆتەوە و عێراقی کردووە بە یەکێک لە سەرکوتترین وڵات و گەندەڵترین وڵاتانی ناوچەکە و ئایندەیەکی ترسناک چاوەڕێی خەڵک دەکات. بۆیە ناڕەزایەتیەکانی خەڵك بۆ پێداویستیە سەرەتاییەکان لە ئاو، کارەبا، کار، خۆشگوزەرانی و بەدژی هەژاری و برسێتی و بۆ ئازادیە. ناڕەزایەتیەکان بەپێچەوانەی ناسنامەی ساختەی قەومی دینی و ناسیونالیستی دەسەڵاتەوە کە ژمارەیەک حزب و میلیشیای جۆراوجۆر لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆیان و کەمایەتیەک کە جومگە ئابوری و سیاسیەکانی کۆمەڵگەیان گرتووە بەیارمەتی وڵاتە زلهێزەکان و وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەوە، هەرچی بەڵایە بەسەر خەڵکیاندا هێناوە، هەویەتی کۆنەپەرستی قەومی و دینی لە شیعەو سونە و کورد وتورکمانیان داتاشیوە و دەرخواردی کۆمەڵگەی دەدەن، ریزی ملیۆنی ناڕەزایەتیەکان لە بەغدادەوە تاکو بەیروت پێکەوە هاواریانە بەدژی دەسەڵاتی فەسادو سەرکوت و تائیفی و بەدژی هێرشی کۆنەپەرستانەی قەومپەرستی و مەرجەعیەتی دینی و ژێرپێنانی وەعدەو بەڵێن و فتواو بەڵینەکانیان، بەدژی جمهوری ئیسلامی ئێرانە.

ئەوەی لەم خۆپشاندان و ناڕەزایەتیانەدا بەرجەستەیە، خەڵکی ناڕازی عێراق و لوبنان تیادا وشیارن و بەتەواوی هەستی پێدەکەن، راوەستانیانە بەرامبەر هەموو دەسەڵاتی کۆنەپەستی ناوچەکە، واتە تەنیا بەدژی کۆنەپەرستی قەومی و مەزهەبی وڵاتەکانیان نەوەستاونەتەوە، بەڵکو بەدژی کۆنەپەرسترین رژێمی ناوچەکەش کە جمهوری ئیسلامی ئێران و نوێنەرەکانیان لەم وڵاتانەدا وەستاونەتەوە. ناوتن بۆ ئێران و وتنی ” ئێران بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە” و سوتاندنی وێنەکانی خومەینی و خامنەئی و عامری و قاسم سولەیمانی، دەوریەکی تازەیە لە ناڕەزایەتی بۆ کۆتاییهێنان بە دەورو نفوزی جمهوری ئیسلامی ئێران و دەخالەتی لە عێراق و لوبنان، کە سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە لە داهاتوودا لە سوریا و یەمەن و کوردستانی عێراقیشدا ئێران دەستکۆتا دەکرێت.

ئەوەی گرنگە ئەم ناڕەزایەتیانە زەنگی مەرگی رۆژهەڵاتێکی قەومی مەزهەبی و تائیفی لێدەدا، کە حکومەتە قەومی و دینیەکانی ناوچەکە بەکوردستانیشەوە هەمیشە مەسەلەی قەومی و پێرۆزیەکانیان وەک ژەهر دەرخواردی خەڵک داوە، هەروەک لە دروشمی خۆپیشاندەرانی عێراقدا بەرزکراوەتەوە و دەڵێن ” نیشتمان بۆ دەسەڵاتداران و نیشتمان پەروەریش بۆ هەژاران”، واتە سەروەت و سامانی کۆمەڵگە بۆ دەسەڵاتدارانێک کە بەهێزی میلیشیا و خۆشباوەڕی مەزهەبی دەستیان بەسەر کۆمەڵگەدا گرتووەو هەریەکە خاوەنی چاڵە نەوتێکە، بۆ پارێزگاریش لەو چاڵە نەوتانە و سەرکەوتنیان لەبەرەی جەنگدا بەدژی داعش و دوژمن شکاندن، ئەوە خراوەتە ئەستۆی خەڵکی کرێکار و هەژارانی کۆمەڵگە کە لەگەڵ دەرهێنانی هەر بڕە نەوتێکی زیاتر ئەمان برسیتر دەکات، لەگەڵ تێکشانی دوژمنەکانیان، نەبوونی و نەداری و برسێتی ماڵ ومنداڵەکانیان لەسەرەتایترین مافی ئینسانی بێبەشتر دەکات.

ئەم دەورە نوێیە لە ناڕەزایەتیەکان لە عێراق و لوبنان، بەشێکە لە ناڕەزایەتیەکان لەجیهاندا، لە چیلی، ئیکوادۆر، جەزایر، سوماڵ و ناڕەزایەتیە رۆژانەییەکان بۆ خواستی کارو کرێ و گرانی لە وڵاتە سەرمایەداریە گەورەکان لەجیهاندا، کە هەموو ئەمانە ترسی خستۆتە بەردەم هەموو حکومەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، ئەم دەورەیە لەناڕەزایەتی چارەنوسی حکومەتانی قەومی و مەزهەبی خستۆتە بەردەم ئەزمەیەکی قوڵ و تەجروبەیەکە کە کۆمەڵگە بیربکاتەوە کە ئەو جۆرە دەسەڵات و حزبانە بەهەر شێوەیەک ئاڵوگۆڕ لەخۆیان نیشانبدەن، بەهەردەرەجەیەک ریفۆرم بکەن، بەڵام هیچ لەناوەرۆکی دەسەڵاتدارێتی سەرمایەداران کە حزبەکانی بۆرژوازی قەومی و دینی نوینەرایەتی دەکەن ناگۆڕێت، تەنیا دەسەڵاتی ئەم حزبە بەحزبێکی ترو بەشداری لە حکومەت و دابەشکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە لەنێو خۆیاندا دەکاتە بەشی زۆربەی کۆمەڵگە. نموونەی میسر، لیبیا، یەمەن و کوردستان راستیەکی تری ئەو هەلومەرجەیە کە عێراق و لوبنانی تیایە.

هەربۆیە بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بەو مەرگەساتەی کەخەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگەی تیایە، بۆ دەستکۆتاکردنی دەستی چەپەڵی دژی ژن و دژی مەدەنیەتیەک کە لاوان خوازیارین، بۆ روخانی دەسەڵاتی دژی کرێکار، رێگاچارە حکومەتی جەماوەری کرێکاران و چەساوەی خوارەوەی کۆمەڵگایە. رێگاچارەی بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم ناڕەزایەتیانە بۆ داواکاری و خواستەکانیان لە ئازادی و خۆشگوزەرانی و کارو رزگاربوون لە خۆشباوەڕی مەزهەبی و قەومی و میلیشیاکانیانە، رێکخراوبوون لە شوراکاندایە و نەک تەنیا لەمەیدانی تەحریری بەغداد و مەیدانی ناڕەزایەتیەکانی بەیروتدا، بەڵکو خۆ رێکخراو کردنە لەهەموو گەڕەک و کارگە و زانکۆکاندا.

بەهاری عەرەبی و بەدوایدا سودان و ئێستای چیلی، جەزایر، ئەوەی سەلماند کە بۆرژوازی هێزی رێکخراوی هەیە، کە هەموو بۆرژوازی نەک وڵاتەکانیان، بەڵکو وڵاتانی تری کۆنەپەرستی ناوچەکە هاوڕاو هاودەست و بەهانای دەسەڵاتەکانیانەوە دەچن، هەموویان بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لەبەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکدا کێشەکانیان دەخەنە لاوەو یەکدەست دەبن بۆ پاشەکەشە بە ناڕەزایەتیەکان، لە کوردستان ئەمە کراوە، ئەم رۆژانە هەموو هێزە قەومی و دینیەکان، لەچەشنی عادل عبدولمهدی، بەرهەم ساڵح، حەلبوسی، عامری، قاسم سولەیمانی، سەدر و حەکیم و کوردەکانی، لەسەر یەک مێز کۆدەبنەوە.

بۆیە رێزی ملیۆنی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا کە پێکهاتووە لەکرێکاران و قوتابیان و لاوان و باقی خەڵکی ستەمیدەی کۆمەڵگە هەروەک چۆن هەموو پێکەوە بەبێ هەویەتی قەومی و دینی و تائفیەوە، بە ژنان و پیاوانەوە هاتوونەتە مەیدان، پێویستە هەرواش لە دەورەی بەدیل و ئاسۆیەکی رۆشن کۆببنەوە بۆ هینانەدی خواست و داواکانیان، بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی کۆمەڵگە، کە ئەویش بە بەدیلی سۆشیالیستی و کرێکارییەوە بەستراوە، بە خۆ ڕێکخراوکردن لەدەوری ئاسۆی سۆشیالیستی و لەدەوری حزبی کۆمۆنیستی و کرێکاری کە تاکە زامنی خواست و دواکانیانە کەبۆی هاتوونەتە مەیدان و ئاڵوگۆڕی ریشەیی لەکۆمەڵگەدا بەوجود دەهێنێت، ئەم دەورە نوێیەو دەرسەکانی ناڕەزایەتیەکانی بەغداد و لوبنان دەتوانێت جێگاوڕێگا بگرێت و ببێتە دەرسێکی کاریگەر بۆ ناوچەکە وجیهان.

ناوەڕاستی نۆڤەمبەری ٢٠١٩

About hkkk

Check Also

ئیسلام گەرایی لە ئەمەریکادا  لە ژێر سایەی ترەمپ دا گەشە دەکات ! …

( ئایا ترەمپ بەڵێنەکانی کە بە خەڵکی ئەمەریکای دابوون بردە سەر بۆ لە ناوبردنی ئیسلامی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *