Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 دیمانە لەگەڵ…وەستا کەمال سەبارەت بە چۆنیەتی گیران و بیرەوەرییەکانی ناو زیندانی ڕژێمی بەعس

دیمانە لەگەڵ…وەستا کەمال سەبارەت بە چۆنیەتی گیران و بیرەوەرییەکانی ناو زیندانی ڕژێمی بەعس

تێکۆشانی کۆمۆنیستەکان، لە پێناو دنیایەکی باشتر و دامەرزاندنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستیدا، مێژوویەکی درەوشاوەیە… لەو رێگایەدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمۆنیستەکان گیانیان لەدەستداوە، یان لەلایەن جەلادەکانی بەعس و پارێزەرانی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەدارییەوە، توشی راوەدونان و گرتن و شکنجە بوونەتەوە… بۆپێشەوە بە مەبەستی ناساندنی ڕۆڵی تێکۆشەرانەی ئەو کۆمۆنیستانەی لەلایەن بەعسەوە گیراون، تەوەرەیەکی تایبەتی کردۆتەوە… کەهەر جارەی گفتوگۆیەک لەگەڵ یەکێک لەو هاوڕێیانە دەکات، کە زیندانی کراون… لەم ژمارەیەدا دیمانە لەگەڵ وەستا کەمال دەخوێننەوە…

زۆر سوپاس بۆ بڵاوکراوەی بۆ پێشەوە؛ من هەوڵ ئەدەم بەپێی توانای خۆم و ئەوەندەی بیرم ماوە جوابی پرسیارەکان بدەمەوە…

بۆپێشەوە: سەرەتا پێمان خۆشە خۆتان بناسێنن؟

وەستا کەمال: من ناوم کەمال حسن فەرەج ە، ناسراو بە(وەستا کەمال)ئێستا لەوڵاتی نەرویج ئەژیم.

بۆپێشەوە: ئێوە لەگەڵ چ لایەنێکی سیاسی بوون، بۆ گیران و چۆن گیران؟

وەستا کەمال: من کادرێکی فەعالی ڕەوتی کۆمۆنیست بووم، و کاری سیاسیم بۆ ڕەوتی کۆمۆنیست ئەکرد. لەسەرەتای ساڵی١٩٨٦وە پەیوەندیم کرد بەڕەوتی کۆمۆنیستەوە، لەڕێگەی هاوڕێ عوسمانی حاجی مارفەوە. وەکو باسمکرد، من لەسەر ڕەوتی کۆمۆنیست گیرام، تا ئێستاش هەر کۆمۆنیستی کرێکاریم.

بۆپێشەوە: لەکوێ گیران و ماوەی چەند زیندانی بوون؟

وەستا کەمال: من ڕۆژی ٦/٩/١٩٩٠ دەستگیرکرام لەشوێنی کارەکەم گەراجێکی فیتەریم هەبوو لە جادەی قەنات. کاتێ سەیارەیەکی لاندکرۆزەر پڕی بوو لە قوەخاصە، بەفێڵ هاتنە ژوور بۆ ناو گەراجەکە، وا خۆیان پیشاندا کە گوایە سەیارەکەیان شکاوە و هاتوون بۆ چاککردنەوەی. کاتێ منیان بینی  یەکسەر قۆڵیان گرتم و خستیانمە ناو لاندکرۆزەرەکە، و بەجیهاز پەیوەندیان کرد بەمدیریەتی ئەمنەوە کە منیان گرتووە. دوای ئەوە منیان برد بۆ مدیریەتی ئەمن واتە ئەمنە سورەکە. ئەو ئەمنانەی کە منیان گرت دووانیانم ئەناسی؛ چونکە پێشتر سەیارەم بۆ چاکردبونەوە. زۆریان پێ سەیر بوو کەمن سیاسیم و لەگروپێکی سیاسیدا کار ئەکەم. لە ٨ ی ئازاری ساڵی ١٩٩١ دووەم ڕۆژی ڕاپەڕین من ئازاد کرام کاتێ دەرگای ئەمنە سوورەکەیان شکاند.

ڕۆژی ئازادکردنمان ٨ ی ٣ی ١٩٩١ بوو کاتژمێر٣ی دوای نیوەڕۆ بوو. بابڵێین دووەم ڕۆژی ڕاپەڕینەکە بوو. کاتێ هەموو ئەمنەکانیان کوشت خەڵک بەچەکەوە دەرگای زیندانیەکانیان شکاندو ئێمەیان ئازاد کرد. بەڕاستی ئەو ڕۆژە دیمەنێکی زۆر سەیر بوو! هەموومان پەشۆکابووین! لە مێژووی کوردستاندا ئەمە یەکەم جار بوو ڕاپەڕینی ئاوا ڕووبدات. لەدایک بوونەوەیەکی تر بوو بۆ ئێمە. سەرەتا ئەمان زانی ڕاپەڕین بەڕێگاوەیە، کاتێ زیندانی تازە ئەگیرا بارودۆخی دەروەیان بۆ باس ئەکردین و کەم تا زۆر ئاگامان لەدەرەوە بوو. بەڵام دڵنیا نەبووین کەخەڵک بەو جۆرە عەزیمە سەرکەوتن بەدەست ئەهێنن! ئەو حیزبی بەعسەی کە بەدرێژایی چەندین ساڵ لەسلێمانی قەتڵ عامی ئەکرد، هەزاران خەڵکی ئاخنیبووە کونجی زیندانەکانەوە! ئەو ئەمنە سوورەی کە ترسناکترین شوێن بوو بۆ خەڵک؛ بەڵام بەپشتیوانی و یەکگرتنی ناڕەزایەتی خەڵک، لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئاسەواریان نەما! بۆیە من پێم وایە ئیرادەی خەڵک ئیمکانی ئەوەت ئەداتێ ژیانێکی باشتر بۆ کۆمەڵگە دابین بکەیت و دەسەڵاتی سیاسی بگریتە دەست. زیندانیەکان نزیکەی ٢ ڕۆژ بوو هیچ نانیان پێنەدرابوو. برسێتی هەراسانی کردبووین، لەکونی پەنجەرەکانەوە ئەمان بینی کە لەدەرەوە چی ئەگوزەرێت. هەم لەلایەک زۆر خۆش حاڵ بووین، لەلایەکی تریشەوە ئەترساین! بێن ڕەمیمان کەن. خۆ پلانیان هەبوو بمان بەن ڕەمیمان بکەن یان بمان کەن بەبارمتە و خۆیانی پێ ڕزگار بکەن. بەڵام شەپۆلی ڕاپەڕینی قین لەدڵی خەڵکی کوردستان دژی فاشیزمی حیزبی بەعس مەجالیان نەدان بپرژێنە سەر ئێمە.

بۆپێشەوە: دۆخی ناو زیندان چۆن بوو، مەبەستمان ئەوەیە جۆری لێدان و شکنجەو لێپرسینەوە چۆن بوو؟ پەیوەندیتان لەگەڵ زیندانیەکانیتر چۆن بوو؟

وەستا کەمال: حکومەتی بەعس؛ یەکێک بوو لەو ڕژێمانەی کە مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەبوو لە جۆری تەعزیب و ئەشکەنجەدان. زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە خەڵکی سیاسیان ئەشکەنجە ئەدا. ئەتوانم بڵێم سەدان ئینسانی تێکۆشەر لەژێر ئەشکەنجەی ئەو دڕندانە گیانیان لەدەستداوە، یان سەقەت بووە. جۆری ئەشکەنجەدانی ئەمنەکان لە ئەمنە سوورەکە (کارەبا لێدان، هەڵواسین، شەق و زلە، کێبڵ) و ئەم جۆرە ئەشکەنجانە هەبوون. سجن نەبووە پڕ نەبێت لەخەڵک لەسەر دژایەتیکردنی حکومەتی بەعس دەستگیر کرابوون، یان فیرار(هەڵاتووی سەربازی) بوون، یان سیاسی بوون.

هەروەها دوو جار سەعات ١٢ی شەو منیان خستە ناو سەیارەیەکەوەو بردیانم بۆ سەرشەستیەکە لای مەیدانی دارەکە لەدەباشان، لەسەیارەکە منیان دەرهێنا و میلی کڵاشینکۆفیان لێهێنامەوە وتیان ئەتکوژین ئەگەر ئیعتراف نەکەیت؟ وەکو باسم کرد؛ ئەمنەکان دەیان فێڵ و پلانی ئەشکەنجە دانیان هەبوو، بەتایبەت ئەشکەنجەی دەروونی. هەروەها ئەو سجنانەی کەتازە ئەگیران دوو سێ شەو لەدەرەوە بەمحەجەرەکانەوە ئەیان بەستنەوە لەو سەرمایەی زستاندا، لەژێر قادرمەکاندا، پاشان ئەیان بردن بۆ ژووری ئینفرادی( تاکەکەکەسی)، هەندێک جار چەندین مانگ لە ئینفرادیا ئەیانهێشتیتەوە. کاتێک ئەیان بردین بۆ تەعزیب هەر لەدوورەوە بەدەنگی زنجیری کلیلەکان ئەمانزانی کە دێن یەکێک ئەبەن بۆ تەعزیب. زنجیرێکی گەورەیان لەکلیلەکان بەستبوو، بۆئەوەی دەنگی بێت وەکو ئەشکەنجەدانی دەروونی. ئەو کەسانەی کەلەژووری ئینفرادیدا ئەمانەوە؟ بارودۆخیان زۆر ناخۆش بوو، ژوورێکی بچووک تەنیا کونێکی ساحیبەی تێدا بوو، لەو کونەوە سەیری جادەی کارێزە وشکم ئەکرد کەسەیارەکان هاتوچۆیان ئەکرد بۆ باری دەروونی من زۆر خۆش بوو. لە ژوری ئینفرادیەکەدا سەتڵێکیان دابوینێ کە میزی تێدا بکەین، سەتڵێکی تریش بۆ خواردن. ئێوارانیش وابزانم ٥ دەقە ئەیان بردین بۆ توالێت. خۆشتن و ڕیش تاشین لە ئینفرادیدا نەبوو! من ٣ هەفتە لەئینفرادیدا بووم؛ هەرچەندە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاواز بوو، بەڵام بەگشتی کەیسی کۆمۆنیستەکان بۆ مدیریەتی ئەمن زۆر ئاڵۆز بوو. ئەمە یەکەم جاریان بوو لەم جۆرە کۆمۆنیستانە دەستگیر بکەن! سەریان لەسیاسەتەکە دەرنەئەچوو!؟ هەروەها هەر چاوەڕێی خەڵکی زیاتر بوون دەستگیریان بکەن. بۆیە لێکۆڵینەوە لەکەیسی کۆمۆنیستەکان بەگشتی زۆر زۆری پێ ئەچوو. شەوێکیان مودیری ئەمن هاتە ژوورەکەمان پرسیاری لێ کردین یەک بەیەک کەلەسەر چی گیراوین؟ وتی هەمووتان بەسزای خۆتان ئەگەن!

جارێکی تر نەقیب ماجید پریساری لەمن کرد پێی وتم ئیشت چییە؟ وتم فیتەرم. وتی ڕۆژی چەند پەیدا ئەکەیت؟ وتم ١٠ دینار. وتی ئەمەت باشترە یان ئەو ١٠ دینارە؟ وتم ئەمە. لەسەر ئەوە زۆری لێدام. جارێکیتر پرسیاری لێکردم؛ پێی وتم تۆ ڕەوتیت؟ مەبەستی ڕەوتی کۆمۆنیست بوو، منیش ئەم ویست بابەتەکە بگۆڕم ئەم وت من ئیشی ڕۆتت ناکەم ،هەر ئیشی گێڕ و مەکینە ئەکەم. ئەو پێی ئەوتم تۆ ڕەوتی کۆمۆنیستیت، منیش ئەم وت من ئیشی مەکینە ئەکەم. لەسەر ئەوە هەڵیواسیم. یەکەم ڕۆژ کەبردیانم بۆ لێکۆڵینەوە نەقیب ماجید دانیشتبوو، مانیڤێستی حیزبی کۆمۆنیستی لەبەردەمدا بوو! کەچوو بۆ ماڵەوە لەوێ هێنابووی، بەتەعلیقێکەوە وتی یا عمال عالم أتحیدو! ئینجا ئەیوت باشە وەرە یەکبگرن بزانم ئەتوانی چی بکەیت؟ ئەیوت دەی ئەوە من دانیشتوم ئێوەش یەکبگرن! زۆر بە موسەیتەری قسەی ئەکرد.

بۆپێشەوە: چۆن و کەی ئازاد کران؟ دەتوانن بیرەوەریی ناو زیندانمان بۆ بگێرنەوە، خۆش یان ناخۆش؟

وەستا کەمال: بێگومان پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێو زیندانیەکاندا هەبوو، پەیوەندییەکی زۆر ئینسانیانە، هەموومان ئەو ڕۆحیەتەمان هەبوو کە یارمەتی یەکتربدەین. بۆ نموونە کاتی کەسێکیان ئەبرد بۆ ئەشکەنجەدان و هەڵواسین؟ ئەگەر ئەوانیتر یارمەتیان نەدایە و دەستوپشت و قاچیان بۆ نەشێلایە؟ دوورنەبوو دەستوقاچی سەقەت نەبێت. یاخود کاتێ زیندانییەکی تازە ئەگیرا؟ خێرا کۆمەکمان ئەکرد کە خۆڕاگر بێت و ئیعتراف نەکات، و هەوڵ بدات قەزیەکەی لەسەرخۆی قورس نەکات. ئەم جۆرە یارمەتیانە و دەیان جۆریتر کۆمەکێکی باش بوو لەنێوانماندا. و هەمیشەش ئەگەر هەواڵێک لەدەرەوە بهاتایەتە ناو زیندانیەکان هەوڵمان ئەدا بەهەموو زیندانیانی ژوورەکانیتر بڵاوی بکەینەوە. کەواتە پەیوەندییەکی زۆر باش هەبوو لەنێوانماندا بەتایبەت کۆمۆنیستەکان دەست پێشخەری ئەم ئەرکە بوون، بێگومان زیندانی گومان لێکراویش هەبوو لەنێوماندا! هەوڵی قسەو باسی ناو زیندانیەکانی ئەبرد بۆ ئەمنەکان، بەڵام نەیان ئەتوانی ڕێگرییەکی ئەوتۆ بێت. دەورێکی ئەوتۆیان نەبوو، دواتر زۆریان پەشیمان بوونەوە لەو کارەی کە کردویانە. هەرچەندە ئێمە کۆمەڵێک لاوی کۆمۆنیست بووین، لەوانەیە بڵێم تەجرووبەیەکی قوڵمان لەسەر سیاسەت و شیوازی زیندان و ئەشکەنجە نەبوو. بەڵام بەهەموو کەموکوڕیەکانەوە؛ ئەتوانم بڵێم کۆمۆنیستەکان لەزیندانی ئەمنە سوورەکە جەسورترو هاوپەیمان ترین کەس بوون لەگەڵ زیندانیانی تردا. هەمیشە زۆربەی شەوان بە مناقەشە و قسەی خۆش و نوکتە شەومان بەڕێ ئەکرد. بێگومان ناو زیندان وەکو دەرەوە نییە؟ پێویستیەکی ڕۆحی و دەروونی قوڵ هەیە لەنێوان زیندانیەکاندا، ڕاستە هەموویان لەسەر قەزیەی جیاواز گیراون، بەڵام هەموویان یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش چوونەدەرەوەیە لەزیندان. ئەمە کۆمەکی کردبوو بە گیانی هاوڕێیەتی لەنێوانماندا.

بێگومان بارودۆخی زیندان تا بڵێی ناخۆشە و پڕ ئازار بوو، ئەشکەنجەو لێدانی زۆر، تەعزیبی جۆر بەجۆر هەر لەتەعزیبی نەفسی و لێدان و سیاسەتی برسیکردن وزیندانی ئینفرادی و هەموو ئەمانەیان بەکار ئەهێنا. برسێتی زۆری بۆ هەموومان هێنا بوو، ڕۆژانە پارچەیەک سەموونیان ئەداینێ لەگەڵ پەنیرێکی سێ گۆشە یاخود هەندێکجار عەلەفی حەیوانیان ئەکرد بەشۆربا و بۆیان ئەهێناین! جار جارەش  چەند دەنک خورمایان بۆ ئەهێناین! هەموومان بەهۆی بێ جل و بەرگییەوە سەرما زۆری بۆ هێنا بووین. نەبوونی ئاوی گەرم و هیچ ڕێ و شوێنێکی تەندروستی تێدا نەبوو! بەدەر لەوەی کەڕۆژانە ئەهاتن بیانوویان ئەگرت و لێیان ئەداین بەزلە و شەق. خۆشتن زۆر کەم بوو! ئەبوایە بەئاوی سارد خۆمان بشۆین، جێگەی خەوتن زۆر پیس و ناتەندروست بوو، ڕۆژانە ئەسپێ لێی دابوین. جارێکیان مانگرتنێکی گشتیمان ڕاگەیاند لەسەرئەوەی کە ئەبێت خواردنی زیادمان بۆ بهێنن؛ و جۆری خواردنەکانمان بۆ باش بکەن، سەرەتا کۆمۆنیستەکان بەدەست پێشخەری و خۆڕاگری تەواوی خەڵکانیتر. زیندانیەکانمان ناگادار کرد کە ئەبێ پشتگیری ئەم مانگرتنە بکەن، بۆ ئەوەی بارودۆخی برسێتیمان تۆزێک باشتر بێت؟ بێگومان خەڵکی ئینتهازی و دووڕو ماستا و چییان تێدا بوو، نەیان ئەویست مانگرتنەکە ڕاگەیەندرێت. بەڵام ئێمە هەر سوور بووین لەسەر ڕاگەیاندنی. ئەمنەکان هاتنە ژورەوە و هەڕەشەیان لێکردین. بەڵام ئێمە پاشگەز نەبوینەوە! ئەمنەکان ئەیان وت شەڕی کوەیتە خەڵک شەڕ ئەکات ئێوەش موجریم و تاوانبارن، ئەیان وت ئەوەی ئەیدەین بەئێوە بۆ سەربازێکی بنێرین لەڕیزەکانی شەڕ زۆر پیرۆزترە. بەڵام لەکۆتاییدا تا ڕادەیەک بۆ ماوەیەک خواردنی باشیان بۆ ئەهێناین. ئەوە دەستکەوتێکی گەورە بوو کەلەزینداندا بەدەستمان هێنا.

بۆپێشەوە: دیارە ئەو کاتە ئەندامانی لایەنەکانی تریش لە زینداندا هەبوون، دەتوانیت ئاماژە بەوانیش بکەیت؟

وەستا کەمال: من خۆم وابزانم یەکەم کەس بووم لەناو ڕەوتی کۆمۆنیستدا کەدەستگیرکرام، شەش مانگ و دوو ڕۆژ لەزیندانی ئەمنە سوورەکە بووم! زیندانیەکان جۆراو بەجۆر بوون؛ لەسەر قەزیەی تایبەت گیرابوون، زۆربەی زیندانیەکان سیاسی بوون، زۆرترینیان کۆمۆنیستەکان بوون. ئێمەش لەگروپ و ڕێکخراوی جیاجیا پێک هاتبووین. وەکو (ڕەوتی کۆمۆنیست، دەستەی پێشڕەوانی پڕۆلیتاریا، ڕێکخراوێکی تریش بوو ئێستا ناوەکەیم بیر چۆتەوە). هەروەها خەڵکی یەکێتی نیشتمانیش گیرا بوون. ئیسلامییان تێدا بوو، حیزبی شیوعی و حسک. هەروەها خەڵکی بێلایەن و قاچاخچی و تەجاوز حدودیش هەبوون لەزینداندا. بەڵی بەردەوام خەڵکی تازە ئەگیرا. ئەو کاتەی ئێمە گیراین، گروپێکی ٣٢ کەسی یەکێتی نیشتمانی لەوێ بوون. بەڵام زۆر نەمانەوە بردیانن بۆ ئەبوغرێب و نیوەیان ئیعدام کران. جەماعەتی جەباری موهەندیس و مامۆستا ئەحمەدی صناعە و فەریدون دارتاش ….هتد. هەروەها خەڵکی قاچاخچی و خەڵکی تەجاوز حدودو کە لەئەرزی موحەڕەمە گیرابوون. چەند کەسێکی ئیسلامیشمان لا گیرا بوو نیوەیان دەستیان هەبوو لە کوشتنی فایەقی مۆتە. دانەیەکیان دووەم ڕۆژی ڕاپەڕینەکە ئەمنەکان ڕەمیان کرد ناوی (محمد مەحمود) بوو خەڵکی قەلادزێ بوو. وابزانم کۆی زیندانیەکان لەئەمنە سورەکە ١٥٠ کەسێک ئەبون.

بۆپێشەوە: ئێوە دوای ئەو هەموو ساڵە، لە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەبینن، چی دەڵێن؟

وەستا کەمال: دەسەلاتی بزوتنەوەی کوردایەتی؛ دەسەڵاتێکی دواکەوتوو، خێڵەکی، کوردستانیان وەکو ئۆردوگا لێکردوە. ئێستا کوردستان لەسایەی ناسیونالیزمی کوردیدا وەکو خانوویەکی بێ دەرگا و پەنجەرە وایە! هەموو جۆرە موخابەراتێکی دنیا خۆی پیا ئەکات! لەباری سیاسیەوە کوردستان زۆر نائارامە، وڵاتێکی سەرگەردان و خەڵکەکەی پەیتا پەیتا کۆچ ئەکات. ئامادەیە ڕۆژانە ببن بەخۆراکی ماسی دەریاکان، بەڵام لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا نەژی. سیاسەتی برسیکردن، نەبوونی هیچ جۆرە خزمەت گوزارییەک! نەبوونی هیچ جۆرە ڕەقابەیەک بەسەر کەلوپەلەکاندا لەکاتی هاوردەکردنیان! بارودۆخ بەشوێنێک گەیشتووە چیتر خەڵک تەحەمولی ناکات! لەگەڵ ئەوەشدا پەیتا پەیتا ڕۆژانە ناڕەزایەتی خەڵک ئەبینین دژی ئەو دەسەڵاتە مافیایە؛ بۆیە بەنەزەری من، هیچ جۆرە چاکسازیەک لەیەکێتی و پارتی چاوەڕوان ناکرێت؛ بۆهەر ئاڵوگۆڕێک لەکوردستاندا بەستراوە بەنەمانی یەکێتی و پارتی. وە دانانی دەسەڵاتی جەماوەری خەڵک واتە شوراکان. ئەمەش بەبێ خەباتی کۆمۆنیستەکان من پێم وایە مەحاڵە. زۆربەداخەوە لەماوەی ئەم ٣٠ ساڵەدا کۆمۆنیزم نەیتوانیوە شکڵ بگرێت و ببێتە هێزێکی بەرچاو کە خەڵک ئومێدی پێ بکات. خەڵک لەکۆمۆنیستەکان باشتر یەکێتی و پارتی ئەناسێت، لەئێمە زیاتر بێزارو ناڕازین، بەڵام نەبوونی وشیاری چینایەتی ونەبوونی ئاسۆیەکی سیاسی ڕۆشن.  خەڵک بەرەو هەڵدێردا ئەبات. بیهێنەوە بەرچاوی خۆتان لەساڵی ١٩٩١ سەردەمی شوراکان هەر لەو شاری سلیمانیەدا هەزاران ڕابەری بزووتنەوەی شورایی هەبوو! هەمووشی خەڵکی ئاسایی و هاوڵاتی بوون،لە گەڕەکەکان و دایرەکان. بەڵام ئێستا چیان لێهات؟ ئەکرێت ڕۆژێک ئەو هەموو خەڵکە ئازادیخوازە بێتەوە مەیدان. بۆیە هیوادارم ئەو ڕۆژە بێتەدی کە لینین ئەڵیت” ڕۆژ هەیە ١٠ ساڵی لەورگدایە”.

لێرەدا کۆتایی پێ دێنم…

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *