Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 دڕنده‌كانی سه‌رده‌م

دڕنده‌كانی سه‌رده‌م

جه‌مال موحسین
١٤ ی ئاپریل ٢٠١٨

تره‌مپ به‌ هۆی هاویشتنی ١٢٠ موشه‌ك بۆ سه‌ر سوریا، وتی: ”فه‌رمانم كرد به‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ چه‌ند گورزێكی ورد (ده‌قیق) له‌و شوێنانه‌ی كه‌ بنكه‌ی چه‌كی كیمیایی دیكتاتۆر به‌شار ئه‌سه‌دن… ئه‌و كوشتارگایه‌ی له‌ دۆمای نزیك دیمه‌شق ڕوویدا به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی بوو له‌لایه‌ن ئه‌و ڕژێمه‌ زۆر سامناكه‌وه‌.. ئه‌م هێرشه‌ حه‌قیر و دڕنده‌یه‌ چه‌ندین دایكان و باوكان و مناڵانی خسته‌ به‌رده‌م ئازارێكی زۆر و هه‌ناسه‌بڕكێوه‌‌. ئه‌مانه‌ كرده‌وه‌ی پیاو نین، بگره‌ تاوانی دڕنده‌یه‌كن.”
به‌شار ئه‌سه‌د ڕژێمێكی دڕه‌نده‌یه‌ كه‌ ساڵه‌هایه‌ جه‌ماوه‌ری كرێكار و برسی وڵاته‌كه‌ی برسیتر و سه‌ركوت ئه‌كات. به‌ڵام وا ٧ ساڵه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌م ڕژێمه‌ و جڕوجانه‌وه‌ره‌ ئیسلامی و كۆنه‌په‌رسته‌كانی ده‌سكه‌لای ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی و ڕووسیا و ئێران كاول ئه‌كرێ و هیچ یه‌ك له‌م دڕندانه‌ باكیان له‌ كوشتنی نزیك به‌ ٥٠٠ هه‌زار كه‌س له‌ ژن و پیاو و پیر و مناڵ نه‌بووه‌. ئێستا تره‌مپی ئه‌حمه‌ق له‌گه‌ڵ تێریزا مه‌ی و ماكرۆن خۆیان كردووه‌ به‌ خه‌مخۆری مناڵانی دۆما و سوریا به‌ گشتی.
پیسایی پڕژاوه‌ به‌ مرۆڤایه‌تیدا كه‌ تره‌مپ و جانه‌وه‌ره‌كانی هاوپه‌یمان و شه‌ریكی باس له‌ مردنی مناڵ و دڕنده‌یه‌تی ئه‌كه‌ن!
پنتاگۆن ئه‌ڵێ كه‌ سوپای ڕووسیان ئاگادار كردۆته‌وه‌ كه‌ موشه‌كباران ئه‌كه‌ن، به‌ڵام كاته‌كه‌یان پێ نه‌ووتوون. سوریا ئه‌ڵێ كه‌ ڕوسیا ئاگاداری كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ موشه‌كیان پێوه‌ ئه‌نرێ. سه‌خیفترین بازرگانی جه‌نگ و چه‌كن ئه‌مانه‌. ئه‌ی مناڵ و پیر و په‌ككه‌وته‌ و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌ كوێ هه‌واڵ بزانن كه‌ له‌ پڕ و له‌ كاتی شیرینه‌ خه‌ودا شار و گه‌ڕه‌ك و شوێنی ژیانیان موشه‌كباران ئه‌كرێ؟!
تره‌مپ كۆمه‌ڵگای ئه‌مه‌ریكی له‌ بێكاری و زه‌لكاوی قه‌یراندا نوقم كردووه‌ و ملیاره‌ها له‌ بودجه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ چه‌ك و بۆمبارانی شوێنی ژیانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و بێتاوان ته‌رخان كردووه‌. مه‌ی له‌ به‌ریتانیادا بیمه‌ ته‌ندروستی هێناوه‌ته‌ سه‌ر ئاستی نزیك به‌ سفر و ڕێژی بێخانه‌ولانه‌یی و خه‌ڵكانی سه‌رشه‌قامی بردۆته‌ سه‌ر كه‌چی پاره‌ له‌ موشه‌كدا خه‌رج ئه‌كا. ماكرۆن وه‌ك وه‌حشێك به‌ربۆته‌ گیانی كرێكاران و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و كاره‌كانیان لێ ئه‌سێنێته‌وه‌ و بیمه‌كانیان كه‌م ئه‌كاته‌وه‌ و ته‌مه‌نی خانه‌نشینیان زیاد ئه‌كات، له‌ملاوه‌ خۆی كردووه‌ به‌ خه‌مخۆری مناڵانی سوریا و گوایه‌ به‌ موشه‌ك ئه‌یانپارێزێ..
له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌وانیشدا پوتینی ڕووسیا و ڕوحانی ئێران و به‌شار ئه‌سه‌د و.. هاوپه‌یمانه‌كانیان خۆیان كردۆته‌ فریشته‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ وڵاته‌كانی خۆیان جه‌ماوه‌ری بێبه‌شیان به‌ قوڕدا نه‌بردبێته‌ خواره‌وه‌ و خۆشیان ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ ده‌ستیان نه‌بووبێ له‌و كوشتاره‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی بێتاوانی سوریا هاتووه‌.
تف له‌ ڕووتان گه‌وره‌ دڕنده‌كانی دنیا، سه‌ركرده‌كانی ئیمپریالیزم و هاوپه‌یمانه‌كانیان كه‌ بازاڕی چه‌كفرۆشیه‌كانتان گه‌رم ئه‌كه‌ن، قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵات و مه‌ودای بازاڕه‌كانتان فراوان ئه‌كه‌ن و شه‌ڕ له‌سه‌ر دابه‌شكردن و بردنی بۆ خۆتان ئه‌كه‌ن. كوره‌ی ئینسان سوتاندن سوودی دواتری ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی بازاڕه‌كانتانی تیایه‌.
به‌ره‌ی دژه‌ شه‌ڕی واقوڕماوی دنیا ئه‌بێ بێدار بێته‌وه‌. دانه‌ دانه‌مان ئه‌ركمان له‌سه‌ره‌ چ په‌رده‌ له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌ و پاساوه‌ پوچانه‌ی سه‌رانی بۆرژوازی جیهانی هه‌ڵماڵین و چ به‌ هه‌ر شێوازێك بۆمان ئه‌كرێ دژی گانگسته‌ریزم و جه‌نگخوازی و شه‌قاوه‌چێتی ئه‌مانه‌ ڕابوه‌ستینه‌وه‌.

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *