Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ده‌رباره‌ی یه‌كێتیە کرێکاریەکان ، باسێک لە سیمیناری حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا

ده‌رباره‌ی یه‌كێتیە کرێکاریەکان ، باسێک لە سیمیناری حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا

 دەقێکی وەرگیراو لە کاسێتەوه‌

وەگێڕانی لە فارسیەوە: جەبار مسەفا

سەرنجێک:

ئەم باسە لە سایتی حیزبی حکمەتیست ( هێڵی ڕەسمی) وەرگیراوە و له (کۆمۆنیست)‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر من بۆ بەرنامەی ئاسۆی کرێکاری، کە لە ڕادێۆی پێشەنگی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانەوە پەخش دەکرێت، وەرمگێرایە سەرکوردی و ئامادەم کرد و لەچوار ئەڵقەی ئەو بەرنامەیەدا پەخش کرا. لەبەر گرنگی باسەکە و بۆ ئەوەی بەدەقی نوسراو هەبێت بۆ خۆێنەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری، بە پێویستم زانی لە دیدگای سۆشیالیستدا بڵاو بکرێتەوە. (وەرگێڕی کوردی)

ڕاستیەکەی من وابۆی دەچم کە ڕوی سەرەکی باسەکەی هاورێ ئەمیر لە قسەکانیدا، رەخنە بێت لە ئیكۆنۆمیزم و تریدیونیزم سەربارەی بەدیکردنی هەوڵێک بۆ ئەوەی خودی خەباتی ئابوری و خودی یه‌كێتیە کرێکاریەکانیش جیابکرێنەوە لە سیاسەتی تریدیۆنیستی و ئیكۆنۆمیستی. بەڵام کاتێک بیرم لە سەرجەم باسەکە کردەوە دیتم بڕێک ستەم لە خەباتی ئابوری کراوە وابۆی دەچم کە دەبێ قسە لەسەر بایەخی خەباتی ئابوری و گرنگیەکەی بکەم بەتایبەتی کە لە کۆتایی قسەوباسەکەی هاوڕی ئەمیردا جێگاوڕێگای واقعی خەباتی ئابوری کەمڕەنگ کراوەتەوە. سەرباری ئەوەی کە بە ئاماژە دان بە چەند لاوازیەک کە هەن و بە کەسانێک کە لە ئێمە جیاوازن، ڕەزمەندگان و ڕاهی کارگەر ولادانەکانی ئەوان، بە بۆچونی من لادانێکی واقعیتر و ترسناکتر کە ڕوبەڕوی ئێمە دەبێتەوە، کەمڕەنگ کراوەتەوه‌.

سەبارەت بەوەی کە ئایا خەباتی ئابوری دەروازەی یەکەمی هوشیاری کرێکاری یان دەروازەی یەکەمی خەباتی چینایەتیە یان نا، پێموایە دانی چەند سەرنجێک پێویستە. بە بۆچونی من خەباتی ئابوری دەروازەی هوشیاری کرێکاریە. واتە ئەو بۆچونەی کە گوایە چینی کرێکار بە بێ دركکردن بە بونی خۆی وەک فرۆشیاری هێزی کاری دەتوانێ بە ئاگایی سۆشیالیستی لە پێناوی هێنانەدی سیستەمێکی نوێ بگات، کارێکی ئەستەم و دژوارە. پێموایە کە پرۆسەی خۆڕسکی پەیوەستبونی کرێکاران بەهەر جۆرە خەباتێکەوە لەو شۆینەوە تێدەپەڕێت کە ئەوان پەیبەرن بە بارودۆخی خۆیان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا وەک فرۆشیاری هێزی کار و هەمو ئەو زوڵم و ناعەدالەتیەی سەرچاوەی لێوه‌دەگرن، کە بەرامبەریان دەکرێت.

دووهەم بە بۆچونی من بە ڕێکەوت نیە کە یونیۆنیسم و ئیكۆنۆمیزم پەیوەستن )تداعی) بە خەباتی ئابوریەوە، دورخستنەوە لە سیاسەت پەیوەستە بە خەباتی ئابوریەوە، هەروەها ئەوەش ڕێکەوت نیە کە بە شێوەیەکی سروشتی، سەروسیمای بەشێكی زۆر له‌ کرێکارانی پێشڕەو وهەڵسوڕاو لە مەیدانی خەباتی ئابوریدا پەیدا دەبن و دەناسرێن. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشداریکردن لە خەباتی ئابوری لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی بۆرجوازیەوە ئاسایترە. واتە سروشتیە کە کەسێک گەرەکی بێت کاڵاکەی خۆی بە نرخێکی بەرزتر بفرۆشێت، یان کەسێک گەرەکی بێت وەک ئینسان مافی هەبێت، بیمەی هەبێت تەندروستی و کرێی بەرزتری هەبێت و لە هەمان کاتدا دژ بە رژێمی مەوجود نەبێت و خوازیاری ژێرەوژورکردنی نەبێت. کۆمەڵگە ئەم شتە دەسەلمێنێت، تەنانەت لە سایەی فاشیستترین حکومەتدا کاتێک کە ئێوە دەڵێن هەر خەباتێکی ئابوری لە لایەن بۆرجوازیەوە سەرکوتدەکرێت، من دەڵێم هەر لە سەرەتاوە خەباتی کۆمۆنیستی و سۆشیالیستی سەدان قات خراپتر سەرکوتدەکرێت. لەهەندێک شوێندا و لە فاشیستترین وڵاتدا، ناڕەزایەتی لە سەر سەعاتکار، لە پێناوی بیمەدا، ناڕەزایەتی لە پێناو بارودۆخی تەندروستی کارخانە، کۆمەڵە شتێکن کە زیاتر قبوڵدەکرێن تا خەبات لە پێناوی لەناوبردنی دیکتاتۆریەتدا یان خەبات بۆ لە ناوبردنی موڵکداری تایبەتی. گەرەکمە بڵێـم ئەوە دروستە کە ئەم خەباتی ئابوریەی چینی کرێکار بە خێرایی لە قۆناغێکی مێژویی دیاریکراودا و لە وڵاتێکدا دەکێشێتە مەیدانی خەباتی سیاسیەوە لەسەر دەسەڵات، یان بۆ جەنگێک – لە بابەتی ڕاپەڕین یان بە هوشیاریەوە بۆ گرتنی دەسەڵات. بەڵام واقعیەت ئەوەیە کە بە ڕەواڵی گشتی کۆمەڵگەی سەرمایەداری هەمیشە بوارێک بۆ خەباتی ئابوری دەکرێتەوە. خۆ ئەگەر ئەمە نەبێت بەشیوەیەکی سروشتی چینی کرێکار بەرەوە هەڵچون پەلکێشدەکرێت و هەر لەناو دەچێت . چونکە خودی بوونی چینی کرێکار و پەیوەندی بە سەرمایەوە لە گرەوەی ئەم خەباتەدایە. بۆیە ئەوەی کە من دەمەوێ بیڵیم ئەوەیە کە مەترسیەک کە هەڕەشە لە ئێمە دەکات ئەوە نیە ڕەوتێک بێت لەبەرامبەر ئێمەدا ئیكۆنۆمیزم و سەندیکالیزم نۆێنەرایەتی بکات. راستیەکەی مەترسی لەوەدایە کە ئێمە لە میانەی سنوربەندی لەگەڵ ئیكۆنۆمیزم و سه‌ندیكالیزمدا و بەناوی ئەو سنوربەندیەوە خەباتی ئابوری و جێگاورێگای مێژویی ئەو خەباتە بۆ ئەم چینە، و جێگاوڕێگای هەمیشەیی بۆ ئەم چینە وە هەروەها جێگاوڕێگای تاکتیکی بۆ حزبی کۆمۆنیستی ئێران، نادیدە بگرین. جێگایوڕێگای مێژویی خەباتی ئابوری بەو واتایەی کە وتم بەشێکی خۆدئاگایی چینی کرێکارە و ئەگەر ئەم پرۆسەیە بخەینە ژێرباری بارودۆخی دیکتاتۆری و سەرکوتی سیاسیەوە، ئەوکات بەو ئەنجامە سەیروسەمەرەیە دەگەین کە هاوڕێ ئەمیر پێگەێشتوە کە دەڵێت “بیرکردنەوەی کرێکاری ئێرانی بەراورد ناکرێت بە بیرکردنەوەی کرێکارێکی مامناوەندی ئینگلیزەوە”. من ئەمە ناسەلمێنم. ئەم خۆپەرێشانکردنە دژ بە حکومەتی ناوەندی بە بێئەوەی نیشانیبدات کە چ ئەڵتەرناتیڤێک ئەم کرێکارە بەرامبەر حکومەتی ناوەندی بەرجەستە دەکاتەوە، بە بێئەوەی مەعلوم بێت کە ئەم کرێکارە دیاریکراوە کە بەرامبەر حکومەتی ناوەندی زەلیل، بە چ شتێک فریودراوە، خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێک نیە، خۆی لە خۆیدا نیشانەی ئاستێکی باڵاتری هوشیاری نیە، بەتایبەتی نیشانەی ئاستێکی باڵاتری خەمڵینبوون نیە لە ئەزموندا، تەنانەت نیشانەی ساویلکەیی و نەبوونی هەرجۆرە ئەزمونێكه‌.

خاڵی لاوازی سەره‌کی چینی کرێکاری ئێران لە هوشیارنەبونی بەوەی دەبێ یەکگرتوبێت بەرجەستە دەبێتەوە. چینی کرێکاری ئینگلتەرا بە سونەت خاوەنی ئەم درکەیە. چینی کرێکاری ئێران بە بونی بە ئامرازی دەستی حزبە بورجوازیەکان دەناسرێتەوە. چینی کرێکاری ئینگلتەرا بە دەستی خۆی حزبێکی بۆرجوازی ڕێکخست. بەڵام ئەگەر ئێوە بڵێن دەکرێ چینی کرێکاری ئینگلتەرا هەروا بە ئاسانی بچێتە ژێرباری کارکردی فاشیست و کارکردی کۆنسرڤاتیڤ و لیبراڵ وئەۆروکۆمۆنیستەکانەوە؟ نا ، ناچێت؛ ئەو بە سونەت و ڕەوشە دیاریکراوە عەقیدەتیەکانی دەرونی چینەکەی خۆی پابەندە. چینی کرێکاری ئینگلیز هوشیارانەتر ریفۆرمیستە. چینی کرێکاری ئێران هەمیشە ئامرازی دەستی موجاهدین، خومەینی؛ بەرەی نیشتمانی و حزبی تودە بوە. دەمەوێت بڵێم چینی کرێکاری ئێران بەوەی کە پێداگری لەسەر داخوازیە ئابوریەکانی نەکردوە، بەوەی کە عەقڵێکی پەیوەست بە داخوازیە ئابوریە هاوبەشەکەی نەبووە، لە بناغەوە بوەتە زەمینەی نەشونمای پۆپۆلیزم و نەشونمای حزبە وەردەبورجوازیەکان و زەمینەی لاوازی مێژویی کۆمۆنیزم.

ئەگەر ئێوە بهێننە بەرچاوی خۆتان کە کرێکارانی پیشەسازی نەوت بەو ڕادەیەی کە وەک کرێکارانی ڕشتەیەک – وەک کرێکارانی ڕشتەی نەوت- و بە کاری ئابوری خۆیان – دەستیان بدایەتە خەبات و تەنانەت ئەگەر نەشیانوتایە بروخێ ئەزهاری – بەهەمان ڕادە یارمەتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیان دەدا لەبەرامبەر بزوتنەوەی ئیسلامیدا، ئەوکات ئەتانزانی کە خودی زەینی چینایەتی – ئابوری چینی کرێکار چ رۆڵیکی گرنگی هەیە لە ئاسانکردنی کاری کۆمۆنیستەکان لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنێکدا کە گەرکیەتی تەنها چاکسازی لە رژێمەکاندا بکات و حکومەتێکی سەرکوتگەر بگۆڕێت بە جۆرکی تر لە سەرکوت. ئەمڕۆ دەکرێ کرێکاری ئێرانی بە سانایی دوبارە ببێتە ئامرازی دەستی ئۆپۆزیسۆنی ناکۆمۆنیست و دووبارە لە شۆڕشی ئێراندا بکەوێتە دوای مەسەلەیەک و کڵاوبنێنە سەری، بەهۆی ئەوەی کە درکێكی ڕۆشنی لە خەباتی ئابوری نیە.

خاڵێکی ترکە لە ڕوی مێژویەوە تۆمارکراوە ئەوەیە کە خەباتی ئابوری چینی کرێکار جۆرێکە لە سەنگی مەحەکی کۆمۆنیزمیش. ئێوە سەیری پۆڵەندا بکەن؛ دوای سی ساڵ، چل ساڵ، پەنجا ساڵ بە شوێنێک گەیشتین کە ژمارەیەک کەس هاتن وتیان سۆشیالیزم ونەزمی نوێ و لەولاشەوە ژماریەکی تر وتیان نانی شەو و سەعاتکار. بە شێوەیەکی مێژویی سەنگی مەحەک ئەوە بو کە ئەو سۆشیالیزم و نەزمی نویێە سەرئەنجام دەچێتەوە سەرئەوەی کامیان نانی شەو سەعات کار بەشیوەیەکی ئاسانتر دابیندەکەن؟ ئایا ئەو بیرۆکەیەی کە ئینسان سەر لەبەیانی ماسیگرە، دوانیوه‌ڕۆ له‌حیمچی و شەوانەش بۆیەچی جێبەجێدەبێت؟ واتە بارودۆخی بابەتی و مادی چینی کرێکار لە هەموکاتدا دەبێتە مایەی سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکان و مایەی حەقانیەتی هەر بۆچونێکی کرێکاری، ئەگەر وابێت ئەوە ئەم خەباتی ئابوریە کەمڕەنگ دەبێتەوە – ئەم داخوازیە ئابوریانە وەک تەوەرەی سەرەکی بونی چینایەتی چینی کرێکار – بە بۆچونی من دەکرێ ببێتە قاڵبی هەر شتێکی ڤۆلۆنتاریستی )كاری خۆبه‌خشانه)‌. ” باشە ئەوە دوڵەتی تۆیە ئیتر” ” ئیتر خۆماڵیمان کرد” ویان ” ئەوە حکومەتەکە سۆشیالیستیە” یاخود ” بەره‌یەکی دژ فاشستیە ئیتر“. (٢)

بە بۆچونی من بەو ڕادەیەی چینی کرێکار پێداگری لەسەر قازانجە ئابوری و داخوازیە تایبەتەکانی خۆی دەکات بەهەمان ڕادە یارمەتی کۆمۆنیستەکان دەکات، نەک حزبە ریفۆرمیستەکان، کە لەسەر مەسەلەی دەسەڵات لەنێو خودی بۆرجوازیدا لە کێشەدان. چونکە تەنها کۆمۆنیستەکانن کە سیستەمێک بۆ کۆمەڵگە پێشنیار ده‌کەن کە توانای جێبەجێکردنی قازانج و داخوازیەکانی ئەوانی هەبێت. یەکێک لە فاکتۆرەکانی ڕسواکردنی ڕیڤێژنیزم وریفۆریزم لە حزبەکان دوای کۆمینترن ڕێک هەمان داخوازیەکانی چینی کریکار بو . پێموایە ئەم خاڵە لەم باسەدا كەمڕەنگە.

بەڵام سەبارەت بە خودی ئێران بە بۆچونی من ئەو شتەی هەڕەشەمان لێدەکات دووربونە لە چینی کرێکار نەک کلکایەتی کردنی چینی کرێکار. هەر لەبناغەوە من پێموانیە کە راهی کارگر و ڕەزمەندگان و ئەوانی تر کە گەره‌کیانە ڕەوتێکی سه‌ندیكالیستی پێکبهێنن، هێزلە ئێمەوە بگرن. وابۆی دەچم بە پێچەوانەوە بێت. ڕاهی کارگر و ڕه‌زمەندگان و هاوشیۆکانیان بە نیازن جارێکی تر وانیشانبدەن کە لە داهاتوی دیموکراسیدا ئەوان کرێکارین و ئێمە ڕۆشنفکرین. ئەگەر گەرەکت بێت ئێستا بزانی کە چ لادانێکی ریڤیژنیستی هەڕەشە لە حزبی کۆمۆنیست لە پەیوەند بە چینی کرێکارەوە دەکات، ئەوە من دەڵێم هەر لە بناغەوە ئیکۆنۆنیزم و سەندیکالیزم نین، بەڵکو دیسان ڤۆڵۆنتاریزم و پۆپۆلیزم و رۆشنفکرگەراییە. ئەگەر واقعبینانە بڕوانیت دەبینی کە هەستیاربونی حزبی ئێمە کەمە سەبارەت بەو لایەنانەی پەیوەستن بە داخوازی ئابوری، بونی بابەتیانەی چینی کرێکار و خەباتی رۆژانەیەوە. ئا لەوێدایە کە ئێمە هیچ نازانین، ئا لێرەدایە کە یەک کەس لە ریزەکانی ئێمەدا خاوەن بۆچون نیە. ئا لێرەدایە کە رۆژنامە و ڕادێو وشتەکانی ترمان خاڵین. وای بۆ دەچم لە سبەی رۆژدا کە قەیرانی شۆڕشگێڕانە گەشەدەکات، ئەو ڕەوتەی کە ڕاپێچی دەروەی چینی کرێکار دەکرێت و دوردەکەوێتەوە لێی ئێمەین نەوەک ڕەزمەندگان. ئەم کلکایەتیەی ڕەزمەندگان یان ڕاهی کارگەر لە خۆیانی نیشاندەدەن لە ئیكۆنۆمیست بونیانەوە سەرچاوەی نەگرتوە، من دڵنیاتان دەکەم کە لە هەوڵیانەوە بۆ ڕاکێشانی کرێکارانەوەیە. وانیە کە ڕیڤیژنیزمی ڕوسی کتوپڕ و لە ناکاو لە ئێراندا بە ئیکۆنۆمیست لە ناو ئاوەوە هەڵقوڵابێت، و بیر لەوە بکاتەوە کە داخوازیە ئابوریەکانی کرێکاران دەبێ جێبەجێبکرێن، وای بۆی دەچێت کە بەهێزی خودی خۆیان دەبێ جێبەجێبکرێن، یان وادەزانێ کە ئەمە ئامانجی سەرەکیە! نا هەرگیز وانیە. ڕاهی کارگر بەرگری لە داخوازیە ئابوریەکان و رێکخراوە کرێکاران دەکات بۆ ئەوەی خۆی خۆشەویست بکات لایان. بۆ چی؟ بۆ ئەوەی سیاسەتە فەوقی و ئێرادەگەریانە و دژە کرێکاریەکانی و تەنانەت دژ به‌ داخوازیە ئابوریەکانی رۆژانی داهاتودا بەرێتە پێشەوە. گەره‌کیەتی کرێکاری بێتەوە. ئەمە بەشێکی پرۆسەی کرێکاری بونەوەی ڕەزمەندگانە. دەبێ لەو چوارچێوەیەدا لەم دیاردەیە وردبینەوە، ئەمە جۆری نیشاندانی هەستیاری ئەم ڕەوتانەیە بە مەسەلەکانی خودی چینی کرێکار.

کاتێک کە ڕەخنە لەوانە دەگرین، ئەگەر ئەم لایەنە نادیدەبگرین و پێان بڵێێن ئیكۆنۆمیست، بە بۆچونی من لە گۆڕەپانی ئەواند یاریدەکەین، ئەوە ڕاستە کە ئەوان بە عەقیدە ئیكۆنۆمیستن بەڵام ئەم تەبلیغاتە ئیكۆنۆمیستانە خەسڵەتی نزیککردنەوەی ئەم ڕیکخراوانەی هەیە لە چینی کرێکار، ئەمە شتێکە کە ئێمە بێئاگاین لێی.

من دەڵێم کەمڕەنگکردنی خەباتی ئابوری لەم بڕگەیەدا، کەمڕەنگکردنی جێگاوڕێگای لە سەرجەم خودئاگایی چینی کرێکار، کەم ڕەنگردنی لە پەیوەندی حزبدا، بە کرێکاران و شۆڕشی سۆشیالیستیەوەیە، ئەنجامەکەشی دەبێتە ئەوەی کە ئێمە بگۆڕێین بە ڕیکخراوی پەیکار یا ڕەزمەندگانی دەورانی کۆن، واتە رێکخراوێکی بێ پەیوەندی بە چینەوە.

سەرئەنجام با باسەکەم بەم شێوەیە فۆرمۆلە بکەم؛ من دەڵێم خەباتی ئابوری بەشێکی خەباتی چینایەتیە. ئەمە لە باسەکەی هاوڕێ ئەمیردا کەمڕەنگ کراوەتەوە. ئەوە ڕاستە کە هەوڵیداوە لە زۆر شۆێندا خەباتی ئابوری لە ئیكۆنۆمیزم و شتەکانی تر جیابکاتەوە، بەڵام کاتێک دەگەینە کۆتایی باسەکەی بەوجۆرە جەختکردنەوە و ڕاوەستانانە وابزانم کە لێرەدا خودی خەباتی ئابوری سەرکوت دەکرێت. بە بۆچونی من خەباتی ئابوری نەک چارەنوسسازە، بەڵکو هەڵە نیە گەر بڵێم هەنگاوی یەکەمی رێکخراوبونی چینی کرێکارە. هەڵە نیە گەر بڵێم هەنگاوی یەکەمی خودئاگایی چینی کرێکارە. بە بۆچونی من جەختکردنەوەی زۆر لەسەر سنوربەندی زۆر ورد بەم مەسەلەیە ئەگەری ئەوەی هەیە ئێمە بەرێتە لایەکەوە کە ئەو پرۆسە چارەنوسازە، نا دیدەبگرین.

لە چوارچێوەی مێژویی واقعی ئێرانیشدا ئەگەر بڕوانین دوبارە ئەوە ده‌بینین کە ڕەواڵی باو ئەوەبوە حزبە چەپەکانی ئێران، لە سەرو چینی کرێکارەوە، بۆ سودورگرتن لە چینی کرێکار وەک “دیموکراتخوازی پەیگیر” بانگەوازیان کردوە، یاخود هەر نەیانکردوە، بۆ گۆڕینی رژێم بە دانەیەکی تر کە لە بناغەوە بە جیا لە سونەتی کرێکاری خەمڵیەوە، وەک هێڵی چریکی.

لە کام لاوە ئێمە دەتوانین نزیکبینەوە لە چینی کرێکار و لە ئیکۆنۆمیزم؟ لنین کاتێک ڕوبەڕوی ئەم مەسەلەیە دەبێتەوە، بزوتنەوەی ڕۆشنبیرانی نیە، بەڵکو بزوتنەوەی کرێکارانی روسیای هەیە کە ئیکۆنۆمیستن وشەڵاڵی ئیکۆنۆمیزمن و هەرئەوانیش سۆشیال دیموکراتن. واتە ئەستەم بووهەیکەلی سۆشیال دیموکراتی لە هەیکەلی بزوتنەوەی ئیکۆنۆمیستی ساڵی ١٩٠٣ – ١٩٠٥ جیابکرێتەوە. سۆشیال دیموکراسی روس وەک بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکارانی روسیا دەستیپێکرد. کۆمۆنیزمی ئێران وەک باڵی چەپی بزوتنەوەی ڕۆشنفکری – لیبراڵی و بزوتنەوەی دینی – وردە بورجوازی دەستیپێکرد و هیچ ڕەگوڕیشەی لە خەباتی ئابوری چینی کرێکار و کەشوهەوای ئەو خەباتەدا نیە هەر بەو هۆیەشەوە بێئەندازە لەم چینە و رابەرانی عەمەلیەوە دورە.

توانایی مێژویی حزبی تودە، ئەکسەریەت و راهی کارگەر بۆ نزیکبونەوە لە ڕابەرانی عەمەلی لەوەدایە کە ئەوان لەم سونەتەوە، لە سونەتی پۆپۆلیزمەوە سەریان دەرنەهێناوە. بەڵکو لە سونەتی ڕوسیەوە سەریان دەرهێناوە و خەباتی ئابوری چینی کرێکار جێگا و ڕێگایەکی تایبەت و پڕ بایەخی هەیە لە سونەتی ڕوسیدا. ئەویش ئەوەیە : تا لە ئۆپۆزسیون دایت فوی پیادا بکە، کاتێکیش بە دەسەڵات گەیشتیت دەرچۆ لەژێری ئەمانیش هەر ئەم کارە دەکەن، درکیان ڕۆشنە، لە کاتێکدا ئەگەر بڕوانیتە پێشینەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە ڕەخنەگرتن لە ڕەوتگەلێکی ڕوشنفکری وناکرێکاری لەدایک بوو نەک وەک ڕەوتێکی ڕادیکاڵی ناو خودی بزوتنەوەی کرێکاری و ناو سونەتی تێکۆشانی ئابوری و سیاسی چینی کرێکاری ئێران، درێژەی سونەتی یەکەم حزبی کۆمۆنیستی ئێران نیە – هەر وەک هاوڕی تەقی دەڵێت – درێژەی سروشتی و کلاسیکی ئەو حزبە نیە، خەریکە لە قوتبێکی ترەوە لەو دیاردەیە نزیک دەبێتەوە.

خاڵێکی گرنگتر کە پێشتر ئاماژەم پێدا و ئەنجامگیریم لێنەکرد و وازملێهێنا ئەوەیە کە خەباتی ئابوری مەیدانێکە کە چینی کرێکاری تیادا هوشیاردەبێتەوە و شێوەکانی رابەریکردنی خۆی وباسکردن لە خودی خۆی تێدەگات. سەرباری ئەوە مەیدانێکە کە دەکرێت بە یاسایی خەباتی تیادا بکات – هەرچەند سەختیش بێت- ئەگەر لە بنەڕەتەوە مەیدانێک هەبێت کە کرێکارێک لە ڕوی یاساییەوە خەباتی تیادا بکات، مەیدانی خەبات ئابوریە. ئەگەر نا دەبێ بەدور لە خەباتی یاسایی پێنوسێک بگریت بەدەستەوە و بچیت پێشمەرگە پەروەردە بکەیت و لە شاخەکانەوە بێیت و شارەکان بگریت. بەلام ئەگەر بکرێت باس لە تێکهەڵکێش کردنی کاری یاسای و کاری نایاسی بکرێت ، دەبێ ئەوە بسەلمێنیت کە ئەو مەیدانە یاسایە لە ئێراندا خەباتی ئابوریە، یان خەباتی ڕشتەیی و یان خەباتی تۆێژیکی دیاریکراوە لە چینی کرێکار، بۆ نمونە تۆێژی ژنان، بەشی شارەوانیەکان یان بەشی گەنجانی چینی کرێکار.

ئەگەر حزبی ئێمه‌ گەرەكی بێت کرێکاری بێتەوە، دەبێ لەم قۆناغدا بتوانێت کاری یاسایی بکات و ئەگەر بتوانێت کاری یاسایی بکات دەبێ بتوانێت ببێتە رابەری خەباتی ئابوریش. من لێرەدا گەره‌کمە ئەم خاڵانە بەیەکەوە پەیوەست بکەم. واتە پەیوەستبونی ئێمە بە کرێکارانی پێشڕەو و پەیوندبون بە بەشی پێشڕەوی چینی کرێکاری ئێران، ئەمڕۆ بۆ حزبی کۆمۆنیستی ئێران، روکردنە چینی کرێکار هەستیاربونە بە خەباتی ئابوری ئەم چینە. هاوڕێ ئەمیر لە باسەکەیدا ئەم خاڵەی تێپەڕاند و پێموایە ئەنجامگیریەک کە لە کۆتایی باسەکەیدا دەکرێت ئەوەیە کە جارێکی تر جەخت لەوە بکرێتەوە کە “کرێکاران سیاسین” و ئەگەرهەرکەسێک باس لە خەباتی ئابوری بکات، یاخود گەرەکی بێت ڕێکخراوی تایبەتی بۆ خەباتی ئابوری پێشنیار بکات، یاخود لە ئەمڕۆدا رێکخستنی خەباتی ئابوری بە ئەرکی دەستەبەجێی کۆمۆنیستەکان بزانێت، ڕەنگە بدرێتە بەر تۆمەتی ئیكۆنۆمیزم، من ئەمە بە دروست نازانم.

پێم وانیە جیاوازیەکی زۆرمان هەبێت لە بۆچونەکانمادا. پێموایە هۆیەکی ئەوەیە کە هاوڕێ ئەمیر باسەکەی خۆی لە بەرامبەر ئیكۆنۆمیستەکاندا فۆرمۆلە کردووە. لە کاتێکدا بە بۆچونی من ئەوەندەی پەیوەستە بە بزوتنەوەی کرێکاریەوە، بناغەی پلمیکی ئێمە لە بەرامبەر ڤۆڵۆنتاریستەکان و ڕۆشنفکراندایە. راستیەکەی بە بۆچونی من، ئێمە لە ئێراندا ئیكۆنۆمیستمان نیە. بەهەمو ئەو بەڵگانەی کە باستکردن ئێمە لە بنەڕەتەوە ئیکۆنۆمیستمان نیە. هەرکەسێک لەوێیە بۆ ئامانجێک لەوێیە. هەرکەسێ باس لە داخوازی ئابوری دەکات، دردیکی تری هەیە. کرێکارێك کە هاتوە بڵێت هەشت سەعات کارم دەوێ لەوە ناچێێت ببنە پێنچ نەفر. هەر کەسە و خەیاڵی لە شۆێنێکە. بەڵام بە مەسخرەکردنی ئێکۆمۆنیزمیش لەئارادایە، هەر لەو دیدگایەی کە “کرێکار بە سونەت ئابوریخوازە” ئەو لایەنە بە ناچارکۆمۆنیزم دەکاتە گاڵتەجاڕی بۆ ئەوەی هێز پەیدابکات. پێموایە ئێکۆنۆمیستەکانی ڕوسیای ساڵەکانی ١٩٠٥ – ١٩٠٦ ئەوەندە ساویلکە نەبون کە وابیربکەنەوە و بڵێن، ئیستا سیاسەت دەسپێرین بە بۆرجوا لیبراڵەکان و بەڕاستی ئێمە سەرقاڵی خەباتە ئابوریەکەمان دەبین. ئەوان بۆچونیان وابو کە ئەمە ڕیگایەکە دەبێ چاوببڕێتە کرێکارن، و لە نێویاندا گەشەبکات…. و بە ڕاستی کردیشی . لە شۆڕشی ١٩١٧ مەنشەفیەکان گەورەتر، فراوانتر وخاوەنی رابەرانی کرێکاریبون … بەلشەفیەکان کە بەجۆرێکی تر ڕوبەڕوی مەسەلەکان دەبونەوە ئەو ئؤتۆریەتەیه‌یان نەبوو. بزوتنەوەی کۆمیتەی کارخانەکانە کە بەلشەفیەکانی پەیوەست کردوە بە کرێکارانەوە وە ئەگەر ئەمە نەبوایە شێوەی روبەربونەوەیان بە بزوتنەوەی ئابوری تا ئەوکات بە هانای پەیوەستبوونی بەلشەفیزم بە چینی کرێکارە نەهاتوە.

ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ بەڕاستی گەرەکمان بێت بەرەو ڕاکێشانی بەشی پێشڕەوی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران بڕۆین، دەبێ هەستیاربونمان بە خەباتی ئابوری چینی کرێکار و بایەخی ئەو خەباتە بەرینە سەرەوە، نەك کەمی بکەینەوە، ئەنجامگیری من ئەوەیە کە ئەمجۆرە فۆرمۆلبەندیە ئەو هەستیاریە دێنێتە خوار.

)٣( پێموایە سەرجەمی ئەو قسانەی لەبابەتی ئەوەی ئێوە “یه‌كێتیە کرێکاریەکان کۆنەپەرستن” و قسەکانی من کە وتم “وانیە” و ئەوانەی تر، باسە سەره‌کیەکە و گرنگی باسەکە کەمڕەنگ بکەنەوە. من لێرەدا ئەوەندە جیاوازی نابینم کە یەکێک بڵێت خەباتی ئابوری وازلێبێنن و یه‌كێتیە کرێکاریەکان کۆنەپەرستن و لایەنی بەرامبەری بڵێت نا وانیە. پێموایە باسەکە لە شۆێنیکتردایە. باسەکە لە شێوەی جەختکردنیکدایە کە دەبێ بکرێت. بە بۆچوونی من سۆڵماز لە باسەکانیدا هەندێک ڕۆشنتر باسیکرد و هەوڵیدا هەمان شت بڵێت.

مەسەلەک لەوەدایە کاتێک پۆپۆلیستەکان سۆراغی چینی کرێکار دەکەن، ڕێک لەبەر ئەوەیە کە بەهایەک نادەن بە خەباتی ئابوری چینی کرێکار. ئەوان بەو شێوه‌یە ڕوبەروی مەسەلەکە دەبنەوە، ئەگەر بەهایەکیان پێبدایە، بە ئایدیایەکی سازمانی دیاریکراو، بە ئاستێکی دیاریکراو لە لەخۆبوردنی ڕێکخراوەیی، بە ئاستێک لە درککردنی قازانجی هاوبەشی ئابوری چینی کرێکار، دەهاتنە ئەم مەیدانەوە، دیارە کە ئەم کارەیان نەکردوە.

هەڵسوڕانی پۆپۆلیستەکان لە ناو چینی کرێکاردا، بۆ فراوانکردنی رێکخراوی سیاسی خۆیان بو، ئەو ڕەوتەی کە بیر لە خەباتی ئابوری کرێکاران دەکاتەوە، دەبێ بیر لەو دیموکراسیە بکاتەوە کە فەراهەمە بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی نا حیزبی، ڕێکخراوەی کرێکاری لە پێناو بردنە سەری ئاستی ژیانی چینی کرێکار، بەرگری كردن له‌ مافه‌كانی ئه‌و چینه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا یاخود بردنە سەری ئه‌و مافانه‌. هیچ کەس ئەم کارەی نەکرد. منیش پێموایە پەیکار، ڕەزمەندگان یان یه‌كێتی کۆمۆنیستەکان ئەوەندە لە خەمی خەباتی ئابوری چینی کرێکاردابوون کە یه‌كێتی کۆمۆنیستەکان بە خەمی شۆڕشی سۆشیالیستیەوە بووە. واتە هیچ. واتە تەنها قسەیان كردووه‌. چونکە بەڕاستی ئەگەر کەسێک لە خەمی شتێکدا بێت دەست دەبات بۆ کاری ڕێکخستن و جێبەجێکردنی. یه‌كێتی کۆمۆنیستەکان نە سۆشیالیزمەکان پراکتیک دەکەن و نە بە شێوەیەکی جیددی بەدوای رێکخستنی بزوتنەوەیەکی کرێکاری ناحزبیه‌وه‌ن لەسەر بناغەی ریزێک لە داخوازی ئابوری یاخود ئابوری – یاسایی . لە کاری سازمانیان لەناو کرێکاراند، بە شێوەیەکی سەرەکی بەدوای هێزگرتنەوەبوون. ئەمە هەر بەو جۆرەی کە سۆڵماز وتی رەنگێکی ئیكۆنۆمیستیان پێدەبخشێ چونکە ناچارن دوای سەدەقەی کرێکاران بکەون، ئەمە کلکایەتی کردنە. بەو واتایەی کە ئەم کلکایەتیە بەتەواوەتی ڕەنگدانەوەی پۆپۆلیزم و سیکتاریزمی ئەوان و هەر لەبناغەوە بێبەهاکردنی خەباتی چینی کرێکاره‌ – چینی کرێکار وەک فرۆشیاری هێزی کار. ئەمانە هەرگیز بەهایەک بەم کارە نادەن و تەنانەت دان بە گرنگی ئەم هوشیاریەدا نانێن.

خاڵیکی تر کە من باسیلێدەکەم – کە لەباسەکەی هاوڕی ئەمیردا کەمڕەنگ بوەتەوە – ئەوەیە کە هوشیاری چینی کرێکار وەک فرۆشیاری هێزی کار پێشترە لە هوشیاربونەوە بەخۆی وەک دەسەڵاتداری کۆمەڵگەی نوێ و….هتد. ئەم ئاگاییە پێشترە نەک تەنها لە ڕوی مێژوییەوە، بەڵکو تەنانەت لە یەک قۆناغ و ماوەیەکیشدا هەر لەپێشترە. واتە من ناتوانم کریکارێک بهێنمە بەرچاوی خۆم کە درکی نەکردبێت بە چه‌مکی “چین لە خۆیدا” ، ئەوەی کە من و فڵان کرێکار ’’یەک جۆر بەشەرین”، “من و حەسەن و تەقی یەک جۆر بەشەرین”، ئەوەی کە کرێکاران لەبەرامبەر بۆرجوازی، خاوەنکار، لەبەرامبەر دەوڵەتدا ، یەکجۆرن. یەک بابەتن ، یەک دیاردەن درک نەکردىێت ، بەڵام لە گرتنی حکومەت و لەناوبردنی مۆڵکداری تێبگات، سیاسەتی سۆشیالیستی و لەوەش زیاتر مۆدێلیکی دیاریکراو لە سۆشیالیزم، جۆرە مارکسیستە شۆڕشگێڕەکەی تێبگات.

پێموایە ئەو سیاسەتەی کە هاوڕێ ئەمیر لێرەدا لەبەرامبەر – هوشیاری خۆیی و ئابوری چیندا- بەها یپێدەدات، سیساسەتێکی دیموکراتیکە. باسی لنین لە “دەبێ چیبکەین؟” دا هەمان شتە. لنین لە “دەبێ چیبکەین؟”دا لەبەرامبەر باسی خەباتی ئابوریدا، باسی خەباتی دیموکراتیک، خەبات لە پێناوی سیاسەتی دیموکراتتیک، لە پێناوی دیموکراسیدا دەهێنێتە گۆڕێ. ئێمە هیچکات نەماندی کەسێک لەبەرامبەر خەباتی ئابوری و داخوازیە ئابوریەکانی چینی کرێکاردا، بڵێت ئەم شتانە ئەوەند ڕەنگین مەکە بەڵکو بچەسپێ بە خەبات لە پێناوی سۆشیالیزمدا! لنین هەر لە “دەبێ چیبکەین؟” دا بەمجۆرە خەباتانە دەڵێت سۆشیالیستی، ئەو بەهەندێک چاوپۆشینەوە، واتە خەباتێک کە چینی کرێکار تەنها بۆخودی خۆی دەیکات، بە کرێکار دەڵێت، تەنها بەمجۆرە خەباتەوە مەچەسپێ، بەڵکو چاوببڕە خەباتێکیش کە بە شێوەیەکی گشتی بۆ کۆمەڵگەیە، لەپێناو رزگاربونە لە ئیستبدادی تزاری! من بەم شێویە لە باسی “دەبێ چیبکەین؟” تێدەگەم. ئەمەش ئاساییە بۆ بزوتنەوەیەک کە ئەو ڕەوتەی تیدا زاڵە. ئێمە لەلایەکی ترەوە دەبێ لەم بزوتنەوەیەدا بێینە ئاراوە. ئەم چینە هەرگیز و بەدرێژایی مێژوی بەیەکجار و لەناکاو نەیگوتوە کە خۆم چیم دەوێ، تەنانەت ئێمەش نەمانتوانیوە بۆ ماوەی سێ سال لەپشتسەریەوەبین. چینی کرێکار نە ڕێکخراوی خۆی هەیە، نە حیزبی خۆی هەیە و نە کەشوهەوایەکی سیاسی ئاوەها لە ئارادایە کە بکرێت ئازادانە بڵێت من وەک کرێکارێک له‌م قسانه‌م نایه‌مه‌ خواره‌وه‌ – کارم بەوە نیە چ دەوڵەتێک لەسەرکارە.

یەکێک لە کێشەکانی هاندانی ئەمڕۆی ئێمە چیە؟ ڕۆشنکردنەوەی ئەوەی کە ئێمە ئەم مافانەمان دەوێت، هەر ئێستا، هەردەوڵەتێک لەسەرکاربێت ….کەس لەمە تێناگات هەمو دەڵێن باشە سەرئەنجام هیچ ڕیگایەک نیە جگە لەوەی ئەمانە بروخێنیت! هێنانە گۆڕی باسی چل سەعات کار لە هەفتەدا یان باسی بیمە چ مەعنایەکی هەیە! ئایا دەکرێت بە بێ سەرنگونکردنی ئەمانە ئەم شتانە بەدەستبهێنیت؟! تۆش یەکسەر دەڵێت نا ناکرێت بەدەستبێن، ئەویش یەکسەر ئەنجامگیری ئەوەدەکات کە ئیترئەو مەسەلانە وێڵ بکە و بچەسپێ بە باسی سەرنگونیەوە!

من دەڵێم ئەگەر لەبەرامبەر ئەم خەباتە ئابوریەی چینی کرێکاردا، خەباتی چینایەتی بە واتای خەباتی سیاسی چینی کرێکار بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی پرۆلیتاری لەبەرچاوبگریت، ئەوکات ئەم دوانە لەبنەڕەتەوە هیچ ناکۆک نین، ئەم دوانە هەر لەبناغەوە ناکرێت جیابکرێنەوە. واتە چینی کرێکار کە نەتوانێت بەشێوەیەکی گشتی خۆی وەک فرۆشیاری هێزی کار پێناسەبکات و داخوازیەکانی لانیکەمی بخاتەڕو ، چۆن دەتوانێ بکێشرێتە شۆڕشی سۆشیالیستیەوە، هێنانە بەرچاوی ئەم شتە بۆمن سەختە. بە بۆچونی من ئەم هوشیاریە لە دەرونی چینی کرێکاردا بێئەندازە لاوازە. کاتێک ئەمە بەراورد دەکەین بە چینی کرێکاری بەریتانیەوە، دەڵێن “دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم”ە کە بۆ ئێمە نەبوەتە هوشیاری چینایەتی، “دژایەتیکردنی ئێستبداد” ە کە بۆ ئێمە نەبوتە هوشیاری چینایەتی.

ئەگەر قسە لەسەر خودی هوشیاری چینایەتیە … بە بۆچونی من کرێکاری ئینگلیز دەیان قات لە کرێکاری ئێرانی لە پێشترە چونکە ئەو لانیکەم دەزانێ جۆرێکی دیاریکراوی ئینسانە لە کۆمەڵگەی بەریتانیدا، وئەوەش باش دەناسێت. بەڵام وابیردەکاتەوە کە ئەمجۆرە دیاریکراوە لە ئینسان دەبێ تەنها بەمجۆرە دیاریکراوە دەخاڵەت بکات لەم کۆمەڵگەیەدا، دەوڵەت بەڕێوەبەر یاخود هەرچیەکە. بەڵام لانیکەم دەزانێت کە کرێکار یانی چی، دەزانێت کرێکار و یەکسانبون بە کرێکار یانی چی، دەزانێت دوقڕان دابەزینی کرێ لە فڵان شۆێن یانی چی، دەزانێ بەدەسەڵات گەیشتنی ئەم یان ئەوکەس یانی چی. دەزانێ پەیوەندی خۆشگوزەرانی و تەندروستی بە کرێوە چیە. ئەم ئاگایی چینایەتیە خۆییە لای کرێکاری ئێران لاوازە. لەبەرامبەردا هوشیاری خەڵکگەرایی )عموم- خەڵکی)، سیاسی – دیموکراتیکی بەهێزە. ئەمە دەسەلمێنم. بەڵام با بچین حکومەتە سەرکوتگەرەکان بڕوخێنین. چی لە جیاتیان دادەمەزرێنێت؟ چینێکە ناتوانێ لە رۆژی روخانیاندا، چاودێری سەنگەری خۆی بکات و لەڕوی مێژوییەوە نەیتوانیوە بیپارێزێت … دوای موسەدەق دەکەوێت، پێی رازیدەبێت، دوای خومەینی دەکەوێت پێی ڕازیدەبێت، دوای موجاهید دەکەوێت… دوای هەرکەسێک دەکەوێت کە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی – دیموکراتیک رۆشنبکاتەوە. دووچاری وەهمێکە کە گۆایە کێشەکە لە ئیستبداددایە، دەنا تەواوی خەڵکی کۆمەڵگە تێدەگەن کە کرێکار دەبێ بارودۆخی باش بکرێت! لەوە تێناگات کە مەسەلەکه‌ وانیە. چونکە بەو ئەندازەیەی بۆچونی لەسەر چینایەتی بوونی خۆی لاوازە ، بەهەمان ئەندازە بۆچونی لەسەر بۆرجوازیش لاوازە.

بۆچی ئێستا ئێمە بەشێک لە خەباتمان دژ بە شۆڕشگەرایی ڕوکەشی دژە ڕژێمە؟ لەبەر ئەوەیە کە کرێکاریش بە هەمان شێوە بیردەکاتەوە. ئەگەر کرێکاران شۆڕشگەرایی ڕوکەشی لە خۆیان نیشان نەدەن، بۆرجوازی باشتر دەناسن، مەسەلەکە ئەوەیە ئەگەر تەنها موجاهید شؤڕشگەرایی ڕوکەشی دژە رژێمی هەبێت، ئەوە ئێمە کێشەیەکی ئەوتۆمان نابێت، کێشەی ئێمە ئەوەیە کە کرێکار دەڵێت بژی خومەینی یان دوای ئۆپۆزیسێونی نارنجۆکهاوێژ دەکەوێت.

بە بۆچونی من قسەکانی سۆڵماز ڕاستن، ئەو حیزبەی خەباتی ئابوری بەهەند دەگرێت، زنجیرەیەک دەستگای فکری – پراتیکی دادەڕێژێت. کە سەرئەنجام فشارمان بۆ دێنێت و ئێمەش هیچکات نەمانوتوە کە ئەمە کێشەی ئێمە نیە. سەرئەنجام فشارمان بۆ دێنێت، ئێمەش ناتوانین …ئەمە واقعیەتی حزبی ئێمەیە. سەئەنجام دەڵێت “سودی تایبەتی” ، “یاسای کار”، “جیاکردنەوەی کرێ بە گوێرەی ڕشتەی کار” و ئێمەش لاڵ دەبین. تەنها ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە کە بۆخۆی لەوبارەیەوە شتێک بنوسێت و ئێمەش هەندێک ڕتوشی بکەین و لە بڵاوکراوەکانماندا چاپیان بکەین.

ئەم حزبە دەبێ نیگەرانی ئەم رەوتە بێت، ئەگەرنا سەرئەنجام لە خوارەوە لە خۆی جیادەبێتەوە. با ئەم قسانە بەمجۆرە بڵێم؛ ئەگەر ئەم بارودۆخە بەمجۆرە بەردەوام بێت، بەشی کرێکاری ناو وڵاتمان بەرامبەر کۆمیتەی ڕێکخستن و رابەری دەوه‌ستێتەوە. بەشی کرێکاری دەڵێت من لەگەڵ کرێکاراندام، من لایەنگری ئەوانم، من گەره‌کمە خەباتی ئەوان بکەمە خەباتی سۆشیالیستی، ئەگەر تۆ هیچ بەرنامە ڕێگایەکت نیە، تۆ کە نازانیت من چۆن سەرقاڵی شوراکان ببم، تۆ نازانی من چۆن لە خەباتی یاساییدا دەخاڵەت بکەم، تۆ نازانی من چی بکەم لەگەڵ کەسانێکدا کە ئێستا سەرقاڵی دامەزراندنی سەندیکایەکن، تۆ هیچیەک لەم شتانەم پێناڵێیت؟ مەعلومە ئیتر من لە تۆ جیادەبمەوە و دەچمە پشتی کەسێک کە وەڵامی ئەم مەسەلانە بداتەوە.

باسەکەی منیش هەر لێره‌دایە، داخوازی ئێمە لە هەر ڕەوتێک لەسەر جۆری وەڵامدانەوەیە کە دەتوانین بە یەک مەسەلەی دیاریکراوی بدەینەوە، نەک ئەوەی کە مەسەلەکانی نێوانمان جیاوازن. ئەگەر ئەوە بسەلمێنین کە مەسەلەکانی خەباتی ئابوری مەسەلەی ئێمەن، ئەو کات دەعوانامەی ئێمە بەرامبەربە ئێکۆنۆمیزم مەعنا پەیدا دەکات. بۆیە سنوربەندی ئێمە لەگەڵ ئیكۆنۆمیزمدا لەسەر ئەوە نیە کە ئایا سیاسەت گرنگترە یان ئابوری، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە چۆن ئابوری بەرینە پێشەوە. ئەوە ئیکۆنۆمیزمی ڕوسی بو کە دەیوت ئایا سیاسەت گرنگترە یان ئابوری. دەعوانامەی ئێمە لەسەر ئێکۆنۆمیستەکانی ئێران ناکرێت هەمان شت بێت. ئیکۆنۆمیزمی ئێران بە گۆیرەی پێناسە و بە وتەی خودی ئەمیر زۆر سیاسیشە، واتە ئێمە ئیكۆنۆمیزمێکی وەک ئیکۆنۆمیستەکانی روسیامان نیە. دەعوانامەی ئێمە لەسەر ئیکۆنۆمیستەکانی ئێران، لەسەر راهی کارگەر و ڕەزمەندگان و ئەوانیتر ڕێک لەسەر ئەوەیە کە بەڕاستی چ جۆرە ڕێکخراوێکی ناحزبی دەبێ بونیات بنرێت و دەبێ دەستبەکاربین بۆ پێکهێنانی. خودی ئەو بەهایەی کە ئەوان بە خەباتی ئابوری و خەباتی خۆرسکی دەدەن، ناتوانێت سنوربەندی ئێمە لەگەڵ ئەواندا بە دروستی ئەنجام بدات. مەبەستم ئەوە نیە ئێمە چاو بپۆشین لە شێوەی رووكه‌شی_ نەک تەنیا شێوە، بەڵکو ئەو ناوڕۆکە ئیكۆنۆمیستیەی کە هەڵسوڕانیان لە ناو چینی کرێکاردا هەیەتی_وە بڵێین ئەمە گرنگ نیە. من بەتەواوه‌تی ئەمە دەسەلمێنم. بەڵام دەمەوێ بڵێم هێشتا ئەم وەڵامە تەواو نیە. واتە کوتانی ئەوەی کە ئەم قسانەی ئێوە ڕێک بە گوێرەی ” دەبێ چی بکەین؟” ئیکۆنۆمیستی تەواوە، دەردێک دەرمان ناکات. لایەنەکەی تر دەڵیت زۆرباشە، تۆ بڕۆ بۆچونەکانی خۆت بخەرە ڕوو، رابەرانی عەمەلی لایەنگری وتاری منن بۆیە گرنگ نیە هەرچەند دەتوانیت جنێو بدە بە ئیکۆنۆمیزم! نە من بەمە دەڵێم ئیکۆنۆمیزم و نە ئێوەش کە سەرۆکی کرێکارانی هەڵسوڕاوی پیشەسازی چاپەمەنین! بە ئێمە دەڵێن پرولیتاریا، ئێمە پێتان دەڵێین ڕۆشنفکرانی ناو چین! و هەر ئەم ناوەش بەسەرتاندا دەچەسپێت! بە بۆچونی من ئەگەر وەڵامی ئەم مەسەلەیە نەدەینەوە ئەم ناوە دەچەسپێت بەسەرماندا.

دەربارەی خەسڵەتی کۆنەپەرستبوون یان نەبوونی یه‌كێتیە کرێکاریکان، باسێک کرا بە بۆچونی من هەردوو لایەنی باسەکە نادروستن. لایەنێکیان دەڵێت کۆنەپەرستن و ئەویتریان دەڵێت نا بە هیچ جۆرێک کۆنەپەرست نین. بە بۆچونی من زۆرجار کۆنەپەرستیشن. تەنانەت بزوتنەوەی یه‌كێتیە کرێکاریەکان کە زەردیش نین، کۆنەپەرستن. مەسەلەکە پەیوەستە بەوەی کە لەگەڵ کام پراتیکی کۆمەڵایەتی کە بە ڕاستی لە ئارادایە، بەراوردی دەکەیت. ئەگەر کەسێک بە بزوتنەوەی یه‌كێتیە کرێکاریەکانی به‌ریتانیا بڵێت کۆنەپەرست من پێی دەڵێم، قسه‌ی بێمانا ده‌كه‌ی، چونکە کاتێک تۆ ئەم داره‌ لە ده‌ستی چینی کرێکاری بەریتانیا وەرده‌گیێت دەبێ بڵێیت کە کام دارشەق بخاتە ژێر باڵی؟ دەبێ ببینیت کە بزوتنەوەی یەکێتیە کرێکاریەکان لەبەرامبەر کام بزوتنەوەی تری چینی کرێکاردا دێتە کایەوە؟ بزوتنەوەی یه‌كێتیە کرێکاریەکانی بەریتانیا لەبەرامبەر هیچ بزوتنەوەیەکی تردا نایەتە کایەوە. بۆیە ئەگەرکەسێک هات و ویستی ئەم ڕێکخراوە بکاتە رێکخراوێکی دیموکراتیک – ئێستا لە شاری ناتینگهامشایر، کۆمەڵێک ڕێکخراوی کرێکاریان پێكهێناوە و ناڕەزایەتیەکەیان ئەوەیه‌ کە دەڵێن یه‌كێتی کرێکارانی کانە خەڵوزەکان دیموکراتیک نیە – پەیڕەوی لە هێلی مارگرێت تاتچەر دەکات. منیش دەڵێم یه‌كێتیە کرێکاریەکان دیموکراتیک نین. بەڵام بەڕاستی ئەگەر تۆ ئیستا بەکردەوە سەرقاڵی پێکهێنانی هیج ڕێکخراوه‌یەکی کرێکاری شۆڕشگێر نەبیت، و کاتێک بزوتنەوەی کۆمۆنیستی هیچ رابەرێکی دیموکراتیک – ئابوری بۆ چینی کرێکار فەراهەم نەکات، دژایەتی یه‌كێتیە کرێکاریەکانیش بکەیت لە سەر مەسەلەی “دیموکراسی” لە ئەمڕۆدا، ئەوە ئیتر تاتچەریزمە. دەمەوێت بڵێم ئینسان هەمیشە دەبێ بزانێت کە لە بەرامبەر کام پراتیکدا کە هەر ئێستا لە ئارادایە ، دەتوانێ دیاردەیەک بە ناوی کۆنەپەرست، دژە شۆڕش و…هتد بەراورد بکات؟ ئەگەر گەره‌کمان بێت بەوجۆرە بدوێین، واتە تیۆری بدوێن وئەوەی کە ئینسان بە پشتبەستن بە پرنیسیپەکان چ دەڵێت، ئەوکات دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە زۆر شت کۆنەپەرستن. لەوانە تەواوی بزوتنەوەکانی ئەفریقیای باشور سەرتاسەر کۆنەپەرستن، تەواوی بزوتنەوەکانی ئێرلەندا تاسەرمۆخ کۆنەپەرستن، تەواوی بزوتنەوەی یه‌كێتیە کرێکاریەکانی بەریتانیا بە گوێرەی ئەم بۆچونە کۆنەپه‌رستن. مەگەر ناسیونالیزم کۆنەپەرست نیە، ئه‌و ناسیۆنالیزمه‌ی بەریتانیاش؟ ئاخرهەمو ئەو رێکخراوە کرێکاریانە لە ناسیونالیزمەوە تێوەگلاون. مەگەر ڕیفۆرمیزم و پەرلەمانتاریزم دیاردەگەلێکی کۆنەپەرست نین؟ ئەوانیش لەمانەوە تێوەگلاون.

بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە ئەگەر بەو پێیە کۆنەپەرستی و دژە کۆنەپەرستی ، شۆڕش و دژە شۆڕش لە سەر بناغەی فۆرمۆلەکردنی ئامانجەکانی چینەکانی تر لە ئاستێکی دیاریکراودا لە ناو کۆمەڵگەدا ڕه‌چاوبکەین، و خودی ئەو چینانە و ئەو ڕیزبەندیە چینایەتیەی پشت ئەو فۆرمۆلەکردنە نەبینین، ئەوسا ڕوبەڕوی کێشەی زۆر دەبینەوە. لەوانە هەژمارکردنی شۆڕشی ئێران بە بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرست چونکە فۆرمۆلە یان دروشمی ” دەبێ حکومەتی ئیسلامی دامەزرێ” تیادا هاتە ئاراوە.

دەڵێم لەو شوێنەی کە ئەم فۆرمۆلبەندیە کۆنەپەرستە یان لانیکەم نەک شۆڕشگێر بەڵکو ناشۆڕشگێرە، ریفۆرمیستە، پەرلەمانتاریستە، تەنها شێوازی دەرکەوتنی نارەزایەتی چینی کرێکاری ئێمەیە، لەبەرئەوە پێموایە ناکرێت پێیبڵێین کۆنەپەرست، سەرتاپای سەرنج و رەخنەیەک کە دەکرێت هەمانبێت لەسەر چەپی ئەوروپا ئەوەیە کە ڕێگا بەو سیستەمی تیڕوانینەیان دەدەن کە تەنها لە چوارچێوەی شێوازێکی ناڕەزایەتی چینی کرێکاری ئەروپادا بمێننەوە، خۆ ئەگەر وانەبوایە ئێمە دەمانتوانی بڵێین، نا بۆ یه‌كێتیە کرێکاریەکان، بەڵی بۆ کۆبونەوەی گشتی، یان بەڵی بۆ بزوتنەوەی لێپرسراوانی بەشەکان، بەڵام ناتوانین شتی لەوجۆرە بڵێین.

لە ئێران ئەگەر ئێمە دەستمان بگات بە بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی و بزوتنەوەی شورایی، بە ڕۆشنی دەتوانین بڵێین بزوتنەوەی سەندیکایی کۆنەپەرستە. ئەگەر ئەم کارەمان کردبێت، واتە ڕێک ئەو کاتەی کە بزوتنەوەی کۆبونەی گشتی هەستاوەتە سەرپێ، دیموکراسی ڕاستەوخۆی کرێکاران لە کۆبونەوە گشتیەکاندا پیادە دەکرێن، ڕێک کاتێك کە رابەرانی ئەم بزوتنەوەی کۆبونەوە گشتیانە لە ئاستێکی سەرانسەری شورایدا خۆیان ڕێکدەخەن و هەڵوێستگیری سیاسیان دەبێت و تەنها لە چوارچێوەی ئابوریدا قەتیس نامێنن بەڵکو تێکەڵاو بە کۆمەڵێک حزب دەبن و کاریان لەگەڵ دەکەن، لە بارودۆخێکی لەوجۆرەدا ئەگەر کەسێک بێت و بڵێت من دەمەوێت لە تاران سەندیکای کرێکارانی ڕستن وچنین دابمەزرێنم ، پێدەڵێم ؛ ئەوەی بەنیازی ئەنجامی بدێت کارێکی کۆنەپەرستە… کوڕی باش!

بە بۆچونی من ناکرێت سەبارەت بە سەندیکا، تەنها لەسەر بناغەی شێوەکەی، یاخود بە گوێرەی پێناسە کلاسیکیەکەی، بڕیاری کۆنەپەرستبون یان نەبوونی بەسەردا بسەپێنین. پێموایە لە قسەکانی تری هاوڕێ ئەمیردا ئێستا ئەم لایەنی باسە کەمڕەنگ دێتە بەرچاو. لێره‌وە دەکرێت بە هەندێک سەندیکا بوترێت کۆنەپەرست، لەوانە بزوتنەوەی سەندیکایی لە ئەمریکای ئەمڕۆدا، واتە بزوتنەوەی سەندیکای کرێکاری ئەمریکا لە بەرامبەر بە بزوتنەوەی دژی جەنگی ڤیتنام هێزێکی کۆنەپەرستە. هەر ئێستا بزوتنەوەی سەندیکایی لە ئەمریکا لەبەرامبەر هەر ڕەوتێکیدا کە بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرست و مافیایە …. هیچ شتێک نیە. بەڵام لە بەریتانیا وانیە ، لە فەرەنسا کەمتر وایە. بە بۆچونی من بزوتنەوەی سەندیکایی لە پۆڵۆنیا هەر لە بناغەوە کۆنەپەرست نیە. هەرچەندە تەواوی فۆرمۆلەی ئامانجەکانی کۆنەپەرستن، بە بەراورد بەو شتانەی کە لە پۆڵۆنیا ڕویاندا.

من بۆ ئەمە دەڵێم؟ لەبەر ئەوەی ئەمە تەنها شێوەی )مومکن)تیوری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی چینەکەمانە، من ناتوانم هەروا بە سادەیی بەمە بڵێم کۆنەپەرست، بەڵام ئەگەر شێوازیکی تر لە ئارادابێت و بتوانیت نیشانی بدەیت کە ئەو شێوەی خۆنمایشەکردنەی لەبەرامبەر ئەمیاندا، دەبنە ئەلتەرناتیڤی یەکتر، ئەوکات ئەگەر زەردیش نەبێت، و زۆباتۆفییش نەبێت و سەر بە هێڵی پێنجیش* نەبێت، و زۆر نیەت پاکیش بێت، ڕاشکاوانە دەبێ بوترێت کە بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستە و لە لایەن بۆرجوازیەوە لەو بڕگە دیاریکراوەدا پشتیوانی لێدەکرێت.

بەهەرحاڵ من جیاوازیەکی ئەوتۆ لەگەڵ باسەکەی هاۆڕێ ئەمیردا نابینم وەک هاوڕێ ڕەزا نایگەیەنمە دوجەمسەری بەرانبەر و ئەوە بڵێم گوایە لێرەدا هێرش کراوەتە سەر داخوازیە ئابوریەکانی چینی کرێکار، یان هێرش کراوەتە سەر پێویستی کار لە نێو بزوتنەوەی چینی کرێکاردا، یاخود هێرش کراوەتە سەر گرنگی داخوازیە کریکاریەکان. بەڵام هەمان فۆرمەڵەکردنی باسەکەمان لە دوەروبەری ڕێکخراوە ناحیزبیەکان و لەبەرامبەر ئیکۆنۆمیزمدا، بەشێوەیەکی سروشتی دەمانکاتە داردەستی ڕەوتگەلێکی دور و جیا لە چینی کرێکار. ئا لەم قۆناغەدا هەر باسێکی هەمەگیرسەبارەت بە ڕێکخراوە ناحزبیەکان، دەبێ بمانباتە تەنیشت ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت چینی کرێکار بە شێوەی ناحزبی ڕێکخراوبکەن، نەک بە پێچەوانەوە.

ئەنجامگیری گشتی من لە باسەکە – باسێک کە هاوڕێ ئەمیر لێرەدا خستیە ڕوو ، نەک لە ڕۆژنامەدا – ئەوەیە کە باشە بە بێدەنگ تێپەڕین بەسەرئەوەی کە چی دەڵێن دەربارەی ئەوانیتر، وە لەهەمانکاتدا رەخنەگرتن لە خەباتی تریدیۆنی ئەم مەسەلەیە بە شۆێنێک ناگەیەنێت. قسەی من ئەوەیە کە ئەم مەترسیە بۆ خۆی لەباری واقعیەوە، زیاتر هەڕەشەمان لێدەکات.

خاڵێکی تریش بڵێم، بە بۆچونی من نابێ جەختکردن لەسەر پێویستبونی کاری ناحزبی لە نێو کرێکاراندا لە سەری باتالیا** وە وەربگرین. مەگەر ئەوەی بمانەوێت بە دیاریکراوی چوارچێوەی ئەوروپا لەبەرچاوبگرین، بۆچی ئەمە دەڵێم؟ لەبەر ئەوەی کە باتالیا لە ڕوانگەی بزوتنەوەیەکی پۆپۆلیست – دیموکراتیکەوە بزوتنەوەی ڕشتەیی ڕەت ناکاتەوە، بەڵکو بە لەبەرچاوگرتنی لایەنی زۆری بەرنامەیە کە بزوتنەوەی کرێکاری رەتدەکاتەوە. لە ” دەبێ چیبکەین؟” دا لنین لەبەرامبەر بزوتنەوەی تایبەتی کرێکاریدا، ئامانجەکانی لانیکەمی بەرنامە وەک بزوتنەوەی سیاسی چینەکە دێنێتە ئاراوە، وە هەمان ئەو شتەیە کە لە لایەن ڕەوتی فیدایی و هێڵی سێ و ئەوانی ترەوە، گشتگیرکراوە. واتە دوری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران لە بزوتنەوەی کرێکاری بە هۆی ئەوەوە نیە کە زۆر سۆشیالیستە، ئەوه‌ندە سۆشیالیستە کە حەز ناکات شان بداتە بەر ئەم کارانە. بە هۆێ ئەوەی لە ڕادەبەدەر دژ بە دیکتاتۆریە و بەهۆی ئەوەی لەڕابەدەر سەرقاڵی بزوتنەوە خەڵکی – دیموکراتیکەکانە ، نایپەرژێتە سەر ئەوەی بەهایەک بۆ هاوئاهەنگی نێوخۆی چینی کرێکار دابنێت، و ئەمەش جارێکیتر ئەرکی ئێمە سەنگینتردەکات.

ئەگەر گەره‌کت بێت لەگەڵ خودی باتالیا باس بکەیت، باسەکە لە سەر مەسەلەی دەخاڵەتکردن، و پراتیکبونی ڕێکخراوەکانی حزب چەق دەبەستێت. لەکاتێکدا باسکردن لەگەڵ پۆپۆلیزمی ئیراندا بەتەواوەتی دەچێتەوە سەر بزوتنەوەی گشتی، هەمو خەڵکی و پێناسەی سەربەخۆی چینی کرێکار. ئەمەش وادێتە بەرچاو کە ئاستێکی ترە لە تەجرید، بە بۆچونی من ئەمە مەترسیەکە ئێستا هەڕەشەمان لێدەکات.

ڕەنگە بوترێت حزبی کۆمۆنیست لە قۆناغێکدا بەره‌و چینی کرێکار ڕۆیشت، ئێستا کە شۆڕش لە ئارادایە، بە هێزی ڕێکخراویەوە بە سۆراخی هەمواندا دەڕوات. ڕۆشنە کە ئەوکات نابێ بچوک بینەوە بۆ ئیکۆنۆمیزمی پاشکۆی پۆپۆلیزم لەو قۆناغەدا لە هەمانکاتدا نابێ بچوک ببینەوە تا ڕادەی پێویست نەبونمان بۆ چینی کرێکار و ئامرازی ناحیزبی و جەماوەری ئەو چینە لە خەباتدا.

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*