Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 دەستبەجێ دەبێت صاڵح موسلیم ئازاد بکرێ!
دەستبەجێ دەبێت صاڵح موسلیم ئازاد بکرێ!

دەستبەجێ دەبێت صاڵح موسلیم ئازاد بکرێ!

صاڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەیەدەو هاوسەرۆکی پێشووی ئەو پارتە رۆژی یەکشەممە ٢٥ی شوبات لە ئوتێلێکی شاری پراگ پایتەختی ووڵاتی چیك، کە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بانگێشت کرابوو، لەسەر داوای دەوڵەتی تورکیا دەستبەسەر کراوە. دەوڵەتی تورکیا لە هەوڵی ئەوەدایە کە دەوڵەتی چیك صاڵح موسلیمی رادەست بکات، بۆ ئەوەی بەناوی تیرۆرەوە دادگایی بکات.

حکومەتی تورکیا پەیەدەو صاڵح موسلیم بەوە تاوانبار دەکات کە دەستیان هەبووە لە تەقینەوەی ناوەندی فەرماندەیی سەربازی لە ئەنقەرە لە شوباتی ٢٠١٦  و لەسەر ئەو بنەمایە ئاگاداریەکی بۆ دەستگیرکردنی داوەتە پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپوول، هەروەها حکومەتی چیك رایگەیاندوە کە لەسەر داوای حکومەتی تورکیا ناوبراوی دەستگیرکردوە.

حکومەتی تورکیا و ئۆردوغان دەستیان بەخوێنی هەزاران ژن و مناڵ و لاوو پیری کوردستانی تورکیا سورەو تۆماری تاوانەکانی دژی خەڵکی ئازادیخوازی ئەو ووڵاتەو نەیارە سیاسیەکانی کۆتایی نایەت. گرتن و کوشتن و تیرۆر بەشێكی سەرەکی کارنامەی دەوڵەتی پۆلیسی تورکیایە لە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ووڵاتەکەیدا. بە ئاشکرا هاوکاری تیرۆریستانی داعشیان دەکردو بەردەوامن لەسەر هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریسیتە ئیسلامیەکانی سوریا. ئێستاش لە کوردستانی سوریا، بەبیانووی شەڕ دژی تیرۆرەوە، کوشتاری خەڵکی بێتاوان و مەدەنی دەکەن و ماڵو حاڵیان بەسەردا دەڕوخێنن!

دەوڵەتی کۆنەپەرست و شۆڤێنیست و فاشیستی تورکیاو سەرانی باڵای دەبێ بەرامبەر بەو تاوانانەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆیان و خەڵکی بێتاوانی کوردستانی سوریا ئەنجامیان داوە، لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیەوە، وەکو سەرانی نازیەکان و پاڵپشتی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی، دادگایی بکرێن، نەك کەچی فەرمانی دەستگیرکردنی صاڵح موسلیم دەربکەن فایلی ساختەو تۆمەتی بۆ دروست بکەن تا راپێچی دادگای بێ ئیعتبارو رواڵەتی و سەرکوتگەرانەی خۆیانی بکەن. صاڵح موسلیم هیچ تاوانێکی لەسەر نیەو تاوان لەسەری نەسەلمێنراوە تارەوانەی دادگای بنبندەستی ئۆردۆگان بکرێت، ئەو تەنها کەسایەتیەکی سیاسی کوردی سوریایە کە لەپێناو ئامانجە سیاسیەکانی خۆی و پارتەکەیدا تێدەکۆشێ.

ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پیلانی دەستگیرکردنی صاڵح موسلیم بە توندی ئیدانەو شەرمەزار دەکەین. بە ئەرکی حکومەتی چیکی دەزانین کە دەستبەجێ ناوبراو ئازاد بکەن و بەشداری نەکەن لە پیلانێکدا کە حکومەتی فاشیستی تورکیا دایڕشتوە. داواش لەڕای گشتی دنیا دەکەین کە فشار بۆ دەوڵەتی چیك بهێنن بەمەبەستی ئازادکردنی صاڵح موسلیم و رادەست نەکردنی بە دەوڵەتی سەرکوتگەرو فاشیستی تورکیا. لەهەمان کاتدا پێوستە فشار بخرێتەسەر حکومەتی تورکیا بۆئەوەی دەستبەرداری پیلانگێڕی وسازکردنی تۆمەتی دروستکراو بێت دژی صاڵح موسلیم  و سەرجەم کەسایەتی و هەڵسوڕاوانی سیاسی لەناو ووڵاتەکەی خۆشیدا و زندانیانی سیاسی بەبێ دواکەوتن ئازاد بکات.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان

٢٥/٢/٢٠١٨

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*