Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 دادگای فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی ئاکامی ریفراندۆم… !!

دادگای فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی ئاکامی ریفراندۆم… !!

عەبدوڵا مەحمود

دادگای فیدرالی عێراق، بەرواری ٢٠ی نۆفەمبەر، بریاری نایاسایی بوونی ئاکامی ریفراندۆمی ٢٥ سێبتەمبەری راگەیاند و ئەو ریفراندۆمەی بە نادەستوری ناساند و بریاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی… چ دادگایەکە؟

ئەگەر لەوە بگوزەرێن کە یاساو دادگای سەربەخۆ لەهەر کۆمەڵگەیەکدا پەیرەوی لە سیستەمی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم سیستمە، دەکات و بەشێکە لە روبینای سیاسی ئەو کۆمەڵگەیە بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسی و ئابوری و چینایەتی. ئەوا ئێمە لەعێراقدا هێشتا لەگەڵ سیستەمێکی سیاسی یەکانگیر، دەوڵەتێکی پیناسەکراو، حکومەتێکی جێگیر، قەوارەیەکی دەوڵەتی بەرەوروو نین. یەکێک لە کێشە بنەرەتیەکانی نیوان سەرجەم بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، دیارە بە پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکەو بلۆکە جیهانییە کاریگەردانەرەکان لەسەر عیراق ناوچەکە ململانییە لەسەر چۆنیەتی بیناکردنەوەی عێراق.

لەعیراقدا کە دەوڵەت پیکنەهاتوەتەوە، و لە جێگایدا ژمارەیەک میلیشیایی حزبی بە پشتیوانی هێزی چەکداری تایفی و قەومی و مەزهەبی و بەپێی دابەشی جغرافیا و پارچە پارچە بوونی دینی و مەزهەبی و قەومی، بە پشتیوانی و بریار و دەستیوەردانی ناوچەیی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا داسەپاندووە. واتە خەڵکی عێراق بەهیچ جۆرێک لەگەڵ دەوڵەت و حکومەتێک بەرەو روونین… بۆیە رووبینای سیاسی و حقوقی و دادگا لەعیراقدا، پارچە پارچە و نایەکانگیرو نایاسایی و سیاسییە… زۆری هێز و دەسەڵات لەهەر بەشیکیدا پەیرەوی لە یاساو!! ریسای  دڵخوازانەی ئەو هێزو دەستەو تاقمانە دەکات کە قەڵەمرەوی سیاسی ئەو جغرافیا سیاسیەیان لەژێر کۆنترۆڵدایە… ئەو هێزەش کە ناوەند واتە بەغدای جڵەوی ژیر دەسەڵاتی خۆی کردووە، توانیویەتی بریاری سیاسی و دەسەڵاتدارێتی بەپێی هاوسەنگی هیزی چەکداری و پشتیوانی ناوچەیی لەدەستی خۆیدا مۆڵ بکات…   دادگاو قەزا و یاساشی کۆنترۆڵ کردوەو وەسیلەیەکە بەدەست ئەو هیزە سیاسیەوە… لە عێراقی دوای بەعسدا، رەوتی زاڵ کە هەموو دەستی بەسەر هیزی چەکدار و دەزگا ئەمنی و ئاسایش و جومگەکانی دەسەڵاتی و بریاری سیاسیدا گرتووە، رەوتی ناسیونال- ئیسلامی شیعییە، بەو ئەندازەیەش کە دەستی بەسەر هێزە چەکدارەکان و دەسەڵات و بریاری سیاسیدا گرتووە، بەهەمان شێوەش سەرۆکی دادگاو زوربەی ئەندامەکانی و یاساو دادوەرەکان و لەژیر کۆنترۆڵی ئەو هێزەدان و کاریان پارێزگاریە لەو هیزو دەسەڵاتە. بەواتایەکی تر روبینای سیاسی کە یاساو دادگا بەشیکیەتی، روبینای سیاسی هیزێکی میلیشیایی ئیسلامی سیاسی شیعی باڵادەستە لە ئێستادا… لەگەڵ گۆرانی هاوسەنگی هێزدا ئەویش دەگۆڕێت.

ئەو بریارەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاکامی ریفراندۆم بریاری دادگای ژیر کۆنترۆڵی و ئیسلامی سیاسی شیعیەو بەو مانایەش بریارێکی سیاسییە، هیچ جۆرە سەربەخۆیەک و هیچ بنەمایەکی یاسایشی نییە. ئەو دادگایە دەزگایەکی حزبی و قورمیشکراوە و هەر بریارو مەسەلەیەک کە بەنامۆ بەدەسەڵاتی خۆیانی بزانن، یان ناکۆک بە بەرەژەوەندیەکانی خۆیان بێت… ئەو دادگایە دەکەوێتە بەرامبەری و رەتیدەکەنەوە یان سزای یاسایی بەرامبەری دەگرنە بەر.

ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان… کە ٢٥ سیبتەمبەر ئەنجامدرا، جێبەجێکردنی پرانسیبێکی دیموکراسی جیگرو چەسپاو ڕێپێدراوی دنیای هاوچەرخە. دادگای فیدرالی عێراق بەر لە ریفراندۆم هیچ بریارێکی دەرنەکرد کە ئەنجامدانی ریفراندۆم نایاساییە… بەڵام کاتیک ریفراندۆم کرا، دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعی، بەهاوکاری باڵێکی یەکێتی نیشتیمانی نانخۆری قاسم سلیمانی و ئیران، هیرش سەربازی کردە سەر کوردستان و چەندین شارو شارۆچکەیان بەزۆری چەک داگیر کرد… دیارە ئەو هێرشە سەربازییە بۆسەر کوردستان هیچ پشتیوانیەکی یاسایی و  دەستوری بە پێی دەستورە… تایفی و قەومی و فیدرالیەکەی عێراقیش نەبوو… دادگای فیدرالی عێراقیش مێش میوانی نەبوو لەبەرامبەر ئەو هیرشە درندانەو پەلکیشکردنی فەرماندەو سوپای قودسی ئیراندا بۆ ناو عێراق و کوردستان… کاتێکیش قورمیشکرا، و بەدوا هیرشی سوپاو هیزێکی تایفی وەکو حەشدی شەعبی داعشی شیعیدا، بریاری نایاسی بوون و نادەستوری بوونی ریفراندۆمی راگەیاند!!

دادگای فیدرالی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٥ وە تا ئیستا، لەبەرامبەر دەیان تاوانی ئاشکرادا، هیچ رۆڵێکی نەبووە… لەبەرامبەر دەیان میلیشایی ئینسان کوژی قەومی و مەزهەبیدا، کە شەری تایفیان وەرێخست، بەسەدان هەزاران ئینسانیان سەربری و خەڵتانی خوێن کرد… بیدەنگ بووە. لەبەرامبەر دەستیوردانی ئاشکرای وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتیش ئیراندا، بێدەنگە. داگیرکردنی چەندین کیڵگەی نەوت بەدەست میلێشیا شیعەکانی خواروی عێراق و تاڵانکردنیدا، بێدەنگە. لەبەرامبەر دروستبوونی هیزی تایفی وەکو حەشدی شەعبی شیعی لایەنگر بووە. لەبەرامبەر لوشدانی نزیک بە ٨٠٠ ملیار دۆلاری داهاتی خەڵکی عێراقدا، جوڵەی نەبووە. لەبەرامبەر رادەستکردنی شاری موسڵ بەداعشدا رۆڵێکی نەبووە. هەر ئیستا لەبەرامبەر بە یاسای ئیغتیسابی مناڵانی نۆ ساڵاندا، کە براوەتە پەرلەمانەکەیان، بیدەنگە… لەبەرامبەر بە کوشتارو ئاوارەبوونی نزیک بە ٢٠٠ هەزار کەسی هیرشی ١٦ ئۆکتۆبەر و سوتاندن و دەرکردنی هاوڵاتیان بێدەنگە…  کەچی ئەم دادگا فشۆڵ و قورمیشکراوەی شیعەی سیاسی باسی نادەستوری بوونی ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان دەکات. ریفراندۆمێک لە زیاتر لە سێ ملیۆن ئینسان تیایدا دەنگیان بە بەڵێ داوە و خودی ریفراندۆمەکەو ئاکامەکەی هیزی یاسایی ‌هەڵوەشاندنەوەی چەندین دادگای ئاوا موچەخۆری هەیە. ریفراندۆم لەرێگای بەکار‌هێنانی هێزی چەکداریەوە ئەنجام نەدرا، بەڵام دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعی بە هیرشی سەربازی بۆسەر خەڵکی کوردستان و لەژیر ناوی بەرگری لەیەکپارچەیی عێراق و بۆ تەمێکردنی سەرکێشیەکانی ‌هیزەکانی ناسیونالیزمی کورد، دەستی بۆ هیزە چەکدارەکان برد، کە نەک هیچ پاساوێکی یاسایی و دەستوری بەڵکو گاڵتەکردن و سوک نیشاندانی خودی دەستور و رۆڵی دادگای فیدرالیی نیشاندایەوە.

ئەوەی لەو نێوەدا جێگای هەڵوێستەی جدییە، بوەدەڵی و رۆڵی خیانەتکارانەی هەندێک حزبی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن و ئەو سەرۆک کۆمارو وەزیر و ئەندام پەرلەمانە کوردانەی پەرلەمانی عێراق و ئەو ریزە لە نوسەرو بەناو نوخبەو رۆشنبیرانی کوردن، کە لەبەرامبەر بەو تاوانکارییە گەورەیەی دەرهەق بەخەڵکی کوردستان کراو بەردەوامە، لە داگیرکاری و تەعریبەوە بۆ رەودونان و ئاوارەیی سەدان هەزارییدا، نەک بێدەنگ، بەڵکو لایەنگری لە عەبادی و کردەوەکانی دەکەن یان پاسای بۆ دەهێنەوە… ئەو بەشە وەکو پێشتریش لەوتارێکی تردا وتومە، لە وەزیرو ئەندام پەرلەمانی ژیر سایەی سەدام حسێنی گوڕبەگۆرکراودا، سوکتر و خۆفرۆشتر و تاوانبارتر و لایەنگری لە دیکتاتۆریەتن لەدژی خەڵکی کوردستان. هیچ رەخنەو نارەزایەییەک لەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و کاروکردە سەرکوتگەرانەو رەفتار و دزی و گەندەڵی و تاوانکاریەکانیان، رەوایەتی نادات بۆ بەرگری لە هیرش بۆسەر خەڵکی کوردستان و پشتیوانیکردن لە عەبادی کریگرتەی ئیران…

ریفراندۆم مافی خەڵکی کوردستان و ئاکامی ئەو ریفراندۆمەش دەستکەوتێکی حاشالێنەکراو و قابیلی هەڵوەشاندنەوە نەک نییە، بەڵکە پیداگری لەسەر سەربەخۆیی بە پشتیوانی ئەو ئاکامەی لە ریفراندۆمدا بەدەست هاتووە، هەم بریاری دادگای فیدراڵی پوچەڵ دەکاتەوە، هەم لایەنگرانی داگیرکاری کوردستان و عەبادی ریسواتر لە بەعسیەکانی سەردەمی سەدام حسێن دەکات. دادگای فیدرالی و هەموو بریارەکانی ئەو دادگایەش نایاسایین و بریاری سیاسی و تۆڵە ئامێزن…

تێبینی:ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٧  بەرواری ١/١٢/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە…www.bopeshawa.net

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *