Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 خەباتی ژنانی رۆژئاوا پارامێتری گرینگ بۆ خەباتی ژنان…
خەباتی ژنانی رۆژئاوا پارامێتری گرینگ بۆ خەباتی ژنان…

خەباتی ژنانی رۆژئاوا پارامێتری گرینگ بۆ خەباتی ژنان…

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

ڕەوت و ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی هەناوی کۆمەڵگەی  کوردی لەو ساڵانەی دواییدا، سەرەرای بوونی  گرینگیەکی تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و هەروەها  بوونی ئەم خەباتە نوێیە لەو سەردەمەدا،  کە ژنان ئاڵاهەڵگری خەباتێکی بوێرانە بەدژی گروپە توندڕەو و توندئاژۆ و ئیسلامیەکان بوون، ئەزموون و پاڕامێتری گرینگی بۆ خەڵک و ناوچەکە بە تایبەتی و جیهان بە گشتی بە جێهێشت . خەبات و بەرگریەکی قارەمانانە  لە شوێن و جوگرافیایی تایبەت، کە تێیدا کلتور و نەریتی دواکەوتووی ئیسلامی زاڵە و دوژمنیش دوژمنێکی تا سەر ئێسقان تەیار بە ئایینی دواکەوتووی ئیسلامییە.

خەباتێکی سەردەمیانە و مۆدێڕن لە شوێنێکی دواکەوتوو کە ساڵەهایە ئایینی ئیسلام تێدا زاڵە و ژنان وەک نیوەی پیاو حیسابیان بۆ دەکرێ، بەڵام خەباتی ژنانی ڕۆژئاوا ئەو تابۆ و ڕوانینە دواکەوتوو و پیاوسالارانەیان تێک شکاند و لە بەرامبەر  هەموو ئەو زوڵمانەدا ڕاوەستان.

دیارە ئەوە یەکەم جار نییە ژنانی کوردستان لە سەنگەری پێشەوەی خەبات بە دژی زوڵم و زۆر و دواکەوتوویی دان، بەڵام خەباتی ژنانی ڕۆژئاوا هەر بەو جۆرەی کە باسمان کرد مۆدێلێکی نوێی لە خەبات لە ناوچەیەکی تایبەت بوو.

لە رۆژئاوای کوردستان بە هەزاران ژن شان بە شانی پیاوان بەشداری خەبات بە دژی داعش بوون، شۆڕشێک کە ناوی شۆڕشی ژنانی بۆ خۆی تۆمارکرد و بە هەوڵ و قارەمانێتی ژنان کەوتە ڕۆژەڤی جیهانیەوە.

ژنانی کورد لە ڕۆژئاوا لەسەرەتای شەڕ بە دژی داعش  لە ژێر چەترێکی یەکگرتوو و گشتگیردا  لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، پاراستنی ڕەوا و کلتوری ڕێکخراوەکانیان دامەزراند و لە ڕوی پەروەردە، سیاسەت، ئاسایش و هتد تابۆکانیان شکاند و خۆیان بڕیاردەری پرسەکان بوون و ڕۆڵێکی ئەرێنیان لەو پەیوەندیەدا گێڕا. ڕۆژ بە ڕۆژ بەڕیزی ژنانی شۆڕش لە ڕۆژئاوا زیاد دەبوو،  تا وای لێهات زۆربەی ریزەکانی شۆڕش لە کوبانی لەژنان پێکهات، پرسێک کە داعش زراوی لێی چووە و بۆتە مۆتەکەی خۆی و هاوبیرەکانی. ژنان لە کوبانی دەیانزانی کە ئەگەر بێت و لەلایەن تێرۆریستەکانی داعش دەست بەسەر بکرێن هەموو جینایەتێک بە دژیان ئەنجام دەدرێ، بەڵام سەرەرای تێگەیشتن لەو ڕاستیە تاڵە، ژنانی کوبانی خۆڕاگر و بوێر ڕاوەستان و مردنیان بە چۆک داهێنا.

ئەوەی  لە خەباتی ژنانی کوبانی بە دژی هێزی ئیسلامی و تێرۆریستی داعش جێگای تێڕامان و سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو کە زۆربەی ژنانی بەشداری خەبات و بەرگری، پێشتر هیچ جۆرە مەشقێکی نیزامیان پێ نەکرابوو و زۆربەیان ژنانی خوێندکار و مژوڵی کار و ژنانی ماڵدار بوون، ژنانێک کە دواکەوتوویی تەنگی پێ هەڵچنیبوون و هەنووکە خەبات بە دژی داعش وەک نمادێک لە خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە ئازادی ڕەها بوو.

چونکە لە روانگەی داعش و گروپە ئیسلامیەکان ژن زەعیفە و کۆیلەی جنسیە هەر ئەو ڕوانگەی کە هەنووکە داعش بە دژی ژنان بە ڕەوای ئەزانێ، ڕوانینێکی دژە مرۆڤ کە لە ئایینی ئیسلامەوە سەرچاوە دەگرێ.

ڕاستیی خەبات و خۆڕاگریی ژنانی کوبانێ ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرەو نەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو ڕەنگدانەوەی جیهانی لێ کەوتەوە، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئێمە لە نوسینی ئەو بابەتەیە، روداوەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژئاوا و عەفرین و هێرشی کۆنەپەرستانەو ناعادڵانەی داعشی ریباتی واتە دەوڵەتی تورکیەیە بۆ سەر ڕۆژئاوا.

ئەوەی کە دیارەو و بەرچاو و ڕاستی حاشاهەڵنەگرە دیسان ژنان لە عەفرین قارەمانەتیان نواندو شەریان بە دژی کۆیلەیی و داعشی ریباتی واتە رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوبیرەکانی دەست پێ کردەوە. هێزی بەرگری ژنان لە عەفرین لە ژنانی کوبانی نەک کەمتر و کەم رەنگتر نییە، بەڵکو  بە گڕوتینی تازەوە خەریکن بەرگری لە کەڕامەتی مڕۆڤی خۆیان و پیاوانی ئازادیخوز دەکەن.

ئەردۆغان ناوی تری داعش و ئیسلامە کە ژنان و هێزی ژنان لە ڕۆژئاوا بە مەترسیەکی گەورە بۆسەر حکومەتەکەی و بە گشتی هاوبیرەکانی ئەزانێ، چونکە بەو ڕاستیه گەیشتووە ژنانی ڕۆژئاوا پارامێتری گرینگی بوونی ژن و کەڕامەتی ژن لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و ڕۆژ بە ڕۆژ ژنان و کچانی کوردی تورکیا خەریکن بەو هێزە ئیرادە پۆڵایینە پەیوەست دەبن و سەرکەشیی ژنان  و ملکەچ نەبوونیان لە وڵاتەکەی بە دژی ئیسلام و زۆرداری ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ. ژنانێک کە  ئەردۆغان و هاوبیرەکانی بەبێ عەقڵ و نیوەی پیاو ناوی دەبەن و لە ڕوانگەی بیری چەق بەستوویان تەنیا کەرەسەی سێکس و لەزەتن،  ئێستاکە  بوونە مەترسی بۆ سەر حکومەت و ئیدئۆلۆژیەکەیان  و پایەکانی بیری چەق بەستوویانی لەرزۆک کردووە.

داعش و هاوبیرەکانی کە یەک لەوان ئەردۆغانە ساڵەهایە لە هەوڵی ئەوەدان تیرۆریسم و دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچەکە دابمەزرێنن، بەڵام  ژنان دوژمن و لەمپەری سەرەکی ئامانجی دزێویانن.

ژنانی ڕۆژئاوا بۆیە سەرکەوتوون، چونکە توانیان دژ بە یاساو و ڕێسای ئیسلامی دواکەوتوو ڕاوەستن و خۆیان لەو کۆت و بەندە ڕزگار کەن و خۆیان چارەنوسی خۆیان دیاری بکەن، ئەوە ئەزمونێکە کە دەبێ ژنانی کوردستان وانەی لێ وەرگرن بە تایبەتی ژنانی باشور، بە داخەوە بە هۆی بوونی ڕوانگەی چەوتی ئایینی و خوڕافە خەباتی ژنان لە باشور نەک بەرەو پێش نەچووە بەڵکو هەنگاوێک بەرەودواوە کشاوەتەوە.

ئەو ماوە لەزۆرێک لە میدیا جیهانیەکاندا هەواڵێک ڕەنگی داوەتەوە، کە دوو ژن لە دوو بەشی  کوردستان دەکوژرێن، بەڵام یەکیان لە ڕۆژئاوا  لەسەر بەرگریکردن لە کەڕامەتی ژن و نا وتن بە کۆت و بەندە ئایینیەکان  بە دەستی دوژمنێکی ئیسلامی و تەیار بە چەکی قورس دەکوژرێ و  ئەویتریان لە باشوری کوردستان لە ژێر ناوی شەڕەف و ناموس و ئەخلاقیاتی ئیسلامی و دواکەوتوو بە دەستی خێزان و خانەوادە جەستەی دەسڕدرێتەوە. لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان شان بەشانی پیاوان بەشداری شەڕن و ڕۆڵی گرینگ دەگێڕن بەڵام لە باشور ژنان بە یاسا و ڕێسای دواکەوتووی ئیسلامی و بنەماڵەیی تەنانەت ناتوانن بەرگری لە خۆشیان بکەن و چوارچێوەی چالاکی و بەشداریان ڕۆژبە ڕۆژ بەرتەسک تر دەبێتەوە.

بۆیە بەو ئاکامە دەگەین ژنان دەبێ خەباتی ژنانی کوبانی و عەفرین بکەنە وانەی ژیانیان و خۆیان بڕیاردەری چارەنوسی خۆیان بن کە ئەو ئامانجە تەنیا و تەنیا بە نەمانی ئایین و نەریت و ئەخلاقیاتی ئیسلامی و پیاومەزنی کە ئەبزاری سەرمایەدارین مسۆگەر دەبێ.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢١، بەرواری ١/٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە

 

 

 

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*