Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 راستیەکانی پشتی “قەیرانی دارایی”

راستیەکانی پشتی “قەیرانی دارایی”

ئاژانسێکی بەلجیکی- بنەماڵەی بارزانی خاوەن ٦٠٠ ملیار دۆلارن
رێبوار ئەحمەد:
 دەسەڵاتی حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان کۆمەڵگای کوردستانی دووچاری کارەساتی برسێتی و نەداریەکی کەمەرشکێن کردوە. نەداری موچە، نەداری کار، نەداری نان، نەداری ئازادی، نەداری یاسا، نەداری ئاو، نەداری کارەبا، نەداری سوتەمەنی، نەداری دەرمان، نەداری خوێندن. نەداری سەرەتاییترین خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی ژیان و برسێتی، دەستی ناوەتە گەردنی خەڵک. لە جیاتی هەموو ئەوانە کۆمەڵگای کوردستانیان نوقم کردوە لە درۆ گەندەڵی و تاڵان و چەواشەکاری و ریاکاری و کۆنەپەرستی و ژنکوژی و پیاوسالاری و سەرکوت و دەمکوت و تیرۆر و بێ ئیرادەکردنی خەڵک.
 ئەم دەسەڵاتە کە دەستی بەسەر هەموو داهات و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی و ئاسمانی کوردستاندا گرتووە، شانی خۆی لە ژێرباری هەر جۆرە بەرپرسیارێتیەک دەرهێناوە. دەیانەوێ بە بەهانەی شەڕ دژی داعش و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا و بوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاوارە و هەروەها “قەیرانی دارییەوە”، ئەم کارەساتە پاساو و کەسیش نازانێ تاکەی درێژە بدەن. لە کاتێکدا کە؛
 – ئەم دەسەڵاتە نەک هەر لە داهاتی هەرێم خەرجی شەڕ دژی داعش ناکات، بەڵکو ئەم شەڕەیان کردوە بە سەرچاوەیەکی داهات کۆکردنەوە لە جیهان و خۆپڕچەکردن بەو هەموو چەک و تەقەمەنیەی لە دەوڵەتانی دنیای وەردەگرن. تەنها ئەو داهاتەی لە ئەمریکای وەردەگرن لە بری بەشداریکردنیان لە ئۆپەراسیۆنی موصل ٤١٥ ملیۆن دۆلارە.
 – بەهانەی بڕینی بەشە بودجەیان لەلایەن بەغداوە بە پێی راگەیاندنەکانی خۆیان پوچە. پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٧دا حکومەتی عێراقی پابەند کردوە بە دابینکردنی موچەی خەڵکی کوردستان و لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی پابەند کردوە بە رادەستکردنی نزیکەی نیوەی ئەو بڕە نەوتەی کە سەربەخۆ دەیفرۆشێت. حکومەتی هەرێم هەر خێرا ئەم یاسایەی رەتکردوە و رایگەیاند کە ئەوان بە فرۆشتنی سەربەخۆی ئەو بڕە نەوتە زیاتر لەوەیان دەست دەکەوێت کە بڕیارە حکومەتی عێراق بیدات بە هەرێم! ئەی کەوایە کێشە چیە کە حکومەتی هەرێم دوو بەرابەری ئەو بڕە نەوتە هەر بە ئیعترافی خۆیان دەفرۆشن (ئەمە جگە لەو بڕەی کە دانیپێدا نانێن وجگە لە داهاتەکانی تر) کەچی دەڵێن “قەیرانی دارییە” و لە چارەکە موچە زیاترمان پێ نادرێت؟! ئەمە روونی دەکاتەوە کە گرفتەکە نەبوونی پارە و قەیرانی دارایی نیە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە ئەو داهاتەی دەستی ئەم حزبە مافیا و تاڵانچیانە بکەوێت، بۆ خۆیان لوشی دەدەن و رەوانەی بانکەکانی خۆیانی دەکەن. 
 – بەهانەیەکی تریان بوونی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەیە لە کوردستان و گوایە بارگرانیەکی یەکجار زۆری لەسەریان داناوە! بەڵام خەڵک چۆن باوەڕ بەوە بکەن ئەو دەسەڵاتەی موچەی کرێکارو ماموەستا و کارمەندەکانی خۆی نادات، ئەوەندە دەست و دڵی فراوانە کە وەکو کۆمەکی مرۆیی بەبێ بەرامبەر داهاتی دەستی خۆی بدات بەو ئاوارانەی کە بە شێوەی نافەرمی بە “عەرەبی داعشی” و دوژمنی نەتەوەییان دەزانن؟ کێ باوەڕ بەوە دەکات ئەو حکومەتەی ئاو و کارەبا و دەرمان و سوتەمەنی و سەرەتاییترین خزمەتگوزاریەکان بە هاووڵاتیانی خۆی رەوا نابینێ، بەڵام بۆ ئەو ئاوارانەی دابین دەکات کە گوایە هۆکارن بۆ “تێکدانی دیمۆگرافی کوردستان”؟! راستیەکەی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم هەرچۆن لە شیری منداڵ و دەرمانی نەخۆش و قوتی کەم ئەندامان و تەنانەت لە داهاتی لەشفرۆشانیش، سەرانەی خۆی دەبات، بە هەمان شێوە داڵدەدانی ئاوارەکانیش بۆ ئەوان بووە بە سەرچاوەیەکی داهات و سەرانە وەرگرتن. ئاوارەکان ژیانێکی هەتا بڵێی پڕکارەسات بەسەر دەبەن، ئەویش بە کۆمەکی رێکخراوە جیهانیەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەو دەوڵەتانەی کە لایەکی شەڕ و هۆکارێکی ئاوارەبونیانن. رۆڵی حکومەتی هەرێم هەر ئەوەیە کە ئەوەندەی بۆی بکرێت سەرانەی خۆی لەو کۆمەکانە دەبات.
 – سەرئەنجام بەهانەکەی تریان “قەیرانی داراییە”. دوو ساڵە ئەم قەوانە لێدەدەن بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی جێگای پەسەند نادەن کە ئەم قەیرانە چۆن و بۆچی خوڵقاوە. بڕینی بودجەی هەریم لەلایەن بەغداوە سەروبنی پاساوەکەیانە. لەولاشەوە هەر خۆیان دەڵێن بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت لەو داهاتە زۆرتریان دەست دەکەوێت کە دەبوو وەکو بەشە بودجە لە بەغدای وەرگرن! مەگەر بڕیار نەبوو بە دەستبردن بۆ فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت بەختەوەری بۆ خەڵکی کوردستان بهێنن؟! ئەگەر ئەم سیاسەتە شکستی خواردبێت و کارەساتی برسێتی و بێدەرەتانی بەسەر خەڵکدا باراندبێت، ئەی بۆچی لەسەری سورن و دەستبەرداری نابن؟ راستی مەسەلەکە ئەوەیە هەر لە بنەڕەتەوە هات و هاواری فیدراڵیزم مانا راستەقینەکەی ئەوەیە کە ئەم حزبە مافیا و تاڵانچیانە وەکو نوێنەری خەڵکی کوردستان داسەپێنرێن و ئەوەی لە دابەشکاری قەومی و تائیفی عێراقی فیدراڵدا، ناوی نراوە مافە ئابوری و سیاسیەکانی خەڵکی کوردستان، بخرێتە دەستی ئەم بنەماڵە و حزبانەوە تا بەشی شێری بۆ خۆیان لادەن و ئەودواشی بە هەزار شەڕو کێشە قەترە قەترە بگوشنە ناو دەمی خەڵک، ئەویش وەکو مەرجی بەیعەت ووتن بە بنەماڵە و حزبە دەسەڵاتدارەکان. ئەمە ماناو ناوەڕۆکی راستەقینەی ئەو فیدراڵیزمە کۆنەپەرستانە قەومیەیە کە حزبە بۆرژوازیەکانی کوردایەتی وەکو دەسکەوتێکی گەورە دەرخواردی خەڵکی کوردستانی دەدەن. ئەمە مانا و ناوەرۆکی ئەو چەواشەکاریەیە کە ناوی نراوە بەرژەوەندی کورد و کوردایەتی.
 بەدەر وە بە پێچەوانەی هەموو پاساو و فریوکاریەکانی ئەم حزبە مافیانەوە، لە راستیدا هیچ “قەیرانێکی دارایی” لە ئارادا نیە. ئەو داهاتەی کە جاران دەچوە دەستی حکومەتی بەغداوە و بەپێی رێکەوتنەکەیان بەشێکی دەدرا بە هەرێم، هەرچۆنێک بێت بواری دزی کردن تیایدا سنورێکی هەبوو. گرفتی ئەم شیوازە لە داهات بۆ بنەماڵەو حزبەکانی کوردایەتی ئەوەبوو کە لەبەر ئەوەی بڕەکەی دیاربوو، ناچاربوون ئەگەر بەشی هەرەزۆریشی بەتاڵان بەرن، موچەی خەڵکی لێبدەن. بۆیە دەستیان برد بۆ فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، بۆ ئەوەی هیچ حساب و کتابێک لە ئاردا نەمێنێ و نەوتێکی زیاتریش بفۆرشن و بەشێکی زۆرکەمتر بە خەڵک بدەن. ئەودوای سەرجەم داهاتی تاڵانکراو، بەشی شێری بۆ هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی و تاڵەبانی و پاشانیش سەرانی دوو حزب و دوای ئەوەش ئەو حزبانەی تر کە وەکو شەریکە دز لە “حکومەتی بنکە فراوان و نیشتمانی” بوون بە پاشکۆیان.
 جگە لەمە هیچ هۆکارێکی تر نیە کە روونی بکاتەوە ئەو داهاتە زۆروزەبەندە و ئەو هەموو پارەیەی هەرێم چۆن لە ناکاو تەبەخوری کرد و چوو بە ئاسماندا. لە راستیدا بەشی گەورەی داهاتی کوردستان هەر لە ساڵی ١٩٩١ەوە لەلایەن ئەم بنەماڵە و حزبانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. خەرج و مەخارجی هەموو دەزگا حزبیە زەبەلاحەکانی خۆیانی پڕواپڕ لێ دەکەن، میدیای نۆکەرو چەواشەی پێ دەچەرخێنن، دەستوپێوەندەکنیانی لێ تێر دەکەن. تۆزقاڵێکی وەکو مەرجی بەیعەت وتن بە خۆیان دەساون بەدەمی خەڵکدا و ئەودوای رەوانەی بانک و ژێرزەمینەکانیان دەکەن. کۆشک و تەلاری رازاوە و بێ ئەمسەر و ئەسەریان، کەژاوەی ئۆتۆمبیل و کۆمپانیا زەبەڵاحەکانیان کە هەموو بازاڕو بازرگانی سەرەکی کوردستانیان پاوان کردوە، ژیانی شاهانەیان کە کێشەی گەورەیان ئەوەیە داهینانی تازە بۆ تێرکردنی ئارەزووە تێر نەبوەکانیان شک نابەن…هتد..تەنها گۆشەیەکی بچوک لە سەروەتی ئەوان پیشاندەدات. پارەی توندکراویان لە ژێرزەمینەکان و حیساب بانکەکانی دەرەوە، لە خەڵکەوە دیار نیە. رۆژنامەیەکی بەلجیکی Brussels-Bruxelles سەر بە ئاژانسی سەدیم لە راپۆرتێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە، لە دەمی سەرچاوەیەکی بانکی سویسراوە دەڵێ ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی خاوەنی ٦٠٠ ملیار دۆلارن.. بە پێی ئەو راپۆرتە مەسعود بارزانی خاوەنی ٣٧٢ ملیار و نێچیرڤان بارزانی ١١٥ ملیار و مەسرور بارزانی ٥٤ ملیارو مەنسور بارزانی ٢١ ملیار و وەیسی بارزانی ١٨ ملیار و مەخسی بارزانی ١١ ملیار و مستەفا مسعود بارزانی خاوەنی ٩ ملیار دۆلارە. تا ئیستاش من نەم بیستوە ئەم راپۆرتە بەدرۆ خرابێتەوە.
 هیچ گومان لەوەش نیە کە دەستوپێوەندەکانی ئەم بنەماڵەیەش هەرکامیان خاوەن داهاتێکی زەبەلاحن. هەروەها گومانیش لەوە نیە بەپێی ئەو دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتەی لە نێوان دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و حزبەکانیان کراوە، بنەماڵەی تاڵەبانی و هەریەک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە و دەستوپێوەندەکانیشیان دیسان خاوەن داهاتی زەبەلاحی لەو جۆرەن. ئەو حزبانەش کە بۆ تاقە رۆژێک راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم دوو بنەماڵەیە و حزبەکانیان و حکومەتەکەیان بەشدار و هاوپەیمان بووبن، بەشێک لە داهاتی تاڵانکراوی ئەم کۆمەڵگایەیان پێبڕاوە. بۆ نمونە بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا کە نزیکەی دوو دەیە وەکو بەشێک لە یەکێتی بەتاڵانبەری داهاتی کوردستان بوون و لە سەردەمی حکومەتە بنکە فراوانە نیشتمانیە شکستخواردوەکەشد بەشداری سەرەکی بوون کە بێدەرەتانی خەڵک بەوپەڕی خۆی گەیشت. لایەنە ئیسلامیەکانیش بە هەمان شێوە و بە سەنگی خۆیان لە دەسەڵات، شەریکە تاڵانی ئەم داهاتەن.
 زانیاریەکانی ئاژانسی سەدیمی بەلجیکی رەنگە لەرووی ژمارەوە شتێکی تازەی بۆ خەڵکی کوردستان تیابێت، بەڵام بێگومان ئەوەی کە ئەم دوو بنەماڵەیە و دەستو پێوەندەکانیان چارەکە سەدەیەکە داهاتی ئەم کۆمەڵگایە بە تاڵان دەبەن، زانیاریەکی تازە نیە. ئەو داهاتەی ئەوان بە تاڵان بردویانە بەشی نیوسەدە ژیانی تێر و تەسەلی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات. بەڵام لە جیاتی ئەوە و لە سایەی دەسەڵات و تاڵانی ئەواندا دەبێ چەند نەوەی تری ئەم کۆمەڵگایەش نەهامەتی بکێشێ. دیارە ئەمە چارەنوسێکی ئیلاهی و لە گۆڕان نەهاتوو نیە. جەماوەری خەڵکی برسی و ستەمدیدە دەتوانن خۆیان چارەنوسی داهاتویان بنوسن. بزووتنەوەی هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە دەتوانێ چارەنوسێکی پێچەوانە هەم بۆ خەڵک و هەم بۆ ئەم تاڵانچیانە بنوسێت. دەتوانێ دەسەڵاتی ستمەکارانەیان راماڵێ و داهاتی بەتاڵانبراویان بگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانە و پشت بەستوو بە ئیرادەی خەڵک. دەتوانرێ و پێویستە دەست بدرێتە خۆئامادەکردن و پێکهێنانی پێداویستیەکانی ئاڵوگۆڕێک کە هەر ئەمرۆ ژیانێکی خۆشگوزەران لە جێگای ئەم مەملەکەتی تاڵانی و نەداری و ریاکاری و ستەم و داپڵۆسینە بەرپابکات.
١٣-١١-٢٠١٦
تێبینی؛
ئەو وتارانەی بە ئیمزای خۆم بڵاویان دەکەمەوە، تەنها گوزارشت لە بۆچونی کەسێتی خۆم دەکەن، نەک هیچ حزب و لایەنێک، بەرپرسیارێتیشیان تەنها لە ئەستۆی خۆمدایە.

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *