Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 دیمانە لەگەڵ بەشێک لە رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی سەبارەت بە ئەزموونی شوراکانی ساڵی ١٩٩١…

دیمانە لەگەڵ بەشێک لە رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی سەبارەت بە ئەزموونی شوراکانی ساڵی ١٩٩١…

کاوە عومەر، درەو مەهد ، ئاسۆ کەمال، وەستا جەلال، جەمال کۆشش،

خەسرەو سایە و ستاری چیمەنتۆ

 

دیمانە لەگەڵ کاوە عومەر؛ ڕزگاربوویەکی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و

ئەندامی ڕابەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق سەبارەت بە یادی کارەساتی هەڵەبجە

بۆپێشەوە: لە کارەساتی هەڵەبجەدا، بەجیا لە دڕندەیی بەعس و دەوری جمهوری ئیسلامی ئێران، حزبە کوردییەکان و بەشیک لە بەرپرسەکانیان، رۆڵیان هەبووە، بۆچی تا ئێستا کەس لەو بەرپرسانە توشی لێپێچینەوەی یاسایی نەکراونەتەوە؟

کاوە عومەر: ڕاستیەکەی هۆکار زۆرن بۆئەوەی کە هەتا ئێستا لیپێچینەوە لە سەرانی ناسیۆنالیزمی کورد نەکراوە. سادەترینیان ئەوەیە کە ئەو حیزبانە خۆیان باڵادەستن لەکوردستان، و ئەوە بۆ زیاتر لە ٢٩ساڵە لە کوردستان حاکمیەتیان هەیە، وە خۆیان یاساو قانون دادەڕێژن وبەڕێوەی دەبەن. هەروەک دەزانن ئەم حاکمیەتەشیان بەهۆی بوونی ستەمی نەتەوایەتی وکێشەی میللی لە عێراق وناوچەکەدا داسەپاندووە. خەڵکی کوردستان خۆشباوەڕیەکی زۆریان بەناسیۆنالیزم هەبووە و قوربانیەکی زۆریان لەریزی ئەوحیزبانە داوە، بەئومێدی کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوەیی وچارەسەری کێشەی میللی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی وگەڕانەوە و بەدەستهینانی ماف وئازادیەکانیان. لە لایەکی تریشەوە بەشێکی زۆر لەو حیزبە ئیسلامیانەی کە ئێستا لە عێراق دەسەڵاتدارن هاوشێوەی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان بەشداربوون لە داگیرکردنی هەڵەبجەدا و بەناوی هێزەکانی بەدەر کە باڵی سەربازی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراقیان پێکدەهێنا، هەربۆیە هیچ ئومێدێک بەدادگایی گەیاندنی ئەو حیزب وسەرکردانە لەم بارودۆخەی کە خۆیان دەسەڵاتدارن بوونی نییە. هەروەک ئەبینن کە لەعێراق ئێستاش ئەوە زیاتر لە ٢٨ساڵە ئەوحیزبانە بەپشتیوانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی عێراق وکوردستاندا سەپاندوە. بەکورتی بۆ بەدادگایی گەیاندن وسزای تاوانباران وگێڕانەوەی مافی قوربانیانی تاوانەکانیان پێویستی بە گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لە دەسەڵات وسیستمی دادوەری هەیە لە عێراق وکوردستاندا. وە سیستمێکی ئینسانی وئازادیخوازانە کە لەسەر بنەمای ماف وئازادی وپارێزگاری لەکەرامەتی ئینسانی دامەزرابێت، ئەوکاتە دەتوانرێت لە دادگایەکی ئاشکرادا تاوانباران دادگایی بکرێن وسزای تاوانەکانیان وەربگرن. جا ئەگەر زیندوبن یان مردوو. بەڵام ئەمە بەومانایە نییە کەلە ئاستی کۆمەڵگەدا ئەو حیزب وسەرکردانە بەتاوانبار نەناسێنیت وە کاری بۆ نەکەیت، پێویستە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی وچەپ وڕێکخراوە ئازادیخواز و ئینسان دۆستەکان ئەو مەسەلەیە بەجدی وەربگرن، و ڕووی ڕاستەقینەی ئەو حیزب وسەرکردە ناسیۆنالیست وئیسلامیە کوردی وعەرەبیانەی بەشداربوون لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و هەموو ئەوتاوانانەی تر کە ئەم حیزب وسەرکردانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستیان تێیدا بووە لە دژی خەڵکی کوردستان، ئەبێت ئەوانە لە جیاتی سەرکردەی سیاسی وئەحزابی سیاسی وەک دەستەو تاقم وکەسانی تاوانبار بەکۆمەڵگە بناسێنین.

بۆپێشەوە: لەناو جەرگەی کارەساتی هەڵەبجەدا، ژمارەیەک بەرپرسی حزبی، خەریکی تاڵانی و دزی بوون، تەنانەت پەنجەی ژن و گەردنی ژنانی کیمیایی لێدراو، بردراو زامدار کرا، بۆ بازنی دەست و ملوانکەی ملیان… ڕەفتاری ئەو بەرپرسانە چۆن تەماشا دەکەن؟

 کاوە عومەر: بەداخەوە بەڕاستی کاروکردەوەی ئەو حیزبانە لەکاتی کیمیاباران ودواتریش برینی کارەساتەکەی لای خەڵکی هەڵەبجە و هەموو ئەوکەسانەی کە ئەو هەواڵانەیان بیستوە سەدجار قوڵتر کردوەتەوە. ڕاستیەکەی ئەم تاوانانە هاوشێوەیان زۆر دەگمەنە. ئاخر ئێمە داگیرکاری و تاڵانی ئەنفاڵی سەردەمی جەنگ وداگیرکارییەکانی ئیسلاممان لەژێر ناوی فتوحاتا بیستووە، بەڵام ئەگەر ئەوان بیانویان داگیرکردنی سەروماڵی کافران بوو، ئاخر خۆ ئەوانەی پێش پاسدار کەوتوبوون بۆ داگیرکردنی خاک وسەروماڵی دوژمن وکافران نەبوو، بەڵکو بۆ سەر خاکی خۆیان و کەسوکار و هاوزمانانی خۆیان بوون، ئەوە بەهیچ شێوەیەک قابیلی بڕواکردن نییە کە کۆمەڵێک ئەحزاب لە پیناوی مانەوە و بەرژەوەندی خۆیاندا سڵ لەهیچ تاوان وکاولکاریەک نەکەنەوە. بەداخەوە من ناوێک شک نابەم لە میژوودا بۆ بەراوردکردنی ئەم مشتە تاوانبارو تاڵانچیە.

 بۆپێشەوە: کارەساتی هەڵەبجە لە چوارچێوەی جەنگی کۆنەپەرستانەی عێراق و ئێراندا ڕوویدا، بۆچی هەڵەبجە کرا بە نیشانەی چەکی کیمیایی؟ رۆڵی حزبەکانی ئەوکاتەی بزوتنەوەی کوردایەتی لەو ڕووداوەدا چی بوو؟

 کاوە عومەر: ئەوەی کە زۆر جگەی نیگەرانیە ئەوەیە کە چەند ساڵ بەر لە کارەساتی کیمیاباران و ئەنفال ڕژێمی بەعس لە زمانی عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە (عەلی کیمیاوی)وە، لەوەڵام بە هەڕەشەی فەرەیدون عەبدولقادر لە کاتی گفتوگۆی یەکێتی نیشتیمانی لەگەڵ بەعس کە وتبووی” ئەگەر داواکاریەکانمان قبووڵ نەکەن؟ ئەوا لەگەڵ ئێران ڕێک دەکەوین، و پاسدار دێنینە سەرتان”. ئەویش وتبووی “یەک پاسدار بهێنن ئەوە کوردستان کاول دەکەین و هەمووی دەسوتێنین”. مام جەلال خۆشی لە گفتوگۆیەکدا پاش کیمیابارانی شێخ وەسانان هەر تەئکید لەوە دەکاتەوە، کە ئەمان گوێیان بەهەڕەشەکانی بەعس نەداوە کە وتویانە کوردستان دەسووتێنین و کیمیاویتان لێئەدەین. سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەکەشتان هەڵەبجە شارێکی سەرسنورە ولەگەڵ ئیران زۆر نزیکن، وە پێش کیمیابارانیش بەهۆی هیزە ئیسلامیەکان وبەرەی کوردستانیەوە کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەستێوەردانی هەبوو. بەڵام لەو کاتەدا جەنگی ئێران وعێراق نزیکەی ٨ساڵ بوو بەردەوام بوو هێزەکانی هەردوولا بەتەواوەتی هیلاک ببوون. لەوکاتەدا حیزبی بەعس کە بە هاوکاری ونزیکبوونەوەی هێزەکانی بەرەی کوردستانی و کۆماری ئیسلامی زانیبوو زۆر توڕە ببوو، ئەوە بوو ساڵی ١٩٨٧ ئەگەر بەهەڵە نەچووبم یەکێتی پێش هێزێكی پاسدار کەوتن لە ناوچەی گەرمیان و قەرەداخ بۆ لێدانی بیرەنەوتەکانی زەمبور لەنزیک کەرکوک. حیزبی بەعس لەوەڵامدا هێرشی کردەسەر ناوچەی سەرکردایەتی یەکێتی و لە زۆر لە ناوچەکان دەستی بە ڕاگوێزانی لادێکان کرد، وە لەسەرەتای ساڵی ١٩٨٨بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشی فراوانی دەستپێکرد بۆسەر ناوچەی سەرکردایەتی یەکێتی. یەکێتی وبەرەی کوردستانیش بۆ کەمکردنەوەی فشاری ئەم هێرشانە و کۆماری ئیسلامیش بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی کەلە بەرەکانی جەنگ لە ناوچەکانی تردا، پلانی ئەوەیان دانا کە هێرش بکەنە سەر هەڵەبجە، و بەپێی ئەو نەخشەی ئەوکاتە باسیان دەکرد بڕیار وابوو لە ناوچەی دەربەندیخان وقەرەداخەوە هێرش بکەن وناوچەی سلێمانی هەتا دوکان وئەو ناوچەیە بەفراوانی بەقەولی خۆیان ئازاد بکەن. بەداخەوە هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا بوو کە ماوەیەکی زۆر دوور نەبوو کە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە عێراق بەگازی فۆسفۆڕ لە فاوی  داوە، کە سوپای ئێران بەشێکیان داگیر کردبوو وەیان ماوەیەکی زۆر نەبوو کە شیخ وەسانان کیمیاباران کرابوو لەلایەن حیزبی بەعسەوە. بۆ کورد ڕۆلی ئەو حیزبانە کە هەتا ئێستاش بەردەوامە و ئەزمونیان لێ وەرنەگرتووە چاوساغی وپێشکەوتنی سوپای داگیرکەرو کۆنەپەرستی دەوڵەتانی ناوچەکە بووە. ئیمە لەدوای کیمیابارانیش چەندین جار شاهیدی پێش پاسدار و جاندرمەو سوپای بەعس کەوتنی یەکێتی وپارتی وحیزبە ئیسلامی و قەومیەکانی تری کوردستان بووین.

 تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

 

دیمانە لەگەڵ درەو مەهدی؛ مامۆستا و دانیشتووی شاری هەڵەبجە

لە سەردەمێکدا چالاکوانی مەدەنی

بواری کێشەکانی هەڵەبجە بووە. سەبارەت بە کارەستانی هەڵەبجە

بۆپێشەوە: دوای ٣١ ساڵ بەسەر کارەساتی هەڵەبجەدا، دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، ئەو کەیسەی وەکو سەرمایەی سیاسی بەدەستەوە گرتووە، کەچی بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە کەمترین هەنگاو نانێت، چۆن دەڕوانە ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی سیاسی؟

درەو مەهدی: هەمیشە بە درێژایی ساڵانی دوای جینۆسایدی هەڵەبجە، دەسەڵاتی سیاسی کوردی، تەنها وەک ناوێک و بەکارهێنانی سیمبوڵ بوونەکەی هەڵەبجەی لەبیر بووە، بۆ بەرژەوەندی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. دەنا، هەمیشە ئیشی لەسەر پەراوێزخستن و شکاندنی شکۆی ئەم شارە کردووە، نەک خزمەتکردنی شارەکە و دانیشتوانەکەی. ئەمەش مامەڵەیەکی زۆر ناتەندروست و بەرژەوەندخوازانە بووە لەگەڵ شارێکی جینۆسایدکراودا.

بۆپێشەوە: خەڵکی هەڵەبجە، دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسی هەڵەبجە و قوربانیەکانی بکەن؟

درەو مەهدی: خەڵکی هەڵەبجە پێویستە بۆ هەمیشە کەیسی هەڵەبجە و قوربانیەکانی لە یادەوەری خۆیان و نەوەی داهاتوویاندا،بچەسپێنن. پێویستە ئەو هاوشاریانە، بێتاقەت نەبن لە هەوڵیان بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی شارەکەمان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
بەردەوام پڕۆتێستۆی جینۆساید بکەن لە هەر شوێنێکی دونیا ڕوو بدات.

بۆپێشەوە: کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە رایانگەیاند، کە لیستی بریندارانی هەڵەبجە شێوێندراوە، و کەسانێک خراونەتە لیستەکەوە کە بەرکەوتەی کیمیایی نین و لە ١٦ سێ دا لە هەڵەبجە نەبوون، بۆچی ئەو لیستانە دەشێوینرێت؟ تەنها لەبەر بەشێک لە منحەیە؟

 درەو مەهدی: بێگومان، ئەگەر ڕووداوێکی وا ڕوویدا بێت، کاری کەس نییە، دەستی حیزب نەبێت لە کایە حکومیەکاندا، ئەو لیستی ناوەکانی شێواندووە.
چونکە حیزبی کوردی، بەتایبەت ئەوانەی کە چەندین ساڵە کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی حکومڕانیان کردووە، پەنا بۆ هەموو سێکتەر و جێگا و ئیمتیازێک دەبەن، کە بیبەخشنە ئەندام و لایەنگرانی خۆیان بۆ ڕازیکردنی دڵیان و هێشتنەوەیان لەدەوری خۆیان، ئەگەر چی ئەو سێکتەرە لیستی ناوی شەهیدانی هەڵەبجەش بێت.

 تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

 

 

دیمانە لەگەڵ ئاسۆ کەمال یەکێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی لە سلێمانی،،، سەبارەت ئەزمونی بزووتنەوەی شورایی

بۆپێشەوە: دوای ٢٨ ساڵ بەسەر بزوتنەوەی شوراییدا، چۆن دەڕوانە ئەزموونی شوراکان؟

ئاسۆکمال: ئەزمونی شوراکان گرنگە و پێویستە لێکدانەوەیەکی واقعی و دروستی بۆ بکەین، نەک تەنیا وتنەوەی ئەو دروشمەی کە شوراکان گرنگ بوون. دەبێ بزانین شوراکان چیبوون؟ چ دەورێکیان هەبوو؟ کۆمۆنیستەکان لەڕیگای شوراوە چیان کرد؟

ڕای من بەکورتی ئەوەیە کە ئەمە یەکەمین تەجروبەی کاری جەماوەری کۆمۆنیستەکان بوو، لەم بارەوە دەبێ جارێکی تر دەرسەکانی باس بکەین. یەکەمین شتێک کە کردی کاریگەری بۆ سەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستی خۆی بوو کە لەو پرش و بڵاویی و فیرقەگەریە و گروپە بچوکانە دەریکردن و یەکگرتووی کردن بۆچوونە مەیدانی کاری سیاسی و جەماوەری. هەرچەند ئەم بزوتنەوەیە دوای ئاوارەیی گەڕایەوە دۆخی جارانی نهێنی و سیکتاریستی خۆی، بەڵام بوە زەمینەی دروستبونی حزب و ئێستاش دەتوانێ جارێکی تر وەک تەجروبەیەک دوبارەبکرێتەوە بۆ دروستکردنەوەی بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی و کرێکاری بەرفراوان و ئەم پەرش و بڵاوییەی ئێستا کۆتایی پێبێنێ.

دووەم؛ خەڵکی لەگەڵ ناوی شورا و لەگەڵ کۆمۆنیستەکان ئاشناکرد و پەیوەندی لەنێوان ئێمە و خەڵکدا دروستکرد. ئەمەش تەجروبەیەکە ئەگەر بمانەوێ ببینە بزوتنەوەیەکی کرێکاری و جەماوەری دەبێ لەنێو کرێکاران و فەرمانبەران و خەلکی زەحمەتکێشدا بین و لە ناڕەزایەتیەکانیاندا دەورمان هەبێ و ڕیکخراو و یەکگرتویان بکەین. ئەمە ڕێگای دروستکردنی بەدیلی کرێکارییە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان.

سێیەم؛ دەبێ بزانین کە بۆچی شورا نەبووە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و نەیتوانی گۆڕانکاری لە ئاستی ڕیکخراوبوونی کرێکاران و فەرمانبەراندا دروست بکا. ئەمە بەشێکی لەوانەیە کە بە کورتی تەمەنی ڕاپەڕین و دیسانەوە سەرکوتی بەعس و ئاوارەیی پاساو بدەین. هەروەها داخرانی هەموو کارگە و فەرمانگەکان و دەوام نەکردن ئەمانە هەموو فاکتەر بوون.

بەڵام فاکتەری سەرەکی نەبونی پەیوەندی و ڕیشەی کۆمۆنیستەکان بوو لە نێو کرێکاران و فەرمانبەراندا. ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان دەچوین خەڵکمان کۆدەکردەوە و داوامان دەکرد کە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن لەگەڕەکدا و مودیرە بەعسیەکان لابەرن، بەڵام شورا ئەو پەیوەندییەی کە نوێنەری شورا بە خەڵکەوە هەیبێ و بزانێ دەبێ چی بکا و بەرنامەی چی بێ لە ئارادا نەبوو. دوای چەند کۆبونەوەیەکی گشتی بنکەکانی شوراکان و دوای ئەوەی یەکێتی دژی شورا ڕاوەستا و دەچووە سەر هەندێ بنکە، کاری ئێمە بووە کۆبونەوەی هەڵسوڕاوان و لەو کۆبونەوانەدا نوینەری کرێکاران و فەرمانبەران و گەڕەکەکان نەبوون و هەر گروپە باسی لە دروشمەکانی خۆی دەکرد.

کارێکی سەرەکی و گرنگ کە شوراکان کردیان خۆئامادەکردنی چەکداری بوو، بەڵام بۆ ئەمەش بەرنامەیەکی دیاریکراومان نەبوو. دەچووین بۆ کەرکوک و چەمچەماڵ و دواتر لەگەڵ ڕەوتی کۆمۆنیست قسەمان کرد بۆ ئامادەیی بەرەنگاری هێرشی بەعس و بەداخەوە ئەوان لەقاڵبی گروپەکەی خۆیاندا بوون و لەم کارەدا بەشدارنەبوون. ئێمەش بەو هێزە کەم و پەرژوبڵاو و بێ بەرنامەیەوە، دوای شەهیدبونی چەند هاوڕێیەک لە سلێمانی و هەولێر نەمان توانی وەک هێزێک لەکاتی ئاوارەییدا بمێنینەوە و دەوربگێڕین و دیسان پەرژوبڵاوبوینەوە و سەرەڕای هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم هەڵسوڕاوانی شورایی، بەڵام دواتر بەشێکمان کەوتینەوە سازدانەوەی دەورانی گروپگەرایی.

هەربۆیە باسی ئەزمونی شوراکان دەبێ لەم واقعیەتەوە دەست پێ بکا کە ئێمە بزوتنەوەیەکی شورایی جەماوەریمان نەبووە و تەنیا هەوڵێکی سەرەتاییمان هەبووە بۆ چوونە ناو جەماوەر و ڕێکخستنی ئەوان لە شوراکاندا لە دەوری نەبوونی دەسەڵاتێکی حکومیدا، لێرەوە دەبێ بچینە ناو ئەو باسەی کە ئایا لە ئێستادا چۆن بزوتنەوەی شورایی دەتوانین جارێکی تر بەڕێ بخەین؟

بۆ ئەم کارە پێویستمان بە تیكەڵاوبوونە لەو ناڕەزایەتیانەی کە ئێستا هەیە تا بتوانین شێوازەکانی ڕیکخراوبوون لە کارگە و فەرمانگەکاندا دروست بکەین و لێرەوە بتوانین شیوازی ڕیکخستنی شورایی پەرە پی بدەین تا بتوانرێ بزوتنەوەیەکی جەماوەری شورایی بەڕیبخەین. ئەم کارە بە بانگەواز نابێ، بەڵکو پرۆسەیەکە کە لە دروستکردنی ڕیکخراوە جەماوەریەکانەوە دەست پێدەکا و ئەمەش لە مەیدانی کار و بەرهەمهێناندا دەتوانێ پێشڕەوی بکا و تا دواتر لە ناوەندەکانی تردا دەتوانرێ پێکبێت و ببێتە بزوتنەوەیەکی سەراسەری. کۆبونەوەی هەڵسوراوان بەتەنیا ناتوانێ ناوبنرێ شورا و بزوتنەوەی شورایی و دەبێ ئەوەش بزانین کە شورا لەگەڕەکدا لە دەورانی ئاساییدا دروست نابێ لە کاتێکدا گەرەک تێکەڵاوێکە لە خەڵکی جۆراوجۆری چینەکان کە بەرژەوەندی جیایان هەیە و پەیوەندی ڕۆژانەیان لە شوێنێکی ترەوە ڕیکدەخرێ. هەربۆیە دەبێ لەو جۆرە شیعاردانە ناواقعیانە دورکەوینەوە کە بەبۆنەی هەڵبژاردنەوە بێ یان کێشەی ناوخۆی حزبە دەسەڵاتدارەکان پێمان وایە بە بانگەوازێک شورا پێک دێت! کرێکاران و فەرمانبەران لە پرۆسەی ڕیکخراوکردنی ناڕەزایەتیەکان و لە شوێنەکانی کارکردنیاندا دەتوانن ڕیکخراوی شورایی دروست بکەن. کۆمۆنیستەکان دەبێ لەم پرۆسەیەدا بەشداربن و دەوری سەرەکی بگێڕن تا بتوانن بزوتنەوەیەکی سەراسەری شورایی بەگەڕبخەن.

بۆپێشەوە: ناکۆکیەک لەناو ڕیکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئەو کاتەدا هەبوو سەبارەت بە شورایی کرێکاریی و شوراکانی گەرەک، چۆن دەڕوانە ئەو ناکۆکییە؟

ئاسۆکمال: شورای کرێکاری و شورای خەڵک تەنیا شتێک بووە لە مێشکی کۆمۆنیستەکاندا هەبووە و شتێک نەبوە لە واقیعدا دوو بزوتنەوە بەو دوو ناوەوە هەبووبێت. ئەم ناکۆکیە خەیاڵییە دواتر ڕەوتی کۆمۆنیست باسی دەکرد کە ڕەنگدانەوەی کێشە ناواقعیەکانی ناو گروپە کۆمۆنیستیەکان بوو، بەڵام بەپێچەوانەی ئەم دەرکە سیکتاریستیەوە لە شورا زۆربەی هەڵسوراوانی ڕەوتی کۆمۆنیست هەڵسوراوی هەمان شوراکان بوون کە هەموو کۆمۆنیست و چەپەکانی تری تێدا بوو.

بۆپێشەوە: لەیەکەم ڕۆژەوە شوراکان کەوتنە بەر هەرەشەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، هۆکاری دژایەتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەبەرامبەر شوراکاندا چی بوو؟

ئاسۆکمال: ئەمە نیشانەی ئەوەبوو کە شوراکان خەڵکیان لەگەڵ بوو لەسەرەتاوە و یەکێتی توشی شۆک کردبوو کە بزوتنەوەیەک بەم شێوەیە بە شارەکانی سلێمانی و هەولیر و کەرکوکدا بڵاوبۆتەوە. بێگومان ئەوان لە ئێمە باشتر دوژمنی چینایەتی خۆیان دەناسی و هەربۆیە لەیەکەم ڕۆژەوە کەوتنە دژایەتی و فشار دروستکردن و پڕوپاگەندە لەدژمان. ئەوان ئێمەیان وەک ڕێگری بەردەم سەقامگیری دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی خۆیان دەزانی و تەجروبەی گەشەی کۆمۆنیزمیان لە کوردستانی ئیران بینی بوو کە ببووە ڕەقیبی ناسیونالیزم. ڕاوەستانەوەی جەماوەری شوراکانیش بەرامبەریان ئێمەی بەرانبەر بەوان تیژتر کرد و لەوکاتەوە تا ساڵانێکی دواتر و تا ئێستاش وشیاری سیاسی بەرامبەر بە ناسیونالیزم و خەبات دژی دەسەلاتی یەکێتی و پارتی بووە بەشێکی سەرەکی ناسنامەی ئێمە. بەداخەوە ئێمە لەدوای ئاوارەییەوە نەمانتوانی شوێن پێی سیاسی و چەکداری خۆمان پتەوبکەین و دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی ئەوان خۆی سەپاند بەسەر چارەنوس و ژیانی خەڵکی کریکار و زەحمەتکێشی کوردستاندا و سێ دەیەیە ئێمە باجی ئەو نائامادەییەی بزوتنەوەکەمان دەدەین.

بۆپێشەوە: بزوتنەوەی شورایی زۆر زوو توانی جەماوەری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام نەیتوانی بەرگری لەخۆی بکات، لەبەرامبەر بە هیرشەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

ئاسۆکمال: بێگومان دەستپێشکەری ئێمە لە کاتی ڕاپەڕیندا و دروستکردنی شوراکان لەو بۆشایی دەسەڵاتەدا هێزێکی باشی بەدەوری شوراکاندا کۆکردەوە، بەڵام بۆ ڕاگرتنی ئەو هێزە پێویستی بە ڕاگرتنی ئەو پەیوەندیە جەماوەریە هەیە و ئەویش پێویستی بە کەوتنە پێشی خەڵکە بۆ کاری شۆڕشگێڕانە. لەو کاتەدا پێویست بوو کە ئێمە هێزی چەکداری هەزاران کەسی دروست بکەین بۆ بەرگری و ئیدارەکردنی کوردستان. شوراکان بکەینە ڕیکخراوێکی تۆکمە و جێگیری سیاسی و چەکداری. ئێمە تەجروبەی ئەم کارە و ئامادەیی و هێزو نفوزی پیویستمان نەبوو بۆ بینینی ئەم ڕۆڵە. ئێمە میراتگری چەپ و کۆمۆنیستێکی نا کۆمەڵایەتی و نهێنی کار بوین و ئەمە یەکەمین تەجروبەی کاری سیاسی جەماوەری و ئاشکرامان بوو.

یەکێتی و پارتی نیوسەدە لە تەجروبەی سیاسی و سەربازی و حزبیان هەبوو و لە چۆنیەتی سەرکوت و خۆسەپاندندا دەستی باڵایان هەبوو. نفوزی سیاسی و توانای ڕیکخراوەیی و کۆکردنەوەی خەڵکیان هەبوو. خەڵک خۆشباوەری بەناسیونالیزم لەوپەڕی خۆیدا بوو و خەڵک یەکێتی و پارتیان وەک بەدیلی بەعس پشتیوانیان لێ دەکردن و کۆمۆنیزم بەدیلێکی سیاسی نەبوو لای خەڵک.

بۆپێشەوە: هەندێک هەن دەڵین بزوتنەوەی شورایی و شوراکان… هەڵگری دروشم و بانگەشەی ناواقعی بوون بۆیە پاشەکشەیان پێکرا، لەبەرامبەر بەو بۆچوونەدا دەڵێن چی؟

ئاسۆکمال: بزوتنەوەی شورایی بزوتنەوەیەکی سەرەتایی و کەم تەجروبە بوو، بەڵام ئەمە مانای وانییە کە هەموو دروشمەکانی ناواقعی بوون. ئەوەی واقعی بوو وجودی بزوتنەوەکە خۆی بوو کە جیاواز بوو لە یەکێتی و پارتی و دژ بەو بزوتنەوە ناسیونالیستیە بوو. بێگومان ئەو دروشمانەی لە وێنەکانی ئەو کاتەدا دەبینرێ وەک ٣٥ سەعات کار ناواقعی بوو، بەڵام ئەوە وێنەیەک بوو نەک دروشمی شوراکان. ئەوەی شورا کاری لەسەر دەکرد کۆکردنەوەی خەڵک و هەڵبژاردنی نوێنەران لە فەرمانگە و گەرەکەکاندا و بەرەنگاربونەوەی بەعس و ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی یەکێتی بوو. ئەمانە هەمووی کردەوەی واقعی بوون و هۆی پاشەکشەی ئێمە کەم بوون و کەموکورتی ئەم کارە جەماوەری و چەکدارانە بوو، نەک هەندێ دروشم. ئەوەی پاشەکشەی تەواوی بە ئێمە کرد سەرەڕای هەلومەرجە سەختە سیاسیەکە بۆ ڕیکخرابونی جەماوەری و دروستکردنی ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی دژ بە ناسیونالیزمی کورد، نائامادەیی سیاسی و چەکداری خۆمان بوو و دواتریش سەقامگیربوونی دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی.

بۆپێشەوە: دەوترێت دەستەیەک هەبوو بەناوی دەستەی بەرەوپیش بردنی بزوتنەوەی شورایی، ئەو دەستەیە چۆن و لەکێ پێکهاتبوو، وە رۆڵی ئەو دەستەیە چی بوو؟

ئاسۆکمال: دەستەی بەرەوپیش بردنی بزوتنەوەی شورایی هەڵسوراوانی کۆمۆنیست و چەپ و ئازادیخواز بوون. لە گروپی جیاجیا و کەسایەتی جیاجیا پیکهاتبوو. هەموو وەک هەڵسوراوی شواریی کاریان دەکرد. سەرەتا لە بنکەی ئاوات لە گەرەکی علی کمال لە سلێمانی پیکهات. من ئاگاداری کاری یەک دوو ڕۆژی یەکەمی نەبووم، بەڵام لە ڕۆژەکانی تردا هەندێ کاری پاکردنەوەی شاری دەکرد و شوینی کۆبونەوەی هەلسوراوانی شورایی بوو و خەریکی دروستکردنی ناسنامە و بڵاوکراوەی شورا بوو. هێزی چەکداری ڕیکدەخست و و شوراکانی گەرەک و فەرمانگەکان سەردانی ئەو بنکەیەیان دەکرد. ئەو ناوانەی من لەبیرم بێت مامۆستا محمد و سەفین محمدی کوڕی ، خەسرەو سایە و ئەکرەم میهرداد و جەمال چاوشین و ئەمەل عوسمان و فوئاد و سازان علی و ڕێنوار جبار و یەک دوو دکتۆر یان یاریدەدەری پزیشک و سۆران غەریب و زۆر هاوڕیی تر بوون. ڕیکخستنی ڕۆژی هەلەبجە و دواتر ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی کوردستانی لەو کارانەی تری ئەو دەستەیە بوو. بەلام دوای فشارەکانی یەکێتی چەند ئەندامێکی ئەو دەستەیە لە بنکەی ئاوات ناکۆکیان لەگەڵ کۆمۆنیستەکاندا هەبوو، وە داوای بنکەکەیان کرد و دواتریش تەسلیمی حزبێکی بەرەی کوردستانیان کرد وابزانم پارتی بوو. باقی دەستەکە درێژەی بەکارەکانی خۆی لە بنکەی مەجیدبەگ و بنکەی سەرشەقامدا.

ئەم دەستەیە لەناو شوراکاندا چالاک بوو و دوای ئاوارەیش لەگەڵ هەڵسوراوانی تری شوراکاندا بوونە گروپێک بە ناوی “هەستەی کریکارانی سۆشیالیست”

 تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

 

دیمانە لەگەڵ هاوڕێ وەستا جەلال یەکێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی شاری هەولێر ، سەبارەت بە ئەزموونی بزوتنەوەی شورایی

بۆپێشەوە: ئێوە وەک هەڵسوڕاوی شوراکان لە هەولێر،  شوراکان چۆن دروست بوون و چیان دەویست؟

وەستا جەلال: شوراکان هەر لەسەرەتای ڕۆژەکانی ڕاپەرین دروست بوون. یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی خۆی بە بەشداری ژمارەیەک لەژنان و پیاوانی هەڵسوڕاوی مەیدانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و ئازادیخواز لە بنکەی سەرەکی ناو شار، نزیک پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد. بەڵام چەند ڕۆژێک پێش راپەرین، گروپ و کۆڕو کۆمەڵە کرێکاری و ڕێکخراوە سیاسیەکان و ئێمەش خەریکی خۆئامادەکردن بووین. پێموایە لەیەکەم ڕۆژی ڕاپەڕین چەند کەسێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەسەر پێکهێنانی شورا و رێکخستنەوەی کۆمەڵگە پاش روخانی رژێمی بەعس قسە و باسیان کردبوو. بەڵام من لەو کۆبونەوەدا نەبووم.

لە یەکەم کۆبونەوەی فەرمی قسەو باسی زۆر لەسەر چۆنیەتی ئیدارەکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردستان لەلایەن دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک لە ڕێگای شوراکان کرا، باس لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی شورای کرێکاری و شواری خەڵکی کرا. باسی شورای شوێنی ژیان و کاری کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش کرا.

لەم کۆبوونەوەیەدا؛ دوو بۆچوونی لێک جیاواز هەبوو، بەشێک پێیان وابوو تەنها دەبێت گرنگی بە پێکهێنانی شورا کرێکاریەکان بدرێت لە کارگەکان. نابێت زۆر گرنگی بە پێکهێنانی شورای خەڵکی بدرێت. لەبەر ئەوەی شورای خەڵکی بۆچوونێکی پۆپۆلیستیانەیە، و کاری ئێمەی  کۆمۆنیستەکان نییە. بەشێکی تریش پێیوابوو دەبێت هەوڵی پێکهێنانی شوراکانی خەڵک لە شوێنی ژیان و کاری خەڵک بدرێت.

ئێمە وەکو لایەنگری لە پێکهێنانی شوراکانی خەڵک لەو کۆبوونەوەیە دەستمان بە هەڵبژاردن کرد. چەند کەسێک لەم کۆبونەوەیەدا هەڵبژێردران وکارو ئەرکەکانمان دیاری کرد. ئەم کارانەمان خستە دەستوری کارەوە؛ سەرپەرشتی، بەرێوەبردن، چەکداری، ڕاگەیاندن، پەیوەندییەکان.

دەستمان کرد بە سەردانی گەڕەکەکان و بانگەوازکردنی خەڵک بۆ پێکهێنانی شوراکان لەرێگای کۆبوونەوەی گشتیەوە. لە چەند گەڕەکێکی وەک (مەنتکاوە، کوران، نەسیچ، شۆڕش، تەیراوە، باداوە، ٧ی نیسان(ڕاپەڕینی ئێستا)…)کرد. کۆبوونەوەی گشتیمان لە قوتابخانەکان بە پێشوازی و بەشداری گەرمی خەڵک ئەنجامدا. لەم کۆبوونەوانەدا باسی دەسەڵاتی شورایی و بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی کۆمەلگە لە ڕێگای شوراکانەوە بۆ خەڵک دەکرد. باسی گرنگی کۆبوونەوەی گشتی و هەڵبژاردنی نوێنەرانی راستەقینە و باوەڕپێکراوی خەڵک دەکرد. باسی زەرووریەتی چەکدارکردنی خەڵک دەکرد بۆ بەرگری و پاراستنی گەڕەک و شارەکان لەهەر دەستدرێژی و هێرشێکی ڕژێمی بەعس. پاش تەواوبوونی پرسیار و گفتوگۆکان خەڵک نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژارد و کارەکانیان دیاری دەکرد.

بەرنامەی کارەکانی ئێمە پێک هاتبوو لە دوو بەش:

بەشی یەکەم: چارەسەری داخوازی و داواکارییە هەنوکەییەکانی خەڵک بوو. بەهۆی شەڕی کوێت و  چەندین ساڵ لە دیکتاتۆری ڕژێمی بەعس، هەلومەرجی ئابووری خەڵک زۆر خراپ بوو، بێکاری و هەژاری، نەبوونی خۆراک، نەبوونی ئاو و کارەبا، بریندارو نەخۆشی زۆر لە نەخۆشخانەکان بێ دەرمان و دکتۆر، داخستتی قوتابخانەکان. ئەمانە کێشەیەکی سەرەکی ئەوکاتی خەڵک بوو.

ئێمە لەسەرەتا هەوڵماندەدا ئەو خواردنانەی کەلە کۆگاکانی رژێمی بەعس شاردرابوونەوە، بە یەکسانی لە ڕێگای نوێنەری هەلبژێردراوی خەڵک، بەسەر خەڵکی گەڕەکە هەژارەکاندا دابەشی بکەین. لە هەوڵی چارەسەری گێرانەوەو چاککردنی کێشەی ئاو و کارەبای گەرەکەکان بوین. هەندیك جاریش ئەو سەربازانەی کە خۆیان تەسلیم بە خەڵک و پێشمەرگە کردبوو ڕوویان دەکردە شورای ناو شار و داوای شوێن وپاراستنیان لێ دەکردین.

بەشی دووەمی: کارو تەبلیغاتی ئێمە، باسی چۆنیەتی پێکهێنان و بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتووی کوردستان بوو. هەوڵی زۆرمان دەدا لە هەموو گەرەکەکان لە ڕێگای کۆبوونەوەی گشتییەوە شوراکان پێک بێنن.

خەڵک لە ڕێگای شورای شوێنی ژیان و کاریەوە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خۆیان حکومەتی شورایی لە کوردستان  پێکبهێنن. حکومەتی شورایی دەبێت ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی، ڕۆژنامەگەری، رێکخراوە کرێکاری و جەماوەریەکان، حیزبە سیاسیەکان بەفەرمی بناسێت. یەکسانی ژن و پیاو، جیایی دین لە دەوڵەت. بیمەی بێکاری، خوێندنی بەخۆڕایی و تەندروستی خۆڕایی بە یاسایەک بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکات. ئەمانە بابەتی سەرەکی قسەو باس و داخوازیەکانی ئێمە بوو.

بۆپێشەوە: بزووتنەوەی شورایی زۆر زوو توانی جەماوەری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام نەیتوانی بەرگری لەخۆی بکات، لەبەرامبەر بە هێرشەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد( بەرەی کوردستانی)، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

وەستا جەلال:دەلیلی جەماوەری بوونەوەی شوراکان، هەوڵدان بوو بۆ چارەسەری داواکاری وداخوازیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، پشتبەستن بەهێزو توانایەکانی خۆیان بوو، هەستکردن بە بەرپرسیارەتی بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی کۆمەڵگە لەڕێگای دەسەڵاتی راستەوخۆی خەڵک بوو، باوەڕ بە کۆتاییهێنان بە زوڵم و چەوساندنەوە، کۆتایهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی. ئەم تەبلیغات و کارە عەمەلیانە لە لایەن خەڵکەوە  پێشوازی گەرمی لێ دەکرا. بۆیە لە ماوەیەکی کەم شوراکان  توانیان جەماوەری ببنەوە.

هۆکاری نەمانی شوراکان وبەرگری نەکردن لەبەرامبەر ناسیۆنالیزمی کورد، دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکاری سەرەکی؛ شوراکان لە پڕۆسەیەکی درێژماوەی خەباتی جەماوەری و کرێکاری بە ئاشکرا لە بەرامبەر رژێمی دیکتاتۆری بەعس دروست نەببوو. شوراکان بەهۆی ڕاپەینی خەڵک لە ڕێگای لاوازبوونی داموودەزگای سەربازی و بەرگری رژێمی بەعس، بەهۆی هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەرعێراق دروست بوو. بۆیە شوراکان ئەو هێزە جەماوەری و چەکداریەی نەبوو کە بەتەنها بتوانێ بەرەنگاری هێرشی هێزی سەربازی رژێمی بەعس بکات بۆ سەر شارەکانی کوردستان. سەرەڕای ئەوەش، شوراکان بەرگری زۆر باشتریان کرد لەچاو هێزە ناسیۆنالیستە کوردیەکان  بۆ گرتنەوەی شارەکانی کوردستان لە لایەن رژێمی بەعسەوە.

هەروەها پێش دروست بوونی شوراکان لە عێراق و کوردستان، هیچ تەجروبەیەکی کاری رێکخراوەیی و سەربەخۆی کرێکاری و جەماوەری نەبوو، کە بتوانێ لەو تەجروبەیە کەڵک وەربگرێ و زیاتر جەماوەری بێتەوەو لەسەر پێی خۆی بوەستێت. شوراکان نەک بۆ خەڵکی  کوردستان، هەتا بۆ بەشێک لە هەڵسوڕاوانی شوراییش تەجروبەیەکی تازەبوو، پشتیوانی بەهێزی شوراکان تەنها ئیرادەی توانایی خودی خەڵک بوو.

بەڵام ناسیۆنالیزمی کورد خاوەنی سەدان هێزی چەکدار بوو، توانایی ڕاگەیاندن و ئیمکاناتی ماددی، بەراورد بە شوراکان زۆر زیاتر بوو. ناسیۆنالیزمی کورد خاوەنی چەندین تەجروبەی لەم شێوەیە بوو، هەرلە شۆرشی ١٩٥٧ کە ناسیونالیزمی کورد بەشداربوو لە پێکهێنانی حکومەتی ئەوکاتی عێراق، تاکو بەشداریان لە حکومەتی بەعس لە سالی ١٩٦٣ و رێکەوتنی سالی ١٩٧٠ چەندین رێککەوتنی تر.

بزووتنەوەی شورایی هیچ پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی نەبوو، ناسیونالیزمی کورد گەورەترین هێزی سەربازی ئابووری  جیهانی وەکو ئەمریکای لە پشت بوو، ئێران و چەندین وڵاتیتر پشتیوانی لێ دەکردن.

بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵکی شارەکانی کوردستان بۆ سەر سنوورەکانی ئێران و تورکیا. شوراکان کۆتاییان پێ هاتوو هەڵوەشانەوە. لەکاتی گەڕانەوەی خەڵکیش بۆ ناو شارەکان، ناسیۆنالیزمی کورد و حیزبە ئیسلامیەکان بە ئاگاداری ئەمریکا، جارێکیتر لەگەڵ حکومەتی بەعس رێککەوتنەوە و بارەگاکان و هێزەکانیان هێنایەوە ناو شار. بەهۆی پارەیەکی زۆر کە لە ئەمریکا و وڵاتانیتر وەریان گرتبوو دووبارە دەستیان کردەوە بە رێکخستنی هێزەکانی خۆیان و خەڵکی کوردستان.

ئێمەش دووبارە هەوڵێکی زۆرماندا بۆ دروستکردنەوەی شوراکان، بەڵام بەهۆی ئەو هەژاری و بێکاری و ئاوارەییەی کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتبوو، خەڵکی کوردستان پێویستی بە ماوەیەک لە پشوودان هەبوو بۆئەوەی لەژێر باری ئەو هەموو ناخۆشیانە بە جۆرێکیتر بێتە مەیدان.

بۆپێشەوە: زەمینەکانی دووبارە دەستبردنەوە بۆ بزووتنەوەی شورایی چین؟ ئایا لەهەموو هەلومەرجێکدا دەکرێت دەست بۆ دامەزراندنی شوراکان ببرێت؟

وەستا جەلال: بەڕای من ئێستا زەمینەی دروستکردنی شوراکان بۆ خەڵکی کوردستان زۆر لەبارترە لەچاو ڕاپەرینی بەهاری سالی ١٩٩١. ئێستا بەهەر دەلیلیک بێت هەلومەرجی کوردستان ئازادترە، ئاستی وشیاری ژنان و لاوان لەپێشترە، ئیمکاناتی ڕاگەیاندن بۆ پەیوەندیکردن ئاسانترە، مەیدانی کاری هاوبەش لە نێوان رێکخراوەکان لەبارترە.

ئەرکی هەڵسوڕاوانی کرێکاری، جەماوەری، ژنان، لاوان، ژینگەپارێزانە لەڕێگای کۆبوونەوەی گشتی  رێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان پێکبهێنن.

دروستکردنی شوراکان دەگەرێتەوە بۆ ئاستی وشیاری و تێگەیشتن وبەرپرسیارەتی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ بەڕێوەبردنی دەسەلاتی سیاسی و ئابووری کۆمەلگە، کە لەڕێگای نۆێنەرانی هەڵبژێردراوی راستەوخۆی خەڵک لە کۆبوونەوە گشتییەکان هەڵدەبژێردرێن. لەبەرامبەر دەسەڵاتی بۆرژوازی پەرلەمانی کە هەر چوارساڵ جارێک وەکو نوێنەر و پارێزەری دەسەڵاتی بۆرژوازی هەڵدەبژێردرێن.

 تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

 

دیمانە لەگەڵ هاوڕێ جەمال کۆشش، یەکێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی لە شاری هەولێر… سەبارەت بە ئەزموونی بزوتنەوەی شورایی

بۆپێشەوە: بزووتنەوەی شورایی لەدڵی هەلومەرجێکی کۆنەپەرستانە و جەنگی و ڕاپەرینێکی ژێر ئاسۆی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورددا ڕوویدا، ئەو هەلومەرجە کە بزووتنەوەیی شورایی تیایدا دەستیپێکرد، چ کاریگەرییەکی لەسەر شوراکان  وبزووتنەوەی شورایی هەبوو؟

جەمال کۆشش: سوپاس بۆ ئێوە، بۆ بەڕێوەبەرانی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە، وخۆشەویستیم بۆ خوێنەرانتان. ناوەڕۆکی پرسیارەکەتان، شرۆڤەیەکی تایبەتی لە خودی هەلومەرجەکە بەگشتی دەخوێنێتەوە، هاوڕام لەگەڵیدا.  خودی کێشەکە، ئەوەیە کە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی، ئەم ڕیالیەتەیان بە فەرامۆشی سپاردبوو. ئەو دوو پایە گرنگەی کە تۆ لەپرسیارەکەتدا، (جەنگی و کۆنەپەرستانە)، و( ئاسۆی ناسیۆنالیزمی کورد)، وەک واقعیاتی سیاسی وکۆمەڵایەتی ئەو دەمی هەلومەرجەکە، ناساند، دۆخێکی قەهراوی بۆ جووڵانەوە دیموکراتی و ئازادیخوازەکان پێکدەهێنن، چ جای بۆ بزووتنەوە جەماوەری وکۆمەڵایەتی وڕادیکال وکۆمۆنستیەکان کە لە شوراکاندا خۆی دەنواند. چینی کرێکاری کوردستانی عێراق و خەڵکە ڕەش و ڕووتەکانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی شارەکان، شەوقی شوراکان، کۆبونەوە گشتیەکان، لاوە خوێنگەرم وخاوەن ئایدیا یەکسانیخوازەکان تەنیا توانی بەرگەی ماوەیەکی کورتی ئەو سەختی و دژوارییە بگرێت. هەژاری ئەگەر بێبەش بێت لە دەرکی هۆکارەکانی هەژاری، لانکەی کۆنەپەرستیە. هەژاری لە وڵاتانی ئێمە ئەگەر، ڕێکخراو لە هێزی سیاسی چەکداری ئامادە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قورس نەبێت، زەلیلی وملکەچی وجێهێڵانە. هەموو بەڵگەکان، ئەوە دەسەلمێنن، کەڕاپەڕین، جەماوەری ڕاپەڕیوی دەرەوەی پارتە سیاسیەکانی شاخ و بەتایبەت بەدەستپێشکەری بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە شارەکان هەڵگیرسا، فورسەتێکی کورت ماوە، بەڵام گرنگ هەبوو لەبەردەممان. ئەندازیاری ڕاپەڕین (نەوشیروان مستەفا!)، ٣ رۆژ دواکەوت لە سلێمانیش، نەک لەڕانیە وهەولێر. هەژموونی ئاسۆی ناسیۆنالیستی کورد، لەو دەمەدا، هەمان شانسی هەبوو، بۆ زاڵبوون بەسەر ڕاپەڕیندا. ئەگەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وشورایی بیانتوانیبا، هەمان کارایی لە ڕۆژەکانی دوایی ڕاپەڕیندا بگێڕن. ئەوە ڕاستیە ئێمە هەمان توانایی سەربازی و لۆجیستی ومرۆییمان نەبوو وەک بەرەی کوردستانی، بەڵام ئەوە قەدەری حەتمی نەبوو کە خەڵکی کوردستان لەم ٢٨ ساڵەدا چەشتی.

بۆپێشەوە : ناکۆکیەک لەناو ڕێکخراوە چەپ وکۆمۆنیستەکانی ئەو کاتەدا هەبوو سەبارەت بە شورای کرێکاری وشوراکانی گەڕەک، چۆن دەڕوانە ئەو ناکۆکییە؟

جەمال کۆشش: دەرکەوتەی ئەو ناکۆکیە، بەر لەوەش لە چەند بواریتردا خۆی لە شێوەی تیۆری وبەرنامەدا، لەکاری ئاشکرا و نهێنیدا گەڵالە کردبوو. بەشێک لە چەپەکان، خۆیان وەک شۆڕشگێری جەماوەری، وە بەشێکیتر وەک کرێکاری کۆمۆنیست وبەرنامەی سۆشیالیستی خۆیان دەناساند. لە هەولێر بەتایبەت ئەوەندەی من زانیاری بیرەوەریم بیخاتەوە یادم، ڕەوتی کۆمۆنیست ڕاستەوخۆ دوای ئازادبوونی هەولێر لە بەعس، دەستیبرد بۆ دامەزراندنی شورا کرێکارییەکان، وە چەپەکانیتر لەگەڕەکەکان دا. وە من وتیمێک لە هاوڕێیان بۆ ئەو مەبەستە لە کارگەی دەواجنی هەولێردا بەشداریمان کرد. هەمان کات هاوڕێیانیتر لە کارگەی جگەرە، نەسیج، قالی، شورا کرێکاریەکانیان پێکهێنا. ناوەندێکمان بۆ ئەو کۆبوونەوە دامەزراند لە قوتابخانەی تەنیشت سینەما سیروان (قوتابخانەی ئەربیل ئولا). چەپەکان وڕەوتیش لە شورای گەڕەکەکان هەڵدەسوڕان، بەتایبەت لە گەڕەکی نەسیج وکوران، کە کەسانی وەک (عبدللە سلێمان ومەمەخان ڕەمەزان وئاڵا) وچەندانیتر کە ئەندامی ڕەوتی کۆمۆنیست بوون، چالاک ودامەزرێنەری بوون. ڕاستە ئەو دوو بۆچوونە هەندێک کاریگەری لاوازی لە پراتیک وخەمڵاندنی شوراکاندا دانا. شوراکان چ کارگە و چ گەڕەک خۆیان لە مەیدانی کۆمەڵایەتیدا هەناسەیان دەبڕی لە ئایدۆلۆژی و دەستەگەری. هەست بەدواکەوتویی کەلتوری پەیوەندی دەکەم لەنێوان ئەم دوو شورایەدا لەو دەمەدا. شوراکان چ لەکارگە و چ لە گەڕەکەکاندا؛ کۆمۆنیستەکانیان بەکێشەی گرنگی دەسەڵات و خەڵکەوە توند گرێدا. کۆمۆنیستەکان وەک ئەو هاورد ستیڤان زانای ماتماتیکی دەڵێت ((ئێمە مامۆستای زۆر زیرەکی ماتماتیکمان هەیە، بەڵام کێشەکەمان ئەوەیە، ئەوان تێناگەن بۆچی خوێندکارەکان لە وانەکانیان تێناگەن)). ئێمە بەئێستاشەوە تێناگەین بۆچی ناتوانین ببینە هێزێکی کۆمەڵایەتی وشوراکان ببنە ئالتەرناتیفی دەسەڵاتی داسەپاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆش کە ٢٨ ساڵە وەک تاقیکردنەوەیەکی بەسەرچووی خوازراوی لەکیسچوو نەک وەک ئەزموون و شێوازێکی گونجاوی هەڵسوراوی هۆشیارانە و ئەنجومەنە خۆجێێ وبەڕێوەبەرایەتیە کرێکارییەکان. ئەگەر ئەمڕۆ ڕاپەرینێک لە کوردستانی عێراق ڕووبدات، ئایا بزوتنەوەی شورایی چەندێک دەتوانێت خۆی وەک ئالتەرناتیفی دەسەڵات چاوی لێبکرێت؟ بابەتەکە بە بۆچوونی من لێرەدایە مانای پەیدا دەکات؛ چەپ وکۆمۆنیستەکان لەودەم زۆرتر پەرتەوازەترن، کەمتر لەودەم بێ ئاسۆتر ودەست ڕاگەیشتووترن. کۆمۆنیستەکان لانی کەم پێویستە لەگەڵ مێژوودا، زۆر مامەڵەیەکی واقعیانە بکەن وبتوانن تێیپەڕنن. ئەمە کارێکی سەخت نییە.

 تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

 

دیمانە لەگەڵ خەسرەو سایە یەکێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی سلێمانی… سەبارەت بە ئەزموونی بزوتنەوەی شورایی

بۆپێشەوە: شوراکان چۆن دروست بوون و چیان دەویست؟

خه‌سره‌وسایه:‌ شوراکان له‌کوردستان، ئه‌گه‌رچی وه‌ک ده‌رکه‌وته‌یه‌کی خێراو له‌ناکاو بێته‌به‌رچاو، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌یه‌ک نه‌بووه‌‌ که‌ هه‌روا له‌هه‌وادا به‌بێ بوونی زه‌مینه‌ی واقعی خۆی دروست بوبێت، به‌ڵکو وه‌ک هه‌ر ده‌رکه‌وته‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی تر، ‌زه‌مینه‌ی کۆمه‌لایه‌تی و سیاسی ‌تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌و وه‌ک به‌رئه‌نجامی یه‌کانگیربوونی کۆمه‌ڵیك فاکتۆر، توانی ئیمکانی ده‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت. به‌تایبه‌تیش که‌ ‌شورا چ وه‌ک سونه‌تێکی خه‌باتکارانه‌ و چ وه‌ک وبزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌گه‌ڵ چینی کرێکارو کۆمۆنیزمدا له‌هه‌ر وڵاتێکدا، گرێی خواردوه‌‌. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ سه‌رمایه‌داری بوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگەی کوردستان وجێکه‌وتنی چینی کرێکار، له‌پاڵ به‌رین بوونه‌وه‌ی شاره‌کان و باڵاده‌ستی ژیانی شارنشینی به‌سه‌ر کۆمه‌لگەدا، لێره‌شه‌وه‌ شکڵگرتنی ڕه‌وتێکی تازه‌ی کۆمۆنیستی له‌شاره‌کانی کوردستان، له‌ژێرکاریکه‌ری شۆڕشی ساڵی 79ی ئێران وبزوتنه‌وه‌ی مارکسیزمی شۆڕشگێردا، ئیده‌و فکره‌ی شورای له‌نێو ڕیزێکی به‌رین له‌هه‌ڵسوراوانی کرێکاری و کۆمۆنیستی کۆتایی ساله‌کانی 80دا جێگیر کردبوو، به‌راده‌یه‌ک که‌بڕوابوون به‌شوراو ده‌ستبردن بۆ ڕێکخراوبونی شورایی وه‌ک سونه‌تێک، ببووه‌ یه‌کێک له‌و خالانه‌ی که‌بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی له‌گه‌ڵ مێژوی پێشخۆی جیاده‌کرده‌وه‌. ئه‌م واقعیه‌تانه‌ نه‌ک هه‌ر زه‌مینه‌ پێشوه‌خته‌ کۆمه‌لایه‌تی و فکریه‌کانی دروستبوونی شوراکانی سازکردبوو بگره‌ ماتریاله‌ ئینسانیه‌کانیشی هێنابووه‌ پێشه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ هێشتا ناتوانێ وه‌ڵامی پرسیاری چۆنیه‌تی دروستبوونی شوراکان له‌کوردستان به‌یەکجاری ڕۆشنبکاته‌وه‌‌، بۆیه ‌ده‌بێ لێره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌و فاکتۆرانه‌ بده‌ین که‌ ئیمکانیدا شوراکان بەکرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و زه‌مینانه‌ی ئاماژه‌یان پێکرا دروست ببن و بێنه‌کایه‌وه‌. له‌مباره‌وه‌ فاکتۆری فه‌زای سیاسی و پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ له‌ته‌وازنی هێزی نیوان خه‌ڵک وده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا، له‌لایه‌ک و فاکتۆری پێشره‌وی و رابه‌ریکردن وڕۆڵی ده‌خاله‌تگه‌رانه‌ی هه‌ڵسوڕاوانی کۆمۆنیست، ده‌کرێ به‌سه‌ره‌کیترینی ئه‌و فاکتۆرانه‌ دابنرێن که‌ یه‌کانگیربوونه‌وه‌یان ئیمکانی دروستبوونی شوراکانی لێکه‌وته‌وه‌.  به‌ده‌ربڕینێکی تر، شوراکانی ئازاری 91 ی کوردستان، وه‌ک جولانه‌وه‌یه‌کی ڕێکخراوبوونی جه‌ماوه‌ری و کرێکاری، له‌درێژه‌ی خه‌باتێکی سیاسی و ئابوری پێشوترو ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشدا، سه‌ریان هه‌ڵنه‌داو له‌زه‌روره‌تی ئاوه‌ها خه‌باتێکه‌وه‌ له‌لایه‌ن رابه‌ران و هه‌ڵسوراوانه‌وه‌ له‌خواره‌وه‌ ده‌ستی بۆ نه‌براوه‌، به‌ڵکو له‌فه‌زایه‌کی سیاسیدا که‌به‌دوای‌ جه‌نگی یه‌که‌می که‌نداو هاته‌ئاراوه‌. فه‌زایه‌ک که‌به‌لێدانی ئه‌مریکا له‌عێراق، ڕژێمی به‌عسی ڕوبه‌ڕوی شکست و لاوازی کرده‌وه‌و به‌دوای خۆیدا ته‌وازنی نێوان خه‌ڵک و ڕژێمی به‌قازانجی ‌هاتنه‌ کایه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی شاره‌کان گۆڕی. ئه‌مه‌ش فرسه‌تی کرده‌وه‌ تا هه‌لسوراوانی کۆمۆنیست و کرێکاریی، له‌دڵی ڕاپه‌ڕینێکه‌وه‌ ئیبتکاری پێشڕه‌وانه‌ بگرنه‌ده‌ست و به‌ده‌خاله‌تکردن له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌ست بۆ سازدانی کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌شوینی کارو ژیاندا ببه‌ن وشوراکان له‌گه‌ره‌ک و کارگه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایەتییە‌کان به‌رپا بکه‌ن.

به‌لام شوراکان چیان ده‌ویست؟. شیعاری سه‌ره‌کی شوراکان، “نان، کار، ئازادی، حکومه‌تی شورایی” کورتکراوه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌و داخوازیانه ‌بوو که‌شوراکان له‌بواری‌ ئازادییه‌کان، یه‌کسانی ژن و پیاو، خزمه‌تگوزارییه‌کان، ئه‌منیه‌ت و ئاسایش، خواسته‌ کرێکارییه‌کان و مافه‌کانی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش، تا ئاڵوگۆڕ له‌سیسته‌می حوکمڕانی و به‌ڕیوه‌بردنی مه‌یدانه‌کانی کارو کۆمه‌ڵگەدا.. خستیانه‌ڕوو. کۆمه‌ڵه ‌خواستێک که‌ویستی شوراکانی له‌ده‌خاله‌ت پێدانی جه‌ماوه‌رو هێنا‌کایه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری به‌شێوه‌ی شورایی نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرد.  ‌

بۆپێشەوە: زەمینەکانی دوبارە دەستبردنەوە بۆ بزوتنەوەی شورایی چین؟ ئایا لەهەموو هەلومەرجێکدا دەکرێت دەست بۆ دامەزراندنی شوراکان ببرێت؟

خه‌سره‌و سایه‌: به‌بڕوای من هه‌مان ئه‌و زه‌مینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فکری و ئینسانیه‌ی که‌شوراکانی ساڵی 91ی له‌سه‌ر به‌رپابوو، له‌ئێستادا له‌‌ئاستێکی به‌رینتر و چه‌ند جار زیاتردا ئاماده‌یه‌ بۆ هێنانه‌کایه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی شورایی نوێ. ‌

له‌ئێستادا، که‌چینی کرێکاری کوردستان نه‌ک هه‌ر ئاڵوگۆڕێکی قوڵی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی به‌خۆه‌ گرتووه‌، بگره‌ له‌ جه‌رگه‌ی جوڵانه‌وه‌یه‌کی ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریدا بۆ خواسته‌کانی باشبژێوی و وه‌لانانی ده‌سه‌ڵات قه‌راری گرتووه‌ و ساڵانێکیشه‌ ڕه‌وتی ڕۆژانه‌ی خۆی تێپه‌ڕ ده‌کات، هاوکات په‌ره‌گرتنی شاره‌کان وه‌ک کانونێکی سه‌ره‌کی بۆ هاتنه ‌مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری ناڕازی و لێره‌شه‌وه‌ ئاماده‌یی ده‌یان کۆڕوکۆمه‌ڵ و هه‌ڵسوراو که‌ڕوڵیان هه‌یه‌ له‌هێنانه ‌کایه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کاندا. له‌که‌نار ئه‌مانه‌شه‌وه‌ قه‌یرانێکی قوڵی ساختاری ئابوری و سیاسی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردو سیسته‌مێکی حکومڕانی که‌ ناته‌باییه‌کی به‌رده‌وامی له‌ڕیزه‌کانی چینی فه‌رمانڕه‌وادا پێکهیناوه‌، هه‌موو ئه‌م دۆخه‌ش ته‌وازنی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتی لاسه‌نگ کردووه‌.. ئه‌مه‌ وێرای بوونی حزبی کۆمۆنیست و هه‌ڵسوڕاوانی کرێکاری که‌به‌توندی به‌بیرۆکه‌ی شوراو ئاراسته‌ سیاسی و به‌رنامه‌ییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی شوراییه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌… هه‌موو ئەو واقعیه‌تانه‌‌ زه‌مینه‌کانی ده‌ستبردنه‌وه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی شورایی و پێکهێنانی شوراکانی له‌بوعدێکی فراوانتر له‌چاو ساڵی 91 دا ئاماده‌کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ‌چۆن له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی ئه‌م دۆخه‌ ئیمکانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شوراکان به‌کرده‌وه‌ ده‌ربێت، به‌بروای من فاکتۆری عونسوری پێشڕه‌وی کۆمۆنیستی، و ڕۆڵی هه‌ڵسوڕاوان و ڕابه‌رانی ناره‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی ئێستا که‌ له‌سه‌ر باوه‌ڕو ئه‌و سونته عه‌مه‌لیانه‌ی که‌ڕیگه ‌ده‌بنه‌وه‌ سه‌ر شوراو جوڵانه‌وه‌ی شورایی ده‌ورێکی بڕیارده‌ر ده‌گێڕێ. له‌مباره‌وه‌ ده‌کرێ له‌سه‌ر دوو ئاڕاسته‌ی عه‌مه‌لی ڕاوه‌ستین:

یه‌که‌میان: کارکردن له‌خواره‌وه،‌ ئه‌مه‌ش به‌مانای خه‌بات بۆ ڕێکخراوکردنی جه‌ماوه‌ری شورایی له‌جه‌رگه‌ی په‌ره‌دان به‌ناره‌زایه‌تیه‌کانی ئێستا و ڕاکێشانی بۆ نێو گه‌ڕه‌ک وناوه‌نده‌کانی کار، زانکۆ و به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیه‌کان، له‌درێژه‌ی ئه‌م خه‌بات و تێکۆشانه‌شدا کارکردن به‌ئاڕاسته‌ی جێخستنی سونه‌تی کۆبوونه‌وه‌ی گشتی و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران له‌ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئه‌م ناوه‌ندانه‌دا و مونه‌زه‌مکردنی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌، لێره‌شه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ په‌روه‌رده‌کردن و فیرکردنی ڕیزێک له‌هه‌ڵسوڕاوان و ڕابه‌رانی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ به‌ئیده‌و باوه‌ڕو ئه‌و سونه‌تانه‌ی که ‌سه‌رچاوه ‌ده‌به‌نه‌وه‌ سه‌ر شوراکان.‌ له‌یه‌ک وته‌دا کارکردن بۆ هێنانه‌کایه‌وه‌ی ڕیزێک له‌رابه‌ران و هه‌ڵسوراوانی ناره‌زایه‌تیه‌کانی ئێستا که‌به‌توندی به‌فکره‌ی شوراو سونه‌ته‌کانیه‌وه‌ په‌یوه‌ستن، ده‌توانێ فاکتۆرێکی بڕیارده‌ربێت، له‌پڕۆسه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جارێکیتری شوراکان له‌هه‌لومه‌رجی ئیستادا.

دووه‌میان: کارکردن له‌سه‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌مانای پێشڕه‌وی وده‌ست پێشخه‌ری کردن بۆ سازدانی کۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌کان له‌ناوه‌نده‌کانی کارو گه‌ڕه‌ک له‌و دۆخانه‌دا، که‌ ته‌وازنی هێز له‌نێوان ده‌سه‌ڵات وجه‌ماوه‌ردا وه‌ک به‌رئه‌نجامێک له‌ قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان و په‌ره‌گرتنی ناره‌زایه‌تییه ‌جه‌ماوه‌ریه‌کان دێته ‌ئاراوه‌. له‌مه‌شدا پێویسته‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ له‌ئاستێکی فراواندا ته‌بلیغ بۆ شوراو سونته‌ته‌کانی بکرێ وهه‌ڵسوراوانێکی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌و ڕابهێنرێ. به‌مجوره‌ هه‌ڵسوراوانی کۆمۆنیست و کرێکاری که‌چاویان له‌شوراکان وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤێک بۆ ڕێکخراوکردنی جه‌ماوه‌ری بڕیووه‌ ئه‌رکیانه‌ به‌ته‌واوی تواناوه‌ و له‌جه‌رگه‌ی ده‌خاله‌تکردن له‌ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێستادا، له‌پێناو بردنه‌سه‌ری ئاماده‌ییه‌کان، به‌م دوو ئاراسته‌ عه‌مەلیه‌دا کاری خۆیان به‌هوشیاریه‌وه‌ به‌رنه‌پێشه‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌شه‌وه‌ که‌ ئایا‌ دەکرێت لەهەموو هەلومەرجێکدا دەست بۆ دامەزراندنی شوراکان ببرێت؟. مادا‌م کۆمه‌ڵگە سه‌رمایه‌داریه‌و چینی کرێکار و کۆمه‌لگەی شاری له‌ئارادایه‌، مادام ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری کرێکارو زه‌حمه‌تکێش له‌گه‌ره‌ک و ناوه‌نده‌کانی کاردا له‌ئارادایه‌، ده‌ستبردن بۆ شوراکان له‌هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا، سا ئیتر دۆخه‌که‌ ئاسایی بێت وه‌ یان دۆخێکی شۆڕشگێرانه ‌بێت، مومکینه‌. ئه‌وه‌ی ئیمکانی ئه‌م کاره ‌ده‌کات عونسوری پێشڕه‌و و له‌مەیدان دابوونی هه‌ڵسوراوان و ڕابه‌رانێکه‌ که‌پشتیان به‌ باوه‌رو سونه‌ته‌کانی شورا وجوڵانه‌وه‌ی شوراییه‌وه‌ به‌ستووه‌. وجودی هه‌ڵسوراوان و رابه‌رانێک که‌شورا وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤی کۆمۆنیستی بۆ ڕیکخراوکردنی جه‌ماوه‌ری چ بۆ به‌ده‌ستهێنانی داخوازییه‌کان و چ وه‌ک فۆرمێک بۆ هێنانه ‌کایه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتدارێتی جه‌ماوه‌ری و سیسته‌می سیاسی له‌ئاست کۆمه‌ڵگەدا، له‌خه‌باتی خۆیاندا به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبێت فاکتۆرێکی بڕیارده‌ره‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ له‌هه‌ر هه‌لومه‌رجیکی تایبه‌تدا، به‌شێوه‌ی خۆیان ده‌ستبه‌رن بۆ به‌رپاکردنی شوراکان.

بۆپێشەوە: دوای ٢٨ ساڵ بەسەر بزوتنەوەی شوراییدا، چۆن دەڕوانە ئەزموونی شوراکان؟

خه‌سره‌و سایه‌: به‌بڕوای من بزوتنه‌وه‌ی شورایی ته‌نها ئه‌زمونێک نییه‌ بۆی بڕوانین، به‌ڵکو ده‌ستپێکی دابڕانێکی چینایه‌تی و سه‌ر‌هه‌‌ڵدانی مۆدێلێکی تازه‌یه‌ له‌خه‌باتی سیاسی که‌په‌یوه‌سته‌ به‌ کارگه‌رو زه‌حمه‌تکێشانه‌وه‌، به‌راده‌یه‌ک که‌خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێستا ڕێده‌باته‌وه ‌سه‌ر ئه‌م مۆدێله‌و له‌درێژه‌ی ئه‌م دابڕانه‌دایه‌.

به‌رله ‌سه‌رهه‌ڵدانی شوراکانی ئازادی 91 سیاسه‌تی زاڵ له‌کوردستاندا، مۆدێلێک بوو که‌بۆرژوازی کورد وبزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی دای سه‌پاندبوو. له‌م  مۆدێله‌دا جه‌وهه‌ری سیاسه‌تکردن ‌مه‌سه‌له‌ی کورد وه‌ک دایکی هه‌ر جولانه‌وه‌یه‌کی تری ناو کۆمه‌ڵگە سه‌نگ و قورسایی سه‌ره‌کی پێدرا بوو. هاوکات له‌م مۆدێله‌ سیاسیه‌دا شۆڕش وشۆڕشگێڕێتی له‌بۆته‌ی خه‌باتی لادێ وشاخ وپێشمه‌رگانه‌دا وێناده‌کرد. شوراکان له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌م مۆدێله‌ مێژویه‌کی تری نیشاندا، که‌له‌جه‌وهه‌ردا خه‌باتی شاره‌کان، جولانه‌وه‌ی کرێکاری، ژنان ولاوان وئازادیخوازی به‌رجه‌سته ‌کرده‌وه‌و مانا‌یه‌کی چینایه‌تی و کۆمه‌لایه‌تی تری بەخشی به‌ شۆڕش وخه‌باتی شۆڕشگێڕانه. به‌ڕاده‌یه‌ک ئیتر مێژووی کوردستان مه‌لاو شێخ وسه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان، له‌شه‌ری چه‌کداری ڕژێمدا له‌شاخ وگونده‌کانه‌وه‌ ناینووسنه‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ کارگه‌رو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان و ژنان ولاوانی ئازادیخوازه‌ که‌ له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی، یانی بۆرژوازی کورد، مێژووی خه‌باتی چینایه‌تی ده‌نووسنه‌وه‌. به‌بروای من کۆمۆنیزم و کرێکار له‌کوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ی مێژوه‌که‌ی ده‌باته‌وه‌ سه‌ر شوراکانی سالێ 91  ناتوانی هه‌نگاو به‌ره‌و سازدانی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار هه‌ڵگرێ ئه‌گه‌ر به‌توندی خۆی به ‌به‌رنامه‌و ده‌رس وده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌وه‌ گرێ نه‌داو بۆ به‌کرده‌وه‌ ده‌رهێنانی جارێکیتری بزوتنه‌وه‌ی شورایی هه‌رله ‌ئێستاوه‌ تێ نه‌کۆشێت.

 تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

 

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ ستار حەمە عەلی ناسراو بە ستاری چیمەنتۆ، یەکێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی… سەبارەت بە ئەزموونی بزووتنەوەی شورایی

 بۆپێشەوە: لە ماوەی ٢٨ ساڵەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، چەندین خۆپێشاندان و نارەزایەتی جەماوەری لەدژی دەسەڵات روویان داوە، هۆکار چییە،  کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکیش دەست نابەنەوە بۆ بنیاتنانی شوراکان؟

ستاری چیمەنتۆ: سەبارەت بە پرسیارە هەر وەک خۆت ئیشارەت پێداوە بەڵێ سەرباری کەموکورتییەکان و تەمەنی کەمتر لە مانگێکی بەکردەوە دەرهێنانی بزوتنەوەو دەسەڵاتی خودی خەڵکی لە شوراکاندا٫ بەڵام هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چەپ و کۆمونیستەکان و ئازادیخوازان بۆ کۆمەڵگەیان سەلماند و بەکردەوە پیشانیاندا کە دەکرێت وەدەتوانرێت لە جێگای دەسەڵاتێکی فەوقی و دیکتاتۆریی چینە باڵاکان٫ خودی خەڵکی لە خوارەوە و لە شوێنی ژیان و کارکردنیاندا لەدەوری یەک کۆببنەوەو رێکخراوی شورایی و جەماوەریی سەربەخۆی خۆیان پێک بهێنن و دەسەڵاتێکی دەستە جەمعی و ئازادانەی خۆیان بەدەستەوە بگرن و خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن و ئەمەشیان لەو مانگی ئازاری 1991 ەدا بە عەمەلی تاقی کردەوە.. هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەوخۆ لە گەڕەک و کارگاو خەستەخانە و شوێنە خزمەتگوزارییەکانی تر و خزمەت و چارەسەری نەخۆش بە خۆڕایی وەیان بە پارەیەکی ڕەمزی و پاککردنەوەی گەڕەک و جادەو ڕێگاکان بە شێوەی خۆبەخش و  چەندین کاری تریش لەوماوە کورتەی تەمەنی شوراکاندا دەستکەوت و تەجرەبەی زور گەورە بوون بۆ خەڵکی کوردستان و تا ساڵانێکی زۆر دواتر و تەنانەت تا ئێستاش کەم نین ئەو شێوازی هەڵسوڕان و کار و دروستکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییانەی کە شوراکان و بزوتنەوەی شورایی ئازاری نەوەدویەکی سەدەی ڕابردوو ئیلهام بەخشییەتی..! نموونەی یەکێتیی بێکاران و هێزە دەیان هەزار کەسییەکەی٫ کە ناسیۆاالیزمی کوردی وددەسەڵاتەکەی هێنابووە لەرزە و هەتا ئێستاش بورجوازی کوردی ترسی ئەو هێزە لە دڵ و لاشەیدا ماوە!  بانگەوازی و پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و  دروستکردنی خانەی پاراستن بۆ ئەو ژنانەی هەڕەشەی کوشتنیان لەسەربوو دەستکەوتی زۆر گەورە بوون بۆ هەستانەوەی کۆمەڵگە و پاراستنی ئازادییەکانی هەروەها هەبوونی ئێستای بزوتنەوەیەکی جەماوەریی ناڕەزایەتی کە لەلایەکە یەخەی بەدەسەڵات گرتووە و لەلایەکی ترەوە خەریکی خۆڕێکخستن و دروستکردنی چەندین ئۆرگانی خۆبەڕێوەبەرێتییە٫ هەمووی پێکەوە دەستکەوتی مەزنی ئەو شێوازە لەخەبات و هەڵسوڕانی بزوتنەوەی شورایی و کۆمونیستیی ئەو سەردەمەیە.

بۆپێشەوە: زۆر هۆکار وەکو پاشەکشەی شوراکان ئاماژەی پێدەکرێت، بە بۆچوونی تۆ هۆکاری سەرەکی پاشەکشەی شوراکان چی بوو؟

ستاری چیمەنتۆ: من هیچ گومانێکم لە کەموکورتیی زۆری بزوتنەوەی شورایی ئەوسەردەمە نییە و گەر بمگەڕێننەوە ئەو سەردەمە هەر شورا و دروستکردنی شوراکان تاکە بەدیلمە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە٫ بەڵام بە شێواز و تاکتیک و تەکنیکێکی زور جیاوازتر بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە٫

یەکەم : شوراکان خۆیان پاشەکشەیان نەکرد٫ بەڵکو بەزەبری هێز و چەک و ئاوارەکردنی ملیۆنیی خەڵک پاشەکشەیان پێکرا.

دووەم: هێزو دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی و حیزبە قەومی و ئیسلامییەکان بەتەنها هەرگیز نەیان دەتوانی بزوتنەوەی شورایی پاشەکشە پێبکەن٫ گەر پلانی بازاڕو سەرمایەی جیهانیی ئامریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی بۆ سەرکوتی هەر شۆڕش و هاتنە مەیدانی هەرهێزێکی سەربەخۆی خودی خەڵکی لە عێراقدا لە ئارادا نەبووایە! ئامریکاو هاوپەیمانەکانیان ئەوپلانە زەهراوییەیان داڕشتبوو کە ئێستا لە عێراق و ناچەکە بە ڕێوە دەچێت و ئامانجیان لەتوپەت کردنی کۆمەڵگەی عێراق و بەگژیەکدا کردنیان بوو لەسەر بنەمای نەتەوەو دین و مەزهەب و تا لەوێوە بتوانن نەک هەر عێراق بەڵکوو دەست بگرن بەسەر تەواوی ئابووریی ژێرزەوی و سەرزەویی گشت ناوچەکەو ببێتە جێگەی ساغکردنەوەی تەواوی ئەو عەمبارە چەک و جبەخانەیەی ساڵەهایە لە مەخزەنەکانیاندا کەوتووە. جا کاتێک بۆرجوازی جیهانیی و ئامریکا تازەبەتازە دەهۆڵی مەرگی کۆمونیزم و دەسەڵاتی شووراییان دەکوتی٫ سەر هەڵدانی ئەم بزوتنەوەشوراییەی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاڵای سووری کۆمونیستی و بزوتنەوەی شورایی بووە شۆکێکی گەورە بۆیان و هەرزوو هەڕەشەیان لە سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی کردبوو٫  کە دەبێ بارگەو بنەی ئەو ئاڵاسورانە بپێچنەوە دەنا بچوکترین کۆمەکتان پێناکەین و ئەم ئیعتیرافەش لەزمانی خودی نەوشیروان مستەفاوە بڵاو کرایەوە. بویە بەبڕوای من نەک هەر هێرشی پارتی و یەکێتی بۆسەر بنکەی شوراکان٫ بەڵکو گێڕانەوەی دەسەڵاتی هارو دڕندەی بەعس و ئاوارەپێکردنی خەڵکی کوردستان لە دووتوێی پلانی سەرکوتکردنی شوراکان و دەسەڵاتی سەربەخۆی خەڵکیدا بوو چونکە ئەمەی دوایی پپێچەوانەی تەواویی پلانەکانی ئامریکابوو

بۆپێشەوە: رۆڵی رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاریی لە شوراکاندا چی بوو؟

ستاری چیمەنتۆ: سەبارەت بە ڕۆڵی ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری لە شوراکاند، هەرکەسێک بە وردی و ویژدانەوە باسی بکات ناتوانی هەڵسوڕاوانی کارگەی جگەرە و کارمەندانی خەستەخانەکان و کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆ و ئەلبیسە و هەڵسوڕاوانی پۆست و فەرمانگەکانی کارەباو زۆرێک لە کارگە ئەهلییەکان و کرێکارانی شارەوانی و تەنانەت بێکارانیش لەبیر بکات! ئەو هەڵسوڕاوانە هەم لە شوێنی کاری خۆیان و هەم لە گەڕەکەکانیاندا لە شوراکاندا بەوپەڕی جیددییەتەوە خۆیان ڕێکخستبوو وە کاریان بۆ ئەوە دەکرد کە تەواوی بەڕێوەبردنی کارگەکە وە یاخود فەرمانگەکە لە ئەستۆی خۆیان بێت، وە یاخود نوێنەری کرێکاران ڕاستەوخۆ بەشداریی لە بەڕێوەبردنی هەموو بەشەکانی کارگە یان فەرمانگەکە بکەن و لەکاتی کۆبوونەوە گشتییەکانی کارگە و گەڕەکەکانیشدا ئەو هەڵسوڕاوانە زور لێبڕاوانە خۆیان کاندید دەکردو و‌ زور لێبراوانەش کاریان لەسەر بەئەنجامگەیاندنی فەرمانەکانیان دەکرد، وە هەمیشە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بوون لەگەڵ کرێکارەکانی‌ تردا. بۆ نموونە هەڵسوڕاوانی خەستەخانەکان جگە لەکاری ناو خەستەخانەکانی بەردەوامیش خەریکی بەسەرکردنەوەی شورای گەڕەکەکان بوون تا ئاگاداری پێداویستییە تەندروستییەکانی گەڕەکەکان. کرێکاران و هەڵسوڕاوانی کارگەی جگەرە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی کۆبوونەوەکانیانەوە بڕیاری دەرکردن و تەنانەت دادگاییکردنی بەڕێوەبەری کارگەکەیان دابوو لەبەرئەوەی کە لەسەردەمی بەعسدا دەستی ڕاستەوخۆی هەبووە لە چەوساندنەوە و بە زیندانی گەیاندنی کرێکاراندا. ئەمانە و زۆربەی هەرە زۆری کارەکانی تریش لە بەڕێوەبردنی سەرتاسەریی شار و تەنانەت دروستکردنی هێزی چەکداریی شورا هەم بۆ پارێزگاریی لە شوراکان و هەم لەپێناو ڕاوەستانەوەو بەرگریکردن لە دژی ڕژێمی بەعس و ناردنی هێزی شورا بۆ بەشداری لە ڕزگارکردنی خەڵک و شاری کەرکوک.

بۆپێشەوە: سەرباری هەر کەم و کوڕییەیەک وە وێرای تەمەنی کورتی شوراکان، دەستکەوتەکانی شوراکان و بزوتنەوەی شورایی چی بوون؟

 

ستاری چیمەنتۆ: کاتێک کە بزوتنەوەی شورایی لە ئازاری 1991  سەری هەڵداو شوراکان لەلایەن هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چەپ و کۆمونێستەکان و بەشێکی بەرچاو لەخەڵکی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی شوێنی کارو ژیانیانەوە پێکهێنا، سەرەتای راپەڕین بوو کە هێزەکانی ڕژێم وەدەرنرا و لەهەمان کاتیشدا دەورانێکی زور بوو، کە بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی و حیزب هێزەکانی ڕۆڵێکیان لەناو خەڵک و ناڕەزایەتیەکانیدا نەمابوو، بۆیە ئەو بزوتنەوە چەپ و کۆمونیستییەی کە پایەگایەکی کۆمەڵایەتی تاڕادەیەک پتەوی لەناو بەشێک لەکرێکاران خەڵکی زەحمەتێکشی کوردستاندا دانابوو توانی ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ لەپێکهێنانی کوبوونەوە گشتییەکان و شوراکاندا ببینێت.

لێرەوە دەتوانم بڵێم کە لەئێستادا و لەدوای بیست و هەشت ساڵ بەسەر ئەو مێژووەدا، دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حیزب و بنەماڵە و هێزە خێڵەکییەکان و بزوتنەوە ئیسلامییەکان و حیزبەکانی هاوکارییەکی لەڕادەبەری بۆرجوازی جیهانی و ناوچەکەیان لەپشتە و هەر لە سەردەمی سەرکوتکردنی شوراکانەوە تا ئێستا هەمیشە بەو پشتیوانی و هاوکارییە جیددییەی سەرمایەداران و سیستەمە جیهانییەکەیانەوە خەریکی ئەوەن  کە هەموو ئەو ڕێگایەنە بگرن کە لێیەوە ئیمکانی سەرهەڵدانەوەی بزوتنەوەی شوورایی دەسەڵاتی خودی خەڵکییان‌ تێدایە. تا ئێستاش ئەگەرچی ناڕەزایەتیی ڕۆژانە بەدژیان هەیە، بەڵام بە دەلیلی لاوازیی بزوتنەوەیەکی شورایی لەلایەن خودی خەڵک و تەنانەت بزوتنەوە چەپ و کۆمونیستییەکەشەوە نەتوانراوە دەست ببرێتەوە بۆ دروستکردن و پێکهێنانەوەی شوراکان.

جگە لەوەش مەسەلەیەکی گرنگتر ئەوەیە، کە دەبێت ئەو بزوتنەوەیە لە هەر شوێن و لەهەر کاتێکدا توانی دەسەڵاتی بۆجوازیی کورد و ئیسلامی لاواز بکات و بێئاسوی بکات، دەتوانێت فەوری دەست بباتەوە بۆ کۆبوونەوە گشتییەکانی کارگە و گەڕەکەکان و دەسەڵاتی شوراکان بخاتە جێگای دەسەڵاتی میلیشیا و ئەحزابە ‌قەومی و دینییەکان. بۆیە لەکۆتا وشەمدا دەڵێم دیارە تا ئێستا ئەم هێز و بزوتنەوەیە بەم ئاسۆیەی پێکهێنانەوەی شوراکان نەهاتووەتەوە مەیدان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیش سەرتاسەری و هەمەگیر نەبوون تا ببێتە فشاری جیددی لەسەر ئەو دەسەڵاتە.

 تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

 

About hkkk

Check Also

هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان …

ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس ڕەشید … هیوای بزووتنەوەی ” ئێلەگ زەردەکان” لە هەفتەی ٢٩هەمینی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *