Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 دژ بە هەڕەشەکانی شەڕی حکومەتی عەبادی بۆسەر خەڵکی کوردستان ڕادەوەستین
دژ بە هەڕەشەکانی شەڕی حکومەتی عەبادی بۆسەر خەڵکی کوردستان ڕادەوەستین

دژ بە هەڕەشەکانی شەڕی حکومەتی عەبادی بۆسەر خەڵکی کوردستان ڕادەوەستین

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان

ئاشکرایە کە هەوڵەکانی ئێستای حکومەتی عەبادی بۆ هێرشکردنە سەر کەرکوک لەدرێژەی بڕیاری پێشوەختی حکومەت و پەرلەمانی عێراقە کە دژ رفراندوم و شکست پێهێنانی بڕیاری سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان داویانە و هەر لە سەرەتاوە خۆیان بۆ شەڕ دژی خەڵکی کوردستان ئامادەکردوە. ئەمە بەشێک لە ستراتیژی ئەم حکومەتی عەبادی بوە کە دوای شەڕی دژی داعش دەستبکات بە سەپاندنەوەی دەسەڵات بەسەر کوردستاندا و گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەڕیگەی لەشکرکێشیەوە.

ئێمە وەک خەڵکی کوردستان هیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەردەمدا نیە جگە لە بەرگری لە مافی سەربەخۆیی و بڕیاری رفراندومی ٢٥ سێپتەمبەر و ڕاکیشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆبەرگرتن بەم شەڕەی حکومەتی عەبادی بڕیاری داوە و خۆی بۆ ئامادە کردوە.

ئەمڕۆ پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بزانێ کە ئێمە بەرگری لە بڕیاری سەربەخۆیی خۆمان دەکەین بەرامبەر بە حکومەتێکی مەزهەبی وشۆڤێنستە کە بەناوی یاسا و دەستورەوە شەڕ دژی ئەم مافی سەربەخۆییەی خەڵکی کوردستان بەرپادەکا. ئەم حکومەتە مەزهەبیە ١٤ ساڵە بەدرێژەدانی شەڕی مەزهەبی عێراقی وێرانکردوە و ئێستاش دەیەوێ شەڕی قەومیش دژ بە خەڵکی کوردستان هەڵگیرسێنێ. دەبێ ئەم هەڕەشەی شەڕەی ڕوو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەینە بەڵگەیەک کە بزانن خەڵکی عێراق و کوردستان لەسایەی ئەم حکومەتەدا ئاسایش و پێکەوەژیان و ئازادی نابینن و بڕیاری خەڵکی کوردستان بۆ جیابونەوە لەم حکومەتە ڕەوا و ناچاریە.

کۆماری ئیسلامی ئێران وەک سیاسەت داڕێژ و بەڕێوەبەری مەیدانی ئەم حکومەتە شیعە مەزهەبیەی عێراقی دەوری گێڕاوە لە گەرمترکردنی شەڕی مەزهەبی و دروستکردنی میلیشیایی ئیرهابی، و ئێستاش فشارەکانی بە یارمەتیدانی حکومەتی عێراق بۆ بەستنی سنورەکانی کوردستان و سەرپەرشتی هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکوک لەلایەن  قاسم سلێمانی دەوری هێزێکی داگیرکەر بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەگێڕێ.

هەر پاشگەزبونەوەیەکی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە ئەنجامی رفراندوم و بڕیاری سەربەخۆیی نەک بەرامبەر بە حکومەتی عێراق و ئێران خەڵکی کوردستان لەو سیاسەتە داگیرکاریانەی ئەم دوو حکومەتە ناپارێزێ بەڵکو هێرشی زیاتر و هەمەلایەنتر بۆ سەر خەڵکی کوردستان درێژەپێدەدەن تاکو ژێردەستە و ملکەچی دەسەڵاتی مەزهەبی و کۆنەپەرستانە و داگیرکەرانەیانی دەکەن. هەربۆیە نابێ ڕێگە بەو دەنگانە بدرێ کە بەناوی بەرگرتن بە بەرپابونی شەڕەوە دەیانەوێ خەڵکی کوردستان تەسلیم بەم حکومەتە دڕندە و مەزهەبیە بکەنەوە و ملکەچی جمهوری ئیسلامی بێ ، بەڵکو دەبێ خەڵکی کوردستان بۆ بەرگری دژ بەم حکومەتە شۆڤینیستیە مەزهەبیە ئامادەبکرێ.

پێویستە خه‌ڵکی کوردستان به‌هیزی ڕێکخراو و چه‌کداری خۆیه‌وه‌ خۆی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێکی دۆژمنکارانه‌ بۆسه‌ر خه‌ڵکی کوردستان ئاماده‌بکات و پێویسته‌ خه‌لکی ئازادیخوازی به‌غداو شاره‌کانی تری عێراق بۆ پشتیوانی له‌ مافه‌ ره‌واکانی خه‌لکی کوردستان ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی دژ به‌ شه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی به‌رزبکه‌نه‌وه‌ و هاوکات له‌ده‌ره‌وه‌ی ولاتیش وەک ڕەوەندی کوردستانی بەهاتنە سەر شەقامەکان و مانگرتن و خۆپیشاندان لە دەرەوەی وڵات لە بەردەم سەفارەتەکانی عێراقدا فشاربخەینە سەر ئەم حکومەتە کە دەست لەم شەڕ فرۆشتنەی هەڵگرێ. هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان ناچاربکەین کە دژ بەم هێرشانەی حکومەتی عێراقی ڕاوەستن و هێزی پاراستنی ئاشتی بنێرن و دان بەماف و بڕیاری سەربەخۆیی خەلکی کوردستاندا بنێن.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان بەردەوامە لە ڕاکێشانی پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ بڕیاری سەربەخۆیی و ڕاوەستانەوە دژی ئەم هەڕەشانەی حکومەتی عێراق و داوای بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکا بۆ چارەسەری کێشەی نێوان حکومەتی عێراق و کوردستان و جێبەجێکردنی بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان و رفراندوم لە جێگاناکۆکەکاندا.

‏13‏/10‏/20

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*