Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 داوایەک بۆ ڕیکخراوەکانی ژنان و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە هەرێمی کوردستان

داوایەک بۆ ڕیکخراوەکانی ژنان و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە هەرێمی کوردستان

 گۆنا سەعید :
لە یادی ٨ ی مارس رۆژی جیهانی ژنان لە ٢٠١٦ ، لە هەرێمی کوردستان پەرلەمان نەماوە تا وەک ساڵانی رابردوو داوای باشکردنی یاسا دژە ژنەکانی لێ بکەین .. سەرۆکی هەرێم کەس نازانیت لە کوێ خەریکی چیە تا نامە بێ وەڵامە پڕ لە واژۆکانی بخەینە بەردەست .. حکومەتی هەرێم لایەکی ڕووخاوە و لایەکەی تری دوودەوامن ، کاتیان نیە تا سەیری لائحە و لیستی داواکاریەکانی ئێمە ی ژنان بکەن .. کەوایە لەم ٨ ی مارسەدا چی بکەین ؟ ..
با ٨ ی مارسی ئەمسال ڕێکخراو و چالاکانی ژنان ئەو تەقلیدە باوە تێک بشکێنن کە تەنها بۆ داواکاری مافەکانی ژنان بێنە مەیدان ، با ئەمساڵ ٨ ی مارس بکەینە ڕۆژی هێز نواندنی جەماوەری ژنان دژ بەم دەسەڵاتەی هەرێم و بۆ داواکاری موچە و نان و ئازادی و خزمە تگوزاری جەماوەری ژنان بێنینە مەیدان . ..
هەموو باش دەزانین ئەم دەسەڵاتە دەمێکە نەک هەر باکی بە ژیان و سەلامەتی و مافەکانی ژنان نەماوە ، بەڵکو باکی بە ژیان و گوزەرانی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان نەماوە و چەند مانگێکە موچە و دەرماڵە و کارەبا و نەوت و غاز و ئاو و خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندنی هەمووی بڕیوە و ، تەنها خەریکی پاراستنی دەسەلاتە لەرزۆکەکەی و سەروەت و سامانی بنەماڵە و بەرپرس و سەرکردەکانیەتی ..
ئەم دەسەڵاتە خەڵکی کوردستانی گەیاندوە بە جێیەک کە هیچ ڕۆشناییەک لەبەردەمیان بەدی ناکەن بۆ باشتر بوونی باری ژیان و گوزەران و دابین کردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان .. ژنان هەم وەک خۆیان و هەم وەک ئەندام و سەرپەرشتیاری خێزانیان بە قورسی باجی ئەم بارو دۆخە دەدەن ، چونکە جگە لەوەی کە بەشێکی زۆری هێزی کار وەک مامۆستا و کارمەند و کرێکار پێک دێنن کە موچەیان نیە ، هەروەها ئەرکی بەڕیوەبردنی ماڵ و ژیانی خێزان و سەرپەرشتی مندالان و وە بەردەوامی توند تیژی خێزانی لەسەریان لە ماڵەوە ، دەیان ئەوەندەی جاران قورسایی دروست کردوە بەسەر ژیانیاندا ..
بۆیە چالاکان و ڕێکخراوەکانی ژنان ئەگەر دەیانەوێت لەم ٨ ی مارسەدا وەک نوێنەری راستەقینەی هەم نەهامەتیەکان و هەم داواکاری و خەباتی ژنان دەرکەون ، ئەوا با بانگەواز بکەن لە جەماوەری ژنان تا رۆژی ٨ ی مارس بکەنە رۆژی مانگرتنی سەرتاسەری ژنان بۆ داوای یان گەڕانەوەی موچە و دەرماڵە و خزمەتگوزاریەکان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ، وە یان ئیستقالە دانی ئەم حکومەت و دەسەڵاتەی ئیستا … ئەمە نمونەیەکی سەرکەوتووی خەباتی ژنانی زۆربەی وولاتەکانی ئەوروپا بوو لە سەرەتای سەدەی ٢٠ دا کە سالانی دوای راگەیاندنی ٨ ی مارس وەک رۆژی جیهانی ژنان ، بە خۆپێشاندانی ملیۆنی لە یادی ٨ ی مارسدا چەندین جار ئەوروپایان هەژاند و جگە لە داواکاریەکانیان بۆ باشتر کردنی ژیان و مافەکانی ژنان ، هەروەها بە داواکاری ” نان ” و ” ئاشتی ” و ” وەستانی شەر” بزوتنەوەیەکی فراوانیان بەرپا کرد و هێزێکی گەورە و کاریگەری خەبات و شۆڕشەکانی ئەو سەردەمە بوون ..
٣/٣/٢٠١٦

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *