Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 دڵێکی گه‌وره‌ له‌لێدان که‌وت، جه‌سته‌یه‌ک له‌تێکۆشان ڕاوه‌ستا!

دڵێکی گه‌وره‌ له‌لێدان که‌وت، جه‌سته‌یه‌ک له‌تێکۆشان ڕاوه‌ستا!

هاوڕێ جه‌بار مسته‌فا بۆ هه‌میشه‌ به‌جێی هێشتین

به‌داخ و ئه‌سه‌فێکی زۆره‌وه‌، ئه‌مڕۆ 31/12/2018 دڵی گه‌وره‌ی هاوڕێ جه‌بار مسته‌فا، یه‌کێک له ڕابەران و ‌که‌سایه‌تیه‌ ناسراوو خۆشه‌ویسته‌کانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری و ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، له‌ته‌مه‌نی 66 ساڵیدا وپاش ململانێیه‌کی سه‌خت و دژوار له‌گه‌ڵ ‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌دا‌، له‌شاری سدنی/ ئوسترالیا بۆ هه‌میشه‌ له‌لێدان که‌وت و جه‌سته‌ی پڕ له‌وزه‌ی له‌تێکۆشان ڕاوه‌ستا.‌

هاوڕێ جه‌بار، یه‌کێک له‌ڕابه‌رانی جوڵانه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و خه‌باتگێڕێکی په‌یگیر و ڕاوه‌ستاو، بێپه‌روا له‌پێناو ڕزگاری چینی کرێکارو کۆمەڵانی به‌شمه‌ینه‌ت و به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازادو یه‌کسان تێکۆشاوه‌‌، به‌ڕاده‌یه‌ک که‌مێژوی ژیانی ئه‌و تێکه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ‌خه‌باتی نه‌پساوه‌ی زیاتر له‌چوار ده‌یه‌ی کۆمۆنیسته‌کانی کوردستان و عێراقدا، له‌دژی سته‌م و  چه‌وسانه‌وه‌و هه‌ژاری و نه‌داری و بێمافیه‌ک که‌له‌لایه‌ن چینی بۆرژوازی و ده‌سەڵاتەکەیدا ،ژیانی ملیۆنه‌ها ئینسانی له‌کۆیله‌یه‌تی و ژێرده‌سته‌یدا ڕاگرتووه‌. به‌م جۆره‌ش مه‌رگی ئه‌و داخ و که‌سه‌رێکی گه‌وره‌یە، له‌دڵێ سه‌دان و هه‌زاران ئینسانی تێکۆشه‌ر و ناڕازیدا  جێدێڵی و بۆشاییه‌کی گه‌وره‌ و هه‌رگیز پڕنه‌کراوه‌ش له‌ بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی کرێکاری و حزبماندا پێکدێنێ.

هاوڕێ جه‌بار، وه‌ک یه‌که‌مین کەسانێک پێداگری لەسه‌ر پێویستی دامەزراندنی حزبێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێر ده‌کرد، سه‌ره‌تای وێستگه‌کانی خه‌باتی خۆی بە خەبات دژی ڕژێمی فاشستی بەعس دەست پێکرد. بەو بۆنەیەشەوە دوای ئاشکرابونی لەلایەن دەزگا سەرکوتگەرەکانی ئەو ڕژێمەوە دەستگیر کرا، لەبەرامبەر ئەشکەنجەی دڕندانەی ئەو ڕژێمەدا جەسورانە ڕاوەستا، دواتریش بە پێنج ساڵ زیندانی حوکم درا. بۆ هاوڕێ جەبار زیندانی ئەبوغرێب دیسان مەیدانێکی تری خەبات بوو، لەو چەند ساڵەی زیندانیدا بەشێک لە ئەلقە و کۆڕو کۆمەڵە مارکسیستەکانی ئەو بزوتنەوەیەی سازدا کە پێداگریان لەسەر پێویستی حزبێکی کۆمۆنیستی یەکگرتو بۆ چینی کرێکاری عێراق دەکرد. پاش هاتنەدەرەوەی لە زیندان له‌ڕێگای هاندان و به‌رینکردنه‌وه‌ی خه‌باتی کۆمۆنیستی، له‌نێو کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستاندا و به‌ڕاکێشانی ڕیزێکی به‌رین له‌لاوانی تێکۆشه‌ر بۆ نێوجوڵانه‌وه‌ی کۆمۆنیستی، به‌ته‌واوی توانایه‌وه،‌ وەک ڕابەرێک دووبارە لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی سیاسی بوو لەپێناو ڕوخانی ڕژێمی بەعس.

هاوڕێ جەبار لەبەرامبەر کارنامه‌ی ستەمکاری و کۆنەپەرستانەی حزبە بۆرژوا ناسیونالیست و ئیسلامیەکانی کوردیشدا خاوەن مێژویەکی پڕ لە تێکۆشانە. ئەو ڕابەروو هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بوو. خەبات و بانگه‌واز بۆ شکڵدان بەڕیزی سەربەخۆی چیانیه‌تی و سۆشیالیستی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش مەیدانێکی گەرمی تێکۆشانی هاوڕێ جەبار بوو.

هاوشانی هاوڕێیانێکی تر ڕێکخراوی “یه‌کیه‌تی تێکۆشانی کارگه‌ران”یان دامه‌زراند، پاشان کەسێک بووە لە دامەزرێنەران و ڕابەرانی”یەکێتی خەباتی کۆمۆنیزمی کرێکاری” و هەر بەم پێیەش ڕۆڵێکی بەرجەستەی گێڕا لە پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا.

هاوڕێ جه‌بار له‌ساڵی1991 دا یه‌کێک بوو له‌ ڕێکخه‌رانی کۆمیته‌کانی ڕاپه‌ڕین و ڕۆڵی به‌کرده‌وه‌ی گێڕا له‌ ڕاماڵین و پاکردنه‌وه‌ی هیزه‌کانی به‌عس له‌شاره‌کانی کوردستان و دواتریش وه‌ک ڕابه‌رێکی جوڵانه‌وه‌ی شورایی له‌کوردستانی عێراق له‌پێناو بەرپاکردنی حاکمیە‌تی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری ده‌رکه‌وت و په‌یگیرانه‌ش له‌به‌رامبه‌ر ده‌وری سه‌رکوتگه‌ری و کۆنه‌په‌رستانه‌ی حزبه‌ ناسیونالیسته‌کان و ده‌سەڵاته‌ زاڵمانەکه‌‌یان، ڕاوه‌ستا.  هه‌وڵه‌کانی ئه‌و له‌ڕاستای وه‌رگێڕانی بابه‌ته‌ کۆمۆنیستی و کرێکاریه‌کان به‌زمانی عه‌ره‌بی و کوردی و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌نێو کرێکاران و لاوان و ژنانی تێکۆشه‌ردا، گۆشه‌یه‌کی دره‌خشانی ژیانی ئه‌و له‌پێناو به‌هێزکردنی هوشیاری چینایه‌تی و کۆمۆنیستیدا، جێگیرکردوه‌. هاوڕێ جەبار ڕۆڵێکی زۆر تایبەتی و بەرجەستەی گێڕا لە لێکهەڵپێکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان لەگەل بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق. ئەو بە تایبەتی نەخشێکی گەورەی گێڕا لە شکڵدان بە بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ناوەڕاست و باشوری عێراق. مێژوی ژیانی هاوڕێ جه‌بار تێکه‌ڵاوه‌ له‌گه‌ڵ خه‌باتی ئاشکراو نهێنی کۆمۆنیسته‌کان و ئه‌زمونێکی پڕبایه‌خی به‌دوای خۆیدا، بۆ ئێمه‌و نه‌وه‌کانی داهاتو جێهێشتوه‌.

جوڵانه‌وه‌ی کۆمۆنیستی کرێکاری، له‌عێراق وکوردستان و ته‌نانه‌ت له‌ئێران، به‌مه‌رگی هاوڕێ جه‌بار مسته‌فا، یه‌کێک له ‌ڕابه‌ر و ڕوخساره‌ خۆشه‌ویست و ناسراوه‌کانی خۆی له‌ده‌ستدا. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و عێراق، سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاراسته‌ی هاوڕێ شیرینی هاوسەری و زاریا و ماردین و لیزا و هه‌موو ئازیزان و دۆستان و ئه‌ندامانی حزب و سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی به‌مه‌رگی هاوڕێ جه‌بار، دڵیان گوشرا، ده‌کات، ئومیده‌وارین به‌ڕاوه‌ستاوی هه‌مولایه‌کمان له‌سه‌ر خه‌بات و تێکۆشانی ئه‌و، ئاسه‌واره‌کانی ئه‌م که‌سه‌رو مه‌رگه‌ پڕبکه‌ینه‌وه‌.

به‌رزو به‌ڕیز بێت ژیان و تێکۆشانی هاوڕێ جه‌بار، یادی ئه‌و له‌دڵماندا بۆ هه‌میشه‌ زیندووه‌

بژی ئازادی، یه‌کسانی، حکومه‌تی کرێکاری

مه‌کته‌بی سیاسی                                                                      مه‌کته‌بی سیاسی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان                                            حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

31/  12 /  2018

 

 

About hkkk

Check Also

ئیسلام گەرایی لە ئەمەریکادا  لە ژێر سایەی ترەمپ دا گەشە دەکات ! …

( ئایا ترەمپ بەڵێنەکانی کە بە خەڵکی ئەمەریکای دابوون بردە سەر بۆ لە ناوبردنی ئیسلامی …